
ئه‌م رۆژانه دوو ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوسی گه‌نج (سۆرانی مامه حه‌مه) تێپه‌ڕده‌بێت، به‌داخه‌وه سۆران دوا قوربانی ده‌ستی نه‌بونی ئازادی و بیروراده‌ربڕن نه‌بوو و ناشبێت، دواتریش چه‌ندین بی مافی و په‌لاماردانیتری نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران و خه‌ڵكانی نارازی درێژه‌ی كێشا، سه‌ره‌نجامیش 10 هه‌فته به‌ر له ئیستا رۆژنامه‌نوسێكی تری بوێر (سه‌رده‌شت عوسمان) له مه‌مله‌كه‌تی پڕ له ئازادی و ئارامی كوردستان و هه‌ولێردا به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه رفێندرا‌و و دواتر به وه‌حشیانه‌ترین شێوه تیرۆركرا، نازانین دوایی ئه‌مان نۆبه‌تی كاممان دێت؟!چونكه ئاماژه‌كانی دوایی رووداوه‌كان و پێمان ده‌ڵێن ئه‌م كاروانه به‌رده‌ام ده‌بێت و دوژمنانی ئازادیش له‌سه‌نگه‌ردان بۆ تێكشكاندنی قه‌ڵه‌مه‌كان و درێژه‌دان به مه‌رگ و برسیه‌تی و كۆیلایه‌تیه‌ك كه به‌رهه‌می ئه‌و توندوتیژیه‌یه له كۆمه‌ڵگادا!
بۆ ئێمه وه‌كو بنه‌ماڵه و خانه‌واده و دۆست و هاوڕێیانی سه‌رده‌شت و سۆران هیچ شتێك كه‌لێن و بۆشایی ئه‌و دوو گه‌نجه دڵ‌پڕ له هیوا و خۆزگه‌یه پڕناكاته‌وه، مه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی كوردستان و دونیا و هاوسۆزی و هاوخه‌میان له‌گه‌ڵ ئێمه بۆ ریسواكردنی دوژمنانی ئازادی و یه‌كسانی كۆمه‌ڵگا كه‌مێك له كۆستی ئه‌و دوو رۆڵه خێر له‌خۆ نه‌دیوه‌ی خێزانه‌كه‌مان كه‌مبكاته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه ته‌زوویه‌كی به‌گوڕی به جه‌سته‌مان به‌خشیوه له‌پاش له‌ده‌ستدانی ئازیزانمان، ئه‌و ئامانجه‌ی سه‌رده‌شت و سۆرانی له‌سه‌ر تیرۆر كرا كاروانه‌كه‌ی به‌رده‌وامه و خه‌ڵكی كوردستان و عێراق و هه‌موو دنیا پشتیوانی لێده‌كه‌ن.
دایكان و باوكانی جه‌رگ سوتاوی سۆران، خوشك و برایانی ره‌شپۆشم، من وه‌كو برایه‌كی سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ، چۆن ده‌زانم له‌م هه‌ولێره پان و به‌رینه، له‌م ده‌شتی كاكی به‌كاكیه سه‌رده‌شت چۆله‌كه‌یه‌كیشی دوژمن نه‌بوو، له ماوه‌ی 23ساڵی ته‌مه‌نی نه‌یتوانی ئازاری مێروله‌یه‌كیش بدات، گوناهی سه‌رده‌شت ته‌نها ئه‌وه بوو خۆشبه‌ختی برا بجوكوكانی و خه‌ون و خولیای ئازادی و یه‌كسانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی له‌مێشكیدا گنگڵدابوو!
به‌رنامه‌ی سه‌رده‌شت ده‌ركێشانی خه‌ڵك بوو له كۆیله‌تی و ناعه‌داله‌تی و رزگاربونیان له برسیه‌تی و قات و قوڕی، عه‌وداڵ و سه‌رگه‌رمی گه‌ڕان بوو بۆ ده‌ستكه‌وتنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه گه‌نجی شار و مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی گیرۆده‌ی بوون و ده‌ستیان نه‌ده‌كه‌وت، من دڵنیام سۆرانیش له‌م گه‌رمیان و كه‌ركوكه كه‌سێك نادۆزیته‌وه رووی به‌رامبه‌ری گرژكردبێت، ئه‌و گه‌ره‌كی بوو كه‌ركوك و گه‌رمیان چیتر وێران نه‌كرێت و نه‌وته خاوه‌كه‌ی نه‌چێته گیرفانی به‌رپرسان و به پاره‌كه‌ی شه‌وه سوره‌كان به‌رێبكه‌ن و له‌م لاشه‌وه سه‌دان خێزان له برسان بمرن و له‌ژێر چادرگا و نابلۆندا شه‌و و رۆژ تێپه‌ڕێنن. ئه‌وان ته‌نها تاوانیان ئه‌وه بوو كه رۆژنامه‌نوسێكی به سه‌لیقه و ووردبین و چاونه‌ترس بوون. ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ریكی برسیكردنی خه‌ڵك و بازرگانیكردن به سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك و سات و سه‌ودای ژێربه‌ژێرن دوژمنی سۆران و سه‌رده‌شته‌كان بوون.
ئازیزان له خانه‌واده‌ی سۆران، ئێمه و رۆڵه‌كانمان هێنده په‌رێزمان پاك بووه باكمان به هیچ نیه و بۆ هه‌میشه شانازی به سۆران و سه‌رده‌شته‌وه ده‌كه‌ین و وه‌كو ره‌مزی ئازادی بۆ هه‌ولێر و كه‌ركوك و ته‌واوی كوردستان، سه‌رده‌شت و سۆران كه‌سانێكی ره‌خه‌نه‌گر و نارازی بوون به وه‌زعیه‌تی موجود، تیرۆركردنی سه‌رده‌شت و سۆران له‌سه‌ر نووسین و قسه و ره‌خنه‌كانیه‌تی، بۆیه ده‌بێت بۆ هه‌میشه ره‌خنه و بیروبازه‌ڕه به‌رزه ئینسانیه‌كانیان به‌رز رابگرین..
خانه‌واده و خێزان و دۆستان و هاورێیانی سۆران، ئێوه سه‌یركه‌ن چ سه‌ربه‌رزییه‌ك بۆ سه‌رده‌شت و سۆران و چ رێزێك بۆ خانه‌واده‌كه‌یان و دۆستان و هاوپیشه‌كانیان ماوه‌ته‌وه، هیچ هێزێك نه‌یتوانیوه و ناتوانی رێگری له په‌یامه‌كه‌یان بكات، وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر په‌یامه‌كه‌ی سه‌رده‌شت و سۆران شكستی گه‌وره‌ی به‌دواوه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌ست بۆ ئه‌و كاره به‌رن و خه‌ڵك لێیان قبوڵ ناكات و مێژوو به خه‌تێكی شاش بۆیان تۆمار ده‌كات، په‌یامی ئازادی و یه‌كسانی و خۆشبه‌ختی سه‌رده‌شت و سۆران ئیستا گه‌یشتۆته گشت كون و كه‌له‌به‌رێكی ئه‌م دنیایه و ته‌نانه‌ت هێزه تاریكه‌كانیش نه‌یانتوانی له سه‌نگه‌ردابن و خۆیان له‌گه‌ڵیدا جووتكرد و دژی ئه‌م كاره قێزه‌وه‌نه ده‌نگیان هه‌ڵبڕی و هاتنه سه‌رشه‌قام و خیابانه‌كان.
هاو ئازارانم له بنه‌ماڵه‌ی سۆران، مانگانه ده‌یان كه‌س له شار و شارۆچكه و لادێكانی كوردستان ده‌بنه قوربانی ده‌ستی نائه‌منی و زاڵبونی هێزی چه‌كداری و سه‌ربه‌خۆنه‌بونی یاسا و دادگاكان، سه‌دان مناڵ و پیر په‌ككه‌وته له‌به‌ر نه‌خۆشی و نه‌بونی چاره‌سه‌ر و ده‌رمانی پێویست گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ده‌یان گه‌نج و لاو له‌به‌ر بی هیوایی و نائومێدی له به‌دیهێنانی خه‌ون و خولیاكانیان كۆتایی به ژیانیان ده‌هێنن، سه‌رده‌شت و سۆران خه‌م و كێشه‌ی ئه‌و هه‌زاره‌ها خه‌ڵكه‌ی گه‌ره‌كانی ئیسكان و ئازادی و ته‌عجیلیان له كۆڵ گرتبوو، ئه‌وان به په‌یام و بیروباوه‌ڕه‌كانیان رێگای راستی و عه‌داله‌تیان فێری گه‌نجان و لاوان كرد، ئه‌وه فه‌خر و شانازییه بۆ خۆیان و بۆ ئێمه‌ش كه شانسی پێكه‌وه ژیانمان هه‌بوو له‌گه‌ڵیان.
دایك و باوكی جه‌رگ سووتای كاكه سۆران، مه‌گه‌ر به‌س من له موعاناته‌كانتان بگه‌م، چونكه رۆژانه ده‌بینم دایه و بابه‌كه‌م چۆن وه‌كو ئاگر قوڵپ ده‌ده‌ن و خامۆش نابنه‌وه، برایان و خۆشكانی كاكه سۆران زۆر باش هه‌ست به ئازاری پشت شكان ده‌كه‌م، به‌ڵام ئێمه‌ش به مه‌رگی ئه‌وان بۆ هه‌موو لایه‌كمان رۆشنكرده‌وه سازش له‌سه‌ر خوێنی رۆڵه‌كانمان ناكه‌ین و په‌یامی ئه‌وان درێژه پێده‌ده‌ین و تاكه دوا و خواستی ئێمه و باشترین دیاریش ئاشكراكردنی بكوژان و دادگایكردنیانه.
دایك و باوكه جه‌رگ سوتاوه‌كه‌ی سۆران، من رۆژانه به دایه و بابه‌كه‌ی خۆم ده‌ڵێم، ئیستا ئێمه خاوه‌نی سه‌رده‌شت نین، ئیستا كۆمه‌ڵگا و ته‌واوی ئازادیخوازانی دنیا و نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسانی ئازاد و ده‌سته و گروپی مه‌ده‌نی و ئه‌حزابی خاوه‌ن هه‌ڵوێست خاوه‌نیانن، چونكه تیرۆر و له‌ناوبردنی وه‌حشیانه‌ی سه‌رده‌شت و سۆران هێرش و په‌لاماردان بوو بۆسه‌ر ئازادی و یه‌كسانیخوازی له كۆمه‌ڵگا، بۆ سه‌ر ده‌نگ و ره‌نگی جیاواز، بۆیه ئومێدمان هه‌یه تاكو خه‌ون و هیواكانی سه‌رده‌شت و سۆران نه‌هێته‌دی بی ده‌نگ نابن و هه‌میشه له‌هه‌وڵداده‌بن بۆ ریسواكردنی دوژمنانی ئازادی و بیروڕایی جیاواز له‌كۆمه‌ڵگادا.
Bashdar_net@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
