
- بۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق
- رێكخراوی لێبوردنی نێَوده‌وڵه‌تی
- رێكخراوی رۆژنامه‌نوسانی بێ‌سنور
- كونسوڵگه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپی له هه‌ولێر
- تیمی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی سه‌ر به‌باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ولێر
- رێكخراوه‌كانی به‌رگری له ئازادی بیر و را و مافی مرۆڤ
- په‌رله‌مانی كوردستان
- ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
- ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
- رای گشتی كوردستان
بابه‌ت/ ئاگاداركردنه‌وه له هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن
گۆڤاری لڤین له ژماره 134 به‌رواری 1/8/2010 چاوپێكه‌وتنێكی (عیرفان قانعی فه‌رد) خوێندكاری دكتورای له زانكۆی هارڤارد بڵاوكردۆته‌وه، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا باس له‌تێزی دكتۆراكه‌ی ده‌كات و له‌سه‌ر مێژووی هاوچه‌رخی كورد وه‌ستاوه و هه‌ندێك بۆچونی خۆی له‌و باره‌یه‌وه بڵاوكردۆته‌وه، له‌ناویاندا ده‌رباره‌ی (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) كه یه‌كێك له سه‌ركرده سیاسیه‌كانی كوردستان.
گۆڤاری لڤین وه‌ك كارێكی رۆژنامه‌وانی ئاسایی ئه‌م دیداره‌ی ئه‌نجام داوه و به‌رپرس نییه له بۆچونه‌كانی قانعی فه‌رد كه له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا هاتون و ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ویژدانه‌وه بابه‌ته‌كه بخوێنێته‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كات كه لڤین بێلایه‌نانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته كردووه.
كه‌چی دوابه‌دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م دیداره خۆمان و گۆڤاره‌كه‌مان به‌راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كه‌وتوینه‌ته به‌ر شاڵاوێكی توند و هه‌ڕه‌شه ئامێزی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌چه‌ندین شێوازی جیاواز و له‌چه‌ندین رێگه‌وه فشاریان هێناوه‌ته سه‌رمان.
به‌رێزان چه‌ند رۆژێكه پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵمه‌تێكی پڕ له توندوتیژی و ته‌شهیر و تۆقاندنیان به‌رامبه‌ر به گۆڤاری لڤین ده‌ستیپێكردووه و به‌چه‌ند شێوازی جیاواز هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و تۆڵه‌كردنه‌وه‌و ده‌ست نه‌پاراستنیان كردووه.
رۆژی (4/8/2010) به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ناوی (چیتر چاوه‌ڕێ ناكه‌ین) دژی گۆڤاری لڤین و رۆژنامه‌نوسه‌كانی ناوی بڵاو كراوه‌ته‌وه له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا به ئاشكرا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنمان لێكراوه و به‌پێی به‌یاننامه‌كه "ئه‌گه‌ر تۆبه نه‌كه‌ین ئه‌وا ده‌ستمان لێناپارێزن".
ئه‌م به‌یاننامه‌یه له ژماره (3542) ی رۆژی (5/8/2010) رۆژنامه‌ی خه‌باتی ئۆرگانی ره‌سمی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها رۆژی (3/8/2010) یش به‌هه‌مان شێوه به‌یانامه‌یه‌كی دیكه به‌ناوی "هۆشدارینامه" ده‌رچووه و به‌ئاشكراو له‌چه‌ندین جێگه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنمان لێكراوه.
رۆژی هه‌ینی به‌رواری 5/8/2008 له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك به‌شێكی زۆر له مامۆستایانی ئاینی سه‌ر به پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وتاری رۆژی هه‌ینیدا و له‌به‌رده‌م هه‌زاران كه‌سدا كه بۆ نوێژی هه‌ینی ئاماده‌بوون هێرشیانكردۆته سه‌ر گۆڤاری لڤین و به‌وه تۆمه‌تباریان كردوین كه ته‌شهیرمان به موقه‌ده‌سات و پیرۆزییه‌كانی ئیسلام و ره‌مزه‌كانی كردووه، له‌كاتێكدا ئه‌م بابه‌ته به‌ته‌واوی دووره له راستیه‌وه. هه‌ندێك له‌و مه‌لایانه راسته‌وخۆ هانی خه‌ڵكه‌كه‌یان داوه كه هێرش بكه‌نه سه‌رمان و لێمان قبوڵ نه‌كه‌ن و بێده‌نگمان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها رێكخراوی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایان له لڤین كردوه له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه"داوای لێبوردن بكات"، چه‌ند گه‌نجێكی پارتیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا نوسیویانه" ئه‌گه‌ر داوای لێبوردن نه‌كه‌ن ده‌ستتان لێناپارێزن".
ئه‌وه‌ی جێگای هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه له‌كاتێكدا هه‌موو لایه‌ك داوای جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن. پارتی دیموكراتی كوردستان مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان به‌كارده‌هێنێت بۆ مه‌رامی سیاسی و له‌رێگه‌ی مه‌لاكانیه‌وه فتوای بێده‌نگكردنی رۆژنامه‌نوسان و راوبۆچونی جیاواز ده‌ده‌ن له‌كۆمه‌ڵگادا.
به‌رێزان هه‌موو ئه‌و فتوای كوشتنانه ته‌نیا له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانییه كه‌تیایدا رای جیاواز له‌باره‌ی هه‌ندێ روداوی مێژووییه‌وه وتراوه سه‌باره‌ت به مه‌لا مسته‌فای بارزانی.
تاوانی گۆڤاری لڤین ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه كه رێگه‌ی داوه كه‌سێك كه خوێندكاری دكتۆرایه له‌سه‌ر تێزی دكتوراكه‌ی له گۆڤاری لڤیندا هه‌ندێ بۆچوونی شه‌خسی خۆی بڵاوبكاته‌وه.
ئایا بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوونی كه‌سێك ده‌بێته مایه‌ی حه‌لاڵكردنی خۆێنمان له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه؟!!. ئایا له‌دونیای دیموكراتیدا كه‌س له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه و ده‌ربڕینی بۆچونه‌كانی هه‌ڕششه‌ی مه‌رگی لێده‌كرێت؟
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی ئێمه‌یه رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له سنوری پارێزگای سلێمانی ئه‌م "نامه‌ی تیرۆر"انه به‌ئاشكرا له‌بازاڕ و له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌چی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها ته‌ماشاچینو سه‌یریان ده‌كه‌ن.
به‌ڕێزان به‌پێویستی ده‌زانین هه‌موو لایه‌ك ئاگاداربكه‌ینه‌وه كه‌به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی پارتی دروستی كردووه ئازادی راده‌ربرین و راگه‌یاندنی ئازاد له‌مه‌ترسیدایه‌و رۆژنامه‌نوسانی لڤینیش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته نادیموكراتیه‌ی پارتیدان.
داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین كه له‌رێگه‌ی فشاری دیبلۆماسی و مه‌ده‌نییه‌وه رێگه له‌م سنوربه‌زاندنه‌ی پارتی بگرن و سنورێكی بۆ دابنێن تاوه‌كو هیچ كه‌س هه‌ست به‌وه نه‌كات كه ده‌توانێت ده‌نگی ئازاد بكوژێت و بواری ئازادی به‌رته‌سك بكاته‌وه.
هه‌موو لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه كه ژیان و سه‌لامه‌تی رۆژنامه‌نوسانمان له‌ئه‌ستۆی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه. كه جگه له‌وه‌ی له‌رێگه‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه فتوای له‌دژداوین به‌چه‌ندین شێوازی دیكه‌ش خه‌ڵكیان هانداوه كه هێرش بكه‌نه سه‌رمان.
بۆیه داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین به‌په‌له ته‌ده‌خول بكه‌ن له‌وه‌ستاندنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كه پارتی دژی ئازادی بڵاوكردنه‌وه‌و بیر‌ورا دروستیكردووه.
ئێمه نیگه‌رانین له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و به وریایه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی كه پێشتر و له‌ساڵی 2007 گۆڤاری لڤین وه‌ك یه‌كێك له‌میدیا سه‌ربه‌خۆكانی كوردستان كه‌وته به‌ر په‌لامار و یه‌كێك له رۆژنامه‌نوسه‌كانی به‌ناوی (سۆرانی مامه‌حه‌مه) له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاری كه‌ركوك تیرۆر كرا‌و هه‌تا ئێستاش بكوژه‌كانی نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
هاوپێچ//
كۆپی رۆژنامه‌ی خه‌بات كه به‌یه‌ننامه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه
كۆپیه‌ك له به‌یاننامه‌ی یه‌كێتی زانایان
كۆپیه‌ك له به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ناوی هۆشدارینامه
گۆڤاری لڤین
سلێمانی-هه‌رێمی كوردستان
2010/8/9
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
