عه‌لی قازی محه‌مه‌د سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستان له‌م دیمانه‌یه تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی گۆڕانكارییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وبه‌ره‌ی كوردستانیی وسازدانی كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌شاری هه‌ولێر. هاوكات په‌نجه ده‌خاته سه‌ر رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی كورد له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان وهه‌ر له‌م دیمانه‌یه‌دا عه‌لی قازی باس له‌ره‌وشی سیاسیی رۆهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات.
ستیڤان: هێزه به‌رهه‌ڵستكاره كورده‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رۆژ له‌داوی رۆژ له‌بری لێك نزیكبوونه‌وه‌و پێكهێنانی به‌ره‌ی به‌هێز بۆ ئاماده‌باشی له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانێكی ناوخۆی ئێران‌دا، په‌رته‌وازه ده‌بن وله‌ناوخودی حزبه‌كاندا به‌رده‌وام لێكجیابوونه‌وه رووده‌دات. پێتانوایه ئه‌م په‌رته‌وازه‌بوونه له‌یه‌كێك له‌ماناكانیدا زیانگه‌یاندنه به‌دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد؟ ئایا پێتوایه به‌م حاڵه‌وه ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژهه‌ڵات ده‌توانێت كاری گه‌وره‌و گرنگ له‌بردنه پێشه‌وه‌ی پرسی كورددا ئه‌نجامبدات؟.
عه‌لی قازی: دیاره لێكترازان وجیابوونه‌وه له‌ریزی حیزبێكی سیاسی‌دا هه‌ر له‌جێدا دیارده‌یه‌كی باش نییه‌و گه‌لێك خه‌ساره‌تی
مه‌عنه‌ویی به‌دواوه‌یه له‌سه‌ر خودی حیزب وخه‌ڵكه‌كه‌ش شوێنی خراپ داده‌نێ. به‌ڵام به‌پێی پابه‌ندبوون به‌بنه‌مای دیموكراسی ناكرێ كه‌س یان گروپێك به‌زۆریی له‌ریزی حیزبێكدا بهێڵدرێنه‌وه‌و پێویسته ئازادیی مانه‌وه‌و ده‌رچوون هه‌بێ. بۆیه به‌بڕوای من كێشه‌كه هه‌مووی لێره‌دا نییه، بگره ده‌توانم بڵێم كێشه‌ی سه‌ره‌كیی لێره‌دا نییه. كێشه‌ی سه‌ره‌كیی له‌جیابوونه‌وه له‌ریزی حیزبه‌كاندا كاتێكه كه‌به‌هۆی له‌تبوونی حیزبه‌وه ریزه‌كانی خه‌ڵكیش له‌ت بن وبگره ببنه دوژمنی یه‌كتر، ده‌نا ئه‌گه‌ر پاش جیابوونه‌وه‌كان حیزبه‌كان یه‌كگرتنێكی به‌رفراوان وه‌ك به‌ره‌یه‌ك سازبكه‌ن، ئه‌وه خه‌ساره‌تی جیابوونه‌وه پێكیدێنێ، كاڵده‌بێته‌وه‌و یه‌كگرتنێكی سیاسیی گه‌وره‌تری لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ریزی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جیابوونه‌وه‌ی زۆر روویداوه به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كگرتنێك دروستببێ، به‌بێئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌ك دروستببێ. جا به‌م حاڵه‌وه به‌داخه‌وه ده‌بێ بڵێم حیزبه كوردستانییه‌كان ناتوانن له‌ده‌رفه‌ته له‌باره‌كان كه‌ڵك وه‌ربگرن وبه‌ره‌نگاری پێشهاته ناله‌باره‌كان ببنه‌وه. شتێ بۆ من جێی سه‌رسووڕمانه ئه‌وه‌یه حزبه‌كان ده‌رده‌كه ده‌زانن، ده‌رمانه‌كه‌شی ده‌زانن، به‌ڵام به‌كاریناهێنن.
ستیڤان: هاتنی ئۆباما وه‌ك سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌هه‌موو پێودانگێك هاتنی گۆڕانی ریشه‌یی ده‌بێت له‌په‌یوه‌ندیی ودیپلۆماتی ئه‌مه‌ریكاو ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا، به‌م پێیه گۆڕانیش دێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی ئێران وئه‌مه‌ریكادا، پێتوایه ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌میانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆبامادا له‌نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا رووده‌دات به‌قازانجی رامیاریی كورد بێت؟ ئایا به‌گشتیی سیاسه‌تی نوێی ئۆباما به‌رامبه‌ر ئێران سوودێكی تێدایه بۆ كوردی رۆژهه‌ڵات؟.
عه‌لی قازی: به‌بڕوای من سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر ئێران گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه به‌ڵكوو شێوازی ره‌فتاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا گۆڕاوه. به‌ڵام هێشتا زووه بۆئه‌وه‌ی بتوانین بڵێین ئایا ره‌فتاری سیاسیی ئۆباما به‌قازانجی كوردی رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌وه یان نا. پێویسته جارێ چاوه‌ڕێ بین. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاو ده‌وڵه‌تانی دیكه سه‌رنجیان بۆ لای كوردی رۆژهه‌ڵات رابكێشرێ، ده‌بێ خودی كورد له‌مه‌یداندابێ. كوردی رۆژهه‌ڵات پێویسته بیسه‌لمێنێ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ناوێ وخوازیاری ئازادیی ودیموكراسی ومافه ره‌واكانی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی.
ستیڤان: بڕیاره له‌هه‌ولێری پایته‌ختی باشووری كوردستان كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی ئاماده بكرێت، هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌شێكن له‌لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كۆنگره‌یه. پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌م چه‌شنه ده‌توانێت چی به‌بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان ببه‌خشێت به‌تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌دا؟ پاشان ئه‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چ گرنگییه‌كی سیاسیی هه‌یه؟.
عه‌لی قازی: ئێمه وه‌ك پارتی ئازادیی كوردستان، زۆر له‌مێژه داوای به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ین. له‌ساڵی1991به‌ملاوه، Pak به‌رده‌وام له‌كۆنفرانس وكۆنگره‌كانیدا، ئه‌م پێشنیاره‌ی كردووه، بۆیه ئێمه پشتیوانی له‌وه‌ها كۆنگره‌یه‌ك ده‌كه‌ین. به‌بڕوای ئێمه وه‌ها كۆنگره‌یه‌ك ده‌توانێ وپێویسته ماف وئه‌ركه‌كانی كوردی هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كتر رێكبخات ودیاریبكا. هه‌روه‌ها ستراتیژ وگوتاری كورد وه‌ك یه‌ك نه‌ته‌وه‌و یه‌ك كێشه ده‌ستنیشان بكات. به‌ڵام به‌شێوه‌ی دیاریكراو باسی به‌ستنی ئه‌و كۆنگره‌یه له‌هه‌ولێر هێشتا هه‌ر بیرۆكه‌یه‌و رێكنه‌خراوه، ئاواته‌خوازم ئه‌و كۆنگره‌یه ببه‌سترێ. له‌م ماوه‌یه‌دا هێندێك كه‌س به‌په‌له‌و به‌بێئه‌وه‌ی زانیارییه‌كیان له سه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه ببێ، كه‌وتنه دژایه‌تیكردنی وشتی ناڕه‌وا ده‌ڵێن. ئه‌وان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم موته‌هه‌م ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ده‌یهه‌وێ له‌و كۆنگره‌یه‌دا هێزه سیاسییه‌كان بخاته ژێر فشاره‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه بزانین وئاگاداری بین، ئه‌وه وا نییه. بارزانی سه‌رۆكێكی حه‌كیم وژیره. ئه‌و مافی كورد به‌هیچ شتێ ناگۆڕێته‌وه‌و هه‌رگیز ئه‌وه له‌بیر ناكا كوردی پارچه‌كانی دیكه له‌بنده‌ستیی وله‌ژێر زوڵم وسته‌مدا ده‌ژین.
ستیڤان: وه‌ك ده‌وترێت ته‌واوی هێزه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌حاڵی بێ ئیراده‌ییدا ده‌ژین، به‌و مانایه‌ی چاوه‌ڕێی هێزێكی ده‌ره‌كیی ده‌كه‌ن تاوه‌كو هه‌مان سیناریۆی ئێراق له‌ئێرانیش دووباره ببێته‌وه‌و هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش بچنه سه‌ر حازری، پژاك تاكه هێزێكه له‌م هاوكێشه‌یه به‌ده‌ره. پێتوانییه ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێكی دیكه درێژه بكێشێ پاشه‌ڕۆژی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌وێته ده‌ستی "پژاك، ه‌وه؟ یان به‌مانایه‌كی تر گه‌ر چه‌ند ساڵی تر كۆماری ئیسلامی بمێنێ، ئه‌وسا پژاك نابێته نوێنه‌ری دۆزی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؟.
عه‌لی قازی: من له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌زاوه‌ته‌ی ئێوه‌دا نیم كه‌ده‌ڵێن هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌بێ ئیراده‌ییدا ده‌ژین. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئیراده‌مان هه‌یه‌و به‌هێزیشه‌وه تێكۆشان وخه‌بات به‌رده‌وامه. به‌ڵام حیزبی سیاسیی وگه‌لی ئازادیخواز هه‌میشه له‌دۆخیكدا نییه. راسته ئێستا ده‌سه‌ڵاتی سیاسییمان به‌ده‌سته‌وه نییه‌و گه‌له‌كه‌مان له‌بنده‌ستیدا ده‌ژی، به‌ڵام ئێمه سوورین له‌سه‌ر خه‌بات وئه‌ستاندنی مافه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌مان. هه‌روه‌ها پێوه‌ندیی له‌نێوان خه‌ڵك وحیزبه‌كاندا هه‌یه‌و حیزبه‌كان له‌وریاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ورێنوێنیكردنیان وجوڵاندنیان ده‌وری گرنگیان هه‌یه. بێجگه له‌وه‌ش نه‌خێر، ئێمه چاوه‌ڕێی هاتنی ئه‌مه‌ریكاو دووپاتبوونه‌وه‌ی سیناریۆی عێراق نین. خه‌باتی ئێمه كۆنتره له‌ناكۆكییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو ئێران. گه‌لی ئێمه كاتێك له‌خه‌باتدا بووه ئه‌مه‌ریكا دۆستی شای ئێران بوو. به‌ڵام دیاره پێمانخۆشه‌و هه‌وڵیشده‌ده‌ین ئه‌مه‌ریكاو هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه، بكه‌ینه پشتیوانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وله‌پشتیوانی دوژمنی گه‌له‌كه‌مانیان دوورخه‌ینه‌وه. بۆ ئێمه وه‌ك PAK گرینگ وئه‌سڵ ئه‌وه‌یه كورد به‌ئازادییه‌كانی بگا‌و مافه‌كانی وه‌ده‌ستبێنێ، نه‌ك ئه‌وه‌ی كام حیزب ورێكخراو ورێكخراوه "بچنه سه‌ر حازری". راسته حیزبه ره‌سه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كۆمه‌ڵێك گه‌فیان هه‌یه به‌ڵام ریشه‌یان له‌ناو خه‌ڵكی خۆیاندا هه‌یه. PAK یه‌ك له‌و هێزانه‌یه ریشه‌ی قووڵی داكوتاوه. PAK له‌ساڵی 1991 به‌ملاوه یه‌ك له‌چالاكترین هێزه‌كان بووه‌و خوێن وئاره‌قه‌ی زۆری له‌مه‌یدانه جۆراوجۆره‌كاندا له‌به‌ر رۆیشتووه. بێجگه له‌وه‌ش سه‌رۆكی PAK كوڕی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دو باوك ومامه‌كانی دامه‌زرێنه‌ری كۆمار بوون و شه‌هیدبوون. جێگری سه‌رۆكی PAK دوو برای شه‌هیدكراون. ژماره‌یه‌كی دیكه له‌كادره‌كانی PAK جگه له‌خه‌باتی خۆیان، خوێنی كه‌س وكاریان له‌خه‌باتدا رژاوه تۆ بڵێی هه‌روا به‌ئاسانی خوێن ببێ به‌ئاو؟.
ستیڤان: پڕۆژه‌ی به‌ره‌یه‌كی كوردستانی بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وێڕای لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی باشوور بوو، ده‌ركه‌وت ته‌نیا له‌دروشم به‌ولاوه چیتر نه‌بوو، به‌گشتیی پڕۆژه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی شكستی هێنا بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. ئاشكراشه هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات هیچ ئه‌وه‌نده به‌هێ. نین بتوانن به‌ته‌نیا رووبه‌ڕووی ئه‌و بره سه‌خته سیاسییه ببنه‌وه ئه‌مڕۆ كورد له‌و پارچه‌یه ده‌رگیریه‌تی. ئایا باشترین رێگه بۆ هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژژهه‌ڵاتی چییه؟ به‌زمانێكی تر هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات ده‌بێت چۆن وبه‌كام رێگا خۆیان رێكبخه‌نه‌وه تا دۆزی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵكشان به‌رن؟.
عه‌لی قازی: دیسان ناچارم، له‌سه‌ر خودی پرسیاره‌كه‌تان قسه بكه‌م. یه‌كه‌م، پڕۆژه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی باشوور نه‌بووه‌و نییه. به‌ره بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست وداگیركراو پێویسته‌و پیشتریش لای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه هه‌بووه. وه‌ك بڕێ كه‌سیش موته‌هه‌ممان ده‌كه‌ن، بیرۆكه‌ی به‌ره هی ئه‌مه‌ریكا نه‌بوو. فه‌رموون یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان له20/5/1991 بخوێننه‌وه بزانن چۆن له‌سه‌ر به‌ره‌ی كوردستانی پێداگیراوه. پاشان كورد یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌و كێشه‌كه‌شی یه‌ك كێشه‌یه‌و بارودۆخی سیایسی هه‌موو پارچه‌كانیش وێڕای جیاوازیی وتایبه‌تمه‌ندیی خۆیان، زۆر له‌یه‌ك ده‌چن بۆیه سروشتییه خه‌بات وشێوه‌كانی خه‌باتیش له‌یه‌ك نزیك بن. دووه‌م: خۆ تائێستاش هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ساغنه‌بوونه‌ته‌وه له‌سه‌ر به‌ره‌و به‌ره‌یان پێكنه‌هێناوه حوكمی شكستهێنانی ده‌ده‌ن، جارێ هه‌رچی هه‌یه هه‌ر قسه‌و باسه، راستییه‌كه‌ی له‌م هه‌لوومه‌رجه‌دا، ئاسان نییه، به‌ڵام دره‌نگ یان زوو هه‌ر به‌ره پێكدێ. به‌ڵێ ئه‌وه راسته له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هیچ هێزێك به‌ته‌نیا ناتوانێ ئه‌ركه‌كانی خه‌باتی رزگاریخوازییان بخاته سه‌رشانی خۆی وهیچ هێزێكیش ئه‌و ئیدیعایه‌ی نییه. بۆیه ئێمه باشترین رێگا هه‌ر به‌دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوانی كوردستانی یان هه‌ر شێوازێك كه‌هێزه‌كانی رێكبخا‌و سه‌ركر‌دایه‌تی سیاسیی بۆ بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌رۆژهه‌ڵات پێكبێنێ، ده‌زانین.
عه‌لی قازی
*عه‌لی قازی محه‌مه‌د، ناسراو به"كوڕی ڕه‌ش"، ساڵی 1933 له‌مهاباد له‌دایكبووه.
*خوێندنی تا دواناوه‌ندیی له‌ئێران بووه‌و پاشان له‌ئاڵمانیا كۆلێژی ماف وزانسته سیاسییه‌كانی خوێندووه.
*له ساڵی 1985وه تا راپه‌ڕینی 1991، له‌زیندانی حكوومه‌تی عێراقدا بووه.
*له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی حیزبه كوردستانییه‌كاندا پێوه‌ندیی باشی هه‌بووه‌و له‌كێشه‌و ناكۆكییه‌كانی نێوانیاندا ده‌وری ئاشتیخوازانه‌ی گێڕاوه.
*ساڵی 2006 له‌كۆنگره‌ی یه‌كه‌می پارتی ئازادیی كوردستان PAK دا، به‌سه‌رۆكی ئه‌و پارته هه‌ڵبژێردراوه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
