
له‌وه‌ڵامی نوسینێكی ئێمه‌دا، په‌رله‌مانتار له‌تیف شێخ مسته‌فا له‌م رۆژنامه ئازیزه‌داو له‌ژماره 231و له‌ڕۆژی 6/7/2010دا نوسینێكی بڵاوكردۆته‌وه به‌نێونیشانی (وه‌ڵامێكی سه‌رپێی بۆ شاعیر قوبادی جه‌لیزاده)، ناكرێ وه‌رامی نه‌ده‌ینه‌وه.
جنێونامه
وه‌ك قوبادی مرۆڤ‌و وه‌ك قوبادی شاعیر‌و وه‌ك قوبادی دادوه‌ر ئه‌ده‌به‌كه‌م رێم نادات جنێو به‌جنێوو بوختان به‌بوختان وه‌رام بده‌مه‌وه، ئه‌من بۆم ناكرێ زوڕنای جنێو بئه‌نگێنم‌و ده‌هۆڵی بوختان بكوتم. هه‌موومان ده‌توانین ببین به‌كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاڵای درۆی شاخدارو ئه‌فراندنی كه‌لوپه‌لی بوختان، به‌ڵام له‌وه‌ختێكدا به‌رهه‌می دێنین، كه ده‌ستمان خسته بینه‌قاقای جوانترین‌و به‌نرخترین شتێك كه له‌ناخماندا ده‌ژی ئه‌ویش ویژدانه. كه تۆ خوانه‌خواسته رێگه‌ت به‌خۆتدا له‌مرۆڤه‌وه ببیت به‌گورگ ئیدی پێتوایه ئه‌و ده‌مه خوێن رشتنی شوان به‌ڕانه مه‌ڕه‌وه، مافێكی شه‌رعی‌و سروشتی خۆته‌و ده‌بێـت موماره‌سه‌ی بكه‌یت.
من ئه‌ده‌به‌كه‌م رێگه‌م نادات قسه‌ی به‌رزو نزمتان پێ‌بڵێم، چونكه هه‌نووكه تۆ په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی نه‌وه‌دو دوو هه‌زار ده‌نگی بۆ كۆكردویته‌وه، ره‌نگه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ده‌نگه‌كان، ده‌نگی كه‌س‌و كاری ئه‌نفال كراو‌و شه‌هیده سه‌روه‌ره‌كان‌و نانبڕاوو بێده‌رامه‌ت‌و ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی میلله‌ته قوربانی ده‌ره‌كه‌مان بێت، من‌و تۆ‌و خه‌ڵكی دیكه‌ش باش له‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانداو وه‌ك تاكێكی سه‌ربه‌خۆ خۆت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، كاندید بكردایه، ئه‌وا پێموابوو ئه‌وه‌نده ده‌نگت بۆ كۆ نه‌ده‌كرایه‌وه كه پێی بووبای بەموختاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆتان، چونكه خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك، كوڕه‌كانی كۆڵانه‌كانی خۆیان، له‌خه‌ڵكی ته‌واوی شار‌و وڵات چاكتر ده‌ناسن. ئاگاداری ئه‌وه‌شم كاكه شێخ، كه زۆرینه‌ی یان هه‌ر هه‌موو كاندیده‌كانی هاوبیرو هاوسه‌نگه‌رت، لێتان نیگه‌ران‌و دڵگرانن، چونكه رۆژانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن شاشه‌ی (KNN)تان بۆ خۆتان به‌زه‌مان گرتبوو له‌پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا به‌شی شێرتان بۆ خۆتان مسۆگه‌ر كردبوو، دیاره له‌سه‌ر حیسابی به‌شی هه‌ڤاڵه‌كانی دیكه‌تان. جگه له‌وه‌ی كه دوو سێ رۆژ به‌ر له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شین‌و شه‌پۆڕه‌وه له‌شاشه‌ی بزووتنه‌كه‌وه ده‌ركه‌وتیته‌وه‌و وات خۆ خسته‌ڕوو كه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنتان لێكراوه‌و ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی شه‌هید ده‌كرێن، ئیدی به‌م سیناریۆیه‌و به‌م لێهاتووییه‌شت له‌نواندندا، توانیت شه‌پۆلێك له‌ده‌نگی جه‌ماوه‌ره عاتیفی‌و سۆزداره‌كه به‌لای خۆتدا ببه‌یت‌و هاوڕێكانت، كه زۆربه‌یان خه‌ڵكی لێهاتوو پسپۆڕ بوون، له‌و شه‌پۆلی ده‌نگە بێبه‌ش بكه‌یت!
به‌ڵگه
براله، ئێوه له‌نوسینه‌كه‌تاندا، فه‌رموتانه: "شتی تریشم به‌به‌ڵگه‌وه لایه، به‌ڵام له‌به‌ر خاتری سووك نه‌كردنی دادگا‌و داوه‌رانی تری به‌ڕێزی سلێمانی، هیچیتر بڵاو ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام دڵنیابه له‌مه‌ولا له‌یه‌ك شتت خۆش نابم‌و سه‌رفی نه‌زه‌رت لێناكه‌م".
هه‌ر به‌ڕێزێك گوتاره‌كه‌ی كاكی شێخ نه‌خوێندبێته‌وه، كه ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی ناو كه‌وانه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، وا تێده‌گات، نوسینه‌كه‌ی لێوان لێو بووه له‌به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕهێنه‌ر كه ده‌یسه‌لمێنێ چۆن منی به‌سته‌زمان له‌نێو چه‌قی چڵپاوی گه‌نده‌ڵیدا، تێماوم. كه‌چی به‌داخه‌وه تاكه به‌ڵگه‌یه‌كی (ملفق)یشی بۆ ته‌رتیب نه‌كراوه.
ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی ئێوه نه‌ك هه‌ر ساردم ناكاته‌وه، له‌ده‌رخستنی گه‌نده‌ڵی له‌نێو خانه‌ی داد‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا، به‌ڵكو رشت تر‌و گه‌رم‌و گوڕتر دێمه مه‌یدانی داكۆكیكردن له‌سه‌روه‌ری یاسا‌و پیاده‌كردنی دادپه‌روه‌ری، پێم خۆشه تۆزێك سه‌رده‌مانه‌تر بیر بكه‌یته‌وه، چونكه له‌نێو خێزانێكیشدا، جۆگه‌ی شه‌ره‌ف‌و كه‌رامه‌تی هه‌ر یه‌كێك له‌ئه‌ندامی ئه‌و خێزانه، جۆگه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌و، له‌گه‌ڵ جۆگه‌كانی دیكه‌دا تێكه‌ڵاو نابن، له‌ناو خێزانی قه‌زاییشدا، هه‌ر دادوه‌ره یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌و ئابڕومه‌ندی هیچ كامێك له‌و دادوه‌ره به‌ڕێزانه ناكرێ به‌پێوانه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی شه‌ره‌فمه‌ندی ئه‌وانی دیكه. بۆیه تكا ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده په‌رۆش مه‌به له‌م رووه‌وه‌و به‌زه‌ییت پێیاندا نه‌یه‌ته‌وه، لێره‌وه بێمنه‌تی خۆم راده‌گه‌یه‌نم كه ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی باوه‌ڕ هێنه‌رتان له‌به‌ر ده‌ستدایه، گه‌نده‌ڵیبوونی ئێمه، له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی (15) ساڵێكدا، وه‌ك دادوه‌ر ده‌سه‌لمێنێ، بیانخه‌نه‌ڕوو، دیاره من‌و تۆی یاساناس پێناسه‌یه‌كمان هه‌یه بۆ (به‌ڵگه)و ده‌زانین به‌ڵگه یانی چی.
من رێگه به‌خۆم ناده‌م ئه‌و باس‌و خواس‌و ئه‌و بڵاوكراوانه كه له‌ناو خه‌ڵكیدا ئه‌م ده‌ست‌و ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌ن، رێگه به‌خۆم ناده‌م ئه‌و نوسینانه‌ی له‌ڕۆژنامه ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا، له‌مه‌ڕ هه‌ڵوێست‌و هه‌ڵس‌و كه‌وتی پێرێ‌و دوێنێ‌و ئه‌مڕۆی ئێوه بڵاو ده‌بنه‌وه، بیانخه‌مه دوو توێی ئه‌م نوسینه‌م‌و وه‌ك تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی تۆیان بكه‌م، چونكه به‌ش به‌حاڵی خۆم تاكه به‌ڵگه‌یه‌ك چییه له‌به‌ر ده‌ستی مندا نییه كه ئه‌و تۆمه‌تانه بسه‌لمێنێ، جا نازانم خه‌ڵكیتر له‌به‌ر ده‌ستیدا هه‌ن یان نا؟ من زانیاری ته‌واو به‌ڵگه‌دارم پێنییه، كاتێ كه ئێوه له‌خزمه‌تی سه‌ربازیدا بوون چیتان لێقه‌وماوه، نازانم ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پێبه‌خشیون به‌چ ئاقارێكی ناشایسته گوزه‌رتان كردووه، من ناتوانم به‌وه تۆمه‌تبارتان بكه‌م كه له‌سه‌رده‌می رژێمدا، ده‌ستتان له‌گه‌ڵ رژێمدا تێكه‌ڵكردووه یان نا، با هه‌موو خه‌ڵكیش ده‌هۆڵی ئه‌وه لێبده‌ن. ناكرێ به‌بێ به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕ هێنه‌ر ئه‌م‌و ئه‌و له‌كه‌دار بكه‌ین.
ترس
له‌هێندێ شوێنی نوسینه‌كه‌تدا، كاكه شێخ ده‌نگت زۆر دلێره‌و پڕ به‌دڵ هاوار ده‌كه‌یت‌و پێم ده‌ڵێی تۆ دادوه‌رێكی گه‌نده‌ڵی، كه‌چی له‌بڕێك شوێنی دیكه‌دا ده‌نگه دلێره‌كه‌تان ده‌بێ به‌نووزه نووزو چرپه چرپ‌و مینگه مینگ. ئیشاره‌تی بچوك بچوك ده‌ده‌ن‌و جورئه‌ت ناكه‌ن ئه‌وه‌ی له‌ناختاندا هه‌یه بیخه‌نه سه‌ر كاغه‌ز. تۆ ده‌ڵێی: "قوباد ده‌یه‌وێ له‌دادگایه‌ك كار بكات ئیشی نه‌بێت، چونكه ناتوانێت هیوایه‌ته‌كانی تری بكات". یان ده‌ڵێی: "مامۆستا نه‌وڕه‌سی ویستی له‌سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له كه خۆت‌و هه‌موومان ده‌یزانین نه‌قڵت بكات بۆ كفری". یان "له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت تا دره‌نگی شه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی".
براله، به‌ر له‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ناوه‌ڕۆكی دێڕی ناو كه‌وانه‌كان بكه‌م، له‌تۆو له‌هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته به‌سته‌زمانه ده‌پرسم، ئه‌رێ له‌دنیادا دادگای بێئیش هه‌یه تا من هه‌وڵی بۆ بده‌م؟ بۆ ئه‌وه‌ی براده‌ران له‌مه‌به‌ستی ئه‌و براده‌ره تێبگه‌ن ناچارم خۆم به‌ده‌نگ بێم‌و له‌بری ئه‌و بڵێم: "به‌ڵی من مه‌شروب خۆرم‌و گه‌لێك شه‌وان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندو ئه‌دیب‌و رووناكبیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان، له‌ده‌وری مێزێكی پیرۆز خڕ ده‌بینه‌وه‌و قسه له‌سه‌ر كایه ئه‌ده‌بی‌و هونه‌رییه‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌و ئه‌دیب‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه زۆری وه‌ك ئێوه به‌ئاواتی ده‌خوازن ته‌وقه‌یه‌كتان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، یان ره‌سمێكتان له‌گه‌ڵدا بگرن، بنكه‌ی رۆشنبیری زانكۆی سلێمانی به‌گه‌رمی باوه‌شمان بۆ ده‌كاته‌وه‌و كاتێكیش گوڵی رووناكبیری ده‌ڕژێته سه‌ر مێزه‌كه‌وه ته‌نانه‌ت شووشه‌و په‌رداخه‌كانیش سییه‌كانیان پڕ ده‌كه‌ن له‌عه‌تر. به‌ڵی من به‌ئاشكرا مه‌ی ده‌نۆشم، نه‌ك وه‌ك خه‌ڵكی دیكه له‌په‌ناو پێچ‌و ژووره تاریكه‌كانی...
به‌ڵێ یا شێخ، من پیاوێكی ژن دۆست‌و جوانی دۆستم‌و له‌ڕۆژی رووناكداو له‌باخچه گشتییه‌كاندا، جاڕی ژیان دۆستی‌و ئه‌ڤین دۆستی راده‌گه‌یه‌نم، پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری پیاوانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه پیاو سالارییه، به‌ده‌م ئه‌ژنۆ له‌رزینه‌وه، له‌كونی ده‌رگاكانه‌وه‌و له‌ساته وه‌ختی غه‌فڵه‌ت گیریدا، شێتانه ته‌ماشای ژن ده‌كه‌ن، خۆ من ئه‌و ته‌رزه كه‌سانه نیم، له‌كوردستانه‌كه‌ی خۆماندا وه‌ك مه‌ڕی به‌سته‌زمان‌و بێگوناه خۆیان نیشان بده‌ن‌و كاتێكیش ده‌ستیان ده‌گاته وڵاتێكی بیانی، هه‌ر له‌پرسگه‌ی هۆتێله‌كه‌وه، چی به‌هاو قیمه‌تی ئینسانی هه‌یه- كه پێمانی ده‌فرۆشن- به‌جێی ده‌هێڵن‌و له‌ژووره تایبه‌ته‌كانی ئه‌وێدا، گوێ بۆ ترپه‌ی پێی ئه‌و ژنانه هه‌ڵده‌خه‌ن، كه له‌به‌رامبه‌ر بڕێ دۆلاردا، بیانگرنه باوه‌ش. ئه‌من بۆ خۆم ته‌رزه ژیانێكم هه‌ڵبژاردووه دووره له‌ماسك‌و ده‌مامكی ساخته‌كاری. ژیانێك، له‌ژیانی زۆربه‌ی خه‌ڵكی دیكه ناچێت به‌تایبه‌ت هاوپیشه‌كانم. ژیانێك رۆحم تێیدا ئاسووده‌یه، بۆیه رێگه‌م به‌كه‌س نه‌داوه ده‌ست بخاته ژیانی تایبه‌تی منه‌وه، ئه‌سڵه‌ن به‌لامه‌وه گرنگ نییه تۆ، یان سه‌رۆكی دادگا یا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ئه‌و ژیانه‌ی منی پێ دروسته یان نا، ته‌نیا نازداری هاوسه‌رم بۆی هه‌یه، له‌مه‌ڕ ژیانی تایبه‌تی منه‌وه گفتوگۆم له‌گه‌ڵدا بكات‌و رای خۆی به‌باش یان خراپ ده‌ربڕێت، تا هه‌نووكه‌ش جگه له‌نازدار ژنێكی دیكه‌م نییه. دادوه‌رانیش وه‌كو هه‌موو توێژه‌كانی دیكه، تیایاندایه وه‌ك من ده‌ژین‌و وه‌ك من بیر ده‌كه‌نه‌وه، دادوه‌ریش هه‌ن، به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نیان له‌سه‌ر به‌رماڵدا به‌ڕێ ده‌كه‌ن‌و ساڵانه ده‌چن بۆ عه‌مره‌و له‌مه‌وسیمی حه‌جیشدا، له‌سه‌ر ریزگرتن بۆ ته‌واف یه‌خه‌گیری یه‌كتری ده‌بن!
هیچ كامێك له‌و دوو دیدگه جیاوازه‌ش نابن به‌پێوه‌ر بۆ ده‌ستنیشانكردنی دادوه‌ری یاسا په‌روه‌رو دادوه‌ری گه‌نده‌ڵ، من له‌كڵاوڕۆژنه‌ی ژوره‌كه‌مدا عه‌للاگه دۆلارم بۆ شۆڕ نه‌كراوه‌ته‌وه خوارێ.
دوو وه‌زیرو سه‌رۆكێكی ئیستیئناف
به‌پێی قسه بێسه‌روبه‌رو رووت‌و قوته‌كانی ئه‌و براده‌ره بێت، له‌ساڵی 1996 دوو وه‌زیرو سه‌رۆكێكی ئیستیئناف ژێر به‌ژێر هه‌ر خه‌ریكی پیلان گێڕان بوونه تا كوده‌تایه‌كی سه‌ربازیم له‌دژ به‌رپا بكه‌ن‌و له‌سلێمانییه‌وه بمگوێزنه‌وه بۆ كفری‌و كه‌لارو ده‌ربه‌ندیخان، كه‌چی پلانه‌كه كه‌شف بووه‌و به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت فتیله‌ی ئه‌و قومبه‌له مه‌وقوته‌ی ده‌ركردووه. له‌وه‌ده‌چێتـ به‌درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و براده‌ره باسیان ده‌كات، به‌نده‌ی هه‌ناسه‌سوار هه‌ر خه‌ریكی راكردن بووم له‌نێوان خانه‌ی داد‌و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، تا هه‌رچی زووه فریام بكه‌ون. ئه‌رێ خه‌ڵكینه ئێوه عه‌قڵتان ده‌یبڕێ، له‌به‌ر چاوی ره‌شی حاكم قوباد، به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌وسا، ده‌ست بنێت به‌ڕووی دوو دانه وه‌زیرو سه‌رۆكێكی ئیستیئنافه‌وه؟!. له‌كاتێكدا وه‌ك كاك له‌تیف ده‌فه‌رموێت، نه‌قڵه‌كه‌م ئه‌سبابی موجه‌به‌شی هه‌بووبێت. جا ئه‌گه‌ر سه‌رۆكێكی ئیستئناف‌و دوو وه‌زیری به‌ڕێز پێیان نه‌كرابێت دادوه‌رێك له‌شارێكه‌وه بۆ شارێكی دی نه‌قڵ بكه‌ن، كه بچووكترین‌و ساده‌ترین پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه، ئیدی چۆن به‌وه قایل بوون له‌سه‌ر كورسییه‌كانیاندا بمێننه‌وه؟!
له‌وه ده‌چێ براله، ئه‌و سه‌رده‌مه من، یا رۆسته‌می مازنده‌ران بووبم كه گورزه‌كه‌م، به‌قه‌د كێوی ئه‌لبورز زل‌و زه‌به‌للاح بێت. یا حه‌زره‌تی (جه‌رعون) په‌یامبه‌ری جوله‌كه بووبم، كه به‌ڕاوه‌شاندنی رمێك (30) هه‌زار شه‌ڕكه‌رم له‌مه‌یدانی جه‌نگدا له‌ت‌و په‌ت كردبێت، هه‌ربۆیه ئه‌و سێ براده‌ره نه‌یان وێرابێ رووبه‌ڕوو له‌به‌رامبه‌ر مندا ورته‌یه‌كیان لێوه‌بێت، كه سه‌رۆكی ئیستیئناف ته‌نیا ده مه‌ترو دوو وه‌زیره به‌ڕێزه‌كه‌ش سه‌د مه‌ترێك له‌دادگاكه‌مه‌وه دوور بووبن.
ده‌مه‌وێت به‌كاك له‌تیف بڵێم كه كێشه‌ی ئێمه‌و به‌رپرسه‌كانی قه‌زا كێشه‌ی شه‌خسین‌و دوورن له‌مه‌سه‌له بابه‌تییه‌كان‌و زۆر به‌ئاسانیش حه‌ل ده‌بن. هه‌ڵگرتنی مه‌كینه‌یه‌كی ماستاو به‌سه بۆ راكیشانی سۆز‌و عه‌تفی گه‌وره‌ترین به‌رپرسی ناو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری‌و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، به‌لای خۆماندا!
چۆن بووم به‌دادوه‌ر
ئه‌و براده‌ره ده‌فه‌رموێت: " هه‌ر به‌سوود وه‌رگرتن له‌ناكۆكی‌و ململانێی حیزبی بوویت به‌دادوه‌ر..". په‌ككوو كه چه‌ند پیاوێكی بێویژدانیت!؟ هه‌موویان یان زۆربه‌ی هاوپۆل‌و هاوكۆلێژو هاوده‌رچووانی من‌و ئه‌وانه‌ی دوای منیش، به‌ر له (15 بۆ 20) ساڵ پێشی من كران به‌دادوه‌ر، ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌وانه ئه‌ندامی دادگای ته‌میزن. ئه‌وان ده‌رگای په‌یمانگای دادوه‌ری به‌غدایان له‌ڕوو ئاوه‌ڵا بوو، به‌ڵام بۆ ئێمه‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كی دیكه ببوو به‌رده‌گای پۆڵایین‌و به‌قوڕقوشم قفڵ درابوو. جێی شانازیمه كه پیاوه كورد كوژو ئه‌نفال چییه‌كانی رژێم ئه‌و ده‌رگایه‌یان به‌ڕوودا كڵۆم كرد‌و جێی شانازیشمه دوای ئه‌و ماوه دوور‌و درێژه له‌سایه‌ی حكومه‌تی شه‌هیداندا كرام به‌دادوه‌ر كه سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی دادوه‌ریم تێدا بوو به‌زیاده‌وه‌ش. هه‌ردوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه ئه‌و ده‌مه به‌گه‌رمی باوه‌شیان بۆ كردمه‌وه‌و پێیان وابوو یه‌كێك له‌هه‌ره مه‌غدورترین حقوقیم‌و شایانی ئه‌وه‌م كورسییه‌كی دادوه‌ریم به‌ربكه‌وێت. پێمخۆشه كاك له‌تیف‌و خوێنه‌رانی ئه‌م نوسینه ئاگادار بكه‌مه‌وه، كه هه‌رچه‌نده ئه‌و ده‌مه‌و ئێستاش من هه‌وادارو لایه‌نگری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووم، به‌ڵام موره‌شه‌حی شه‌خسی رێزدار كاك قادر جه‌باری بووم كه ئه‌وسا به‌ڕێزیان وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێم بوون. بۆ راستی‌و دروستی قسه‌كه‌م ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه ناو (ئیزباره‌ی شه‌خسیم) تا بزانن ناوی كام وه‌زیر به‌فه‌رمانی دامه‌زراندنمه‌وه هه‌یه. هه‌ر له‌سه‌ر داوای ئه‌و به‌ڕێزه‌ش له‌هه‌ولێره‌وه چووم بۆ سلێمانی كه به‌ئاسانی ده‌متوانی له‌دادگاكانی هه‌ولێردا بمێنمه‌وه، چونكه ئه‌و ده‌مه‌ی من له‌سلێمانی ده‌ستبه‌كار بووم، كاك قادر جه‌باری له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌وسا هه‌ولێری به‌جێهێشتبوو، به‌ڵام من وه‌عدم به‌و به‌ڕێزه دابوو كه بچم بۆ سلێمانی. من به‌ئیستیحقاقی خۆم بووم به‌دادوه‌ر، خێر‌و سه‌ده‌قه‌ی هیچ حیزبێك‌و هیچ كابینه‌ی حكومه‌تێك نییه. دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌و ده‌ڵێم په‌ككوو كه پیاوێكی بێویژدانی.
دیاره رێزدار كاك قادر جه‌باری ئۆباڵی به‌دادوه‌ری بوونی من ناخاته ئه‌ستۆی خۆی ئه‌گه‌ر له‌نزیكه‌وه نه‌مناسێت. ئه‌و به‌ڕێزه ئه‌و ده‌مه‌ی منی ناسی كه ئه‌ندامی دادگای تایبەتی شۆڕش بووم له‌گه‌ڵ ئه‌م دادوه‌ره له‌خۆبووردووانه. به‌ڕێزان كاك حاكم جه‌وهه‌ر كاك حاكم سه‌روه‌ر زرار، كاك حاكم به‌هزاد، كه مامۆستا عومه‌ر ده‌بابه‌ی نه‌مر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد. دیاره وه‌ختێك ئێمه كاروباری خه‌ته‌رناكی ئه‌و دادگایه‌مان له‌شه‌قڵاوه به‌ڕێوه ده‌برد دادوه‌رانی دادگاكانی هه‌ولێر، كه‌سیان جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد، وێنه‌ی دیكتاتۆر له‌پشتی سه‌ریانه‌وه داگرنه خواره‌وه!!
شاعیر‌و دادوه‌ر
جگه له‌چه‌ند دادوه‌رێكی به‌ڕێزو لێهاتوو كه ژماره‌یان له‌په‌نجه‌ی تاكه ده‌ستێك كه‌متره، له‌خۆم به‌لێهاتووترو دڵسۆزتر نازانم. له‌هه‌ر دادگایه‌ك ئیشم كردبێت سه‌رده‌می زێڕینی ئه‌و دادگایه بووه. له13/1/1996 كه له‌دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی ده‌ستبه‌كار بووم، ئه‌من بووم كه شه‌ڕواڵی ئه‌م دادگایه‌م هه‌ڵكێشایه‌وه، كه تا سه‌ر ئه‌ژنۆی شۆڕ ببووه‌وه، ئه‌من بووم كه حورمه‌ت‌و هێزو كه‌رامه‌تم بۆ ئه‌و دادگایه گێڕایه‌وه‌و بووم به‌سومبولی دادوه‌ری ئازا‌و عه‌داله‌ت په‌روه‌رو‌و ده‌ستپاكی. دوێنێ‌و ئێستا‌و تا له‌دادگاكاندا بمێنم به‌هه‌مان نه‌فه‌س ئه‌ركه‌كانم جێبه‌جێ ده‌كه‌م. ئه‌وسا كه ئێوه له‌و دادگایه‌و لای خۆم لێكۆڵه‌ری دادی بوون، به‌سه‌رسامییه‌وه له‌كه‌سایه‌تی من‌و له‌ئه‌دای دادوه‌ری مندا ده‌تانڕوانی. ئێستا چۆن له‌كون فه‌یه‌كونێكدا بووم به‌نه‌زان‌و كه‌مته‌رخه‌م. له‌كام گۆشه نیگای مه‌نتیق‌و ئینسافه‌وه كاكی برا، خۆت ده‌كه‌یت به‌عه‌ڕابی ئێمه‌و ئامۆژگاریمان ده‌كه‌یت.
تۆ بۆت نییه هه‌رگیز ناسنامه‌ی سه‌ركه‌وتن یان بنه‌كه‌وتن به‌سه‌ر من‌و دادوه‌رانی تردا دابه‌ش بكه‌یت، دیاره منیش بۆم نییه. ئه‌وانه‌ی دادوه‌ری گه‌نده‌ڵ‌و ناگه‌نده‌ڵ جودا ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ندامانی داواكاری گشتین كه هاوده‌م‌و هاوكارو هاوڕێگای كاره‌كانمانن. پارێزه‌ره به‌ڕێزه‌كان كه قه‌زای راوه‌ستاون، ره‌ش‌و سپی لێك جودا ده‌كه‌نه‌وه. ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری دادی، كار‌و كرده‌وه‌ی دادوه‌ران هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. كارمه‌ندانی دادگاكان دادوه‌ره‌كانیان باشتر ده‌ناسن له‌خه‌ڵكی دیكه. خۆزگه به‌ڕێزان ئه‌ندامانی داواكاری گشتی كه به‌درێژایی نزیكه‌ی 15 ساڵ چاویان به‌سه‌رمانه‌وه بووه قسه‌یه‌ك له‌و هه‌ڵوێسته بێویژدانییه‌ی ئه‌و براده‌ره بكه‌ن. خۆزگه فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی سلێمانی ده‌كردو له‌و باره‌یه‌و داوای روونكردنه‌وه‌ی لێده‌كردن. خۆزگه به‌ڕێز كاك حاكم ئاسۆ وه‌ك به‌رپرسی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری دادی رای خۆی راده‌گه‌یاند. خۆزگه رۆژنامه‌نوسه گه‌نج‌و بزێوه‌كانمان سه‌ردانێكی دادگای نه‌وجه‌وانانی سلێمانییان ده‌كرد چاویان به‌هه‌ردوو ئه‌ندامی دادگاكه‌و به‌ئه‌ندامی داواكاری گشتی ده‌كرد، كه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی به‌حورمه‌ت‌و دڵسۆز، ده‌كه‌وت تا له‌حه‌قیقه‌تی مه‌سه‌له‌كه حاڵی ده‌بوون. ئاخر كاك له‌تیف گیان، ئه‌دی دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له15 رۆژ له‌و دادگایه ده‌ستبه‌كار بوون، خۆتان به‌پێكه‌نینه‌وه پێتان نه‌وتم، كه ئه‌ندامێكی ئه‌و دادگایه پێی وتوویت: "كاتێك كه كاك حاكم قوباد سه‌رۆكی ئه‌م دادگایه بوو، دادگاكه هه‌یبه‌تێكی تری هه‌بوو". تۆش له‌وه‌ڵامدا وتبووت: "جا چۆن (...) وه‌ك من له‌گه‌ڵ قوبادی جه‌لیزاده‌دا به‌راورد ده‌كه‌ن، من لادێیه‌كی كڵاش خوارو ئه‌و كوڕی بنەماڵه‌یه‌كی رووناكبیرو رۆشنگه‌ر".
دادوه‌ر به‌بڕیارێكی ده‌سه‌ڵات دێته سه‌ر كورسی‌و به‌بڕیارێكی ده‌سه‌ڵاتیش كورسییه‌كه‌ی لێده‌سه‌ندرێته‌وه. به‌ڵام هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی دنیا خڕبێته‌وه ناتوانن تۆ بكه‌ن به‌شاعیرو ناشتوانن تۆزقاڵێك له‌شاعیریه‌تی من بسێننه‌وه. شانازی ده‌كه‌م كه من جیا له‌هه‌موو دادوه‌رانی كوردستان، دووجار سه‌ربازی خزمه‌تكاری میلله‌ته‌كه‌ی خۆمم، هه‌م به‌شیعرو هه‌م به‌پیاده‌كردنی قانون، هه‌ردووكیان لوتكه‌ی كاری ئینسانی به‌نرخن، به‌ڵام ته‌نیا شیعر ناسنامه‌ی نه‌مری‌و سه‌ربڵندی به‌من ده‌به‌خشێت. كوا ئه‌و قازی‌و مه‌لایانه كێن، كه له‌سه‌رده‌می نالی‌و حاجی قادردا ژیاون؟! تۆ له‌درزی عه‌قڵێكی ئه‌وه‌نده ته‌سك‌و كۆنخوازییه‌وه سه‌یری دیارده‌كانی ژیان ده‌كه‌یت كه پێت وایه پیاوێك كه شاعیر بوو ئیدی ماڵئاوایی له‌كایه‌كانی دیكه بكات‌و بواری ئه‌وه‌ی پێنه‌درێت به‌شداری له‌ئه‌فراندن‌و گه‌شه‌پێدانی كێڵگه‌كانی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی كۆمه‌ڵ بکات هه‌رچه‌نده ئێوه هه‌ڵسوڕاوێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن، به‌ڵام له‌ڕۆحی تۆدا پنتێك چییه تروسكایی گۆڕان‌و گۆڕانكاری به‌دی ناكه‌م.
ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی ئێوه بكه‌ین به‌پێوانگه، ده‌بێت شاعیران وه‌ك مشه‌خۆرو ده‌سته‌پاچه سه‌یر بكه‌ین‌و خه‌ڵوه‌تگایه‌كیان بۆ بكه‌ینه‌وه له‌شێوه‌ی خه‌ڵوه‌تگه‌ی پیری.
ئه‌من كوو جورئه‌ت ده‌كه‌م به‌و ده‌سته پیاوه دادوه‌رو سه‌فیرو دبلۆمات‌و خه‌باتگێڕو سه‌ركرده‌ی لێهاتوو سه‌رۆك كۆماران بڵێم، مادام شیعر ده‌نوسن ئیدی به‌كەڵكی شتێكی دیكه نایه‌ن. ئه‌م ده‌سته پیاوه كه به‌نموونه ده‌یانهێنمه جگه له‌كاره پیرۆزه‌كانی دیكه‌یان شاعیر‌و چیرۆكنوس‌و ئه‌دیب‌و شانۆنوس‌و...هتد بوون. بڵند ئه‌جوید- سه‌رۆكی پێشتری توركیا. ڤاسلاڤ هاڤڵ- سه‌رۆكی چیكۆسلۆفاكیا. فوئاد تكرلی- دادوه‌ری دادگای ته‌میزی عێراق كه خه‌ڵاتی سوڵتان عه‌ویسی وه‌رگرت. حه‌زره‌تی خومه‌ینی. لیۆپۆڵد- سه‌رۆكی سه‌نیگال. ماوتسی تۆنگ‌و هۆشیمن‌و نه‌زار قه‌بانی... بیرت نه‌چێت سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێزدار مامۆستا نه‌وشیروان مسته‌فاش، له‌یه‌كێك له‌ژماره‌كانی گۆڤاری رزگاری كه خۆیان سه‌رنوسه‌ری بوون شیعرێكی بۆ شه‌هید جه‌لال كه‌ریم، برای هونه‌رمه‌ندی گه‌وره عه‌لی كه‌ریم نوسیوه.
كۆبوونه‌وه‌كانی چاكسازی
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم به‌درێژایی ئه‌و چه‌ندین ساڵه، هه‌رگیز دادوه‌رانی خانه‌ی داد پرۆژه‌یه‌ك یان وه‌ره‌قه‌یه‌كی كاری دیاریكراویان نه‌بووه له‌مه‌ڕ چاكسازی‌و پاكسازی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌وه. كۆبوونه‌وه‌كان، چ ئه‌وانه‌ی له‌هۆڵی دادگای تاوانی سلێمانی، چ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی حكومه‌ت‌و حیزب‌دا گرێ ده‌دران، ته‌نیا كۆبوونه‌وه بوون له‌پێناوی كۆبوونه‌وه‌دا، هیچ ده‌ره‌نجامێكی جیدیان لێ پاشه‌كه‌وت نه‌ده‌بوو، بۆیه زیاتر له‌چوار ساڵیش ده‌بێت له‌و ته‌رزه كۆبوونه‌وانه خۆم به‌دوور گرتووه. بۆچوونی ئێمه له‌گه‌ڵ بۆچونی كاك له‌تیف‌و كاك حاكم خدر تێكی نه‌ده‌كرده‌وه، له‌مه‌ڕ چه‌سپاندنی سه‌روه‌ری یاسا‌و سه‌قامگیركردنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری. پرۆژه‌ی سه‌ر زاره‌كی ئه‌وان رێگرتن بوو له‌ده‌ست تێوه‌ردانی، ده‌زگاكانی حیزب‌و حكومه‌ت، ئێمه پێمان وابوو پرۆژه‌یه‌كی تر پێشی ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش پرۆژه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه. ناكرێ ماڵه‌كه‌ت له‌شووشه بێت‌و به‌رد بگریته ماڵی تره‌وه. ئێمه وامان پێ‌باش بوو سه‌ره‌تا له‌خانه‌ی دادی سلێمانییه‌وه كاربكه‌ین، پێشنیازی ئه‌وساو ئێستای ئێمه ئه‌وه بوو كه ئه‌و پۆستانه‌ی حیزب‌و حكومه‌ت، ناڕه‌وا به‌سه‌ر كوڕانی خۆی دابه‌شیكردوون لێیان وه‌ربگیرێته‌وه‌و بدرێت به‌و دادوه‌رانه‌ی كه شایسته‌ی ئه‌وه‌ن. ده‌مانگوت له‌بری به‌ڕێز حاكم له‌تیف عوسمان‌و حاكم ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج، به‌ڕێزان حاكم فاروق‌و حاكم سه‌روه‌ر، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌ردوو ئیستینافی كه‌ركوك‌و سلێمانی دابنێن، چونكه ته‌واوی مه‌رجه‌كانی به‌سه‌رۆك بوون له‌هه‌ردوو دادوه‌ره‌كه‌دا هه‌یه‌و له‌م دوو به‌ڕێزه‌ی تردا نییه. پێشنیازی ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه بۆ یاساكردنی ماڵی داد، واباشه كه به‌ڕێز حاكم ویداد یان حاكم قادر سه‌عید، سه‌رۆكایه‌تی دادگای تاوانی كه‌ركوك وه‌ربگرێت نه‌ك حاكم ئه‌كره‌م، چونكه ئه‌وان هه‌ردوكیان پۆلی یه‌كن‌و كاك ئه‌كره‌میش پۆلی دوو! ئه‌مه جگه له‌پڕ ئه‌زموونی‌و لێهاتوویی‌و شاره‌زایی پتری ئه‌و دوو به‌ڕێزه. ئه‌م پێشنیازانه‌و زۆریتر كه له‌نوسینی (بێ دادی له‌خانه‌ی داددا) كه له‌یه‌كێ له‌ژماره‌كانی رۆژنامه‌ی هه‌واڵدا بڵاوم كرده‌وه. هه‌وڵه‌كانی من بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی داد به‌سزا بۆم شكایه‌وه‌و هه‌وڵه‌كانی ئێوه‌ش ئه‌و (مذكره التفاهم)ه‌ی لێ پاشه‌كه‌وت بوو كه به‌ڕێز سه‌رۆكی دادگای ئیستئنافی ناوچه‌ی سلێمانی‌و به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی ئیمزایان له‌سه‌ركرد!! به‌داخه‌وه ئێوه چه‌پڵه‌تان بۆ ئه‌و یاداشته كوتا، كه خۆی له‌خۆیدا، ئاهه‌نگی سووكایه‌تیكردن بوو به‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری‌و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی. ئێوه له‌باتی چاوی یاسا به‌سه‌روه‌ری بڕێژن، هاتن به‌خۆڵی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، كوێرتان كرد! ئێمه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووین دره‌خته خواره‌كه‌ی به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری راست بكه‌ینه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی پیر بێت. كه‌چی بێئاگایانه ئێوه، ئیشتان له‌ڕاستكردنه‌وه‌ی سێبه‌ره‌كه‌ی ده‌كرد. ئێوه ئیشتان له‌وه‌همدا ده‌كردو راوی سه‌رابتان ده‌نا.
به‌زه‌یی هاتنه‌وه
كاكه شێخ ده‌فه‌رموێ: "ئێستاش رقم لێت نییه، به‌ڵكو به‌زه‌ییم پێتدا دێته‌وه، چونكه تۆ مایه‌ی به‌زه‌ییت". توخوا كوڕینه خه‌ڵك به‌زه‌یی به‌كه‌سێكدا دێته‌وه كه له‌سه‌ر حه‌قبێژی‌و راستگۆیی‌و ئازایه‌تی سزا درابێت، پیاوێك بۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژووی قه‌زای كوردیدا، ده‌نگی دلێرانه‌ی خۆی هه‌ڵبڕێ‌و ده‌ست بكات به‌چاوی پیاوه گه‌نده‌ڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی‌و پێیان بڵێت ئێوه گه‌نده‌ڵ‌و یاسا شكێنن‌و هه‌موو ئه‌و مادده قانونیانه‌ش ده‌ستنیشان بكات كه‌خراونه‌ته ژێر پێی ئه‌و به‌ناو یاسا ناسانه‌ی كه به‌فیتی ئه‌م حیزب‌و ئه‌و حیزب ئاڕاسته ده‌كرێن، جێی به‌زه‌یی پیاهاتنه‌وه‌یه؟ من ته‌نیا نیم، سه‌دان ده‌نگی پارێزه‌ران‌و دادوه‌ران‌و یاساناسان‌و هونه‌رمه‌ندو ئه‌دیب‌و نووسه‌رم له‌گه‌ڵدایه، كه‌ده‌نگی توێژی نوخبه‌ی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ن. پیاو ده‌بێ به‌زه‌یی به‌و ته‌رزه كه‌سانه‌دا بێته‌وه كه (أباء)ی خۆیان خستۆته ژێر پێوه‌و هه‌میشه به‌كه‌ناری هه‌لپه‌رستی‌و به‌رژوه‌نده‌ی تایبه‌تدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌ڵگری مه‌كینه‌ی ماستاوو مه‌سینه‌ی مه‌سئوله‌كانن له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا. چوونه‌ته ناو پێستی (حه‌ربا)وه‌و نایانه‌وێ لێی بێنه ده‌رێ. من به‌زه‌ییم به‌و بووده‌ڵانه‌دا دێته‌وه كه رۆژانه له‌به‌رده‌می هێندێ لێپرسراودا خۆیان به‌زه‌لیلی‌و بێزراوی ده‌بینن. چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر من‌و كۆمه‌ڵێك دادوه‌رو ئه‌ندامانی داواكاری گشتی، تا هه‌نووكه‌ش، به‌زه‌ییمان به‌تۆدا دێته‌وه، كاتێ وه‌زیری پێشووتری داد مامۆستا نه‌وڕه‌سی له‌دیوانی وه‌زاره‌تدا پێی وتی: "تۆ‌و چه‌ند جێگرێكی داواكاری گشتی مه‌رجی خزمه‌تی هه‌شت ساڵه‌ی قه‌زاییتان تیانییه، بۆیه ئه‌و پۆستانه‌تان لێده‌سێنینه‌وه". تۆش به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له‌جه‌نابی وه‌زیرو دانیشتوان بكه‌یت به‌ده‌نگێكی له‌رزۆكه‌وه فه‌رمووتان: "بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌زیفه‌كه‌مدا بمێنمه‌وه ئاماده‌م سازش بکەم". فیعله‌ن ماویته‌وه. شایه‌تحاڵی ئه‌و روداوه زۆرن به‌ڵام ته‌نیا برای به‌ڕێز كاك حاكم عه‌بدولڕه‌زاق به‌نموونه ده‌هێنمه‌وه، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوێكی پاك‌و راستگۆیه، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌جه‌نابتان له‌نوسینه‌كه‌تاندا ناوی به‌ڕێزیانت بردووه.
الا‌ستاذ الكبیر
فه‌رله‌مانتاری به‌ڕێز: ئێوه له‌نوسینه‌كه‌تاندا ده‌تانه‌وێ بڵێن، به‌نده بۆته هۆی له‌كه‌داركردنی ئابڕووی دادگا‌و داوه‌رانی سلێمانی، هه‌ر كاتێكیش لێی ده‌رچم ئه‌وا شوكر حورمه‌ت‌و كه‌رامه‌تی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئێستا لای تۆ بووم به‌و حاكم قوباده. ئه‌ی براده‌ر بۆ به‌ر له‌وه‌ی په‌رده له‌سه‌ر یاسا شكێنی‌و وه‌رگرتنی مووچه‌ی ناشه‌رعیتان لابده‌م به‌مامۆستای گه‌وره‌و (الا‌ستاذ الكبیر) ناوت ده‌بردم. ئه‌ی بۆ ده‌یان جار پێت ده‌وتم (من متخلفم)و تۆ بەپه‌نجا ساڵ پێشی من كه‌وتووی، ئه‌ی بۆ كاتێك یاداشتێكمان ئیمزاكرد دژی ده‌نگدان به‌ده‌ستوور، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی له‌وێدا ئاماژه‌مان بۆ كردبوو، له‌وه‌رامی ئه‌وه‌دا كه ئاخۆ بۆ ناوی حاكم ئه‌كره‌م فه‌ره‌جی تیانییه (سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌سلێمانی) وتت: "ئه‌و پێی وتووم ناوی بڵاو نه‌كه‌مه‌وه نه‌وه‌ك زیان به‌كورسیه‌كه‌ی بگات". دواتر گوتت: "ناوی تۆی تێدا بێت كافییه، حه‌ز ده‌كه‌م قه‌دری ئه‌و ناوه گه‌وره‌یه‌ت بزانێت، قورسایی ناوی تۆ له‌م یاداشته‌دا، به‌قه‌د قورسایی ناوی هه‌موو دادوه‌رانی ناو یاداشته‌كه‌یه".
براله، له‌بیرته دوای ئه‌وه‌ی ده پانزه رۆژێك له‌دادگای نه‌وجه‌وانانی سلێمانی ده‌ستت به‌كار كردبوو، هاتی بۆ لام‌و وتت: "ئه‌ندامێكی دادگاكه پێی وتووم، كاتێ حاكم قوباد سه‌رۆكی ئه‌م دادگایه بوو، دادگاكه هه‌یبه‌تێكی هه‌بوو". تۆش له‌وه‌ڵامدا وتبووت: "جا چۆن ده‌كرێ من له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك حاكم قوباد به‌راورد بكه‌ن، من لادێیه‌كی موته‌خه‌لیف‌و ئه‌و پیاوێكی مۆدێرن‌و زاده‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی رۆشنگه‌رو رووناكبیر".
ئه‌مه له‌خۆتم بیستووه نه‌ك له‌كه‌سێكی دیكه. من له‌تۆو ئه‌مسالی ئێوه ناچم، ئه‌و ماسییه زیندووه‌م، پێچه‌وانه‌ی ته‌وژمه گه‌نده‌ڵه‌كه مه‌له ده‌كه‌م، ئێوه‌ش ئه‌و ماسییه مردووه‌ن ته‌ییاره فاسیده‌كه راتان ده‌ماڵێ‌و هه‌ر ساته سه‌رتان له‌به‌ردێك‌و كلكتان له‌به‌ردێكی قه‌وزه گرتوویتر ده‌ده‌ن!
چل هه‌زاری سویسری‌و سه‌یاره‌یه‌ك
پیاوێك ئه‌گه‌ر به‌درێژایی ژیانی له‌سه‌نگه‌ری گه‌لدا بوو، كۆنه جاش‌و كۆنه به‌عسی‌و دژه هیواو ئامانجه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی نه‌بووبێت. پیاوێك قەت خه‌ریكی (سفره) گواستنه‌وه نه‌بووبێت له‌م حیزبه‌وه بۆ ئه‌و حیزب‌و سه‌د ماسك‌و ده‌مامكی نه‌گۆڕیبێت، ئیدی بته‌وێ‌و نه‌ته‌وێ ده‌بێته جێی رێزی سه‌ركرده خه‌باتگێڕه‌كان. راسته من شه‌ره‌فی پێشمه‌رگایه‌تیم به‌رنه‌كه‌وتووه، به‌ڵام زۆرجار رۆڵه له‌خۆبوردووه‌كانی ناوشار، به‌چه‌كی سپی رووبه‌ڕووی دوژمن بوونه‌ته‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌و وه‌عدو وه‌عیدی دوژمن له‌خشته‌ی نه‌بردوون. ره‌نگه زێده‌ڕۆیی بێت كه بڵێم (من خۆم به‌پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌هید له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م). جا ئه‌گه‌ر حكومه‌ت‌و حیزب چل هه‌زار دینار بۆ عه‌مه‌لیات‌و به‌ڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی سه‌یاره‌یه‌كم پێببه‌خشێ، چ كاره‌ساتێك قه‌وماوه؟
تا هه‌نووكه هه‌زاران سه‌یاره‌و هه‌زاران ده‌فته‌ر دۆلار‌و سه‌دان خانوو پارچه زه‌وی له‌به‌نرخترین شوێنی نیشتمانه‌كه‌ماندا دراون به‌عه‌ره‌بی شۆڤێنی‌و به‌خه‌ڵكانێك كه هه‌موو عومریان له‌سه‌نگه‌ری دژه‌گه‌ل به‌سه‌ربردووه. ئه‌گه‌ر هێندێ ژن جانتاكانیان پڕ بكرێ له‌ده‌فته‌ر دۆلار‌و ره‌وانه‌ی باشترین خه‌سته‌خانه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه بكرێن، نه‌ك بۆ نه‌شته‌رگه‌ری شێرپه‌نجه، به‌ڵكو نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری، ئه‌دی بۆ رۆڵه‌یه‌كی عه‌داله‌ت پارێز‌و شاعیر‌و نیشتمان دۆست پنتێكی بچووكی ئه‌و یارمه‌تییه‌ی به‌رنه‌كه‌وێ. نازانم، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌و ئه‌و سه‌یاره‌یه‌م وه‌رگرتبێت چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌گه‌نده‌ڵبوونی منه‌وه هه‌یه وه‌ك دادوه‌ر؟
پێموابوو له‌دووه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتی دادوه‌رانی كوردستان كه له‌دهۆك به‌سترا، دادوه‌ران یاداشتی ناڕه‌زایی ده‌ده‌نه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری‌و داوای هه‌ڵگرتنی غه‌دره‌كه ده‌كه‌ن له‌سه‌رمدا، كه یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی ئه‌و یه‌كێتییه حیمایه‌كردنی ئه‌ندامه‌كانی خۆیه‌تی له‌هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی ماددی‌و مه‌عنه‌وی. كه‌چی وه‌ك ئه‌و براده‌ره ده‌ڵێت، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر گرتووم، له‌مه‌ڕ ئه‌و سه‌یاره‌یه‌ی كه گوایه رێزدار نێچیرڤان بارزانی خه‌ڵاتی كردووم.
ئه‌مه‌شیان (ئه‌گه‌ر وابێ) كارێكه دژ به‌ئامانجێكی دیكه‌ی یه‌كێتی دادوه‌رانه، كه هه‌وڵ ده‌دات بۆ چاككردن‌و گه‌شه‌كردنی باری گوزه‌رانی ئه‌ندامانی. گریمان لیژنه‌كه گه‌شته ئه‌و حه‌قیقه‌ته كه جگه له‌سه‌یاره‌ی دادوه‌ران، كه هه‌موو دادوه‌ران وه‌ریانگرتووه، سه‌یاره‌یه‌كی دیكه‌شم له‌كاك نێچیرڤان بارزانی وه‌رگرتووه، ده‌پرسم ئاخۆ كام سه‌یاره‌یه‌م لێده‌سه‌ندنه‌وه؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك دادوه‌ر له‌حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رمگرتووه حه‌قی شه‌رعی خۆمه شانبه‌شانی سه‌رجه‌م دادوه‌رانی كوردستان (هه‌رچه‌نده خرامه وه‌جبه‌كانی ئه‌م دواییه‌وه) هیچ یاسا‌و رێسایه‌ك رێگه به‌یه‌كێتی دادوه‌ران نادات ئه‌و كه‌تنه بكات. ئێ خۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئه‌فسانه‌ییه‌ش نین خه‌ڵاتی رێزدار كاك نێچیرڤان بارزانیم لێبستێننه‌وه.
ئه‌م قسانه‌م ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی روونكردنه‌وه كرد، ده‌نا خوێنه‌ری ئه‌م نوسینه‌و هه‌موو خه‌ڵكی‌و كاك له‌تیفیش دڵنیا ده‌كه‌م، كه نه له‌ساڵی 2002دا چل هه‌زار دینارم له‌حكومه‌ت‌و حیزب وه‌رگرتووه‌و نه‌سه‌یاره‌یه‌كیشم به‌دیاری له‌ڕێزدار كاك نێچیرڤان بارزانی وه‌رگرتووه، داواش له‌فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی سلێمانی ده‌كه‌م نوسراوێك ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی له‌سلێمانی‌و ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی نیشتمانی‌و مه‌كته‌بی تایبه‌تی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی بكات بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان. تكاش له‌لیژنه‌كه‌ی یه‌كێتی دادوه‌رانی كوردستان ده‌كه‌م، درێژه به‌كاری خۆی بدات‌و گه‌یشته هه‌ر ده‌ره‌نجامێك له‌م رۆژنامه ئازیزه‌دا بڵاویبكاته‌وه.
شه‌ڕی ناوخۆ
فه‌رمووتانه: " تۆ كه له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ فتواو بانگه‌شه‌ی شه‌ڕت له‌ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌وه ده‌ركردووه". بیرم نایه‌ت له‌سه‌ره‌تای به‌رپابوونی شه‌ڕی ناوخۆدا (موفتی) بووبم، تا بۆم هه‌بێت فه‌توای شه‌رعیه‌تی شه‌ڕی براكوژی رابگه‌یه‌نم. ئاخر برا كاتێك ئێوه تۆمه‌تێكی ئاوا قورس ئاڕاسته‌ی ئێمه ده‌كه‌ن، نابێ به‌لانی كه‌مه‌وه، تاكه یه‌ك به‌ڵگه‌ی لاوازیشت به‌ده‌سته‌وه بێت؟ ئایا ده‌كرێ ئێمه یاساناسی پیاده‌كه‌ری قانون، به‌بێ به‌ڵگه خه‌ڵك ته‌جریم‌و ئیدانه بكه‌ین؟ ئه‌وه ئه‌لف‌و بێی ئیشه‌كانی ئێمه‌یه، نابێ ئه‌وه مه‌نتقی دادوه‌رێك‌و دكتۆرێكی قانون‌و په‌رله‌مانتارێك بێت. به‌م جۆره ته‌رحه بێسه‌روبه‌رانه ته‌واوی میسداقیه‌تی خۆتان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن‌و به‌ئه‌نقه‌ست زیان به‌مه‌وقیعی ئێستای خۆتان ده‌گه‌یه‌نن. له‌سه‌داسه‌د پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی جه‌نابت، هه‌ر له‌داگیرسانی یه‌كه‌م بڵێسه‌ی دۆزه‌خی شه‌ڕی ناوخۆوه، ئێمه‌ی ئه‌دیب‌و هونه‌رمه‌ندان، چه‌ندین یاداشتمان به‌حیزبه شه‌ڕكه‌ره‌كان داوه‌و ئیدانه‌ی شه‌ڕه‌كه‌مان كردووه‌و تكامان لێكردوون كه هه‌رچی زووه ئاوێك به‌و ئاگره داگیرساوه‌دا بكه‌ن، ئێمه به‌كرده‌وه‌و به‌نوسین كۆشاوین گه‌مارۆی ئه‌و ئاگره بێبه‌زه‌ییه بده‌ین‌و نه‌هێڵین ئیدی ته‌شه‌نه بكات. قه‌ت رێگه‌م به‌خۆم نه‌داوه، ته‌نانه‌ت تاكه حه‌رفێكم بكه‌م به‌دڵۆپه به‌نزینێك‌و دایچۆڕێنمه ئاگری شه‌ڕه‌كه‌وه. له‌ده‌یان قه‌سیده‌دا نه‌فره‌تم له‌شه‌ڕی قێزه‌ونی براكوژی كردووه. ده‌توانن ئه‌م قه‌سیدانه له‌كۆبه‌رهه‌می (شه‌هید به‌ته‌نیا پیاسه ده‌كات) بخوێننه‌وه. (به‌ر له‌وه‌ی بچم بۆ شه‌ڕ- فیشه‌كی ره‌حمه‌ت- هێڵنج- مه‌مكه‌كانی تفه‌نگ‌و زۆریتر) بۆ پشت راستكردنه‌وه‌ی قسه‌كانم ئه‌م یاداشته ده‌خه‌مه‌ڕوو، با كاك له‌تیف له‌به‌رامبه‌ریدا ته‌ریق بێته‌وه‌و دڵۆپ دڵۆپ عه‌ره‌ق بكاته‌وه:
(فی 5/1/1995 أصدر إتحاد أدبا‌و الكرد ندا‌ءا موجها الی المكتب السیاسی للحزبین المتحاربین. وقعە كل من د.عزالدین مصطفی رئیس الا‌تحاد و محمد موكری سكرتیر الثقافی‌و قوباد جلیزاده الشاعر المعروف والمسول المالی وجلال البرزنجی سكرتیر الا‌داری، طالبین إیقاف القتال واحلال السلم) ئه‌م هاواره له‌ماڵپه‌ڕی (موقع جماعه لا عنف العراقیه - ماڵپه‌ڕی ناتوندوتیژی عێراق) بڵاوبۆته‌وه.
داواكاری گشتی
بڵاوبوونه‌وه‌ی نوسینه‌كه‌ی ئێمه له‌ژماره (330) رۆژی سێشه‌ممه رێكه‌وتی 29/6/2010ی ئاوێنەدا، به مه‌به‌ستی به‌دواداچوون، به‌ڕێز فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی سلێمانی، نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی چاودێری دارایی له‌سلێمانی كردووه، ژماره (50) له 1/7/2010. له‌گه‌ڵ ئه‌م نوسینه‌مدا ده‌قه‌كه‌ی بڵاوده‌كه‌مه‌وه. به‌هیوام دیوانی چاودێری به‌ڕێز هه‌رچی زووه به‌دوای ئه‌و یاسا شكێنی‌و وه‌رگرتنی مووچه‌ی ناشه‌رعیه‌دا بچێ‌و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی بڵاوبكاته‌وه.
علی نفسها جنت...
ده‌قی نوسراوی سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی ژماره 745 له‌به‌رواری 11/2/2010 وه‌ك خۆی ده‌نوسمه‌وه كه ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كردووه: "هاوپێچ له‌گه‌ڵ نوسراوماندا ده‌قی داوای به‌ڕێز دادوه‌ر (له‌تیف مسته‌فا ئه‌مین) سه‌رۆكی دادگای نه‌وجه‌وانان له‌سلێمانی ده‌نێرین بۆتان كه تیایدا داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی كاندیدی لیستێكه له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی فیدراڵی بۆ ئاگاداریتان‌و ئاگادارمان بكه‌نه‌وه له‌ئه‌نجامه‌كه‌ی.
پێش ئه‌وه‌ی بێمه لێكدانه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی نوسراوه‌كه، حه‌ز ده‌كه‌م ئێوه سه‌رنجێكی ئه‌و زمانه سه‌قه‌ته بده‌ن كه نوسراوه‌كه‌ی پێنوسراوه.
پاشان (له‌تیف مسته‌فا ئه‌مین) كاندیدی كام لیسته له‌و لیسته زۆر‌و زه‌به‌ندانه‌ی عێراق، بڵێی لای سه‌رۆكایه‌تی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سلێمانی ناوی (گۆڕان) بڤه بێت، بۆیه نه‌یان وێراوه ناوی بهێنن. ئه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌یان وێراوه، كاك له‌تیف چۆن به‌وه رازیبووه كه ناوی لیسته‌كه‌ی له‌نوسراوه‌كه‌دا په‌خش نه‌كه‌ن.
نوسراوه‌كه ئه‌وه‌شمان پێناڵێت كه ئه‌و براده‌ره خۆی بۆ ئه‌ندامی كام ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كاندید كردووه؟ جه‌زیره‌ی واق واق یان جیبۆتی؟
كاك له‌تیف به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م نوسراوه هاوكارییه‌كی زۆر باشی كردوین‌و هه‌موو گومانێكی لای ئێمه‌و لای یاساناسان‌و لای خه‌ڵكی عه‌وامیش ره‌وانه‌ده‌وه. ئێمه له‌ئاسمان بۆ ئه‌و نوسراوه ده‌گه‌ڕاین، كه‌چی له‌سه‌ر عه‌ردا زۆر به‌ئاسانی ده‌ستمان كه‌وت. ئه‌م نوسراوه ته‌واوی بۆچوون‌و رایه‌كانی ئێمه، له‌مه‌ڕ یاسا شكێنی‌و مووچه‌ی ناشه‌رعی، پشتڕاست ده‌كاته‌وه.
یاسادانه‌ر له‌خت‌و خۆڕایی مادده‌ی (52)ی له‌نێو یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا قیت نه‌كردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌یه ماناوی ده‌لاله‌تی زۆر قوڵ‌و زۆر كاریگه‌ری نه‌بێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كاروباری دادوه‌رانه‌وه، هه‌میشه مشرع جه‌خت له‌سه‌ر بێلایه‌نی دادوه‌ر ده‌كاته‌وه له‌ئه‌نجامدانی كاروباری دادوه‌ری‌و پیاده‌كردنی یاساكان. هه‌ر له‌حزه‌یه‌ك دادوه‌ر بڕیاریدا بچێته ناو هه‌ر رێكخراوێكی سیاسییه‌وه، یان بڕیاریدا خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی‌و ده‌سته محه‌لییه‌كان كاندید بكات، ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ئیستیقاله پێشكه‌ش بكات، كه‌واته ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه ده‌كه‌وێته پێش به‌حیزبی بوون‌و خۆ پاڵاوتن، چونكه له‌له‌حزه‌ی به‌حیزبی بوون‌و خۆكاندید كردن‌دا، گه‌وره‌ترین‌و پیرۆزترین كۆڵه‌كه‌كانی دادوه‌ری له‌ده‌ست ده‌ده‌ی كه بێلایه‌ن بوونه. كه دادوه‌ر بوو به‌حیزبی یا خۆی كاندید كرد بۆ په‌رله‌مان‌و ئه‌وانی دی، ئیتر ده‌كه‌وێته ژێر فه‌رمانی ئه‌و حیزبه‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه. كه‌واته كاك له‌تیف به‌پێی نوسراوی سه‌رۆكایه‌تی ئیستئنافی سلێمانی له11/2/2010 به (مستقل) حسابه‌و سیفه‌تی دادوه‌ری له‌ده‌ستداوه، ئه‌و له‌كوڕی قه‌زاوه ده‌بێ به‌كوڕی حیزب، كه بوو به‌كوڕی حیزب ئیدی ناوی له(صوره القید)ی خێزانی دادوه‌ریدا ره‌ش ده‌كرێته‌وه. به‌م پێیه ده‌بێ كاك له‌تیف له11/2/2010 كورسی دادوه‌ری جێهێشتبێ كه جێشی هێشت هیچ حه‌ق‌و حقوقێكی ناكه‌وێ. خۆ ئه‌گه‌ر كاك له‌تیف چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریش بكات یان كردبێتی، ئه‌وا وه‌ڵامی ئه‌وانیش له‌وه به‌ده‌ر نابێت كه له‌به‌رواری 11/2/2010 به‌مستقل حسێب ده‌كرێت. زۆر سوپاسی كاك له‌تیف ده‌كه‌م كه به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م نوسراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه، مه‌علومه‌یه‌كی تری پێبه‌خشیم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌ڕێزیان نه‌ك ته‌نیا له‌مانگی (3، 4، 5، 6) مووچه‌ی ناشه‌رعی وه‌رگرتووه، به‌ڵكو مانگی (2)یشی له‌گه‌ڵدایه. به‌م پێیه نزیكه‌ی (30) ملیۆن دیناری حه‌رامی خستۆته نێو جانتای په‌رله‌مانتارییه‌وه، كه‌وایش تێده‌گه‌م (دڵنیا نیم) هه‌ر له‌ڕۆژی بردنه‌وه‌شی وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق‌و به‌ر له‌وه‌یش بچێته بن قوببه‌ی په‌رله‌مانه‌وه، مووچه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی په‌رله‌مانیی بۆ بڕاوه‌ته‌وه!
مادده‌ی 340ی سزا
داوا له‌فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی سلێمانی به‌ڕێز ده‌كه‌م، جارێكی‌تر جه‌خت له‌سه‌ر نوسراوی پێشوویان بكه‌نه‌وه كه ئاڕاسته‌ی دیوانی چاودێری دارایی كرابوو، تا هه‌رچی زووه مه‌سه‌له‌كه یه‌كلایی بكرێته‌وه. داواش ده‌كه‌م، دوای ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ كه بڕه مووچه وه‌رگیراوه‌كه ناشه‌رعی‌و نایاساییه، كه دوو داوای سزایی ده‌رهه‌ق به‌سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی به‌ڕێز كاك حاكم له‌تیف عوسمان شه‌ریف‌و كاك له‌تیف شێخ مسته‌فا، له‌دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی تۆمار بكه‌ن له‌به‌ر رۆشنایی مادده‌ی (340)ی سزای عێراقی ژماره 111 ساڵی 1969ی هه‌مواركراو، كه هه‌نووكه له‌هه‌رێمی كوردستاندا كاری پێده‌كرێت، به‌تاوانی زیان گه‌یاندن به‌ماڵی گشتییه‌وه.
به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیكۆمێنته، كاك له‌تیف پێی وابوو، بۆی ده‌بێ به‌گۆچانێكی سیحری‌و له‌و چه‌قی چڵپاوی گه‌نده‌ڵییه‌دا كه تێی كه‌وتووه، ده‌ربازی ده‌بێت، ئه‌و له‌وه حاڵی نه‌بووه كه ده‌بێته پێله‌قه‌یه‌كی به‌هێزو ئه‌وه‌نده‌ی تر تیایدا رۆده‌چێت.
كاك له‌تیف‌و گوڵ
جگه له‌سه‌رانگوێلێكی بۆگه‌ن، نوسینه‌كه‌ی ئێوه، كاك له‌تیف گیان، شتێكی دیكه نه‌بوو. به‌ڵام جاربه‌جار له‌سه‌رانگوێلیشدا، گوڵ ده‌ڕوێ، په‌نابردنی ئێوه بۆ دادگا‌و شكاتكردن له‌ئێمه، گوڵی ناو گوفه‌كه‌كه بوو. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێوه هه‌نگاوێكی مه‌ده‌نیانه‌یه، بۆیه منیش بڕیارمدا هه‌مان ئه‌و رێگه شارستانیه‌ته بگرمه‌به‌ر.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
