سه‌ڵاح داوده ڕۆیشت و به‌یه‌كجاری به‌جێی هێشتین.. ئه‌م ڕووداوه جیا له‌وه‌ی زیانێكی گه‌وره‌یه و به‌ر هونه‌ری كوردی كه‌وتووه و ڕه‌نگه ئه‌و بۆشاییه‌ی به‌جێی ده‌هێڵی به‌ئاسان پڕ نه‌بێته‌وه، به‌ڵام بۆ هونه‌رمه‌ندانی كه‌ركووك كاره‌ساته‌كه گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه و تا ئه‌به‌د شوێنه‌واری جێده‌هێڵێ.
ئه‌دی سه‌ڵاح داوده یه‌ك له كۆڵه‌گه‌كانی شاره‌كه بووه له‌ڕووی هونه‌ری مه‌قام و سترانی میللیی ده‌ڤه‌ره‌كه‌وه.. وه‌ك جارێكیان مامۆستا وریا ئه‌حمه‌دی هونه‌رمه‌ند پێی گوتین "سه‌ڵاح داوده جێگره‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان عه‌لی مه‌ردان و حوسێن عه‌لییه" به‌ڕاست مامۆستا وریا له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌دا به‌دروستی هونه‌ره‌كه‌ی ئه‌و زاته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندووه و به‌هاكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك باسی ده‌كات كه ڕه‌نگه ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا بێت بۆی بكا، چونكه ڕاستیتان ده‌وێ، سه‌ڵاح داوده ژیان و مردنیشی هه‌ر نه‌گبه‌تی بووه و زۆرینه‌ی لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان له حكوومه‌ته‌كه‌ی ئێمه له‌پای گیرفان پڕكردنی خۆیان فریای ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌و هونه‌رمه‌نده و زۆر نه‌گبه‌تی تری وه‌ك ئه‌و نه‌كه‌وتوون.
من لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه له‌باره‌ی هونه‌ره‌كه‌ی سه‌ڵاح داوده‌وه بدوێم كه پێشتر زۆری له‌باره‌وه دواوم، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه بیخه‌مه به‌ر باری سه‌رنج ئه‌و په‌راوێز خستنه‌یه كه تا له ژیاندابوو شایان به‌باڵای هونه‌ره‌كه‌ی ئاوڕی لێنه‌درایه‌وه.. ئه‌دی سه‌ڵاح داوده كه یه‌ك له گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندی بواری ستران و مه‌قامی كوردیی ڕه‌سه‌نه، له ساتی له‌دایكبوونیه‌وه له ساڵی 1941ه‌وه تا 8/5/2009 كه دوایین هه‌ناسه‌ی دا، ته‌واوی ژیانی هه‌ر چه‌رمه‌سه‌ری بووه.. من لێره‌دا ڕێژیمه دوژمنه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن ناخه‌مه به‌ر گله‌ییه‌وه كه له ئه‌زه‌له‌وه هه‌ر دژه كورد بووه، بێگومان ڕێژیمێكی وا دیكتاتۆر و شۆڤینی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی كردووین قۆناخی دوای ڕووخانی ڕێژیم و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كوردییه كه تا ئاستێكی زۆر به‌رامبه‌ر به‌ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی كه‌ركووك و له‌سه‌روویانه‌وه سه‌ڵاح داوده به‌كه‌مته‌رخه‌می مانه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا بۆ سه‌ڵاح داوده كرا، له‌ئاست ئه‌ژنۆی خه‌باته هونه‌رییه‌كه‌یه‌وه نه‌بوو.
له چه‌ندان دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌وانی و ته‌نانه‌ت له نووسینه‌كانیشمدا له‌ڕێی ڕۆژنامه‌و كۆواره‌كانه‌وه ئه‌وه‌م ئاشكرا كردووه و داوام له حكوومه‌تی هه‌رێم كردووه كه ئاوڕ له‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه بده‌نه‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌یدا له كه‌لاوه‌یه‌كدا له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 80 مه‌تر زه‌وی ده‌ژین، كه‌چی لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی "نه‌بایان دیبێ و نه‌باران" هه‌ناسه‌یان له‌به‌ر خۆیان بڕی و ئاوڕیان لێنه‌دایه‌وه و له‌و نه‌گبه‌تییه‌یان ڕزگار نه‌كرد، تا ئه‌و ساته‌ی گیانی له‌ده‌ست دا به‌و داخ و كه‌سه‌ره‌وه سه‌ری نایه‌وه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ڵاح داوده یه‌ك له هاوڕێ نێزیكه‌كانم بووه و ڕۆژگارێكی زۆرمان پێكه‌وه به‌سه‌ر بردووه، بۆیه چه‌ندان جار كه گله‌یی له ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌كرد، ده‌یگوت: باش ده‌زانم له دوای مردنم ئه‌وسا باشانوباڵما هه‌ڵده‌ڵێن، به‌ڵام "له‌پاش مه‌رگم چی فایده بێنه سه‌ر قه‌برم له‌بۆ شیوه‌ن".
هه‌قدار بوو به‌و شێوه‌یه بیر بكاته‌وه، ئه‌وه‌تا له‌وه‌ته‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه كه به‌جێی هێشتووین، موزایه‌ده‌كان دیسان ده‌ستیان پێكرده‌وه و هه‌ر یه‌ك له‌لایه‌كه‌وه ده‌یانه‌وێ وا پێشان بده‌ن كه ئیدراكیان به‌رامبه‌ر به‌گه‌وره‌یی سه‌ڵاح داوده و زیانه‌كانی له‌ده‌ستچوونی هاتووه‌ته جووڵه.. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه تۆزقاڵێك ڕۆحی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌یان پێئاسووده نابێ، جیا له‌وه‌ی ده‌هێنێ چاوه‌ڕوان بین و بزانین له ده‌ره‌وه‌ی كۆڕ و سیمینار و دروستكردنی په‌یكه‌ر له شۆریجه‌ی كه‌ركووك كه دڵنیام له‌وه‌ی له داهاتوودا ئه‌و ته‌رزه كارانه‌ی بۆ ده‌كرێ، داخۆ كێی تر و چی لایه‌نێك بیر له‌وه ده‌كاته‌وه ئاوڕێك له خێزان و منداڵه بێنازه‌كانی بداته‌وه و له‌و چه‌رمه‌سه‌رییه‌ی ئێسته ڕزگاریان بكات؟!.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
