
* نه‌ك هه‌ر ده‌ستووری هه‌رێم، به‌ڵكوو هه‌موو ده‌ستوورێك، كه‌موكووڕیی هه‌ر تێدا ده‌بێ
*پرۆسه‌ی دیمۆكراسیی له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا، بێ هێزه به‌رهه‌ڵسكاره‌كان نابێ و ناكرێ
*ئۆپۆزیسیۆنی نه‌رێنی ته‌نیا لایه‌نه خراپه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌بینێ و گه‌وره‌یان ده‌كا و ره‌خنه‌یان لێ ده‌گرێ
*ئۆپۆزیسیۆن له یه‌ك لایه‌نه‌وه، شته‌كان ده‌بینێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ستاون، لایه‌نه كز و سیسه‌كان زه‌قده‌كه‌نه‌وه
دحوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز، نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆی سلێمانی له‌به‌شی دووه‌می ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا باسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پێیوایه كه هه‌موو ده‌ستوورێك به‌شی خۆی كه‌موكوڕیی تێدا ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی بخرێته راپرسییه‌وه ئه‌و كه‌موكوڕییانه چاره‌سه‌ر بكرێن، پاشان باس له‌وه ده‌كات، گرنگیی ده‌ستوور له‌وه‌دایه كه بتوانێت ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی رێكبخات، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وه ئه‌و ده‌ستووره نه‌بێت باشتره، بۆ ئه‌مه‌ش نموونه‌ی به‌ریتانیان ده‌هێنێته‌وه كه وڵاتێكه هیچ جۆره ده‌ستوورێكی نوسراوی نییه. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا، ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سلێمانی باسی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له كوردستاندا ده‌كات و پێیوایه، پرۆسه‌ی دیموكراسیی به‌بێ بوونی هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان پرۆسه‌یه‌كی ته‌واو نییه و نابێت، پاشان پێیوایه كه چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاسته‌قینه له (كوردستان) دا، به ته‌واویی كامڵ نه‌بووه و پێ نه‌گه‌یشتووه.
ستیڤان: ده‌ستووری هه‌رێمی (كوردستان)، ساڵی پار، هه‌رایه‌كی زۆری نایه‌وه و ئێسته‌ش، لێره و له ئه‌وێ، هه‌ر باسده‌كرێ. ره‌نگه به ئه‌م نزیكانه، راپرسیی له سه‌ر بكرێ. ئێوه وه‌ك چاودێرێكی سیاسیی، چۆن له ئه‌و ده‌ستووره ده‌ڕوانن؟ به دیتنی ئێوه، كه‌موكووڕییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ده‌ستووری هه‌رێم، له چیدا خۆیان ده‌بیننه‌وه؟
دكتۆر حوسێن: هه‌موو هه‌رێم و ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵ ده‌بێ، ده‌ستوورێكی تایبه‌تیی دیارییكراوی نووسراوی هه‌بێ. سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێ پسپۆر كۆده‌بنه‌وه، خاڵه سه‌ره‌كیییه‌كانی داده‌ڕێژن، پاشان له نێو ڕیزه‌كانی گه‌لدا بڵاویده‌كه‌نه‌وه، له ڕێی هۆكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه، ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێ، تا پڕۆژه‌ی ده‌ستووره‌كه ده‌وڵه‌مه‌ندتركرێ و كه‌موكووڕیییه‌كانی پڕكرێنه‌وه. پاشان له گشتپرسێكی ئازاد‌دا، رۆڵه‌كانی گه‌ل، ده‌نگی له سه‌ر ده‌ده‌ن و به زۆربه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندده‌كرێ.
ده‌ستوور به به‌رزترین یاسای ده‌وڵه‌ت داده‌نرێ، بۆیه به هیچ شێوه‌یه نابێ، لێی لادرێ، به ویست و ئاره‌زووی تایبه‌تیی چه‌ن كه‌سانێ، یا چه‌ن گرووپ و پارتێ بنووسرێته‌وه، یا په‌رله‌مان به سه‌ر گه‌لیدا بسه‌پێنێ. هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش بۆی نییه، كه‌م و زیادی كا، به‌ڵكوو ده‌بێ، ته‌نیا به‌پێی بڕیار و خاڵه‌كانی نێو ده‌ستووره‌كه و په‌رله‌مان گۆڕانكاریی تێدا بكرێ. بۆ نموونه: ده‌ستووری (ئه‌مێریكا)، به هیچ شێوه‌یه ناگۆڕرێ، زیاد و كه‌م ناكرێ، گه‌ر دوو له سه‌ر سێی ئه‌ندامانی كۆنگرێس، ده‌نگی له سه‌ر نه‌ده‌ن و قایل نه‌بن!.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌و مشتومڕه‌ی، له سه‌ر ده‌ستووری هه‌رێم درووستبوو، پێوه‌ندیی به دید و بۆچوونی هێزه ڕامیاریییه‌كانی كورده‌وه هه‌یه. دیاره پێشه‌كی، (پارتیی) و (یه‌كێتیی)، له سه‌ر زۆربه‌ی خاڵه‌كانی نێو ده‌ستووره‌كه ڕێككه‌وتوون و په‌رله‌مانیش په‌سه‌ندیكردووه، ئینجا پرسه گورگانه‌یه‌كیشیان به گه‌ل كردووه! ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌شیان له خاڵه‌كانی ده‌ستوور گرتووه و ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه، هێزه به‌رهه‌ڵسكاره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك (گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی و یه‌كگرتووی ئیسلامیی) بوون.
ئه‌ز پێموایه، نه‌ك هه‌ر ده‌ستووری هه‌رێم، به‌ڵكوو هه‌موو ده‌ستوورێ، كه‌موكووڕیی هه‌ر تێدا ده‌بێ، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێ، پێویسته چاره‌سه‌ركرێ. چونكه گه‌ر ده‌نگی ته‌واوی نه‌هێنا و ده‌رنه‌چوو، ئه‌وا گرفتێكی دیكه ده‌ئافرێنێ. جگه له ئه‌وه‌ی، گه‌ر ده‌ستوورێ زۆر ڕێك‌وپێك نه‌بوو، ئاژاوه‌ی له دوا بوو، ئه‌وا گه‌لێ باشتره، هه‌ر نه‌بێ! ئه‌وه‌ته ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌هێزی دێمۆكراسیی وه‌ك (به‌ریتانیا)، به سه‌دان ساڵه ده‌وڵه‌ته، كه‌چیی تا ئێسته ده‌ستووری نییه، هه‌موو كاره‌كانیش به باشترین شێوه، به‌پێی یاسا ڕێكده‌خرێ و به‌ڕێوه‌ده‌چێ، هیچ جۆره گرفتێكیشیان نییه! ئه‌ز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم، ته‌نیا هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن: هه‌رێمی (كوردستان) ده‌ستووری هه‌یه، ده‌ستوورێكی پڕ له كه‌موكووڕیی هه‌بێ! گرفتی سه‌ره‌كیی له ده‌ستووری هه‌رێمدا، خۆی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا ده‌نوێنێ، ئه‌ویش گه‌ر گه‌ل ده‌نگی له‌سه‌ر بدا، له ئایینده‌دا ده‌توانرێ، له په‌رله‌مانی (كوردستان) چاره‌سه‌ركرێ.
ستیڤان: ئۆپۆزیسیۆن له ئه‌زموونی حوكمڕانیی باشووری (كوردستان) دا، دیارده‌یه‌كی تازه‌یه. ئێوه چۆن ته‌ماشای هێزی ئۆپۆزیسیۆن ده‌كه‌ن؟ چ سه‌رنجێكتان، له سه‌ر كاركردنی بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) هه‌یه، وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كیی و ڕاسته‌قینه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له (كوردستان) دا؟
دكتۆر حوسێن: پڕۆسه‌ی دێمۆكراسیی، له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا بێ، بێ هێزه به‌رهه‌ڵسكاره‌كان نابێ و ناكرێ. جا گه‌ر ئه‌و هێزانه نه‌بێ، كه‌واته هیچ كه‌س و لایه‌نێ، ورته‌ی له ده‌م ده‌رنایه و پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش، سواری سه‌ری گه‌ل ده‌بن و ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ، به ئاره‌زووی دڵی خۆیان ده‌یكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی له چاوسووركردنه‌وه و لێپرسینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌ل بترسن! هێزه به‌رهه‌ڵسكاره‌كان دوو جۆرن: ئه‌رێنی و نه‌رێنی. ئه‌رێنی ئه‌وه‌یه، به یه‌ك چاو ته‌ماشای هه‌موو دیارده و ڕووداوه‌كان بكا، لێیان بكۆڵێته‌وه، له یه‌كدییان جیاكاته‌وه، ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێ، لایه‌نه چاك و خراپه‌كانیان ده‌سنیشانكا، نه‌ك ته‌نیا هه‌ر وێنه خراپه‌كان بگرێ و زه‌قیانكاته‌وه، وێنه باشه‌كانیش بشارێته‌وه!
ئۆپۆزیسیۆنی نه‌رێنیش، به ته‌واویی پێچه‌وانه‌ی جۆری یه‌كه‌مه، ته‌نیا لایه‌نه خراپه‌كانی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵ ده‌بینێ، گه‌وره‌یان ده‌كا و ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرێ، لایه‌نه باشه‌كانیش فه‌رامۆشده‌كا. ئه‌و جۆره ئۆپۆزیسیۆنه‌ش ده‌یه‌وێ، زۆرترین خه‌ڵك بوروژێنێ و باری سه‌رنجیشیان، به لای خۆیدا ڕاكێشێ. واته: كار له سه‌ر بێزاریی و شه‌پۆلی تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ی گه‌ل ده‌كا. له‌به‌رئه‌وه هێندێ جار، ڕۆڵێكی خراپ ده‌بینێ، چوونكه كارێكی خراپ، له دید و وره‌ی ڕۆڵه‌كانی گه‌ل ده‌كا، ده‌یانڕوخێنێ و بێ هیوایان ده‌كا.
به‌ڵام گه‌ر چاك و خراپیان له یه‌كدی جیاكرده‌وه، دژی خاڵه خراپه‌كان بوون و پشتگیریی خاڵه باشه‌كانیان كرد، ڕێی ڕاستیان پیشانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل دا، ئه‌وا له كۆڵ په‌تای ده‌سه‌ڵات ده‌بنه‌وه، به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و به‌ویژدانانه‌ش، ڕه‌وشه نه‌ته‌وه‌یی، ڕامیاریی، ئابووریی، كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، پتر به‌رچاوی ڕۆڵه‌كانی گه‌ل ڕووناكده‌كه‌نه‌وه، هانیانده‌ده‌ن، وێنه دزێوه‌كان بسڕنه‌وه و لایه‌نه جوانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش گه‌شتركه‌نه‌وه و پێشتریخه‌ن.
ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێ، هێزه به‌رهه‌ڵسكاره‌كان، ته‌نیا له سه‌ر ئاستی ڕێكخراو و پارتی ڕامیاریی درووست نابن، به‌ڵكوو تاكی كارامه و به تواناش ده‌توانێ، ئۆپۆزیسیۆنێكی ئه‌رێنی یا نه‌رێنی بێ. به‌ڵام هێنده هه‌یه، وه‌ك هێزێكی به‌رهه‌ڵسكاری ڕێكخراو، ئه‌و تین و تاوه‌ی له سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵ نابێ و كار له ده‌سه‌ڵات ناكا، ته‌نیا له مه‌ودایه‌كی دووردا ده‌توانێ، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، له ده‌وری به‌رنامه‌كانی خۆی كۆكاته‌وه. چونكه توانای جووڵه‌ی نییه، ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌یه، دید و بۆچوونه‌كانی خۆی، به نووسین و كۆڕگرتن ده‌رده‌بڕێ، هه‌ڵوێستیش به‌رانبه‌ر ڕووداو و كاره خراپه‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرێ. ئۆپۆزیسیۆن ده‌كرێ، نهێنیی یا ئاشكرا بێ. ئه‌مه‌ش به‌پێی بارودۆخه‌كه ده‌گۆڕێ. گه‌ر له ووڵاتێكدا، ئازادیی و دێمۆكراسیی هه‌بوو، ئه‌وا هێزه به‌رهه‌ڵسكاره‌كان به ئاشكرا كارده‌كه‌ن. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، گه‌ر ڕژێمێكی دیكتاتۆریی فه‌رمانڕه‌واییكرد، هێزی له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بڕی، ئه‌وا به نهێنیی ده‌جوڵێن.
ئۆپۆزیسیۆن له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕامیاریی كورددا، هه‌میشه دوو جۆر بووه: دژی ده‌سه‌ڵاتی كورد و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كان. جۆری یه‌كه‌میان، هێنده نوێ نییه، وه‌ك هێندێ كه‌س و لایه‌ن تێیگه‌یشتوون. بۆ نموونه: (كاژیك) وه‌ك پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی، ڕۆژی (14. 04. 1959) دامه‌زراوه. ئۆپۆزیسیۆنێكی نهێنیی ئه‌رێنی بووه. هه‌میشه ڕه‌خنه‌ی له كه‌موكووڕیی و هه‌ڵه‌كانی (پارتیی) و سه‌ركردایه‌تی شۆرش گرتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چه‌ندین پێشنیازی گرنگ و به‌كه‌ڵكیشی، پێشكه‌ش به سه‌ركردایه‌تی شۆڕش كردووه و كادێره‌كانیشی به كرده‌وه، به‌شداریییان له شۆڕشه‌كه‌شدا كردووه. هه‌روه‌ها، له شۆڕشی نوێشماندا، له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه، (ئاڵای شۆڕش) وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێكی ئاشكرای نه‌رێنی، دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركردایه‌تی (یه‌كێتیی) و ڕێبازه‌كه‌ی كاریكردووه.
به‌ڵام جۆری دووه‌میان ئه‌وه‌یه، هه‌میشه هێزه خه‌باتگێڕه‌كانی كورد، له ئه‌و ده‌وڵه‌ته داگیركه‌رانه‌ی كوردی تێدا ده‌ژی، دژی ده‌سه‌ڵات، ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێكی نهێنیی یا ئاشكرای ئه‌رێنی بینیوه. جا یا به ته‌نیا بووه و كۆشاوه، یا هێندێ جار، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی گه‌لی سه‌رده‌سدا، دژی ڕژێم یه‌كیانگرتووه و كاریانكردووه. بۆ نموونه: ساڵی (1956)، چه‌ن لایه‌نێكی (عێراقیی) و (پارتی دێمۆكراتی كوردستان)، له (به‌ره‌ی نیشتمانیی) دا كۆبووبوونه‌وه و دژی ڕژێمی پاشایه‌تی پێكه‌وه خه‌باتیانكردووه. ئه‌وڕۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به تایبه‌تی، هه‌ر دوو هێزی ئیسلامیی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به گشتیی، خۆیان به ئۆپۆزیسیۆن ده‌زانن و به ئاشكرا كارده‌كه‌ن. له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به جیا به‌شدارییانكردووه، به‌ڵام له كابینه‌ی شه‌شه‌می هه‌رێمدا، دووره‌په‌رێز وه‌ستاون، وه‌ك چاو‌دێر و هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌رێنی، ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاتی كوردیی ده‌گرن.
ئه‌ز له ئه‌و باوه‌ڕه‌دام، هێشتا چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاسته‌قینه له (كوردستان) دا، به ته‌واویی كامڵ نه‌بووه و پێ نه‌گه‌یشتووه. له‌به‌رئه‌وه ناتوانم، بڵێم: ئۆپۆزیسیۆنێكی ئه‌رێنی و كارامه‌مان هه‌یه. ده‌كرێ، هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن پێشكه‌ون و له نێو جه‌ماوه‌ردا ڕه‌گ داكوتن، گه‌ر به خۆیاندا بچنه‌وه و هه‌ڵه‌كانیان بژاركه‌ن. ده‌رباره‌ی ڕۆڵ و كاره‌كانی (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان) یش، زۆر به درێژیی، له په‌رتووكی (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و كوێ؟) لێی دواوم و ئێسته له بازاڕه‌كانی هه‌رێمدا هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه به پێویستی نازانم، لێره‌دا لێی بدوێم و كاتی پێ بكوژم.
ستیڤان: وه‌ك ده‌زانین، كابینه‌ی شه‌شه‌می حوكوومه‌تی هه‌رێم، ڕه‌خنه‌ی زۆری لێ ده‌گیرێ و ئۆپۆزیسیۆن به‌وه تۆمه‌تباریده‌كا، كه‌موكووڕیی زۆری هه‌یه. ئێوه چۆن له كابینه‌كه‌ی د. (به‌رهه‌م) ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه، به ئه‌م شێوه كاركردن و مامه‌ڵه‌یه‌ی ئێسته‌یه‌وه ده‌توانێ، سه‌ركه‌وتووبێ، یا به پێچه‌وانه‌وه، گه‌ر له سه‌ر ئه‌م ڕیتمه بڕوا، شكست ناهێنێ؟
دوكتۆر حوسێن: ئه‌م پرسیاره، پێوه‌ندیی به كاركردنی كابینه‌ی شه‌شه‌م و هێزه به‌رهه‌ڵسكاره‌كانه‌وه هه‌یه. ئه‌م كابینه‌یه، نزیكه‌ی نۆ مانگه پێكهاتووه. وا بزانم، ئه‌م ماوه‌یه هێنده زۆر نییه، تا ڕه‌خنه‌ی ڕوخێنه‌ری لێ بگیرێ و گورزی گورچكبڕی ئاراسته‌كرێ! جگه له ئه‌وه‌ی باوه‌ڕناكه‌م، هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌ك یه‌ك و به ته‌واویی، هاوكاریی دوكتۆر (به‌رهه‌م) بكه‌ن، تا له كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێ. وه‌ك پیشتریش باسمكرد، ئۆپۆزیسیۆن له یه‌ك لایه‌نه‌وه، شته‌كان ده‌بینێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ستاون، لایه‌نه كز و سیسه‌كان زه‌قده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام لایه‌نه به‌هێز و گه‌شه‌كانیش نابینن، یا نایانه‌وێ، بیبینن!
ئه‌ز له مێژه گوتوومه: ڕه‌نگه دوكتۆر (به‌رهه‌م)، بۆ شالیاری ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێ زۆر شیاوبێ، چونكه دیپلۆماتێكی باشه و زمانێكی نه‌رمی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و زمانه، زمانی كاركردن نییه، هه‌ر به گوتار خوێندنه‌وه و به‌ڵێندان نابێ، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، پتر له ئه‌وه‌ی گوێ له قسه بگرن، كاریان ده‌وێ و ته‌ماشای ئه‌نجام ده‌كه‌ن! له‌به‌رئه‌وه، گه‌ر تا سه‌ر و به ئه‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌وڕۆ هه‌ڵسوكه‌وتبكا، به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو نه‌نێ، باوه‌ڕناكه‌م، سه‌ركه‌وتنێكی باش به‌ده‌سبێنێ، به تایبه‌تیی تا ئێسته له (كوردستان)، ده‌سه‌ڵات ڕه‌نگ و ڕوویه‌كی دوو كارگێڕیی، به ئاشكرا پێوه دیاره. ئه‌و كابینه‌یه‌ی پێكیشهاتووه، گه‌ر هه‌موو كاربه‌ده‌سه‌كانی نه‌بێ، ئه‌وا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری، له ئه‌ندامانی هه‌ر دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پێكهاتووه، كه‌سانی ته‌كنۆكراتی شاره‌زا و لێهاتووی بێلایه‌نی تێدا نییه، خاوه‌نی هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان بن، هه‌موو كه‌موكووڕیی و هه‌ڵه‌كان ده‌سنیشانكه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، با زۆر په‌له نه‌كه‌ین، هیچ نه‌بێ، (1 – 2) ساڵ، به سه‌ر دامه‌زراندنیدا تێپه‌ڕبێ، ئه‌و كاته هه‌موو شت به ته‌واویی ڕوونده‌بێته‌وه. چونكه گه‌لێ بڕیاری باشیان داوه، با له ئه‌و ماوه‌یه‌دا، فریای جێبه‌جێكردنی بكه‌ون!.
له كۆتاییشدا، زۆر به ڕاشكاویی ده‌ڵێم: ئه‌و پشتگیریی و ده‌سه‌ڵاته‌ی (نێچیره‌ڤان بارزانیی) و كابینه‌ی پێنجه‌م هه‌یبوو، گه‌ر دوكتۆر (به‌رهه‌م) و كابینه‌كه‌ی هه‌یبێ، ئه‌وا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌ده‌سدێنێ! زۆر سوپاس بۆ ئه‌و چاوپێكه‌وتن و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه، هیوادارم، كه‌ڵكی هه‌بێ و ئێوه‌ش له كاره‌كانتاندا سه‌ركه‌وتووبن.
د. حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز
ساڵی (1950) له شارۆچكه‌ی پێنجوین له‌دایكبووه. ساڵی (1976)، كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردووه. ساڵی (1977-1981) له زانكۆ مامۆستا بووه. له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی رامیاریی و تایبه‌تی، ساڵی (1981) وڵاتی به‌جێهێشتووه. به‌هۆی شۆڕشی كورده‌وه، كورسییه‌كی خوێندنی له (یه‌كێتی سۆڤێت) وه‌رگرتووه و ساڵی (1986)، دكتۆرای له زانستی كشتوكاڵدا وه‌رگرتووه. ساڵی (1988) له سوێد، وه‌ك په‌نابه‌ری رامیاریی وه‌رگیراوه، تا ساڵی (2005) به یه‌كجاریی گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئێسته‌ش له‌زانكۆی سلێمانی مامۆستایه. هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی لاوێتییه‌وه، له ِیزه‌كانی (یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان) و (پارتی دیموكراتی كوردستان) كاریكردووه. ساڵی (1974) له هێزی (خه‌بات) پێشمه‌رگه بووه. ساڵی (1975)، یه‌كإ له ئه‌و گه‌نجانه بووه، به‌شداریی له دامه‌زراندنی (پاسۆك) دا كردووه، وه‌ك كوردێكی نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانپه‌روه‌ر، دژی داگیركه‌ری ده‌وڵه‌تی (به‌عس) خه‌باتیكردووه. ساڵی (1981) وازی له كاری پارتایه‌تی هێناوه و وڵاتی جێهێشتوه. ئه‌ندامی هیچ پارتێكی ڕامیاریی كوردستانی نییه. تا ئێسته (33) په‌رتووكی چاپ و بڵاوكردۆته‌وه. به‌سه‌دان گوتاری نووسیوه و به ده‌یان كۆڕی جیاوازیشی له نێوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات گرتووه. سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (چه‌رمۆ) یه، كه گۆڤارێكی ئه‌كادێمیی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه، كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی ده‌ریده‌كا.
Shamzini79@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
