دیندار نەجمان دۆسكی: قەناعەتمان بە لێكجیاكردنەوەی ئایین و سیاسەت نییە ... سازدانی: هیوا بەرزنجی

لە دیدارێكی تایبەت بە رووبەر دیندار نەجمان دۆسكی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، تیشكدەخاتە سەر پرسەكانی كۆنفرانسی حزبەكەی و پەیوەندییەكانی نێوان هادی عەلی و ئەمینداری گشتی و نكۆڵیش لە بوونی رەوتی گەشە ناكات لە ناو حزبەكەیدا.

رووبەر: بۆچی وەكو حزبەكانی تری كوردستان یەكگرتووی ئیسلامیش لە كۆنگرەو كۆنفرانسدا گرفتی سەركردایەتی بۆ دروست دەبێت؟

دیندار دۆسكی: پێموانییە كێشەی ئەوتۆ لە سەركردایەتی یەكگرتوودا بوونی هەبێت، چونكە كۆنفرانس لەوادەی خۆیدا كرا و دواتریش كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی بۆی هەیە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشانە بكات كە لە كۆنفرانسدا كراون، ئەگەریش سەركردایەتی گەیشتە قەناعەت كە هەندێك شوێن پێویستی بە گۆڕانە، ئەوا لە دەسەڵاتی سەركردایەتییە دووبارە هەڵبژادنەوەی هەرسێ پۆستە سەركردایەتییەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و شورای گشتی بكات و سەرۆكەكانیان بگۆڕێت، ئینجا كێشە هەبێت یاخود نا دەبێت لەدوای كۆنفرانس هەڵبژاردنەوە لەو سێ پۆستە بكرێتەوە، تەنانەت هەڵبژاردنەوەی مەكتەب و مەڵبەندەكانیش دەبێت بكرێتەوە، بێگومان ئێمەش وەكو حزبێك بێكێشە نەبووین، بەڵام ئەوە كێشەیەكی ناوخۆییەو زۆریش گران نەبووە.

رووبەر: بەڵام لە كۆنفرانسی 24/5ی ئەمساڵی یەكگرتوو، هادی عەلی پێشنیازی كرد ئەمینداری گشتی لە كۆنگرەی داهاتوو خۆی كاندید نەكاتەوە، تاچەند ئەو پێشنیارە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟

دیندار دۆسكی: ئەوە رای شەخسی مامۆستا هادی بووە، هەر كەسە و ئازادە لەوەی رای خۆی بڵێت، هیچ كەس و دەزگایەكی حزب بۆی نییە دەستكاری بكات تا گۆنگرەی داهاتوو، چونكە یەكەم سەركردایەتی كە ژمارەیان 35 كەسە و لە كۆنگرە هەڵبژێردراون، دووەم ئەمینداری گشتی كە ئەویش لە كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، نەك لە سەركردایەتی، چونكە گەر لە سەركردایەتی ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرابووایە ئەوسا دەسەڵاتی ئەوەمان هەبوو بیگۆڕین، بەڵام مامۆستا سەڵاحددینیش لەكۆنگرە هەڵبژێردراوە، ئەو پێشنیازانە لە دەسەڵاتی كۆنفرانس نییە، خۆ مامۆستا هادیش دەزانێت ئەوە دەسەڵاتی كۆنفرانس نییە، رەنگە كێشەیەك هەبێت لای ئەو كە مافی خۆیەتی وەكو بەرپرسی مەكتەبی سیاسی، بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە تا كۆنگرە قسە لەسەر گۆڕینی ئەمینداری گشتی بكەین، ئەگەریش لەكۆنگرە قسەی لەمبارەیەوە كرا، ئەوە شتێكی ئاساییە.

رووبەر: بەڵام هەندێك لە چاودێرانی سیاسی ئەو بۆچوونەی (هادی عەلی) یان بە بۆچوونی هەندێك لە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی لێكدایەوە نەك تەنیا بۆچوونی خۆی؟

دیندار دۆسكی: مامۆستا هادی قسەی لەمبارەیەوە كرد و وتی ئەوە تەنیا بۆچوونی خۆمە، نەیوتووە ئەوە بۆچوونی هەندێك لە برادەرانی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییە.

رووبەر: ئەگەر مەسەلەكە حزبایەتییەكی تەندروستە، ئایا بۆچی ئەو پرسانە بەر لەوەی جێبەجێ بكرێن دزە دەكەنە نێو چاپەمەنییەكان؟

دیندار دۆسكی: كۆنفرانس بووە و ئەوانەی قسە لەسەر ئەوە بابەتە دەكەن هەر برادەرانی سەركردایەتی ئەو حزبەن و لە كۆنفرانسیش بە ئازادانە رای خۆیان دەركردووە، هۆكاری دزەكردنەكەش ئەوەیە دەزگای راگەیاندن لە كوردستاندا زۆرە، ئەوەش وایكردووە زۆرتر قسە لەو بارەیەوە بكرێت.

رووبەر: پێتوانییە چەقبەستنی پۆستی ئەمینداری گشتی لە دەستی سەڵاحددین بەهائەددین لەماوەی ئەو 16 ساڵەی تەمەنی حزبەكەتاندا، ناتوانێت یەكگرتوو بەرەو ئەو حزبە مۆدێرنە بەرێت وەكو بەڕێزت ئاماژەتان بۆ كرد تا گۆڕانكاری لەو پۆستەش نەكەن؟

دیندار دۆسكی: ئێمە حزبێكی تازەین و تازە لە قۆناغی دامەزراندن دەرچووین، ئەو بابەتە لەلای مامۆستا سەڵاحەددینەوە زۆرجار باسی لێوەكراوە، خۆشی دوایكردووە لە پۆستەكەی نەمێنێتەوە، هەر وەك لەناو حزبەكانیتری كوردستان زۆر قسە لەسەر پۆستی بەرپرسی یەكەمی حزبەكان دەكرێت، ئەویش چەندینجار ئامادەیی دەربڕیوە كە لە پۆستەكەی نەمێنێتەوە یان خولی سەركردایەتییەكەی دیاری بكرێت، لای ئێمەش ئەو بابەتە لە كۆنگرەی رابردوو باسی لێوەكرا كە خولەكان ئەمیندار دیاری بكرێت یاخود بیگۆڕین، بەڵام ئەو بابەتە پەسەند نەكرا، لە پێشتردا ئەمینداری گشتی دەسەڵاتی رای هەبووە، بەڵام لە كۆنگرەی رابردوو هاتین لەسەر شێوەی حكومەت دەسەڵاتەكانمان دابەشكردووە (ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و شورای گشتی) هەر دەزگایەك لەمانە بەرپرسی خۆی هەیە و دەسەڵاتی خۆشی هەیە.

رووبەر: بەشێك لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كەسی یەكەمی حزبە كوردستانییەكان لەناویاندا سەڵاحەددین بەهائەدین، لەگەڵ خوارووی خۆیان زۆر توندن، بۆیە زەحمەتە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی رووبەڕوو باسی چارەنووسی پۆستەكەیان لەگەڵ بكەن، بۆیە زانیارییەكان دزە دەكەن بۆ دەزگاكانی راگەیاندن؟

دیندار دۆسكی: ناڵێم ئەو شتە سەد لەسەد وایە، بەڵام بەرپرسی یەكەمی هەر حزبێك رۆڵی شەخسی هەیە، ئەمەش وا دەكات لەهەموو شتێكدا تەدەخول بكات، بەڵام ئێمە وەكو باسم كرد دەسەڵاتەكانمان دابەشكردووە، ئەوەش وایكردووە ئەمینداری گشتی زۆر دەست تێوەردانی نەبێت لەو دەزگایانە، بەو شێوەیەش نییە كە بڵێن رۆڵی نەماوە، چونكە ئەو بەرپرسی یەكەمە و هەقی دەربڕینی تێبینی هەیە لە سەر كارو ئەجێندای ئەو دەزگایانە، بەڵام مافی تەدەخولی بەوشێوەیە نییە، چونكە كاتێك هەندێك تێبینی دەدات كاری پێدەكرێت و هەشە كاری پێناكرێت.

رووبەر: ئەو هەموو پاڵپشتییەی جەنابت بۆ ئەمینداری گشتی چییە دەری دەبڕیت؟

دیندار دۆسكی: پاڵپشتی من بۆ مامۆستا سەڵاحەددین نییە، بۆ ئەمینداری گشتی ئەو حزبەیە، پاڵپشتی كەسێك نیم، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ مامۆستا زۆر بەهێزە، هەروەها لەگەڵ مامۆستا هادیش لەو ئاستیە و كەمتر نییە، دواتر وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆی ئەو حزبە تا كۆنگرە، ناچارم بەرگری لە ئەمینداری گشتی بكەم وەكو بەشێك لە بەرپرسیارەتی خۆم.

رووبەر: ئەگەر لە كۆنگرەی داهاتوو كەسێكیتر هەڵبژێردرا بۆ ئەمینداری گشتی بەهامان شێوە بەرگری لەویش دەكەیت و پاڵپشتی دەكەیت؟

دیندار دۆسكی: لەچوارچێوەی پەیڕەو پرۆگرامی حزب هەركەسێك بێت بەرگری لێدەكەم.

رووبەر: عەبدولڕەحمان سدیق ئەندامی دەستلەكاركێشراوەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات یەكگرتوو گەر بیەوێت ببێت بە حزبێكی مۆدێرن، پێویستە كاری بانگەوازخوازی دینی لەگەڵ سیاسەت لێكجیاكەنەوە وەكو پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا، بەڕێزتان راتان چۆنە؟

دیندار دۆسكی: بۆچوونەكەی كاك عەبدولڕەحمان سدیق بۆ ئێمە روون نەبووە، پێش ئەوەی لە حزبیش بكشێتەوە وازی لە مەكتەبی سیاسی هێنا، هزرەكانی مامۆستا بۆ ئێمە جێگەی رێزە، ئەو بابەتەشی وەك را پێشكەش كردووە نەك وەك پڕۆژەیەك، بەڵام ئەوە شتێكی مێژووییە و لە دێر زەمانەوە بابەتی عەلمانی و ئیسلامی هەبووە، ئێستا باسی ئەو بابەتەمانكردووە، ئەگەر كاری دەعوە و سیاسی لێكجابكرێتەوە وەك ئالیەتێك ئەوە شتێكی ئاساییە، بەڵام گەر مەبەستیان لێكجیاكردنەوەی ئایین و سیاسەتە، ئێمە قەناعەتمان بەوە نییە ئەو دووانە لێكجیابكرێنەوە، چونكە دیین سیاسەتە و هەردووكیان یەكە، بارودۆخ و واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی توركیا جیاوازە لەگەڵ كوردستان و عێراقدا، چونكە لە توركیا رێگە بەو جۆرە حزبانە نادرێت لەبەر ئەوەی دەستووری ئەو وڵاتە عەلمانییە، بەڵام لە عێراق و كوردستان دەستوور لەسەربنەمای شەریعەتی ئیسلام داڕێژاروە، بۆیە ئیسلامی بوونمان كێشەی بۆ دروست نەكردووین.

رووبەر: لەدوایین بڵاوكراوەی رەوتی گەشە تیایدا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەمینداری گشتی دەردەبڕن و بەتوندی دژی هادی عەلی دەوستنەوە، ئایا بۆچی؟

دیندار دۆسكی: ئەو رەوتە كۆمەڵێك برادەری دیارن و كێشەمان لەگەڵیان نییە، ئەو كێشانەی هەیانبوو، هەوڵمانداوە چارەسەریان بكەین، بەڵام لەناو یەكگرتوودا دوو كوتلە نییە، تا بڵێین ئەوە كوتلەی ئەمینداری گشتیە و ئەوەش هی مامۆستا هادی-یە، چونكە ئێمە هەموومان یەك كوتلەین ئەویش هی ئەو حزبەین.

رووبەر: رەوتی گەشە لەكوێی ئەو بابەتە دایە؟

دیندار دۆسكی: باوەڕناكەم رەوتی گەشە بوونی ئاوای هەبێت وەك باسی لێوەدەكرێت، ئەوانە كۆمەڵێك برادەرن و پێشتر لە راگەیاندنەكانی ئێمە كاریانكردووە و ئێستا بیروباوەڕیان ئیسلامییە، بەڵام لەناو رێكخستنی یەكگرتوودا نین، تەنیا لە ماڵپەرەكانەوە بەیاننامە دەردەكەن.

رووبەر: ئەوكەسانەی بەناوی رەوتی گەشەوە بەیاننامە دەردەكەن بەلای ئێوە ئاشكران كێن؟

دیندار دۆسكی: بەڵێ، دیارن و دەزانین كێن.

رووبەر: لەوەتەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستان دەركەوتووە، یەكگرتوو ئەو سەنگەی جارانی نەماوە و خەریكە بۆ بەغداش هەمان شت دووبارە دەبێتەوە، ئایا چۆن لەمە دەڕوانن؟

دیندار دۆسكی: پاشەكشە بەیەكگرتووە دیار نییە، بەشێوەیەكی گشتی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی 25/7 بۆ هەڵبژاردنی 7/3ی ئەمساڵ دەنگەكانی زیادیكردووە، بەدڵنیایەوەش گۆڕان كاریگەری لەسەر دەنگەكانی ئێمە كردووە بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی 7/3دا، چونكە ئەوسا گۆڕان مۆدێلێكی نوێبوو و خەڵكێكی زۆریش جەماوەری (موتەحریكە) گۆڕان لە بڕیارەكانیدا هەیە و یەك را نییە، ئەوەش سرووشتی دیموكراسییە و گوتاری گۆڕانیش كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر ئەو دەنگانە.

رووبەر: بۆچونێك هەیە پێیوایە بۆیە گۆڕان توانیان زیاتر لە ئێوە نزیككەونەوە، چونكە گوتارێكی توندیان هەیە و بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئێوەش داوای گوتارێكی توندتر لە یەكگرتوو دەكەن؟

دیندار دۆسكی: ئێمە و گۆڕان ئێستاش لە پەرلەمانی كوردستان پەیوەندییەكی باشمان هەیە، سەیریش نییە لەناو سەركردایەتی ئێمە هەبێت داوای گوتاری بەهێز و بەبوێر بكات وەكو گۆڕان، بەڵام گوتاری ئێمە لەژێر كاریگەری گۆڕاندا نەگۆڕاوە، بەڵكو وەكو ئەوەی بڕیارمانداوە ئەو چوارساڵە ئۆپۆزسیۆن بین، بۆیە گوتارمان لەجاران بەهێزتر و بوێرتر بووە، بەڵام پێشتر ئێمە لەناو حكومەت بووین، بۆیە گوتارمان نەرم بووە، ئەگەرچی لەلای برادەرانی پارتی و یەكێتی تاوانباربووین كە ئێمە پێیەكمان لەحكومەتە و پێیەكیترمان بەشێوەی ئۆپۆزسیۆنە، چونكە ئێمە لەحكومەتی هەرێم بەشداربووین نەك شەریك.

رووبەر: لیستەكانی ناو ئیئتیلافە كوردستانییەكان هەموویان چاویان لە پۆسی حكومەتی داهاتووی عێراقە، ئێوە چاوتان لەچ پۆستێكە؟

دیندار دۆسكی: ئێمە لەگەڵ لیستەكانی تری كوردستانی پەیڕەو و پڕۆگرامان هەیە، كە تێیدا هاتووە دەبێت پۆستەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەسەر لیستەكان دابەش بكرێت، ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە چاومان لە پۆستەكانی حكومەتی داهاتووە و چاومان لە (وەزیرێك و وەكیل وەزیرێك و بالوێز و بەڕێوەبەری گشتییەكان) ـە.

رووبەر: ئەگەر وەزارەتەكانی حكومەتی داهاتووی عێراق كەمكرانەوەو وەزارەتێك بەر ئێوە نەكەوت، هەڵوێستان چی دەبێت؟

دیندار دۆسكی: لایەنێك سەرۆك كۆمار یان جێگری سەرۆك وەزیران یان وەزارەتێكی سیادی بەركەوێت، ئەوە نابێت وەكو ئەو لایەنە لێكبدرێتەوە كە وەزارەتێكی دەوڵەتی بەردەكەوێت و نابێت هیچ لایەنێك لەو پۆستانە بێبەش بێت.

رووبەر: لە هەڵبژاردنی 25/7دا لە ناو یەكگرتوودا ئومێدێكی زۆر بە دەنگەكانی دهۆك هەبوو، بەڵام وا دەرنەچوو و مەكتەبی سیاسیش خەتاكەی خستە ئەستۆی جەنابت؟

دیندار دۆسكی: لە 25/7دا دەنگەكانمان لەئاستی تموحی ئێمە نەبووە، بەڵام كەمیش نەبووە و منیش هیچ پەیوەندییەكم بە بادینانەوە نەبووەو هەرماڵم لە دهۆكە، ئەگەرنا دەوامم لە هەولێرە.

رووبەر: ئامادەكارییەكانتان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بە كوێ گەیشتووە؟

دیندار دۆسكی: دەزگای هەڵبژاردنمان هەیە و ئەوانیش كاری خۆیان دەكەن و ئێستاش لە ئامادەكاری دان.

رووبەر: ئایا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەكەن یاخود بە لیستی هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی؟

دیندار دۆسكی: تا ئێستا بڕیارمان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە كە ئایا بەلیستی هاوبەش بەشداربین، یاخود سەربەخۆ ئەوە پەیوەستە بەبڕیاری سەركردایەتی حزبەوە.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

میوانانی سەر خەت

We have 183 guests and no members online