_ نووسه‌ر و كادێری پێشووی پاسۆك
دیمانه: ستیڤان شه‌مزینانی
هاوڕێ باخه‌وان نووسه‌ر و كادێری پێشكه‌وتووی پێشووی پاسۆك له‌رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی پاسۆك و ئه‌و پێیوایه: ئه‌و كاره له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌په‌نا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كرێت و به‌هیچ پێوه‌رێك زیندووكردنه‌وه‌ی پاسۆك نییه. پاشان كێشه‌و گرفته ناوخۆییه‌كانی ئێستای پاسۆك به‌سروشتی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت زیندووكردنه‌وه‌ی پاسۆك له‌م بارودۆخه له‌هه‌مان زیندووكردنه‌وه‌ی كاژیك ده‌چێت. له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا، باخه‌وان باسی فره‌لیستیی هێزه كوردییه‌كان ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق و پێیوایه فره‌لیستی كارێكی ئاسایی و سروشتییه، به‌ڵام به‌مه‌رجێك هه‌موو هێزه‌كان له‌سه‌ر هێڵ و ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی كۆك و هاوبه‌ش بن. له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه ره‌شبینی خۆی به‌رامبه‌ر بارودۆخی نوێی كورد و شاری كه‌ركووك ده‌رده‌بڕێت و رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌داخه‌وه زۆر ره‌شبینم به‌رامبه‌ر پاشه‌ڕۆژی كه‌ركووك.
ستیڤان: له‌ماوه‌ی رابردوودا‌و له‌باشووری كوردستان، جارێكی تر پاسۆك دروستكرایه‌وه‌و له‌كاتی هه‌ڵبژاردنیشدا پشتگیریی لیستی "گۆڕان"ی كرد. ئه‌مه‌ش لای زۆرینه‌ی شاره‌زایان وا لێكدرایه‌وه پاسۆك له‌ژێر سایه‌و باڵی گۆڕاندا دێته‌وه مه‌یدان. تۆ پێتوایه دروستكردنه‌وه‌ی پاسۆك تاچه‌ند به‌هاوكاریی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه؟.
هاوڕێ باخه‌وان: له‌راستیدا من پێموانییه كه پاسۆك دروستبووبێته‌وه، كه‌سانێك كه كاتی خۆی پاسۆك بوون یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان نزیكایه‌تییه‌كیان له‌گه‌ڵ پاسۆكدا بووبێت و ئێستا له‌پاڵ لیستی گۆڕاندا بڵێن پاسۆكمان دروستكردووه‌ته‌وه یان دروستی ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مینیان جێی گومانێكی زۆره‌و دووه‌مینیشیان بریتییه له‌بزووتنه‌وه‌یه‌كی سۆزدارانه‌ی سه‌رده‌می ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایی كه به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی سلێمانی گرتبووه‌وه. پاش راپه‌ڕینیش پاسۆك هه‌ر به‌و هه‌سته سۆزدارانه‌وه كه‌مێك گه‌شه‌ی كرد به‌ڵام چوونكه دروستبوون وهه‌نگاوی هه‌شتاكانی پاسۆك بریتییه له‌زنجیره هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده، هه‌ر بۆیه دیسان به‌و هه‌ڵانه‌وه ناڵاندی و ئاكامه‌كه‌شی به‌وه شكایه‌وه له‌ناو ریزه‌كانی پارتیدا شاردرایه‌وه‌و ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی به‌شداریی ئه‌و كڕین و فرۆشتنه‌یان كرد، بوونه فه‌رمانبه‌رێكی خاوه‌ن مانگانه‌ی هیچ له‌باردانه‌بووی لاته‌ریتی ناو پارتی،.
ئه‌گه‌ر پاسۆك مه‌به‌ستتان له‌و چه‌ند ئه‌ندامه بێت كه لیستی گۆڕان له‌سه‌ر گرده‌كه ژوورێكی دانێ و پاشان كاری پێیان نه‌ما، ژووره‌كه‌ی لێوه‌رگرتنه‌وه، ئه‌وا دروستكردنه‌وه‌ی پاسۆك به‌هاوكاریی و ریشسپێتیی گۆڕان بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشت زۆرینه‌ی ئه‌ندامه كۆنه‌كانی پاسۆك بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه تێیدا نین و ئه‌وانیش وه‌ك من و تۆ، ئه‌و بارودۆخه‌یان پێ سه‌یره، ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا ده‌یان ئه‌ندامی پاسۆك به‌خێرهاتنی ئه‌و دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆك و یارمه‌تییه‌كانی گۆڕانیان كرد، به‌ڵام پاشتر هه‌ر زوو لێی كشانه‌وه‌و ماوه‌ته‌وه ئه‌و دوو، سێ كه‌سه‌ی كه هه‌ر له‌گه‌ڵ گۆڕانداو به‌ناوی (ئه‌ندامانی كارای لیژنه‌ی درووستكردنه‌وه‌ی پاسۆك) ه‌وه كارده‌كه‌ن. من له‌و رووه‌وه زۆر به‌داخم بۆ كه‌سێكی وه‌ك كاك فه‌رهاد پاڵه‌وان كه خۆی خستووه‌ته ناو ئه‌و گێژاوه‌وه، كه كه‌سێكه خاوه‌نی مێژوویه‌كی به‌رچاوی ناو كاژیكیش و پاسۆكیشه.
گۆڕان به‌ڕێی خۆی و هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵیدا نییه، به‌ڵام بۆ ده‌بێت پاسۆك له‌گرده‌كه‌وه سه‌رده‌ربێنێته‌وه؟، ساڵی 1975 ئه‌وكاتی پاسۆك دامه‌زرا، نه‌گرد هه‌بوو و نه‌گۆڕان، ئه‌مجاریش ده‌بووایه دوور له‌گرد و دوور له‌برابچووكیی گۆڕان پاسۆك به‌خۆیدا بچووایه‌ته‌وه‌و خۆی تووشی ئه‌م هه‌موو قسه‌و قسه‌ڵۆكه نه‌كردایه. ئایا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆیان ناوه ئه‌ندامانی كارای لیژنه‌ی درووستكردنه‌وه‌ی پاسۆك، به‌ته‌نیا ناتوانن بچنه ژێر ئه‌و باره‌وه‌و هه‌ر ده‌بێت له‌و ژووره‌وه بووایه كه گۆڕان له‌گرده‌كه پێی به‌خشین؟.
ستیڤان: ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه زانیاریمان هه‌یه، ئه‌و پاسۆكه‌ی له‌كوردستان دامه‌زرێنراوه‌ته‌وه، هه‌ر له‌ئێستاوه كێشه‌ی ناوخۆیی تێكه‌وتووه، به‌وه‌ی به‌شێك له‌كادران و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی رازی نین به‌وه‌ی پاسۆك ببێته پاشكۆی گۆڕان و پێده‌چێت ئینشقاق رووبدات،. به‌بڕوای تۆ له‌وه‌ها بارودۆخێكدا كام لا ده‌توانن وه‌ك پاسۆكی راسته‌قینه كار بكه‌ن؟، پاشان تاچه‌ند پێتوایه پاسۆك به‌م ململانێیانه لاوازتر ده‌بێت؟.
هاوڕێ باخه‌وان: ئه‌وه زۆر راسته‌و زۆر سروشتیشه، چوونكه پاسۆك هه‌ر له‌رۆژی دروستبوونییه‌وه تاوه‌كوو توێندرانه‌وه‌ی له‌ناو یه‌كگرتن و پاشان پارتیدا، بریتی بووه له‌كۆمه‌ڵیك كێشه، كه‌سانێكی دژ به‌یه‌ك، كێشه‌ی كه‌سی، بنه‌ماڵه‌یی، پاره‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ش زۆر كێشه‌ی كاژیكیش هێنراوه‌ته ناو پاسۆكه‌وه‌و ئه‌م حزبه به‌ده‌ستییه‌وه ناڵاندوویه‌تی.
بیروڕا زۆر هه‌بوو و هه‌یه بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆك، هۆكاری دانه‌مه‌زراندنه‌وه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كێشه ناوخۆییه‌كانی ئه‌ندامانی، هه‌ریه‌كه‌و له‌لای خۆیه‌وه خۆی به‌بیریاری بیری نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی له‌باردا بێت،. ئینجا ئه‌گه‌ر حزبێك پێش دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی ببێت، ئه‌وا به‌ڕای من دانه‌مه‌زراندنه‌وه‌ی زۆر باشتره. چوونكه ئه‌وه‌ی من بزانم هیچ لایه‌كیان ناتوانن وه‌ك پاسۆكی راسته‌قینه كاربكه‌ن، ئه‌گه‌ر لایه‌كیان پاسۆكی راسته‌قینه بوون، ئه‌دی ئه‌و چه‌ند ساڵانه‌ی پێشوو له‌كوێ بوون و چ كاره‌بوون؟، بۆچی هیچ هه‌وڵی دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆكیان نه‌دا؟، ده‌بێت ئێستا به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆكدا چی بێت؟ ناچاربووم باسی به‌رژه‌وه‌ندیی بێنمه كایه‌وه، چوونكه هێشتا هیچ نه‌بوو بوو، پاسۆكه‌كانی گرده‌كه خۆیان كردبووه ئه‌ندامی په‌رله‌مان و به‌ڵێنی پاسه‌وانییان به‌م و به‌و ده‌دا،.
دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆكیش هه‌مان گه‌مه‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی كاژیكه و من كاتی خۆی زۆرجار ئه‌وه‌شم ده‌بیست، به‌ڵام من پێموایه چه‌ند دامه‌زراندنه‌وه‌ی كاژیك بووه راستینه،، ئه‌وه‌ی پاسۆكیش هه‌ر واهیی به‌سه‌ردێت. دیسانیش پێموایه دامه‌زراندنی پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت دووربێت له‌كێشه‌و مێژووی پڕ له‌شكستی هه‌ردوو كاژیك و پاسۆك و ئه‌ندامه‌كانی هه‌ڵبه‌ت به‌خۆشمه‌وه،. ده‌بێت كه‌سانێك به‌و كاره هه‌ڵبستن كه نه‌ته‌وه‌یی سیاسیی بن و بێگومان ناشبێت هه‌ر له‌نێو بازنه‌ی داخراوی شاری سلێمانیدا بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاژیك و پاسۆك پیاده‌یان ده‌كرد وئێسته‌ش ده‌یكه‌ن. هه‌رچۆنێك بێت ململانێ ببێت یان نا، ئه‌وا پاسۆكی پێ لاواز نابێت، چوونكه پاسۆك خۆی نییه تاوه‌كوو لاواز بێت،.
لێره‌دا بۆ بێسه‌روبه‌ریی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی زیندووكردنه‌وه یان دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆك ده‌مه‌وێت هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر رووداوێكی تری ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی بكه‌م. كه‌لیستی گۆڕان هاته كایه‌وه، له‌كوردستان چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كرا. یه‌كێك له‌و كۆبونه‌وانه‌و پێموایه گرنگترینیشیان بوو، له‌سلێمانی له‌ماڵی ئه‌ندامێكی پێشووی سه‌ركردایه‌تی پاسۆك كرا، ئه‌و ئه‌ندامه یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی پاسۆكی كرده دیاری بۆ یه‌كگرتن و پاشانیش پارتی، هه‌مان ئه‌ندام له‌ساڵی 1992ه‌وه تاوه‌كو ئێستا وه‌ك ئه‌ندامی پارتی، مانگانه وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بوون ده‌مناسین، به‌ڵام یه‌كێكیان زۆر هاوبیر و هاوڕێمه و به‌ته‌له‌فۆن هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی پێڕاگه‌یاندم. كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه كه له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا (به‌دڵنیاییه‌وه) ئه‌ندامێكی ده‌زگای زانیاریی وئه‌ندامێكی ده‌زگای پاراستنی تێدابووه،. تێڕامێنن، كۆبوونه‌وه‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆك له‌ماڵی فرۆشیارێكی پاسۆكدا بكرێت و هه‌ردوو ده‌زگای زانیاریی و پاراستنیش ئاماده‌ییان بووبێت، ئیدی ده‌بێت به‌هێزیی و لاوازیی پاسۆك له‌كوێیدا بێت؟،.
ستیڤان: به‌درێژایی ته‌مه‌نی پاسۆك، راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر فێربووین كه پاسۆك هێزێكی كوردستانییه‌و بڕوای به‌چوارچێوه‌ی عێراقی و ئێرانی و توركیایی و سوریایی نییه، به‌ڵام پاسۆك له‌باشووری كوردستان له‌پاڵ گۆڕان به‌شداریی له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق ده‌كات و نوێنه‌ریشی بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت. به‌باوه‌ڕی ئێوه ئه‌م سیاسه‌ته چه‌ند نزیكایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ ستراتیجی پاسۆكدا؟. پێتوانییه ئه‌م سیاسه‌ته پاسۆك به‌ره‌و هه‌ڵدێر و ململانێی ناوخۆیی سه‌ختتر ده‌بات؟.
هاوڕێ باخه‌وان: ببووره، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌شته ناڕاسته‌كانی پاسۆك،. پاسۆك وه‌ك هه‌موو حزبه‌كانی تری ئه‌وسای باشوور په‌یوه‌ندیی به‌قه‌رارگای ره‌مه‌زانه‌وه هه‌بووه، من خودی خۆم به‌ناوی پاسۆكه‌وه كارتێكم هه‌بوو كه پێیان ده‌گووت (ته‌شكیل په‌روه‌ند) و به‌ئاسانی تاوه‌كوو كرماشان پێی ده‌چووم،. ئه‌گه‌رچی پاسۆك له‌چاو حزبه‌كانی تری باشوور دره‌نگتر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ داگیركه‌ری ئێران‌دا دامه‌زراند، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام هه‌ر بووینه هاوبیری قه‌رارگا، له‌به‌رئه‌وه باوه‌ڕناكه‌م به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئێراق و بوونی نوێنه‌ری بۆ په‌رله‌مانی ئێراق له‌هاوڕێیه‌تیی قه‌رارگای ره‌مه‌زان یاخۆ هه‌مزه خراپتر بێت ودژایه‌تیی ستراتیجی پاسۆك بكات،.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پاسۆكانه‌ی به‌هیوای بوون به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئێراق له‌گه‌ڵ گۆڕاندا هاوبیرن، زۆر هه‌ڵه‌ن، چونكه چه‌ند كه‌سیان لێ‌بوو به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شیان لێده‌بێته ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئێراق،. كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ده‌ستیان تێكه‌ڵ كرد‌و لیستی گۆڕانیان پێكهێنا، به‌ڵێنی گۆڕان واهی بوو كه‌هه‌ر ده‌یه‌مین ناوێك، ناوێكی ئه‌ندامێكی پاسۆك بێت، واته ده‌یه‌م، بیسته‌م، سییه‌م و به‌وشێوه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بینیمان كه یه‌كه‌مین ناوی پاسۆك له‌لیسته‌كه‌یاندا پێموابێت سی ونۆیه‌مین ناو بوو،. زۆر زۆر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێراقدا بوو به‌سییه‌مین ناو، ئیدی ئه‌ویش ده‌بێته تێكشكانێكی دی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان تێكشكانێكی ئێراقییانه،.
پرسیاری بیری كوردستانی و ستراتیجی نه‌ته‌وه‌ییت كردووه،، ئه‌وانه چ له‌كاژیكیشدا و چ له‌پاسۆكیشدا هه‌ر له‌بڵاوكراوه‌كانیاندا هه‌بوون، من كاتی خۆی كه‌كاژیكنامه یان په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی پاسۆكم ده‌خوێنده‌وه كه‌باسی سه‌ركردایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌رێمی و شتی له‌و بابه‌ته‌ی ده‌كرد، موچووڕكه به‌له‌شمدا ده‌هات، تاوه‌كوو خۆم كه‌وتمه ناو راستییه‌كانه‌وه‌و هه‌موویم به‌چاوی خۆم دی. له‌وانه‌یه بڕوا نه‌كه‌ن به‌ڵگه‌م لا هه‌یه كه هه‌موو سه‌ركردایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌ركردایه‌تیی باشوور، لكی سلێمانی و كه‌ركووكی كاژیك له‌ساڵی 1968ه‌وه تاوه‌كو ساڵی 1975 یه‌ك كه‌س بووه‌و یه‌ك كه‌سیش به‌ڕێوه‌ی بردووه‌و هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ش به‌ناوی ئه‌و سه‌ركردایه‌تی و لكانه، نامه‌ی به‌چه‌ند ده‌ستوخه‌تێكی نزیك له‌یه‌كتری بۆ خواره‌وه نووسیوه‌و ئه‌ندامانی ئاڕاسته كردووه،. ئیدی هێزی كوردستانی و ستراتیجی چی. ببوورن كه هه‌ندێكجار كاژیك تێكه‌ڵی مه‌سه‌له‌كان ده‌كه‌م، به‌ڵام من پێموایه‌و به‌ڵگه‌شم زۆره كه زۆر كێشه‌ی نێو پاسۆك هه‌مان میراتیی خوالێخۆشبووی كاژیكی باوه گه‌وره‌مانه،.
ستیڤان: له‌دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991ه‌وه هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌ك پاسۆك، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌گوڕ و تینه‌وه بێنه مه‌یدان به‌ڵكو به‌ره‌و لاوازیی و پوكانه‌وه رۆیشت، ئێستا هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌ك پاسۆك كه‌مترین رۆڵیان له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسیی كوردستان هه‌یه. تۆ پێتوایه ئه‌م هێزه نه‌ته‌وه‌ییانه پاشه‌كشه‌یان كردووه؟، پێتوانییه پاسۆك جارێكی تر ناتوانێت ببێته‌وه به‌هێزێكی حیساب بۆكرابوو له‌گۆڕه‌پابه‌نه‌كه‌دا؟.
هاوڕێ باخه‌وان: ئه‌و هێزه نه‌ته‌وه‌ییانه نه‌ك هه‌ر پاشه‌كشه‌یان كردووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تاوه‌كوو ئێستا ده‌بینرێت هیچ بوونێكیشیان نییه. پێش راپه‌ڕینیش پاسۆك له‌بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كورد بهێنرێته ده‌ره‌وه، به‌موو گۆڕانكاریی دروست نابێت،. چوونكه سه‌نگێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه.
پاسۆك به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی كه له‌ساڵی 1975ه‌وه تاوه‌كو 1992 پیاده‌ی ده‌كرد، ناتوانێت ببێت به‌هێزێكی دیار له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا. به‌داخه‌وه هه‌مان بیركردنه‌وه هه‌ر ماوه‌و باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی باشووری كوردستان و ده‌نگۆی دامه‌زراندنه‌وه‌یه‌تی. گوڕ و تینی پاسۆكیش ناو به‌ناوه، پاش راپه‌ڕین خه‌ڵكانێكی زۆری لێ كۆبووه‌وه‌و زۆربه‌ی ئه‌ندامه كۆنه‌كانیشی تێهه‌ڵچوونه‌وه، به‌ڵام ئیدی ورده ورده كزبوو و تاوه‌كوو له‌پارتیدا كوژانه‌وه. پاش رووداوه‌كانی ئه‌م دوا دواییه‌ش كه‌مێك گوڕ و تین كه‌وته‌وه ناو ئه‌ندامه‌كانی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ره‌وشی پاسۆك و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌لایه‌كی خراپتردا برد و باوه‌ڕناكه‌م هیچی واهیی لێ شین ببێته‌وه. مه‌به‌ستم له‌و لایه خراپه، لایه‌نی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێك له‌و ئه‌ندامانه‌یه كه به‌هۆی دامه‌زراندنه‌وه‌ی پاسۆكه‌وه ده‌یانه‌وێت، ئه‌ندام په‌رله‌مانییه‌ك یان هه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی ماددیی تر بۆ خۆیان بپچڕن.
ستیڤان: عێراق به‌باشووری كوردستانیشه‌وه به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌ڕوات، ده‌وترێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌هۆی فره لیستی هێزه كوردییه‌كانه‌وه، كورد تووشی جۆرێك له‌نسكۆ ده‌بێته‌وه. پێتوایه چاره‌نووسی كورد به‌تایبه‌ت له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه روو له‌كوێیه؟، پێتوانییه فره‌لیستیی هێز و توانای كورد له‌عێراقدا ورد و خاش ده‌كات؟.
هاوڕێ باخه‌وان: من هه‌رگیز كێشه‌م له‌گه‌ڵ فره حزبیی وفره‌لیستیی نه‌بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ناو ئێمه‌دا چوونكه كولتووری كاری پێكه‌وه‌یی و به‌ره‌ییمان نه‌بووه له‌زۆر كاتدا بووه‌ته كێشه. كورد با له‌جیاتی لیستێك سه‌دانی هه‌بێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه له‌سه‌ر هێڵی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی كۆك بن و ئاگایان له‌هێڵه سووره‌كانیان بێت. ئه‌گه‌رنا ئه‌وا لیستێك بێت یان زۆرتر ئه‌وا هیچ له‌كێشه‌كه ناگۆڕێت. بڕواننه كۆمه‌ڵگای ئیسرائیلی، باوه‌ڕناكه‌م هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك هێنده‌ی ئه‌وان په‌رت په‌رت بێت و هه‌ریه‌كه‌یان له‌كونجێكی ئه‌م دنیایه‌وه رووی كردووه‌ته ئیسرائیل، به‌ڵام كه‌دێته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییان، هه‌موویان ده‌بنه یه‌ك پارچه، هه‌ر ئه‌مه‌شه نهێنیی مانه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو ته‌نیا لیستی كوردستانی هه‌بوو له‌به‌غدا، به‌ڵام ئه‌ی كوا هێز و توانای كورد له‌به‌غداد،، عه‌ره‌به‌كان خۆیان ده‌ڵێن نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا ته‌نیا خه‌ریكی حیزبه‌كانی خۆیانن و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كانیانن، ئه‌گه‌رچی یه‌ك لیستیش بوون،. به‌و شێوه‌یه ده‌كرێت بگووترێت فره‌لیستیی بارودۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر ده‌بات، چوونكه ئێمه به‌لیستێك ئه‌وه ره‌فتارمان بووبێت، ئه‌دی ده‌بێت به‌چه‌ند لیستێك بارودۆخه‌كه به‌ره‌و كوێ بڕوات؟. له‌م پرسیاره‌دا باسی نسكۆ ده‌كه‌یت كه به‌هۆی فره لیستییه‌وه تووشی ده‌بین. پێمبڵێن: ئه‌وه نسكۆ نییه له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا شه‌ش مه‌تر چوارگۆشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كانمان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆسه‌ر ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن هه‌رێم؟،. كێشه‌ی ئێمه نه له‌یه‌ك لیستیدایه‌و نه له‌فره‌لیستیی، ئێمه كێشه‌ی بیركردنه‌وه‌و ره‌فتاری دروستمان هه‌یه‌و ئه‌میش په‌یوه‌ندیی بارودۆخی مێژوویی ودروستبوونی كورده‌وه هه‌یه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
ستیڤان: بارودۆخی كه‌ركووك به‌ره‌و تاریكیی زیاتر ده‌ڕوات و ره‌نگه به‌هۆی بوونی چه‌ند لیستێكی كوردییه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی دادێی عێراق، پێگه‌ی كورد له‌و شاره به‌ره‌و لاوازیی بڕوات. ئێوه چۆن ده‌ڕواننه پاشه‌ڕۆژی سیاسیی شاری كه‌ركووك؟، ئایا فره‌لیستیی چ زیانێك به‌چاره‌نووسی ئه‌و شاره ده‌گه‌یه‌نێت؟.
هاوڕێ باخه‌وان: به‌داخه‌وه زۆر ره‌شبینم به‌رامبه‌ر پاشه‌ڕۆژی كه‌ركووك، تاوه‌كو ئێستا له‌نێوان دووكه‌وانه‌دا، یه‌ك لیستمان له‌كه‌ركووك هه‌بووه، له‌سایه‌ی ئه‌و یه‌ك لیسته‌دا، دوو ده‌زگای ئاسایشمان له‌كه‌ركووك هه‌یه، شاره‌دێی قه‌ره‌هه‌نجیری سه‌ر به‌كه‌ركووك تاوه‌كو ئێستا دوو به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌یه، یه‌كیان سه‌ر به‌پارتی و ئه‌وی دییان سه‌ر به‌یه‌كێتی،. فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركووك جێی شه‌ڕه گورزی ئه‌ندامانی ئه‌و یه‌ك لیسته‌ن، ئایا پارتی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌كه وه‌ربگرێت یان یه‌كێتی. ده‌ستكه‌وتی ئه‌مه بۆ ئه‌و بێت یان ئه‌و و زۆر كاری ناڕه‌وای تر كه خۆتان له‌من باشتری ده‌زانن. دیاره ئه‌گه‌ر لیستی تریش بێت، ئه‌وا ئه‌ویش ده‌یه‌وێت به‌شه كێكی دزیی و تاڵانیی خۆی ببات و ره‌وشی كه‌ركووك له‌خراپه‌وه بباته خراپترین. هیوادارم من هه‌ڵه بم و ئه‌و ره‌شبینییه‌ی من وانه‌بێت و بارودۆخه‌كه به‌ره‌و باشتر بڕوات.
هاوڕێ باخه‌وان
هاوڕێ قادر ره‌سوڵ "هاوڕێ باخه‌وان"، ساڵی 1966 له‌سلێمانی له‌دایكبووه. هه‌ر له‌سلێمانی قۆناغه‌كانی خوێندنی ته‌واو كردووه. ساڵی 1984 چۆته به‌شی یاسای كۆلێژی یاسا‌و رامیاریی زانكۆی موسڵ. ساڵی 1986 به‌هۆی به‌شدارینه‌كردن له‌راهێنانی هاوینه‌ی سه‌ربازیی به‌عس، بۆماوه‌ی 2 ساڵ له‌زانكۆ ده‌ركراوه‌و ساڵی 1988 ده‌ستیكردۆته‌وه به‌خوێندن وساڵی 1990 كۆلێژی یاسای ته‌واوكردووه. هه‌مان ساڵ بووه پارێزه‌ر. له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان بووه‌ته ئه‌ندامی پاسۆك، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی پاسۆك له‌گه‌ڵ هه‌ندێك حزبی تردا یه‌كبگرێت وازی له‌پاسۆكایه‌تی هێناوه. ساڵی 1992 وڵاتی به‌جێهێشتووه به‌ره‌و سووریا‌و پاشان لوبنان، له‌كۆتایی ئه‌وساڵه له‌وڵاتی هۆڵاند گیرساوه‌ته‌وه. ساڵانێكه كارمه‌ندی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌و ئێستا له‌دادگای لاهای له‌به‌شی یۆگۆسلاڤیای پێشوو به‌ڕێوه‌به‌ری داتاكانه. خاوه‌نی حه‌وت كتێبی چاپكراو و سیانی چاپ نه‌كراوه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
