
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره ململانێی تووند و به‌هێز به‌خۆیه‌وه ده‌بین.
*لایه‌نی كوردستانی به‌هۆی فره‌لیستییه‌وه ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری له‌ده‌ستدا.
*نه ده‌سه‌ڵات به‌مانا راسته‌قینه‌كه‌ی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستووریی و یاسایی خۆی ده‌كاو نه ئۆپۆزیسیۆن به‌مانا راسته‌قینه‌كه‌ی بوونی هه‌یه.
*لایه‌نی كوردستانی پێویستی به‌وه هه‌یه ته‌قلیدی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی پێشووی تێكبشكێنی.
ئه‌بو كاروان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعی له‌رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه باس له‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ره‌وشی سیاسیی كوردستان و عێراق ده‌كات و تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسه‌كانی هه‌ڵبژاردن و شێوازی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن و چه‌ند پرسێكی سیاسیی تر.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه كۆنترۆڵ نه‌كرێ، دوور نییه له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا كوردستان رووبه‌ڕووی بارودۆخێكی ئه‌منیی ناهه‌موار ببێته‌وه. به‌بڕوای ئێوه پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن پێویسته په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و هێزه سیاسییه‌كان چ هه‌نگاوێك بگرنه‌به‌ر؟.
ئه‌بو كاروان:پرۆسه‌ی سیاسیی له‌عێراق به‌به‌بارودۆخێكی چاره‌نووسسازدا تێپه‌ڕده‌بی، هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكی گرنگه له‌و پرۆسه‌یه‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و به‌شداریی لایه‌نی كوردستانی به‌چه‌ند لیستێك، بۆخۆی حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو بوو بۆ زۆربه‌ی هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نی مادام به‌چه‌ند لیستێكی جیاواز به‌شداریی له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌ین، ئیتر گه‌شتووینه‌ته بنبه‌ست و له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، رووبه‌ڕووی پشێویی و بارودۆخی ئه‌منی خراپ ببینه‌وه. به‌ڵام گرنگیشه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌كاریی و پلانڕێژییه‌كی ته‌واو بكه‌ن بۆ هه‌ر پێشهات و رووداوێكی نه‌خوازراو كه ئه‌گه‌ری روودانی هه‌بی، یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش نه‌بی هیچ رووبدا ده‌بی ئه‌و ئاماده‌كاریی و پلانڕێژییه بكری و پشتگوی نه‌خری، چونكه گه‌ر ئاماده‌كارییه‌كی وا نه‌كری و رووداوێك بێته‌پێش ئه‌وكاته ناتوانری كۆنترۆڵ بكری و به‌ئاڕاسته‌ی خراپ‌دا هه‌نگاو ده‌نی.
ئاسۆ:له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا سه‌ختترین ململانی له‌ناوچه دابڕاواكاندایه، چ هێزه عه‌ره‌بییه‌كان چ توركمان و چ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌یانه‌وێت شكست به‌سیاسه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بهێنن. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كورد چۆن ئاماده‌سازیی بكات بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌دا كه‌ئێستا كورد به‌فره‌لیستی به‌شداریی ده‌كات؟.
ئه‌بو كاروان:یه‌كێك له‌ئاكامه خراپه‌كانی ململانێكانی نێوان هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌بوو، كورد به‌لیستێك زیاتر به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و قه‌وارانه‌ی له‌كوردستان به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌ن، بۆ هه‌ر سی پارێزگاكه‌ی (هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی) ئاسایی بێت وكی سه‌ركه‌وی گرنگ ده‌نگه بۆ لایه‌نی كوردستانی، به‌ڵام بۆ مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌كانی ململانی له‌سه‌ر ئه‌م فره لیستییه‌ی كورد زیانێكی گه‌وره‌ی به‌دواوه‌یه، بۆ نموونه له‌سنووری هه‌موو پارێزگای سه‌لاحه‌دین كورد ده‌نگی یه‌ك كورسیشی نییه، كه‌چی چوار لیستی كوردستانی دیار هه‌ن و چه‌ندین پاڵێوراویش له‌لیسته‌كاندایه. یان له‌سنووری پارێزگای دیاله‌و شوێنه‌كانی تر، بۆیه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی چ له‌ئه‌جێندای كاركردنی به‌شێك له‌هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقدایه‌و چ هه‌ندی ده‌وڵه‌تی هه‌رێمایه‌تی و عه‌ره‌بی، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌وه ئه‌ستۆی كورد خۆی ده‌كه‌وی و به‌م په‌رش و بڵاوییه‌یی ئێستایه‌وه ناتوانی شكست به‌و گووتاره بێنی ده‌یه‌وی ناوچه‌كانی ململانی له‌سه‌ر نه‌گه‌ڕێنرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئاسۆ:دوای كۆتایی هاتنی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، ئێستا هه‌ر لایه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك، سیاسه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان و لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. به‌ده‌ر له‌موزایه‌ده‌ی سیاسیی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن چۆن سیاسه‌تی كورد له‌ناوه‌ند له‌چوار ساڵی رابردوودا هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟.
ئه‌بو كاروان:له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی تێكڕای لایه‌نه جۆراو جۆره‌كانی گووتار‌و كار‌و چالاكی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان و لیستی یه‌كگرتووشدا، جۆرێك له‌شپرزه‌یی و په‌له‌پرووزی هه‌یه كه‌به‌داخه‌وه ناكری ئه‌م حاڵه‌ته دوورمانخاته‌وه له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تیانه، بۆئه‌وه‌ی به‌رنامه‌و سیاسه‌تی داهاتوومان به‌شێوه‌یه‌كی ورد دابڕ‌ێژین. له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌ی رابردوودا، هه‌نگاوی باش نراوه‌و شتی باشیش كراوه، به‌ڵام ئایا نه‌توانرا به‌پلانێكی تۆكمه‌ترو به‌شێوه‌یه‌كی باشتر كار له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و دۆسییه‌و پرسانه بكری كه تا ئێستا به‌هه‌ڵواسراویی ماونه‌ته‌وه؟ كه‌واته ئه‌وه‌نده‌ی گرنگه رابردوو بیر بخه‌ینه‌وه، گرنگتر له‌وه ئه‌وه‌یه چۆن رابردوو ئه‌زموون بكه‌ین و ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ین بۆ داهاتوو، چونكه به‌ته‌نیا بیرخستنه‌وه‌ی رابردوو به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌و ناته‌واوییه‌كان بیربخه‌ینه‌وه، به‌ڵكو گۆڕانكاریی له‌ئه‌داو میكانیزمی كاركردنی رابردوو، به‌شێكی گرنگه له‌بیناكردن و به‌دامه‌زراوه‌یكردنی رۆڵ و كاریگه‌ریمان له‌پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و چه‌سپاندنی مافه ده‌ستووریی و یاساییه‌كانمان.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی چ له‌عێراق و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تێكڕای بارودۆخه سیاسییه‌كه ده‌گۆڕێت و نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی تر له‌عێراقدا كاری پێده‌كرێت. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چ نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی دێنێته ئاراوه؟.
ئه‌بو كاروان:له‌وڵاتێكی وه‌ك عێراقدا، ئه‌گه‌رو گریمانه‌ی زۆر له‌ئارادایه تایبه‌ت به‌پرۆسه‌ی سیاسیی وگۆڕانكاریی خێرا‌و چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌نه‌خشه سیاسییه‌كه‌یدا. هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره ململانێی تووند‌و به‌هێز به‌خۆیه‌وه ده‌بینی. بۆ نموونه كه ته‌ماشا ده‌كه‌ی سه‌ڕای ململانێی دینی و مه‌زهه‌بی وتائیفی و ره‌وتی تووندڕه‌وی شۆڤێنی و هێزو لایه‌نه دیموكراسی و عه‌لمانییه‌كان و لایه‌نی كوردستانی، ململانێكه فراوانتر بووه‌ته‌وه‌و له‌ناو خودی هێزه شیعییه‌كان و سوونییه‌كان و شۆڤێنییه‌كان و دیموكراسی و عه‌لمانییه‌كان و لایه‌نی كوردستانی چه‌ندین ئاڕاسته‌ی جیاواز هه‌یه‌و كێبه‌ركێی بردنه‌وه‌ی كورسی و گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات یان گه‌شتن به‌زۆرترین پله‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن. بۆنموونه له‌ناو هێزه شیعییه‌كان دوو لیستی به‌هێزو له‌ناو سووننه‌كان له‌دوو لیست زیاتر‌و له‌ناو دیموكراسی و عه‌لمانییه‌كان له‌لیستێك زیاتر‌و له‌ناو ره‌وته شۆڤێنی و تووندڕه‌وه‌كان له‌لیستێك زیاتر‌و له‌ناو كوردستانیش چوار لیستی سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ن. بۆ خۆی ئه‌م هاوكێشه‌یه هێمایه‌كی سه‌ره‌كییه به‌ئاڕاسته‌ی ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراق بگۆڕی وسه‌ره‌تاكانی ئه‌و گۆڕانه‌ش له‌وێوه ده‌ستپێده‌كا و لایه‌نی كوردستانیش به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه ده‌بێته به‌شێكی گرنگ له‌و نه‌خشه نوێیه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی داهاتووی عیرَاق.
ئاسۆ:له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا كورد سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌بووه، ده‌توانین بڵێین به‌شی هه‌ره زۆری بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان به‌بی راوێژی كورد نه‌دراون. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم ئایا كورد له‌حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا هه‌مان قورسایی و سه‌نگی ئێستای ده‌بێت؟.
ئه‌بو كاروان:ئه‌مه پێوه‌ندیی به‌یه‌كڕیزیی و یه‌كده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی لایه‌نی كوردستانییه‌وه هه‌یه، بێگوومان گه‌ر لایه‌نی كوردستانی یه‌ك لیستی هه‌بوایه رۆڵ و كاریگه‌ریی و قورسایی زیاتری ده‌بوو. كه ئه‌مه نه‌كرا ده‌مێنێـته‌وه ئه‌وه‌ی له‌كوردستان چه‌ند جیاواز بین ئاسایی و سرووشتییه، به‌ڵام له‌به‌غدا به‌په‌رش و بڵاویی زیانی زۆرمان لێده‌كه‌وی و قورسایی و سه‌نگی رابردوومان نامێنی.
ئاسۆ:كورد له‌رابردوودا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێزه شیعییه‌كاندا به‌ست، وه‌لێ به‌شێك له‌هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت رای شه‌قامیش ئه‌وه بووه كورد سوودێكی ئه‌وتۆی له‌هاو په‌یمانێتییه نه‌بینیوه. ئێستاش هێزه شیعییه‌كان به‌تایبه‌تی هه‌ردوو لیستی به‌هێزی "ده‌وڵه‌تی یاسا" و "هاوپه‌یمانی نیشتیمانی" ده‌یانه‌وێت له‌كورد نزیك ببنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانی داهاتوودا پێویستیان به‌پشتیوانی كورده بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیران. به‌بڕوای ئێوه كورد چۆن پێویسته هاوپه‌یمانیی بكات؟.
ئه‌بو كاروان:من له‌هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتنه‌كانی لایه‌نی كوردستانیدا، له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه عێراقییه ده‌سه‌ڵاتداره‌وه دوو ئیشكالییه‌تی گه‌وره ده‌بینم یه‌كه‌میان ئه‌و هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتنانه ته‌نیا هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستانی پێی هه‌ڵساون و هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی تری كوردستان لێی ئاگادارنه‌بوون، دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كان ناڕۆشنن، كه‌چی له‌لایه‌ن به‌رامبه‌ره‌كانه‌وه كه لایه‌نی كوردستانی رێككه‌وتن یان هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كردوون جێبه‌جێنه‌كراون وهه‌رجاره‌ی به‌هه‌نجه‌تێك په‌ڕاوێز خراون یان پاساوی ناجۆریان بۆ هێنراوه‌ته‌وه به‌بی ئه‌وه‌ی لایه‌نی كوردستانی روونتر حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌كوردستان هه‌ڵوێستی جیددی و پێویست وه‌رگرن. بۆ داهاتووش كه‌س ناتوانی گه‌ره‌نتی ئه‌وه بدا دیسان لایه‌نی كوردستانی له‌گه‌ڵ هێزی سیاسیی شیعه‌كاندا رێككه‌وتن ده‌كا وه‌ك خوله‌كانی پێشوو، مومكینه ئه‌و گۆڕانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد سه‌باره‌ت به‌نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراق وا پێویست بكات لایه‌نی كوردستانی له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نی تری سیاسیی گۆڕپانی سیاسیی عێراق رێكه‌وتن بكات یان هاوپه‌یمانی دروست بكات. به‌بڕوای من لایه‌نی كوردستانی پێویستی به‌وه هه‌یه ته‌قلیدی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی پێشووی تێكبشكێنی و هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌ن و هێزێك بی پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه بی كه چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و مافه ده‌ستووریی و یاساییه‌كانی كوردستان ده‌چه‌سپێنی و ده‌سه‌لمێنی، نه‌ك هه‌رشتێكی تر.
ئاسۆ:چۆن له‌و هه‌نگاوانه ده‌ڕوانن ئێستا ده‌نرێن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی چ به‌عسییه‌كان چ سێبه‌ره‌كانی ئه‌وان كه ده‌یانه‌وێَت له‌ڕێگای گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر عێراقدا بگرنه‌وه؟. به‌بڕوای ئێوه كورد پێویسته پشتیوانی له‌و هه‌نگاوانه بكات یان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا ده‌یبینین بێده‌نگ بێت؟.
ئه‌بو كاروان:ئه‌م پرسه پرسێكی ئاسان نییه، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ش نییه رێگه‌ی به‌عسییه‌كان بدری به‌ئاره‌زووی خۆیان ته‌راتێن بكه‌ن و بیانه‌وی به‌هه‌ر نرخ و شێوه‌یه‌ك بی بگه‌ڕێنه‌وه ده‌سه‌ڵات. یان ده‌توانم بڵێم ئه‌م پرسه یه‌كێكه له‌پرسه قورس و سه‌خته‌كان و هاوكات ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌ده‌ستووردا چه‌سپێنراوه، به‌ڵام بیریشمان نه‌چی چه‌ندین ناوه‌ندی ده‌ستڕۆشتووی ناوچه‌كه پشتگیریی له به‌عسییه‌كان ده‌كه‌ن. راستیشه لایه‌نی كوردستانی شه‌ڕی ئه‌و ناوه‌نده ده‌ستڕۆشتووانه‌ی پێناكری، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نی كه بێده‌نگی هه‌ڵبژێری، بۆیه به‌تێڕوانینی من زۆر گرنگه لایه‌نی كوردستانی پشتگیریی ته‌واوی دوورخستنه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان بكا له‌پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و بۆ ئه‌مه‌ش داكۆكی له‌ده‌ستوور بكا كه حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه كردووه.
ئاسۆ:به‌پێی ده‌ستووری عێراق له‌خولی داهاتوودا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی عێراق نامێنێت وسه‌رۆك كۆمار مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌بڕیارێك به‌شێكی به‌رچاو له‌ناوچه دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه كورد ده‌بێت چ سیاسه‌تێك بگرێته به‌ر بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه؟.
ئه‌بو كاروان:لایه‌نی كوردستانی كه به‌چه‌ند لیستێك به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن، به‌مه ئه‌گه‌رێكی گرنگی بردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری له‌ده‌ستدا. به‌ڵام هێشتا ئه‌گه‌ری تر ماون و بنه‌ڕه‌تیترین شتیش ئه‌وه‌یه هه‌ر رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتییه‌ك بۆ لایه‌نی كوردستانی له‌گه‌ڵ هه‌رهێزو لایه‌نێكی سیاسیی عێراق كه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌رده‌كه‌وی ده‌بی پرسی وه‌رگرتنی سه‌رۆك كۆمار له‌ئه‌وله‌ویاتی رێككه‌وتن یان ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه بی.
ئاسۆ:چۆن رۆڵی سه‌رۆك كۆماری ئێستا "مام جه‌لال" هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟.
ئه‌بو كاروان:مام جه‌لال كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزه‌و وه‌ك سه‌رۆك كۆماریش بڕوام وایه رۆڵی خۆی بینیووه.
ئاسۆ:به‌شێك له‌چاودێران پێیانوایه تاڵه‌بانی خاوه‌نی دبلۆماسییه‌تێكی به‌هێزه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی سیاسیی هه‌یه له‌جیهاندا، وه‌ك بۆچوونی خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ببێته‌وه به سه‌رۆك كۆماری عێراق؟.
ئه‌بو كاروان:ده‌بی به‌كورتی شتێك روون بكه‌مه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هاوڕا نیم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گه‌ر پێمانوابی جگه له‌مام جه‌لال كه‌سی ترنییه بۆ سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام وه‌ك رای تایبه‌تی خۆم پێموایه مام جه‌لال ده‌توانی خولی داهاتووش ئه‌و پۆسته وه‌ربگری و قه‌ناعه‌تیشم وایه سه‌ركه‌وتوو ده‌بی.
ئاسۆ:له‌نێوه‌ندی سیاسیی و رۆژنامه‌وانیدا گه‌شبینییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم "د. به‌رهه‌م" هه‌یه كه بتوانێت لانیكه‌م به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌دا سه‌ركه‌وتوو ببێت له‌ماوه‌ی پێش ئه‌ودا خوڵقێنراون. پرسیاره‌كه‌م با ئه‌وه‌بێت ئێوه چۆن له‌م كابینه‌یه ده‌ڕوانن؟ پێتانوایه به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت ئه‌و ئه‌ركه راپه‌ڕێنێت كه ئێستا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه بۆشكستپێهێنانی كابینه‌كه‌ی؟.
ئه‌بو كاروان:راپه‌ڕاندنی هیچ ئه‌ركێك ئاسان نییه‌و گرفت و ئاسته‌نگی جۆراو جۆری له‌پێشه. بۆ "د. به‌رهه‌م"یش ئه‌ركی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌یان و سه‌دان گرفت و ئیشكالییه‌تی له‌پێشه. به‌بڕوای منیش مه‌رجی ئه‌ساسی بۆ سه‌ركه‌وتنی د. به‌رهه‌م به‌سه‌ر كۆسپ و ته‌گه‌ره‌و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كابینه‌كه‌ی و سه‌ركه‌وتنی له‌ئیشوكاردا، دوو مه‌رجی ئه‌ساسی هه‌یه: یه‌كه‌میان پارتی و یه‌كێتی ده‌ستی واڵاكه‌ن و كێشه‌و گرفتی بۆ دروست نه‌كه‌ن و ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی له‌كاروباری حكوومه‌ت دوورخه‌نه‌وه. دووه‌م كاك به‌رهه‌م و كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت له‌هه‌موو بواره‌كان جێ به‌جێكه‌ن و به‌ڵێنه‌كان به‌ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ببه‌نه سه‌ر.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌ئه‌گه‌ری پشتیوانی نه‌كردن یاخۆ دروستكردنی له‌مپه‌ر له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی یه‌كێـتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه بۆ كابینه‌ی شه‌شه‌م تاكه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خودی یه‌كێتییه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه یه‌كێتـی ده‌بێت چ هه‌نگاوێك هه‌ڵبگرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه ده‌روونییانه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن لیستی گۆڕان و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت به‌رپاكراوه؟.
ئه‌بو كاروان:ئه‌وه ململانێیه ململانێش شێوازی جۆراو جۆری هه‌یه. تا ئه‌و جێگایه‌ی پێوه‌ندیی به‌یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه هه‌یه ئه‌وه خۆیان ده‌توانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه، به‌ڵام تایبه‌ت به‌حكوومه‌ت زۆر سرووشتییه ره‌خنه‌ی لێبگیری و كار‌و پڕۆژه‌كانی هه‌ڵبسه‌نگێنری.
ئاسۆ:هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه رووبه‌ڕووی ده‌یان قه‌یران و گرفتی ئیداریی و سیاسیی گه‌وره بۆته‌وه. چاودێران هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن چوار ساڵی ئاینده سه‌ختترین ساته‌وه‌ختی حكومڕانی و به‌ڕێوه‌بردن ده‌بێت، چ حكوومه‌ت ئه‌ركی قورسه‌و چ ئۆپۆزیسیۆنیش. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه ئۆپۆزیسیۆن چ هه‌نگاو ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانه له‌م چوار ساڵه‌دا؟.
ئه‌بو كاروان:به‌بڕوای من ده‌بی پێش هه‌رشتی مه‌سه‌له‌یه‌ك روونكه‌مه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌كوردستان نه‌ده‌سه‌ڵات به‌مانا راسته‌قینه‌كه‌ی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستووریی و یاسایی خۆی ده‌كاو نه ئۆپۆزیسیۆن به‌مانا راسته‌قینه‌كه‌ی بوونی هه‌یه. به‌ڵكو هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه له‌تێڕوانینی مندا، جۆرێك له‌شێواوییان پێوه دیاره. بێگومان نه‌ك چوارساڵی داهاتوو به‌ڵكو ئێستاش ئه‌ركی حكومڕانێتی قورسه‌و ده‌یان قه‌یرانی جۆراو جۆر له‌كۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌یه‌و كۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ش بۆ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش له‌دیدی خه‌ڵكدا بۆته پرسیار. پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئایا ده‌سه‌ڵات له‌توانایدایه ته‌جاوزی ئه‌و قه‌یرانانه بكات و كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆشگوزه‌ران دامه‌زرێنی؟ ئه‌گه‌ر له‌توانای ده‌سه‌ڵاتدا نییه ئه‌وه بكا ئه‌ی ئۆپۆزیسیۆن چی ده‌كات و به‌رنامه‌ی چییه بۆ ئه‌و قه‌یرانه؟ بۆیه به‌ده‌ر له‌و شه‌كڵه باوه‌ی ئێستا من پێموایه ده‌سه‌ڵات و هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش كه خۆیان به‌ئۆپۆزیسیۆن ده‌ناسێنن ئه‌ركێكی گرنگ و هاوبه‌شیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، ئه‌ویش دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆشگوزه‌ران و ته‌ندرووسته‌و تێپه‌ڕاندنێتی له‌و قه‌یرانانانه‌ی تووشی بووه‌و بۆی هه‌یه له‌داهاتوو فراوانتر بێته‌وه‌و كاریگه‌ریی خراپ دروست بكا.
ئاسۆ:تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی تێدا ئاڕاسته ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات زۆر ئاڵۆزه، ده‌سه‌ڵات به‌چاوی دوژمن له‌ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڕوانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش ئاماده‌نییه دان به‌هیچ هه‌نگاوێكی باشی ده‌سه‌ڵاتدا بنێت. من ده‌مه‌وێت بپرسم چۆن ده‌كرێت ئه‌م باگرژییه‌ی ئێستا بگۆڕین بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی دروست كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی داڕێژرابێت؟.
ئه‌بو كاروان:هه‌ردوو حاڵه‌ته خراپه‌و كاریگه‌ریی سلبی هه‌یه. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و بارگرژییه‌یی له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوونی هه‌یه، هه‌ندی هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه نراون و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان بارگرژییه‌كان كه‌مبوونه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه هه‌مووشتی نییه‌و پێویسته هه‌نگاوی جیددی تریش بنری و نه ده‌سه‌ڵات و نه‌هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌چاوی دووژمن یه‌كتری نه‌خوێننه‌وه.
ئاسۆ:لیستی سه‌ربه‌خۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌چوار ساڵی رابردوودا له‌عێراق ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه فره‌لیستی نابێته زیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای كوردستان به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، به‌ڵام ترسێك له‌وه هه‌یه هێزه‌كانی تر وه‌ك یه‌كگرتوو نه‌بن، به‌بڕوای ئێوه پێش چوونه به‌غدا پێویستمان به‌یه‌كخستی هه‌ڵوێستمان نییه؟.
ئه‌بو كاروان:من له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم فره لیستی زیانی نه‌بی، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه رێگه له‌فره‌لیستی بگیری و كه‌س ئه‌و مافه‌ی نییه. ئه‌زموونی رابردووش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه پێویستمان به‌یه‌ك لیستی كوردستانی زیاتره له‌فره‌لیستی. ئه‌مه تازه رۆی به‌ڵام بێگومان پێویسته پێش ئه‌وه‌ی بچینه به‌غدا ناوماڵی كوردستان رێكخه‌ین و هه‌ڵویستمان یه‌كخه‌ین. هه‌ر هێزو لایه‌نێكیش ببێته هۆكاری په‌رته‌وازه‌یی و لێكترازانی ناوماڵی كوردستانی بۆ به‌شداریی كارا له‌پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ئه‌وه به‌رپرسیارێتی مێژوویی هه‌ڵده‌گری و تووشی لێپرسینه‌وه‌ی مێژوویی ده‌بی.
ئاسۆ:ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی پێشووه‌وه تێپه‌ڕێنرا له25-7 نه‌خرایه راپرسییه‌وه، بیانووه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه ناتوانرێت به‌و ماوه كه‌مه ئاماده‌كاریی بكرێت. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه بۆچی ئێستا قسه له‌سه‌ر ده‌ستوور ناكرێت؟.
ئه‌بو كاروان:خۆی له‌ڕاستیدا ره‌وانه‌كردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور بۆ پارله‌مانی كوردستانی له‌هه‌فته‌كانی كۆتایی ته‌مه‌نی پارله‌ماندا، كارێكی په‌سه‌ند نه‌بوو. هه‌ندی لایه‌نیش پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25-7 وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن باسیان له‌ره‌شنووسی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كودستان و قبوڵنه‌كردنی ده‌كرد. ئێستاش ناوه ناوه باسی لێوه ده‌كری و ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ش ده‌كری جارێكی تر پڕۆژه‌كه بهێنرێته‌وه پارله‌مان و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكری. وه‌ك چۆن پارله‌مان ئه‌و مافه‌ی هه‌یه داوای هێنانه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه بكا‌و گفت و گۆی له‌سه‌ر بكا، ئاوهاش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه پڕۆژه‌ی ده‌ستوور به‌و شێوه‌ی كه رۆشتوه بخاته راپرسییه‌وه‌و كۆتایی پێ بێنی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
