* له‌دنیابینی عه‌ره‌بی سووننه‌دا كورد شایانی جینۆساید و قه‌لاچۆكردنه
- *لای سووننه ناسنامه‌ی عێراق ناسنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه و ئه‌وان خاوه‌نی كه‌ڵچه‌ری به‌عسیزمن كه لوتكه‌ی فاشییه‌ته
- *ناكۆكی و توندبوونی ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان هێز و قه‌واره سیاسییه‌كانی هه‌رێم، زاده‌ی بارودۆخێكی كاتی و نائاسایی بوو
- *مام جه‌لال خاوه‌نی دیبلۆماسییه‌تێكی ئارام و كراوه و كارا و كاریگه‌ره
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس نووسه‌ر و رووناكبیر، كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه باس له‌پێشهات و ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتووی كوردستان و عێراق ده‌كات. سه‌ره‌تا ئاماژه به‌گرنگیی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق ده‌كات له‌لایه‌ن كورده‌وه به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن خودی "جه‌لال تاڵه‌بانی"یه‌وه. له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات مام جه‌لال كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی ناسراو و خاوه‌نی دیبۆماسییه‌تێكی سه‌ركه‌وتووه بۆیه گرنگه بۆ خولی ئاینده‌ش جارێكی دیكه‌وه ببێته‌وه به سه‌رۆك كۆماری عێراق. له‌باره‌ی هه‌وڵی سووننه‌كانیشه‌وه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێیوایه كه سووننه‌كان به‌درێژایی مێژوو ئه‌و پۆسته‌یان مۆنۆپۆڵكردووه، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه گۆڕاوه. له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا باس له‌یه‌كگرتوویی و یه‌كهه‌ڵوێستیی لایه‌ن و لیسته كوردستانییه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی عێراق و پێیوایه كه ناكۆكیی و كیشه‌كانی ناوخۆی كوردستان كاتی و راگوزه‌رن بوون و به‌پێچه‌وانه‌وه هێزه كوردییه‌كان له‌ئاستی عێراقدا تارادده‌یه‌كی باش یه‌كگرتوو و هاوهه‌ڵوێست ده‌بن له‌پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا.
ئاسۆ: پۆسته سیادییه‌كان بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كان له‌عێراقی دوای "سه‌ددام"دا سه‌نگ و كاریگه‌ریی مه‌زنیان هه‌یه، پۆستی "سه‌رۆك كۆمار"یش یه‌كێكه له‌پۆسته گرنگه‌كان هه‌ر بۆیه لایه‌نی سووننه زۆر به‌گرنگییه‌وه ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و پۆسته وه‌ربگرن. له‌ئێستاشدا تارق هاشمی و چه‌ندینی تر خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته ئاماده كردووه. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه پێتانوایه سووننه‌كان ده‌توانن ركه‌به‌رایه‌تی تاڵه‌بانی بكه‌ن؟.
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس: ئه‌زموونی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی تاڵه‌بانی، ئه‌زموونێكی جێگای ستایشی كۆی ئه‌تنیك و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی عێراق بوو. ئه‌زموونێكی جێگه‌ی بایه‌خی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیی و ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییه‌كان به‌تایبه‌ت دوو دراوسێ كاریگه‌ره به‌رچاوه‌كه‌ی عێراق (ئێران و توركیا) بوو. ئه‌زموونێك بوو، بۆ زلهێزه‌كانی خۆرئاوا به‌ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، جێگه‌ی ئومێد و جێگه‌ی ستایش و جێگه‌ی بایه‌خ و جێگای سه‌رسوڕمان بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی مام جه‌لال تاڵه‌بانی به‌حیكمه‌تی سه‌ركۆمارییانه‌ی خۆی و به‌دیبلۆماسییه‌تێكی ئارام و كارا و كاریگه‌ره‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌ربازبوونی عێراقی ده‌كرد له‌و ته‌نگژه و پرسه ئاڵۆزكاوانه‌ی بۆ عێراقییه‌كان مایه‌ی نیگه‌رانی و بۆ ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییه‌كان جێگای دڵه‌ڕاوكێ و بۆ هێزه خۆرئاواییه‌كان مایه‌ی دۆشدامان و شپره‌زه‌یی بوون. لێره‌وه ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر پێوه‌رێكی كوردستانی و عێراقی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی شرۆڤه‌ی پرسی زه‌روره‌تی بوونه‌وه‌ی سه‌رۆك تاڵه‌بانی، به‌سه‌رۆك كۆماری عێراق بكه‌ین و له‌ڕوانگه‌ی خواست و ئیراده و به‌رژه‌وه‌ندیی كۆی گشتیی ئه‌و لایه‌نانه‌شه‌وه ته‌ماشای ئه‌م پرسه بكه‌ین و ته‌ماشای ئه‌و كۆده‌نگی و پشتیوانییه به‌رینه به‌رفراوانه هه‌مه‌چه‌شنه‌ش بكه‌ین، له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ئاستانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكردن له‌پرسی بوونه‌وه‌ی سه‌رۆك تاڵه‌بانی، به‌سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌رزبوونه‌ته‌وه، ئه‌وا لۆژیكه سیاسییه‌كه به‌ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌كات تاڵه‌بانی ركابه‌ری نییه.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی دامه‌زراندنی سیستمی كۆماریی له‌عێراقدا له‌ساڵی (1958) ه‌وه به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می به‌عسییه‌كان و دیكتاتۆرێكی سته‌مكاری سووننه مه‌زهه‌بی وه‌كوو "سه‌ددام حسێن"دا، كه‌مایه‌تییه عه‌ره‌به سووننه مه‌زهه‌به‌كانی عێراق، به‌دۆزه‌خترین و به‌قێزه‌وه‌نترین و به‌دڕندانه‌ترین شێوه، ئه‌م پۆسته‌یان مۆنۆپۆڵكردبوو. عێراق سه‌رده‌می تاریكی و سه‌رده‌می زۆرداریی و سه‌رده‌می دیكتاتۆریی به‌جێهێشت. له‌ڕاستیدا ئه‌وه تاڵه‌بانی بوو، ئیعتبار و شكۆمه‌ندیی بۆ عێراق گه‌ڕانده‌وه، تاڵه‌بانی بوو، مانای به‌چه‌مكه‌كانی هاووڵاتیبوون و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی و برایه‌تی و هاوبه‌شێتی راسته‌قینه‌ی به‌خشیی و دواجاریش كۆی گشتیی سیستمی ده‌وڵه‌تداریی عێراقی به‌هۆی ناوبانگه نیشتیمانیی و جیهانییه‌كه‌ی خۆیه‌وه خسته‌وه سه‌ر لیڤڵه نیشتیمانی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه. ئێستا دوای نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده له‌تایكی و زۆرداریی له‌م وڵاته‌دا، تاڵه‌بانی ماندێلای عێراقه و تاكه سیمبۆڵی شكۆمه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌یه، ئێستا هیچ زیاده‌ڕۆییه‌ك نییه كه بڵێین، عێراق به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه بۆ تێپه‌ڕاندنی قۆناغێكی دیكه‌ی مێژوویی گرنگتر پێویستیان به‌سه‌رۆك بوونه‌وی تاڵه‌بانی هه‌یه.
ئاسۆ: رۆڵ و ئه‌دای سه‌رۆك كۆماری ئێستا "مام جه‌لال تاڵه‌بانی"، له‌چوار ساڵی رابردوودا قسه و گفتوگۆی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت هه‌ڵسه‌نگاندن و بۆچوونی ئێوه بزانم له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ی كورد وه‌ك سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر شانۆی ناوخۆیی و جیهانی؟.
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس: له‌سه‌ر شانۆی كوردستان له‌وانه‌یه ئه‌وه‌نده به‌س بێت كه بڵێین، له‌سایه‌ی مام جه‌لاله‌وه، كورد له‌خڕی ناوزه‌نگ و له‌دۆڵی جافایه‌تییه‌وه پرسی كوردی گه‌یانده لوتكه‌ی هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵات له‌عێراقدا، له‌وێشه‌وه گه‌یاندیه كۆشكی سپی و كۆشكی ئه‌لیزابێ و تاران و ئه‌نقه‌ره و باره‌گای كۆمكاری عه‌ره‌ب و دواجار باره‌گای گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌نیۆیۆرك و پێشكه‌شكردنی یه‌كه‌مین (په‌یڤی) ره‌سمی له‌مێژووی ئه‌و رێكخراوه‌دا به‌زمانی كوردیی. مام جه‌لال بوو، به‌شكۆی سه‌رۆك كۆمارییه‌وه هاته پارله‌مانی كورستانه‌وه و به‌هه‌مان شكۆشه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌هاوینه هه‌واری سه‌لاحه‌دین به‌سه‌ر فه‌رشی سووردا به‌دوو قۆڵی رۆیشتن و دواتر بۆ سه‌رۆك و پادشاكانی دنیاشی كرد به‌نه‌ریت و ئه‌م هه‌رێمه و ئه‌زموونه كوردییه‌كه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌شی خسته ناو چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستووریدا له‌عێراق.
مام جه‌لال بوو له‌سه‌ر ئاسته عێراقییه‌كه بوو به‌چه‌تری كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كان و له‌سه‌ر ئاسته ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ش عێراقێكی سه‌ركێش و شه‌ڕانگێز و سته‌مكاری هێنایه‌وه ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له‌وڵاتێكی لاسار و دیكتاتۆره‌وه كردی به‌وڵاتی پێكه‌وه ژیان و وڵاتی ته‌وافقسازیی و كردیه‌وه به‌خاوه‌ن سه‌نگ و قورسایی و پێگه شایسته‌كه، له‌سه‌ر ئاسته ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه. ره‌نگه زیاده‌ڕۆیی نه‌بێت كه بڵێین هه‌ر "تاڵه‌بانی"یه ده‌توانێت ئیداره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی سێ ناكۆكترین پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق و دوو ناكۆكترین ده‌وله‌َته ناكۆكه‌كانی دنیاش كه (ئێران و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا) ن، له‌یه‌ك كاتدا بدات، لێره‌وه ده‌توانین بڵێین مام جه‌لال یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین فیگه‌ره كاریگه‌ره‌كانی سیاسه‌تی ئیمڕۆی دونیا و مه‌زنترین سه‌ركرده‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پڕ حیكمه‌تترین سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تداریی عێراق و سیمبوڵیتیرین فیگه‌ری ئاشته‌وایی ناو ماڵی كوردیشه.
ئاسۆ: به‌شێك له‌چاودێران پێیانوایه تاڵه‌بانی خاوه‌نی دیبلۆماسییه‌تێكی به‌هێزه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌زنی سیاسیی هه‌یه له‌جیهاندا. وه‌ك شه‌خسی خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایت تاڵه‌بانی ببێته‌وه به‌سه‌رۆك كۆماری عێراق؟.
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس: بێگومان وه‌كوو كوردێك، وه‌كوو عێراقییه‌ك، وه‌كوو عه‌لمانییه‌ك، وه‌كوو رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رێك، وه‌كوو لایه‌نگرێكی بیری سۆسیال دیموكراتی و وه‌كوو لایه‌نگرێكی سیستم و چه‌مكه‌كانی دیموكراتی و لیبرالیزم و پلورالیزم و تۆله‌ڕانس، لایه‌نگر و هیواخوازی ئه‌وه‌م بۆ خوولی دووه‌م تاڵه‌بانی ببێته‌وه به‌دلۆڤانترین و پڕ ئه‌زموونترین سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌م. ئاخر نه‌ك من ئه‌وانه‌ش كه ناخوازن تاڵه‌بانی ببێته‌وه به‌سه‌رۆك كۆمار، له‌به‌رانبه‌ر سه‌رۆك تاڵه‌بانیدا كوا ئه‌ڵته‌رناتیڤیان؟.
ئاسۆ: چاودێرانی سیاسیی و ته‌نانه‌ت تاڵه‌بانی خۆیشی دانی به‌و راستییه‌دا ناوه كه ئه‌و باوه‌ڕی به‌دیبلۆماسییه‌تی شاراوه هه‌یه له‌مه‌ڕ كێشه و پرسه گرنگه‌كان. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم دیبلۆماسییه‌تی شاراوه‌ی تاڵه‌بانی له‌ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا چ سوودێكی به‌پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد گه‌یاندووه؟.
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس: مام جه‌لال بۆ خۆی سه‌رۆكێكی كراوه‌یه و زۆر باوه‌ڕی به‌سیاسه‌تی له‌یه‌كتری تێگه‌یشتن و له‌گه‌ڵ یه‌كتری سازان و رێككه‌وتنه. مام جه‌لال چوونكه دیبلۆماسكارێكی به‌ئه‌زموون و پرۆفیشناڵه، ده‌زانێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیارده و پێشهاته دیبلۆماسییه‌كان ده‌كات. هه‌میشه به‌ئاگایه له‌وه‌ی كرده‌ی دیبلۆماسی، كرده‌یه‌كی ئێجگار هه‌ستیاره و پێویسته له‌هه‌موو كاته‌كاندا به وریایی زۆره‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌ئه‌قڵ و ستایل و شیكردنه‌وه‌یه‌كی لۆژیكییانه و له‌دواجاریشدا وه‌كوو پیاده‌كردنی پڕ حیكمه‌تترین رێسا، له‌عورف و یاسا ده‌وڵه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
من وا تێده‌گه‌م مام جه‌لال، خاوه‌نی دیبلۆماسییه‌تێكی ئارام و كراوه و كارا و كاریگه‌ر بێت. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاشنای ئه‌دگار و ره‌فتاری دیبلۆماسییه‌تی سه‌رۆك تاڵه‌بانی بم، وایده‌بینم به‌ڕێزیان دیبلۆماسكارێكی كراوه و سه‌رۆكێكی میانڕه‌و و سیاسییه‌كی پشوودرێژ بێت كه ئه‌مه‌ش وایكرده‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی به‌ڕێزیان هه‌تاكوو دێت كێرڤی ره‌وایی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد و سه‌نگی ده‌ستكه‌وته نیشتیمانییه‌كانیشی به‌ره‌و ژوور ده‌ڕوات. به‌هۆی هه‌بوونی دیبلۆماسییه‌تی مام جه‌لاله‌وه، مه‌سه‌له‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان و پشكی كورد له‌داهات و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وله‌َتی عێراقدا و پێگه و رۆڵی ئه‌و پێكهاته هه‌شتا ساڵ په‌ڕاوێز كراوه، ده‌بێته جێگه‌ی كۆده‌نگییه‌كی عێراقی و جیهانیش و دواجاریش له‌ده‌ستوور و له‌نه‌خشه‌ی عێراقێكی نوێ‌دا ده‌بن به‌یفاكتۆ.
ئاسۆ: ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عێراق قسه بكه‌ین پێچه‌وانه‌ی سووننه‌كان به‌شێكی زۆری هێزه سیاسییه شیعه‌كان پشتیوانی تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن بۆ دووباره كاندیدكردنه‌وه‌ی بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه له‌ئێستادا سووننه‌كان بۆچی نه‌یاریی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمارن له‌لایه‌ن پاڵێوراوێكی كورده‌وه؟.
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس: ئه‌وان وه‌كوو كه‌مایه‌تییه‌كی مه‌زهه‌بی سه‌ر به‌ناسیۆنالیستی سه‌رده‌سته‌ن له‌عێراقدا. خاوه‌نی هه‌شتا ساڵ مۆنۆپۆڵكردنی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی عێراقن له‌فۆڕمێكی سته‌مكارانه و رایسیستانه و تاكڕه‌وانه‌دا. له‌دنیابینی ئه‌واندا كورد هاووڵاتییه‌كی شایانی جینۆساید و قه‌لاچۆكردنه، شایانی به‌سوتماككردن و ئه‌نفالكردن و كیماویبارانكردنه، نه‌ك شایانی شه‌راكه‌ت و هاوبه‌شی و وه‌رگرتنی پۆستی سیادیی و سه‌رۆك كۆماریی. لای سووننه ناسنامه‌ی عێراق ناسنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه‌و ئه‌وان خاوه‌نی كه‌ڵچه‌ری به‌عسیزمن كه لوتكه‌ی فاشییه‌ت و به‌ربه‌رییه‌ته، چۆن ده‌توانن لایه‌نگری ئه‌وه بن كوردێك ببێت به‌سه‌رۆك كۆمار؟. له‌دیدی عه‌ره‌به سووننه‌كانی عێراقدا ئه‌وان پیرۆزترین و هه‌ڵبژارده‌ترین و سه‌ره‌كیترین پێكهاته‌ی عێراقن و خودا ئه‌وانی بۆ سه‌ركردایه‌تییكردن و براگه‌وره‌یی به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی دیكه‌دا به‌ئه‌زه‌لی ناردووه، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه بوو عێراقی كرده تاریكترین و مه‌ترسیدارترین و دۆزه‌خیترین وڵاتی دنیا.
ئه‌م بیركردنه‌وه و هه‌بوونی ئه‌م هه‌ست و سۆزه قووڵه بۆ رابردوو، بۆ سته‌مكاریی و بۆ زۆرداریی و بۆ رایسیسزم له‌فۆرمی ده‌وڵه‌تدارییدا له‌لای سووننه، وا به‌ئاسانی كۆتایی نایه‌ت. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه كه بیركردنه‌وه‌یه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها خۆی به‌پیرۆز ده‌زانێ، چۆن ده‌توانێت وا به‌ئاسانی قبووڵی ئه‌وانی دیكه‌ی جیاواز له‌خۆیان، جیاواز له‌خوێن و ده‌مارگیریی و له‌زمان و نه‌ژاددا، وه‌كوو سه‌ردار و سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن به‌سه‌ر خۆیاندا؟. ئه‌وه‌ی بۆ ساتێك له‌عێراقدا ژیابێت یان سه‌ره‌تاییترین زانیاریی له‌سه‌ر روئیا و ئیمانی سووننه مه‌زهه‌به‌كانی عێراق هه‌بێت كه به‌قووڵی بڕوایان وایه ئه‌وان تاقانه میراتگری ده‌وڵه‌تی ئیسلامین و ته‌نانه‌ت دواجار ناسنامه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش له‌ڕێگای عه‌ره‌بایه‌تی و سووننه‌گه‌راییه‌وه له‌هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانییه‌وه به‌خۆیانه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، تێده‌گات بۆچی ئه‌وان دژایه‌تی نیعمه‌تێكی خودایی وه‌كوو تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن كه ده‌ڵێی خودا به‌تایبه‌ت بۆ ئێستای عێراقییه‌كانی ناردووه؟!.
ئاسۆ: چاودێرانی سیاسیی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه یه‌كده‌نگیی كورد له‌به‌غداد پێویسته به‌تایبه‌ت له‌پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا گوێبیستی ده‌بین ئاواز و نه‌غمه‌ی جیاواز هه‌یه له‌لایه‌ن لیست و قه‌واره سه‌ركه‌وتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌تایبه‌ت له‌مه‌ڕ كاندیدكردنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ خولی دووه‌م. پرسیاره‌كه با ئه‌وه بێت ئه‌و په‌رته‌وازیی و ناكۆكییانه زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كورد ناگه‌یه‌نن؟.
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس: بێگومان له‌ئه‌مڕۆدا له‌هه‌ر كاتێك زیاتر یه‌كڕیزیی و یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك ئیراده‌یی بۆ خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئه‌زموونه‌كه‌ی بایه‌خی خۆی هه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر گرفتێك له‌یه‌كڕیزیی و یه‌ك هه‌ڵوێستی، گرفتی نیشتیمانی و زیانی نه‌ته‌وایه‌تی له‌گه‌ل خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ڵام من له‌و باره‌یه به‌لایه‌نی زۆره‌وه گه‌شبینم چوونكه پێموایه كۆی گشتیی هێزه سیاسییه‌كانی كورد به به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌عه‌لمانی و ئیسلامییه‌وه، له‌ئاست ئه‌م هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تی و به‌پرسیارێتییه نیشتیمانییه‌دان.
من پێموانییه له‌ئێستادا یه‌ك هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانمان، له‌لایه‌ن هیچ كام له‌و هێزانه، مایه‌ی سازش له‌سه‌ركردن بێت، راسته له‌سه‌ر ئاسته سیاسیی و لۆكاڵییه‌كه، جیاوازیی و هه‌ندێ جار ناكۆكیی و بارگرژیش سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌ڵام به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆم، بۆ ته‌واوی ئه‌و هێزه كوردییانه، پێموایه سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌و جیاوازییه سیاسییه لۆكاڵییانه، به‌ڵام هێشتاش له‌سه‌ر ئاسته نیشتیمانیی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیدا، كورد له‌مشتێكی ئه‌مین دایه. من گه‌شبینم به‌وه‌ی كه ناكۆكی و توندبوونی ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان هێز و قه‌واره سیاسییه‌كانی هه‌رێمه‌كه، زاده‌ی بارودۆخێكی كاتی و نائاسایی بوون كه بارودۆخی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان و فه‌زای كامپه‌ینكردنی هێز و قه‌واره سیاسییه‌كانی كوردستان بوون و لێره‌وه دوای گوزه‌ركردنی ئه‌م قۆناغه راگوزه‌ریی و نائاساییه ورده ورده ناكۆكییه‌كان كاڵ ده‌بنه‌وه و ئیدی لێره‌وه ململانێكان ره‌وتی ئارام و سروشتی خۆیان ده‌گرنه‌وه‌و چاره‌نووسسازیی قۆناغه‌كه هێزه كوردییه‌كان بۆ جارێكی دیكه له‌گووتارێكی هاوبه‌شدا كۆده‌كاته‌وه و درزی نێوان دوو به‌ره‌كه‌ی هه‌رێم بچووكتر ده‌بێته‌وه.
سڵێمان عه‌بدوڵڵا یونس
*نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كادێری چالاك و دیار و پێشكه‌وتووی یه‌كێتی.
*1998 بۆ 2000 سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری روانین بووه.
*له‌ساڵی ٢٠0٠وه له له‌نده‌ن نیشته‌جێبووه.
*نوسه‌ری كتێبه‌كانی:
•قه‌ڵه‌م و هه‌ڵوێست.
•له‌كییه هاردییه‌وه بۆ گۆردن بڕاون.
•ئێرله‌ندای باكوور له‌نێوان هه‌رێمێكی ئۆتۆنۆم وخه‌ونی سه‌ربه‌خۆییدا.
•چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ئیریش نه‌شنه‌ڵیزم (ئاماده‌یه بۆ چاپ) .
•قه‌ڵه‌م و هه‌ڵوێست، كتێبی دووه‌م (ئاماده‌یه بۆچاپ) .
*ئاماده‌یی به‌رده‌وامی هه‌یه له گۆڤار و رۆژنامه كوردییه‌كاندا.
*خێزانداره‌و خاوه‌نی سێ منداڵه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
