حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ده‌یه‌وی فریای یاده‌وه‌رییه‌كانی بكه‌وێت:
كه كۆتاییه‌كانی هه‌فتاكان هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی گۆرانی "دیسان بارانه"ـی گوت، هه‌ست و سۆزی هه‌موو كوردێكی وروژاند، ئه‌و كات چه‌ند ساڵێك بوو شۆڕشی ئه‌یلول توشی نسكۆ ببوو، هاوكات چه‌ند ساڵێكی كه‌میش پاش هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆرشێكی تری كوردستان بوو، ئه‌و كاتانه دیسان بارانه به ره‌مزی دیسانه‌وه شۆرش و فیداكاری له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا، (یارم باری كرد نه‌گه‌یشتمه كۆچی) ـش به ئاماژه بۆ نسكۆی شۆرش ده‌خوێندرایه‌وه، بۆیه ئه‌م گۆرانییه زۆر زوو جێگای له دڵی هه‌موو تاكێكی كورد كرده‌وه و ئێستاش كه ئه‌و گۆرانیه په‌خش ده‌كرێ، به‌تایبه‌تی جیلی كۆن نوقمی یاده‌وه‌رییه‌كانیان ده‌بنه‌وه و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و رۆژانه‌ی كه ئه‌و گۆرانییه كاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌بوو.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی له‌ساڵی 1945 له‌گه‌رمیان له‌دایكبووه و له‌ساڵی 1965 په‌یمانگای كشتوكاڵی له‌سلێمانی ته‌واوكردووه و نزیكه‌ی 31 ساڵ مامۆستا بووه، ئه‌و له‌ساڵی 1972 له‌یادی یانزه‌ی ئازار له‌هۆڵی (خود) له‌به‌غدا بۆ یه‌كه‌مجار گۆرانی (كه‌مه‌ره‌شل) و (مه‌یله‌نگێنه) ی گوت و هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو گۆرانییه له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا ناوبانگی ده‌ركرد، له‌ساڵی 1997 كوردستانی جێهێشت و ئێستا له‌وڵاتی نه‌رویج نیشته‌جێیه و خاوه‌ن سی كوڕ و كچێكه.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی، كه تائێستا دووجار سه‌ردانی كوردستانی كردۆته‌وه و دووه‌م سه‌ردانیشی له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2010 ئه‌نجامدا، له‌و دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی قسه له‌سه‌ر هونه‌ر و هه‌ندی لایه‌نی تایبه‌تی خۆی ده‌كات، گوتی "سه‌ردانی دووه‌م بۆ كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه و هه‌ندی پرسه‌ی خزم و كه‌سانم بوو، گوتم باخزمه‌كان گله‌یی ئه‌وه‌م لی نه‌كه‌ن و بڵێن له‌خۆی ده‌رچووه، چونكه واده‌زانن هه‌ركه‌سێك چووه ده‌ره‌وه ده‌بێته ملیۆنێر و پڕۆفیسۆر، ئێمه هه‌ر ئینسانه ساده و ساكاره‌كه‌ی كوردستانین".
سه‌ره‌تای كاره‌كانی و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی له‌ناو تیپی مۆسیقای سلێمانی سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌و ده‌نگه‌ی چه‌ندین ساڵه به‌بی روخساری هونه‌رمه‌نده‌كه هه‌ر ماوه‌ته‌وه، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ده‌ڵێت "ئێمه له‌تیپی مۆسیقای سلێمانی هه‌موومان وه‌ك خوشك و برا ده‌ژیاین، مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی و خالید سه‌ركاریش مامۆستامان بوون، ئێمه بۆ مه‌به‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕۆیشتین گۆرانیمان ده‌گوت و به‌شداری فیستیڤاڵه‌كانمان ده‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌شه بابه‌ته‌كانمان هه‌مووی شاكار بوون"، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی كه به‌گۆرانی (دیسان بارانه) ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌و گۆرانییه‌ی كه له‌ساڵی 1979 پله‌ی یه‌كه‌می له‌به‌غدا به‌ده‌ستهێنا، ده‌ڵێت "گۆرانی دیسان بارانه فۆلكۆره و من مه‌قامی قه‌تارم بۆی زیاد كرد، مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخیش جلێكی كوردی زۆر جوانی له‌به‌ركرد و له‌یه‌كه‌م فیستیڤاڵی به‌غدا پێشكه‌شمان كرد، پێشتریش ئه‌و گۆرانییه له‌گه‌رمیان ده‌گوترا، له‌سلێمانی و كۆیه‌ش ده‌گوترا، وابزانم شه‌ش تاحه‌وت جۆره (باران بارانه) هه‌یه، به‌ڵام من كردم به (دیسان بارانه)، باران له‌حیساباتی روانگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه واتا شۆڕش، دیسانه شۆڕش هاته‌وه، له‌و سه‌رده‌مه كۆمه‌ڵێك گۆڤاری هونه‌ری له‌به‌غدا هه‌بوون، یه‌كێك له‌وانه (ئیساره)، دێته بیرم گۆرانییه‌كه‌ی منیان به‌كوردی نووسی بۆوه و تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌ستنیشانكرا، من سوپاسی تیپی مۆسیقای سلێمانی ده‌كه‌م، كه خزمه‌تی منیان كرد و وه‌فایان هه‌ر له‌لامه". حه‌سه‌ن گه‌رمیانی كه به‌هونه‌رمه‌ندێكی ره‌سه‌نی كورد داده‌نرێت، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند په‌یمان عومه‌ر به‌هونه‌رمه‌ندێكی ره‌سه‌ن وه‌سف كرد و گوتی "ئه‌وكاتیش په‌یمان عومه‌ر ده‌نگی زۆر خۆش‌بوو و بابه‌ته‌كانی ئێستای شایه‌دی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ده‌ن، به‌ڵام نازانم شانس ده‌ور ده‌بینی یان رۆژگار، چونكه ئه‌ویش تاراده‌یه‌ك بۆی نه‌هات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یمان عومه‌ری له‌كچه‌كانی تر جیاده‌كرده‌وه ده‌نگه كوردییه‌كه‌ی و ئه‌ساله‌ته‌كه‌ی بوو، ئه‌شهه‌دوو ده‌نگێكی زۆر كوردی هه‌بوو".
حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ده‌ڵێت هه‌موو شێوازه مه‌قامه‌كان ده‌ڵێم و ئه‌وانه‌ی لای گه‌رمیانیش ده‌ڵێم وه‌ك ئه‌للا وه‌یسی، قه‌تار و خاوكه‌ر، خورشیدی، ئای ئای، حه‌زیشم له‌نه‌هاوه‌نده، گه‌رمیانی پێشیوایه ئه‌وانه‌شی كه ده‌ڵێن "هیچ كه‌س مه‌قامی ئه‌للا وه‌یسی خۆش نه‌گوتووه، جگه له‌عه‌لی مه‌ردان" ته‌نیا له‌خۆشه‌ویستیدا ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن و گه‌رمیانی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "منیش حه‌زده‌كه‌م بڵێم كه‌س وه‌ك مامۆستا عه‌لی مه‌ردان مه‌قامی ئه‌للا وه‌یسی ناڵێت، چونكه ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ر بووه و توانی مه‌قامی ئه‌للا وه‌یسی زیندووبكاته‌وه و حه‌قی رێزی هه‌یه، به‌ڵام بۆچوونی تریش هه‌ن و ئیتریش هه‌بووینه ئه‌للا وه‌یسیان به‌جوانی گوتووه، به‌ڵام چونكه ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ر بوو له‌زیندووكردنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه زیاتر عه‌لی مه‌ردان بۆته هێما، وه‌ك حه‌یرانه‌كه‌ی هه‌ولێری لێهاتووه، كه له‌پێش مام ره‌سول حه‌یران له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌سێكی دیكه گوتراوه، به‌ڵام مام ره‌سول گه‌ردی وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ر كه له‌رادیۆ حه‌یرانی ده‌گوت بووه پێشه‌نگ".
گه‌رمیانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، واچاكتره هه‌موو بواره‌كان بۆ هونه‌رمه‌ند له‌باربێت ئینجا ده‌ستبكات به‌گۆرانی، ناكری هونه‌رمه‌ند فشار بخاته سه‌ر خۆی، "منیش هه‌ر له‌به‌رئه‌وه جاری بۆم نه‌گونجاوه وه‌ك جاران به‌رهه‌مم هه‌بێت، بۆ مه‌سه‌له‌ی كلیپكردنیش من حه‌ساسم، كلیپێك كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن بگونجی، كلیپیش به‌قه‌ت فیلمێك پاره‌ی تێده‌چی، كی ئه‌و خه‌رجیه‌م بۆ دابین ده‌كات، خۆ ناكری هونه‌رمه‌ند هه‌موو شتێك له‌سه‌ر گیرفانی خۆی به‌رهه‌م بهێنی، ساڵی پار له‌سه‌ر حیسابی خۆمان كۆمه‌ڵێك گۆرانی و موزیكمان تۆماركرد و زه‌ره‌رمان كرد، ئی باشه بۆ زه‌ره‌ر بكه‌ین، تاكه‌ی زه‌ره‌ره بكه‌ین؟ مادام لێی ناخۆین بازه‌ره‌ریش نه‌كه‌ین"، هه‌رچه‌نده نایه‌وێت قسه له‌سه‌ر موزیك و گۆرانی ئێستای كورد بكات، به‌ڵام ئه‌و لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌لای هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌كان به‌دی ده‌كات "هه‌ندێك ساڵ باش ده‌چینه پێشه‌وه و هه‌ندی ساڵیش دواده‌كه‌وین، به‌ڵام من پێموایه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی كه حه‌ز به‌لاساییكردنه‌وه ده‌كه‌ین و ئیشه‌كانی خۆشمان سه‌قه‌ت كردووه، ئێمه كوردین خاكیان داگیركردووین، بۆچی رێگه بده‌ین هونه‌ریشمان داگیر بكه‌ن؟ كه لاسایی كردنه‌وه‌كه‌ش ده‌كه‌ین به‌سه‌قه‌تی ده‌یكه‌ن، ناتوانین وه‌ك ئه‌وان بكه‌ین".
گه‌رمیانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، زۆر حه‌ز ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه كوردستان و ژیانی لادێیه‌كی كوردستانی پێخۆشه، ده‌ڵی كوردستان دایكه و نیشتیمانه، ئه‌گه‌ر بشمری ئه‌و هه‌ر ده‌تگرێته خۆی، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ده‌شڵی "به‌ڵام ئێمه جارێك له‌كوردستان هه‌ڵكه‌ندراین و له‌ده‌ره‌وه دروست بووینه‌وه، ئێستا كه بێمه‌وه كوردستان دیسان ده‌بێت هه‌ڵكه‌ندرێینه‌وه، چونكه ئێمه ده‌مێكه له‌نه‌رویج ده‌ژین و خۆم و خێزانم ماڵ و منداڵه‌كانم هه‌ر هه‌موویان لێره ئیش ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌گه‌ر ئێستا بگه‌ڕێینه‌وه كوردستان هه‌مان ئه‌و ژیان و بژێوه‌مان ده‌بێت؟" حه‌سه‌ن گه‌رمیانی له‌سه‌ر ئه‌و باسه به‌رده‌وام بوو و ئه‌وه‌شی گوت "هه‌رچه‌نده له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆم غه‌ریبم، به‌ڵام ئه‌وان رێز له‌خۆم و هونه‌ره‌كه‌م ده‌گرن، كه سه‌یری بابه‌ته‌كانیان كردم یه‌كسه‌ر منیان كرد به‌ئه‌ندامی یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وروپا، به‌بی ئه‌وه‌ی تاقیم بكه‌نه‌وه، كه‌چی دێیته‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆم، ئه‌و وڵاته‌ی كه ماندووبوونی زۆرم تێدا بینیووه، وه‌ختێك من مامۆستا بووم مووچه‌مان نه‌بوو، ئێستاش بگه‌ڕێمه‌وه ناو هه‌مان ناڕه‌حه‌تی؟ ناتوانم ته‌مه‌نم 65 ساڵه تاقه‌تم نه‌ماوه، مافی ئه‌وه‌م هه‌یه تۆزێك ئیسراحه‌ت بكه‌م و فریای یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆم بكه‌وم".
ساڵی 1963 ئه‌و ساڵه بوو، كه ماڵی حه‌سه‌ن گه‌رمیانی تێدا سووتا و وه‌ك خۆی ده‌ڵی هه‌ندی شتی به‌نرخم له‌ده‌ستچوو، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 1991 ماڵه‌كه‌ی له‌ناحیه‌ی خه‌بات تاڵانكرا و كه "زۆر یاده‌وه‌ری و شتی به‌نرخم فه‌وتان، یه‌كێك له‌وانه دوو په‌رتوكی زانستیم نووسی بوو، كه له‌كۆمه‌ڵێك چاوگی باشه‌وه سوودم وه‌رگرتبوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كاسێت و ڤیدیۆ"، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی، كه گه‌نجێكی به‌مۆده و جوان بووه له‌باره‌ی عه‌شق و دڵداری كچانیشه‌وه ده‌ڵی "من به‌لای دڵداری كچان نه‌ده‌ڕۆیشتم، ته‌نیا عه‌شقی ئه‌وه‌م هه‌بوو كه‌ی خاكی كوردستان له‌ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران دێته ده‌ره‌وه و میلله‌ته‌كه رزگاری ده‌بێت، ئێمه گه‌نجی خۆمان له‌پێناو شتێكی جوان دانا، ئه‌ویش عه‌شقی نیشتیمانه‌كه‌مان بوو".
zanadzey@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
