-
رهنگه گهورهترین جیاوازی بیرورا لهنێوان بارزانی و پێشهوا ئهوهبووبێت كه بارزانی داوای له پێشهواكرد لهشار نهمێنێتهوه -
ئهوکهسانه قسهی دوژمنهکان وهک راستیهکی بێ خهوش چاو لێ دهکهن قسهیهکیان جگه له قسهی دوژمن نهکردوه
-
ساواک هانی رهشید یاسهمی دهدا مێژووی کورد چهواشه بکات قانعی فهرد به ناشیرینکردنی مێژووی کوردو خهباتگێرانی روڵێ یاسهمی دووپات دهکاتهوه
-
ئێمەی كورد زۆرجار هێماكانی خۆمان دەشكێنین و رێز بۆ هێمای گەلانی دیكە دادەنێین
بابەعەلی میهرپەروەر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی حیزبی دیموكرات و هاوخەباتی شەهید دكتۆر قاسملۆ لەم دیمانەیەی (سڤیل)دا وەك وەڵامێك بۆ لێدوانەكانی قانعی فەرد لەباری خەباتی بارزانی و پێشەوا قازی موحەممەد سەرۆكی یەكەمین كۆماری كوردستان تیشك دەخاتە سەر لاپەڕەكانی ئەو مێژووە و لەباری باكگراوەندی كارەكانی قانعی فەرد ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەگەرچی بەڵگەیەكی بەدەستەوە نییە پەیوەندی قانع لەگەل ئیتلاعات بسەلمێنێت "بەڵام هەڵسوكەوتەكانی، ئازادی هاتوچۆی و دەرەتانی وتوێژی لەگەڵ هەركەس كە بیەوێ و لەهەموان گرینگتر ئەو شتانە كە ئەو بەشوێنیاندا دەگەڕێ و بەناوی راستییەكانی مێژوو لە قاویان دەدا بە قازانجی كێیە؟ كێ كەڵكی لێ وەردەگرێ و تەبلیغی پێوە دەكا و بەگشتی لێی سوودمەند دەبێ؟". ئەمانە هەموو جێی گومانن و میهرپەروەر زیاتر وەڵامی فەرد دەداتەوە و دەڵێت "وەك قانع خۆی لەوتوێژەكەیدا باسی دەكات، رەشیدی یاسەمی بە دەستووری ساواك مێژووی كوردی قێزەون كردووە. ئایا رەشید یاسەمیش كاتی خۆی پاساوی بۆ نووسینەكانی خۆی وا نەهێناوەتەوە، كە ئەو راستیەكانی مێژووی نوسیوە؟ قانعی فەرد دەنووسێ (لەكوردەواری خۆماندا هەمیشە ئەوەی كە مێژوونووس بووبێت، پێی خۆش بووە گوێ لەدەسەڵات بگرێت، لەپێناوی پارە یان پلە و پایە ئەوە بنووسێت، كە دەسەڵات دەیەوێت، گوێی بەوە نەداوە كە ویژدانی چی دەڵێت و ویژدانی خۆی بكاتە دادوەر). ئەو قسەیە خۆی لەخۆیدا ئیهانەیەكە بەمێژوونووسانی كورد كە گوایە لەپێناو پارەدا مێژوویان نووسیوە. كە پێویستە داوای لێبووردنیان لێ بكات. بەقسەی خۆی وادەردەكەوێ كە ئەو تەنیا مێژوونووسێكە كە ویژدانی دەكا بەدادوەر. ئەگەر ساواك هانی رەشید یاسەمی دەدا مێژووی كورد چەواشە بكات سیاسەتی ئیتلاعات دەرحەق بەگەلی كورد خۆ باشتر لە ساواك نیە؟ ئایا ئیتلاعات كەم هەوڵی زەربەدان لەبزووتنەوی كوردی بەهۆی دەستو پێوەندەكانی خۆی داوە؟ بەراستی قانعی فەرد بە ناشیرینكردنی مێژووی كورد و خەباتگێرانی كورد بە جۆرێكی دیكە روڵی یاسەمی دووپات ناكاتەوە؟".
ئەو ئەندامەی پێشوی مەكتەبی سیاسی حزبی دیموكرات زیاتر بۆ (سڤیل) دوا و لەهەمبەر لێدوانی قانعدا كە دەڵێت بارزانی بۆ روخانی كۆماری كوردستان چۆتە رۆژهەڵات گوتی "ئەوەی كە ئێمە خویندوومانەتەوە، یان لەدەم كەسانێك كە بۆخۆیان شاهێدحالی هاتنی بارزانیەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەلامستەفا بوون، باس لەوە دەكەن كە هەم كۆماری كوردستان پەنایەكی باش بوو بۆ بارزانیەكان هەم ئەوانیش یارمەتیدەرێكی كارا بوون بۆ ئەو كاتی كۆمار. هەروەها و لە خۆڕا نازناو و پلەی ژەنرالی بە مەلا مستەفا نەدرا، بەڵكو ئەو نازناوە نیشانی دەدا كە ناوبراو لە بەڕێوەبەرایەتی كۆمار و بەتایبەت لەدیفاع لە كۆمار نەخشی بەرچاوی بووە. گومان لەوەدا نییە كە مەلا مستەفا لەلایەن پێشەواوە راوێژی پێ كراوە و نەزەری لەسەر كێشەكان و مەسایلی جۆراوجۆر لێ وەرگیراوە و ئەگەر لەسەر بابەتێك یان چەند مەسەلەیەك رایەكی جیاوازی بووبێت و موافقی نەزەری پێشەوا نەبووبێت شتێكی سروشتی و ئاساییە. تەنانەت ئەگەر لەسەر شێوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لەشكركێشی رێژیمی شا بۆسەر كوردستان لەگەڵ پێشەوا هاوڕا نەبووبێت، ئەوە ناچێتە خانەی دژایەتی بارزانی لەگەڵ پێشەوا. یان بە وتەی قانعی فەرد، تێكدانی كۆمار. باشە ئەگەر بەوتەی قانعی فەرد مەلا مستەفا بەدەستووری ئینگلیزیەكان مەئمووریەتی تێكدانی كۆماری پێ سپێردرابوو، ئەی بۆچی پاش تێكشكانی كۆمار هەموویان هێرشیان بۆ سەر بارزانیەكان هێنا و ئەگەر ئازایەتی و بوێری خۆیان نەبوایە قەتلوعام دەكران و شتاقیان نەدەگەیشتنە ئەوبەری ئاراس، هەروەك باسم كرد بارزانیەكان بەسەرۆكایەتی مەلا مستەفا نەخشی كاریگەریان لە كۆمار گێڕاوە و بۆدیفاع لەكۆمار شەهیدی زۆر بەنرخیان داوە. ئەگەر مەلا مستەفا و بارزانیەكان نەخشی تێكدەرانەیان بوایە لەو ماوەدا كە لە پەنای كۆماردا بوون، بۆ خەڵكی كوردستان روون دەبووەوە و پێویستی بەوە نەدەكرد كە ئێستا كەسانێك وەك قانعی فەرد بەشوێن بەڵگە و دكیومێنتدا بگەڕێن". مهیرپەروەر لەمەڕ دوادیداری بارزانی و قازی موحەمەد دەڵێت "دوای ئەوەی روونبووەوە كۆمار ناتوانێ درێژە بە تەمەنی خۆی بدا و هێزەكانی ئارتەشی شا دێنە نێو شاری مەهابادەوە و مێژووەكەشی هەموو دەزانین، بارزانی پێشنیاری بە پێشەوا كرد، كە شار بەجێ بێڵی و لەگەڵ ئەوان دەركەوێ. بەڵام پێشەواكە دەیویست خۆی بكا بەقەڵغانی گەلەكەی و بەڵاكە لەخەڵك دوور بخاتەوە، لەگەڵ ئەوە دەیزانی گیانی لەمەترسیدایە، پێشنیارەكەی بارزانی قەبووڵ نەكرد. مەبەستی من ئەوەیە ئەگەر بارزانی بەوتەی قانعی فەرد بەنەقل لە عیسا پژمان رۆڵی لە بەكوشتدانی پێشەوادا هەبوایە، پێشنیاری پێ نەدەكرد، كە لەشاردا نەمێنێتەوە. شایەد گەورەترین جیاوازی بیروڕا لەنێوان بارزانی و پێشەوادا ئەوەبووبێت، كە بارزانی داوای لە پێشەواكرد لەشار نەمێنێتەوە".
كەسایەتی دیاری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی حزبی دیموكرات ئەوەشی گوت كە سەركردەكانی كورد بێ هەڵەنەبوون لەمێژوودا و گوتی "بائەوەمان لە بیرنەچێت كە رێبەرانی كورد و هەموو رێبەرانی سیاسی گەلانی دیكەش زۆر جار لە تاكتیك و سیاسەتی رۆژانەیاندا تووشی هەڵە دەبن. ئەوكەسانە هەڵە ناكەن كە هیچ كارێك ناكەن. مەلا مستەفایش لەتەمەنی شۆرشگێری خۆیدا بێگومان تووشی هەڵە بووە، بەڵام بارزانی بەشی زۆری تەمەنی خۆی لەپێناو مافەكانی گەلی كورددا بەخت كردوە. وەك سەركردە و رێبەرێكی گەورەی كورد جێ پەنجەی لەمێژووی كورددا دیارە، دكتۆر قاسملوو پێشوازیكردنی پێشەوا لە هومایوونی بەهەڵەی سیاسی دەزانی و ئاواتی دەخواست كە پێشەوا ئەوكارەی نەكردبا. پێشەوا بە فیداكردنی گیانی سەلماندی كە مەبەستێكی دیكەی جگە لەپاراستنی خەڵكەكەی نەبووە و باكیشی لەمردن لەپێناو گەلەكەیدا نەبووە و ئەو كارەی بەمەبەستی رزگاركردنی گیانی خۆی نەكردوە". ئەوەشی گوت كە "هەموو گەلێك بۆخۆی رەمز و هێمای خەبات و راوەستانی بەرانبەر بە نەیارانی خۆی هەیە، كە دەبنە سەرمەشق بۆ نەوەكانی داهاتوو. بۆ نموونە یەكێك وەك ماندێلا یان گاندی ئێستاشی لەگەڵ بێت رەمز و هێمان نەتەنیا بۆ گەلی خۆیان، بەڵكو بۆ گەلانی دیكەش. بەراستی ئایا ئەو كەسانەش لەژیانی سیاسی خۆیاندا تووشی هیچ هەڵەیەك نەبوون؟ بەڵام خەباتی نەپساوەیان و راوەستانیان لەبەرانبەر زوڵم و زۆرداری ئەوانی كرد بەرەمزی هەتاهەتایی، لانی كەم بۆ گەلی خۆیان. بەڵام ئێمەی كورد زۆر جار هێماكانمان دەشكێنین. رێز بۆ هێمای گەلانی دیكە دادەنێین، بەڵام بێ رێزی بە مرۆڤە گەورەكانی مێژووی خەبات و راوەستانمان دەكەین. من ناڵێم مردووپەرست بین، بەڵام رێزی خەبات و بەرخۆدانی هەڵكەوتوەكانی مێژووی خۆیشمان دەبێ بگرین. ئێمە دەبێ هەڵسوكەوت و رەفتاری سەركردەكانی رابردووی خۆمان بە پێوانە و پێوەری سەردەمی خۆیان هەڵسەنگێنین. دەبی بزانین ئەوان لە چ بارودۆخێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا بڕیارێكیان داوە. ناكرێ بەپێوانەی ئەمڕۆ، رابردوو هەڵسەنگێنین. نابێ تەنیا لۆمەی خۆمان بكەین، هۆكارە دەرەكی و ناوخۆییەكانیش لەبەر چاو نەگرین. ئەوانەی كە دەیانەوێ كەسایەتی یەكێك وەك پێشەوا، بارزانی، شێخ مەحموود، قاسملوو و... خەوشدار بكەن، دەبێ بزانن كە ئەو كارانە خزمەت بە چی و بە كێ دەكات؟ ئەگەر مەبەست لەنیشاندانی هەڵەكانیان دەرس وەرگرتنی نەوەی نوێ بێت، شێوەی بەیان و دەربڕینیشی جیاوازە. دەبێ لەتەنیشت رەخنەكان، فیداكارییەكانیان، لەخۆبردوویەكانیان، خەباتی بێوچان و بەرخۆدانیشیان باس بكەین و رەخنەی بەجێ بگرین".
بابەعەلی میهرپەروەر لەهەمبەر ئەرشیفی نەیارانی كورد و بەكارهێنانیان وەك بەڵگەی هەڵسەنگاندنی مێژوی كورد و گوتیشی "من پێموایە بۆ گەڕان بەشوێن راستیەكانی مێژوودا، پێویستە بزانین دوژمنەكانمان چیان لەسەر نووسیوین، یان نەزەریان لەسەرمان چۆن بووە. بۆهەڵسەنگاندن و بەراوردكردن لەگەڵ بەڵگەنامەكانی دیكە، نە وەك بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگر و بێ ئەملاوئەولا پشتی پێ ببەستین. ئەو كەسانە كە قسەی دوژمنەكان وەك راستیەكی بێ خەوش چاو لێ دەكەن، قسەیەكیان جگە لەقسەی دوژمن نەكردوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
