بێگومان دونیای نووسین ئه‌و دونیا به‌رفراوانه‌یه كه ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌بێت به‌ره‌و ئه‌و حه‌قیقه‌ته به‌رێت كه له‌رێگه‌یه‌وه راستییه‌كانی ژیانمان پێ نیشان بدات، ئه‌مڕۆش راگه‌یاندن رۆڵێكی فه‌عال ده‌بینی له‌به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كان و هاوكات چ چالاكیه‌ك بكه‌یت ئیتر له‌هه‌ر بوارێكدابێ ئه‌گه‌ر له‌رێگای میدیاوه راینه‌گه‌یه‌نی ئه‌وا خه‌ڵكی نازانن كه فڵانه چالاكی ئه‌نجامدراوه، ئیدی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌مڕۆدا به‌تایبه‌ت گرنگیه‌كی خۆی هه‌یه. ئه‌م بواره‌ش زیاتر خه‌ڵكێكی به‌ئه‌زموون و ته‌مه‌نێكی وه‌های هه‌بێت كه بتوانێت گوزارشتی باش له‌و نووسینه‌ی بكات كه ده‌یه‌وی له‌رێگه‌ی بابه‌ته‌كه‌یه‌وه بیگه‌یه‌نێته خه‌ڵك، به‌ڵام له‌م دیمانه‌یه‌دا گه‌نجێك ده‌دوێنین كه له‌ته‌مه‌نێكی زۆر گه‌نجیدا بووه‌ته سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه به‌وش ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌مان بۆ ده‌رده‌خات ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه نین له‌دونیای نووسیندا كه ته‌مه‌نێكی باشیان هه‌بێت ئینجا ده‌توانن سه‌رپه‌رشتی گۆڤارێك یان رۆژنامه‌یه‌ك بكه‌ن، بۆیه (عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د) كه گه‌نجێكی خه‌ڵكی دووزخورماتووه له‌ته‌مه‌نێكی كه‌مدا توانی قۆناخه‌كانی كاروباری دونیای نوسین ببڕێت و ببێته سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (بانگه‌شه‌ی گۆڕان) و ئێستاش سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (حه‌مرین) ه بۆ زیاتر ئاشنا بوون له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیدا ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵیدا سازدا.
*پێمان خۆشه بزانین عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د كێیه‌و چ كاره‌یه؟
-عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د كه‌سێكی ساده و دڵ نزمه، له‌ساڵی (1986) له‌دووزخورماتووی بووكی حه‌مرین له‌دایك بوومه و ئێستاش خوێندكاری یاسا‌و رامیاریم و هاوكات سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (حه‌مرین) م.
*به‌حوكمی ئه‌وه‌ی خورماتوو جێگه‌یه‌كه كه وه‌كو شار‌و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی كوردستان وه‌به‌ر ته‌عریب كه‌وتبوون، چۆن وا خۆت فێری كوردی كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌قوتابخانه كوردیت خوێندبێت و توانیت ببیته سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌یه‌ك و ئێستاش گۆڤارێك؟
-له‌ساڵی (2002) كه ئه‌و كات ته‌مه‌نم پازده ساڵ بوو و هه‌ستم به‌بوونی خۆم كرد و منیش وه‌ك هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا ئه‌م بیرۆكانه به‌مێشكمدا ده‌خولانه‌وه، ئایا بۆ كورد تا ئێستا خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نییه؟ یان ئێمه‌ی كورد بۆ ئه‌وه‌نده له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستان ده‌چه‌وسێنه‌وه؟ یان بۆ ئێمه كوردین و حه‌قی ئه‌وه‌مان نییه به‌زمانی دایك بخوێنین؟ بۆیه ئه‌م شێوه بیركردنه‌وانه وای له‌من كرد كه له‌گه‌ڵ خوێندنی قوتاخانه كه به‌زمانی عه‌ره‌بی بوو له‌ماڵه‌وه‌ش بایه‌خێكی باشم به‌زمانی كوردی دا، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی باكیشم خوێنه‌رو هه‌میش نووسه‌ره كتێبخانه‌مان هه‌بوو له‌ماڵه‌وه، بۆیه له‌وكاته‌دا كاتێكی باشم بۆخۆم ته‌رخان ده‌كرد و كتێبه كوردیه‌كانم ده‌خوێنده‌وه و تا واملێهات باش فێری زمانی كوردی بووم له‌رووی نووسینه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی مامۆستا فێری كردبێتم یان رێزمانی كوردیم خوێندنبێ له‌خوێندنگا. بۆیه دوای ئه‌م ماوه‌یه و له 2003 ده‌ستم كرد به‌شیعر نووسین. منیش وه‌ك هه‌ر گه‌نجێكی ئاره‌زومه‌ندی دونیای شیعر و نووسین و چه‌ند پارچه شیعرێكم نووسی و چه‌ند دانه‌یه‌كیشم بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام دوای بۆم ده‌ركه‌وت كه نابمه شاعیرێكی باش، بۆیه ئه‌مجا ورده ورده ده‌ستم كرد به‌بابه‌ت نووسین له‌رۆژنامه‌كاندا.
*باسی ئه‌وه‌مان بۆ بكه چۆن بووی به‌سه‌رنووسه‌ری بانگه‌شه‌ی گۆڕان؟
-له‌ساڵی (2006) كه ئه‌و كات ته‌مه‌نم بیست ساڵ بوو بیرم له‌وه‌كرده‌وه كه بڵاوكراوه‌یه‌ك بۆ شاره‌كه‌مان پێویسته، پێش بانگه‌شه‌ی گۆڕان له‌خورماتوو رۆژنامه‌ی ئاوه‌سپی ده‌رده‌چوو، ئیتر له‌دوای چه‌ند ژماره‌یه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه وه‌ستا، بۆیه ده‌ركم به‌وه كرد كه بۆشایه‌ك هه‌یه له‌بواری راگه‌یاندندا و هیچ لایه‌ن و كه‌سێكیش خۆی ناداته پێش و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ بڵاوكراوه‌یه‌ك ده‌ربكرێ، بۆیه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م له‌لا گه‌ڵاڵه بوو كه بڵاوكراوه‌یه‌ك دابنێن و ئه‌م پێشنیاره‌شم سه‌ره‌تا به خوالێخۆشبوو عه‌لی شامیل راگه‌یاند ئه‌ویش فكره‌كه‌ی باش بینی بۆیه، به‌بێ یارمه‌تی هیچ لایه‌نێك و له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكدا توانیمان ئه‌و بڵاوكراوه‌یه ده‌ربخه‌ین و هه‌ر خۆمان بابه‌تمان ده‌نووسی و كۆده‌كرده‌وه و له‌ماڵیش تایپ و ته‌سمیمان ده‌كرد و هه‌ریكه و بڕه پاره‌یه‌كمان ده‌دا ته‌نیا بۆ چاپكردن و ده‌رمان ده‌خست، بۆیه له‌دوای ژماره شه‌شی بڵاوكراوه‌كه توانیمان مۆڵه‌تی فه‌رمیشی بۆ وه‌ربگرین و تاوه‌كو 2007یش به‌رده‌وام بوو و زیاتر له‌بیست ژماره‌شی لێ ده‌رچوو، ئیتر له‌به‌ر شه‌رت و زروفێكی خۆم بۆ ماوه‌یه‌ك له‌خورماتوو نه‌مام و هاوكات له‌بێ ئیمكانیش ئیتر نه‌مانتوانی درێژه به‌و بڵاوكراوه‌یه بده‌ین. به‌ڵام بانگه‌شه‌ی گۆڕان خۆی له‌خۆیدا تۆماركردنی مێژوویه‌كی گرنگ بوو هه‌روه‌ها سایتی ئه‌لكترۆنیشمان بۆی دانا له‌و كاته‌دا كه ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی شارن و موتابه‌عه‌ی سایته‌كانیان بكردبا ده‌یانتوانی خورماتوو قه‌ڵه‌مه‌كانی بناسن له‌رێگای ماڵپه‌ڕی بانگه‌شه‌ی گۆڕانه‌وه.
*ئه‌ی گۆڤاری حه‌مرین؟
-گۆڤاری (حه‌مرین) یش ئه‌مساڵ به‌ده‌سپێشخه‌ری خاتوو (شه‌كر مه‌جید) ده‌رمانچواند، جارێكی تر هه‌ستمان به‌و كه‌لێنه كرد كه شاره‌كه‌مان پێویسته گڕوتێنێكی پێ بدرێت و هاوكات كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری گه‌نج و نوێ بهێنینه پێشه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی له‌و مارژیناڵیه ده‌ربچین كه له‌چوارچێوه‌یه‌كدا ماوین و بتوانین بیری نوێ بخه‌ینه گڕ توانیمان ئه‌و گۆڤاره‌ی ده‌ربخه‌ین كه گۆڤارێكی رۆشنبیری گشتیه‌و به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌رده‌چێت، خاتوو شه‌كر مه‌جید خاوه‌ن ئیمتیازێتی و خۆشم سه‌رنووسه‌ریم.
*كۆمه‌ڵگای ئێمه مه‌خابن زۆرێك له‌تاكه‌كانی گه‌ر مرۆڤێك توانایه‌ك یان به‌هره‌یه‌كی تێدابێت دژایه‌تی ده‌كه‌ن تۆ وه‌به‌ر ئه‌و دژایه‌تیانه كه‌وتووی؟
- له‌ساڵی (2006) بابه‌تێكم نووسی له‌ژێر ناونیشانی (گه‌ر دژایه‌تی نه‌كرێ هیچت نه‌كردووه)، بێگومان به‌ش به‌حاڵی خۆمان دژایه‌تی كراوین زۆرجار به‌راسته‌وخۆ پێم وتراوه تۆ منداڵیت و خۆت له‌شتی گه‌وره ده‌ده‌ی یان له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك نووسین له‌سایته‌كان و رۆژنامه‌كان نامه‌ی ته‌هدیدم چه‌ندین جار بۆ هاتووه به ئیمێڵ و له‌رێگه‌ی مۆبایلیشه‌وه. به‌ڵام هیچ له‌و ته‌هدیدانه من ناترسێنێت، چونكه ئێمه گه‌ر له‌رووی مێژوویشه‌وه ته‌ماشا بكه‌ین ده‌بینین هه‌ر بیرۆكه‌و فكریه‌كی نوێ دژایه‌تی كراوه و هه‌وڵی له‌نێوبردنی دراوه و ئه‌م جۆره بابه‌تانه‌ش نابێت ئێمه واقمان له‌ئاستیا وڕ بمێنێت چونكه ئێمه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوڕاستدا ژیان ده‌كه‌ین و كۆمه‌ڵگای ئێمه كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوه و هێشتا هزری میللیگه‌رایی سه‌ره‌تا و فێوداڵیزم و ئیسلامگه‌رای تێاماندا حاكمه، بۆیه له‌ژینگه‌یه‌كی وایا هه‌ر دژایه‌تی ده‌كرێ. گه‌ر مونافه‌سه‌ی شه‌ریفانه هه‌بێت ئاسایه، به‌ڵام نه‌وه‌ك خۆت هیچت پێ نه‌بی َو دژایه‌تی خه‌ڵكیش بكه‌یت. كێشه‌ی سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه كه له‌كۆمه‌ڵگاداو له‌ناو چینی رۆشنبیردا خۆ به‌گه‌وره زانین هه‌یه كه ئه‌مه‌ش بۆوه‌ته نه‌خۆشیه‌ك، مه‌خابن ئه‌م چه‌مكه‌ش نامانگه‌یه‌نێته هیچ و ناتوانین هیچ به‌هیچ بكه‌ین تۆ ئه‌و كاته گه‌وره‌ی كه دڵ نزم و لێبورده بیت و هه‌رچی بزانی به‌خه‌ڵكی بڵێت و خه‌ڵكی فێر بكه‌یت، من چی له‌كه‌سێك بكه‌م كه له‌هه‌ر بوارێكدا با پرۆفیسۆریش بێت، به‌ڵام سوودی بۆ ده‌وروبه‌ر نه‌بێ هیچ واتایه‌كی نییه.
*ئه‌و نووسه‌ره گه‌نجانه‌ی كه هاتونه‌ته ناو دونیای نووسینه‌وه ئایا هیچ شتێكی نوێیان پێیه؟
-بێگومان جێگای دڵخۆشیه كه گه‌نجان بێنه ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه، به‌هزر و بێرێكی نوێوه و ئاكتیفانه بتوانن گوڕ به خۆیان بده‌ن له‌پێناو ژیانێكی باشتردا، له‌كوردستاندا چه‌ندین قه‌ڵه‌می دیاری گه‌نجان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ش هه‌ریه‌كه و به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك رۆشتووه، هه‌ندێك هه‌یه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات و قوتابخانه و كۆمه‌ڵگاو هه‌موو شتێك ره‌تده‌كه‌نه‌وه و رشبینی له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه. هه‌ندێكی تریش هه‌یه كه هه‌میشه به‌حزبه‌كانیاندا پیاهه‌ڵدان ده‌كه‌ن و جۆرێكی تریش هه‌یه ده‌یانه‌وی ره‌خنه بگرن و هاوكات چاره‌سه‌ریشی بۆ بدۆزنه‌وه، من قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌یه زیاتر، چونكه نابێت ئێمه هه‌موو شتێك ره‌تدبكه‌ینه‌وه و نابێتیش به‌هه‌موو شتێك رازی بین، بۆیه ده‌بێت پێوانانه له‌مه‌سه‌له‌كه بڕوانین بۆ نمونه نابێت رق و كینمان به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌بێت و هاوكاتیش نابێت پیاهه‌ڵدان بكه‌ین به‌شان و باڵیا، ئه‌وه‌ی كه كراوه له‌هه‌موو بواره‌كانه‌وه دیاره‌و له‌به‌ر چاوه هه‌ر كه‌موكوڕیه‌ك هه‌بێت و جێگای ره‌خنه بێت له‌پێناو باشتر كردن ودروست كردن ره‌خنه ده‌گرین و هاوكات رێگه چاره‌یه‌كانیش ده‌خه‌ینه روو، بۆیه من زۆر گه‌شبین ده‌بم به‌وه‌ی كه گه‌نجان بێنه ناو ئه‌م گۆڕه‌پانه‌وه و ئێستاش من له‌گۆڤاری حه‌مرین ئه‌و قه‌ڵه‌مه تازانه‌ی كه ده‌نووسن زیاتر پشتگیریان ده‌كه‌م و بۆیان بڵاوده‌كه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین كه ئیش و كار راناوه‌ستی ئه‌گه‌ر تۆی به‌ته‌مه‌نیش باوه‌ڕت پێم نه‌بێ، بۆیه بۆ ئیسپات وجودی گه‌نج ده‌بێ هه‌میشه بۆچون و بابه‌ت و ره‌خنه‌كانی بخاته روو به‌بێ هیچ سانسۆرێك.
*گه‌نجان به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه ئه‌وه‌نده خۆیان له‌سیاسه‌ت ناده‌ن تۆ چۆن زیاتر بابه‌تی سیاسیانه ده‌نووسی؟
-له‌باشووری كوردستاندا هه‌نووكه سیاسه‌ت تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌بینن كه وه‌كو شتێكه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رو هه‌ندێ جاریش قێزه‌وه‌ن ده‌یبینن، وه‌كو چۆن بته‌وێت فێڵ له‌كه‌سێك بكه‌یت گه‌ر نه‌توانێ فێڵه‌كه‌ت بكه‌یت ئه‌وه پێ ده‌ڵین سیاسی نیت، به‌مه‌ش حاڵه‌تێكی وامان لا دروست ده‌بێ گه‌ر هه‌ر ناوی سیاسه‌ت بێنن پێكه‌نینمان بێت. ئه‌گه‌ر ریالیستیانه بیربكه‌ینه‌وه سیاسه‌ت بۆ خۆی به‌واتای جوانكردنی شته‌كان و هونه‌ری ژیان ده‌گه‌یه‌نێ، سیاسه‌ت په‌یوه‌سته به‌ژیانمانه‌وه، ئێمه وه‌كو كوردیش له‌هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك زیاتر پێویستیمان به‌سیاسه‌ته، چونكه ره‌وش و بارودۆخێكی تایبه‌تمان هه‌یه، ده‌بێت خه‌مێكیش له‌وه بخوێن كه گه‌نجی سیاسیشمان پێویسته، به‌ڵام وه‌ك وتم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت وه‌كو شتێكی پۆچ ده‌بینن زۆربه‌ی گه‌نجان خۆیان له‌قه‌ره‌ی سیاسه‌ت ناده‌ن، هه‌ربۆیه ده‌بینین سیاسیه‌كانی ئه‌م وڵاته زۆربه‌یان به‌ته‌مه‌نن زۆر به‌ده‌گمه‌ن گه‌نجێكی سیاسی ده‌بینی یان پۆستێكی باڵای هه‌بێت، بۆیه منیش زیاتر هه‌ستم به‌و لایه‌نانه كرد و زیاتر بایه‌خم به‌كاروباری سیاسی دا‌و ئێستاش هه‌ر له‌به‌شی یاسا‌و رامیاری ده‌خوێنم.
*دوا وته‌ت؟
-دوا وته‌م ئه‌وه‌یه كه گه‌نجان زیاتر جۆش و خرۆشێك بده‌ن به خۆیان و هه‌ر یه‌كه و له‌بواری خۆیدا ئاكتیفانه بتوانێت به‌ئه‌ركه‌كانی خۆی هه‌ڵبسێ، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین كه وڵاتی ئێمه وڵاتێكی گه‌نجانه‌یه‌و به‌رۆحێكی گه‌نجانه‌وه ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
