دوای تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان و تۆمه‌تباركردنی پارتی، په‌شێوی و ئاڵۆزی له نێوان پارتی و گۆڕان دروست ده‌بێت، به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب نووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاراس له‌م دیمانه‌یه‌ی رووبه‌ردا له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه پێی وایه كێ هه‌یه رازی بێ بێ خه‌تا یان بێ به‌ڵگه تۆمه‌تبار بكرێ، پارتی نه‌بێ هه‌ر كه‌سی تر بێ به‌رگه‌ی شتی وا ناگرێ و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌بێ.
* له سه‌رده‌می دیموكراسی و ئازادیی ڕاده‌ربڕیندا هاتنه سه‌ر جاده و ئه‌و جۆره مانگرتنه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا كرا، تا چه‌ند ده‌چێته قاڵبی تێكدانی دۆخی ئارامییه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی ده‌كه‌ن، له كاتێكدا هیچ رووداوێكی دڵته‌زێنی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه؟
ـ تۆ بۆچی وای لێك ده‌ده‌یه‌وه كه‌وا كێشه هه‌یه له‌گه‌ڵ مانگرتن و خۆپێشانداندا! ئه‌م جۆره چالاكییانه به‌شێكن له ماف و ئازادیی خه‌ڵك، به‌پێی یاساش هاتوونه‌ته پاراستن. كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌ما جارێكی تر به‌مانگرتن و خۆپێشاندان بڵێ گێره‌شێوێنی. باوه‌ڕ ناكه‌م پارتیش وای گوتبێ، واشی گوتبێ نابێ مه‌به‌ستی له كرده‌وه‌كه خۆی بێ، مه‌به‌ستی ئه‌و شێوازی به‌ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كه و ئه‌و ئاراسته‌یه‌یه كه وه‌ری گرت. ئاخۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و خه‌یاڵه چییه كه حزبی كوردی دیكتاتۆرییه و دژی ماف و ئازادییه‌كانی خه‌ڵكه، یان پیشه‌ی ئه‌وه‌یه ببڕی و بكوژی وه‌ك كه به‌شێك له میدیای كوردی ده‌یه‌وێ وا وێنه‌ی بكێشی. چما دیموكراسیی كوردستان به‌شێك نییه له خه‌باتی گه‌لی كورد به‌ڕابه‌رایه‌تیی پارتییه سیاسییه‌كانی به‌تایبه‌تی پارتی؟
پوخته‌ی پرسه‌كه ئه‌مه‌یه: لاوێك هاتووه‌ته كوشتن و ئه‌مه ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه. ناشزانین سه‌باره‌ت به‌چییه‌وه هاتووه‌ته كوشتن، ئاخۆ سه‌باره‌ت به‌پرسی نووسین و ئازادیی بیركردنه‌وه و ده‌ربڕینه‌وه هاتووه‌ته كوشتن یاخۆ شتێكی تر. هێشتا لێكۆڵینه‌وه و سه‌ره‌داوێك له‌ده‌ستدا نییه. ڕاسته شێوازی تیرۆركردنی ئه‌و لاوه له 4 ئایاره‌وه كوردستانی شڵه‌ژاندووه و زۆریش په‌له‌مانه بزانین ده‌ستی كێ له پشتی ئه‌م تاوانه‌وه هه‌یه.
وه‌ك ده‌بینین هێشتا لێكۆڵینه‌وه هیچی نه‌گوتووه، له‌م دۆخه‌دا. پاڵه‌په‌ستۆكردن ڕه‌وایه به‌ڵام ناشی چاوه‌ڕان بین پۆلیس و ئاسایش ته‌قه به‌تاریكییه‌وه بنێن و بیخه‌نه ئه‌ستۆی لایه‌نێكه‌وه بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی پی سه‌لمێنیان له به‌رده‌ستدا هه‌بی؟ نابی مرۆڤ په‌له بكا هه‌رچه‌نده زۆریش نیگه‌ران بی. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی رژاوه‌ته سه‌ر جاده و داوای سزادان و لێپێچینه‌وه له تاوانباران ده‌كا، مافی خۆیه‌تی سه‌تی سه‌ت، بگره ده‌بی به‌هه‌موو هێزیشه‌وه پشتیوانیی ئه‌و جه‌ماوه‌ره بكه‌ین، كه‌س نییه نكووڵیی هه‌بی له‌مه. كه‌سیش به‌م رابوون و هه‌ڵستانه‌ی خه‌ڵكی نه‌گوتووه گێره‌شێوێنی، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی به‌رپرسیاره‌تی و ژیریی لاوانی كوردستانه و شانازییان پێوه ده‌كه‌ین. به‌ڵام شتێك هه‌ڵه‌یه له پرۆسێسه‌كه‌دا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه تۆ ناتوانی بی لێكۆڵینه‌وه لایه‌نێك و كه‌سێك تۆمه‌تبار بكه‌ی. خۆپێشاندانه‌كه جێی گومان نییه، تۆمه‌تباركردنی بی به‌ڵگه جێی گومانه. ئه‌مه نیگه‌رانییه‌كی تره و كه‌متر نییه له نیگه‌رانیمان له تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان. كی هه‌یه ڕازی بی بی خه‌تا یان بی به‌ڵگه بێته تۆمه‌تباركردن؟ پارتی نه‌بی هه‌ر كه‌سی تر بی به‌رگه‌ی شتی وا ناگری و به‌رته‌كدانه‌وه‌ی ده‌بی.
* هه‌ر جارێك هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌نه‌غمه‌ی حزبه‌كان نه‌خوێنن پێیان ده‌وترێ گێره‌شێوێن و ده‌ستی ده‌ره‌وه، ئه‌م ئیشكاله ته‌نیا له پاریتیدا نییه، بگره له سه‌رجه‌م حزبه كوردییه‌كاندا هه‌یه، ئه‌م جۆره تێڕوانینه‌ی حزب له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟ ئه‌مه مانای بچووككردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه نییه له حزبدا؟
ـ دیموكراسی وه‌ك كاڵایه‌ك له ده‌ره‌وه‌را هاتووه بۆ وڵاتی ئێمه. هیچ پێشینه و كولتوور و ئه‌زموونێك له‌لای ئێمه نییه له بواری مه‌شقی دیموكراسیدا. بێگومان له‌مه‌ودوا و سه‌دان جاری تریش له‌سه‌ر مه‌شقی دیموكراسی ده‌بێته‌وه كێشه‌مان و به‌رۆكی یه‌كتر ده‌گرینه‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌تایه و هێشتا نووكه، نابی چیكڵدانه‌مان ئه‌وه‌نده ته‌نگ بی ئه‌گه‌ر كرۆكی پرسه‌كه به‌لامانه‌وه پرسی دیموكراسی بی. به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وی پرسه‌كه هێنده پرسی دیموكراسی نییه ئه‌وه‌نده‌ی كارنامه‌ی تری تێكه‌ڵ بووه. وه‌ك له ڕوودا دیاره زیاتر هه‌ڵپه‌ی گه‌یشتنه به‌كورسی. ئۆپۆزیسیۆن له كوردستان داوای كورسیی ده‌سه‌ڵات ده‌كا، ئه‌مه مافی خۆیه‌تی و لێی مباره‌ك بی ئه‌گه‌ر پێی گه‌یشت، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ی دیموكراسی ئه‌وه‌یه به‌خه‌باتی ئاشتییانه بگه‌ی به‌و مه‌به‌سته نه‌ك به‌گه‌نگه‌شه و چاووڕاو و په‌لاماری ناخافڵه‌كی و بی واتا.
من له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌ی تۆدا نیم كه ده‌ڵێی ئه‌وه‌ی له كوردستان به‌ئاوازی حزب نه‌خوێنی به‌لای حزبه‌وه گێره‌شێوێن و ده‌ستی ده‌ره‌وه‌یه. هیچ وا نییه. ده‌سه‌ڵاتی كوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسییه. بۆ ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ی ئێمه زۆر باشه و لێشمان زیاده‌یه. له ماوه‌ی كه‌متر له ساڵێكدا دوو هه‌ڵبژاردنی گشتی هاتوونه‌ته كردن، وه‌ك ده‌بینین ده‌سه‌ڵاتی نه‌رێتیی كوردی كه دوو حزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه، زۆر كورسییان دۆڕاندووه. پێشی ناڕه‌حه‌ت نه‌بوون و به‌سنگی فره‌وانه‌وه وه‌ریان گرتووه. كێشه له كوردستان له‌وه‌دا نییه بڵێی ده‌سه‌ڵات چیكڵدانه‌ی ته‌نگه و به‌هه‌ڵسوكه‌وتی دیموكراسییانه ده‌ته‌قی یان ده‌تۆقی، ده‌ق پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه راسته. چیكڵدانه ته‌نگ و پشووكورت و ته‌نگه‌تیلكه و له‌خۆبایی ئه‌وه‌یه كه ناوی له خۆی ناوه ئۆپۆزیسیۆن. خۆی به‌لاس و په‌ڵاسدا بردووه بۆ كورسیی ده‌سه‌ڵات، وه‌خته سوێی بێته‌وه. با دڵنیاش بی، ئه‌و به‌م شێوازه كار بكا نه‌ك ناگا به‌و كورسییه، بگره ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستیشی هێناوه دای ده‌نێته‌وه. ئۆپۆزیسیۆنی كوردی له راستیوێژیی خۆیدا به‌لای جه‌ماوه‌ره‌وه، به‌شی كه‌تنێكی تری ماوه پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره له پرسی سه‌رده‌شتدا قه‌وماندی.
* تۆمه‌تباركردنی پارتی تا چه‌ند ڕه‌وایه له كاتێكدا بكوژانی سه‌رده‌شت هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه؟
ـ ڕۆژانه كاری توندوتیژی و تیرۆر و ڕه‌شه‌كوژی له دنیادا ڕوو ده‌ده‌ن. زۆرجار بكه‌ر له سه‌ره‌تاوه نادیاره، بڕێك كاتی ده‌وی تا دێته وه‌دۆزین. ئه‌مه‌ریكا به‌و زلهێزییه‌ی خۆی و سی ئای ئه‌ی و سه‌ت و یه‌ك هۆیه‌لیه‌وه، زۆرجار ساڵان پێوه ده‌بی تاوه‌كو بكه‌ری كرده‌وه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه. من له خۆمه‌وه ناتوانم بڵێم بكوژی سه‌رده‌شت كێیه یان كی نییه، كه‌سیش ئه‌مه نازانی مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه خۆی ده‌ستی هه‌بێ له كرده‌وه‌كه‌دا. نهێنیی ئه‌م ڕووداوه بۆ داووده‌زگه‌ی پۆلیس و ته‌ناهی و دادوه‌ری دێته هێلان تا ده‌یدۆزنه‌وه.
به‌ڵام من وه‌ك خه‌یاڵ ده‌كه‌م و بۆی ده‌چم كاری وا نابی له پارتی بوه‌شێته‌وه. پارتی چۆن دۆخی هه‌ولێر ده‌شڵه‌قێنی؟ پارتی هێنده به‌په‌رۆشی پاراستنی هه‌ولێره، هێنده به‌په‌رۆشی هیچ شتێكی تر نییه، له‌و حزبانه‌ش نییه شه‌ق له ده‌سكه‌وتی خۆی هه‌ڵبدا. خووی پارتی ئه‌وه‌یه كه وه‌ك بیلبیله‌ی چاو ده‌سكه‌وت بپارێزێ. هه‌روه‌ها له‌و حزبانه‌ش نییه به‌قسه‌ی دوو لاو و ڕۆژنامه‌نووس بكه‌وێته په‌له‌قاژه و ڕاست و چه‌پی خۆی لی تێكه‌ڵ ببی. ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و وتارانه‌ی ده‌درێته پاڵ سه‌رده‌شت، به‌ڕاستیش ئه‌و نووسیبنی، كه دڵنیاش به وا نییه، به‌شی ئه‌وه ناكه‌ن پارتی لووتی لی لار بكاته‌وه. وه‌ك من تێی ده‌گه‌م پارتی وه‌ك حزبێكی ڕه‌سه‌ن له مێژووی بزاوی كوردیدا زیته‌ڵه‌یی و ده‌مهه‌راشیی ئه‌مڕۆی لاوانی كوردستان و وریایییان، به‌ده‌سكه‌وتی خۆی ده‌زانی نه‌ك فیتی ده‌ره‌كی و ده‌ستی گێره‌تێكده‌ر. له‌به‌ر هه‌ندی منیش ده‌ڵێم په‌نجه و تلییه‌كی گوماناوی هه‌یه له پشت تۆمه‌تباركردنی پارتییه‌وه. ئه‌م تۆمه‌تباركردنه وا به‌م ده‌موده‌ستی و وا به‌م به‌ڵگه‌یییه سه‌رنج و خه‌یاڵ بۆ ئه‌وه راده‌كێشن كه پیلانێك هه‌بی له ئارادا، ئه‌و پیلانه به‌لای كه‌مه‌وه دوو خاڵ ده‌گرێته خۆ: یه‌كیان كوشتنی سه‌رده‌شت و دوویان تۆمه‌تباركردنی لایه‌نێك كه پێشتر دیاری كراوه، واته پارتی. هه‌ر ده‌ڵێی چیڕۆكێكه و ده‌بی بێته ته‌واوكردن به‌پێی نه‌خشه.
* له وتارێكدا له‌سه‌ر كوشتنی سه‌رده‌شت ئاماژه به‌مامه‌ڵه‌كردن به‌خوێنی وشه‌وه ده‌كه‌ی، مه‌به‌ستت له‌مه چییه؟
ـ كێشه‌كه ماخۆلیایه. ڕۆشنبیر نابی ماخۆلیای هه‌بی. ماخۆلیا نه‌خۆشییه. به‌داخه‌وه له كوردستان له‌شكرێك له رۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووس هه‌یه كاریان ئه‌وه‌یه به‌فیكه كار ده‌كه‌ن. وه‌ك تیپی ساز و ژه‌نین ئاماده‌ن بۆ هه‌ر ئاماژكه‌یه‌كی له سه‌ره‌وه بۆیان بی. ئه‌مه گۆمی ئه‌زموونی دیموكراسیی كوردستان خراپ شێلوو كردووه. به‌شێك له‌مانه له‌پێناو ده‌سكه‌وت و سه‌رقه‌ڵه‌مانه وا ده‌كه‌ن. به‌شێكی تر حه‌زیان له خۆنواندنه. ئه‌مانه هه‌رچه‌نده "به‌لای منه‌وه" نه‌خۆشیشن، وه‌لی مافی خۆیانه بگه‌ن به‌شتێك كه له‌لایان بووه به‌خولیا، یان پێیان وایه به‌م چه‌قه‌نه‌لێدانه ده‌بن به‌ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئاسمان و ده‌رده‌كه‌ون، پیرۆزیان بی، كه‌س ئه‌م حه‌ز و خولیایانه ره‌ت ناكاته‌وه هه‌رچه‌نده به‌دڵیشی نه‌بی و به‌نه‌خۆشیشی بزانی. ڕه‌خه‌نه‌كه ته‌نیا ئه‌وه‌یه ئه‌م مافانه نابی له‌سه‌ر حسێبی خه‌ڵكی تر بی یان به‌چاوبه‌ستنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و دووڕوویی له ئاست ئه‌م و ئه‌ودا بێنه دی. تۆ سه‌رنج بده ئه‌م هه‌ڵڵایه چیی لی دی له كۆتاییدا، ئه‌گه‌ر چۆن ده‌ڵێم وا ده‌رنه‌چوو وه‌ره‌وه به‌رۆكم بگره. ئه‌م (ئه‌رته‌ش) ه له ڕۆشنبیرانی چه‌قه‌نه‌لێده‌ر كه بوونه‌ته هۆی گرژبوونی باری سیاسیی نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان، دوای به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌و لایه‌نانه و رێككه‌وتنیان، ئه‌مان خۆیان ده‌پووكێنه‌وه و پایدۆزی لی ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه خوێنی سه‌رده‌شتیتش له‌م نێوانه‌دا ببی به‌به‌ردی بن گۆم. ڕاستیت پی بڵێم ئه‌و له‌شكره‌ی ناوم هێنا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانی و ڕۆشنبیری له كوردستان ببی به‌كاڵایه‌كی ئه‌نباره‌پۆی كه‌س نه‌كڕ. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بازرگانی نه‌بی به‌خوێنی سه‌رده‌شته‌وه، ئه‌دی چییه؟ ته‌نانه‌ت بازرگانییه به‌ڕۆشنبیریشه‌وه.
* میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له قسه‌كانیاندا به‌ری ئۆپۆزسیۆن تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، ئه‌مه هه‌مان نه‌غمه نییه كه ئۆپۆزسیۆن كاری له‌سه‌ر كردووه له ماوه‌ی رابردوودا؟
ـ من ده‌مڕاستی پارتی نیم، تا له جیاتی ئه‌و وه‌ڵام بده‌مه‌وه، به‌ڵام وه‌ك چاودێرێك ده‌ڵێم دۆخه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌ی لی ده‌گونجا كه پارتی كردی. ڕاگه‌یاندنی ئۆپۆزیسیۆن به‌تایبه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر بی واتایانه و بی ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یان له‌لا بی دۆخه‌كه‌یان شێواند و پارتییان ئاراداوی كرد و له خۆڕایی ریسوایان كرد. ئه‌مانه له چاوگه‌ی كولتووری خۆیانه‌وه له به‌رامبه‌ره‌كه‌یان ده‌ڕوانن. لایه‌نی به‌كارهێنی توندوتیژی، به‌لایه‌وه به‌رامبه‌ره‌كه‌شی وه‌ك خۆیه‌تی. مایه‌ی خۆشحاڵی و هه‌روه‌ها شانازیشه كه گرینگ‌ترین باڵی بزاوی سیاسیی كوردی له رابردووی خۆیدا بێ به‌ش بووه له كولتووری رق و توندوتیژی. ئه‌مه‌ش بنه‌وێیه‌كی باشه بۆ داهاتووی دیموكراسی له كوردستان، مه‌به‌ستم له‌و لایه‌نه پارتییه.
* به‌شێك له چاودێران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه به‌یاننامه‌كه‌ی پارتی بۆنی شه‌ڕی ناوخۆی لێ دێت، پێت وا نییه پێویسته پارتی به‌دوای بكوژانه‌وه بێ وه‌ك له‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكا؟
ـ یه‌كه‌م شت، كاری پارتی نییه به‌دوای بكوژدا بگه‌ڕی و بیدۆزێـته‌وه، ئه‌مه كاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه. دووه‌م میدیای كوردی، واته ئه‌و میدیایه‌ی خۆی به‌بێَلایه‌ن پێشان ده‌دا، تا سه‌رۆكی حكوومه‌ت له پارتی بوو، یه‌خه‌ی حكوومه‌تی گرتبوو، ئێستاش هاتووه پارتی به‌ده‌سه‌ڵات داده‌نێ كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت له حزبێكی تره. بێگومان بۆ پارتی زۆر باشه، كه تۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌م وڵاته له‌ودا ببینی، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه ڕاسته؟ من چاوه‌ڕوانی پۆلیس و ئاسایشی حكوومه‌تی هه‌رێمم له‌م پرسه‌دا، له‌گه‌ڵ ڕێزی بێ سنووریشم بۆ ڕێكخستنه‌كانی پارتی و لێوه‌شاوه‌یییان كه بێگومان پاڵپشتی له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن.
ئه‌م داووده‌زگایانه به‌ڵێنیان داوه بێ‌وچان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی بكه‌رانی ئه‌م كاره تیرۆرییه‌وه بن، كه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی تاساندووه. باوه‌ڕیش ناكه‌م ده‌رفه‌تی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوه‌خۆ له‌كایه‌دا مابی وه‌ك ناحه‌زانی كوردستان ده‌یخوازن و كاری بۆ ده‌كه‌ن. نابی ئێمه بیر له سیناریۆی رادیكالانه بكه‌ینه‌وه، ده‌بی پێمان وابی داووده‌زگای پۆلیس و ئاسایش و ئاژانسی پاراستن و هه‌موو لایه‌نێكی به‌رپرسیار، كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن بكوژان و تیرۆرستان بدۆزنه‌وه، به‌مه‌ش هه‌موو لا بی خه‌م ده‌كه‌ن و ناهێڵن خه‌ونی ده‌ره‌كی له كوردستان بێته‌دی.
