
*ئه‌گه‌ر قه‌راره لایه‌نگریی سیاسیی بۆ رۆژنامه‌نووسان كارێكی عه‌یبه بێت، لڤین پشكی یه‌كه‌می به‌رده‌كه‌وێت و یه‌كه‌م كه‌سه به‌ر ئه‌و شه‌رمه‌زارییه بكه‌وێت
* لڤین له‌یه‌ك كاتدا بۆ دوو هێزی سیاسیی و دڵڕاگرتنی چه‌ندین به‌رپرسی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی كارده‌كات
* ستافی لڤین، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی، خه‌ون به تاكڕه‌ویی رۆژنامه‌وانییه‌وه ده‌بینن
*هیچ رۆژنامه‌نووسێكی پرۆفیشناڵ و به ویژدان و ئه‌كادیمیی نییه، قبوڵی بێت لڤین سیمبۆڵی رۆژنامه‌وانی كوردیی بێت
به‌درێژایی سێ ژماره‌ی گۆڤاری لڤین "ژماره‌كانی 131، 132، 133" هه‌وڵێكی چڕ وپڕ و به‌رنامه بۆ داڕێژراو ده‌بینین له‌لایه‌ن ستافی ئه‌و گۆڤاره‌وه دژ به ژماره‌یه‌ك ده‌زگا و ناوه‌ند و رۆژنامه و گۆڤار كه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ هاوكاریی ماددیی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن. ئه‌گه‌رچی دیاره ئه‌م شه‌ڕه تازه نییه و ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه ستافی لڤین په‌لاماری میدیاكانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن و سووكایه‌تی و هێرشی ناڕه‌وایان ده‌كه‌نه سه‌ر، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كگرتووی ئیسلامییه‌وه به‌ته‌واوتی پاڵپشتی لێده‌كرێت، چوون گۆڕان نایه‌وێ له به‌رامبه‌ر میدیاكانی خۆی و میدیا سێبه‌ره‌كانیدا كه لڤین یه‌كێكیانه هیچ ده‌نگ و سه‌دایه‌كی تر هه‌بێت، یه‌كگرتووی ئیسلامیش كوژراوی ده‌ستی كۆمه‌ڵێك ده‌زگای راگه‌یاندنه كه توانیوویانه زۆر به‌وریاییه‌وه به‌ر به‌شه‌پۆلی ئیسلامی سیاسیی بگرن و هه‌موو ده‌سته‌كانی ئه‌وانی بۆ تێكڕای كۆمه‌ڵگه ئاشكرا كردووه، به‌ڵام بۆ من پرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه بۆچی ده‌بێت ئیسلامی سیاسیی و گۆڕان به‌ئه‌ندازه‌ی یه‌كتر ده‌ستیان هه‌بێت له بچووككردنه‌وه‌ی رووبه‌ره‌كانی ئازادییدا؟. ئایا چۆن ئیسلامی سیاسیی و گۆڕان له‌و خاڵه‌دا به‌یه‌كگه‌یشتن؟. بۆچی گۆڕان له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌موو بانگه‌شه‌یه بۆ ئازادیی ده‌كات كه‌چی له‌ولاوه خۆی ده‌بێته به‌شێك له سه‌ركوت و ده‌م پێداخستنی ژماره‌یه‌ك میدیا و ئیسلامی سیاسیش له‌ولاوه هه‌موو پشتیوانییه‌كی گۆڕان ده‌كات؟. ئایا هیچ كه‌س شك ده‌به‌ن كه بڵێت ئه‌م ماسته گوریسێكی تێدا نییه؟.
لڤین و یه‌كگرتووی ئیسلامی
هیچ رۆژنامه و ناوه‌ندێكی رۆژنامه‌وانی كوردیی نییه، هێنده‌ی "لڤین" لافی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی سیاسیی لێبدات، به‌ڵام له واقیعی حاڵ‌دا كه‌م رۆژنامه و گۆڤار هه‌یه هێنده‌ی ئه‌وان لایه‌نگریی كردبێت، ئه‌مه‌ش راستییه‌كه به وردبوونه‌وه‌یه‌كی كه‌م و راگوزه‌ر له چه‌ند ژماره‌یه‌كی ئه‌و گۆڤاره پێی ده‌گه‌یت. سه‌ره‌تا لڤین كه گۆڤارێكی گه‌نجانه و ساده و نه‌ناسراو بوو، به‌یارمه‌تی و وه‌ك ئۆرگانی رێكخراوێكی گه‌نجانه‌ی ئیسلامی "رێكخراوی گه‌شه‌پێدان" سه‌ر به یه‌كگرتووی ئیسلامی كاری ده‌كرد و خاوه‌ن ئیمیتاز و سه‌رنووسه‌ری ئه‌و كاته‌ی نه‌ك له فه‌له‌كی یه‌كگرتوودا ده‌سوڕایه‌وه، به‌ڵكو یه‌كێك له كه‌سه نزیكه‌كانی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م گۆڤاره په‌ل ده‌هاوێت و سنووری كاره‌كانی فراوانتر ده‌كات و ده‌بێته یه‌كێك له گۆڤاره توند و هه‌ره زمان زبره‌كانی كوردستان، یه‌كگرتوو وه‌های نیشان ده‌دات كه چیدی په‌یوه‌ندیی به لڤین و ستافه‌كه‌یه‌وه نه‌ماوه، بۆیه له هه‌نگاوی سه‌ره‌تادا "ئه‌مجه‌د محه‌مه‌د"ی خاوه‌ن ئیمتیاز كه كادرێكی ناسراوی یه‌كگرتوو و خزمی نزیكی سه‌لاحه‌دین به‌هادین بوو، وازنامه‌ی پێشكه‌ش كرد و "ئه‌حمه‌د میره" بووه جێگره‌وه‌ی، ئه‌مه به‌بێ ئه‌وه‌ی واز له پۆستی سه‌رنووسه‌ری بهێنێت.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌هه‌ر 133 ژماره‌كه‌ی ئه‌م گۆڤاره‌دا بچینه‌وه، نه‌ك هیچ مانشێتێكت ده‌ستناكه‌وێت دژی یه‌كگرتوو، به‌ڵكو له‌چه‌ندان راپۆرت و دیمانه‌دا هه‌وڵدراوه خزمه‌تی سیاسه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی بكرێت و دیسان هه‌وڵدراوه هیچ ره‌خنه‌یه‌كی توند به‌و زمانه زبره‌ی به‌رامبه‌ر به پارتی و یه‌كێتی به‌كاریده‌هێنن، له‌هه‌مبه‌ر یه‌كگرتوو بڵاو نه‌كرێته‌وه. یه‌كگرتووش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م خزمه‌تكردنه وه‌ك ئه‌ندامی دڵسۆز و راگه‌یاندنكاری ده‌ربار مووچه و مانگانه‌ی تایبه‌تی بۆ بڕیبوونه‌وه. له‌مباره‌وه "یاسین عومه‌ر" به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی پێشووی لڤین له وتارێكیدا له ژماره "40" رۆژنامه‌ی "ده‌ستور"دا هه‌موو راستییه‌كانی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی ئۆرگانیكی لڤین به‌یه‌كگرتووی ئیسلامییه‌وه ئاشكرا ده‌كات و په‌رده له‌سه‌ر كۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه نهێنی و شاراوانه لاده‌دات كه ستافی لڤین له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو هه‌یانه.
به‌هه‌رحاڵ ئاساییه رۆژنامه‌نووس لایه‌نگری حزبێكی سیاسیی یان بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، ته‌نانه‌ت شتێكی ساده‌یه ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ی رێزگرتن له بۆچوونی ئه‌ویتری به‌رامبه‌ر، داكۆكی له نه‌هجی سیاسیی بزووتنه‌وه یان حزبه‌كه‌ت بكه‌یت، به‌ڵام كاتێك نائاساییه كه وه‌ك ستافی سه‌ره‌كیی "لڤین" ماف به‌خۆت بده‌یت ده‌ست له‌گه‌ڵ هێزێكی سه‌له‌فی و ئاینیی وه‌كوو یه‌كگرتووی ئیسلامی تێكه‌ڵ بكه‌یت و به‌هه‌موو تواناته‌وه داكۆكی لێبكه‌یت و نه‌یاریی دوژمنه‌كانی بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌و مافه به‌خه‌ڵكی تر ره‌وا نه‌بینی كه خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی خۆی بێت، یان هه‌موو هه‌وڵێك بده‌یت بۆئه‌وه‌ی به‌زۆر ژماره‌یه‌كی بێشوومار له رۆژنامه و گۆڤاری ئه‌م هه‌رێمه بكه‌یته سێبه‌ر و پاشكۆی پارتی و یه‌كێتی، بۆیه ئه‌گه‌ر قه‌راره لایه‌نگریی سیاسیی بۆ رۆژنامه و رۆژنامه‌نووسان كارێكی عه‌یبه بێت، ئه‌وه لڤین پشكی یه‌كه‌می به‌رده‌كه‌وێت و یه‌كه‌م كه‌سه كه به‌ر ئه‌و شه‌رمه‌زارییه ده‌كه‌وێت، چوونكه كار بۆ هێزێكی ئیسلامیی ده‌كات كه هه‌موو ئامانجی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی كورده‌وارییه بۆ چه‌ندین سه‌ده پێش ئێستا، كه ئامانجی بریتییه له دروستكردنی حكوومه‌تێك له‌سه‌ر شێوه‌ی حكوومه‌تی رووخاوی تاڵیبانی پێشوو. كه‌واته ئه‌وه‌ی پێش هه‌موو كه‌س ده‌بێت خه‌جاڵه‌تی بكێشێت ستافی "لڤین"ه، نه‌ك ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی تر.
لڤین و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
له‌وه‌تی كۆمپانیای وشه و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك هێزێكی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ هاتوونه‌ته مه‌یدان، كه‌س نه‌یبینیوه، ستافی "لڤین" نه له گۆڤاره‌كه‌یاندا و نه له هیچ دیمانه و جێگه‌یه‌كی تردا بچووكترین ره‌خنه به "زمانی گوڵ"یش له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بگرن، له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی ئێستا له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا له‌لوتكه‌ی بڕیاردان و هه‌ڵسوڕاوی ناسراون، پێشتر نه‌ك به‌شداربوون له گه‌نده‌ڵی و ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی له سنووری ئیداره‌ی یه‌كێتیدا بوونی هه‌بوو، به‌ڵكو زۆریان گه‌نده‌ڵكاری گه‌وره و به‌رپرسی یه‌كه‌م بوون له كێشه‌كانی خه‌ڵك، لڤین نه‌ك ئه‌م راستییانه نابینێت و خۆی مه‌بان ده‌كات به‌ڵكوو به‌هه‌موو هێز و توانایه‌كه‌وه هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكردنیان ده‌دات، به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌وره‌ترین رووبه‌ر و پانتایی بۆ ئه‌وانه ده‌ڕه‌خسێنێت تاكوو هه‌موو قسه و راز و نیازێكیان باس بكه‌ن و ته‌نانه‌ت هێرشی توند و داڕووخێنه‌رانه بكه‌نه سه‌ر ته‌واوی حزبه‌كانی كوردستان به‌گشتیی و یه‌كێتی نیشتمانی به‌تایبه‌تی.
لڤین جیا له نزیكایه‌تییه‌كه‌ی له یه‌كگرتوو، له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و نیوی رابردوودا زۆر به‌ئاشكرا و زه‌قی لایه‌نگریی له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه، ته‌نانه‌ت سه‌رنووسه‌ری لڤین میوانی هه‌موو شه‌وێكی كه‌ناڵی "كه‌ی ئێن ئێن"ه و جگه له ئه‌و كه‌م كه‌سی تر هه‌یه كه به‌و قه‌باره و رێژه زۆره دیمانه‌ی له‌ته‌كدا بكرێت و له‌سه‌ر هه‌ر رووداو و پێشهاتێك رای وه‌ربگیرێت، جیا له‌مه‌ش راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌هه‌موو هێزێكییه‌وه بۆ ئه‌وه تێده‌كۆشێت تا له‌خه‌یاڵدانی تێكڕای هاووڵاتیانی كوردستاندا ئه‌وه بچه‌سپێنێت كه له‌كوردستاندا ته‌نیا سێ ده‌زگا و رۆژنامه‌ی ئه‌هلی و ئازاد بوونیان هه‌یه كه بێگومان "لڤین" یه‌كێكیانه، بۆیه باقی هه‌موو ده‌زگا و ناوه‌نده رۆژنامه‌وانییه‌كان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر سێبه‌ری پارتی و یه‌كێتین و بۆ دروستكردنی فه‌وزای ئیعلامی دروستكراون و یارمه‌تی ده‌درێن.
ئێمه كاتێك باسی په‌یوه‌ندیی ستافی لڤین به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه ده‌كه‌ین، وه‌ك شتێكی عه‌جیب و غه‌ریب باسی ناكه‌ین و پێمان تاوان نییه خه‌ڵك به ستافی "لڤین"یشه‌وه كه لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بن، به‌ڵام ئێمه ئه‌م باسه‌مان بۆ ئه‌وه هێنایه پێشه‌وه، تا خه‌ڵك بزانن ئه‌م ده‌زگا راگه‌یاندنه به‌ناو سه‌ربه‌خۆیه جیا له لایه‌نگریی ره‌ها بۆ یه‌كگرتووی ئیسلامی، له‌هه‌مان كاتدا دۆستی نزیك و لایه‌نگری راسته‌قینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی "گۆڕان"ه، ئیدی ده‌بێت خه‌ڵكیش ئه‌وه بزانن كه لڤین چۆن كار ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییان به گۆڕان و یه‌كگرتوو و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ به‌رپرسی پارتی و یه‌كێتییه‌وه چۆنه، ئه‌وان كه له‌سه‌ر هه‌موو په‌ته‌كان یاری ده‌كه‌ن و شانازیی پێوه ده‌كه‌ن، ده‌بێت دوا كه‌س بن باسی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن و هه‌روه‌ك ده‌بێت روویان نه‌یه‌ت باسی لایه‌نگریی رۆژنامه و ده‌زگاكانی تر بكه‌ن، چوونكه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ رۆژنامه كار بۆ لایه‌نێك یان حزبێكی سیاسیی بكه‌ن و یه‌ك ئاڕڕسته‌یان هه‌بێت، ئه‌وه لڤین له‌یه‌ك كاتدا بۆ دوو هێزی سیاسیی و دڵڕاگرتنی چه‌ندین به‌رپرسی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی كارده‌كات. ئه‌وسا من له خه‌ڵكی ده‌پرسم ئایا كامیان شه‌ریفتره كاركردن بۆ یه‌ك خه‌تی سیاسیی كه خۆت باوه‌ڕت پێیه‌تی، یان كاركردن بۆ چه‌ندین هێز و به‌رپرس كه ته‌نیا گیرفانت پێویستی پێیه‌تی.
ئه‌گه‌ر ستافی لڤین و خودی ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی نكۆڵی له‌وه بكه‌ن كه هیچ په‌یوه‌ندییان به گۆڕانه‌وه نییه و خاتریان ناگرن، ئه‌وه ئێمه به‌دوای زانیاریی موخابه‌راتیدا ناگه‌ڕێین بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ی لای سه‌ره‌وه، به‌ڵكو به‌ته‌نیا چه‌ند راپۆرت و دیمانه و مانشێت و لیدی هه‌ندێك له ژماره‌كانی "لڤین" به‌نموونه ده‌هێنینه‌وه و چه‌ند كۆمێنتێكتان له‌سه‌ر ده‌نووسین، ئه‌وسا با خوێنه‌ر خۆی بڕیار بدات ئاستی په‌یوه‌ندیی لڤین و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆنه و چه‌نده. ئه‌وه به‌جێده‌هێڵین بۆ خودی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی به تاسه‌وه ده‌یانه‌وێت بزانن كێ سه‌ربه‌خۆیه و كێ ده‌مامكی له‌سه‌رناوه و كێی تر سه‌ر به ئه‌م و ئه‌وه و كاری چه‌واشه‌كردنی رای گشتیی كوردستانییه؟.
تاكڕه‌ویی رۆژنامه‌وانی
وه‌ك چۆن له كۆمه‌ڵی كورده‌وارییدا تاكڕه‌ویی سیاسیی و حزبیی هه‌یه، كه هه‌ندێك له حزبه‌كان پێشتر و ئێستاش ئاره‌زوویان هه‌بووه بۆ پاكتاوكردنی كۆی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، ئاوهاش له بواری رۆژنامه‌وانی كوردییدا مه‌یلێكی به‌هێز بۆ تاكڕه‌ویی رۆژنامه‌وانیی هه‌یه كه ده‌توانم بڵێم "لڤین" نموونه‌ی یه‌كه‌م و هه‌ره دیار و زه‌قی ئه‌و مه‌یله‌یه، . چوونكه من به‌بیرم دێته‌وه كه چۆن ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی سه‌رنووسه‌ری لڤین سه‌رقاڵی ئاماده و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یه‌ك بوو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی گۆڤار و رۆژنامه‌كانی كوردستان به‌وه‌ی به‌شی زۆریان گۆڤاری بازرگانین، ئێستاش هه‌مان كار راده‌په‌ڕێنێت به‌ڵام ئه‌مجاره به‌و بیانووه‌ی كه پاره‌ی میلله‌ت و ده‌وڵه‌ت به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن. من پێم ئاساییه كه پێوانه و كۆمه‌ڵێك مه‌رج هه‌بن بۆ هه‌ر گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌ك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د میره شه‌ڕی له‌پێناودا ده‌كات له‌پێناوی كوالێته‌یه‌كی باشی رۆژنامه‌وانیی كوردیی نییه، به‌ڵكو هه‌وڵدانه بۆ چۆڵكردنی گۆڕه‌پانه‌كه بۆ لڤین و هاوشێوه‌كانیان، هه‌م بۆئه‌وه‌ی ببنه ئیمپراتۆری فرۆش و هه‌م هیچ جێگه و سه‌دایه‌كی تر نه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان كه به‌شێوه‌یه‌كی تر و ستایلێكی جیاوازتر كار بكات.
ئێمه ده‌مێكه ده‌زانین ستافی لڤین، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی، خه‌ون به تاكڕه‌ویی رۆژنامه‌وانییه‌وه ده‌بینن، كاتێك ده‌زانن ناتوانن گۆڕه‌پانه‌كه به رۆژنامه و گۆڤاره‌كانی دیكه چۆڵ بكه‌ن، ئه‌وسا به‌شمشێرێكی مقه‌با په‌لاماریان ده‌ده‌ن و تاوانباریان ده‌كه‌ن به دزیی و گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌تی نیشتمانیی، به‌ڵام ئه‌مانه به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه ئه‌ركی سه‌رشانی حكوومه‌ته هاوكاریی كولتوور و رۆشنبیریی بكات و ساڵانه بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه له وڵاتانی پێشكه‌وتوو و هه‌ره دیموكراسیی دنیا حكوومه‌ت بڕ و پاره‌ی پێویست بۆ بواری رۆشنبیریی و پێشخستنی فه‌رهه‌نگیی ته‌رخان ده‌كات، هاتوون هێڵی راست و چه‌پیان هێناوه به‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تدا و ئه‌و میدیایانه‌ی سوود له‌و به‌رنامه‌یه وه‌رده‌گرن، تاوانبار كراون به‌سێبه‌ر و سیخوڕ و ده‌ستی ژێره‌كی پارتی و یه‌كێتی. ته‌نانه‌ت بیریان چووه به‌شی زۆری ئه‌و رۆژنامه و گۆڤارانه له‌ژێر ناونیشانی "مینحه‌ی میدیای ئازاد" پاره وه‌رده‌گرن، چوونكه بڕواناكه‌م هیچ میدیایه‌كی حزبی و سێبه‌ر و سیخوڕ هه‌بێت، مانگانه به بڕی 400 هه‌زار دیناری "هاوبیر" یان دوو ملیۆن دیناری "نێوه‌ند" رازی ببێت.
به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌و هه‌وڵه بێ ئینسافه‌ی لڤین و تێكه‌ڵاوكردنی چه‌ندان رۆژنامه و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی ئازاد و خاوه‌ن هه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ ده‌یان بڵاوكراوه‌ی گه‌نده‌ڵ و سیخوڕ، هیچ مانایه‌كی تر نابه‌خشن جگه له هه‌وڵه‌كانی لڤین بۆ تاكڕه‌ویی له بواری رۆژنامه‌وانیی كوردییدا، ته‌نانه‌ت له هیچ شوێنێكی دنیا پێناسه‌ی میدیای ئازاد ئه‌وه نییه كه پاره له حكوومه‌ت وه‌رنه‌گریت، بۆیه ناكرێت ئه‌و ژماره زۆره‌ی گۆڤار و رۆژنامه ته‌نیا به‌وه‌ی به‌هۆی به‌رنامه‌ی هاوكاریی حكوومه‌ته‌وه بۆ میدیا، هاوكاریی ده‌كرێن، ئیدی به‌زوڕناژه‌ن و سێبه‌ری ئه‌م حزب و ئه‌و ده‌سه‌ڵات وه‌سپ بكرێن، من وه‌كوو خۆم كه ده‌توانم به زمانی عه‌ره‌بیی و ئینگلیزیی بخوێنمه‌وه، زۆر هه‌وڵمدا پێناسه‌یه‌كم ده‌ستبكه‌وێت كه بیسه‌لمێنێت ئه‌و میدیایه‌ی له حكوومه‌ت پاره وه‌رده‌گرێت، میدیایه‌كی پاشكۆ و سێیبه‌ر و سیخوڕه، به‌ڵام هیچم ده‌ستنه‌كه‌وت، بۆیه من داوا له ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی و هاوكاره‌كانی ده‌كه‌م بۆمانی روون بكه‌نه‌وه چۆن ته‌نیا به‌سوود وه‌رگرتن له هاوكاریی حكوومه‌ت ئیدی تۆ قه‌ڵه‌م فرۆشیت؟. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیان بۆ ئه‌م پرسیاره پێ نه‌بێت، ئه‌وه ده‌بێت ئاماده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌وه به‌پیلانگێڕیی تێبگه‌ین و پێمانوابێت كه دیسان لڤین خوازیاری یه‌ك رۆژنامه و یه‌ك گۆڤار و یه‌ك ره‌نگی بیركردنه‌وه و تێفكرینه.
ئه‌وه‌تا له‌هه‌نگاوی سه‌ره‌تادا له رێی كه‌ناڵی "كه‌ی ئێن ئێن" و به‌پاڵپشتی هه‌ندێك له هه‌ڵسوڕاوانی میدیایی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، میدیای ئه‌هلیان له‌سه‌ر هه‌ر سێ رۆژنامه و گۆڤاری "ئاوێنه، هاوڵاتی، لڤین" تاپۆ كردووه و به‌هه‌موو چه‌شنێك تێده‌كۆشن كه هه‌رچی بڵاوكراوه و رۆژنامه‌ی تره، به پاشكۆ و به‌كرێگیراو و سیخوڕ و سێبه‌ری ئه‌م و ئه‌و پێناسه‌ی بكه‌ن و به‌خه‌ڵكی بناسێنن، ئێستا هه‌وڵه‌كانیان بۆ ئه‌وه چڕتر كردۆته‌وه كه له رێی چه‌واشه‌كردنی حكوومه‌ت به‌وه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن و پاشان چه‌واشه‌كردنی خوێنه‌ر و خه‌ڵك كه ئه‌و میدیایانه‌ی ناویان له راپۆرته پڕ رق و كینه‌كه‌ی لڤین بڵاوكراوه‌ته‌وه كه میدیای سێبه‌ر و سیخوڕ و سه‌ر به حزب و ده‌سه‌ڵاتن، تا بازاڕی فرۆش و متمانه‌یان كه‌م ببێته‌وه و له‌هه‌مان كاتدا حكوومه‌ت به‌كۆمه‌ڵێك ئیجرائات هه‌ستێت له‌نموونه‌ی بڕینی مینحه‌ی هه‌ندێك له‌و گۆڤار و رۆژنامانه، كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ژماره‌یه‌كی تر له بڵاوكراوه‌كان له‌ده‌رچوون بوه‌ستن، ئه‌مه‌ش به‌شێك له خه‌ونی تاكڕه‌وانه‌ی لڤین و خودی ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی ده‌هێنێته‌دی و گۆڕه‌پانه‌كه بۆ ئه‌وان و خه‌ونه‌كانیان ئاوه‌ڵا ده‌كات، بۆیه ده‌بێت هه‌موو كه‌س هه‌ر له‌ئێستاوه بزانێت كه لڤین و ستافه‌كه‌ی نه شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆبوون و حزبیبوون ده‌كه‌ن، نه له خه‌می به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌تی نیشتمانیدان، به‌ڵكو ئه‌وان خه‌ونێكی ستالینانه‌یان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك رۆژنامه و یه‌ك گۆڤار و یه‌ك حزب و یه‌ك دیدگا و یه‌ك خه‌ون زیاترمان نه‌بێت.
گێڕگۆڕین و دووڕوویی
یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی ستافی لڤین و ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی گێڕگۆڕین و دووڕوویی سیاسیی و ئیعلامی بووه، ئه‌گه‌ر ئێمه چاوێك به هه‌ندێك له ژماره‌كانی "لڤین"دا بخشێنین، ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاسایی‌ترین و ئاسانترین و بێ كێشه‌ترین كار، له‌لای ستافی ئه‌و گۆڤاره بریتیبووه له‌زوو گێڕگۆڕین و دووڕوویی سیاسیی، ئه‌وه‌تا له یه‌كێك له ژماره‌كانی ئه‌و گۆڤاره‌دا وه‌ختێك له‌نزیكه‌وه "د. به‌رهه‌م ساڵح" ده‌بینین و ره‌نگه ده‌میشی چه‌ور كردبن، وێنایه‌كی ئه‌فسوناویی ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییه ده‌كێشن و به‌پیاوێكی ته‌كنۆكرات و جه‌نجاڵ له‌ئیشكردن پێناسه‌ی ده‌كه‌ن، وه‌ها وێنه‌یه‌ك بۆ د. به‌رهه‌م ساڵح ده‌نه‌خشێنن كه ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسینه وه‌ربگێڕینه سه‌ر زمانی ئینگلیزیی و هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی بیخوێنێته‌وه، شه‌رم ده‌كات كه ئه‌وان به‌و هه‌موو پێشكه‌وتن و كولتووره ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی دیموكراسییه‌وه، "ئۆباما"یه‌كیان هه‌یه كه هه‌رگیز شان و شكۆی ناگاته ناو قه‌دی، "د. به‌رهه‌م ساڵح"ێك كه له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی وه‌ك كوردستاندا سه‌ری ده‌رهێناوه، به‌ڵام كاتێك ئیدی ئه‌حمه‌د و ستافی لڤین ئیشیان به به‌رهه‌م ساڵح نامێنێت و له گۆڕان نزیك ده‌بنه‌وه سه‌د و هه‌شتا پله به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رهه‌م به‌وێنای ده‌جال به‌خه‌ڵك ده‌ناسێنن و ته‌نانه‌ت باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و زانیارییانه‌ی لای گۆڕانه له‌سه‌ر به‌رهه‌م ئه‌گه‌ر بڵاویبكه‌نه‌وه، ئه‌وه هه‌ر رووی ئه‌وه نامێنێت له كوردستاندا بژی به‌ڵكو ناچاره سه‌ری خۆی بۆ بنی دنیا و واق واق هه‌ڵبگرێت.
دیسان هه‌مان حاڵه‌ت بۆ نێچیرڤان بارزانی هه‌روایه، ده‌بینین لڤین كه زۆرترین دژایه‌تی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك ئه‌حمه‌د و هاوڕێكانی، له نزیكه‌وه نێچیرڤان بارزانی ده‌بینن و خوا ده‌زانێت چه‌ند كڕوزابنه‌وه تا یارمه‌تی ماددیشی دابوون، ئیدی لڤین هه‌مان "لڤین"ه‌كه‌ی جاران و چه‌ند مانگ و چه‌ند ژماره‌ی پێشووتر نییه، به‌ڵكو ئێستا ئه‌و سه‌ركرده پارتییه‌ی كه ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیشه، له چاوی لڤین دا گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا دێت و دروست به‌پێچه‌وانه‌ی قه‌ناعه‌ت و روانینی رابردوویانه ده‌كه‌ونه به‌شان و به باڵدا هه‌ڵدانی نێچیرڤان بارزانی، ئه‌گه‌رچی به بڕوای من نێچیرڤان بارزانی سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی كارامه و ئیدارییه‌كی سه‌ركه‌وتووه، به‌ڵام لڤین ئه‌م راستییانه نابینن له‌و كه‌سایه‌تییه‌دا هه‌تاوه‌كوو یارمه‌تیان نه‌دا، من له‌و باوه‌ڕه‌دام، ستافی لڤین ئه‌گه‌ر جارێك راستییان وتبێت له پێناسه‌كردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی گه‌وره و ئیدارییه‌كی سه‌ركه‌وتوودا بووه، به‌ڵام ئه‌م راستییه لای ئه‌وان نه‌ده‌بینرا یان روونتر بیڵێم دانی پێدا نه‌ده‌نرا تا له‌و كه‌سایه‌تییه نزیكبوونه‌وه و به‌دڵنیایش پاره‌یان لێوه‌رگرتووه، بۆیه ئیدی پشت له‌هه‌موو قه‌ناعه‌تی پێشوویان ده‌كه‌ن و به‌بێ هیچ شه‌رمێك ده‌كه‌ونه ماستاوكردن بۆی.
من نامه‌وێت بچمه ناو نموونه‌كانه‌وه، چوونكه ئه‌وه‌تا لڤین، له‌كاتێكدا كه یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان به هێزێكی گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆر و نادادپه‌روه‌ر و دز و جه‌رده پێناسه ده‌كات، هه‌رهه‌مان ستافی ئه‌و گۆڤاره و خودی ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی میدالیا و خه‌ڵات ده‌ده‌ن، به "عیماد ئه‌حمه‌د"ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، من پێم سه‌یره كه لڤینییه‌كان هێنده‌ی نازییه‌كان یه‌كێتیان ناشرین كردووه و پێ ناشرینه، چۆن ده‌كرێت له‌هه‌مان كاتدا دۆستی به‌شێك له سه‌ركرده‌كانیان بن و بگره له‌وه سه‌یرتریش خه‌ڵاتی رێزلێنانی "شه‌هیدی قه‌ڵه‌م"یشی پێ ببه‌خشن!. ئه‌مه له قوتووی چ عه‌تارێكدا جێی ده‌بێته‌وه؟ ئه‌م ره‌فتاره نامۆ و سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌ی براده‌رانی فوول سه‌ربه‌خۆ و ئازادی گۆڤاری لڤین چی ده‌به‌خشێت جگه له دووڕوویی و گێڕگۆڕین و راكردن به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسیدا؟. ئه‌وه له‌وه بگه‌ڕێ كه چۆن له‌گه‌ڵ به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌كانی دوێنێی یه‌كێتی و گۆڕانخوازه‌كانی ئه‌مڕۆ تێكه‌ڵ بوون و سوێند به‌سه‌ری یه‌كتر ده‌خۆن، ئه‌وه‌تا لڤین پووشێك له چاوی كادرێكی ناوه‌ندیی یه‌كێتیدا ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و كاره نه‌شیاو و ناپه‌سه‌ندانه‌ی به‌رپرسانی پێشووی باڵی ریفۆرم نابینێت كه به‌بڕوای من ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌مشێوه‌یه ناشرین كردووه ئه‌وان بوون نه‌ك سه‌ركرده‌كانی ئێستا.
ئه‌مه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌ر كاتێك لڤین و ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی بزانن له ژێر گوشار و پاڵه‌په‌ستۆدان، بێ هیچ پاساوێك خێرا باده‌ده‌نه‌وه و مانشێت و لیده‌كانیان خاو ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌تا به‌مانشێتی قورس و گه‌وره، سۆرانی مامه حه‌مه و شێخ ستار به‌كوشتن ده‌ده‌ن، به‌ڵام كاتێك شه‌شۆیی ده‌كه‌وێته ژێر بچووكترین هه‌ڕه‌شه خێرا باده‌ده‌نه‌وه و خۆیان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه ده‌گونجێنن. به‌هه‌رحاڵ بڕواناكه‌م هیچ رۆژنامه و گۆڤارێك هه‌بێت له مێژووی 112 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردییدا هێنده‌ی لڤین، پارادۆكس و دووڕوویی هه‌بێت له بواری كاركردنیدا، بڕواش ناكه‌م له‌ماوه‌ی ئه‌م 112 ساڵه‌دا هیچ رۆژنامه‌گه‌رییه‌ك هه‌بێت هێنده‌ی لڤین گێڕی گۆڕی بێت و به‌ناوی سه‌ربه‌خۆوه دڵی ده‌یان به‌رپرسی سیاسیی راگرتبێت، هه‌روه‌ك چۆن بڕواش ده‌كه‌م له‌ماوه‌ی ئه‌م 112 ساڵه‌دا هیچ رۆژنامه‌نووسێك نه‌بووه هێنده‌ی رۆژنامه‌نووسانی لڤین به‌ناوی سه‌ربه‌خۆبوون و ئازادبوونه‌وه ده‌ستكه‌وتی ماددیی و مه‌عنه‌ویی بۆ خۆی بچڕیبێت. بۆیه به‌ئاسانیی مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه بڵێین لڤین سیمای سه‌ره‌كیی دووڕوویی و گێڕگۆڕینه له مێژووی رۆژنامه‌وانیی كوردییدا.
لڤین و خه‌ونی بوون به سیمبۆڵ
ستافی لڤین به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی و خودی ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی سه‌رنووسه‌ری ئه‌و گۆڤاره به‌تایبه‌تی هه‌موو خه‌ون و خولیایه‌كیان له‌وه‌دا چڕكردۆته‌وه ببنه سیمبۆڵێكی نه‌مری بواری رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و هێنانه‌دی ئه‌و خه‌ونه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر داتاشینی ئه‌فسانه و وه‌همی جۆراوجۆر له‌مه‌ڕ خۆیان و ده‌یانه‌وێت و ده‌خوازن له به‌رده‌م چاویلكه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكیدا وێنایه‌كی ئه‌فسووناویی و پڕ له سیحر و قاره‌مانانه‌ی خۆیان نمایش بكه‌ن، بۆیه هه‌میشه خۆیان وه‌ك قوربانی ده‌سه‌ڵات و سته‌ملێكراو نیشان ده‌ده‌ن و ده‌زانن له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا به‌گشتیی و له‌كوردستان به‌تایبه‌تی خه‌ڵك هێنده‌ی سۆز بۆ قوربانی و زۆرلێكراو هه‌یه، سۆزی بۆ هیچ شتێكی تر نییه، بۆیه هه‌میشه لڤینسته‌كان له رێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رووداوی شه‌هیدی جوانه‌مه‌رگ "سۆران مامه‌حه‌مه"ه‌وه سۆزی جه‌ماوه‌ر له‌پێناوی خۆ به‌سیمبۆڵكردندا ده‌ورووژێنن.
زۆرجار وته‌ی هاوڕێیه‌كی نزیكی ئه‌حمه‌د شه‌شۆییم دێته‌وه یاد، كه ده‌یووت ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌ت و راپۆرتێكی لڤین شكاتی لێبكرێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆژێك بێت، خۆی دوا ده‌خات بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه و ئه‌و رۆژه ده‌چێته بنكه‌ی پۆلیس، بۆئه‌وه‌ی بگیرێت و تا رۆژی یه‌كشه‌ممه كه یه‌كه‌م رۆژی دوامی هه‌ر هه‌فته‌یه‌كه له زیندان بمێنێته‌وه و میدیاكانیش ئه‌و چه‌ند رۆژه هه‌واڵه‌كه بڵاوبكه‌نه‌وه و كه‌مپین و هاوپشتیوانی بۆ ئاماده بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌پێناوی خۆ كردن به سیممبۆڵ، هه‌موو ئه‌وه بۆئه‌وه‌ی وا نیشانی بده‌ن ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی به‌واندا ده‌ناسرێته‌وه، من ئه‌گه‌ر تاكه خه‌تایه‌كی ده‌سه‌ڵات ببینم لێره‌دایه، كه كارێكی كردووه یارمه‌تی خه‌ونی گروپی لڤین ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ببنه سیمبۆڵی رۆژنامه‌وانیی كوردیی، له كاتێكدا هیچ رۆژنامه‌نووسێكی پرۆفیشناڵ و به ویژدان و ئه‌كادیمیی نییه، ئه‌وه‌ی قبوڵ بێت لڤین سیمبۆڵی دیاری بواری رۆژنامه‌وانیی كوردیی بێت، چوونكه لڤین دوا گۆڤاره كه ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت لاسایی بكاته‌وه، چوون نموونه‌یه‌كی هێنده دزێو و دیوێكی هێنده ناپرۆفیشناڵ و نائه‌كادیمیی رۆژنامه‌وانیی كوردییه كه نه كه‌س لاسایی ده‌كاته‌وه و نه هیچ كه‌س شك ده‌به‌م ئیره‌ییان پێ ببات.
به‌ڵگه‌ونه‌ویسته كه ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی و ستافی لڤین، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان له‌وه‌دا چڕ كردۆته‌وه ببنه سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگی رۆژنامه‌وانی كوردیی، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئیشی ده‌زگا رۆژنامه‌وانییه جیددییه‌كانه كه خه‌ڵك له راستییه‌كان ئاگادا بكه‌نه‌وه و له‌هه‌مان كاتدا هۆشیارییان بكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی لڤین ده‌یكات و ده‌ینووسێت و بڵاوی ده‌كاته‌وه، نه‌ك هه‌ر به‌شێك نییه له ئه‌رك و كاری رۆژنامه‌وانیی به‌ڵكو سه‌د و هه‌شتا پله به‌پێچه‌وانه‌وه زۆرینه‌ی كاره نه‌شیاوه‌كانی ئه‌و گروپه كه به‌ناوی رۆژنامه‌وانییه‌وه ده‌رخواردی خوێنه‌ری سافیلكه‌ی ده‌ده‌ن، دژی بنه‌ما و به‌ها و ئیتیكی و پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسییه، چوونكه رۆژنامه‌نووس پێش هه‌ر شتێك و هه‌ر ئینتمایه‌ك، مرۆڤێكی بێلایه‌ن و پیشه‌وه‌ر و خاوه‌ن ئیتیك و مۆراڵی به‌رزی خۆیه‌تی، هه‌ر كاتێك رۆژنامه‌نووس ئه‌و به‌هایانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌ی له‌ده‌ستدا، هیچ گومانی تێدا نییه له رشته‌یه‌كی تردا كارده‌كات و له زۆر حاڵه‌تیشدا وه‌زیفه‌ی ده‌بێته چه‌واشه‌كاریی و سیخوڕیی.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره "77"ی گۆڤاری "نێوه‌ند" له 25-7-2010 بڵاوبۆته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
