دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ئه‌مساڵ گروپێك له هونه‌رمه‌ندانی (شانۆ و سینه‌ما و شێوه‌كاری) شاری سلێمانی له فێستیڤاڵێكی هونه‌ریی له به‌ریتانیا به‌شدارییانكرد، جگه له نمایشكردنی كورته فیلم و پێشانگه‌ی شێوه‌كاری، شانۆگه‌ری (په‌یكه‌ر) یشیان نمایشكرد، ئه‌م شانۆییه له ده‌رهێنانی (كامه‌ران سوبحان و دڵشاد حسێن) بوو، دوای نمایشه‌كه و له یه‌كێك له كتێبخانه‌كانی شاری مانجسته‌ر گفتوگۆیه‌كی راشكاوانه و راسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ كامه‌ران سوبحان ئه‌نجامدا ئه‌مه‌ی ده‌یخوێننه‌وه كورته‌ی ئه‌و دیداره‌یه كه به راسته‌وخۆیی له‌گه‌ڵیدا سازكراوه‌و پوخته‌كه‌ی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه..
سازدانی دیدار: زانا میروه‌یسی _ مانجسته‌ر
* دوای ئه‌وه‌ی شانسی ئه‌وه‌تان بۆ ڕه‌خسا و هاتنه ئه‌وروپا بۆ كاری هونه‌ریی، حه‌زده‌كه‌ین بزانین دیگای ئێوه بۆ كاری هونه‌ریی له كوردوستان و له ئه‌وروپا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، ئایا هیچ جیاوازییه‌ك ده‌بینن له كاركردن لێره و له كوردستان؟
- به‌ڕاستی ناتوانم ئه‌وه دیاریبكه‌م، كه له كوردستان كاری هونه‌ریی چۆنه و له ئه‌وروپا چۆنه؟ ئه‌وه‌ی كاتی زۆر و ده‌رفه‌تی زۆرتری ده‌وێت، چونكه پێشتر تێڕوانی من بۆ كاری هونه‌ریی له كوردستان تا ئه‌و راسته هێڵه بووه كه خۆم بینیومه و له چوار ده‌وری خۆم هه‌ستمپێكردوه، به‌ڵام له بینینی ئه‌وروپا و كاری هونه‌ریی لێره به دڵنیاییه‌وه ئێستا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و خاڵه دیاریكراوه..
به شێوه‌یه‌كی گشتی من له‌و پرسیاره‌ی ئێوه‌دا ده‌توانم پێش جیاوازیكردنی نێوان ئێره‌و كوردستان ئه‌وه بخوێنمه‌وه كه له به‌ها و گرنگی سه‌فه‌ر بۆ مرۆڤی كورد به گشتی ئه‌هلی فكر و هونه‌رمه‌ند به تایبه‌تی بدوێم، چونكه به داخه‌وه ده‌ڵێم ئێمه مه‌حرومی ئه‌و هه‌سته جوانانه‌ین كه له سه‌فه‌ردا هه‌یه، سه‌فه‌ر زیهن وچاوی مرۆڤ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، به‌ڵام بۆ هونه‌رمه‌ند زیاتر و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندتری ده‌كات، بونیادنانه. كه گه‌یشتیشینه شانشینی به‌ریتانیا هه‌ر له فرۆِكه‌خانه‌وه (له ترمیناڵی سێی فڕۆكه‌خانه‌ی هیسرۆ) له له‌نده‌ن، له یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنمان به شارستانییه‌تی ئینگلیزه‌كانه‌وه ئه‌وه‌یان پێوتین كه ئه‌م میلله‌ته خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ند و شارستانییه‌تی خۆیانن، سه‌یرنه‌بێـت به‌لاته‌وه هه‌ر هه‌شتمان وه‌ك میلی كاتژمێر له‌و فڕۆكه‌خانه پان و به‌رینه‌دا ملمان ده‌تووت میلی كاتژمێره‌و به هه‌ر چوار ده‌وری خۆماندا له‌و فڕۆكانه ڕاده‌ماین كه له هه‌موو خوله‌كێكدا فڕۆكه‌یه‌ك له ئاسمانی ساماڵدا خۆی ده‌دا به زه‌وی هیسرۆدا و فڕۆكه‌یه‌ك به‌ره‌و ئاسمان ده‌فڕی، به‌ڵام ئه‌مه پێشتر نه‌مانبینیوه‌و له وڵاتی ئێمه‌دا بوونی نییه، هه‌ر له فڕۆكه‌خانه‌وه ئینگلیزه‌كانیش به نه‌رێتی تایبه‌تمه‌ندی و مرۆڤدۆستی خۆیانه‌وه پێشوازییان له‌و هه‌زاره‌ها ره‌گه‌زه جیاوازه‌ی ئه‌م گه‌ردوونه ده‌كرد، كه پۆل پۆل ده‌هاتنه ناو ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ی كه ناونراوه به‌ریتانیا.
ئه‌وه‌ی زۆر جێگه‌ی سه‌رنجم بوو، ئه‌ته‌كێتی هاتنه ژووره‌وه‌یه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی (هیسرۆ) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌خانه‌كانی دونیا به‌ڵام هه‌ست ناكه‌یت له شوێنێكی ترسناك و پڕ له مه‌ترسیدا نیشتویته‌وه، به‌ڵكو هه‌ست ده‌كه‌یت له باخچه‌یه‌ك دابه‌زیوت و كه‌مێك ماندوویت..
ده‌مه‌وێـت دیسانه‌وه له پرسیاره‌كه‌ی تۆ وه له‌سه‌ر دیدگای خۆم پێش كاری هونه‌ریی بۆ ئه‌و شاتانه باسكه‌م ئه‌وسا بچمه سه‌ر هونه‌ر و كولتووری ئه‌م میلله‌ته، گه‌ر بێمه‌وه سه‌ر كرۆكی پرسیاره‌كه‌ی تۆ له‌باره‌ی تێڕوانینی من بۆ كاری هونه‌ریی نازانم چۆن و له چ مه‌ودا و سوچێكه‌وه ده‌ستپێبكه‌م، تكات لێده‌كه‌م زۆرشتم لێده‌رمه‌هێنه چونكه منیش وه‌ك خۆت رۆژنامه‌نووسم با ده‌رفه‌تم بمێنێت به‌شێك له‌و دێڕانه‌ی له‌م مانگه‌دا ئه‌رشیفم كرددوه بیانخه‌مه سه‌ر لاپه‌ڕه و خوێنه‌ری پێئاشناكه‌م، به‌ڵام زانا گیان پێش ئه‌وه‌ی باسی چیرۆكی گرتنی هۆڵی نمایشه‌كه و شێوازی كاری هونه‌ریی بكه‌م ده‌رفه‌تم بده‌یه باسی كتێبخانه و به‌های كتێب و ئیتیكی هونه‌رییانه‌ی هاوڵاتی بكه‌م له‌م وڵاته‌دا چونكه ئه‌وه‌ش ده‌چێته چوارچێوه‌ی پرسیاره‌كه‌ی تۆ له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئێره و كوردستان.
خۆت ده‌زانیت به‌و چه‌ند جاره‌ی سه‌ردانی هه‌ردوو كتێبخانه‌ی ستۆكپۆرت و مانجسته‌رمان كرد پێكه‌وه تووشی چ شۆكێك بووم، لێره هه‌ستمكرد ژیانێكی زیندوو له نێو كتێبخانه و چایخانه و هۆڵی شانۆ و سینه‌ماكان هه‌یه، ئه‌و دوو كتێبخانه‌یه‌ی كه من بینیم خودای گه‌وره چی بوو؟ تووشی شۆك بووم، كتێبخانه‌ی گشتی لێره كاریگه‌ری به‌سه‌ر كاندیدی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی وڵات و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وه هه‌یه، چونكه به‌شێكی هه‌ره زۆری خوێنده‌واره‌كانی ئه‌م وڵاته به‌شێكی گرنگیان له‌م جێگه‌یه به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له كتێبخانه‌كانه‌وه ئه‌وان ده‌زانن تیپی دووگۆڵی مانجسته‌ر و لیڤه‌ر پوول ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌یبه‌نه‌وه یان ده‌یدۆڕێنن؟ له كتێبخانه‌كانه‌وه هاوڵاتی ئه‌م وڵاته ده‌زانێت (تۆنی بلێر) له شه‌ڕی عێراقدا درۆی له‌گه‌ڵ كردن یان ڕاست؟ ئه‌وان له كتێبخانه‌وه ده‌زانن ئه‌مڕۆ و ئه‌م هه‌فته چه‌ن بیانی سه‌ردانی ئه‌م شاره‌یان ده‌كه‌ن و بۆچی و به‌چ مه‌به‌ستێك؟ ئه‌وان له كتێبخانه‌گشتییه‌كانه‌وه ده‌زانن ئاستی رۆشنبیریی و خوێنده‌واری خۆیان به به‌راورد به شارێكی تر گه‌یشتووه‌ته كوێ؟ ئه‌وان ڕێژه‌ی ئینتیحار و رێژه‌ی تووشبوون به ئایدز و ئه‌نفلۆزای باڵنده و زۆر شتی‌تریش ده‌زانن... ته‌نانه‌ت ڕێژه‌ی زۆربوون و كه‌می هاوڵاتی بیانی له‌شاره‌كه‌ی خۆیاندا له‌م كتێبخانانه‌وه ده‌یزانن... وه‌ك چۆن هه‌ردووكمان ئه‌و چه‌ند كتێبه‌ی خۆمان برد بۆ ئه‌وێ له‌و چه‌ه‌ند خوله‌كه‌ی كه ماینه‌وه زانیمان ئه‌مڕۆ چ فیلمێك له سینه‌ماكانی مانجسته‌ر نمایشده‌كرێت؟ زانیمان یاداشته‌كانی (گۆندۆلیزا رایس) سه‌ره‌تای ساڵی نوێ له ڕه‌فه‌كانی ئه‌و كتێبخانه‌یه‌دا داده‌نرێت، خۆت باشتر ده‌زانیت كتێبخانه گشتییه‌كانی ئه‌م شاره ئه‌و كار و ئه‌ركیانه، خۆ باسی ئه‌و نه‌رێت و پێشوازی و ئیتیك و به‌ها به‌رزانه‌ت بۆ ناكه‌م كه چۆن پێشوازییان له منێكی بیانی كرد‌و چه‌ند موغریینانه به‌ده‌مه‌وه هاتن، به‌داخ و كه‌سه‌رێكی زۆره‌وه كتێبخانه‌كانی وڵاتی من كه له پایته‌ختی روناكبیرییدا ته‌نها یه‌ك كتێبخانه هه‌یه كه ئه‌ویش خێری پیره‌مێرد بنوسێت كه له ساڵی 1945 دروستیكرد، ئیدی له‌و كاته‌وه تا ئێستا ئه‌م شاره سه‌دان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌بوو هه‌ر ئه‌و كتێبخانه‌ی تێدایه و بێگومان به من كه ئه‌هلی كتێب و خوێندنه‌وه‌م حه‌زناكه‌م سه‌ری پیاكه‌م ئیدی نه‌ك كه‌سێك كه هه‌ر بیه‌وێت بزانێت هه‌واڵی رۆژ چییه؟ له‌و كتێبخانه‌یه‌ی ئێمه‌دا له سلێمانی له چوونه ژووره‌وه‌یه‌وه كه پۆلیسێك به زبری مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات تا ئه‌و خانمانه‌ی كه له‌وێ كتێب ده‌ده‌ن به خه‌ڵك، له‌وێ پێچه‌وانه‌ی ئێره، خانمانی فه‌رمانبه‌ر حه‌زده‌كه‌ن رۆژانه یه‌ك كه‌س نه‌چێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێب بۆ كتێبخانه، بۆ ئه‌وه‌ی دانیشن به ئاره‌زووی خۆیان غه‌یبه‌تی یه‌كتر و باسی زنجیره ته‌له‌فزوێنه‌كانی شه‌و باسی شێوازی جل و به‌رگ و میكیاژ و جلوبه‌رگی یه‌كتر بكه‌ن، به‌ڵام لێره به پێچه‌وانه‌وه، من دوای ئه‌م چیرۆكه دورودرێژه گه‌ر به‌راوردێك بكه‌م ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازییانه بیكه‌م كه له نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا هه‌یه، بۆیه تكات لێده‌كه‌م ناچارم مه‌كه به به‌راوردكاری، چونكه هاوڕێیه‌كم به مه‌سجی مۆبایل پێیوتووم، تۆ نووسه‌رێكی باشیت، به‌ڵام له ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریدا كڵۆڵیت! (به پێكه‌نینه‌وه)
* سوپاس بۆ ئه‌و هه‌موو ڕونكردنه‌وانه‌ت من ویستم ورده ورده بچینه سه‌ر ئه‌م باسانه به‌ڵام دیاره هه‌ر وه‌ك خۆتان ئاماژه‌تان پێدا ڕۆژنامه‌نووسن و دیاره ئێمه‌ش له فێڵی یه‌كتر ده‌گه‌ین، ده‌مه‌وێـت ئه‌وه‌ت لێبپرسم دوێنێ له مانجسته‌ر نمایشی شانۆكه‌ت و چه‌ند كورته فیلمێك و پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاریتان كرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له هۆڵی قاوه خواردنه‌وه‌كه (حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س و شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌ش) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تر قسه‌یان له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی ئێوه كرد هه‌موویان كاره‌كه‌ی ئێوه‌یان پێپه‌سه‌ند بوو، ئایا ئه‌م شێواز و نه‌رێته له كاركردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كاری یه‌كتری له كوردستانیش هه‌یه؟ یان ئه‌وه‌یه ئه‌و شانسه بۆ تۆ ڕه‌خسا كارێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش بكه‌یت و جێگه‌ی خۆشحاڵی بینه‌ران بێت؟
- من سوپاست ده‌كه‌م كه كاره‌كه‌م جێگه‌ی سه‌رنجی ئێوه بووه‌و پێتان وایه كاره‌كه‌م توانیوویه‌تی گفتوگۆیه‌ك دروستبكات، بێگومان شێوازی نمایش و قسه‌كردن و گفتووگۆ لێره‌و كوردستان زۆر جیاوازه و به‌راورد ناكرێت.
*نامه‌وێت به‌راوردی ئێره و ئه‌وێم بۆ بكه‌یت، من ده‌مه‌وێت بپرسم ئایا ئه‌م پێشوازییه‌ی كه له كاره‌كانتان كرا له به‌ریتانیاش له كوردوستانیش به هه‌مان شێوه بوو؟
- بێگومان جیاواز بوو، به‌ڵام هه‌ر سێ لایه‌نمان (شانۆ، شێوه‌كاری، سینه‌ما) كاری هونه‌ریی جدی بوون و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه هاتوون بۆ ئێره هه‌ندێكیان پێشتر كه‌سانی ناسراون له بواره‌كه‌دا.
*تكایه خۆت له وه‌ڵامه‌كه‌م مه‌دزه‌وه، یه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه وتی (به‌داخه‌وه ئه‌م ئیشه جوانانه‌مان بینی، بۆ تا ئێستا له كوردستان و له رۆژنامه‌كانی ئه‌وێ هیچمان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كان نه‌خوێندوه‌ته‌وه؟) من به‌و رسته‌یه‌دا بۆم ده‌ركه‌وت ئێوه له واقیعی هونه‌ریی وڵاتی خۆمان نیگه‌رانن؟
- تكا ده‌كه‌م مه‌مبه‌ره گفتوگۆیه‌كه‌وه كه كه‌سانێك خوانه‌خواسته برینداربێت، چونكه دڵنیام به‌شێك له كه‌سه نزیكه‌كانم ڕه‌نگه له‌و شێوازه قسانه‌م تێبگه‌ن و نیگه‌رانبن.
* دیاره ئێوه خۆتان باسی جورئه‌ت ده‌كه‌ن به‌ڵام لێره‌دا وه‌ك كه‌سێكی سونه‌تی ده‌ركه‌وتن، بۆ پێمان ناڵێیت نیگه‌رانییه‌كانتان له نێوه‌ندی هونه‌ریی كوردیدا چییه؟
- من هه‌رچیم هه‌بێت به جورئه‌ته‌وه ده‌یڵێم، تا ئێستاش به‌شێكی زۆری هاوڕێكانم له‌سه‌ر ئه‌و ڕاشكاوییه له ده‌ستداوه، زۆر كه‌سیش له‌و جورئه‌ته‌ی من زه‌ره‌ر ده‌كات، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م قسه‌كانم تۆزێك سنورداربن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و كه‌سانه به خۆیاندا بچنه‌وه‌و كه‌مێك بیركردنه‌وه‌ی ئینسانیانه زاڵ بێت به‌سه‌ریاندا نه‌ك خوانه خواسته له په‌راوێزییاندا هێنده‌ی تر پڕ بن له بوغز، ڕه‌نگه من ئه‌و مافه‌م نه‌بێت به‌رهه‌می ئه‌و هاوڕێیانه‌م هه‌ڵسه‌نگێنم، كه له‌م سه‌فه‌ره‌مدا له‌گه‌ڵمن، چونكه هه‌ریه‌كه‌و له بوارێكدا كار ده‌كات، به‌ڵام مادام ناچارتكردم پێت ده‌ڵێم وه‌ك سینه‌ما ئێمه (هاوڕێ به‌هجه‌ت) مان له‌گه‌ڵه ئه‌ویش فیلمی كامه‌ران جه‌مال و شاخه‌وان عه‌بدوڵڵایه‌ی پێیه، فیلمه‌كانیشتان بینی خۆتان بڕیار بده‌ن، به‌ڵام (هاوڕێ به‌هجه‌ت) كه من لێره ئه‌و دوو فیلمه‌یم بینی، بۆم ده‌ركه‌وت شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌م گه‌شته بكات، نه‌ك ئه‌مه به‌ڵكو زیاتر، چونكه ئه‌و گه‌نجێكه له‌سه‌ره‌تاكانیدا به‌و ناسكی و كاریگه‌رییه‌وه له فیلمسازی ده‌ركه‌وتووه، هه‌ردوو ئیشه‌كه‌ی لای من جوان بوو، له‌باره‌ی فیلمه دیكۆمێنتییه‌كه‌یه‌وه من سه‌رنجم هه‌یه، به‌ڵام هاوڕێ ده‌كرێت به‌لای منه‌وه له‌گه‌ڵ بوونی جیاوازیم له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینی ده‌توانم بڵێم ئه‌و ڕه‌نگه له داهاتوودا ببێته یه‌كێك له‌و سینه‌ماكارانه‌ی كه تیشكی چاوی بینه‌ری زۆر له‌سه‌ر بێت، (فه‌ره‌یدون كه‌ریم و ئیسماعیل عومه‌ر) یش من به ده‌ر له‌وه‌ی له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان ناسیومن، فه‌ره‌یدون یه‌كه‌مجاره كاری هونه‌ریی ده‌بینم، ئه‌و زۆر كه‌م ئیشده‌كات و كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له زۆرێك له‌و كه‌سانه هونه‌رمه‌ندتره كه به‌رده‌وام هه‌موو ساڵ و وه‌رزێك هه‌ر خه‌ریكی پێشانگه كردنه‌وه‌ن، فه‌ره‌یدون گه‌نجێكی رۆشنبیره، هونه‌رمه‌ندێكه گه‌ر قورسی ژیان له وڵاته‌كه‌ی مندا نه‌بێت پێویسته هه‌موو ساڵێك له وڵاتێك بێت چ بۆ كاری هونه‌ریی چ بۆ تێڕامان و بینینی پێشانگه و مۆزه‌خانه جیهانییه‌كان، ئه‌و جگه له خه‌ونی هونه‌ر و رۆشنبیریی باوه‌ڕناكه‌م خه‌ونی تری هه‌بێت، گه‌ر هه‌شیبێت من هه‌ستم پێنه‌كردووه، له ئاستی رۆشنبیریشدا زۆر ورد له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی و هونه‌ره‌كه‌ی قسه ده‌كات پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ له شێوه‌كاره‌كانی خۆمان كه نازانن دوو دێڕ له‌سه‌ر تابلۆكانیان بڵێن، بینیشت لێره بینه‌ران زۆربه‌یان به كاره‌كانی فه‌ره‌یدون سه‌رسام بوون وه‌ك هونه‌ر، به كورتی ئه‌م سه‌فه‌ره بۆ من یه‌كێك له ده‌سكه‌وته‌كانم ئه‌وه‌بوو ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌نج و رۆح سوكه‌م تیا ناسی، باسی ئه‌وانی ترت بۆ ناكه‌م، چونكه خۆت پێشتر له پێشه‌كییه‌كه‌دا باستكردن، له باره‌ی ئیسماعیل عومه‌ر كه تابلۆكانی ناردبوو خۆی نه‌هاتبوو من له قۆناغی قوتابیه‌تیمه‌وه له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان زانیم (ئیسماعیل) هونه‌رمه‌ندێكی ناسك و پڕ له به‌هایه له ژیان و له كاری هونه‌رییدا، ئه‌و قۆناغه من له رێگه‌ی (سیروان شه‌ریف) ه‌وه دوراودوور ئه‌وم ناسی ئه‌مزانی حیكایه‌تێكی ئه‌ڤینی پڕ كاره‌ساتباری هه‌یه، كه دواجار ئه‌و حیكایه‌ته ئیسماعیلی كرده هونه‌رمه‌ند و كامێرامانێكی زۆر باش، بۆ خۆشتان كاره‌كانتان بینی ئه‌مه بۆ چوونی منه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هاوسه‌فه‌رمن.
*ئه‌زانی هه‌ر به ئاشكرا خۆتان ده‌دزنه‌وه له پرسیاره‌كه‌مان، با پرسیاره‌كه‌ت وا بۆ ئاسان بكه‌مه‌وه كه خۆت ده‌ربازنه‌كه‌یت لێی، ئایا ئێوه تووشی هیچ گرفتێك بوون له‌م سه‌فه‌ره‌دا، له‌وێ له كوردستان دوای نمایشكردن وه‌ك به‌ریتانیا بینه‌ر ڕژان به‌سه‌رتاندا و ده‌ستخۆشی لێ‌كردن؟
- جا نازانم له كوێوه ده‌ست پێبكه‌م، من ده‌بێت له دڵه‌وه سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بكه‌م كه سه‌رنجی تایبه‌تیان له‌سه‌ر ئیشه‌كه‌مان هه‌بووه، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بۆ تۆ و ئه‌و هاوڕێیانه راستبكه‌مه‌وه، كه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ك ڕوونه‌دا من ده‌ڵێم به سوپاسه‌وه زۆرێك له رۆژنامه‌كانی كوردستان گرنگیان به شانۆگه‌ری په‌یكه‌ر دا چ به هه‌واڵ چ به ڕیكلام چ ریپۆرتاژ و له‌سه‌ر نووسین، به تایبه‌تیش (ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ئاوێزه، میدیا، چاو‌دێر، ئاوێنه، هاوڵاتی، خه‌بات، به‌درخان، رێگای كوردستان، ... هتد) بێمه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ی تۆ ئێمه له‌وێ هه‌ر وه‌ك وتم زۆر گفتوگۆ و سه‌رنج هه‌بوو له‌سه‌ر كاره‌كه‌مان و چووینه زۆر دیالۆگیشه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڕێم دڵشاد حسێن، به‌ڵام زۆر كه‌سیش له یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مه‌یخانه و فه‌رمانگه‌كان قسه‌یان كردووه‌و ده‌ستیشیان خۆشبێت چی ده‌ڵێن با بیڵێن، من ئه‌وه‌ی زۆر نیگه‌رانی كردم شانۆكار هه‌ن زۆر باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه غه‌دریان لێده‌كرێت و به‌سه‌ر ناكرێنه‌وه‌و لێیان ناپرسرێته‌وه‌و زۆر شتی تریش، به‌ڵام رۆژی نمایشه‌كه‌ی ئێمه له هۆڵه‌كه خه‌ریكی نوكته و قسه‌ی قۆڕ بوون، من دڵخۆشم زۆر كه‌س و زۆر هونه‌رمه‌ند جا چێژیان له كاره‌كه‌ی ئێمه بینیبێت یان نا به دڵیان بوبێت یان نا، ئه‌و كه‌سانه شانۆكار بووبن یان چیرۆكنووس و رۆژنامه‌نووس گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌هلی رۆشنبیرییبوون، به‌لاشمه‌وه ئاساییه گه‌ر هه‌ندێ كه‌س بۆچوونی پێچه‌وانه‌ی هه‌بووبێت ئه‌ی بینه‌ره گریكییه‌كان هه‌ندێ له ئه‌كته‌ره‌كانیان به‌ردباران نه‌ده‌كرد كاتێك نمایشه‌كانیان به دڵ نه‌ده‌بوو؟ به‌لامه‌وه ئاساییه گه‌ر بینه‌رێك بۆچوونی وابوایه به‌مه‌رجێك به ئاشكرا قسه‌بكات نه‌ك له پشته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ له‌م هاوڕێیانه وه‌ك ئه‌و بینه‌رانه‌ی یۆنان جورئه‌تیان نییه وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان له ژێره‌وه به‌م كاره‌وه خه‌ریكن، ئه‌م جاره‌ش ده‌ڵێم ده‌ستیان خۆش مادام دڵیان پێخۆشه چی ده‌كه‌ن با بیكه‌ن، ده‌بێت سوپاسی په‌یكه‌ر بكه‌ین كه دڵی ئه‌وانه‌خۆش ده‌كات له كاتی نمایشه‌كه‌ی ئێمه‌دا نوكته و قسه‌ی قۆڕبكه‌ن، جا من دڵخۆشم به‌وه‌ی كه هه‌ندێ له‌وانه ناتوانن یه‌ك پیت له‌سه‌ر شانۆ بڵێن جگه له‌و قسانه‌ی كه له كاتی نمایشدا ده‌یكه‌ن، من نیگه‌ران نیم ئه‌و كاته نیگه‌ران ده‌بووم كه ئه‌وانه كاره‌كه‌ی منیان به دڵبوایه‌و خوانه‌خواسته وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی له هۆڵه‌كه‌دا دانیشتنایه!
* له باره‌ی ره‌وتی ره‌خنه‌یی له ئه‌ده‌بیاتی شانۆی كوردیدا، ئایا ئێوه بۆ خۆتان پێتان وایه ره‌خنه‌ی شانۆیی شانبه‌شانی لایه‌نی پراكتیكی شانۆ له كوردستاندا هه‌نگاوی ناوه، یان به پێچه‌وانه‌وه ره‌خنه‌ی شانۆیی له ئاستی پێویستدا نییه؟
- من پێم وایه ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی كه ئێوه باسی لێوه‌ده‌كه‌ن شان به شانی یه‌كتر هه‌نگاو ده‌نێن، به واتایه‌ك لایه‌نی تیۆری له ئه‌ده‌بیاتی شانۆی ئێمه‌دا له ئاستی لایه‌نی پراكتیكیدایه، نه زیاتر نه كه‌متر، من لێره‌وه له پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌قۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كێوماڵێكی خێرای ئه‌و لایه‌نه بكه‌م، زۆر جار گوێمان لێده‌بێت ده‌ڵێن ئه‌ده‌بیاتی كوردی ڕه‌خنه‌گری شانۆیی نییه، یان ره‌خنه‌گر بوونی نییه، ئه‌م قسانه جگه له بێ ئینسافی زیاتر هیچی ترنییه، چونكه ئه‌و شانۆكارانه‌ی ئه‌م قسانه ده‌كه‌ن هه‌ر بۆخۆیان رۆژانه چه‌ندین وتار و نووسین له گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا ده‌بینن، به‌ڵام دیاره به‌شێك زۆر له‌وانه تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یان نییه، یان با بڵێین هه‌ندێك له‌وانه نووسین و توێژینه‌وه‌ی شانۆیی به كاری هونه‌ریی نازانن، پێت سه‌یرنه‌بێت من بۆخۆم له دوای ته‌واوكردنی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان سێ ئه‌زموونی ده‌رهێنانم هه‌یه له بواری شانۆدا، جگه له ده‌رهێنانی كورته فیلمێك ئه‌مه جگه له سێ كاری تر وه‌ك یاریده‌ده‌ری شانۆ كارم كردووه، پێش ئه‌م كارانه‌ش ده‌یان وتار و لێكۆڵینه‌وه‌م له بواری شانۆدا هه‌بووه، جگه له‌وه‌ی من ئێستا 8كتێبم له‌سه‌ر شانۆ چاپكردووه‌و نۆیه‌م دانه‌شم ئاماده‌یه بۆ چاپكردن، پێش ئه‌مانه سه‌ره‌تای ده‌رچوونم یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندان به‌شه‌رمه‌وه فۆڕمی منیان وه‌رده‌گرت، چونكه ئه‌وان ته‌نها نواندن و ده‌رهێنانیان به كاری هونه‌ریی ده‌زانی، ئیدی نووسین و چاپكردنی كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌یان به كاری هونه‌ریی نه‌ده‌زانی، ئه‌مه بیركردنه‌وه‌ی به‌شێك له به‌رپرسانی ئه‌و رێكخراوه‌بێت، ئێمه چاوه‌ڕێی چ تێڕوانینێك بكه‌ین بۆ كاری هونه‌ریی له گۆشه‌نیگای ئه‌م كه‌سانه‌وه. !
بۆیه به‌ده‌ر له بۆچوونی ئه‌و به‌ڕێزانه من بۆخۆم وای نابینم ئێمه له بزوتنه‌وه‌ی شانۆی كوردیدا له ئاستێكی هێنده باڵابین و رۆژانه له شاره‌كانماندا ده‌یان شانۆ نمایشبكرێن و به بێده‌نگی بڕۆن و به‌سه‌ر نه‌كرێنه‌وه، من بۆخۆم كه‌م شانۆ هه‌بووه نمایشكرابێت و قسه‌و نووسینم نه‌بوبێت، ده‌شتوانن گه‌شێك به گۆڤاری رامان و گۆڤاری ئاینده و ئه‌ده‌ب و هونه‌ریی كوردستانی نوێ‌دا بكه‌ن ئه‌وسا بۆتان ده‌رده‌كه‌وێت من چه‌ند نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌م له‌سه‌ر ئه‌و نمایشه شانۆییانه نووسیوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ش له‌و بواره‌دا، خۆ باسی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی تر ناكه‌م كه به‌رده‌وام له روبه‌ری رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كان قسه له‌سه‌ر شانۆ ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌مه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بزاڤێكی تیۆری له بواری هونه‌ریی شانۆدا هه‌ستیپێده‌كرێت و بوونی هه‌یه.
* ئه‌ی ئه‌و بڵاوكراوه رۆشنبیریی و هونه‌رییانه‌ی له كوردستان ده‌رده‌چن چ رۆڵێكیان هه‌یه له به‌ره‌وپێشچوونی ره‌وتی ره‌خنه‌ی شانۆیی، چ ئه‌وانه‌ی تایبه‌تمه‌ندن چ رۆژنامه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌كانی تر؟
- هه‌ندێكیان رۆڵێكی بێ به‌رنامه و خراپیان هه‌یه، هه‌ندێ بڵاوكراوه هه‌یه ده‌بێت سوپاسیان بكرێت كه رۆڵی باشیان بینییوه له به‌ره‌وپێشچوون و بڵاوكردنه‌وه‌ی دیدار و مێزگرد و لێكۆڵینه‌وه‌ی شانۆیی، له‌وانه (گۆڤاری ڕامان) كه له ساڵانی ڕابردوودا به تایبه‌تیش له سه‌ره‌تاكانی 2000دا چه‌ندین ژماره‌ی تایبه‌تیان سه‌باره‌ت به شانۆ ده‌ركردووه، جگه له مه‌له‌ف و فایلی تایبه‌تی شانۆیی، (ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ) ش به‌هه‌مان شێوه یه‌كێكه له‌و بڵاوكراوانه‌ی كه زۆر گرنگی به شانۆ ده‌دات، (ده‌زگای ئاراس) یش زنجیره‌یه‌ك ده‌قی شانۆیی بڵاوده‌كاته‌وه كه له زمانی یه‌كه‌مه‌وه وه‌رگێڕاون بۆ كوردی و كاك دانا ره‌ئوف سه‌رپه‌رشتی ده‌كات ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی باشه و جێگه‌ی ده‌ستخۆشی و هاندانه، چه‌ند تیپ و گروپێكی شانۆییش گۆڤاری تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه به‌ڵام تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی چڕ‌وپڕ ده‌رناچێت و كه‌موكوڕییان زۆره؟
* ئه‌ی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان گۆڤارێكی شانۆیی ده‌رناكه‌ن، ئه‌ی ئه‌وه چ رۆڵێكی هه‌یه، به تایبه‌تیش كه رێكخراوێكی هونه‌ریی تایبه‌تمه‌ند ده‌ریده‌كات؟
- ئه‌وه (گۆڤاری شاكار) تایبه‌ت نییه به شانۆ، به‌ڵكو هونه‌رییه، هه‌ر چه‌نده من بۆ ساڵێك ده‌بێت ئه‌و گۆڤاره‌م نه‌بینییوه‌و سه‌رنجی بابه‌ته‌كانیم نه‌داوه، به‌ڵام پێش ئه‌م چه‌ند ساڵه چه‌ند ژماره‌یه‌كم بینییوه‌و له سه‌ره‌تاكانیدا هه‌نگاوێكی باش بوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه هونه‌رییه‌ی كه له بواری هونه‌ر له رۆژنامه‌گه‌ریی هونه‌رییدا هه‌بوو، به‌داخه‌وه هه‌ندێ بابه‌تی شانۆ له‌م گۆڤاره‌دا له ئاستێكی خراپدایه، به تایبه‌تی زۆرێك له‌و هه‌واڵه شانۆییانه‌ی كه له‌و گۆڤاره‌دا داده‌به‌زێت پێشتر له‌سایت و رۆژنامه‌كاندا بڵاوده‌كرێته‌وه، بۆیه ئه‌و گۆڤاره نابێته گۆڤارێكی بایه‌خدار گه‌ر به‌و شێوازه كاربكات، هه‌رچه‌نده چه‌ند كه‌سێك زۆر ماندوو ده‌بن تێیدا، به‌ڵام ماندوبونه‌كه‌یان بێ به‌رهه‌مه، چ سه‌رنووسه‌ر چ ستافه‌كه‌ی كه زۆربه‌یان هونه‌رمه‌ندی باش و پرۆفیشناڵن، كاتێك ئه‌و گۆڤاره ده‌بوویه گۆڤارێكی میتۆدی و گرنگ كه بهاتایه لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی له بواره‌كانی (شانۆ، مۆزیك، شێوه‌كاری) بڵاوبكردایه‌ته‌وه، نه‌ك شتی رۆژنامه كوردییه‌كان و هه‌واڵی كاڵ و كرچ، تا ئه‌و گۆڤاره له‌سه‌ر ئه‌و میتۆده كاركردنه بێت هیچ قورساییه‌كی له‌سه‌ر نێوه‌ندی هونه‌ریی كوردی نابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی رێژه‌ی فرۆشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و گۆڤاره رێژه‌یه‌كی ترسناكه، یه‌كێك له ستافی ئه‌و گۆڤاره پێوتم دوا ژماره‌ی شاكار ته‌نها 20 دانه‌ی لێفرۆشراوه! ئایا ئه‌مه كاره‌ساته یان نا؟ ئیدی با ستاف و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌شی زۆر ماندووبن و كۆشش بكه‌ن، مادام بێ ستراتیژ و بێبه‌رنامه و پلانه ئه‌وه به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌تی، پێم وابێت نزیك له فۆڕمی شاكار له (دهۆك) یش گۆڤاری (هونه‌ر) ده‌رده‌چێت به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو ژماره‌كانی نابینم ناتوانم بۆچوونێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر بڵێم، ئه‌مه واقیعی ره‌وتی رۆژنامه‌گه‌ریمانه. تیپی شانۆی سالاریش وه‌رزانه گۆڤاری شانۆ ده‌رده‌كه‌ن، كه ئه‌ویش گرنگی به بابه‌تی شانۆیی ده‌دات.
*بۆخۆت به‌رێوبه‌ری نووسینی گۆڤاری ئاینده‌یت كه له ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ده‌رده‌چێت، بۆ ئێوه گرنگی ناده‌ن به شانۆ له گۆڤاره‌كه‌تاندا؟
- به‌راستی وه‌ك له ته‌نیشت لۆگۆی گۆڤاره‌كه‌مان نووسراوه (ئاینده... گۆڤارێكه گرنگی به ئه‌ده‌ب و كولتووری بیانی ده‌دات) ئێمه له ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا ئیشده‌كه‌ین، به‌ڵام زۆرجار تێكستی شانۆیی و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی شانۆیی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه، من بۆخۆم زۆرێك له وتاره‌كانم له گۆڤاره‌كه‌مان له ئاینده بڵاوده‌كه‌مه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندین دیدار و چاوپێكه‌وتنی شانۆیی و مێزگرد له‌سه‌ر شانۆ له گۆڤاری ئاینده بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك وتم ئاینده خوێنه‌ره‌كانی زیاتر ئه‌دیبان و كه‌متر شانۆكاران ده‌یخوێننه‌وه بۆیه ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی به‌ر شانۆ ده‌كه‌وێت.
*سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئاینده رۆڵی هه‌یه له گرنگینه‌دان به شانۆ له گۆڤاری ئاینده‌دا؟
- نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه، دڵشاد عه‌بدوڵڵا خۆی شاعیرێكه و حه‌زی به شانۆیه و ئاماده‌ی بینینی زۆرێك له نمایشه شانۆییه‌كانیش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وام ده‌یه‌وێـت گۆڤاری ئاینده نووسینی جدی و قوڵی تێدابێت ئیدی ئه‌و نووسینه جدییه له‌سه‌ر شانۆ بێت یان شیعر یان رۆمان لای ئه‌و گرفت نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه نووسینه‌كه جدی بێت، ئیدی له‌سه‌ر هه‌ر كام له‌و لایه‌نانه‌وه بێت لای ئه‌و گرنگ نییه، به سروشتی خۆشی ئه‌و پیاوه زۆر حه‌زناكات ته‌داخول له‌و ورده كارییانه‌دا بكات، راسته سه‌رنووسه‌ره و هه‌موو بابه‌ته‌كان ده‌بینێت، به‌ڵام لای ئێمه كاره‌كان دابه‌شكراوه‌و هه‌ریه‌كه‌ی ئیشی خۆی ده‌كات.
*با بێنه‌وه سه‌ر ئێره (به‌ریتانیا) و باسی شانۆگه‌ری په‌یكه‌ر بكه‌ین، جگه له سلێمانی له به‌ریتانیا له هه‌ردوو شاری (له‌نده‌ن و مانجسته‌ر) ئه‌م شانۆییه نمایشكرا، وه‌ك یه‌كێك له ئه‌كته‌ره‌كان باسیكرد ئه‌و ده‌قه‌ی نمایشكرا ئه‌و ده‌قه نییه كه دڵشاد حسێن نووسیوویه‌تی، به‌ڵكو تۆ زۆر ده‌سكاری ده‌قه‌ت كردووه، ئایا دڵشاد حسێن ره‌زامه‌ندبووه به‌و ده‌سكاریكردنه‌ی ده‌قه‌كه‌ی؟
-به‌ڵێ، سه‌ره‌تا ئه‌و شانۆگه‌ری (په‌یكه‌ر) ی نارد خۆی له سویسرا بوو، ئێمه پێشتر هه‌ردووكمان رێكه‌وتین له‌سه‌ر هیڵی گشتی كاركردن، كه ده‌قه‌كه‌ی نارد به نزیكه‌ی چوار جار پاكنووسكردن ئه‌وسا گه‌یشته ئه‌و نمایشه‌ی كه بینه‌ر بینی، ئه‌و ده‌قه‌كه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش كاره‌ئه‌كته‌ر هه‌بوو له ده‌قه‌كه‌دا، من كردم به دوو كاره‌كته‌ر، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زۆر دیالۆگم لابرد‌و زۆریشم ده‌سكاریكرد، دیاره دڵشادحسێن خۆشی پێی‌خۆش بوو، چونكه ده‌یزانی خزمه‌ت به ده‌قه‌كه‌ی ده‌كات له كاتی نمایشكردندا.
*ئه‌ی ئه‌كته‌ر نه‌گۆڕا هه‌ر ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره رۆڵیان ده‌بینی له سه‌ره‌تاوه تا رۆژی نمایشكردن؟
- نه‌خێر بڕیار بوو چه‌ند كه‌سێكی تریشمان له‌گه‌ڵ بێت به‌ڵام تا گه‌یشتینه نمایش كه‌م بووینه‌وه بۆ ئه‌و ستافه كه‌مه‌ی كه هاتینه به‌ریتانیا، یه‌كێك له‌و ئه‌كته‌رانه (ئامانج ئیبراهیم) بوو، جگه له‌وه‌ی رۆڵه‌كه‌ی ئه‌ومان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و دابه‌شمانكرد به‌سه‌ر دوو كاره‌كته‌ره‌كه‌ی تردا به‌ڵام به سوپاسه‌وه له‌یه‌كه‌م رۆژی پڕۆڤه وه تا نمایش یه‌ك سات دانه‌بڕاو رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی بۆ سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه، هه‌موو براده‌رانی تریش به هه‌مان شێوه هه‌ریه‌كه و له‌لایه‌ن خۆیه‌وه رۆڵی گه‌وره‌ی بینی بۆ سه‌ركه‌وتن و نمایشكردنی شانۆگه‌ری په‌یكه‌ر.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
