
ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌مان قیت و قۆزییه‌كه‌ی سه‌رده‌می گه‌نجیی له‌ده‌ست نه‌داوه، به‌ڵام كه له دووره‌وه لێی ده‌ڕوانی، هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌سایه‌تییه‌كی وشكه‌ڵه و كه‌مدووه، بۆیه هاوڕێتیكردنی به‌ئاسان نا‌بینیت.. كاتێكیش لێی نزیك ده‌بیه‌وه و ده‌یدوێنێت، به‌ڕاست خۆت یاغنیش دێته به‌رچاو، چونكه (یه‌شار شه‌وكه‌ت) كه من لێره‌دا هه‌ر به‌شێوه‌زاره میللییه‌كه به"یه‌شار مشكۆ" ناوی ده‌به‌م، هێنده هێمن و سه‌نگین و خۆشمه‌شره‌به، له كاتی گفتوگۆدا چه‌ندی بڵێیت به‌ئاسان ده‌خزێته دڵانه‌وه.. من له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوكارم (ئومێد ئه‌نوه‌ر) دا سه‌ردانیم كرد و مه‌به‌ستم بوو بۆ (ئاكانیوز) دیمانه‌یه‌كی له ته‌كدا ساز بكه‌م، له چایخانه‌كه‌ی ته‌نیشتی "تۆمارگه‌ی مشكۆ" به‌رامبه‌ر به‌قه‌ڵاتی هه‌ولێر دانیشتین، دوای سین و جیمێكی زۆر، هه‌ستم به‌كه‌مته‌رخه‌میی خۆم كرد به‌رامبه‌ری، چونكه له‌و ماوه دوور و درێژه‌ی كه هه‌ڵسه‌نگاندنی هونه‌ری له بواری موزیك و گۆرانیی كوردی و توركمانی ده‌نووسمه‌وه، كه‌چی سه‌یره له‌نێو ئه‌و سه‌دان نووسینه‌ی تا ئێسته بڵاوم كردوونه‌ته‌وه، هێنده كه‌مته‌رخه‌م بووم و ئه‌و جگه‌رگۆشه‌یه‌ی (مشكۆ) ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندم نه‌خستووه‌ته به‌ر قه‌ڵه‌م.. ئاخر خۆ جوانییه‌كانی (یه‌شار) ته‌نیا له‌وێدا نییه كه كوڕی ئه‌و هونه‌رمه‌نده باڵایه‌ی توركمان و كوردیشه، چونكه (یه‌شار) خۆیشی خاوه‌نی هه‌مان باڵاییه له هونه‌ری گۆرانی و مه‌قام و هه‌روه‌ها "خۆریات"ی توركمانیدا، ته‌نانه‌ت له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی توركماندا وه‌ك مامۆستایه‌ك ده‌ناسرێته‌وه، بۆیه ده‌بوو له‌باره‌یه‌وه بدوێین.. ده‌ی نه‌چووه بچێ، وا لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م بیخه‌مه به‌ر ڕۆشناییه‌وه.
به‌دیدی من، له‌نێو ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی نه‌وه‌كه‌ی خۆی، (یه‌شاری مشكۆ) تاكه هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی توركمانی بوو كه له ساڵانی هه‌شتاكاندا به‌گۆرانیی "ئالی قرلسن" هه‌نگاوێك پێش نه‌وه‌كه‌ی خۆی كه‌وته‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به‌ر له (یه‌شار) و تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه‌ی، میلۆدیی توركمانی ئاسته میللی و ڕۆژهه‌ڵاتییه باوه‌كه‌ی پێشتری تێنه‌په‌ڕاندبوو، واته ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی بواری گۆرانیی ئه‌وكات له لاساییكردنه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی پێش خۆیان نه‌ترازابوون، به‌ڵام (یه‌شار) چ له‌ڕووی تێكست و چ له‌ڕووی میلۆدی و ته‌نانه‌ت موزیكیشه‌وه، گۆرانیی توركمانیی گه‌نجی دروست كرد، كه‌واته ده‌كرێ نوێكردنه‌وه و گه‌نجبوونه‌وه‌ی گۆرانیی توركمانی و ده‌ربازكردنی له فۆڕمه ته‌قلیدییه‌كه‌ی، له‌و به‌رهه‌مه‌ی (یه‌شار) ه‌وه بخه‌ینه به‌ر باس، بێگومان ئه‌مه‌یش پێوه‌سته به‌ئه‌قڵی گه‌نجه‌وه كه ئه‌م هونه‌رمه‌نده له هونه‌ری گۆرانیی توركمانیدا به‌چۆپیكێشی ده‌ناسرێته‌وه، سه‌یر له‌وه‌دایه (یه‌شار) به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رهه‌مه‌دا كرد كه له‌لایه‌ن نه‌وه‌ی نوێ و ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی پێش خۆیشیه‌وه به‌به‌رهه‌می دانسقه و قبووڵكراو وه‌ربگیرێت، خۆ ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی ململانێی نه‌وه‌كان، ده‌بوو ئه‌م هونه‌رمه‌نده تووشی دنیایه‌ك ململانێی بێسه‌روبه‌ریش ببووایه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پێچه‌وانه‌كه‌ی بۆ سه‌لماندین، به‌بۆچوونی منیش سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی (یه‌شار) له‌و گه‌نجكردنه‌ی گۆرانیی توركمانیدا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و نوێگه‌ریی له نێوان دوو نه‌وه‌دا كرد، واته به‌سۆزی نه‌وه‌كه‌ی پێش خۆی، هه‌وڵی دا گۆرانیی توركمانی له قۆناغه‌كه‌ی خۆیدا جوانتر بكاته‌وه، ڕاستیتان ده‌وێت مافی خۆیه‌تی ئه‌و قۆناغه به‌زێڕین و ئه‌و به‌رهه‌مه‌یش به‌داهێنان له هونه‌ری گۆرانیی هاوچه‌رخی توركمانی بچوێنین، به‌پێی شاره‌زایی و ئاگایی خۆمیش له گۆرانی و خۆریاتی توركمانی، پێموایه دوای (یه‌شار) تاكه كه‌سێك كه له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وته كاری كردبێ، هونه‌رمه‌ند (عه‌لی عه‌بدولكه‌ریم) بوو له كه‌ركووك گۆرانیی "دیه بیلمره‌م"ی تۆمار كرد، ئه‌و گۆرانییه‌یش له سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا یه‌ك له هه‌ره جه‌ماوه‌ریترین گۆرانییه توركمانییه‌كان بوو، به‌ڵام (عه‌لی) كاریگه‌رییه‌كی ئاشكرای (یه‌شار) ی له‌سه‌ر بوو، ڕه‌نگه ئه‌مه‌یش بۆ نزیكیی ئه‌و دوو ده‌نگه له یه‌كتر بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام (عه‌لی عه‌بدولكه‌ریم) نه‌یتوانی به‌رده‌وام بێت و پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م خۆری ئاوا بوو، ڕاستیتان ده‌وێ دوای ئه‌ویش شكم نه‌بردووه چ هونه‌رمه‌ندێكی تری توركمان له نوێگه‌ریدا كاری كردبێت، ئه‌گه‌ر گه‌نجێلێكیش له هه‌ولێر خۆیان له قه‌ره‌ی ئه‌و ته‌رزه گوتنه دابێت، گومانم نییه له‌وه‌ی له ژێر كاریگه‌ریی ڕه‌وته‌كه‌ی (یه‌شاری مشكۆ) دا بوون.
من كه له‌گه‌ڵ (یه‌شار) دا كه‌وتمه دیالۆگه‌وه، هه‌ندێك شتی شاراوه‌م لا ئاشكرا بوو كه له ڕاستیدا وه‌ك عه‌جه‌بێك لێیان ده‌ڕوانم، بۆیه به‌گرنگی ده‌زانم لێره‌دا به‌ڕژدی له‌باره‌ی سه‌ره‌تاكانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌وه بدوێم.. وه‌ك خۆی بۆی باس كردم، (یه‌شار) له‌دایكبووی ساڵی 1950یه، هاوكات له ته‌مه‌نی 15 ساڵییه‌وه له‌گه‌ڵ (مشكۆ) ی باوكی و محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ربیلیدا ده‌نگی گۆرانیگوتنی هه‌ڵبڕیوه، كه‌واته ده‌ستپێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1965، ئه‌مه‌یان بۆ ده‌ستپێكردنی كاری هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك ئاساییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه، وه‌ك (یه‌شار) باسی ده‌كرد، كاتێك ویستوویه‌تی گۆرانی بڵێت، له ئاهه‌نگێكدا مه‌قامی "له‌پاش مه‌رگم"ی گوتووه كه له به‌رهه‌مه باڵاكانی باوكیه‌تی، كه‌چی (مشكۆ) پێی گوتووه "ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ گۆرانی بڵێیت، لاسایی كه‌س مه‌كه‌ره‌وه و هه‌وڵ بده ڕێچكه‌یه‌ك بۆ خۆت بدۆزه‌ره‌وه".. ئاخر جێی خۆیه‌تی به‌عه‌جه‌به‌وه له‌و هه‌ڵوێسته‌ی (مشكۆ) بۆ جگه‌رگۆشه‌كه‌ی بڕوانین، چونكه هه‌موو ده‌زانین هه‌میشه باوكان و به‌تایبه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه دروست ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بووه، شانازییان به‌وه ده‌كرد كوڕه‌كانیان له مه‌جلیسدا لاساییان بكه‌نه‌وه و شوێنی باوكه‌كان ون نه‌كه‌ن، كه‌چی (مشكۆ) پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌ما كۆن و باوه‌ی نوواندووه، نه‌ك هه‌ر نه‌یویستووه كوڕه‌كه‌ی لاسایی بكاته‌وه، بگره هانی نوێبوونه‌وه‌ی داوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێچكه‌یه‌ك، ئه‌مه‌یش واته دۆزینه‌وه‌ی خۆی، نه‌ك خولانه‌وه له ده‌وری داهێنانه‌كانی باوك، لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌مان (مشكۆ) له‌و سه‌رده‌مه‌دا خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی نوێ و گه‌نجانه بووه، به‌بڕوای من ئه‌و ئامۆژگارییه‌ی ئه‌ویشه بووه‌ته هانده‌ر كه (یه‌شار) هه‌وڵی نوێبوونه‌وه بدات، كه‌واته ده‌كرێ بڵێین به‌شێك له داهێنان و جوانكارییه‌كانی (یه‌شار) ده‌كه‌وێته به‌ر ئه‌قڵه هونه‌رییه‌كه‌ی (مشكۆ) وه.
(یه‌شار) جیا له‌وه‌ی مامۆستایه‌كی گه‌وره‌ی بواری مه‌قام و خۆریاتی توركمانییه، هاوكات ئاوازدانه‌ر و خۆریاتنووسیشه، هه‌روه‌ها ده‌یان میلۆدیی به‌گۆرانیبێژه توركمانه گه‌نجه‌كان به‌خشیوه، خاوه‌نی دانانی ده‌یان خۆریاتیشه، وه‌ك خۆی ده‌یگوت ئه‌گه‌ر كۆیان بكاته‌وه، ڕه‌نگه خۆریاته‌كانی له دوو كتێبدا جێگه‌یان ببێته‌وه، به‌بڕوای من كه تا ئێستا ئه‌مه‌ی نه‌كردووه، ته‌نیا له ته‌مه‌ڵییه‌تی، ئه‌و پێیه‌وه دیاره ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌گۆرانی و به‌رنامه هونه‌رییه ڕاسته‌وخۆكانی ته‌له‌ڤزیۆن ده‌دات، كه‌متر بیری بۆ دانانی كتێبی تایبه‌ت به‌خۆریات ده‌چێت، له كاتێكدا هونه‌ری توركمانی پتر له میلۆدییه‌كان پێویستیی به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆریاته‌كانه، چونكه "خۆریات" كه توخمێكه له مه‌قام، به‌ڕه‌سه‌نترین لایه‌نی بواری گۆرانی و موزیكی توركمان داده‌نرێت.. ئه‌و جیا له‌مانه پێشكه‌شكارێكی به‌توانای به‌رنامه هونه‌رییه ڕاسته‌وخۆكانی ته‌له‌ڤزیۆنی توركمانییه، كه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌یان گه‌نجی به‌توانای ئه‌و بواره‌مان پێ ده‌ناسێنێت.
ئه‌وه‌ی له دانیشتنه‌كه‌مدا له‌گه‌ڵ (یه‌شار) نیگه‌رانی كردم، ئه‌و په‌راوێزخستنه‌یه كه خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌نده بكه‌ویته دیالۆگه‌وه، دنیایه‌ك موعانات هه‌ڵده‌ڕێژێت، ئه‌و كه (مشكۆ) به‌كۆنترین ده‌نگبێژی هه‌ولێر ده‌زانێت كه له ڕاستیدا بۆ ئه‌مه‌یان زێده‌ڕۆیی نه‌كردووه، هاوكات خۆی وه‌ك جگه‌رگۆشه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده و نه‌وه‌كانیشی به‌هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیر ده‌بینێت، بۆیه له په‌راوێزكه‌وتنه‌كه نیگه‌ران ده‌بێت، زۆربه‌ی نیگه‌رانییه‌كه‌ی له دیوه هونه‌رییه‌كه‌دایه، هه‌ر له تۆمار و كلیپكردن، تا ده‌گاته بایه‌خدان به‌بژێویی ژیان و زۆری تر، به‌ڵام من لێره‌دا ته‌نیا نیگه‌رانییه‌كی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌گێڕمه‌وه.. به‌ڕاست (یه‌شار) هه‌قداره لایه‌نی پێوه‌ندیدار ڕه‌خنه بكات له‌وه‌ی له كۆڕ و كۆبوونه‌وه گرنگ و فراوانه‌كاندا پشتگوێ ده‌خرێت و ئاگاداری ناكه‌نه‌وه، ئاخر ئه‌وان له ماڵباته هونه‌رییه ناسراوه‌كانی پیره هه‌ولێرن و به‌شێكی گرنگ و كاریگه‌رن له مێژووی نوێی ئه‌م شاره، بۆیه كاتێك ده‌بینێت هونه‌رمه‌ندان سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان یاخۆ هه‌ر به‌رپرسێكی باڵای تر ده‌كه‌ن و كه‌سیش ئه‌وی له بیر نه‌بووه و خراوه‌ته په‌راوێزه‌وه، بێگومان نیگه‌ران ده‌بێت، ئه‌دی (یه‌شار) خۆی به‌خاوه‌نی مێژوویه‌كی پڕ له داهێنان ده‌زانێت، بۆیه به‌لایه‌وه مایه‌ی سه‌رسوڕمانه له‌و جۆره كۆڕ و كۆبوونه‌وانه‌دا ده‌یان كه‌سی ئاره‌زوومه‌ندی هونه‌ر ده‌بینێت و كه‌چی زۆر له داهێنه‌رانیش له بێئاگاییدا فه‌رامۆش كراون.. (یه‌شار) گوتی "كاتێك له ماڵه‌وه بووم و له ته‌له‌ڤزیۆن بینیمان هونه‌رمه‌ندان سه‌ردانی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمیان كردووه، منداڵه بچووكه‌كه‌م لێی پرسیم (ئه‌ی بابه بۆچی تۆیش نه‌چوویت له‌گه‌ڵیان؟) منیش گوتم دیاره ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتیی سه‌ردانه‌كه‌یان كردووه ئێمه به‌هونه‌رمه‌ند نازانن.. به‌ڕاستیش ئه‌وه‌م به‌بیر هاته‌وه كه له ئه‌سته‌مترین قۆناغه‌كانی دۆزی كورد له كوردستاندا، (مشكۆ) ی باوكم گۆرانیی بۆ (بارزانیی نه‌مر) گوتووه، كه‌چی ئێستا خه‌ڵكی تر ده‌برێنه پێش و ئێمه‌مانانیش په‌راوێز ده‌خرێین.
بێگومان قسه‌وباس له‌باره‌ی جوانییه‌كانی (یه‌شار مشكۆ) وه بێ كۆتایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی گۆرانی و مه‌قام و خۆریاته، ئه‌وه‌ی منیش لێره‌دا پتر مه‌به‌ستمه، ته‌نیا به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌تی و وه‌ك ئه‌مه‌كێك به‌دیارییه‌كی هونه‌ریی ده‌زانم به‌رامبه‌ر به‌مێژووه هونه‌رییه بێگه‌رده‌كه‌ی.
woshyaraswad@yahoo. com
مانشێته‌كان
* (یه‌شاری مشكۆ) تاكه هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی توركمانی بوو كه له ساڵانی هه‌شتاكاندا به‌گۆرانیی "ئالی قرلسن" هه‌نگاوێك پێش نه‌وه‌كه‌ی خۆی كه‌وته‌وه.
* (مشكۆ) به (یه‌شار) ی كوڕی گوتووه "ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ گۆرانی بڵێیت، لاسایی كه‌س مه‌كه‌ره‌وه و هه‌وڵ بده ڕێچكه‌یه‌ك بۆ خۆت بدۆزه‌ره‌وه"
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
