* به‌بڕوای ئێمه ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌یاڵ نییه خه‌یاڵ ئه‌وه‌یه كه جه‌نراڵه‌كانی تورك، مه‌لاكانی ئێران، به‌عسیه فاشسته‌كان بكه‌ین به‌دیموكرات.
جه‌واد مه‌لا سه‌رۆكی حكومه‌تی رۆژئاوا كوردستان له تاراوگه، و سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نیشتمانی كوردستان KNC له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا بۆ (میدیا) له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی كوردستانی ده‌دوێت.
میدیا: ئێوه سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نیشتمانی كوردستانن، ئامانج و كار و چالاكیه‌كانی ئه‌و كۆنگره‌یه چیه؟
-كۆنگره‌ی نیشتمانی كوردستان له ساڵی 1985دروست بوو دوای ئه‌وه له كوردستان ده‌رچووم گه‌یشتمه ئه‌وروپا ئه‌و باوه‌ڕه‌م لا دروست بوو كه بڕوام به‌وه نییه یه‌ك لایه‌ن یان یه‌ك حیزب بتوانێت كوردستانی مه‌زن ئازاد بكات.
ئه‌و كۆنگره‌یه حیزب نییه به‌ڵكو سه‌یوانێكی نه‌ته‌وه‌ییه بۆ هه‌موو حیزب و رێكخراو لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئێمه دانیشن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه گه‌وره‌یه‌ی ئێمه چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه، چاره‌یه‌ك كه كۆنگره‌ی نیشتمانی له‌سه‌ر بنیادنراوه سه‌ربه‌خۆی كوردستانه، ئێمه بڕوامان وایه ئه‌و حكومه‌تانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر كوردستاندا هه‌یه ئاماده‌نیین ماف به هاوڵاتیه‌كانی خۆیان بده‌ن بۆیه ناكرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێ بكرێت مافی نه‌ته‌وه‌یی به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بده‌ن، له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردستان مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر ستراتیژیه به لای ئێمه‌وه، ئیمكان نییه ئێمه بتوانین كه‌رامه‌تی گه‌لی خۆمان بپارێزین به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی، هه‌ندێك كه ده‌ڵێن دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌یاڵه، به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێن نه‌خێر خه‌یاڵ نییه راسته زۆر زه‌حمه‌ته، به‌ڵام موسته‌حیل نییه، به‌بڕوای ئێمه مسته‌حیله ئه‌وه‌یه كه جه‌نراڵه‌كانی تورك، مه‌لاكانی ئێران، به‌عسیه فاشسته‌كان بكه‌ین به‌دیموكرات.
میدیا: له‌و كاته‌وه كه كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یتان دروست كردوه تا ئێستا چه‌ند هه‌نگاوی كرده‌یتان ناوه بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی به‌رزتان كردوه‌ته‌وه كه سه‌ربه‌خۆی كوردستانه؟
-كۆنگره ته‌نزیمێكی حیزبی نییه، به‌ڵكو وه‌ك بیروباوه‌ڕێك ئێمه كار بۆ سه‌ربه‌خۆی ده‌كه‌ین له‌و بواره‌شدا كارمان هه‌یه، ئێمه رۆژنامه و ماڵپه‌ڕی ئه‌لترۆنی رایدیۆ و ته‌له‌فزیۆنمان هه‌یه، هه‌روه‌ها حكومه‌تی رۆژئاوای كوردستان‌مان دامه‌زراندوه، له‌بواری په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیدا به هه‌زاران نامه‌مان ناردوه بۆ هه‌موو دنیا بۆنمونه نامه‌یه‌كمان بۆ جۆرج مێجه‌ر نارد گوتمان پاش دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان له باشوور له ساڵی 1992 پێویسته ئه‌و هه‌ڵه‌ی ئێوه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست كردتان ئێستا راستی بكه‌نه‌وه حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد دروست به‌كه‌ن وه‌ڵامی جۆرج مێجه‌ر ئه‌وه‌بوو كه من پشتگیری سه‌ربه‌خۆی كوردستان ناكه‌م به‌ڵكو پشتگیری ئۆتۆنۆمی ده‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه سه‌ركرده‌كانی كورد داوای ئۆتۆنۆمی ده‌كه‌ن نه‌ك سه‌ربه‌خۆی، هه‌ركه‌سێك ئه‌و دوودێڕه بخوانێته‌وه تێده‌كات ئه‌ویش وه‌ك من سه‌ربه‌خۆی كوردستانی ده‌خوازێت، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی كورد داوای سه‌ربه‌خۆی ناكه‌ن.
میدیا: له ئێستا ده‌گوترێت سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی به‌سه‌رچوه، ئه‌وه له كاتێكدایه كه ئێوه به‌رده‌وام باس له سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كه‌ن ئایه به راسته سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه به‌سه‌رچووه؟
-من ته‌وا و به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بینم، دوای روخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت 10 ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوو، له یوگسلافیا حه‌وت هه‌شت ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوو، هه‌موو دنیا به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌چێت ئێستا زه‌مانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه.
ئه‌وه‌ی كه كاره‌ساته كه‌سێك زله‌یه‌ك له ژنه‌كه‌ی خۆی بدات ژنه‌كه‌ی داوای ته‌ڵاق ده‌كات، به‌ڵام ئێمه ئه‌و عه‌ره‌بانه نیوو ملیۆن مرۆڤی ئێمه‌یان كوشتوه كه‌چی ئێمه داوای ته‌ڵاقی خۆمان ناكه‌ین، من بۆخۆم له‌وه تێناگه‌م خه‌له‌لێك هه‌یه كه نازانین چییه.
میدیا: كام له حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان به‌شه‌دارن له كۆنگره‌ی نیشتمانی كوردستاندا؟
-ئێمه له مانگی 4/2009 كۆنگره‌ی شه‌شمان به‌ست له هه‌ندێكیان پارتی ئاماده ده‌بوو PKK ئاماده نه ده‌بوو، هه‌ندێك جار PKK ئاماده ده‌بوو پارتی نه ده‌هات، ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌بوو كه هه‌موو ئاماده‌بین، به‌ڵام هیچكات هه‌موو پێكه‌وه ئاماده‌نه‌ده‌بون.
میدیا: بۆ؟
- بڕوام وایه ده‌وڵه‌تانی ده‌وروپشتی ئێمه ناهێڵن، ئێمه ببین به یه‌ك ده‌ست چونكه ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌ك ده‌ستبین كێشه‌ی ئێمه چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به خه‌یاڵ گریمانه بكه‌ین بۆنموونه هێزی ره‌حمه‌تی بارزانی 150هه‌زار پێشمه‌رگه‌بوو، هێزی قاسملو به‌ده‌یان هه‌زار پیشمه‌ركه بوو، په‌كه‌كه كه‌ش ده‌ڵێن به ملێۆنان لایه‌نگرمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه گه‌ورانه له‌گه‌ڵ هێزی مام جه‌لال ئه‌وانی دیكه، ببن به‌یه‌ك بۆ هیچ كه‌سێكپێمان ده‌وێرێت؟ بێگومان نه‌خێر، هێزێكی زۆر گه‌وره‌یه به‌داخه‌وه كه ئه‌و هێزه گه‌ورانه جگه له‌وه‌ی كه پێكه‌وه كارناكه‌ن به‌ڵكو یه‌كدیش ده‌كوژن.
میدیا: ئه‌و زه‌مینه واقعیانه چین وا له تۆ ده‌كات پێتوابێت دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی مومكینه؟
-كێشه‌ی ئێمه له په‌یماننامه‌ی لۆزانه‌وه ده‌ستی پێكرد، له‌و په‌یمان نامه‌یه‌دا په‌یمان نامه‌ی سیڤه‌ر ره‌تكرایه‌وه بڕیاردرا ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا پارچه بكرێت، تائێستاش سیاسه‌تی رۆژئاوا له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستانی ئێراق دروست بووه هیچ جیاوازیه‌كی نییه له‌گه‌ڵ په‌یماننامه‌ی لۆزان، واته بڕیارێكی سیاسی بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ئیستادا بوونی نییه، به‌ڵكو ته‌نیا بڕیارێكی ئینسانی هه‌یه كه گه‌لی كورد له كیمیاوی جینۆساید وئه‌نفال بپارێزێت له ئێراقدا، ئێمه ده‌توانین ئه‌و رایه بگۆڕین ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی شتێكت بوێت ده‌بێ داوای بكه‌ی، به‌ڵام تا ئێستا گه‌لی كورد داوای سه‌ربه‌خۆی نه‌كردوه، ئێمه ده‌توانین ئه‌و بڕیاره‌ی لۆزان بگۆڕین به‌ڵام ئه‌گه‌ر داوای بكه‌ین.
میدیا: به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كورد پێی وایه كاتی ئه‌وه نییه داوای سه‌ربه‌خۆی بكه‌ین بۆیه ئه‌و داوایه ناكه‌ین؟
- چۆن كاتی نییه؟ دوای په‌نجاساڵ له سیاسه‌تی ئه‌وان ئێستاش ره‌وشی كوردستان هه‌ر وه‌ك خۆی وایه، كۆمه‌نیست، نازیه‌ت، سه‌دام، شای ئێران و خومه‌ینی هاتن وچون ئێمه هه‌ر وه‌ك خۆمانماینه‌وه، هه‌موو دنیا گۆڕان لای ئێمه هه ده‌ڵێن زه‌مینه نییه، هه‌زار زه‌مینه دروست بوو ئێمه هه‌روه‌ك خۆمان ماوینه‌ته‌وه.
میدیا: جاران خه‌باتی كورد بۆ كوردایه‌تی بوو، به‌ڵام له ئێستادا هه‌ست ده‌كرێت ئه‌وه كوردایه‌تیه كاڵ بوه‌ته‌وه باسی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ودیموكراسه‌یه‌ت ده‌كرێت ئایه خه‌باتی راسته‌قینه‌ی كورد له پێناو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد دایه یان دیموكراسیه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی؟
- سه‌باره‌ت به‌مافی مه‌ده‌نی و دیموكراسی پێش ئه‌وه‌ش ماركسیه‌ت و پیشتریش ئیسلامیه‌ت، ئه‌وانه هه‌موو یاركردنه به ئه‌قڵی گه‌لانی ژێر ده‌ست، بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی خۆیان وه‌رنه‌گرن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه به‌ده‌سه‌ڵاته سیاسه‌تی خۆیان به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه گه‌لانی ژێرده‌ست داوای مافی خۆیان نه‌كه‌ن، كاتێك ئیمپراتۆریه‌تی مه‌دیا كه‌وت زانایانی دینی زه‌رده‌شتی كورد كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری زانایانی دینی زه‌رده‌شتی فارس، كاتێك ئیسلام هات دینی زه‌رده‌شتی له كوردستان تێكچوو وه‌ك ئیسلام موسڵمانی كورد كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی موسڵمانی عه‌ره‌ب و فارس وتورك، فارسه‌كان ئیسلامێكی فارسیان دروست كرد، ئێمه نه‌ماتوانی ئیسلامێكی كوردی دروست بكه‌ین، بۆیه هه‌ركه‌س ده‌سه‌ڵات داربوو ئێمه نۆكه‌ری ئه‌و ده‌بوین، ئیسلام ده‌ڵێت هه‌موو گه‌لان وه‌ك یه‌كن، به‌ڵام ئه‌وه بۆ كورد راست نه‌بوو ماركسیه‌ت ده‌ڵێت مافی چاره‌نووس هه‌یه، به‌ڵام بۆ كوردی سۆڤیه‌ت ئه‌و مافه نه‌بوو، لێره‌وه ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و قسانه هه‌مووی درۆیه ئه‌و فیكرانه بۆ ئه‌وه‌ی به‌كارهێنراون ده‌وڵه‌تانی ژێر ده‌ست وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئێراق دیموكراسی بێت كورد مافی خۆی وه‌رده‌گرێت درۆیه‌كه له‌وه‌ی ئیسلام وماركسیه‌ت گه‌وره‌تر، ئه‌وه دروشم و ناوێكی زۆر گه‌وره‌یه چونكه كه‌س ناتوانێت شه‌ڕی دیموكراسیه‌ت بكات، به‌بڕوای من نه‌خشه‌یه‌كی باش دوست كراوه.
به‌بڕوای من ده‌كرێت ده‌وڵه‌تێك دیموكراتی له‌هه‌مانكاتدا داگیركه‌ریش بێت بێت هه‌ر له دیموكراسیه‌ته‌كه‌ی یۆنان و ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنیه‌وه كه هه‌موو دینای داگیركرد تا رۆمانیای كۆن كه گه‌وره‌ترین ئه‌نجومه‌نی سیناتی دنیایان هه‌بوو گه‌وره‌ترین داگیركه‌ر بوون، مه‌گه‌ر فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا گه‌وره‌تیرن هێزی دیموكراتی ئه‌م زه‌مانه نه‌بوون؟ خۆ ئه‌وانیش هه‌ر داگیركه‌ربوون، واتا مانای ئه‌وه نییه به‌غدا دیموكراتبێت ئیدی مافی كورد دابین ده‌كات. ئه‌وه درۆیه‌كی ئاشكرایه.
میدیا: واتا به‌ڕای تۆ دیموكراتیه‌ت ناتوانێت مافی چاره‌ی خۆنوسین بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكات؟
-به‌ڵی ئه‌وه‌ی 100%.
میدیا: ئایه ده‌كرێت ده‌وڵه‌تكمان هه‌بێت هه‌م دیموكرات بێت‌و له هه‌مانكاتیشدا نه‌ته‌وه‌یی بێت؟
- دیموكراسیه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی یاری به ئه‌قڵی گه‌لان ژێر ده‌سته بكات.
میدیا:له هه‌موو شوێن و كاتێك وایه؟
-به‌ڵی، كوا مافی میلله‌تی باسك له ناو یه‌كێتی ئه‌وروپادا كه رۆژانه ده‌كوژرێن، یان به‌ریتانیا گه‌لی ئیرله‌ندی ده‌چه‌وسێنێته‌وه، واته وانییه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێك دیموكراتبێت ئیدی له‌گه‌ڵ گه‌له‌كانی ژێرده‌ستی باش بێت، دیموكراتیه‌ت وداگیركاری زۆر ئیمكان هه‌یه پێكه‌وه كاربكه‌ن.
میدیا:بابه‌تی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی و دانانی ستراتیژیه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌كوێ گه‌یشت و چ ئاماده‌كاریه‌كه‌ی له لایه‌ن ئێوه‌وه بۆ كراوه؟
- مه‌سه‌له‌ی حیزبایه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێمه تێكداوه، هه‌ر حیزبێك له ناوچه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت زه‌عامه‌تی خۆی دروست بكات، نه‌ك بۆنه‌ته‌وه. كار بكه‌ن ئه‌وه‌ش زیانی به كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد گه‌یاند.
ئه‌گه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌ی هه‌بوایه براكوژی دروست نه‌ده‌بوو، ئه‌گه‌ر كوردێك باوه‌ڕی به‌بیری نه‌ته‌وه‌ی هه‌بێت ئیمكانییه برای نه‌ته‌وه‌ی خۆی بكوژێت.
میدیا: به‌بڕوای ئێوه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی لای تاكی كورد لاوازه یان، ئه‌وه سه‌ركرده‌كانی كورد نایانه‌وێت بایه‌خ به‌و مه‌سه‌له‌یه بده‌ن له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان؟
- سایكس بیكۆ كوردستان كرد به چوار پارچه، به‌ڵام ئێستا له هه‌موو كوردستان سه‌د پارتی هه‌یه كه ده‌ڵێت من خاوه‌نی كوردستان‌م من كوردستان دروست ده‌كه‌م واته به‌شێوه‌یه‌ك ناراسته‌وخۆ 100كوردستان‌مان دروست كرد، سایكس بیكۆ زه‌وی كوردستانی دابه‌شكرد، به‌ڵام حیزبه كوردیه‌كان خه‌ڵكه‌كه‌یان دابه‌ش كردوه.
میدیا: زۆجار ده‌گوترێت كه نه‌ته‌وه پێویستی به بوونی ره‌مزێك یان مه‌رجه‌عێك هه‌یه هه‌مووی له ژێر سایه‌یدا كۆببێته‌وه ئایه كورد ئه‌و ره‌مزه‌ی هه‌یه یانا ئه‌گه‌ر نییه‌تی بۆ؟
- ئه‌و ره‌مزه هه‌بوو خوالێخۆشبوو بارزانی نه‌مر، ئه‌و ره‌مزێك بوو بۆ هه‌موو كورد، نه‌ك ته‌نیا باشوور به‌ڵكوو هه‌موو كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانی نه‌مردابوو، ئه‌و كاته نه قاسملو هه‌بوو نه PKKهه‌بوو نه‌كه‌س ته‌نیا مه‌لامسته‌فا هه‌بوو به‌س، دوای كۆچی دوای مه‌لا مسته‌فا ئه‌و ره‌مزه نه‌مان، له سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ش من بابه‌تی كۆنگره‌ی نیشتمانیم هێنایه پێشه‌وه، من له بیرم دێت سه‌ردانی بارزانی نه‌مرم كردبه بارزانی نه‌مرم گوت له دوره‌وه هاتم ره‌بیه‌كانی ئێراق زانیم كه ئه‌وه ره‌بیه‌ی سوپای ئێراقه به هۆی ئاڵاكه‌یانه‌وه، به‌ڵام تا نه‌هاتمه نزیك نه‌مزانی ره‌بیه‌كانی پێشمه‌رگه كامه‌یه چونكه هێچ ئاڵایه‌كی كوردستانیان پێوه نه‌بوو، بارزانی گوتی راست كه‌یت، پاشان ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گوتی به‌من جارێكی تر لای سه‌رۆك ئه‌و قسانه مه‌كه چونكه ئێمه ده‌وڵه‌تی كوردیمان ناوێت ئێمه ئۆتۆنۆمیمان ده‌وێت منیش ئه‌و كات به‌رپرسی یه‌كێتی قوتابیانی كوردی سوریا بووم گوتم راست ده‌كات چونكه ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی شۆرشه، به‌ڵام ئێستا ده‌زانم كه من راستم ده‌كرد نه‌ك ئه‌و، یانه وه‌رزشیه‌كان له دنیادا ئاڵای تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، ئه‌ی بۆ ئێمه ئاڵای خۆمان نه‌بێت. ئێمه ئه‌وه چه‌ند ساڵێكه ئاڵامان به‌رز كردوه‌ته‌وه، له سه‌ره‌تای راپه‌ڕیندا خه‌ڵك ئاڵای كوردستانیان به‌رز كرده‌وه، به‌ڵام من له بیرم دێت له په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌م دانیشتن ئاڵای ئێراق هه‌بوو ئه‌و كات ئه‌ندامانی په‌رله‌مان گوتیان ئێمه له ژێرسایه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌دا دانانیشین كه جینۆسایدی كردوین، كۆبونه‌وه‌ی له به‌ینی پارتی ویه‌كێتی دروست بوو، تا رۆژی دوای كۆبوونه‌وه بڕیاری دا هیچ ئاڵایه‌ك دانه‌نێت په‌رله‌مانی كوردستان له یه‌كه‌م دانشتنیدا هیچ ئاڵایه‌كی نه‌بوو تاماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ.
میدیا: ئێوه كۆماری رۆژئاواتان له تاراوگه دروست كردوه هۆكاری پێكهێنانی ئه‌و هه‌نگاوه چیه ئامانجتان له‌وه چیه؟ له‌كاتێكدا زۆر باسه له كوردستانی یه‌كگرتووده‌كه‌ن بۆ كۆماره‌كه‌تان ته‌نیا له سه‌ر ئاستی به‌شێكه نه‌ك هه‌موو كوردستان؟
- له‌گه‌ڵ ئه‌وروپی و رۆژئاوایه‌كان ده‌توانم به پێنج ده‌قه باوه‌ڕیان پێبهێنم كه كورد مافی ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌یه، به‌ڵام به‌رۆژ و مانگ و ساڵ له‌گه‌ڵ كورد گفتوگۆده‌كه‌م ناتوانی قه‌ناعه‌ت به‌كورده‌كان خۆیان بهێنی كه كورد ئه‌و مافه‌ی هه‌یه، هه‌ندێكجا ده‌ڵێم كاكه من به‌تۆم نه‌وه‌توه كه ده‌وڵه‌تێك بۆ ئیسرائیل دروست بكه ده‌مه‌وێت بۆ خۆت ده‌وڵه‌تێك دروست بكه‌م بۆ كورد به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر باوه‌ڕیان نایه‌ت.
ده‌گه‌رێمه‌وه سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی پرسیاره‌كه‌ت كه بۆ حكومه‌تی رۆژئاوا نه‌ك هه‌موو كوردستان؟ به‌ڕای من كوردستانی سوریا له ژێر مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌دایه چۆن كوردستانی سور له سۆڤیه‌ت نه‌ماو هیچ كه‌سێك باسی ناكات، كوردستانی سوریاش ئێستا له ژێر هه‌مان مه‌ترسیدایه، كوردستانی ئێراق و توركیا و ئێران كه‌س ناتوانێت ئینكاری بكات، به‌ڵام ئینكاری كوردستانی سوریا ده‌كرێت ئێستاش هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌ڵێن كوردی سوریا له توركیاوه هاتوون، هه‌ندێكی دیكه له سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌ڵێن بۆ سێ چوار گوندی كورد ئێمه ئاماده‌نین په‌یوه‌ندی خۆمان له‌گه‌ڵ سوریا تێكبده‌ین. تێگه‌یشتنێكی هه‌یه له دوژمنانی كوردستان و ناو خودی كوردیشدا بۆ ئینكاری كردنی كوردستانی سوریا بۆیه ئێمه‌ش بۆ داكۆكی كردن له‌و قه‌زیه كۆماری كوردستانی رۆژئاوامان راگه‌یاند.
له‌و ناونده‌دا ئێمه له‌سه‌ر ئاستێكی باش په‌یوه‌ندیمان هه‌یه من خۆم چه‌ند جارێك تۆنی بلێرم بینیوه له لیبیا له سه‌رۆكایه‌تی كۆماری لیبیا پێشوازیمان لێكراوه وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌روه‌ها وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی جه‌ندین وڵاتمان بینیوه له چوار چێوه‌یه‌كی زۆر فراواندا كارده‌كه‌ین.
میدیا: له شۆڕشی ئه‌یلولدا، پشتگیری و پشتیوانی سه‌كردایه‌تی ئه‌و شۆڕشه نه‌ته‌وه‌یه كه ده‌درا، كه‌چی ئێستا پێچه‌وانه‌ی لێهاتووه؟
- كاتی خۆی له شۆڕشی ئه‌یلول بارزانی نه‌مر گرنگی و پشتیوانی زۆری به‌و خه‌ڵكانه ده‌دا كه بیری نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بوو، فه‌تاح ئاغا ئامیر هێزی رزگاری و حه‌مه عه‌زیز لێپرسراوی دارایی و مام هه‌ژار له‌نزیكه‌وه هاوكاری بوو، كاك ئیدریس لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بوو، كه‌چی ئێستا ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی په‌یامی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن، نه‌ك هه‌ر هاوكاری و پشتگیری ناكرێن، به‌ڵكو دژایه‌تی ده‌كرێن و پشتگیری له بیروباوه‌ڕه هاورده‌كان ده‌كرێن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
