هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق كه بڕیاره له16-1-2010 ساز بكرێت ئاڵوگۆڕێكی سیاسیی گه‌وره له‌نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراقدا دێنێته كایه‌وه، به‌تایبه‌ت به‌شداریی ئه‌مجاره‌ی سووننه‌كان ده‌توانێت ئاستی ململانێی سیاسیی له‌عێراقدا بباته قۆناغێكی تازه‌وه كه ئێستا باسی لێوه ده‌كرێت و سووننه‌كان به‌په‌رۆشه‌وه به‌ره‌ورووی ده‌چن. شیعه‌كان زه‌نگی سه‌ركه‌وتن لێده‌ده‌ن و كورد تائێستا بێده‌نگه‌و زۆر خۆشحاڵ نییه‌و تاكه لایه‌نه تائێستا نه‌كه‌وتۆته خۆی. دروستكردنی هاوپه‌یمانیی نوێش له‌سه‌ر بنه‌مانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی باڵاده‌ست كه ئێستا باسی لێوه ده‌كرێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دیاره، یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی لاوازكردنی رۆڵی كورده له‌چوار ساڵی ئاینده‌دا. نابێت ئه‌وه‌ش نادیده بگرین ئێستا وڵاتانی چوارده‌وریش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نێگه‌تیڤانه ده‌ستیان خستۆته ناو كاروباری عێراق و هه‌رلایه‌ك ده‌یه‌وێت له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتیوانی لایه‌نێك، نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان مه‌زهه‌بێك بكات. وڵاتانی ئوردون، سعودیه، میسر، ده‌یانه‌وێت پێگه‌ی له‌ده‌ستچووی سووننه‌كان بگێڕنه‌وه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌وه به‌هێزی دووه‌م و به‌شێك له‌پۆسته گه‌وره‌كانی وه‌ك سه‌رۆك كۆمار‌و چه‌ند پۆستێكی گرنگی تر بكه‌وێته ده‌ستیان.
ئێرانیش زۆر په‌رۆشه‌و مانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی پێشووی شیعه‌كانی لا گرنگه كه ئه‌و یه‌كگرتووییه بمێنێته‌وه. دۆسته‌كانی خۆیشی له‌نێو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه خاوه‌نی پۆسته گه‌وره‌كان بن. له‌لایه‌كی تره‌وه چاودێران پێشبینی هه‌ڵبژاردنێكی جیاواز له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو ده‌كه‌ن، دروستبوونی چه‌ندین قه‌واره‌و هێزی جیاواز‌و به‌شداریی كاریگه‌ری سووننه‌كان و پێكهێنانی هاوپه‌یمانێـتی له‌سه‌ر ئاسته‌كانی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی كێبڕكێكان چڕ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێـت تائێستا تاكه هێزێك وه‌ك پێویست نه‌كه‌وتبێـته خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق لایه‌نی كوردییه. شكستی كورد له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، به‌تایبه‌ت له‌شاره‌كانی موسڵ ودیاله وبه‌ده‌ستنه‌هێنانی ده‌نگی كورده‌كانی به‌غداد ئه‌وه‌ی له‌كورد ده‌خواست ئێستا پتر له‌خۆسازداندا بوایه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی چه‌ندین ساڵی پێشووی یه‌كێتـی و پارتی، قۆرخكردنی پۆسته گرنگه‌كانی عێراق بۆ ئه‌و دوو حزبه‌و له‌ناو دوو حزبه‌كه‌شدا بۆ سه‌ركردایه‌تی و كه‌سه نزیكه‌كانیان، نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان به‌ڵكو كادرانی خۆیانی ساردكردۆته‌وه. بێخه‌می و ساردوسڕیی دوو حزبه فه‌رمانڕه‌واكه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت پێناچێت له‌عێراقی داهاتوودا كورد ئه‌و رۆڵه‌ی جارانی هه‌بێت.
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش ئێستا باس له‌وه ده‌كرێـت هه‌ر لایه‌ك به‌جیا به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێ بكه‌وێت. هه‌رچه‌نده پارتی و یه‌كێتـی نه‌یاری ئه‌م بۆچوونه‌ن، به‌ڵام پێناچێت ئۆپۆزیسیۆن وا به‌ئاسانی رازی بكرێت بۆ چوونه نێو هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی وپارتی. هه‌ر بۆیه ئێستا ئه‌م دوو حزبه باسی زیانی لیستی جیا ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ناو به‌ناو گوێبیستی ئه‌وه ده‌بین و خۆیان له‌ژێر لێوه‌وه باسی هاوپه‌یمانێـتی له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌كاندا ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئۆپۆزیسیۆن تائێستا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه به‌لیستی جیا داده‌به‌زن. ئه‌و پرسیارانه‌ی پێویستییان به‌شرۆڤه هه‌یه، ئه‌وه‌یه: ئایا ئێمه ده‌توانین ببینه‌وه به‌هێزی دووه‌م و به‌شێك له‌پۆسته گرنگه‌كان ببه‌ینه‌وه، یان به‌پێچه‌وانه‌وه شكستێك له‌پێشمانه‌و هه‌موومان ده‌خاته به‌رده‌م شۆكێكی گه‌وره‌وه؟، ئایا بۆ ده‌رچوون له‌شكستێكی وا، گرنگه په‌نا به‌رینه به‌ر هاوپه‌یمانێـتی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان یان نا؟، ئه‌گه‌ر تورك پشتیوانیی توركمانه‌كان بكات و ئێران پشتیوانیی شیعه‌و سعودیه‌و ئوردون پشتیوانیی سووننه، ئه‌ی كێ پشتیوانیی كورد ده‌كات؟، یان چۆن ده‌كرێت له‌م گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا بێ پشتیوانیی لایه‌نێكی ده‌ره‌كیی پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ستبهێنێته‌وه؟. نێوه‌ند ته‌وه‌ری ئه‌مجاره‌ی خۆی بۆ شرۆڤه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌و چه‌ند پرسیارێكی هاوشێوه ته‌رخانكرد.
به‌شداربووانی ته‌وه‌ر:
*له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج – نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی.
*شیلان محه‌مه‌د زه‌نگه‌نه- نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس.
*حه‌كیم كاكه‌وه‌یس – نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس.
*مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی - نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی.
*حه‌مه سوسه‌یی – نووسه‌ر.
ئاسۆ: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم باس له‌زیانی فره‌لیستی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئاستی عێراق، ئۆپۆزیسیۆن به‌پێچه‌وانه‌وه قسه ده‌كه‌ن. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئێمه زیان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك لیست به‌شدار نه‌بین؟َ! یان سووده‌كانی فره لیستی بۆ كورد له‌چیدایه؟.
له‌تیف فاتیح: من بڕوام وا نییه له‌سه‌ر ئاستی عێراق فره‌لیستی بۆ كورد زه‌ره‌رو زیانێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی گرنگه له‌وسه‌ره‌وه له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌یه‌كه‌وه بین، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت فره لیستی له‌سه‌ر ئاستی عێراق زیانی هه‌یه، نه‌ئه‌وه روونده‌كاته‌وه بۆ زیانی هه‌یه و زیانه‌كانی چین؟، نه‌ده‌یه‌وێت له‌یه‌ك لیستیدا ده‌ستبه‌رداری باوك و فرزه‌ندیی بێت، گرفتی گه‌وره لێره‌دایه، تۆ داوای یه‌ك لیستی بكه‌یت و پێتوابێت مه‌رجی یه‌ك لیستی ئه‌وه‌یه تۆ برا گه‌وره بیت، ئه‌مه چۆن پێویسته ئه‌وانه‌ی داوای یه‌ك لیستی ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كانی ئه‌و داوایه روونیكه‌نه‌وه، ئاوا له‌سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنیش یان روونتر ئه‌وه‌یه بڵێین له‌سه‌ر ئه‌وانی داوای فره لیستیش ده‌كه‌ن پێویسته پێمانبڵێن بۆچی له‌ئێستادا فره لیستی ده‌خوازن؟.
من بۆ خۆم له‌ڕوانگه‌ی قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری دیموكراتی، له‌روانگه‌ی به‌شداریی زیاتری خه‌ڵك و هه‌روه‌ها له‌ڕوانگه‌ی ئازادیی بیروڕاوه فره‌لیستیم پی باشتره، داخوا ئه‌وانه‌ی ساڵه‌های رابردوو باوكایه‌تی ئه‌و میلله‌ته‌یان به‌زۆر و به‌خوایشت كردووه به‌وه رازی ده‌بن؟، ئه‌وه‌یان بابه‌تێكی دیكه‌یه، ئێستا ئه‌گه‌ر بپرسین زیانه‌كانی یه‌ك لیستی چین؟، هه‌ڵبه‌ت ده‌شی هه‌ر له‌و رووه‌وه قسه بكه‌ین كه سیماكانی دیموكراتی به‌ڕوونی تیا ره‌نگ ناداته‌وه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی رابردووه‌وه ره‌نگه خه‌ڵكێك نه‌یانه‌وێت بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان، ئه‌گه‌ر یه‌ك لیست بێت هه‌رچه‌ند من بۆ خۆم پێموایه یه‌ك لیست یان چه‌ند لیستێك بێت له‌سه‌ر ئاستی عێراق ئه‌وه پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌نووسسازه‌و مادام ئێمه هێشتا عێراقین، ئه‌وه ده‌بی وه‌كو كورد پێكه‌وه بین، پێكه‌وه‌بوون ئه‌وه‌یه كه زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد نه‌گه‌ێنین له‌سه‌ر ئاستی عێراق. به‌بڕوای من باشترین رێگا ئه‌وه‌یه كه له‌ئاوه‌زی خۆماندا كه‌مینه و زۆرینه له‌كورسییه‌كاندا توڕ هه‌ڵبده‌ین و ئه‌گه‌ر بریاره به‌یه‌ك لیست دابه‌زین لانیكه‌م هه‌موو وه‌كو یه‌ك بین، وه‌كیه‌كی به‌و مانایه‌ی ده‌سته‌به‌رداری ئه‌وه‌بین كه ده‌سه‌ڵاته‌كان قۆرخ بكه‌ین بۆ خۆمان و ئه‌وانی دیكه له‌بیر بكه‌ین، ئه‌و قۆرخكارییه‌ی رابردوو له‌لایه‌ن به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتییه‌وه ئه‌وانی دیكه‌ی تووشی گومانێك كردووه كه رێگه ناده‌ن یان بواری هه‌ناسه‌دانی ئه‌وانی دیكه ته‌نگ ده‌كه‌نه‌وه، تێگه‌یشتنی چه‌ند ساڵی رابردوو وا بووه، ته‌نانه‌ت له راگه‌یاندنه‌كانیشدا ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی له‌به‌غداد هه‌یه به‌هاوپه‌یمانێتی پارتی و یه‌كێتی ناسراوه، نه‌ك هاوپه‌یمانێتی كورد ئه‌مه‌ش بزركردنی ئه‌وانی دیكه‌یه كه لاموایه له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه ئه‌مه كار ده‌كاته سه‌ر ئه‌وانی دیكه.
له‌سه‌ر ئاستی عێراق ده‌بی كورد بین، نه‌ك پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان، ئه‌مه‌یان بڕوای ته‌واوی منه، من هه‌ست ده‌كه‌م كورد بوون له‌سه‌ر ئاستی عێراق له رووی پێكه‌وه‌یی بوونمانه‌وه به‌و شێوه‌یه بوونی نییه، ئێمه ده‌بی چاره‌سه‌ری ئه‌مه بكه‌ین، هه‌ندێك پێیانوایه حیزبه‌كه گرنگتره له‌كورد ئه‌مه‌ش كاری خراپی كردۆته سه‌ر په‌یوه‌ندیی خۆمان به‌خۆمانه‌وه. له‌راستیدا ده‌بی پارتی و یه‌كێتی بگه‌نه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هه‌موومان به‌كورده‌وه شتین، كورد نه‌بی ئه‌وان چین؟، له‌رابردوودا چه‌ندین جار كورد كراوه به‌قوربانی حیزب و رووداوه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌دوای راپه‌ڕین و پێشتریش هه‌ر ئه‌و هه‌قیقه‌ته ده‌ڵێن كورد به‌قوربانی حیزب كردن، ئاكامه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت كه به‌یه‌كه‌وه نه‌بین، نابی خه‌ڵكێك وابزانن كه ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن كوردیش نییه، له رابردوودا پارتی و یه‌كێتی هه‌ر نه‌بوونه كورد هه‌بووه و به‌رده‌وامیشه له ژیانكردن.
بڕواناكه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق هیچ زیانێك بكه‌ین ئه‌گه‌ر به‌چه‌ند لیستێك دابه‌زین، گرنگ ئه‌وه‌یه به‌یه‌كه‌وه بین، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر چۆنێتی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، من بۆ خۆم هه‌ندێجار ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌كه‌م چه‌ند لیستی و یه‌كهه‌ڵوێستی یان یه‌كلیستی و یه‌ك هه‌ڵوێستی، ئه‌وه‌ش جاری نازانم چۆن ده‌بێت؟، به‌ڵام له‌هه‌ردوو دۆخدا ده‌بی به‌وردیی كاری له‌سه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێستیمان له‌سه‌ر پرسی كورد له عێراقدا به‌رده‌وامین، ره‌نگه ئه‌گه‌ر هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌م بۆ كه‌ركووك لی بكرێت روون و ره‌وان پێتبڵێم پێویسته كورد له‌سه‌ر ئاستی كه‌ركووك به‌یه‌ك لیستی دابه‌زێت، هه‌ڵبه‌ت به‌هه‌مان ئه‌و رێز له یه‌كگرتن و وه‌ك یه‌كییه‌وه كه باسی ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی عێراق بڕواناكه‌م گرفته‌كه هێنده گه‌وره بێت، له‌سه‌ر سووده‌كانی فره لیستیش پێشتر ئاماژه‌یه‌كم پێدا، هه‌رنا له‌وه‌یاندا جگه له‌دیموكراتیانه‌تر بوونی سه‌ر زه‌مینه سیاسییه‌كه‌ی ئێمه، زۆرترین خه‌ڵك به‌شداریی ده‌كات.
با نمونه‌یه‌كتان بۆ بێنمه‌وه، له‌قه‌زای خورماتوو ئه‌مجاره خه‌ڵك وه‌ك پێویست نه‌چوون بۆ ده‌نگدان، جاری پێشوو 2005 زیاتر له (17) هه‌زار كورد به‌شدارییان كرد كه‌چی له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكاندا نیوه‌ی ئه‌وه چوو، خۆ ئه‌گه‌ر هاتباو لیستی جیا هه‌بوایه بڕوام وایه به‌و شێوه‌یه نه‌ده‌بوو. ره‌نگه خه‌ڵكێكی زۆر زیاتر به‌شدارییان بكردایه، ئه‌م نموونه‌یه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بیر له رێگای تر بكه‌ینه‌وه. با تۆزقاڵێكیش راستگۆبین له‌گه‌ڵ خۆمان ئێمه له‌رابردوودا له‌ئه‌زموونه‌كه‌ماندا وه‌كوو پێویست سه‌ركه‌وتوو نه‌بووینه، عه‌یب نییه دان به‌وه‌دا بنێین ئه‌مه‌ش خه‌ڵكێكی زۆری بێزار كردووه، ئێمه واتا كورد نه‌یتوانیووه وه‌كیه‌كی له‌نێوان هاووڵاتییه‌كاندا پیاده بكات، ئه‌وه‌ش خه‌ڵكێكی زۆری نیگه‌ران كرد، ئێمه له‌دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌ئاستێكی باش‌دا نین، هه‌ر ئه‌وه‌ش ناچاری ئه‌وه‌مان ده‌كات بیر له رێگای تر بكه‌ینه‌وه.
ئاسۆ: پێشبینی ده‌كرێت كورد بۆ به‌غداد به‌جیا به‌ڕێبكه‌وێت و زیاتر ئه‌گه‌ری دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هێزه گه‌وره عه‌ره‌بییه‌كانی عێراق هه‌یه، هه‌رچه‌نده به‌فه‌رمی وتووێژ له‌و باره‌یه‌وه نه‌كراوه، به‌ڵام تائێستا ئه‌گه‌رێكی له‌پێشه. باپرسیاره‌كه ئه‌وه بێت هاوپه‌یمانی دروستكردن له‌گه‌ڵ گروپ ولایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی عێراق، زیانمان پێناگه‌یه‌نێت وهه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای تاكی كورد لاواز ناكات؟، تۆ چۆن له‌هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان ده‌ڕوانیت؟ ئایا له‌رووی تاكتیكه‌وه قازانج ده‌بێت و له‌ستراتیژدا زیان، یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟.
شیلان محه‌مه‌د: هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ هه‌ر گرووپ و لایه‌نێكداو سه‌ركه‌وتنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه په‌یوه‌سته به‌ئاستی چه‌سپاندنی رێژه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه (باڵا‌و نیشتمانی) یه‌كان له‌میساقی هاوپه‌یمانێتییه‌كانداو به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندیی به‌كه‌مترین ته‌نازول وسازشكردن له‌سه‌ر مافه‌كان و دیاریكردنی واده‌ی كۆتاییهێنان به‌و هاوپه‌یمانێتیانه له‌كوێدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان كۆتاییان هات. ئه‌مه هه‌رگیز به‌و مانایه نا، كه دوای هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ك قۆناغی دژایه‌تییكردن ده‌ست پێبكات، نه‌خێر، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی بۆ هه‌ر قۆناغێك كه‌دێته پێش كۆمه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندیی نوێ و خاڵی سیاسیی نوێ له‌پرۆسه‌ی ململانێكاندا دێنه ئاراوه‌و ده‌كرێت له‌ڕێی تازه‌كردنه‌وه‌و نوێكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كانه‌وه وه‌ك مه‌رجی پێشوه‌خت بخرێنه نێو میساقی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ی كه دوو لایه‌ن یاخود زیاتر له‌سه‌ری رێده‌كه‌ون و وه‌ك بنه‌مایه‌كی یاسایی و ده‌ستووریی بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی به‌شداریی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه وایه‌و پابه‌ندیان ده‌كات و نابێ لێی لاده‌ن به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر لایه‌نێك به‌پێی ئه‌و میساقه ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كرد، یاخود لایدا له‌و پره‌نسیپانه ئه‌وا ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه له‌رووی یاساییه‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و له‌رووی ئه‌خلاقیشه‌وه رووبه‌ڕووی سه‌رزه‌نشت (لومه) و له‌ده‌ستدانی متمانه بۆ داهاتوو ده‌بێته‌وه.
دروستكردنی هاوپه‌یمانێتیش له‌گه‌ڵ هه‌ر گروپ و لایه‌نێكی عه‌ره‌بی عێراقیدا شتێكی ئاساییه‌و زیانی لێناكه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی دروست مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئه‌و گروپ ولایه‌نانه‌دا بكرێت و ته‌واوی ئه‌و ئامانجانه‌ی كه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌درێ وه‌ك مافی كورد و ده‌بێ له‌حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی عێراقدا بهێنرێنه دی به‌جیددی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و بۆ ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی روون بكه‌نه‌وه كه هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستن و به‌ره‌زامه‌ندیبوونی لایه‌نه‌كان بخرێنه نێو ئه‌جێنداو میساقی هاوپه‌یمانێتییه‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ چاودێرییكردنی وردی هه‌ر هه‌نگاوێكی هاوپه‌یمانان، تا ئه‌وكاته‌ی متمانه جێگه‌ی ئه‌و چاودێرییه ده‌گرێته‌وه. له‌سیاسه‌تكردندا دۆستی تا سه‌ر و دوژمنی تا سه‌ر نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رژه‌وه‌ندییه، هه‌موومان وته‌زاكه‌ی "ماكیاڤیللی"مان بیستووه "الغایه تبرر الوسیله" كه‌واته مه‌به‌ستی كورد ده‌بێ به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واكانی بێ له‌چوارچێوه‌ی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵداو چه‌سپاندنی ئه‌و مافانه‌و فراوانكردنی پاساو بێ بۆ ئه‌و وه‌سیله‌یه یاخود ئه‌و ئامڕازو میكانزمه‌ی كه به‌كاریدێنێ و خۆی له‌هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌به عێراقییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه.
مادام له‌دوای لێدانی عێراق و رووخانی رژێمی به‌عس سه‌ركردایه‌تی كورد رازی بوو به‌وه‌ی ده‌ست له‌خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵگرێت و وه‌ك لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی و پێكهاته‌یه‌كی عێراقی به‌شداریی كارای هه‌بێ له‌سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی فیدراڵداو هه‌ر خۆیشی یه‌كپارچه‌یی عێراق بپارێزێ بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئاینده‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی تاكی كورد هه‌بێ، ئه‌مه وایكرد ئه‌م قایلبوونه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد به‌مانه‌وه‌ی كورد له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و پێكه‌وه ژیان و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ لایه‌ن و پێكهاته جیاوازه‌كانی ناو عێراق له‌رووی نه‌ته‌وه‌و ئاین و مه‌زهه‌به‌وه بۆ ئێستا به‌حاڵه‌تێكی ئاسایی وه‌ربگیرێ لای تاكی كورد، بۆیه ده‌بینین ئێستا تاكی كۆمه‌ڵگای كوردیی ئه‌وه‌نده‌ی چاوی له‌به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌نووكه‌یی و لاوه‌كییه‌كانه نیو هێنده چاوی له‌به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژیی و نیشتمانیی و سه‌ره‌كییه‌كان نییه، كه ئاینده‌ی گه‌لی كوردی وه‌ك چاره‌نووس پێوه به‌نده، ئه‌مه یه‌كێك بوو له‌و ده‌ره‌نجامه نێگه‌تیڤانه‌ی كه له‌ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌خه‌ونی سه‌ربه‌خۆییبوون بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رای گه‌لی كوردستان كه‌وته‌وه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر لاوازكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی تاكی كورد هه‌بوو. له‌هه‌مان كاتدا خاڵی پۆزه‌تیڤی تریش هه‌ن كه ئێستا كاتی پیاهه‌ڵدان نییه!.
تێڕوانینی من بۆ هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان وه‌ك هه‌ر تێڕوانینێك بۆ هه‌ر لایه‌نێكی تر ئاساییه به‌چاوتێبڕین له‌و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵا‌و نیشتمانیی و ستراتیژییه‌كانی تری وه‌ك مه‌سه‌له‌ی یاسای گاز‌و نه‌وت، پرسی پێشمه‌رگه، بودجه، جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) و.. تد، به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد ئه‌مه‌ش له‌ڕێی یه‌كێتی سه‌ركردایه‌تی كوردیی (وحده القیاده الكردیه) و یه‌كده‌نگی و یه‌ك بڕیاری له‌سه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌كان ده‌كرێت. هه‌روه‌ها كاركردن له‌سه‌ر هێزی لۆژیك نه‌ك لۆژیكی هێز!! له‌ڕێی ئه‌و دانوستان و دایه‌لۆگانه‌وه كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاجیاكاندا دێنه كردن. مه‌فروزه له‌سیاسه‌تدا هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رچاو بن و ئه‌ڵته‌رناتیڤ و به‌دیله‌كانیش له‌به‌رچاوبن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی هه‌ڵبژاردن بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی دروست به‌رفراوان بێ، بۆ وه‌ده‌سخستنی ئامانجه‌كان. من وای ده‌بینم كه تاكتیك كردن یه‌كێكه له‌میكانیزمه‌كان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ستراتیژێكی دیاریكراو و چۆنییه‌تی تاكتیك كردنیش له‌سه‌ر توانای ئه‌كته‌ره‌كانی هه‌ر گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی ده‌وه‌ستێت كه تێیدا ستراتیژ ون نه‌كه‌ن و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان نه‌دۆڕێنن.
ئاسۆ: پێشبینی ده‌كرێت كورد بۆ به‌غداد به‌جیا به‌ڕێبكه‌وێت و زیاتر ئه‌گه‌ری دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هێزه گه‌وره عه‌ره‌بییه‌كانی عێراق هه‌یه، هه‌رچه‌نده به‌فه‌رمی وتووێژ له‌و باره‌یه‌وه نه‌كراوه، به‌ڵام تائێستا ئه‌گه‌رێكی له‌پێشه. باپرسیاره‌كه ئه‌وه بێت هاوپه‌یمانی دروستكردن له‌گه‌ڵ گروپ ولایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی عێراق، زیانمان پێناگه‌یه‌نێت وهه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای تاكی كورد لاواز ناكات؟، تۆ چۆن له‌هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان ده‌ڕوانیت؟ ئایا له‌رووی تاكتیكه‌وه قازانج ده‌بێت و له‌ستراتیژدا زیان، یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟.
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: ده‌مێكه كورد وه‌ك ده‌رۆزه‌كه‌ر ده‌رگای به‌غدا ده‌كوتێ. هه‌ندێجار درزێكی ده‌رگای لێده‌كرێته‌وه‌و هه‌ندێجار ناكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر بشكرێته‌وه، به‌ر له‌وه‌ی ئێمه داوای شتێ بكه‌ین، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن: شه‌ڕی ناوخۆ به‌رپا بكه‌ن! دژی ئیسرائیل به‌یاننامه ده‌ركه‌ن! په‌یوه‌ندیی به‌ئێرانه‌وه دروست مه‌كه‌ن- بكه‌ن! جار له‌دوای جاریش داخوازییه‌كانی كورد له‌ئاو ده‌چن. خواستی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی سه‌رده‌می شێخی گه‌وره‌و قازی نه‌مر، بچووك بووه‌وه تا بووه ئۆتۆنۆمی راسته‌قینه‌و ئه‌وه‌ی ئێستا پێی ده‌ڵێن فیدراڵی، كه له‌ڕاستیدا، ئه‌گه‌ر به‌غدا وه‌ك ماری سڕ ته‌زووی گه‌رما به له‌شیدا بگه‌ڕێ وهێزی به‌به‌ردا بێته‌وه، له‌فشه لامه‌ركه‌زییه‌كه‌ی جاران زیاتر نییه. بڕیاری گرده‌بڕی ویستنه‌وه‌ی كه‌ركووك و قوربانیدان به‌شۆڕشێك له‌پێناویدا، بووه ئه‌وه‌ی "كه‌ركووك عێراقییه به‌ناسنامه‌ی كوردستانییه‌وه"و ئه‌وجا بۆ (چاره‌سه‌ر!!) كردنی كێشه‌ی كه‌ركووك، قه‌بووڵكردنی گۆڕینی یاسا به‌یاساو دیسان به‌یاسایه‌كی دی. له‌وه‌ش به‌ڵاتر قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته كه گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك به‌خه‌ون له‌قه‌ڵه‌م ده‌داو ده‌یه‌وێ سیاسه‌تمه‌داران ده‌ستی لێهه‌ڵگرن! كاتێ كورد ده‌ڵێ مومكین نییه ده‌ست له‌كه‌ركووك هه‌ڵگرین و تۆش ته‌ماشای ره‌فتارو ئه‌تواری ئه‌و كوردانه ده‌كه‌یت شاره‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن یا لێره‌و له‌وێ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، یه‌كسه‌ر تێده‌گه‌یت ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌كه‌ركووك زۆر له‌مومكین مومكینتره! نا، ده‌ستی لێهه‌ڵگیراوه‌و بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام جارێ به‌پێی توانا ده‌یڕووتێننه‌وه‌و جگه له‌وه‌ش راگه‌یاندنی شتی ئاوها بۆ (نووسه‌ر) ان نه‌بێ ئاسان نییه! موسڵ كه چه‌قی باشووری كوردستان بوو، ئێستا باسی نه‌ماوه.
داواكانی كورد، له‌سای سه‌ری حزبه ناكوردستانییه‌كانی كوردستاندا ئاوها له‌ئاو چوون! هه‌رچییه‌كیش كورد خۆی ئازادانه ئه‌نجامیدابێ، سه‌قه‌تی كردووه. به‌رنامه‌ی خوێندنی قوتابخانه، كه به‌خێرێ بناغه‌ی پاشه‌ڕۆژمانه‌و لاساییكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی سوێده، به‌رنامه‌یه‌كه بۆ نه‌خوێنده‌واركردنی خوێنده‌واران وكه‌راندنی هۆشمه‌ندان له‌باره. له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ته‌ناف گوریسه. گا به‌گون ده‌ناسرێ! له‌بواری بازرگانیدا، تاقیكردنه‌وه‌ی ژه‌هر له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرێ. له‌بواری كشتوكاڵیدا وه‌رزێری كورد ناچارده‌كرێ ده‌ست له‌به‌رهه‌مهێنان هه‌ڵگرێ و ببێ به"ئاسایش"و خه‌به‌ر له‌برای خۆی بدا. له‌بواری بیناسازیدا، بۆ به‌رپرسه‌كان له‌ئاستێكی به‌رزداین و بۆ خه‌ڵكی ئاسایی، هه‌زار خۆزگه به‌خانووه قووڕه‌كانی جاران!.
ئه‌گه‌ر مه‌رجه كورد بچێته به‌غدا، تاك تاك بچێ یان به‌ده‌سته‌جه‌معی هیچ ناگۆڕێ، هه‌ر ئه‌و درزه‌یه لێمان ده‌كرێته‌وه یان ناكرێته‌وه. ئێمه ده‌چینه به‌غدا تا بۆ به‌هێزكردنی له‌شكری عێراق ده‌ستباری عاره‌ب بده‌ین نه‌ك داوای خه‌ڵكی كوردستان بگه‌یه‌نین و راگه‌یه‌نین. "وه‌فدی كوردستان" به‌ره‌و هه‌ر شوێنێ بچن، تاك تاك بچن كه‌تنی كه‌متر ده‌كه‌ن! ئه‌و كاته‌ش كه شۆڕشگێڕ بوون، هه‌ندێجار به‌دزیی یه‌كتره‌وه ده‌چوونه به‌غداو هه‌ر لایه‌نه‌و بۆ خۆی (مفاوه‌زات) ی ده‌كرد یان نامه‌ی دڵداریی له‌گه‌ڵ سه‌رانی به‌عسدا ده‌گۆڕییه‌وه. هه‌موویان پێكه‌وه روو له‌هه‌ر شوێنێ بكه‌ن، كاولی ده‌كه‌ن! كام لایه‌ن سووره له‌سه‌ر داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد تا لایه‌نه‌كانی تر وه‌ك خۆی ره‌نگڕێژو ده‌نگڕێژو هه‌ڵوێستڕێژ بكا؟ هه‌موویان خۆیان به‌ده‌ستی چاره‌نووسێكه‌وه داوه كه بۆ كورد، به‌بێ ویستی خۆی دیاریكراوه. كام وه‌زیر له‌كوردستاندا هه‌تا ئێستا هێنده‌ی وشیار زێباری كاری خۆی به‌دڵسۆزیی ئه‌نجامداوه؟ ئه‌گه‌ر زێباری ئه‌و كاره‌ی بۆ كورد بكردبا، ئاوها به‌دڵسۆزیی ئه‌نجامی نه‌ده‌دا. كام گه‌نده‌ڵكاری كوردستانیش ده‌ڵێی بۆ به‌غدا كاربكات، به‌لێهاتوویی ده‌یكا! مه‌سه‌له‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌م حزبانه بۆ ئه‌وه دروستبوون، كورد له‌سه‌ر سكه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی لابه‌رن وبیخه‌نه سه‌ر سكه‌ی بێگانه‌په‌رستی وباژۆ.. شۆڕش بكه‌و قوربانی بده!. ئه‌دی ره‌شنووسی ده‌ستووری كوردستان كه به‌فه‌رمانی به‌غدا ده‌نگدان له‌سه‌ری دواخرا نه‌ك خواستی كورد، به‌ربه‌ستی بۆ هه‌موو شتێكی نه‌ته‌وایه‌تی تێدانییه؟ بڵێی فه‌له‌ستینی مه‌هێننه كوردستان، تۆ ره‌گه‌زپه‌رستیت وبڵێی ته‌عریبچییه‌كان وه‌ده‌رنێن ره‌گه‌زپه‌رستیت ویاسا، به‌پێی ده‌ستوور كه‌له‌پچه‌ت ده‌كا! ئه‌م قسانه‌ی من، له‌دژی ده‌ستوور ده‌وه‌ستنه‌وه به‌ڵام جارێ سلفی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ده‌ستوور لێنه‌دراوه‌و نه‌كه‌وتۆته كار!.
خۆزگه كرۆكی پرسیاره‌كه پاته‌وپات و روون ده‌بوو. ئایه ئه‌وه "گۆڕان"ه له‌گه‌ڵ هێزی گه‌وره‌ی عاره‌بیدا هاوپه‌یمانی داده‌مه‌زرێنێ یان ئه‌وانی تریش؟ ئه‌گه‌ر گۆڕان ئه‌وه بكا له‌دژی كێ ده‌یكا؟ پارتی ویه‌كێتی یا یه‌كێكیان یا كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی تری سیاسه‌ته له‌و سیاسه‌ته شێواوه‌ی كه كورد ده‌یكا؟ دڵنیام، تۆش دڵنیابه كه‌حزبه‌كانمان، گه‌وره‌و بچووك، هه‌تا ئێستاش به‌ده‌زگا ئه‌منی وموخابه‌راتییه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه وابه‌سته‌ن وبه‌بێ فه‌رمان و ره‌زامه‌ندیی ئه‌وان هیچ ناكه‌ن. ئه‌دی فایلدارێتی گه‌مه‌ی زارۆكانه وا به‌ئاسانیی ته‌ماشا ده‌كرێ و باس ناكرێ، یا له‌بیر ده‌كرێ!.
مادام كورد بۆ ده‌رۆزه‌كردنه‌كه هه‌ر ده‌چێ، با به‌شێوه‌یه‌ك بچێ نه‌ختێ ئابڕوومه‌ندانه بێ. به‌لامه‌وه ئاساییه هه‌ر لایه‌نه‌و سه‌ربه‌خۆ بچێته به‌غدا، به‌ڵام له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا، هه‌ر ده‌بێ یه‌ك به‌ره بن ده‌نا شتێ نامێنێ ناوی كێشه‌ی كورد بێ. كێشه‌ی كورد ده‌بێته كێشه‌ی پارێزگاكان و ئه‌وه‌ی عاره‌به شۆڤێنییه‌كان ویستیان، كورد دابینی ده‌كا. هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ حزبێكی گه‌وره‌ی شیعه‌دا، چ جیاوازیی نییه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌و جۆره هاوپه‌یمانییه كورد پێكه‌وه نه‌یكا، ناچار ده‌بین ره‌حمه‌ت بۆ كفندز بنێرین وئه‌وانه‌ی ئێستا له به‌غدا نوێنه‌رایه‌تیمان ده‌كه‌ن هه‌ر هێنده‌ی تاها محێدینمان بۆ ده‌كه‌ن! كه‌س هه‌یه جورئه‌تی ئه‌وه بكا به‌و شێوه‌یه دابڕێ وبه‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ لایه‌نێكدا هاوپه‌یمانه‌تی بكا كه به‌خوێنی كورد تێنووه؟.
ده‌زانم له‌توێی پرسیاره‌كه‌دا "گۆڕان"ێك هه‌یه‌و ده‌یه‌وێ هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ حزبێكی گه‌وره‌ی عاره‌بیدا بكا. ئه‌وه بۆچی ده‌كا؟ ئاژاوه‌ی ماڵی كورد ئه‌وه‌نده هه‌یه دیسان بگاته ئه‌وه‌ی له‌شكری عێراق وئێران بهێنینه‌وه سه‌ر یه‌كتر؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی مه‌به‌ست خزمه‌تكردنی كوردستان بێ، نابێ گۆڕان ئه‌وه بكا. گۆڕان با به‌ته‌نیا بچێته به‌غدا، به‌ڵام هاوپه‌یمانێتی جیا له‌گه‌ڵ حزبه عاره‌بییه‌كاندا، ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی خۆشیان ده‌كاته سفر. من له‌مه‌زه‌نده‌دا بۆ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه گۆڕان به‌ده‌ستیهێنا له‌سه‌دا سه‌د پێكابووم وپێموایه ئه‌مجاره‌ش ده‌یپێكم: ئه‌گه‌ر گۆڕان سووربوونی خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك رابگه‌یه‌نێ وهه‌ڵوێستی له‌وانی تر دڵسۆزانه‌تر بێ بۆ پاشه‌ڕۆژی كوردستان، رێژه‌ی دوو حزبه گه‌وره‌كه له‌هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان وپه‌رله‌مانی عێراقدا ئه‌وه‌نده نابێ قورسایی كاریگه‌رییان هه‌بێ و له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستانیشدا ئه‌وه‌نده نابێ حكوومه‌ت پێكبهێنن. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه بكا كه له‌هه‌ناوی پرسیاره‌كه‌دا دیاره، چۆن هات ئاوها ده‌ڕواو كه‌س متمانه‌ی پێ نامێنێ! ناوچه‌گه‌رێتی وشارچێتی وعێراقچێتی وشه‌ڕی ناوخۆ خه‌تی سوورن بۆ هه‌ر لایه‌نێك كه ده‌یه‌وێ براگه‌وره‌یی و ریشسپێتیمان بكا. تۆ بڵێی لایه‌ن هه‌بێ ئه‌وه نه‌زانێ؟! تۆ بڵێی كه‌س هه‌بێ نه‌زانێ ئه‌وانه‌ی له‌په‌نجا به‌په‌نجاوه گه‌یشتنه سیی به‌سیی، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه وایان لێهات و گه‌نده‌ڵیش سه‌ربار!.
حزبه عاره‌بییه‌كان گه‌وره یا بچووك، هیچیان هیوای ئه‌وه‌یان لێناكرێ ده‌ستبه‌رداری زۆرداریی خۆیان بن یا كورد وه‌ك موالی خۆیان له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ن وكڕین و فرۆشتن له‌سه‌ر ئافره‌ته‌كانی هه‌ڵگرن وكۆكوژكردنیان وداگیركردنی خاكیان له‌خۆیان حه‌رام بكه‌ن. ئه‌گه‌ر مه‌رجه هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ حزبه عاره‌بییه‌كاندا بكرێ، بۆ لووت شكاندنی ده‌سته‌ی مالكی وئه‌وانی دی، یا بۆ عاقڵكردنیان، كه تائێستا نایانه‌وێ كورد ئاسووده بێ، من به‌باشی ده‌زانم هاوپه‌یمانێتی ئه‌م جاره‌ی كورد دیاره به‌ده‌سته‌جه‌معی نه‌ك تاكتاك له‌گه‌ڵ سوننه‌كاندا بێ تا ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی ئه‌وانه ده‌ربكرێ كه‌دیاره پێیان خۆشه هه‌میشه یا چه‌وساوه بن یا چه‌وسێنه‌ر، وه‌ك له‌هه‌موو مێژوویاندا وه‌ك كورد چه‌وساوه‌و موالی وجێگومان بوونه. باوه‌ڕ ده‌كه‌م ئه‌مجاره ئه‌وان بۆ سه‌ركه‌وتنی خۆیان له‌شیعه‌كان زیاتر له‌گه‌ڵ داواكانی كورددا بێنه‌وه. ئه‌وان، به‌رادده‌ی شیعه‌كان فه‌رمان له‌ده‌وڵه‌ته ئیقلیمییه‌كان وه‌رناگرن وئه‌وه‌ش ده‌زانن به‌كوشتن و زۆرداریی، له‌گه‌ڵ كورددا به‌هیچ ناگه‌ن وهیچ لایه‌كیشیان ناحه‌سێنه‌وه، به‌ڵام شیعه‌كان له‌و بواره‌دا تازه‌كووره‌ن وتیغیان موو ده‌كا!! ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی سبه‌ینێ دێنه رێمان، له‌وانه‌وه‌ن له‌وپه‌ڕی لاوازییاندا ده‌ستبه‌رداری داگیركاریی وته‌عریبكردن نه‌بوون و له‌كاتی به‌رهه‌ڵستكاریشیاندا ئه‌نفالیان به‌كاری عاره‌ب یا عێراق له‌قه‌ڵه‌م نه‌دا. ده‌بوو دوو حزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان هه‌تا ئێستا چه‌ند جارێك هاوپه‌یمانه‌تییان بگۆڕیباو حكوومه‌تیان تێكداباو له‌په‌رله‌مان بهاتنایه‌ته ده‌رێ. كه‌چی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر ئه‌وه‌ی ویستی پشتی كورد له‌زه‌وی بدا، پشتیان گرت.
چ ده‌بێ كورد هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك له‌گه‌ڵ حزبه عاره‌بییه گه‌وره‌كاندا دروستنه‌كاو هیچ پۆستێكی به‌غدا وه‌رنه‌گرێ وببێته به‌رهه‌ڵستكار له‌په‌رله‌ماندا؟ چ ده‌بێ چاوه‌ڕوان بێ تا بزانێ كامه لایه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌بێ، سووكتر به‌ده‌نگی داواكانییه‌وه دێ ئه‌وجا به‌پیرییه‌وه بچێ؟! بۆچی نابێ هاوپه‌یمانێتی كورد له‌گه‌ڵ خۆیدا بێ؟! به‌ڵام هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لای ئه‌وانه ئه‌وه‌نده لاوازه، به‌لای یه‌كتردا راناكێشرێن. ئه‌و لاوازییه، خه‌ریكه به‌ره‌و خوار، به‌ره‌و كۆڵانه‌كانی شار‌و شارۆچكه‌كانیش ده‌گوازرێته‌وه. هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌مێكه له‌ناو كورددا لاواز بووه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان وحزبی ئومه‌می وئیسلامی له‌هه‌وڵی مراندنیدان نه‌ك لاوازكردنی. ئێستا كورد وزه‌و ویستی ئه‌وه‌ی تێدا نه‌ماوه به‌رگریی له‌كه‌رامه‌تی خۆشی بكا، ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی بێگانه له‌سه‌ر كه‌رامه‌تی بێ، به‌ڵام به‌رانبه‌ر یه‌كتر، بنه‌ماڵه‌كه‌شی داده‌نێ!.
ئاسۆ: له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، كورد له‌شاره‌كانی دیاله، موسڵ، شكستی هێنا هه‌روه‌ك له‌به‌غداش نه‌یتوانی كورسییه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، له‌و بڕوایه‌دایت له‌هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌دا كورد بتوانێت جارێكی تر بێته‌وه هێزی دووه‌م یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ئه‌گه‌ره زۆر لاوازه به‌تایبه‌ت كه‌ئێستا باس له‌لیستی جیاواز ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سووننه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2005 ده‌یانه‌وێت به‌گه‌رموگوڕیی به‌شداریی له‌هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن؟.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی: له‌هه‌ڵبژاردنی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ته‌نانه‌ت له‌دوا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، كورد له‌هه‌ر دوو لیستی (هاوپه‌یمانیی كوردستان) و (یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان) خۆی ده‌بینییه‌وه، به‌بۆچوونی من له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نیا یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌نگه‌كانی خۆی به‌ده‌ستهێناو لیستی كوردستانی هه‌ریه‌كه چاوه‌ڕێی ئه‌وی تری ده‌كردو به‌شێكی زۆر له‌لایه‌نگرانی كوردستانی به‌هۆی (خه‌مساردیی) یان (ئیهمالی)، نه‌چوون بۆ ده‌نگدان و هه‌ریه‌كه چاوه‌ڕێی ئه‌وی دیكه‌ی ده‌كردو ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی كوردستانی، كورسییه‌كانیان له‌به‌غداد كه‌مبێته‌وه. من پێموانییه كورد له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له دیاله و موسڵ و به‌غداد دۆڕاندبێتی، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هاتووه راستییه‌كه‌یه‌و به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سستی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی "140"و ئه‌و بێ به‌رنامه‌ییه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد له‌دیاریكردنی نوێنه‌ره‌كانمان له‌و پارێزگایانه‌دا هه‌بوو، له‌گه‌ڵ به‌شدارییكردنی كاریگه‌ری سووننه‌و كۆنه به‌عسییه‌كانی نیشته‌جێی ئه‌و شوێنانه، ده‌كرێت بڵێین كورد هه‌ر ئه‌وه قه‌باره‌و ژماره‌یه‌تی و ئه‌وانه‌ی تائێستا سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورستان ده‌خه‌ڵه‌تێنن له‌م مه‌سه‌له‌یه‌داو موباله‌غه‌ی بێ بنه‌ما له‌ژماره‌ی كورد‌و خواستی گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌سته‌كه‌یان كه‌شف بوو.
بۆیه پێویسته چیتر ئێمه به‌سۆزداریی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌غبه‌ت و خواستی خۆمان بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌و باشتر وایه له‌قۆناغی داهاتوودا سیاسه‌ت بكه‌ین و سوود له‌و هه‌ڵانه وه‌ربگرین كه له‌م ساڵانه‌ی رابردوودا كردوومانه، به‌شدارییكردنی كورد له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌لیستی جیا، به‌هه‌نگاوێكی دروست و زیره‌كانه ده‌بینم، چوونكه هه‌ر حزب و لایه‌نێك له‌كوردستان قه‌باره‌ی خۆی ده‌زانێت و ئه‌وكات كه‌س چاوه‌ڕێی ئه‌وی دیكه ناكات و بڵی من ئه‌وه‌نده كورسیم مسۆگه‌ره، له‌م فره لیستییه‌دا زۆرترین ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی كوردستان ده‌نگ ده‌ده‌ن وحزب ولایه‌نه‌كان ناچارن راسته‌وخۆ بڕۆنه ناو جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان و هانیان بده‌ن بۆ رۆیشتن به‌ره‌و سندووقه‌كانی ده‌نگدان، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی بێ‌مانا ده‌بێت ئه‌گه‌ر دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ناكۆكیی و حه‌ساسییه‌ت له‌ناو په‌رله‌مانتارانی كورد هه‌بێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت قه‌باره‌و سه‌نگی كورد له‌به‌غدا بهێڵینه‌وه ده‌بی ئه‌وانه‌ی له‌به‌غدا كارده‌كه‌ن هه‌ڵگری كۆنه‌قین و فكری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نه‌بن. له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا پێویسته په‌رله‌مانتارانی كورد وه‌ك یه‌ك كوتله‌ی هاوهه‌ڵوێست و به‌هێز و بێ كێشه كاربكه‌ن و له‌هه‌موو پرسه ستراتیژییه‌كاندا پێكه‌وه ده‌ست به‌رزبكه‌نه‌وه‌و كاتێكیش هۆڵی په‌رله‌مان به‌جێدێڵن هه‌موو پێكه‌وه ئه‌و بڕیاره بده‌ن.
كه‌واته له‌به‌غدا پێویستمان به‌كوتله‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ئێستاوه له‌كوردستان ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌كرێت ئه‌وا زۆر زه‌حمه‌ته له‌ناو هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا یه‌كده‌نگی كورد مسۆگه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام له‌كه‌ركووك و ناوچه جێ ناكۆكه‌كاندا مه‌سه‌له‌كه جیاوازه‌و په‌رته‌وازه‌بوونی ده‌نگه‌كان له‌پارێزگای كه‌ركووك ره‌نگه به‌كاره‌سات بۆ كورد و كێشه‌ی كورد له‌عێراق و ناوچه‌كه‌دا بشكێته‌وه، له‌كه‌ركووك ته‌نیا كورد بێكه‌س و بێ پشتگیریی عێراقی و ئیقلیمییه، هه‌ریه‌ك له‌عه‌ره‌ب به (سووننه‌و شیعه) وه و توركمان و ئاشوری هه‌موویان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان (راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ) پشتگیریی ده‌كرێن و زۆرجاریش ده‌ستوه‌ردان و گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر حكومه‌تی به‌غدادو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی.
بۆیه ده‌بی ئه‌و راستییه بزانین كه تاكه سه‌رچاوه‌ی هێز و پشتگیریی كورد له‌كه‌ركووك و ته‌نانه‌ت له‌په‌رله‌مانی عێراقیشدا ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كوردستان و یه‌كڕیزیی میلله‌ته‌كه‌مانه، هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك یان كلكگرێدانێكی سیاسیی له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی كورد له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا یان له‌مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركووك، وه‌كو ئینتیحاری سیاسییه بۆ ئه‌و لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌و بۆ هه‌موو ئه‌زموونی خۆ به‌ڕێوه‌بردنیش له‌كوردستان، یه‌كڕیزیی كورد له‌به‌غداو پێداگیریی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده ده‌ستوورییه‌كان، گه‌ره‌نتییه‌كی به‌هێز ده‌بێت بۆ مانه‌وه‌ی كورد وه‌ك یاریزانێكی سه‌ره‌كیی له‌گۆره‌پانی سیاسیی عێراقداو له‌وه‌ش گرنگتر پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناوچه‌كه‌دا به‌هێز ده‌بێت و ره‌نگه ببێته كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كیی له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان.
رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و په‌رتبوونی هێزه سیاسییه شیعه‌كان، پێشهاتی نوێی به‌دواوه ده‌بێت و به‌شدارییكردنی زیاتری عه‌ره‌بی سووننه‌ش له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا زیاتر یارییه‌كه گه‌رم ده‌كات و من وایده‌بینم، واقیعی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی عێراق دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌دیار ده‌كه‌وێت، عه‌ره‌ب به‌سووننه و شیعه‌وه و توركمان و مه‌سیحییه‌كان، هه‌ریه‌كه‌یان پێش ئێمه به‌م راستییه‌یان زانیوه‌و زۆربه‌ی پێشهاته‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنیان خراوه‌ته به‌رده‌م، له‌به‌رامبه‌ریشدا هێشتا كورد به‌ململانێی ناوخۆیی و ته‌سفیاتی ئایدیۆلۆژیی یه‌كتر سه‌رقاڵه‌و ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر كۆڵانه قوڕاوییه‌كانی گوند‌و شارۆچكه‌كان و ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر كه‌سێكی نان‌بڕاو له‌لایه‌ن حزبێكه‌وه قسه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی باس له‌دابه‌شكردنی كورسی و ئیمتیازاتی سیاسیی و ئیداریی ده‌كه‌ن، نیو ئه‌وه‌نده گرنگی به‌یه‌كده‌نگی و خۆ ئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ره‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌نگ و ده‌نگی كورد له‌ناو عێراق و ناوچه‌كه ناكه‌ن، ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانییه ئه‌و ئاماده‌كارییه شپرزه و ته‌مومژاویی و بێ به‌رنامه‌یه‌ی حزب و لایه‌نه كوردییه‌كانه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق.
من پێموایه ئه‌م فره لیستییه‌ی كورد بۆ هه‌ڵبژاردنی چاوه‌ڕوانكراوی عێراق له‌ئه‌نجامی هه‌ستكردن به‌و مه‌سئولییه‌ته نییه كه له‌سه‌ره‌تای نووسینه‌كه‌مدا ئاماژه‌م بۆ كردووه، واته كورد بۆ ئه‌وه به‌شداریی به‌چه‌ند لیستێك نه‌كردووه تا زۆرترین ده‌نگده‌ر بباته سه‌ر سندووقه‌كان، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كورسییه‌كان له‌ناو خۆیاندا، یان ره‌نگه حه‌ساسیه‌تی سیاسیی رێگه‌یان پێنه‌دات له‌م ماوه‌یه‌دا گفتوگۆ بكه‌ن و بڕۆنه سه‌ر مێزی دانوساندن و به‌رنامه‌ڕێژیی، بۆیه من له‌ئاینده‌ی كورد له‌عێراقدا گه‌شبین نیم، به‌ڵام ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌م دواییه له‌به‌غدا روویداو سه‌دان و هه‌زاران كه‌سی تیا بووه قوربانی، به‌بی ئه‌وه‌ی كورد ئاگای له‌خۆی بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ته‌واو بووه‌و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش ئێستا لایه‌نه عێراقییه‌كان مه‌به‌ستیانه بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی نوی روو له‌هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ئاسۆ: شیعه‌كان، سووننه‌كان، نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و لیبراڵ وعه‌لمانییه‌كان، هاوپه‌یمانێتییه‌كانی رابردوویان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌و باس له‌وه ده‌كرێت لیسته ركه‌به‌ره‌كان ده‌یانه‌وێت هاوپه‌یمانێـتی له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتیمانی دروستبكه‌ن نه‌ك تایفیی ودینیی، پرسیاره‌كه به‌دیاریكراوی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به‌هانه‌ی عه‌ره‌به‌كان بۆ لیستی نیشتیمانی گوزارشت بێـت له‌یه‌ك پارچه‌یی عێراق ئه‌وا بۆكورد چ جۆره هاوپه‌یمانێتییه‌ك پێویسته؟.
حه‌مه سوسه‌یی: دیاره باسكردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنێتی تیمی كورد به‌ره‌و به‌غداد هه‌ندێ ئاڵۆزیی و دژواریی تێكه‌وتبێ، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جاره له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی وپارتی، ئه‌مجاره جگه له‌وانیش هێزی نوێ هاته گۆڕه‌پانه‌كه‌و ستراتیژی سیاسه‌تی نوێ ده‌خوڵقێنێ، به‌جۆرێك ره‌نگه دواتر هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ خۆیدا راپێچی هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی گرنگ و چاره‌نووسساز بكاته‌وه، كه چه‌ندین ساڵه له‌ئاست به‌رپرسیاریان خۆیانیان لێ شاردۆته‌وه. ئاشكرایه هه‌ر له‌دوای پرۆسه‌ی رزگاركردنی عێراق له ساڵی 2003وه، پرسه گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كان له‌باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانێت بڵێت هه‌ڵپه‌سێوراون یان واده‌ی شێوازی چاره‌سه‌ركردنیان به‌سه‌رچووه، پێوستی به‌هێزو كه‌سانێكی دیكه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ی بگۆڕن و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه. ئه‌فسوس هاوپه‌یمانێتی كورد له‌وكاته‌وه تائێستا جگه له‌چه‌ند هانگاوێكی سه‌ره‌تایی، نه‌یانتوانیووه وه‌ك پێوست به‌دواداچوونی له‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێ له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ی ده‌نگده‌ری كورد جارێكی تر ناتوانێ متمانه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و جۆره هێزو هاوپه‌یمانێتییانه بدات. به‌دیوێكی تردا ده‌نگده‌ری كورد له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی 7 هه‌ندێ تۆڵه‌ی له‌و هه‌ڵانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات كرده‌وه كه به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێك بوون له‌هه‌ڵه‌كانی كورد له‌به‌غداد.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2003و ده‌ستپێكردن و ده‌ستاو ده‌ستپێكردنی ده‌سه‌ڵاتی كاتییانه‌ی سه‌ركردایه‌تی عێراق له‌لایه‌ن هێزه جیاوازه‌كانی نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی (كورد، شیعه، سووننه)، ئاماژه‌یه‌كی وامان ده‌داتێ هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی وپارتی له‌سه‌ر شێوه‌ی سازان (ته‌وافوق) هه‌موو پۆسته‌كانی هه‌رێم و به‌غدادیان دابه‌شكرد، ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یه چنگیان لێی گیربوو. ئه‌مه‌ش پۆڵ برێمه‌ری یه‌كه‌مین حاكمی مه‌ده‌نی عێراق به‌باشی ئاماژه‌ی پێداون. دیاره گه‌لی كورد له‌كاتی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه به‌شداریی به‌رچاویان هه‌بووه، سه‌ره‌تا وه‌ك سیستمی پادشایه‌تی پێكهات، هه‌ر له‌و كاته‌وه كورد شوێنی له‌حكومه‌تانه‌دا هه‌بووه‌و چه‌ندین پله‌و پۆستی گرنگی وه‌رگرتووه، له‌وانه (ئه‌مین زه‌گی به‌گ، ره‌شید عالی گه‌یلانی و نوری شاوه‌یس وچه‌ندینی تر‌و له‌پۆستی سه‌ربازیی ومه‌ده‌نی بوونیان هه‌بووه) . ئه‌م به‌شداریكردنه‌شی درێژه ده‌كێشێت وله‌دوای سیستمی پادشایه‌تی و هاتنی قۆناغێكی نوێ له‌فه‌رمانڕه‌وایی كۆماریی، به‌هامان شێوه كورد به‌شداریی پێكرا، له‌زۆر كاتدا پله‌و پۆستی بۆ دابینكرا، هه‌ر بۆ نموونه (ته‌ها محێدین مه‌عروف، سامان مه‌جید فه‌ره‌ج و دكتۆر ئۆمێد و چه‌ندینی تر) .
لێ له‌هیچ له‌و كات و ساتانه‌دا كورد نه‌یتوانیوه ئه‌و پرسه گرنگ وچاره‌نووسسازانه بگه‌یه‌نێته ئاستێكی وا به‌شێوه‌كی فه‌رمی بخرێته نیو ده‌ستووری عێراقی و بچه‌سپێنرێ ونه‌توانرێ یاریی پێبكرێ. زۆربه‌ی كات ئه‌و ده‌نگه كوردییانه‌ی له‌نێو كابینه جیاوازه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیدا بوون، داواكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ خواستی گه‌له‌كه‌یان نه‌بووه. هیچ كات كورد نه‌یویستووه خۆی له‌و ماڵه په‌رت بكا‌و سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی و ئابووری بۆ خۆی فه‌راهه‌م بكا، دیاره به‌بێ ئه‌م جۆره سه‌ربه‌ستیانه‌ش پایه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی بوونیان نابێ. ره‌نگه له‌دانوستانه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و حكومه‌ته سه‌نتراڵه‌ی له‌به‌غدا فه‌رمانڕه‌وایه‌تی گشت وڵاتی كردووه هه‌ندێجار به‌شێوه‌ی نافه‌رمی وهه‌ندێكی جاری تریش ته‌نیا وه‌ك مانۆڕی سیاسیی كارتی كورد بڵند كراوه، لێ كورد خۆی نه‌یتوانیوه میكانیزمی به‌دواداچوونی بۆ بكا، یان ره‌نگه ئه‌و خواست وداواكارییانه گۆڕدرابێته سه‌ر چه‌ند ئامانجێكی لاوه‌كی و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی، كه له‌گه‌ڵ كرۆك وناوه‌ڕۆكی مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كان نه‌بووه، ره‌نگه هه‌موو ئه‌وانه زۆربه‌ی بۆ بێ ئه‌زموونی كورد بگه‌ڕێته‌وه له‌شێوازی داكۆكیكردن له‌رێگای دانیشتن وكۆبوونه‌وه‌و دانوستاندنه‌كانه‌وه، یان ئه‌وانه‌ی بڕیار به‌ده‌ست بوون، ته‌نیا رای خۆیان به‌سه‌ر تیمی شاندی دانوسه‌ر سه‌پاندبێ و هه‌وڵ نه‌درابێ ئاڵوگۆڕ بكرێ له‌سه‌ر بیروڕا جیاوازه‌كان.
هه‌نووكه هه‌مان سیاسه‌ت له‌به‌غداد له‌دوای ساڵی 2003وه نمایش ده‌كرێ وهه‌ردوو سه‌ركرده‌ی پارتی ویه‌كێتی به‌هه‌مان هزری كۆن وبیركردنه‌وه‌ی پاوانخوازیی و مۆنۆپۆڵكردنی ئامڕازه‌كانی بڕیاردان و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌رده‌وامن و له‌زۆر كاتدا جگه له‌خۆیان كه‌سی تر رێی پێنادرێ به‌شداریی له‌و بیروبۆچونانه‌یان بكه‌ن و بڕیار له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كان بدرێ، ئه‌مجۆره سیاسه‌ت نزیكه‌ی 50 بۆ 60 ساڵێكه له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێ و هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌خۆوه نه‌بینیوه. به‌هه‌مان شێوه، ئه‌م جۆره سیاسه‌ته‌ی كورد ره‌چاوی كردووه، وای له‌لایه‌نی به‌رانبه‌ر (عه‌ره‌به‌كان) كردووه، به‌باشی له‌كورد تێبگه‌ن و به‌هه‌مان شێواز‌و ستراتیژ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، بۆ چه‌ندین جار هه‌ڵیان بخه‌ڵه‌تێنن، گه‌ر سه‌یری ئه‌و نوشستانه بكه‌ین كورد له‌شه‌ڕی دایه‌لۆگ ودانوستاندندا تووشی هاتووه، ئه‌وا ره‌نگه هیچ جیاوازییه‌ك نه‌بینرێ، بۆ نموونه كورد له‌ئازاری 1970، كاتێ رژێمی به‌عس واده‌ی دانووستانه‌كانی بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ داواكرد درێژ بكرێته‌وه، هه‌مان هه‌ڵه له‌سه‌ر مادده‌ی 58 كه دواتر گۆڕا بۆ 140 دووباره كرایه‌وه، ده‌ره‌نجامی هه‌ردووكیان له‌دژی ئامانجه‌كانی كورد ته‌واو بوو. بۆیه فاكتۆری كات لای سیاسیی كورد زۆر گرنگی پێنه‌دراوه‌و پشتگۆێ خراوه.
سێ خاڵی سه‌ره‌كیی هه‌ن له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراقدا كه ره‌نگه له‌وه‌وپێش به‌دی نه‌كرابن، بۆیه پێوسته له‌سه‌ر كورد گه‌لێ به‌باشی ره‌چاویان بكا، یه‌كه‌میان: جارێكی تر كورد تووشی به‌تووشی ئه‌و سیستمه تۆتالیتار‌و شمولی ودیكتاتۆرییانه‌ی جاران نابێته‌وه كه هه‌بوون. به‌مانایه‌كی تر، ئه‌و ترسه‌ی دروستكراوه له‌وه‌ی ناوه‌ند ره‌نگه ببێته‌وه به‌ترس له‌سه‌ر كورد، ئه‌وا جگه له‌گومڕان دروستكردن وسیاسه‌تی چه‌واشه‌كاریی هیچی تر نییه، كه پارتی ویه‌كێتی دژی میلله‌ته‌كه‌مان وهێزی نه‌یار به‌كاری دێنن، ئه‌م ترسه وای له‌میلله‌ت كردووه چاو بپۆشێ له‌زۆر كه‌موكوڕیی سیاسه‌تی یه‌كێتی و پارتی، دواتر باجی ئه‌و كه‌موكوڕییانه هه‌ر گه‌ل داوێتی. دووه‌م: كورد له‌پێگه‌یه‌كی ئابووری جێگیر (17%) داهاتی نه‌وت ساڵانه بڕی ئه‌و پارانه‌ی بۆ دێت و ده‌توانێ به‌پێی پلانێكی رێك‌وپێك ژێرخانی ئابووری خۆی پێ دروستبكاته‌وه‌و ره‌نگه بتوانێ سێرپله‌سی (یه‌ده‌ك) ی هه‌بێ، به‌جۆرێك ئه‌م قسه‌یه تا ئێستا نه‌هاتۆته دی، له‌به‌رئه‌وه‌ی پارتی ویه‌كێتی حكومه‌تێكی بێ پلانیان هه‌یه‌و پاره‌و بودجه له‌حزبه‌كانه‌وه ده‌درێ به‌حكومه‌ت، به‌مانایه‌كی تر، سستمێكی مافیایی وبێسه‌رو به‌ر كورد به‌ڕێوه ده‌با. سێیه‌م: بۆ یه‌كه‌مجاره عێراق به‌فه‌رمی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵ بناسرێ، ئه‌مه دیارده‌یه‌ش وڵات به‌ره‌و سیاسه‌ت وفه‌رمانڕه‌وایی سه‌قامگیر (فیدراڵ) ده‌با، كه بوونی ئه‌م جۆره سیستمی حكومڕانه كاری سیاسه‌ت به‌گشتیی و پرسه چاره‌نووسسازه‌كان به‌تایبه‌تی ئاسانتر ده‌كا. دوان له‌سه‌ر ئه‌م سێ فاكته‌ره باسمان نییه لێره‌دا.
هێزه كوردییه‌كان له‌مه‌و به‌دوا گه‌لێ باشتر له‌جاران هه‌وڵده‌ده‌ن و ئه‌نجامی باشیان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی لیستی گۆڕان به‌شێك ده‌بێ له‌و شانده‌و گرنگی و قورسایی خۆی ده‌سه‌لمێنێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌دوای ئه‌و ماوه كورته‌ی ته‌مه‌نی دروستبوونی توانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ستبێنێ، ره‌نگه ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه ئاست وسنووری كوردستان ببڕێ و له‌به‌غداش به‌هه‌مان شێوه بتوانێ رۆڵی مێژوویی خۆی ببینێ. گه‌لێ پێوسته له‌سه‌ر لیستی گۆڕان له‌ئێستاوه پشت به‌و هێزانه ببه‌ستێ به‌نیازن رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن به‌هێز بكه‌ن، چونكه ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ی سیستمی سیاسیی عێراق پێوستی به‌حكومه‌تی تۆكمه هه‌یه، تا بتوانێ له‌ئاست به‌رپرسیاریی وئه‌و خواستانه‌ی جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌رانیاندا بن، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌ركیان گه‌لێ قورس‌تر ده‌بێ، كه‌هێزه‌كانی ئه‌موریكا ورده ورده شاره‌كان به‌ته‌واوی چۆڵ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له‌ئارادایه جگه له‌چه‌ند بنكه‌و سه‌ربازگه‌ی دیاركراو نه‌بێ، ئه‌وا پاشه‌كشه به‌هێزه‌كانیان بده‌ن وعێراق جێبێڵن.
پێموایه لیستی گۆڕان دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكانیش به‌ده‌سدێنێ، به‌تایبه‌تی سلێمانی وكه‌ركووك، ئه‌و كاته ئه‌گه‌ری دروستبوونی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان گۆڕان و چه‌ند لایه‌نێكی نوێ دێته‌ئاراوه، كه له‌ئاست خواسته‌كانی ئێمه‌دا داكۆكیی له‌مافی كورد له‌به‌غداد بكه‌ن. بۆیه من له‌و بڕوایه‌دام لیستی گۆڕان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ لیستی پارتی و یه‌كێتی هاوپه‌یمانێتی نابه‌ستێ، له‌كاتێكدا لیستی گۆڕان پێوسته ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی لایه‌نێكی هێزی ئیسلامیی (یه‌كگرتوو) به‌هه‌ند وه‌ربگرێ وله‌وێوه هه‌نگاوی تر بنێ، رایه‌ڵه‌و به‌ره‌ی نه‌یاران چڕ‌و پڕتر بكا‌و هه‌ندێ لایه‌نێ تریشی تێكه‌ڵكێش بكا. بۆیه چوون بۆ به‌غدادو به‌شداریی له‌سیاسه‌تی نوێی عێراق به‌گشتی وكوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی به‌ره‌ی نه‌یارانه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ڕێگای ئه‌مانه‌وه حكومه‌تێكی دیموكراتی و چالاك دێته كایه‌وه، حكومه‌تی چالاك وئه‌كتیڤ به‌ستراوه‌ته‌وه به‌بوونی نه‌یارێكی به‌هێز، ره‌نگه یه‌ك هه‌ڵوێستی له‌مه‌ڕ دۆزه گرنگ وچاره‌نووسسازه‌كان گرنگ و بایه‌خدار بێ، لێ فره‌ڕه‌نگی و فره بۆچوون له‌وانه گرنگتر‌و به‌بایه‌ختره.
وه‌ك ئاشكرایه به‌غداد ده‌یه‌وێ له‌ڕێگای ئه‌و پۆست و پله‌و پایه‌نه‌دا بتوانێ هێزی ناوه‌ند به‌هێز بكا، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێ ئه‌م به‌هێزكردنه نابێته هۆی دروستبوونی گرژیی ونانه‌وه‌ی كێشه بۆ كورد، له‌به‌رئه‌وه‌ی كورد مافه‌كانی له‌ده‌ستووردا ده‌ستنیشان كراوه‌و هێز عه‌ره‌بییه‌كان ناتوانن وه‌ك جاران عێراق به‌ره‌و تاریكیی ببنه‌وه. ره‌نگه پرسیار لێره‌دا ئه‌وه بێ، ئایا لیستی پارتی و یه‌كێتی هه‌مان پێوه‌ره‌كانی رابردوو به‌كاردێنن، له‌كاتێكدا لیستی گۆڕان ونه‌یاران له‌گه‌ڵیاندان؟، من پێموایه ئه‌م لیسته‌ی هاوپه‌یمانێتی پارتی ویه‌كێتی وچه‌ند لایه‌نێكی تر، به‌هه‌مان شێوه‌ی رابردوو كار بكه‌ن وجگه له‌هه‌وڵدان بۆ مه‌یسه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان، نه‌توانن پێ له‌سه‌ر دۆزه چاره‌نووسسازه‌كانی وه‌ك (كێشه‌ی ناوچه داگیركراوه‌كان، گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان، بودجه‌ی هه‌رێم) كه ئه‌مانه ده‌بنه كار‌و ئه‌جندای كورد له‌به‌غداد بۆ جێبه‌جێكردنیان.
بۆ كورد چ جۆره هاوپه‌یمانێتییه‌ك پێویسته؟ راستییه‌كه‌ی عه‌ره‌ب چۆن بیربكه‌نه‌وه‌و چۆن جۆره‌ی هاوپه‌یمانێتییان پێكبهێنن، ئه‌وه زۆر گرنگ نییه بۆ كورد، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌جندای كورد گه‌لێ جیاوازه له‌هی عه‌ره‌به‌كان. ئه‌جندای عه‌ره‌به‌كان هه‌رگیز تا ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژتریش ناتوانن له‌ژێر هه‌ژموونگه‌رایی ئاینیی وتایه‌فی قوتار بكه‌ن، ئه‌و برینه‌ی له‌نێو جه‌سته‌ی هیلاكی عه‌ره‌بی سووننه‌و شیعه‌دا دروستبوو، كاتێكی زۆری ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی ساڕ‌ێژ ببێ، نموونه‌ی شه‌ڕی ناخۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی باشترین نموونه‌یه، تاهه‌نووكه نه ئه‌و متمانه‌یه له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كانی هه‌ردوولا به‌دیده‌كرێ، نه‌توانراوه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو، ته‌واوی داوده‌زگاو وه‌زاره‌ته‌كان یه‌كبخرێن، ئه‌مه له‌لایه‌ك وله‌لایه‌كی تر ئه‌و به‌ناو ئیتفاقییه ستراتیژییه نه‌یتوانیووه په‌ی به‌هه‌موو كێشه‌و قه‌یرانه‌كان بگرێ و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ دابنێ، چجای ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه‌ی نێوان دوو هێزی سیاسیی ودینی وتایه‌فی وه‌ك سووننه‌و شیعه كه تاكه هێزی یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌و ژیان به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵكردن، هێزی سه‌ربازیی بووه، له‌كاتی سه‌ددامدا گه‌ر ئه‌و ترسه‌ی سه‌ددام نه‌بوایه، هه‌رگیز شیعه‌و سووننه نه‌یانده‌توانی رۆژێ له‌ژێر خێمه‌یه‌كدا هه‌ڵبكه‌ن و بگوزه‌رێن. ئه‌م جۆره كێشه ئاینییه تایفییانه له‌گه‌لێ شوێنی تر به‌دی ده‌كرێ و چاره‌سه‌ر بۆی له‌خانه‌ی مه‌حاڵدایه، ئێستاش له‌به‌غداد وشوێنه‌كانی تری ناوه‌ڕاست وباشووری عێراق، ئه‌م دوو لایه‌نه ناتوانن به‌یه‌كه‌وه بژین وحكومڕانی بكه‌ن.
بۆیه له‌و بڕوایه‌دا نیم، هێزه ركه‌به‌ره‌كان بتوانن هاوپه‌یمانی نیشتمانی وناسیۆنالیستی ساغڵه‌م پێكبهێنن. كێشه‌ی عه‌ره‌به‌كان گه‌لێ له‌كێشه‌ی كورد جیاوازتره، گه‌ر كێشه‌ی كورد ئێشتا ته‌واوكردنی داواكارییه‌كانی كورد بێ و گه‌ڕاندنه‌وه بۆ ئیتفاقییه‌ی ئازاری 1970 و دانوستانه‌كانی ساڵی 1984 دواتر هه‌مان شت له‌دوای راپه‌ڕینه‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رمێزی دانوستان له‌ساڵی 1992 له‌گه‌ڵ رژێمی به‌سه‌رچوو، ئه‌وا ئه‌و داواكارییانه‌ی ئێستاش ره‌نگه جگه له‌قسه‌كردن له‌سه‌ر گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان و بودجه‌ی هه‌رێم، ئه‌وا هه‌موو ئه‌و داواكارییانه‌ی له‌وه‌وپێش كرابوون سه‌باره‌ت به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و ئه‌و ناوچه به‌زۆر ته‌عریبكراو و داگیركراوانه‌دا، ره‌نگه هیچی نوێی تر نه‌بێ، ئه‌مه له‌كاتێكدا سه‌رۆكی عێراق كێشه‌ی كه‌ركووكی وا دژوار كردووه، ره‌نگه ئاواته‌خوازبین به‌وه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ك بگه‌ڕێینه دواوه‌و بتوانین داكۆكی له‌كه‌ركووك بكه‌ین، بۆ نموونه له‌و چه‌ند دانوستاندنانه‌ی رابردوو كێشه‌ی كه‌ركووك ته‌نیا كێشه‌یه‌كی زه‌وی وزاری داگیركراوی كورد بوو، لێ ئێستا ئه‌م كێشه‌یه جگه له‌وه‌ش بۆته كێشه‌یه‌كی ئه‌تنیكی ومه‌زهه‌بی و تایه‌فی وا به‌هۆی ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه وه‌ك سه‌رۆكی عێراق پێشنیاری كرد هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه به‌ڕێژه‌ی 32% ئه‌رك وماف و پله‌و پۆسته‌كان دیاریبكه‌ن، ئه‌م جۆره پێشنیارانه دۆزی كه‌ركووكی له‌زه‌وی و زارێكی دزراو و ته‌عریبكراوه‌وه گۆڕییه سه‌ر دۆزێكی گه‌لێ جیاوازتر، ره‌نگه وه‌ك كێشه‌كانی (قودس و كاشمێر) حسابیان بۆ بكرێ، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵه نییه، به‌ڵكه تاوانه دژ به‌كورد به‌گشتی وئه‌وانه‌ی چه‌ندین ساڵه خوێنیان له‌پێناوی كه‌ركووكدا ده‌ڕژن. دواتر چاره‌نووسی ئه‌م شاره هه‌روا به‌هه‌ڵپه‌سێراوی ده‌مێنێته‌وه‌و رێكخراوێكی وه‌ك (UN) ده‌بێته خاوه‌ن و بڕیار لای ئه‌وان ده‌بێ.
ئه‌مه له‌كاتێكدا كێشه‌ی لایه‌ن وقه‌واره‌و پارتییه عه‌ره‌بییه‌كان به‌گشتیی قۆناغێ له‌پێش كورده‌وه‌ن وئامانجیان ته‌نیا زیادكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كانه له‌په‌رله‌مان و ژماره‌ی پۆست وپله حكومییه‌كان. له‌به‌رئه‌وه هه‌ر لایه‌نێكی عه‌ره‌بی، له‌مپه‌ڕی راسته‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ، سكۆلاره‌كان وناسیۆنالیسته‌كانیش به‌هه‌مان شێوه ته‌نیا خولیای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتن، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین دروشمی یه‌كپارچه‌یی و ناسیۆنالیستی هه‌ڵده‌گرن بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌یان، بۆیه بۆ كورد گرنگه له‌و پارته ناسیۆنالیستانه سڵ نه‌كاته‌وه‌و به‌سكۆلارو نه‌رمه ئیسلامییه‌كانیش هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێ، وه‌ك وتمان ئه‌وه‌ی كورد به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێ، ده‌شێ لای هه‌موویان ده‌ستبكه‌وێ، لێ به‌شێوازو بڕی جیاواز. ئه‌گه‌رچی ده‌ستوور له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانێتی كورده‌وه به‌باشی خه‌مڵێنراوه‌و گه‌لێ لێی رازین و ده‌یانه‌وێ وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، لێ بۆ قه‌واره عه‌ره‌بییه‌كان، به‌تایبه‌تی شیعه‌كان جێی گومان نییه، كه ده‌یانه‌وێ جارێكی دی هه‌موار بكرێته‌وه، به‌و هیوایه‌ی بتوانن ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بۆ خۆیان تیا جێگیر بكه‌ن، لایه‌نه شیعه‌كان هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵیان به‌زه‌ره‌ر كۆتایی دێ، ئه‌مه‌ش له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ شیعه له‌دوای زیاتر 1300 ساڵێكه هه‌لی وایان بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتووه بتوانن فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌كه بكه‌ن، ئه‌مه له‌كاتێكدا باس له‌ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام دوای (عه‌لی) كوڕه‌كانی له‌نه‌جه‌ف وكه‌ربه‌لاو به‌غداد، كه‌واته بۆ شیعه زیاتر چاوچنۆكن وه‌ك له‌سووننه‌كان، ئه‌وانه‌ی ره‌نگه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات یان نیمچه ده‌سه‌ڵات واز له‌گه‌لی مافی كورد بێنن وگوێی پێنه‌ده‌ن، بۆیه هاوپه‌یمانێتی كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سووننه گه‌لێ باشتره له‌وه‌ی شیعه.
هاوپه‌یمانێتی كورد له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی عه‌ره‌بی پێوسته، دۆكیومێنت بكرێن وهه‌ر به‌شێوازی زاره‌كی نه‌بن وه‌ك له‌رابردوودا كراون. گرنگ له‌و هاوپه‌یمانێتییه ئه‌وه‌یه مافی هه‌ردوو به‌ته‌واوی دیاریكرابن و له‌وه‌ش گرنگتر گرتنی سیاسه‌تی به‌دواداچوونه كه هه‌رگیز له‌وه‌و پێش ئه‌و جۆره كارایی وشاره‌زاییه‌مان نه‌بووه له‌و بواره‌دا، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و خاڵانه‌ی مادده‌ی 140 واده‌ی به‌سه‌رچوو. كورد گه‌لێ پێویسته هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ك ببه‌ستێ، له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لی كورد جیاوازه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، ئه‌مه‌ش راستییه‌كه‌و هه‌مووان ده‌یزانین، بۆیه نه‌نگی نییه باسی لێوه بكرێ و له‌ئاكام و ئه‌نجام و ئه‌گه‌ره‌كانی لێوه بدوێن. هیچ پڕۆژه‌یه‌ك بێ بوونی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی له‌كاتی دانوستاندا ناگاته ئه‌و هیوایانه‌ی بۆی كێشراون. ئه‌جندای كورد له‌به‌غداد كاركردن ودروستكردنی فشاره له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی به‌سه‌رچووی (140)، هه‌روه‌ها زیادكردنی بودجه‌ی هه‌رێم یان هه‌وڵدان بۆ دانه‌به‌زاندنی بۆ (14%)، وه‌ك هه‌ندێجار باسی لێوه ده‌كرێ، ئه‌مه جگه له‌پرسی نه‌وت وگازو شێوازی گرێبه‌ست له‌نێوان هه‌رێم وئه‌و كۆمپانیانه‌ی خه‌ریكی كاری پیشه‌سازیی نه‌وتن. ره‌نگه له‌مپه‌رو ئاسته‌نگی گه‌وره له‌پێش پێكنه‌هاتنی ئه‌م جۆره هاوپه‌یمانێتییانه بگه‌ڕێته‌وه بۆ رۆڵی هه‌ریه‌كه له‌و وڵاته دراوسێ و هه‌رێمییانه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی گۆڕه‌پای سیاسیی عێراقی له‌ۆخر گرتووه‌و (سپۆنسه‌ر) كه‌فاله‌تیان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئاشكرایه هێزه سووننییه‌كان له‌لایه‌ن ئۆردون، سعودیه، وڵاتانی كه‌نداو داڵده ده‌درێن وبه‌هه‌موو شێوه‌یه پشتگیریان لێده‌كرێ، به‌رانبه‌ر به‌وان هێزه شیعه‌كان ئێران وسوریا به‌ئاشكرا پاڵپشتیانن و به‌ره‌یه‌كی پته‌ویان له‌گه‌ڵدا به‌ستوون وبه‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك، لۆجستی و مادیی ومه‌عنه‌ویی یارمه‌تی ده‌درێن. بۆیه له‌سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی و هزریانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه كێشه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی رووباری سیاسیی عێراق مه‌دو جه‌زر وه‌رده‌گرن و له‌وێش تسونامی و مه‌ترسییه‌كانی شه‌پۆل ده‌ده‌ن، به‌مانایه‌كی تر تا ئه‌و وڵاتانه رێك نه‌كه‌ون له‌سه‌ر سیاسه‌تێكی دیاریكراو، ره‌نگه هێزه‌كانی ناوه‌وه، نه‌توانن خۆیان ئه‌و بڕیاره بده‌ن. كه‌واته بێشك پێناچێ ئه‌و جۆره هاوپه‌یمانێتیانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی عێراقه بتوانرێ نمایش بكرێ و ئه‌كته‌ره‌كانی به‌سه‌ربه‌خۆیی رۆڵی خۆیان ببینن.
گه‌ر سه‌یری نه‌خشه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بكه‌ین، ئه‌وا لیستی گۆڕان ئه‌وڕۆ له‌گه‌ڵ هێزێكی ئیسلامی وه‌ك یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌ماندا به‌ره‌ی نه‌یاریان دروستكردووه، ره‌تكرنه‌وه‌ی خۆیان بۆ به‌شدارییكردن له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا ئاشكرا كرد، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هێزه راست و ئایینی و كونسێرڤه‌تییه‌كان له‌نه‌خشه‌ی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتی به‌غداد، ئه‌م هێزانه نه‌ك له‌به‌ره‌ی نه‌یاران نین، به‌ڵكه حكومڕه‌و باڵاده‌ستن، كه‌واته هه‌رچی چه‌پ وسكۆلارو ئیسلامی لای خۆمانه (دیاره هه‌موویان نا) ده‌شێ له‌گه‌ڵ چه‌پ وسكۆلاری عه‌ره‌به سووننه‌كان هاوپه‌یمانی ببه‌ستن، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر هاوسه‌نگی هێز ده‌پارێزێ، به‌ڵكه ئه‌زموونی عه‌ره‌به سووننه‌كان چ وه‌ك فاكتۆری دانوستاندن یان فه‌رمانڕه‌وایی، پێوسته به‌هه‌ند وه‌ربگیرێ وكه‌ڵكی لێ ببینری.
جارێكی تر ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌وه بكه‌مه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌لێ گه‌وره‌یه، گۆڕان بیه‌وێ بكه‌وێته نێو هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ لیستی پارتی ویه‌كێتی، ئه‌مه كوشنده‌ترین هه‌ڵه‌یه گه‌ر هاوپه‌یمانێتییه رووبدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ریكۆردی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ی كورد له‌به‌غداد گه‌واهیده‌ری ئه‌و راستییه‌ن. وه‌ك ئاشكرایه یه‌ك پارچه‌یی عێراق به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و پارسه‌نگه سیاسییه‌ی هێزه هه‌رێمی ودراوسێ و وڵاته زلهێزه‌كان گه‌ره‌كیانه، پێموایه هه‌موو لایه‌ك خواستی ماڵ جیایی ولێكترازانی هه‌یه، لێ ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌م گووتاری یه‌كپارچه‌یی و هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ی عێراقن، جگه له یه‌كێتی وپارتی (خۆیان مقاشی هێزی ده‌ره‌كین) و هێزه عه‌ره‌به شیعه‌كان كه زۆرینه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتیان له‌ژێر ده‌ستدایه‌و زۆربه‌ی پۆسته هه‌ستیاره‌كانیان مۆنۆپۆڵ كردووه، كه‌س ولایه‌نی تر نابینی بانگه‌شه به‌ڕوونی بۆ ئه‌م پرسه بكا. بۆیه باشتر وایه لیستی نه‌یاری كورد له‌به‌غداد هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ نه‌یارانی ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ند ببه‌ستێ، كه له‌م حاڵه‌ته‌دا زۆربه‌ی عه‌ره‌به سووننه‌كان.
Lawa_0@hotmail. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
