-حه‌زده‌كه‌ین سه‌ره‌تا شتێك سه‌باره‌ت ته‌مه‌ن و ژیانی خۆتمان پێبڵێیت.. ئه‌و كار و فرمانانه چین له سه‌ره‌تای ژیانتدا كردووتن و تا چه‌ند له‌به‌رهه‌مه‌كانتدا ڕه‌نگیانداوه‌ته‌وه؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: به‌وه‌ی باشه پرسیاره‌كه كه‌مێك كراوه‌یه.. ده‌نا یێكسه‌ر داوای لێبوردنی وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌م لێده‌كردن.. چونكه ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه ئه‌وا ئیدی هیچ نامێنێت باسی لێوه‌بكه‌ین.. سه‌ره‌تا بمبه‌خشن.. هه‌رگیز نه‌مویستووه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌باره‌ت ساڵی له‌داییكبوون و ته‌مه‌ن و .. هتدن بده‌مه‌وه.. من نازانم بڵێم چی! وه‌ره با له گۆشه‌یێكی دیكه‌وه هه‌ندێ شتت بۆ ڕوونبكه‌مه‌وه.. هه‌ركه چاوم هه‌ڵێنا ژنێكی سیحربازی مه‌زنم بینی.. یان هه‌رهیچ نه‌بێت به‌نیسبه‌ت منه‌وه گه‌لی مه‌زن بوو.. دایكم! به‌ڵی ئه‌و ژنه‌م ده‌دی هه‌موو ڕۆژێك دوو مه‌نجه‌ڵ ده‌خاته سه‌ر ئاگر.. مه‌نجه‌ڵێكی گچكه‌ی چێشت كه به‌هه‌زار حاڵ به‌شی هه‌شت كه‌س ده‌كات.. مه‌نجه‌ڵێكی هێجگار گه‌وره‌یش لیپاولیپی خۆشه‌ویستی بوو.. من مه‌نجه‌ڵه گه‌وره‌كه‌م نه‌هه‌ر زۆر به‌باشی ده‌دی.. به‌ڵكو ئه‌وه توێشووی هه‌موو له‌حزه‌كانی ژیانم بووه.. وه‌لی نازانم چوار خوشك براكه‌م چه‌ندێكیان لێ چه‌شتووه.. ئه‌و دوو مه‌نجه‌ڵه موعجیزه‌ی سه‌یریان تێدابوو.. گچكه‌كه‌یان فێریكردم به‌كه‌مترین به‌شه مادیێكانی ژیان قه‌ناعه‌تبكه‌م و .. هه‌مانكاتیش جۆرێك له‌خۆباییبوونیشی پێبه‌خشیم.. من ناویده‌نێم (كبریا ْ) یاخود (ئازادی) .. كه زه‌لیلی هیچ هه‌ڵپه‌كردنێك له‌ژیانمدا نه‌بم.. واته هیچم له‌كه‌س نه‌ویستووه و به‌ته‌مای هیچیش نه‌بووم.
مه‌نجه‌ڵه گه‌وره‌كه به‌پێچوانه‌وه قه‌ناعه‌ت و له‌خۆباییبوونی تێدا كوشتم.. به‌ڵام له نواڕینێكی دیكه‌وه.. فێریكردم هه‌رگیز قه‌ناعه‌تم به‌و به‌رهه‌مانه‌م نه‌بێت كه ده‌یاننوسم و بڵاویانده‌كه‌مه‌وه.. له‌ئاقارێكدا نه‌وه‌ستم و بڵێم ئیدی ته‌واو.. فێریكردم هه‌میشه وابزانم كه تانها هیچم نه‌كردووه و بیگومانم هه‌ر وایشه.. ئه‌مه‌یش گشت مه‌غرووربوونێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له‌هه‌ناودا ده‌كوژێت.
هه‌ر لێره‌یشه‌وه به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌ت جێی خۆی ده‌كاته‌وه.. واتا له‌و ساته‌وه هه‌ستم به‌وه‌كرد.. یان كه‌شفی مه‌نجه‌ڵه پڕله خۆشه‌ویستیێكه‌م كرد.. ئیدی بنه‌مای ئه‌ندێشه جوانه‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب له‌هه‌ناومدا جێگیر بوو.. من ئاسنگه‌ریم كردووه و په‌شمه‌كیشم فرۆشتووه.. هه‌رگیز ئاسنم له په‌شمه‌ك لا به‌هێزتر نه‌بووه و په‌شمه‌كیشم له چه‌كوش و ئه‌له‌كتریك به‌لاوه ڕه‌نگینتر نه‌بووه.. واتا له ئانوساتێكدا هه‌ردوو دنیای زانست و هونه‌ر لام تێكه‌ڵاو بوون.. ئه‌وه‌بوو ساڵی 1962 یێكه‌مین كتێبی زانستیم له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مدا دانا و له 1967دا چاپمكرد و حه‌زناكه‌م له‌مه زێتر له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره بڕۆم.
-ئه‌ی له‌بواری ڕۆژنامه‌نووسیدا؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: پێم شه‌رمه هه‌ندێ خولیا ده‌خرێنه خانه‌ی ڕۆژناوانیێوه.. له كۆتایی په‌نجاكان و سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا بڵاوكراوه‌ی (تریفه) و (كه‌ژ) و (پرشنگ) مان به‌ده‌ستخه‌ت و به چه‌ن ژماره‌یێكی زۆركه‌م ده‌رده‌كرد.. و دواتر له 1967دا له هه‌فته‌نامه‌ی (ڕاپه‌ڕین) دا و .. له هه‌فتاكاندا له (ڕۆشنبیری نوێ) و (به‌یان) و (ڕۆژی كوردستان) و (بیری نوی) و (ئه‌ستێره) ی منداڵان و (دایه‌لۆگ) و هتد.. كه له‌ڕاستیدا ئه‌مانه هیچیان ناچنه جیهانی هه‌واڵ و ڕۆژنامه‌گه‌ریێوه و ته‌نیا خولیایێكی ڕۆشنبیرییانه‌ن و هیچی دی.
- شانۆنامه‌ی (هه‌واڵدز) گێچه‌ڵی زۆری بۆ نایته‌وه.. جگه له‌وه له‌بواری شانۆدا وابزانم چه‌ند به‌رهه‌مێكت بڵاوكردۆته‌وه!
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: (دیداری سه‌ره‌ك كۆمار) كۆمه‌ڵه شانۆنامه‌یێكی بڵاوكراوه‌ی خۆمه جگه له ده‌یان ده‌قی ته‌رجه‌مه‌كراو و .. به‌هه‌رحاڵ ئه‌مانه‌ی وتم زوربه‌یان وه‌ڵامی ناچاری و په‌له‌پڕوزیێانه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ن كه حه‌زم به وه‌ڵامدانه‌وه‌یان نییه.
-كۆمه‌ڵه چیرۆكی (سبه‌ینی باوكت دێته‌وه) له‌لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه پێشوازیێكی گه‌رمی لێكرا.. به‌پێچه‌وانه‌ی (وێنه‌كه‌ی خوشكت) ه‌وه.. پێده‌چێت له‌به‌رئه‌وه بووبێت كه ئه‌میان دووباره‌كردنه‌وه‌یێكی مه‌به‌سته‌كانی (سبه‌ینی باوكت دێته‌وه) بێت.
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: كۆمه‌ڵه‌ی یێكه‌م له‌سه‌روبه‌ندێكدا بڵاوبۆوه جه‌ماوه‌ر تینووی وشه‌یێك بوو وره‌ی وه‌به‌ربێنێته‌وه.. به‌ڵام كۆمه‌ڵه چیرۆكی (وێنه‌كه‌ی خوشكت) هه‌شت ساڵ دوای ڕاپه‌ڕین بوو.. بیگومانم چیرۆكه‌كانی ئه‌میان له‌ڕووی هونه‌ری و فیكری و فانتازیا و ته‌نانه‌ت به‌رگریشه‌وه زۆر له‌وی پێشوو تۆكمه‌تر بوون.. وه‌لی ئانوساتی بڵاوكرده‌وه‌ی وایكرد به‌ساردیێوه پێشوازی لێبكرێت.. ڕاستتر وایه بڵێم هه‌ر پێشوازیشی لێنه‌كرا.. له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه دووباره‌كردنه‌وه‌ی (سبه‌ینی باوكت دێته‌وه) بوو.. له‌به‌ر هۆیێكی ئاشكرا.. ئه‌ویش (لێشاوی چاپه‌مه‌نی و نووسین و ده‌گمه‌نیی خوێنه‌ر) بوو.. ئێسته هه‌مووكه‌سێك نووسه‌ره و كه‌س خوێنه‌ر نییه.. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا بۆ هه‌ندێ نووسین هه‌رای واده‌نرێته‌وه كه ده‌یانخوێنمه‌وه له‌جێی خۆم ته‌ریقده‌بمه‌وه و .. بۆ هه‌ندێكی دی قڕوقه‌پ! جارانیش هه‌روابوو.. ڕۆمانی (كوێخا سێوێ) ی عه‌زیزی مه‌لا ڕه‌ش كه سیحر و هونه‌رێكی به‌رزی تێدابوو.. به‌جۆرێك فه‌نگه‌بێده‌نگه‌ی لێكرا وه‌ك ئه‌و پیاوه له‌بری رۆماننوسین كه‌تنێكی دابێت.. هه‌روه‌كو به‌شی دووه‌می رۆمانی (شار) ی حسێن عارف به‌هه‌مان ده‌رد چوو.. كه زۆر له‌به‌شی یێكه‌می (شار) هونه‌ریانه‌تر بوو
- لای ڕه‌خنه‌گران و خوێنه‌رانی كورد تۆ وه‌ك نووسه‌رێكی ماركسی ناسراویت.. واتا كه‌متازۆر بیروباوه‌ڕی ماركسیزم له به‌رهه‌مه‌كانتدا ڕه‌نگیانداوه‌ته‌وه؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: ئێمه گه‌لێجار زاراوه و ئیدیۆمه‌ی ناڕه‌وا و ته‌نانه‌ت سه‌یروسه‌مه‌ره‌یش به‌كاردێنین و دواییی ده‌زانین كارێكی باشمان نه‌كردووه.. من ماركسیزم به ڕێبازێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری نازانم.. ئه‌گه‌ر له‌بری ئه‌وه ڕێبازی (ڕیالیزمی سۆشیالیزم) به‌كاربێنین بێگومان واتایێكی په‌سه‌ندتر و هونه‌ریانه‌تر ده‌به‌خشێت.. ئه‌گه‌ر چیش له‌م ساڵانه‌ی دواییدا –دوای هه‌ره‌سی بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات- هه‌ندێك پێیانوایه ئه‌م ڕێبازه هونه‌رییه‌ش له‌گه‌ڵ بلۆكه‌كه‌دا هه‌ره‌سیهێناوه و باوی نه‌ماوه.. وه‌لی به‌ڕای خۆم مه‌زنترین و نازدارترین شاكاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری هێنایه‌ئاراوه و وه‌ك قوتابخانه‌یێكیش كۆمه‌لێك داب و نه‌ریتی مرۆڤایه‌تییانه و هونه‌رییانه‌ی تۆكمه‌ی داهێنا و چه‌سپاندنیشی.
ئه‌مجا با ئه‌و ڕاستتییه‌ش بدركێنم كه لای خۆمه‌وه هه‌ست ناكه‌م ته‌نها (هه‌ژاری و سه‌رمایه‌داری یان كێشه‌ی چینایه‌تی به‌گشتی) بابه‌تی فیكری و ناوه‌رۆكی به‌رهه‌مه‌كانم بن.. ئێمه له (گۆگۆڵ و چێخه‌ڤ) ه‌وه فیری ئه‌وه‌بووین كه‌نابێت هونه‌ر و ئه‌ده‌ب له‌نێو كۆشك و ته‌لاره‌كاندا قه‌تیس بن.. خه‌م و خه‌ون و خه‌نده‌ی مرۆڤه ساده و ڕه‌شۆكیێكانیش ئه‌وه‌نده ده‌هێنن.. یاخود شایانی ئه‌وه‌ن پانتاییێكی به‌رینیان له‌دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا پێببه‌خشین.. كه‌واته مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه بڵێین فڵانه‌كه‌س نووسه‌رێكی یان هونه‌رمه‌ندێكی ماركسییه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بلێین ئایا به‌ڕاست هونه‌رمه‌نده یان نا! ئه‌وجا ئاخۆ هونه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ژیان و پێشكه‌وتندایه و ڕاستگۆیی هونه‌ریانه‌ی تێدا به‌دیده‌كه‌ین.. یان دژی مرۆڤایه‌تی و جوانی خۆشه‌ویستییه و له تاریكستاندا ده‌ژی!
-له‌م ڕووه‌وه چۆن ده‌ڕوانیته به‌رهه‌مه‌كانی محه‌مه‌د مه‌ولوود مه‌م.. محه‌مه‌د موكری؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: به‌هه‌رحاڵ گه‌رچی نازانم بۆ ئه‌و دوانه‌ت له‌م ته‌وه‌ره‌دا هه‌ڵبژارد.. لی موكری وێڕای كاره جوانه‌كانی له‌بواری وه‌رگێڕاندا.. هه‌ر هیچ نه‌بێت دوو به‌رهه‌می په‌سه‌ند و نازداری هه‌یه.. ڕۆمانی (هه‌ژدیها) و شانۆنامه‌ی (هاروونه ڕه‌شید) .. به‌ڵام (مه‌م) ئه‌ندازیارێكی ده‌روونی مرۆڤه و هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی چیرۆكی كوردیمانه و .. له سنعه‌ت و ورده‌كاریێكانیدا بۆ شیكردنه‌وه و ڕۆچوونه ناخی كه‌سێتی (كاراكته‌ر) ه‌كانی شان له‌شانی چێخه‌ڤ ده‌دات.
-سه‌باره‌ت شه‌پۆلی نوێخوازی لای نه‌وه‌كانی پێش و پاش ڕاپه‌رین و به‌تایبه‌تی له‌ڕووی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ زماندا چۆنیان ده‌بینیت؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: به‌ڕاستی نازانم تاریفێكی ته‌واو دروست بۆ نوێخوازی بكه‌م.. ته‌نیا هێنده هه‌یه له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ئه‌فراندنی مه‌زن.. داهێنانی پڕله سیحر و جوانی هه‌یه.. هه‌روه‌كو چۆن له هه‌موو سه‌روبه‌ندێكیشدا كار و به‌رهه‌می گرگن و گزگلانه‌ش هه‌یه.. له‌نێوانیشیاندا به توانایێكی سنووردار و شه‌رمنانه‌وه هه‌وڵی دڵسۆزانه هه‌یه.. ئه‌وانه‌ی یێكه‌م لوتكه‌ی به‌رزی بواره‌كه‌ن.. ده‌وری كاریگه‌ریان هه‌یه چ له‌ڕووی زمانه‌وه و چ له پێشخستنی كاروانه‌كه‌دا كه گۆڕانكاری گه‌وره ده‌خه‌نه‌وه.. گزگله‌كانیش هه‌ر خه‌ریكی زیقه‌زیق و خۆ به‌موبه‌دا هه‌ڵپه‌ساردنن به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات.
هه‌ن نوێخوازی به‌گه‌مه‌ی زمان ده‌زانن.. باس له تێك‌شكان و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی زمان ده‌كه‌ن.. ئه‌مه كارێكی مه‌زن و زه‌حمه‌تیشه.. من به‌ئاشكرائه‌م دیارده‌یه له‌لای خانی و نالی و مه‌حوی و مه‌وله‌وی و گۆران و مه‌م و حسێن عارف و .. هتد ده‌بینم.. ئه‌ی كی ناڵی شێخ ڕه‌زا گه‌وره‌ترین گه‌مه‌ی زمانه‌وانی نه‌كردووه؟
بێگومان له‌نێو نووسه‌راندا و به‌تایبه‌تی دوای ڕاپه‌ڕین له‌پاڵ زمان و قه‌ڵه‌مه جوانه‌كاندا زۆڵه قه‌ڵه‌میش ده‌بینم.. ئه‌وانه‌ی هه‌ر به‌ڕاستی زمانه ساده و ساكاره‌كه‌ش نازانن و به‌ناوی تێكشكاندنی زمان و گه‌مه‌ی زمانه‌وانیێوه وه‌ك قارچك بۆ ده‌مێك قوتده‌بنه‌وه.. ئیدی نه‌خۆیان ده‌زانن چیده‌ڵێن و نه هیچكه‌سیش ده‌زانێت.. كه‌چی له ستوون و په‌ڕه ئه‌ده‌بیێكانی بڵاوكراوه حیزبیێكاندا به‌چه‌ند زاراوه‌یێكی سه‌قه‌ت و به‌زمانێكی له‌وه‌ی خۆیان كۆڵه‌وارتر ده‌یانخه‌نه ڕیزه ده‌گمه‌نه‌كانی ئه‌ده‌به‌وه و ته‌نانه‌ت وه‌ك فه‌یله‌سووف و تیئۆریست بیرمه‌ندیش ده‌یانخه‌نه نێو مه‌یدانه‌كه‌وه!
من دڵنیام نه‌وه‌یێكی دوای ڕاپه‌ڕین له‌ئارادایه و ئه‌م نه‌وه‌یه به‌گشتی تووشی سه‌راسیمه‌یی (ئیحبات) بوون.. هیچ به‌ها و بنه‌مایێك به‌لایانه‌وه نه‌ماوه تا ببێته كێشه‌یێكی مرۆڤایه‌تی و به‌رگری لێبكه‌ن.. ئه‌مه له گێژاوی واقیعه‌كه‌دا به‌گشتی و له هونه‌ردا به‌تایبه‌تی ڕه‌نگدانه‌وه و دیارده‌ی پۆزه‌تیڤانه و نه‌گه‌تیڤانه‌ی زه‌قیان لێده‌خاته‌وه.. یاخود هه‌ر به‌جارێك بزریان ده‌كات.. وێڕای ئه‌مه‌ش جار و بار له شیعردا ده‌یاندۆزمه‌وه.. چه‌ند ناوێكی وه‌ك مه‌هدی ساڵح و ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی و خانمی (كۆسار) و ... له‌بواری چیرۆك یان ڕۆمانیشدا به‌ختیار عه‌لی و فه‌رهاد مسته‌فا و زانا خه‌لیل و ئاكۆ كه‌ریم و ڕێبوار ڕه‌حیم و ... تد كه له‌چاو ته‌مه‌نیاندا هه‌ریێكه‌یان له‌ئاستێكدا هه‌وڵ و ئه‌فراندنی جوانیان خستۆته‌وه.. ئه‌مه جگه‌له حه‌مه عومه‌ر عوسمان و به‌كر عه‌لی شه‌هید و ... كه كه‌مێك له‌و نه‌وه‌یه واوه‌ترن.
- ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیمڕۆی كوردی له گه‌شه‌سه‌ندنێكی خێرادایه به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان (باشووری مه‌زن) دا.. ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی كتێبی (ئه‌لفاوبێتای ڕۆژنامه‌گه‌ریی) بده‌ن كه له 1999 دا بڵاومكرده‌وه.. ده‌زانن چۆن ده‌ڕوانمه ئه‌و ته‌وژمه ڕۆژنامه‌وانییه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین.. بێگومان گه‌شه‌سه‌ندنێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له ژماره و جۆراوجۆریی و ته‌نانه‌ت له تیراژیشدا هه‌یه.. لی گشت ئه‌وانه‌ی ده‌خوێندرێنه‌وه (چاپكراوه‌كان) .. یان هه‌فتانه و مانگانه‌ن (وه‌ك هاوڵاتی و میدیا و گوڵان و خاك و به‌درخان و هه‌رێم و سلێمانی و ... هتد) كه‌به‌پێوه‌ره جیهانیێكان به ڕۆژنامه دانانرێن.. یاخود بڵاوكراوه (نه‌شه‌رات) و ئۆرگانی حیزبین و ه‌ك (برایه‌تی –خه‌باتی ئێستا- و كوردستانی نوێ) رۆژانه ده‌رده‌چن.. ئه‌مانه گشتیان وه‌ك فۆرم له ڕۆژنامه ده‌چن (وه‌ك بابه‌ته‌كانی هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژ و ستون و سه‌روتار و گۆشه و كاریكاتێر و ... تد) .
به‌هه‌مان شێوه‌یش كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنیێكان گه‌رچی ڕۆژانه‌نن و هه‌فتانه 24 سه‌عاتیش له ڕۆژێكدا په‌خشیان به‌رده‌وامه.. ئه‌مانه ئه‌گه‌ر له‌م ڕۆژگاره‌شماندا ڕۆڵی ڕاستینه‌ی ڕۆژنامه‌وانی نه‌بینن.. هه‌ر مایه‌ی خۆشبه‌ختین و هه‌رهیچ نه‌بێت كادری لێزان بۆ ئایینده‌ی ڕۆژنامه‌وانی دروست پێده‌گه‌یه‌نن و ته‌قالیده‌كانی (واتا پیشه‌سازیێكه) ده‌چه‌سپێنن.. چونكه ڕۆژنامه‌وانی به دوو وشه بریتییه له (پیشه‌سازی و بازرگانی) .. ئیدی هه‌ر كاتێك كۆمپانیای شاره‌زا ئه‌م ئه‌ركه‌ی گرته ئه‌ستۆ ئه‌وساكه ڕایگشتی و چواره‌مین ده‌سه‌ڵاتیش ده‌خه‌مڵی.
سه‌یر له‌وه‌دایه هه‌ندێ بڵاوكراوه‌ی به‌ناو (ئه‌هلی) و (سه‌ربه‌خۆ) و ئازاد) ه‌وه وه‌ك (ئه‌مڕۆ و 31ی ئاب و .. هتد) له هه‌لومه‌رجێكی نه‌فره‌تیدا وه‌ك قارچك هه‌ڵده‌تۆقێن هه‌ر ده‌قاوده‌ق ده‌چنه خانه‌ی (ڕۆژنامه ڕووزه‌رده‌كانه‌وه) كه له هه‌موو ڕوویێكه‌وه (له‌ڕووی بوێری بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و له‌خۆگرتنی قه‌ڵه‌می سه‌نگین و ته‌نانه‌ت بێلایه‌نیشه‌وه) سه‌دخۆزگه به بڵاوكراوه‌یێكی حیزبی وه‌ك (میدیا) ده‌خوازیت.
له‌م ڕووه‌وه قسه‌م زۆره و لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم ئه‌م دیاردانه له‌خۆوه نین.. له‌وانه‌یه ته‌كه‌تولاته حیزبیێكان مه‌به‌ستیان بێت كارمه‌نده هه‌واڵگریێكانی خۆیان به‌شێوازێكی دی بخه‌نه‌گه‌ڕ و بۆ هه‌ر یێكێكیان دووكانێك و بودجه‌یێكی چه‌ور به‌ناوی ڕۆژنامه‌وانیێوه دابنێن و .. ئه‌وانیش سه‌رباری ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه پێسپێردراوه‌كان بژێوی خۆشیانی پێ دابینكه‌ن.. ئه‌وانه له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕ و پشێویدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ڕه‌واجیان ده‌بێت و .. له باودۆخی ئاسایی‌دا ڕسواده‌بن.
- چۆن ده‌ڕوانیته كێشه‌ی نیوان ڕۆشنبیر و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌گشتی له‌نێو هه‌رێمی كوردستاندا به‌تایبه‌تی كه ده‌سه‌ڵاتێكی كوردانه‌یه.. ئایا ململانێكردن له‌گه‌ڵیدا ڕه‌وایه؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: ده‌توانم بڵێم تا كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌میش ئه‌مه وه‌ك كێشه‌یێكی ئه‌زه‌لی به‌رده‌وامبوو.. ئه‌گه‌ر مێژووی ده‌سه‌ڵاته‌كان بخوێنینه‌وه.. چ ئه‌وانه‌ی به‌پیرۆز زانراون و چ ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌تیشن.. بۆ سه‌پاندنی خۆیان هه‌رچی ته‌كتیك و شێوازی ڕه‌وا و ناڕه‌وا –پۆلیس و یاسا و به‌ندیخانه و شمشێر و فتوا و ... هتد) هه‌یه هه‌موویان گرتۆته‌به‌ر.. وێڕای فڕوفێڵ و ساخته‌كاری و سیاسه‌تبازی و ماكیاڤیلێتی.. له‌مانه تێكڕا فه‌رهه‌نگێك گه‌ڵاڵه بووه ناویانناوه (ڕۆشنبیری هێز) و داموده‌زگه‌ی ڕاگه‌یاندنی دۆزه‌خیانه و كادری لێزان و چه‌واشه‌كاریشیان بۆ كردوونه‌ته پشتیوان.. له‌ولایشه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی دی پرۆفیشناڵ له ته‌كنۆلۆژیای مۆدێرندا و به دیالۆگی شارستانیانه و فیكر و فه‌لسه‌فه خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ ئه‌و جه‌به‌رووتانه هه‌یه و .. به‌ناوی (هێزی ڕۆشنبیری) ێوه له ململانی ئه‌زه‌لیێكه‌دا بووه.. ئه‌ویان هه‌وڵی پاكتاو و كۆنترۆلكردنی سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی داوه و ئه‌میان خوازیاری ئه‌وه‌بووه سنوورێك بۆ به‌ربه‌رییه‌ته‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دابنێت و .. چه‌واشه‌كاریێكانی (ڕۆشنبیریی هێز) ئاشكرابكات.. (هێزی ڕۆشنبیری) هه‌رده‌م له ته‌قه‌للایێكی سه‌رسه‌ختانه‌دا بووه بۆ ڕاكێشانی مه‌یلی (هێزی ڕۆشنبیری) به‌لای خۆیدا.. به ئیمتیازاتی جۆراوجۆر.. هه‌روه‌ها به شێوازه‌كانی توندوتیژیش كه توانیوێتی كه‌سانی نه‌فه‌سكورت و نه‌فسنزم و كه‌م وره كه‌ویبكات و له‌نێو به‌ره‌ی (هێزی ڕۆشنبیری) ێوه بیانگوێزێته‌وه نێو ده‌ربار.
به‌هه‌رحاڵ له‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆدا ورده ورده ئه‌م دیارده‌یه به ئاقارێكی دیكه‌دا ده‌ڕوات.. ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن و كۆنتاكت و بانگ و زانكۆ و په‌روه‌رده و زانست و ... هتد هه‌موویان له‌ڕێی ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتووه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن.. ئیدی وه‌ك چۆن جاران سه‌رمایه‌دار و سه‌رمایه به‌بێ هێزی كار و (پرۆلیتاریا) هیچ بایێخێكی نه‌بوو.. ئێسته به‌بێ ئنتلیجنسیا (هێزی ڕۆشنبیری) –یان وه‌كو گه‌وره بیرمه‌ندی ماركسی (گرامشی) ناویناوه (ڕۆشنبیری ئۆرگانی) سفری لای چه‌پی ژماره‌ش نییه.. بۆیی ده‌سه‌ڵات له دنیای پێشكه‌وتوودا كه‌متازۆر ده‌سبه‌رداری ململانێكه بووه و كه‌وتۆته مه‌راییكردن و ته‌نازولاتی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌به‌رده‌م (هێزی ڕۆشنبیری) دا
بۆ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌ت.. بێگومان ئه‌و كێشه‌یه هێشتا لای ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌سه‌ره‌تای هه‌نگاونانداین.. بۆیی ململانێكه هێشتا به‌شێوازه ته‌قلیدیێكه‌یه‌تی و .. له‌م ڕووه‌وه حه‌زده‌كه‌م پێشه‌كی ئه‌وه‌ت پێ‌بڵێم كه تا ئێسته نه‌ك هه‌ر بڕوام به‌وه نییه (مادام ئه‌م ئه‌زموون و ده‌سه‌ڵاته‌ی باشوور هی خۆمانه.. ئیدی ده‌بێت له‌ته‌كیا ته‌بابین) .. به‌ڵكو ئه‌و تێزه‌ی ڕێزدار (بێشكچی) یش ڕه‌تده‌كه‌مه‌وه كه ده‌ڵێت.. ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی خراپ له هی بێگانه‌یێكی باش چاكتره.. گه‌رچی بێگومانم بێشكچی له‌مه‌دا مه‌نزوورێكی به‌رز و پیرۆزیشی هه‌یه.. لی من جیاوازی عگاڵ یان عه‌مامه به‌سه‌ر و جامانه‌به‌سه‌ر ناكه‌م كه به‌ره‌و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌دانم ده‌به‌ن.. له‌وه‌یش واوه‌تر ده‌شێت عگال به‌سه‌ر ته‌نیا وه‌ك دو‌ژمنێك مامه‌ڵه‌م له‌ته‌كدا بكات و جارجاریش خۆی به‌داگیركه‌ر دابنێت و به‌چاوی تێكوشه‌رێكیشه‌وه بۆم بڕوانێت.. وه‌لی جامانه به‌سه‌ر كه تێمهه‌ڵده‌دات.. خۆی به شۆڕشگێر و من به خاین داده‌نێت و منه‌تیشم به‌سه‌ردا ده‌كات.. من هه‌ردوكیانم له‌نزیكه‌وه تاقیكردوونه‌ته‌وه.. پۆلیسی عگال به‌سه‌ر هه‌رگیز منه‌تی به‌سه‌ردا نه‌كردووم.. ته‌نانه‌ت وه‌ك مرۆڤێكی تێكۆشه‌ری دوژمن به‌خۆی سه‌یریكردووم.. بمبه‌خشن كه ده‌لێم جامانه و عگاڵ.. ته‌نیا مه‌به‌ستم به‌رجه‌سته‌كردنی حاڵه‌ته‌كان بوو.. ده‌نا هه‌ركیز نه‌جامانه به‌سه‌ر و نه عگاڵ به‌سه‌ر هیچیان لێنه‌كردووم.. هه‌ردوولا به یێكچه‌شن چاكه‌ت و پانتۆڵه‌وه و به دوو زمانی جیاواز جوێن و فه‌زیعه‌تیان پێكردووم.
پێموایه دوژمنایه‌تیكردنی ئه‌م ده‌ورودوكانه‌ی لای خۆمان شتێكه و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه بۆیان شتێكی دییه.. ئه‌ویان مافی ڕه‌وای هه‌ر هاوڵاتیێكه به‌ره‌نگارییان بكات و ته‌نانه‌ت ته‌خت و به‌ختیان ژێره‌وزه‌به‌ر بكات و ئیداره‌یێكی باشتر له‌جێی دا‌نێت.. وه‌لی ئه‌مه‌ی دییان ئه‌ركی (هێزی ڕۆشنبیری) یه..
ڕۆشنبیر له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه ڕه‌خنه‌یێكانیدا بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌شێت بۆ دابینكردنی گوزه‌ران له ده‌زگه‌یێكی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌دا كاربكات.. به‌ڵام نابێت ته‌سلیمی بێت و ببێته زوڕناژه‌نی.. ئه‌مه‌یان بڤه‌ترینی حاڵه‌ته‌كانه.. چونكه ئیدی خۆشیبی و ترشیبی به‌و ڕه‌فتاره‌ی به‌ردی بناغه‌ی دیكتاتۆرییه‌ت داده‌نێت و .. یێكه‌مین كه‌سیش به‌ر زه‌بری شه‌قی دیكتاتۆر ده‌كه‌وێت هه‌ر خۆی ده‌بێت.
به‌ر له ڕاپه‌ڕین نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی كێشه‌یێكی ناوكۆیی مه‌زنییان هه‌بوو.. پێكه‌وه بۆی ده‌ژیان و بۆی ده‌سووتان.. وه‌لی ئه‌مه‌یش به‌و واتایه نه‌بوو ڕێگربێت له‌به‌رده‌م كه‌سانێكی هه‌ڵپه‌رستدا.. ئه‌دی ئه‌و ژماره زۆره‌ی نووسه‌ران چی‌بوو كه به شێوه‌یێكی ئابڕووبه‌رانه چوونه ڕیزه‌كانی (اتحاد كتاب) ی به‌عسیانه‌وه! ئه‌و نووسه‌رانه خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیان نه‌بوون و له شاخه‌وه جڵه‌و كرابوون.. وایانده‌زانی هه‌رچی له شاخ و پێشمه‌رگه‌وه بێت دروسته.. جگه له هه‌لپه‌رسته‌كانیان ئه‌وانی دی هێنده نه‌فام بوون نه‌یانده‌زانی سیاسه‌تچێتی جۆرێكه له جامبازیكردن و .. كاتی (ی ن ك) له‌شاخه‌وه به‌مه‌به‌ستی سه‌رقفڵانه‌دان به‌به‌عس بۆ مفاوه‌زاته‌كه‌ی ئه‌مری پێكردن.. به‌پڕتاو چوونه نیو یێكێتی نووسه‌رانی بوعسه‌وه و یێكێتی نووسه‌رانی كورده‌كه‌ی خۆیان كاولكرد.. به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه ده پازده نووسه‌ر نه وابه‌سته‌ی ئه‌وجامبازییه بوون و نه دوژمنی شاخیش بوون.. له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی ویستی خۆیان بوون.. چاره‌نووس و جڵه‌وی خۆیان نه‌دایه ده‌ست هیچ لایه‌نێك.. ئه‌وه‌بوو دواجار له‌كۆنگره‌ی ڕاپه‌ڕینی نووسه‌راندا.. ئه‌مان به‌سه‌ربه‌رزی مانه‌وه و ئه‌وان به بڕیاری كۆنگره شه‌رمه‌زار كران و .. ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕێخراوه به‌عسیێكه‌یان به ناشه‌رعی له‌قه‌م دا.
هه‌ستده‌كه‌م ئێسته وه‌ك جاران به‌ها و هه‌ڵوێسته مه‌زنه‌كان نه‌ماون.. كێشه هاوبه‌شه‌كه فت.. هه‌ریێكه‌یان چۆته‌وه سه‌ر ئاخوڕه حیزبیێكه‌ی خۆی و .. شیعر و وتاره‌كانیان ده‌كه‌نه به‌نزین ده‌یڕێژنه سه‌ر شه‌ڕی میلله‌تكوژیێكه‌یان.. ئیدی كاتێ لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كانیش ئاگربه‌ستده‌كه‌ن.. ئه‌مان هه‌ر وازناهێنن.. خۆیان له حزبه‌كه‌یان به حیزبیتر ده‌زانن.. ئه‌مه‌یش دیارده‌یێكی ئاساییه و هه‌میشه مه‌ردمه گچكه‌كان بیر‌و لێكدانه‌وه‌شیان هه‌ر فڕووجانه و گچكانه ده‌بێت و .. به‌دووی كێشه گچكه‌كانیشدا وێڵن و .. هیچ موقه‌ده‌راتێكیان له‌ده‌ستی خۆیاندا نییه و .. ده‌شزانن به حیزبه‌كه‌یانه‌وه شتن.. ئیدی گه‌ر حیزبه‌كه‌ی نه‌ما ئه‌ویش له هه‌مان چركه‌ساتدا ده‌كوژێته‌وه.
به‌هۆی دیاده‌ی ته‌سلیمبوون و گیرسانه‌وه له‌سه‌ر ئاخوڕێك و زوڕناژه‌نی و ... ی نووسه‌رانه هیچ به‌ها و شكۆمه‌ندیێكیان نه‌بۆخۆیان و نه بۆ ئه‌وانی دییش لای ده‌سه‌ڵاتداران نه‌هێشته‌وه.. تا له شاره‌كه‌مدا كار گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندی به‌رپرسی جاهیل و هه‌ڵه‌وه‌ڕی حیزبی وێڕای مافی كوشتن و بڕین و وێرانكردن و تاڵانكاری وڵات و خه‌ڵكی.. مافی ئه‌وه‌ش به‌خۆیان بده‌ن ڕیزبه‌ندی ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان بكه‌ن.. ئێسته ئه‌وان بڕیارده‌ده‌ن كی ئه‌دیبه و كی شاعیری گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یه و كی ده‌نگی دلێری شاخ و شاره و كێیش هیچ نییه!
- تۆ له‌سلێمانی له‌ژێر سایه‌ی یێكێتی نیشتمانی كوردستاندا ده‌ژیت كه له‌مێژه دروشمی نان و ئازادی بۆ نووسه‌ر هونه‌رمه‌ند هه‌ڵگرتووه.. ئه‌م قسانه‌ت و ئه‌و دروشمه زۆر له‌یێكدیێوه دوورن.
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: ڕاسته من له سلێمانیدا له‌داییكبووم هه‌ر له‌وێشدا ده‌ژیم به‌ڵام ببورن كه ده‌ڵێم من له‌ژێر سایه‌ی (ی ن ك) و سایه‌ی هیچ حیزبێكدا ناژیم.. ئه‌گه‌ر دوای ڕاپه‌ڕین نانێكمان هه‌بووبێت ئه‌وه نانی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تیی ژماره986 (نه‌وت به‌رامبر خۆراك) بووه.. ده‌نا نووسه‌رانی ژێر ئه‌و (سایه‌یه) به‌ر له چین و توێژه نه‌داره‌كان له‌برساندا ده‌مردن.. كام نان و ئازادی! ئه‌وان له‌شاخدا یان به‌نانی گوندنشینه‌كان ژیاون یاخود له به‌عسیێكانی به‌غداوه و بۆ پاكتاوكردنی باڵه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان نانیان پێدراوه و كۆمه‌كیان پێكراوه.. له‌شاریشدا دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌م كوردستانه پڕله گه‌وهه‌ره‌یان له‌سه‌ر سینیێكی زێڕین خرایه به‌رده‌ست.. ئه‌م كوردستانه‌ی كه -بۆ چه‌واشه‌كردن ده‌ڵێن وێرانه‌یێك بوو- هه‌رچی تاڵانی كوێت هه‌بوو لێره شاردرابوونه‌وه و .. ڕۆژانه كاروانی ئاودیوكردنی كۆمپانیا و كارگه و ئوتومبێل ئامێری ده‌گمه‌ن و گرانبه‌ها ڕێچكه‌ی به‌ستبوو و .. هه‌ر له‌و ئان و ساته‌دا كه ئه‌وان نه‌خشه‌ی مه‌له‌وانگه‌كانی نیو كۆشكه‌كانیان له هه‌نده‌رانه‌وه بۆ ده‌هات و كێڵگه‌ی ئاسكیان له‌نیو ماڵدابوو و هه‌ر ڕۆژه‌ی ژنێكیان ده‌هێنا و ئه‌وی دییان به‌ره‌و هه‌نده‌ران ده‌نارد و ... ئه‌و كاته ڕۆشنبیران و ماڵ و مناڵیان سكی خۆیان بو نانێكی وشك هه‌ڵده‌گڵۆفت.
ئازادیش (له‌ژێر سایه‌كه‌یاندا) .. نه هه‌ر بۆ ڕاده‌ربڕین و ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بووه به‌ڵكو سه‌فه‌رێكی ئاسایی ڕۆشنبیرێك بۆ هه‌ولێر و دهۆك قه‌ده‌غه و ته‌نانه‌ت تاوانیش بوو.. شاریان له خه‌ڵكی كردبووه چه‌رمه‌چۆله‌كه.. نه‌ده‌بوو سنووری ئیداره‌ی سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر ببه‌زێنی و نه‌ده‌بوو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له چاپه‌مه‌نیێكانی ئه‌ولادا بڵاوبكه‌یته‌وه.. ئه‌وانه تاوان بوون و له ده‌زگه ئه‌منیێكانیاندا لێپێچانه‌وه‌ی قورسی به‌دواوه‌بوو.. به‌ڕاستی ئه‌وپه‌ڕی ئازادی و نانیش بۆ گشت ئه‌وانه هه‌بوو له كه‌پكی حه‌مه‌دئاغا و كڵاوقاسم و به‌ره‌كانی دیكه‌ی شه‌ڕه میلله‌تكوژیێكانیاندا به وتار و شیعری به‌نزیناوییان ئاگری شه‌ڕه‌كه‌یان خۆشده‌كرد.
به‌كورتی من به‌شبه‌حاڵی خۆم زۆر مه‌منوونی یێكێتی نیشتمانیم كه ئیهانه‌یكردووم و تێیهه‌ڵنه‌داوم.. زیاتر مه‌منوونم كه تێیهه‌ڵداوم و نه‌یكوشتووم.. چونكه ئه‌وكاته دوو منداڵم له په‌یمانگه و زانكۆ بوون و به كرێكاری به‌خێوم ده‌كردن.. (له‌ژێر سایه‌ی ئیداره‌ی كورددا) كرێكاری به‌رد.. بۆی له باڕ و مه‌یخانه‌دا.. شۆفێری پاێ... بووم.. براله ئائه‌وه‌یه نان و ئازادیێكه‌یان كه عه‌رزمكردن.
- سه‌تنه‌ری دیالۆگه‌كه‌تان چی به‌سه‌رهات؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: سه‌نته‌ری دیالۆگی ڕۆشنبیری كورد له سه‌رده‌مێكدا دروستبوو هێشتا ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی سلێمانی بیری له‌وه نه‌كردبۆوه ده‌زگه‌یێكی ڕۆشنبیری له‌م شاره‌دا هه‌بێت كه هه‌رده‌م به پایته‌خت و مه‌ڵبه‌ندی تیشكده‌ری ڕۆشنبیریی هه‌موو كوردستان ناسراوه.. ته‌نانه‌ت سه‌ریان نه‌په‌رژابوو ده‌زگه‌یێكی ڕۆشنبیری حیزبیش دانێن.. كه به‌ڕاستی له‌م ڕووه‌وه گورج و چالاكیشن.. سه‌نته‌ره‌كه‌مان زه‌رووره‌تێكی مێژوویی هێنایه ئاراوه.. له‌كاتێكدا ڕۆشنبیران به‌گشتی په‌راوێز خرابوون و .. وێڕای كپی و خامۆشی ڕه‌وشه ڕۆشنبیریێكه و وێڕای ژیان و گوزه‌رانه كوله‌مه‌رگیێكه‌یان.. له‌لایه‌ن حیزب و ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه سووكایه‌تیپێكردن و زیندانی و ته‌نانه‌ت تیرۆریش ده‌كران.. هیچ ده‌زگه‌یێكی ڕۆشنبیری بێلایه‌ن و لایه‌نداریش نه‌بوو بچووكترین داكۆكییان لێبكات.. به‌كر عه‌لی شاعیر و ڕه‌وف ئاكره‌یی ڕۆژنامه‌نووس دوو نموونه‌ی ئاشكرای تیرۆری ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتن.. نموونه‌كانی زیندانی و سووكایه‌تیپێكردنیش هێنده زۆرن نه‌هه‌ر بێلایه‌نان.. بگره هه‌ندی له زوڕناژه‌نانی خۆشیانی گرته‌وه.
گشت ئه‌مانه و تاوتوێكردنێكی مه‌وزووعیانه‌ی سه‌رجه‌م ڕه‌وشه ڕۆشنبیریێكه له به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی سه‌نته‌ردا به‌وردی ئاماژه‌یان پێدرا و له‌سه‌ره‌تای حوزه‌یرانی 1996دا سه‌نته‌ر وه‌ك تاكه ده‌زگه‌یێكی ڕۆشنبیری تا ئایاری2000 له چالاكی نواندندا به‌رده‌وامبوو.. بێگوێدانه هه‌ڕه‌شه و پیلانه‌كانی ده‌سه‌ڵات.. تا له‌لایه‌ن ئاساییش و بنكه به‌ناو ڕووناكبیری و به‌كردار هه‌واڵگریێكانه‌وه له نیوه‌شه‌ودا هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باره‌گای گشتی سه‌نته‌ره‌كه‌مان و .. ده‌رگه‌یان شكاند و كه‌لوپه‌له‌كانیان فڕێ‌دا و ئه‌رشیفه‌كه‌یان تاڵانكرد و دواتریش به‌بڕیارێكی ڕه‌سمی له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سلێمانیێوه گۆڤاره‌كه‌شیان (دیالۆگ) داخست.. به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان نابنه مایه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌نته‌ر نه‌مێنێت.. ڕاسته ئه‌وسا به‌زه‌بری فشار له چالاكی خرا.. وه‌لی ئێسته و له هه‌ر له‌حزه‌یێكدا كێشه‌ی ئابووری چاركرا ئه‌وا وه‌ك ده‌زگه ڕۆشنبیرییه سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و بێلایه‌نه ڕاستینه و تاكانه‌كه‌ی جاران.. چالاكانه‌تر و قاڵبوانه‌تر مه‌یدانه ڕۆشبیریێكه ئاوه‌دانده‌كاته‌وه.
براله! ئه‌م داموده‌زگه ڕووناكبیرییه حیزبیانه چاویان به‌رایی نایه‌ت ڕێخراوێكی ڕۆشنبیری غه‌یره حیزبی ببینن.. چاویان به‌رایی نایه‌ت تاكه مرۆڤێكی سه‌ربه‌رز و ئازاد ببینن.. وجوودی سه‌نته‌ر بۆیان ببوه مایه‌ی هه‌ست به سه‌ركه‌می (الشعور بالنقێ) بۆیان.. جه‌نگێكی بێئامانیان به‌رامبه‌ری به‌رپاكرد.. فیشه‌كیان به وشه و دیالۆگه‌وه ده‌نا.. ئه‌وانی ڕووناكبیران توانییان به فیشه‌ك به‌سه‌رماندا سه‌ركه‌ون.. وه‌لی به دیالۆگ و وشه تا ئاقاری ئابڕووچوون دۆڕاندیان.
-بیگومان دوای ئه‌وه تۆیش وه‌ك ئه‌ندامه‌كانی تری سه‌نته‌ر به‌ره‌و توركیا هه‌ڵاتیت و نزیكه‌ی دووساڵ له‌وی مایته‌وه و .. نه‌گه‌یشتیته ئه‌وروپا.. ئایا به‌لاته‌وه ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده كوردانه‌ی نیشتمانیان جێهێشتووه تا چه‌ند زیان به كاروانی ڕۆشنبیریمان ده‌گه‌یه‌نن؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: به‌كورتی سه‌فه‌ری توركیام به‌مه‌به‌ستی نه‌شته‌رگه‌ری گورچیله‌م بوو.. یێك گورچیله‌ی پڕله به‌ردم هه‌بوو و لای ڕاستم به‌زگماكی گورچیله‌ی تیانه‌بوو.. ئه‌گه‌ری مانم له‌و نه‌شته‌رگه‌رییه و له نه‌خوشخانه‌یێكی نموونه‌ییشدا له‌سه‌دا سی بوو.. سه‌رسه‌خت بووم و به‌وه‌ش نه‌مردم.. ده‌بوایی دوای نه‌شته‌رگه‌ریێكه ساڵێكی دیكه‌یش له‌ژێر چاودێریی پزیشكدا بمامایه‌ته‌وه.. هه‌ندێ پێیان وابوو له ترسی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵاتووم.. به‌ڕاستی به‌لامه‌وه له حیزب و ده‌سه‌ڵات ترسان شه‌رم نییه.. به‌ڵام له‌گه‌رمه‌ی مڵملانی و هه‌ڕه‌شه و گرتنه‌كه‌شمدا و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵیش به ته‌نیا و به‌بی هیچ پشت و په‌نایێك مامه‌وه.. ڕۆژانه و به‌شێوه‌یێكی چڕ و پڕ له سه‌رجه‌م كه‌ناڵه ڕاگه‌یاندنكاره‌كانی حیزب و ئیداره و هاوپه‌یمانه‌كانیشیانه‌وه به‌ر لێشاوی جوێن و بێحورمه‌تی پێكردنی شێره‌كوڕان و ئاسكه‌ژنانیان ده‌كه‌وتم.. ئه‌مجا با ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ت پێ‌بڵێم كه له‌و ڕۆژه‌وه‌ی شانۆنامه‌ی (كالیگۆلا) م نووسی.. له ناخه‌وه بڕوام به‌وه‌هێنا ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له نیشتمانه‌كه‌یاندا به‌سه‌ربه‌رزی بژین ده‌بێت ئاماده‌ی باجه‌كه‌یشی بن.. ده‌بێت باجه‌كه‌ی چه‌ند گه‌وره و گرانیش بێت بێباكانه بیده‌ن.. من هه‌موو كاتێك ئاماده‌م سه‌رم بكه‌مه قه‌باڵه‌ی ئه‌و باجه.. ئه‌مه لای من قسه‌ی زل و فشه‌ی نێو ڕۆژنامه‌كان نییه.. به كوشتنم له بینینی ڕۆژانه‌ی كۆمه‌ڵی گه‌نوگووی بۆرژوای مشه‌خۆری كورد ڕزگارمده‌بێت.. بیگومانیشم ئه‌وه‌ی سڵ له‌مه‌رگ نه‌كاته‌وه هێز نییه له دنیادا به‌رامبه‌ری بوه‌ستێیه‌وه و زه‌فه‌ری پێبه‌رێت.
ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی چوونه‌ته هه‌نده‌ران هیچ زیانێك له نیشتمان و كاروانی ڕۆشنبیری ناده‌ن.. ده‌توانن توانا و ئه‌فراندنه‌كانیان گه‌شه‌دارتر بكه‌ن.. ئه‌وانه وه‌ك دكتۆر و ئه‌ندازیار و مامۆستا و ... هتد نین له‌نێو نیشتمانه‌كه‌یاندا نه‌بێت ناتوانن خزمه‌تی وڵات بكه‌ن.. ئه‌م وڵاته زۆری تیا خه‌رجكردوون و زۆریشی ئه‌رك پێوه كیشاون.. به‌ڵام هیچی ئه‌وتۆی بۆ ئه‌وان نه‌كردووه و .. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌توانم بلێم ئه‌وانه له هه‌نده‌ران ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ده‌توانن زێتر خزمه‌ت به كولتوور و فه‌رهه‌نگه‌كه‌مان و ته‌نانه‌ت كێشه‌كه‌شمان بكه‌ن.. وه‌لی زۆربه‌یان ته‌نانه‌ت شه‌ڕه قێزه‌ونه‌كه‌شیان له‌ته‌ك خۆیاندا گواسته‌وه ئه‌وێ.
- تا چه‌ند ئاشنایه‌تیت له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخی كوردیی ڕۆژخه‌ڵات و فارسی‌دا هه‌یه و .. ئایا هه‌ست به كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخی فارسی.. به‌تایبه‌تی شیعری نوێی فارسی به‌سه‌ر شیعری شاعیره گه‌نجه‌كانی ئه‌مدیوه‌وه ناكه‌یت؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: لێتانی ناشارمه‌وه من دوای زمانی كوردی په‌روه‌رده و ئاشنای زمان و ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بیم و .. به‌گشتیش به‌زمانی فارسی نامۆم وه‌لی كه‌متازۆر به ئه‌ده‌بیاته‌كه‌ی نامۆ نیم و .. به‌منداڵی له حوجره‌دا بۆره ئاشنایه‌تیێكم له‌گه‌ڵیدا په‌یداكرد.. نووسه‌رانی كورد له‌ئێراندا به‌گشتی له‌ژێر كاریگه‌ریێتی ڕاسته‌وخۆیانه‌ی زمانی فارسیدان.. زمانی فارسییان به‌شیره‌وه خواردووه.. بۆیی هه‌ندێكیان له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ر به‌و زمانه نووسیویانه و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زمانی زگماكیان.. یاخود هه‌ر نه‌شگه‌ڕاونه‌ته‌وه و له‌سه‌ر به‌فارسی نووسین هه‌ر به‌رده‌وام بوون.
فه‌رهه‌نگی ئێرانی گه‌لی لوتكه‌ی مه‌زنی تێدایه و له‌مێژه له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا ته‌رجه‌مه‌كراون و ناسراون.. ئه‌گه‌رچی ئاشنایه‌تی ڕاسته‌وخۆم له‌ته‌ك هه‌ندی چیرۆكنووس ڕۆشنبیرانی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌یه وێڕای ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه من كه‌سێكی باش نه‌بم بۆ ئه‌م لێدوان و تاوتوێكردنانه..
چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ مامۆستا (هێمن) دا له به‌غدا پێكه‌وه‌بووین.. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی پێشه‌كی چیرۆكه شیعرێكیشم بۆ نووسی و دوای گوڕانه‌وه‌ی سانسۆری ئێرانی ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌دا.. به‌ڕێزان (حوسێن شێربه‌گی) و (بریا كاكه‌سووری) و (حه‌مه‌ئه‌مین شامحه‌مه‌دی) و (عه‌تای نه‌هایی) و (خانم ژیلای حوسێنی) جوانه‌مه‌رگ و (شارامی قه‌وامی) و گه‌لێكی دیكه‌یان به نامه و به‌رهه‌مه‌كانیان به‌سه‌رمده‌كه‌نه‌وه و ئه‌مه‌یش مایه‌ی شانازیمه.. به‌رهه‌مه‌كانی (جه‌لالی مه‌له‌كشا) و (ناسری وه‌حیدی) و (فه‌وزییه‌ی سوڵتان به‌گی) و (فه‌ره‌یدوونی حه‌كیمزاده) و (مارفی ئاغایی) و (فه‌ره‌یدوونی ئه‌رده‌شیری) و (عه‌تا به‌رقی) و (شه‌هرامی مه‌حموودی) و گه‌لێكی دی ده‌خوێنمه‌وه و داوای لێبوردن ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ناوه‌كانم به‌باشی ڕیز نه‌كردبن.. یاخود له‌م په‌له‌په‌لییه‌دا گه‌لی ناوی دیكه نه‌هاتبێتنه‌وه به‌ر زه‌ینم.. ئه‌مانه به‌لای منه‌وه ده‌نگی نوێی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودیون.
له‌مێژه ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ شیعره‌كانی لوتكه‌یێكی نازداری وه‌ك (سواره‌ی ئیلخانیزاده) دا هه‌یه و .. به‌لای منه‌وه (گۆران) ێكی دیكه‌یه له نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردیدا و به‌شێوازێكی جیاواز.
سه‌رده‌مێكه شیعری ڕۆژهه‌ڵات هه‌نگاوده‌نی گه‌شه‌ده‌سێنێت.. وه‌لی ته‌مه‌نی چیرۆك تازه‌یه و بیست ساڵێكه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و چیرۆكنووسانه‌دا -كه‌ناوی زوربه‌یانم هێنا- كه‌وتۆته سه‌ر پای خۆی و گه‌شه‌ده‌كات.. له شێوازه ته‌قلیدیێكه‌وه به‌ره‌و نوێبوونه‌وه هه‌نگاوی باشی ناوه.. قه‌ڵه‌می به‌بڕشت ده‌بینم پێڕه‌وی ته‌كنیكه مۆدێرنه‌كانی چیرۆك ده‌كه‌ن.. فانتازیا و سیحر و گه‌ڕانه‌وه و ته‌وژمی هۆش و شێوازی گێڕانه‌وه (سه‌رد) له‌ناوه‌وه و له ده‌رڤه‌ی چیرۆكه‌كه‌وه به‌كاردێنن و مامه‌ڵه‌ی هونه‌رییانه‌ش له‌ته‌ك زه‌مه‌نه جۆراوجۆره‌كانی چیرۆكدا و ... تد ده‌كه‌ن.
به‌نیسبه‌ت ئه‌ده‌بیاتی فارسیشه‌وه.. كار له‌وه زۆر تێپه‌ڕیوه نه‌شاره‌زایێكی وه‌كو من قسه‌ی لێوه‌بكه‌م.. كارگه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی فارسی به‌گشتی و شیعری فارسی به‌تایبه‌تی.. له‌نێو ئه‌ده‌به‌كه‌ماندا ڕه‌نگبداته‌وه.. كاریگه‌ریی قووڵی به‌سه‌ر شاعیرانمانه‌وه جێهێشتووه.. بڕوابكه‌ن ئه‌و (مه‌نجه‌ڵه گه‌وره پڕ له ئه‌ڤینه) ی له‌سه‌ره‌تای قسه‌كانمدا ئاماژه‌م پێدا.. به‌هۆی (شاملو) وه هه‌ستمپێكرد.. به‌رله شاملو لوتكه‌یێكی پڕ له شیعر و فه‌لسه‌فه‌ی وه‌ك (نیما یۆشیج) م ده‌ناسی.. له نه‌وه‌كانی چه‌رخی بیسته‌مدا ناوی گه‌ور گه‌وره‌هه‌ن.. هه‌تا ئێسته‌یش ژنه شاعیرانی ئه‌مدیو ئاوات به (فڕووغی فه‌روخزاد) ده‌خوازن و هه‌وڵده‌ده‌ن لاسایی ژیان و قه‌سیده‌كانی بكه‌نه‌وه.. سوبێهری خۆی گه‌یاندۆته نێو قه‌سیده‌كانی گه‌لی له شاعیره لاوه‌كانمان.. جگه له‌مانه به‌رهه‌مه‌كانی (بزورگی عه‌له‌وی) و (سادقی هیدایه‌ت) و (سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی) و (گوڵشیری) و (ده‌وڵه‌تئابادی) و (ڕه‌زای به‌رهه‌نی) و (ئه‌حمه‌د مه‌حموود –كه له‌م دواییه‌دا حه‌مه‌كه‌ریم عارف ڕۆمانه نازداره‌كه‌ی به‌ناوی "هاوماڵه‌كان"ه‌وه ته‌رجه‌مه‌كرد) و (سیمینی دانشوه‌ر –له‌م دواییه‌دا كه‌مێك ئاشنای ڕۆمانه‌كانی بووم) .. وه‌لی زۆر له مێژه به (عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان) ئاشنام و چیرۆكه‌كانی به‌زۆری بۆن و به‌رامه‌ی كورده‌واریانه‌یان لێدێت.
ناوه‌كان.. گوڵه‌باخه‌كانی جیهانی ئه‌ده‌بی فارسی هێجگار زۆر و گه‌شاوه و به بۆن و به‌رامه‌ی خۆشن.. هه‌مدیسان له‌م بێده‌رفه‌تی و په‌له‌په‌لییه‌دا نه‌هه‌ر زۆر ناوم له‌یادچووه به‌ڵكو ترسی ئه‌وه‌شم هه‌یه لێره‌دا ئه‌دیبه كورده‌كانیشم تێكه‌ڵاوی فارسه‌كان كردبێت.. هیوادارم له‌م ڕووه‌وه كه‌تنێكی ئاوه‌هام نه‌دابێت.
- هۆكاره‌كانی قه‌یرانی ڕه‌خنه و تۆژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی له كاروانی ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا چین كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌م ڕووه‌وه كزۆڵه و زه‌بوون بووه و .. ئه‌مه‌یش تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه و وای لێهاتووه له‌پیاهه‌ڵدانی بۆش و هیرشی ناڕه‌وای شه‌خسی و ده‌ستیاو و ئه‌م شتانه‌دا خولبخوات؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: به‌ڕاستی من هه‌ست به‌وه ناكه‌م قه‌یرانی ڕه‌خنه و تۆژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی له كوردستاندا به‌و جۆره كزۆڵ بێت.. ئه‌وه‌ی ئێوه به‌قه‌یرانی ده‌زانن من له ئه‌ده‌بی هه‌مووگه‌ڵانی دنیادا دیومه.. ده‌ستیاو و پیاهه‌ڵدان و هێرش و ... تد هه‌یه و ڕه‌خنه و تۆژینه‌وه‌ی جیدیشیان له‌پاڵدایه و شتێكی ئاساییشه.. من له‌وێوه بۆ مه‌سه‌له‌كه ناڕوانم.. به‌ڵكو له ڕه‌خنه و تۆژینه‌وه‌كانی (ئه‌مین فه‌یزی) و (ڕه‌فیق حیلمی) و (عه‌لادین سه‌جادی) و (د. مارف خه‌زنه‌دار) و (د. عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ) و (دڵشاد مه‌ریوانی) و (فوئاد مه‌جید میسری) و (فوئاد قه‌ره‌داخی) و (حسێن عارف) و (عومه‌ر مارف به‌رزنجی) و (كه‌مال میراوده‌لی) و (كه‌مال غه‌مبار) و ... هتد ه‌وه سه‌یری ده‌كه‌م و .. له‌م دواییانه‌شدا.. (نه‌جات حه‌مید) و (سابیر ڕه‌شید) و (نیهاد جامی) و (عه‌تا قه‌ره‌داخی) و ده‌یان قه‌ڵه‌می دی.. كه هه‌ریێكه‌یان و به‌پێی توانای خۆیان هه‌وڵی به‌رچاو یاخود باش و ته‌نانه‌ت جیدیشیان هه‌یه.
ئه‌وانه‌ی هێرش ده‌به‌نه سه‌ر ڕه‌خنه‌گران.. یان به‌چاوێكی سووكه‌وه بۆیان ده‌ڕوانن.. یان ده‌وره‌كه‌یان به قه‌یرانی سه‌خت و كوشنده ده‌زانن.. به‌زۆری ئه‌وانه‌ن ئه‌وانه‌ن وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بی و هونه‌ریێكانیان لاوازن.. خۆشیان به بلیمه‌ت ده‌زانن و .. ئیدی هه‌ر ساتی ڕه‌خنه‌گران په‌رده‌یان له ڕووی لاوازیێكانیان هه‌ڵماڵی.. یاخود به‌شان و باهووی زمانه سه‌قه‌ت و كۆڵه‌وار و بێماناكه‌یاندا نه‌هات.. ئه‌وه به قه‌یرانی ڕه‌خنه ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م.. گوایه ئه‌و توێژه‌ره نه‌یتوانیوه كه‌شفی نهێنیێكانی ئه‌فراندنه‌كانیان بكات و .. له‌و زمانه واتای جۆراوجۆر خولقێنه‌یان تێناگه‌ن.. به‌ڕاستی له زماندا هێند كۆڵه‌وارن.. ناتوانن به‌و زمانه‌یان واتا هه‌ره ساده و ته‌قلیدیێكه‌ش بده‌نه ده‌سته‌وه كه ته‌نانه‌ت له ئاستی قسه‌كردنی خه‌ڵكه نه‌خوێنده‌واره‌كه‌ی ناوبازاڕ و سه‌رشه‌قامه‌كانیشدا نییه.. دۆنكیخۆته‌كانی ناخمان هه‌موو به‌رهه‌مه سه‌قه‌ت و دزراو و كاوێژكراوه‌كانمان به ئیبداع داده‌نێت و .. له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گره ڕاستگۆ و جیدیێكان ناتوانن دۆنكیخۆته‌كانی ناخمان بكوژن و هه‌مدیسان ته‌نازول ناكه‌ن ختووكه‌ی ئه‌و دۆنكیخۆتانه‌ی ناخمان بده‌ن.. كه‌واته هه‌رده‌م له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه وه‌ك تاوانبار بۆی ده‌ڕوانن
له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆشماندا.. له‌به‌ر زۆری به‌رهه‌مه چاپ و بڵاوكراوه‌كان و (هه‌روه‌ها بۆری زوربه‌شیان) توێژه‌ر فریاناكه‌وێت.. نووسه‌ر به لێشاون گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو كورد خه‌ریكی نووسینن.. هه‌ر هیچ نه‌بێت یاداشته‌ڕۆمان و بیره‌ورییه تژه فیشاڵ درۆكانیان به موجه‌لله‌دات بڵاوده‌كه‌نه‌وه.. بازار جمه‌ی له‌مانه و له شیعر و ڕۆمانی كرچوكاڵ دێت.. هه‌مانكاتیش شاكار و به‌رهه‌مه نازداره‌كانیش له‌و گێژه‌نه‌دا بزرده‌بن و .. له‌لایه‌ن ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه به‌شیان فه‌رامۆش كردن ده‌بێت.. ته‌نیا ئه‌مه‌م به‌لاوه سته‌مه.
-دوا وته‌ت؟
ڕه‌وف حه‌سه‌ن: جارێكی دییش ده‌یڵێمه‌وه: حه‌زم به‌مجۆره چاوپێكه‌وتن و چه‌له‌حانێیانه نییه.. ئه‌مجاره ناچارت كردم.. حه‌زم له دایه‌لۆگه.. له تۆژینه‌وه و قسه و باسی فه‌لسه‌فی و فیكرییه.. حه‌زم له‌وه‌یه له تاكه ته‌وه‌رێكی زاتستی و فیكریدا قووڵبینه‌وه بچینه نێو ده‌ریا و كیشوه‌ره به‌رینه‌كانی فیكر و ژیانه‌وه.. دوور له باسوخواسه شه‌خسی و ڕۆژانه‌یێكان.. دوور له گرفت و كێشه خودیێكان.. چونكه باشتر وایه ئه‌و كه‌سانه به‌گشت كێشه‌و گرفته تایبه‌تیێكانیانه‌وه ببرێنه لای پزیشكی ده‌روونی بۆ یێكاڵاكردنه‌وه.. نه‌ك به دیداری ڕۆژنامه‌وانیانه خوێنه‌ریان پێوه خه‌ریكبكه‌ین!
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
