
ئۆپۆزیسیۆن له كوردستاندا له جیاتی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان خۆی قه‌یران ده‌خوڵقێنێت
* ئۆپۆزیسیۆن توانی له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی و جه‌ماوه‌ریی دروست بكات
* ئۆپۆزیسیۆنبوون شتێكی پیرۆز نییه، به‌ڵكوو دیارده‌ی ئۆپۆزیسیۆنبوون كردارێكی سیاسیی سروشتییه
* ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و میدیای ئه‌هلی مامه‌ڵه‌یه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ كه‌یسی سه‌رده‌شت نه‌كرد
* هیوا و ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادا هه‌یه پارتی و گۆڕان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك شتی هاوبه‌ش دانیشن
پشكۆ نه‌جمه‌دین نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌تییه‌وه باس له شێوه و فۆرمی كاركردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ده‌كات له كوردستان و پێیوایه ئۆپۆزیسیۆن له بری ئه‌وه‌ی به‌شێك بێت له چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان، به‌ڵكوو خودی خۆی هه‌ندێكجار خۆی قه‌یران ده‌خوڵقێنێت، پاشان باسی ئه‌زموونی كاركردنی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه ده‌كات و خاڵه لاواز و گه‌شه‌كانی ده‌خاته‌روو. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له كه‌یسی كوشتنی رۆژنامه‌نووس "سه‌رده‌شت عوسمان" ده‌كات و پێیوایه ئه‌و كه‌یسه سیاسه‌تاویی كراوه و به‌كارهێنراوه بۆ گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی رووت و له كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا وێڕای تیشك خستنه سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی بۆ پرۆتستۆی ئه‌و تیرۆره گیراوه‌ته به‌ر، داواش ده‌كات هه‌موو هێزه‌كان به‌وپه‌ڕی لێپرسراوێتییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن چوونكه ناكرێـت ئه‌م تیرۆره بكرێته هۆیه‌ك بۆ شێواندنی كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی له كوردستاندا.
ستیڤان: ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له باشووری كوردستان، تا رادده‌یه‌كی زۆر دیارده‌یه‌كی سیاسیی نوێیه و هه‌نووكه له په‌رله‌مانی كوردستاندا سێ هێزی سه‌ره‌كیی و دیار، ته‌مسیلی ئۆپۆزیسیۆن ده‌كه‌ن. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئێوه وه‌ك چاودێرێكی سیاسیی چۆن سه‌یری شه‌قڵ و ئه‌دا و فۆرمی كاركردنی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه ده‌كه‌ن؟ پێتانوایه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ واقیعه سیاسییه‌كاندا مامه‌ڵه ده‌كه‌ن؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: بوونی هێزی ئۆپۆزیسیۆن پێویستییه‌كه كه پێشتریش ئێمه زۆرجار جه‌ختمان لێكردۆته‌وه، كه ئه‌مه گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه بۆ پرۆسه‌ی سیاسیی و پرۆسه‌ی دیموكراتی له‌هه‌ر وڵاتێكدا. دیاره له كوردستانیشدا ساڵانێكه كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت كه ئۆپۆزیسیۆنێك هه‌بێت له‌راستیدا ئۆپۆزیسیۆن بێت، یانی ئۆپۆزیسیۆنێك هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك موجامه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌كات و بتوانێت ئه‌و دیارده سیاسییه زیندوو بكاته‌وه له په‌رله‌مانی كوردستاندا.
له ساڵی رابردوودا و پاش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی له هاویندا ئه‌نجامدرا، بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێ هاته پێشه‌وه، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه وه‌كوو هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی خۆی ناساند، وه‌كوو بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه ده‌ربڕ یان هه‌ڵگری په‌یامه‌كانی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك بێت له‌كوردستاندا، كه ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه ساڵانێكه به‌هۆی ناعه‌داله‌تی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌وه جێكه‌وتووه. ئێستا ئۆپۆزیسیۆنێك هاتۆته پێشه‌وه كه توانیوویه‌تی ببێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی دیكه‌ش كه ساڵانێكی پێشتر خۆیان به ئۆپۆزیسیۆن زانیوه و ده‌ناساند و له‌ناوه‌ڕۆكدا ئۆپۆزیسیۆن نه‌بوون، ئه‌مانیش شوێن ئه‌م دیارده نوێیه‌ی كوردستان بكه‌ون.
تا ئێره ئه‌مه دیارده‌یه‌كی پێویست و ته‌ندروسته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا به وردیی و له‌نزیكه‌وه چاودێرییم كردووه، ئه‌وه‌یه، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له كوردستاندا له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته هێزێكی كارا بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان، به‌داخه‌وه خۆی هێزێكه هه‌ندێكجار هه‌وڵده‌دات قه‌یران بخوڵقێنێت. ئه‌مه‌ش به رای من مانای تێنه‌گه‌یشتنی ئۆپۆزیسیۆنه له رۆڵ و ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆن له هه‌ر وڵاتێكی وه‌كوو كوردستاندا.
ئه‌مه لایه‌نێكیێتی و لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه، شتێكی زۆر ساده و ئاساییه له وڵاتێكدا ده‌سه‌ڵات، خۆی ده‌سه‌ڵاتێكی نانۆرماڵ بێت، كۆمه‌ڵگه خۆی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناته‌ندروست بێت، ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌شی به‌هه‌مان شێوه نانۆرماڵ و ناته‌ندروست بێت. به رای من ئۆپۆزیسیۆن له‌هه‌ر وڵاتێكدا كه كار ده‌كات ده‌بێت خه‌سڵه‌ته تایبه‌ت و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌كان و مێژووی ئه‌و حزبه سیاسییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه باش بناسێت و بتوانێت به‌پێی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه به‌رنامه‌كانی خۆی و پلانی ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی دابڕێژێت و كاریان بۆ بكات.
ستیڤان: سه‌رباری هه‌ر كه‌موكوڕیی و ره‌خنه و سه‌رنجێكمان له‌سه‌ر فۆرمی كاركردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له باشووری كوردستان. من ده‌مه‌وێ پرسیاری ئه‌وه بكه‌م خاڵه گه‌ش و پۆزه‌تیڤه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له كوردستان له‌چیدا ده‌بیننه‌وه و پێتانوایه خاڵه پرشنگداره‌كانی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه له كوێدایه؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: من پێموایه خاڵه گه‌شه‌كان ئه‌وه‌یه، كه خودی ئۆپۆزیسیۆن وه‌ك پێشتر باسمكرد جگه له‌وه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستاندا گروپێكی جیاواز و خاوه‌ن رای جیاوازه، له‌هه‌مان كاتدا توانیوویه‌تی له هه‌ندێك ململانێ له‌سه‌ر زۆر بابه‌تی گرنگ و له گفتوگۆكانی ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا، بیروڕا و بۆچوونی جیاواز و پلانی جیاوازی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ببێته په‌رله‌مانێكی زیندووتر و كاراتر، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی یه‌كێكه له خاڵه هه‌ره گه‌شه‌كان.
خاڵێكی تری گه‌ش ئه‌وه‌یه، ئۆپۆزیسیۆن توانی له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی و جه‌ماوه‌ریی دروست بكات، بۆئه‌وه‌ی كه ژیان بخاته‌وه یان بابڵێم وزه بخاته‌وه ناو ژیانی سیاسیی له‌كوردستان، ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه جارێكی دیكه خه‌ڵكی تێكه‌ڵاوی سیاسه‌ت كرده‌وه، جارێكی دیكه سیاسه‌ت بووه‌وه به ته‌وه‌رێك له شه‌قامی كوردییدا، ئه‌مه به جیا له‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ی ئۆپۆزیسیۆنبوونه و ئه‌م زیندووكردنه‌وه‌ی ژیانی سیاسیی له كوردستاندا بۆ كوێ ده‌چێت؟.
بوونی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی له‌هه‌ر وڵاتێكدا كارێكی زۆر گرنگه، بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی كارێكی زۆر گرنگه، به‌ڵام هه‌میشه ده‌بێت ئه‌وه‌مان له یاد بێت ره‌واێتی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی یان سیاسیی نابێته پاساوی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه. ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ری دیكه‌وه هه‌یه كه كاریان تێدا ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌وانه‌ش رابه‌رایه‌تیكردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌یه، ئاخۆ ئه‌و گروپه‌ی رێبه‌رایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه ده‌كات ده‌توانێت له ئاستی پێداویستییه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا بێت؟. ئه‌وه شتێكه كه ده‌بێـت ئێمه هه‌میشه گومانی له‌سه‌ر دابنێین.
ستیڤان: ئۆپۆزیسیۆن بوون هه‌میشه ئاكام بووه نه‌ك ئامانج، ئه‌مه‌ش راستییه‌كی ساده‌یه له‌هه‌موو جێگه‌یه‌كی جیهاندا، چوونكه ئۆپۆزیسیۆن ئه‌و هێزه‌یه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی به قازانجی هێزی ركابه‌ر دۆڕاندووه، به‌ڵام له كوردستان ئۆپۆزیسۆن هه‌م بۆته ئامانج و هه‌م پیرۆزیش كراوه؟. لێره‌دا من ده‌پرسم ئه‌م پیرۆزكردنه مانای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟. ئایا ئۆپۆزیسۆن ئامانجه یان بابڵێین ئامانجێكی پیرۆزه؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: بێگوومان ئۆپۆزیسیۆنبوون شتێكی پیرۆز نییه، به‌ڵكوو دیارده‌ی ئۆپۆزیسیۆنبوون كردارێكی سیاسیی سروشتییه كه له ئه‌نجامی به‌رده‌وامبوونی پرۆسه‌یه‌كی سیاسیی دێته كایه‌وه یان له ئه‌نجامی ململانێ و هه‌ڵبژاردنه‌وه دێته كایه‌وه، كه تۆ وه‌كوو پێویست نا‌توانیت ئه‌و كورسی و ده‌نگانه به‌ده‌ستبهێنیت كه پێویستن بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگریته ده‌ست. ئه‌وه‌ی ئێستا ئۆپۆزیسیۆنه ناكرێت له‌ژێر هیچ پاساوێكدا خۆی پیرۆز بكات، چوونكه هه‌ر خودی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه له‌وانه‌یه سبه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرێت.
له كوردستانیش ئێمه هه‌موومان ئه‌وه ده‌زانین ریشه و فیكری سیاسیی و بنه‌مای عه‌قڵیی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ی ئێستا هه‌یه له كوێوه هاتووه، بۆیه هه‌ر له ئێستاوه ناتوانین مژده‌ی ئه‌وه بده‌ین به‌خه‌ڵك كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرێت وه‌زعه‌كه له‌مه‌ی ئێستا باشتر ده‌كات. ئه‌مه‌ش شتێكی گشتییه كه پێویستییه لێی تێبگه‌ین.
ئه‌مه لایه‌نێكه و له‌لایه‌نێكی دیكه‌وه ئێمه ناتوانین ته‌قدیسی ئۆپۆزیسیۆن بكه‌ین و نه ده‌توانین ره‌تی بكه‌ینه‌وه یان خوانه‌خواسته به‌سووك كاره‌كانی ئۆپۆزیسیۆن وه‌ربگرین، چوونكه ئۆپۆزیسیۆنبوون كارێكی زۆر گرنگه، به‌ڵام یه‌كێك له‌و خاڵه لاوازانه‌ی له ئۆپۆزیسیۆنی كوردییدا هه‌یه، ئه‌وه‌یه، ناتوانێت ئه‌دای سیاسیی خۆی به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه دیاریبكات كه ئه‌مڕۆ له واقیعی كوردستاندا بوونی هه‌یه.
ئۆپۆزیسیۆنی كوردستان یه‌كێكه له ئۆپۆزیسیۆنه زۆر به‌په‌له‌كان، ده‌یه‌وێت له‌ماوه‌ی كه‌متر له شه‌ش مانگ، ساڵێكدا، هه‌موو دونیا ژێراوژوور بكات، ئه‌مه‌ش ده‌لیلی باش نه‌ناسینی كاره‌كته‌ره‌كان و هێزه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاته. من نموونه‌یه‌كی بچووكت له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ ده‌هێنمه‌وه، له یه‌كێك له ژماره‌كانی هه‌فته‌نامه‌ی "ئاوێنه‌دا" له دوا ستووندا، ستوونێك نووسراوه و ئه‌ندامێكی ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م ستوونه‌ی نوسییووه و تێیدا ده‌ڵێت: ئێمه بیست و پێنج كورسیمان هه‌یه و پارتی سی كورسی هه‌یه، كه‌واته هێزی نێوان ئێمه و پارتی، ته‌نیا پێنج كورسییه!. ئه‌مه ئه‌گه‌ر له رواڵه‌تدا سه‌یری بكه‌ین ئاوایه و تا رادده‌یه‌ك راسته، ئه‌مه بۆ وڵاتێكی پێشكه‌وتووی وه‌كوو سویسرا و سوێد راسته، ئه‌مه بۆ حزبێكی سۆسیال دیموكراتی یان دیموكرات مه‌سیحی یاخۆ حزبێكی لیبرالی وڵاتانی ئه‌وروپا راسته، به‌ڵام لێره له كوردستان نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئۆپۆزیسیۆن تێناگات هێزی ده‌سه‌ڵات له كوێوه‌یه؟.
هێزی ده‌سه‌ڵات له‌و 25-30 كورسییه‌دا نییه كه باسی لێوه ده‌كرێت، هێزی ده‌سه‌ڵات له شوێنێكی دیكه‌یه، له شوێنێكه پێش هه‌ڵبژاردن و پاش هه‌ڵبژاردن و ئێستاش ده‌كرێت هه‌ر به‌رده‌وام بێت، كه تۆ وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆن ساڵان و مه‌ودایه‌كی زۆرت پێویسته بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نۆرماڵ بكه‌یته‌وه، چوونكه هێزه‌كه‌ی ئه‌و له په‌رله‌ماندا نییه و له راستیشدا هه‌رگیز له‌و 25-30 كورسییه‌دا نییه، به‌ڵكوو له‌و هه‌موو داموده‌زگایه‌دایه كه پێش دروستبوونی په‌رله‌مان و له‌كاتی بوونی په‌رله‌ماندا، دروستبووه. ئه‌مه‌یه هێزی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا.
بۆیه ئه‌گه‌ر تۆ وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆن ئه‌م هه‌قیقه‌ته نه‌ناسیت، ئه‌م فه‌زا سیاسییه نه‌ناسیت، ئه‌و كاراكته‌ره سه‌ره‌كییانه‌ی هێزی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نه‌ناسیت، نا‌توانیت به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و نۆرماڵ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌یت، كه ده‌سه‌ڵات نه‌ناسیت به‌جۆرێك له جۆره‌كان وا ده‌كه‌یت له جیاتی ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست له‌گه‌ڵ قه‌یرانێكی سیاسیی‌دا بكه‌یت، تۆ خۆت زیاتر قه‌یرانه‌كه قووڵتر ده‌كه‌یته‌وه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه كه ئه‌م قه‌یرانه به‌شێوه‌یه‌ك بشكێته‌وه كه سه‌رجه‌می پرۆسه سیاسییه‌كه بكه‌وێته ناو مه‌ترسییه‌وه.
ستیڤان: په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن له كوردستاندا په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ره‌تكردنه‌وه و نه‌فیكردنی یه‌كتر دامه‌زراوه. پرسیاری جیددی ئه‌وه‌یه تۆ وه‌كوو خۆت تا چه‌نده ئه‌م په‌یوه‌ندییه به ته‌ندروست ده‌زانیت؟. ئایا ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات یه‌كتری ره‌تده‌كه‌نه‌وه یان به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌واوكه‌ری كاره‌كانی یه‌كترن؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: من پێشتر وتم ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌سه‌ڵاتێكی نۆرماڵمان نه‌بێت ئه‌وه ئۆپۆزیسیۆنێكی نۆرماڵیشمان نییه. كه قسه به‌دیاریكراویی هاته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، من گوومانی ئه‌وه‌م كرد داخۆ ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه یان ئه‌و رێبه‌رایه‌تییه هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌ی كه بوونی هه‌یه؟. لێره‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م، رێبه‌رایه‌تی گۆڕان به‌شێكه له یه‌كێتی جیابووه‌ته‌وه، ئه‌م گروپه یان رێبه‌رایه‌تییه به‌جۆرێك له جۆره‌كان ئیشكالاتێك و كێشه‌یه‌كی گرنگی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی هه‌یه كه مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاته.
بۆیه ئێمه ده‌بینین ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه له جیاتی ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنێكی نۆرماڵ بێت و بتوانێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات یه‌كدی ته‌واو بكه‌ن و بۆشاییه‌كانی یه‌كتر پڕ بكه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات ناكرێت، ئه‌مان پێشنیاری بكه‌ن و پلانڕێژیی بۆ بكه‌ن، كه‌چی سه‌یر ده‌كه‌ین شته‌كه ئاوها ناكه‌وێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه له بری یه‌كتر ته‌واوكردن و یه‌كتری قبوڵكردن، یه‌كتر نه‌فی ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌مه یه‌كێكه له دیارده هه‌ره نێگه‌تیڤه‌كانی سروشتی پرۆسه‌ی سیاسیی له وڵاتی ئێمه‌دا.
ستیڤان: به‌و پێیه‌ی رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆرینه‌یان سه‌ركرده‌كانی پێشووی یه‌كێتین و ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی گۆڕان له یه‌كێتی جیابۆته‌وه و هه‌مان بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی پێَشووی یه‌كێتییه. ده‌توانین بڵێین، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵگری هه‌مان ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه‌یه كه ئێستا و رابردوو یه‌كێتی نیشتمانیی به‌ده‌ستییه‌وه ناڵاندوویه‌تی؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: من هه‌میشه كه باسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانم كردووه یاخۆ ده‌یكه‌م، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خواره‌وه و ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌ی پێش له‌دایكبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بووه و ئێستا له گۆڕان ئاڵاوه، وتوومه ئه‌وه شتێكی دیكه‌یه، ئه‌دا و به‌رنامه‌ی دیكه‌ی هه‌یه، خاوه‌ن خه‌ون و خولیای دیكه‌یه له پرۆسه‌ی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، به‌ڵام بۆ سه‌ركردایه‌تی گۆڕان، رام وایه ده‌كرێ هه‌موو ئه‌و ئیشكالییه‌تانه‌ی له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستاندا هه‌بووه له‌ناو سه‌ركردایه‌تی گۆڕانیشدا بوونی هه‌بێت.
ستیڤان: له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا له شاری هه‌ولێر، خوێندكار و رۆژنامه‌نووس "سه‌رده‌شت عوسمان" دیار نه‌ما و پاش چه‌ند رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ی به‌كوژراویی له شاری موسڵ دۆزرایه‌وه. ئه‌م باره و كه‌یسی سه‌رده‌شت چه‌ندان خوێندنه‌وه‌ی جیا جیای به‌دوای خۆیدا هێناوه، ئێوه چ خوێندنه‌وه‌یه‌كتان بۆ ئه‌و رووداوه هه‌یه و پێتانوایه ئیدی ئازادیی نووسین له كوردستاندا له بن هه‌ڕه‌شه‌دایه؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: تیرۆركردنی قوتابییه‌كی زانكۆ له به‌هاری ته‌مه‌نی گه‌نجی خۆیدا، كه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك خه‌ون و خولیا بووه، دیارده‌یه‌كه پێمانده‌ڵێت له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا ده‌كرێت كه‌سێك كه هه‌ر خه‌ون و خولیایه‌كی هه‌یه به‌جۆرێك له جۆره‌كان رووبه‌ڕووی مه‌ترسی و تیرۆر ببێته‌وه. دیارده‌ی تیرۆر دیارده‌یه‌كی مێژووییه، له‌وه‌ته‌ی ململانێ په‌یدا بووه ئه‌و دیارده‌یه‌ش هه‌یه. تیرۆر هه‌ڵگری هیچ ناسنامه‌یه‌ك نییه، تۆ بڵێیت ته‌نیا ئیسلامییه‌كان، عه‌لمانییه‌كان یان ماركسیسته‌كان ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، ئه‌م دیارده‌یه به‌درێژایی مێژوو هه‌بووه و ئێستاش به‌رده‌وامه له‌هه‌موو دونیادا. له عێراقدا تیرۆرێكی زۆر هه‌یه، له كوردستانیش ساڵانێكی زۆر شاهیدی چه‌ندان تیرۆر بووین.
سه‌رده‌شت عوسمان قوتابی و رۆژنامه‌نووسێكه شه‌هید بووه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆن و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه، ئه‌ركی نووسه‌ر و رۆشنبیرانی میلله‌تی ئێمه‌یه پرۆتستۆی ئه‌م تیرۆره قێزه‌ونه بكات و به‌دوایدا بچێت و له‌سه‌ر بنووسێت و به ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ده‌سه‌ڵات بڵێت كه ئه‌وان به‌رپرسیارن له لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، به‌ڵام ناكرێت پێشوه‌خت و پێش ئه‌وه‌ی دادگا مه‌سه‌له‌كه یه‌كلا بكاته‌وه، ئێمه بڵێین سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیاره له‌م تاوانه، به‌رپرسیاربوون له تاوان بابه‌تێكه و به‌رپرسیاربوون له‌وه‌ی تۆ كه ژیانی خه‌ڵك بپارێزیت و ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌كی تیرۆر روویدا به‌دواداچوونی بۆ بكه‌یت و بیدۆزیته‌وه و تاوانباران بگریت و بیانده‌یت به دادگا شتێكی تره.
من پێموایه ئه‌و تیرۆره‌ی سه‌رده‌شت كاره‌ساتێك بوو هه‌موومان دژی بووین و هه‌موومان، هه‌ریه‌ك له شوێنی خۆمانه‌وه به‌شدارییه‌كمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگێك بهێنینه سه‌ر شه‌قام بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین نا بۆ تیرۆر له كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌مه شتێكه و ئه‌وه‌ی یه‌كجار گه‌وره كرا و ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و میدیای ئه‌هلی مامه‌ڵه‌یه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌ساته نه‌كرد بێگوومان شتێكی تره.
من نامه‌وێت بچمه ناو ورده‌كاریی رۆژنامه‌كانه‌وه، به‌ڵام به نیازم لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی درێژ بنووسم له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی میدیا و ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ دیارده‌ی تیرۆر له كوردستاندا، كه هه‌ندێكجار ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات تیرۆر ترس و تۆقاندن له دڵی ئێمه‌دا بچێنێت، ئه‌وه خراپ مامه‌ڵه‌كردنی میدیا چه‌ند قات ئه‌وه زیاتر ده‌كات و میدیا له‌م ماوه‌یه‌شدا ئه‌م ترس و تۆقاندنه‌ی زۆر له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر كردووه، كه ئه‌مه هه‌م بۆ پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان زه‌ره‌رمه‌نده و هه‌م له‌سه‌ر سایكۆلۆجییه‌تی تاكی كورد زه‌ره‌رمه‌نده، چوونكه ئه‌وه كاره‌ساته ئێمه وا له‌خه‌ڵك بكه‌ین هه‌ستبكه‌ن له وڵاتێكدا ده‌ژین كه بۆنی خوێنی لێدێت، له‌كاتێكدا ئه‌مه هه‌رگیز وانییه.
من ئێستا هه‌ندێك مانشێتی رۆژنامه‌كانم له بیر ماوه كه ده‌یانووت شه‌قامه‌كانی پایته‌ختی كوردستان بۆنی خوێنیان لێدێت!، ئه‌م قسه‌یه بۆ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان راست بوو، له كاتێكدا رۆژانه له سلێمانی و له هه‌ولێر سی تا چل ته‌رم و لاشه‌ی كوژراو ده‌كه‌وتن و ئه‌م وڵاته بۆنی خوێنی گرتبوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر له شه‌ش مانگدا كه‌سێك تیرۆر بكرێت، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه كارێكی خراپه و ده‌بێت له دژی بوه‌ستین، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه وڵات بۆنی خوێنی لێدێت، بۆیه ده‌بێت میدیای ئه‌هلی به‌دیقه‌تتر بێت له داڕشتنی مانشێته‌كانی خۆیدا، بۆئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر ترس و تۆقاندن له دڵی خه‌ڵكیدا نه‌چێنێت.
ستیڤان: پێتوانییه كه‌یسی شه‌هیدی رۆژنامه‌نووس "سه‌رده‌شت عوسمان" زیاد له‌وه پێشبینی ده‌كرا، ورووژێنرا و به‌كارهێنرا له گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی رووتدا، به‌تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زوو ئه‌م هه‌له‌ی قۆسته‌وه بۆ ده‌ستپێكردنی گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی نوێ و بۆ دامه‌زراندنی سه‌ره‌تای ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ پارتیدا؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: پێشتر له وه‌ڵامی پرسیارێكدا وتم، ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ئه‌وه‌یه هه‌ر كاتێك قه‌یرانێك دروست ده‌بێت، ئه‌و هه‌وڵده‌دات چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه بكات یان ده‌بێته به‌شێك له چاره‌سه‌ر، نه‌ك ئه‌وه‌ی خودی خۆی قه‌یران بخوڵقێنێت. من پێموایه هه‌م بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌م به‌شێك له میدیای ئه‌هلی، ئه‌م كه‌یسه‌یان سیاسه‌تاویی كرد بۆ به‌لاداخستنی ململانێیه‌ك كه خوی له كۆمه‌ڵگه‌دا بوونی هه‌یه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه شتێكی ته‌ندروست و ره‌وا و ئاساییه، به‌ڵام ناكرێت تۆ وه‌ك هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵات، قه‌یرانێكی ئاوها یاخۆ تیرۆر و رووداوێكی ئاوها بكه‌یته به‌شێك له‌و ململانێیه‌دا. ئه‌مه‌یان كارێكی ره‌وا نییه.
ستیڤان: دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی تیرۆركردنی "سه‌رده‌شت عوسمان" ئه‌و گرژیی و ئاڵۆزییه‌ی زۆره‌ی له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا دروستبوو، پێتانوایه دۆخی باشووری كوردستان به‌چ ئاقارێكدا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت؟. پێتوایه ئه‌نجامه‌كانی پاش تیرۆری ئه‌و رۆژنامه‌نووسه گه‌نجه له كوردستان چۆن ده‌بن؟. پێشبینی ده‌كه‌ی دوای خاوبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كان، بارودۆخه‌كه به‌ته‌واویی ئاسایی ببێته‌وه؟.
پشكۆ نه‌جمه‌دین: من هیوادارم هه‌موو لایه‌نه‌كان خاو ببنه‌وه و به‌عه‌قڵانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا بكه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی لۆجیكی بتوانن ئه‌و قه‌یرانه به ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر بكه‌ن. من پێموایه كه هه‌موو لایه‌كیش له ئاستی به‌رپرسیارێتیدایه، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له لایه‌نه‌كان، زیاد رۆیشتووه و هه‌ڵچووه یان مامه‌ڵه‌ی خراپی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه كردووه، ئیدی ده‌بێت له‌وه تێبگات ئێمه نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای تیرۆركردنی كه‌سێك "كه وه‌ك وتم تیرۆر دیارده‌یه‌كی زۆر قێزه‌ونه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا" سه‌رجه‌می پرۆسه‌كه بشێوێنین.
من پێموایه هه‌م بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌م پارتی دیموكراتی كوردستان به‌جۆرێك له جۆره‌كان ئێستا خاویان كردۆته‌وه و هیوا و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له ئارادا هه‌یه كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك شتی هاوبه‌ش هه‌ردوولا دانیشن و كۆببنه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و كۆتایی هێنان به‌و ئاڵۆزییه‌ی ئێستا. ئه‌مه لایه‌نێكییه‌تی و لایه‌نێكی دیكه ئه‌وه‌یه ئێمه ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ی له دژی ئه‌و تیرۆره هه‌ڵوێستمان نیشاندا هه‌ر وابین و نه‌ك نابێت بێده‌نگ بین ئه‌گه‌ر له ئاینده رووداوی وه‌ها روویدا و دووباره بووه‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێت ئێستاش وه‌كوو كه‌سانێك كه له بواری میدیا و رۆشنبیرییدا كارده‌كه‌ین هه‌میشه هه‌ڵوێستمان له دژی تیرۆر ده‌رببڕین.
هه‌م میدیا به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی و هه‌م خودی ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت به‌دوای ئه‌وه‌دا بچن و سووربن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت تاوانبارانی ئه‌م تیرۆركردنانه بدۆزرێنه‌وه و بدرێنه دادگا، به‌ڵام لایه‌نێكی دیكه‌شی ئه‌وه‌یه كه ناكرێت ئه‌وه بكه‌ینه هۆكاری ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌می پرۆسه‌كه تێكبچێت، بۆیه له‌م مامه‌ڵه‌یه‌دا ده‌بێت هه‌م خودی ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌م میدیا به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی زۆر زیره‌كانه‌تر و عه‌قڵانیتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌دا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی فه‌زایه‌كی سیاسیی وه‌ها نه‌خوڵقێنین كه وه‌ك له پێشه‌وه وتم سه‌رجه‌می پرۆسه‌كه‌مان لێ تێكبدات.
ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌بێت هه‌موو ئه‌وه بزانین كه پرۆسه‌یه‌كی ئاشتی و دیموكراتی و سیاسیی له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه كه پڕیه‌تی له ئیشكالات و قه‌یران، كه پڕیه‌تی له كه‌لێن و كه‌له‌به‌ر، كه پڕیه‌تی له ناعه‌داله‌تی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فكر و باكگراوه‌ندی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام چاككردنی ئه‌مه زه‌مه‌نی ده‌وێ، به‌رنامه و كاركردنی زۆری ده‌وێت، مامه‌ڵه‌ی عه‌قڵانیتری ده‌وێ بۆئه‌وه‌ی بتوانین به ئامانجێكی پۆزه‌تیڤ بگه‌ین.
پشكۆ نه‌جمه‌دین
+ساڵی 1954 له گوندی عه‌بابه‌یلێی نزیك هه‌ڵه‌بجه له دایكبووه.
+ساڵی 1977، كۆلێجی كشتوكاڵی له زانكۆی سلێمانی ته‌واو كردووه.
+له‌ساڵی 1978ه‌وه تا ساڵی 1988 كادر و لێپرسراوی نێو ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی و كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووه.
+یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی رێكخراوی "ئاڵای شۆڕش" و له‌و سۆنگه‌یه‌دا زیاتر له 2 ساڵ له شاخ زیندانی كراوه.
+له ساڵی 1989وه له وڵاتی سوێد ده‌ژی.
+له ساڵی 1992وه پێبه‌ستبوونی له‌گه‌ڵ حزب و رێكخراوی سیاسیی كوردیدا پچڕاندووه.
+له ساڵی 1989وه، له كایه‌كانی فه‌رهه‌نگ و لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسیی و ئه‌ده‌بیدا كار ده‌كات.
+چالاكییه‌كانی له بواری نووسیندا، جگه له وتار و لیكۆڵینه‌وه‌ی نێو گۆڤار، رۆژنامه و ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كان، 11 كتێب و نامیلكه‌ی (شیعر، ئه‌ده‌بی منداڵان، چیرۆك، ساتیر، لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسیی، وه‌رگێڕان، یاده‌وه‌ریی) چاپكردوون. به‌رگی یه‌كه‌می "ئه‌زموون و یاد" ئه‌مساڵ، چاپی یه‌كه‌می له كوردستان و چاپی ئه‌وروپایشی، له سوێد، بڵاوكرانه‌وه.
+دوابه‌رهه‌می (ژنێك له دارگێلاس) "كۆمه‌ڵه‌شیعر" و له سێبه‌ری ئه‌ده‌ب و ئاستانه‌ی سیاسه‌تدا "لێكۆڵینه‌وه و دیمانه له‌مه‌ڕ ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت"، له‌مانگی نۆڤامبه‌ری 2009، له كوردستان، چاپ و بڵاوكراو‌نه‌ته‌وه. به‌رهه‌می داهاتووشی، به‌رگی دووه‌می ئه‌زموون و یاد (ئاڵای شۆڕش و حیكایه‌ته‌كانی زیندان) ه كه له چه‌ند مانگی داهاتوودا، چاپ و بڵاوده‌كرێته‌وه.
Shamzini79@hotmail. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
