د. جه‌عفه‌ر عه‌لی پێی وایه بوونی لیستی سه‌ربه‌خۆ له ئێستای كوردستاندا بۆته پێویستییه‌كی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و، ته‌نانه‌ت عه‌قڵانیش، له پێناوی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی هێزی ئه‌و حیزبانه‌ی پێیانوایه ده‌سه‌ڵات واتا مۆنۆپۆلكردنی سیاسه‌ت و ئیداره‌و ئابووری و بازاڕ. ئه‌و لیسته‌ی له كوردستاندا به كرده‌وه خاوه‌نی په‌یامی نه‌هێشتن و قه‌ده‌غه‌كردنی قۆرخكاری سیاسیی و ئابووری بێت، ئامانجی سه‌ره‌كی كرانه‌وه‌و شه‌فافیه‌ت و فراوانكردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی ئازادی بێت، بێگومان ده‌توانێت ده‌نگه جیاواز‌و ناڕازییه‌كانیش له دۆخی ئێستای كوردستاندا تا راده‌یه‌ك له خۆی كۆبكاته‌وه‌و ئایینده‌ش مسۆگه‌رتر بكات. له‌م دیدارهێكدا د. جه‌عفه‌ر عه‌لی مامۆستای كۆلیجی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان رانیه‌ی سه‌ربه زانكۆی كۆیه به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه.
شه‌نكار/ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت له‌واده‌ی خۆی، ئایا دواكه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی؟ ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی پرسیار دروستناكات له‌سه‌ر سیته‌می سیاسی كوردستان؟
د. جه‌عفه‌ر عه‌لی: به‌پێی سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی، واته 19/5/2009 كه ماوه‌یه‌كی زۆر له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه به سووربوونه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرایه‌وه، كارێكی دوور له چاوه‌ڕوانییه، به‌و واتایه‌ی كارێكه بۆ جارێكی دیكه ئه‌و راستییه‌مان پێ نیشانده‌داته‌وه، كه ئه‌وه په‌رله‌مان نییه واده‌ی هه‌ڵبژاردن له كوردستان دیاریده‌كات، به‌ڵكو له راستیدا ئه‌وه مه‌كته‌بی سیاسیی دوو حیزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستانن دوا بڕیاری دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنیان لایه‌و، په‌رله‌مانیش وه‌ك نوێنه‌ری زۆرینه‌ی ئه‌وان ته‌نیا ئه‌ركی خستنه ده‌نگدانی پێشنیازی ئه‌وان و دواجاریش به‌ده‌ستهێنانی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامه‌كانیه‌تی بۆ په‌سه‌ندكردنی، به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی نێو په‌رله‌مان و رێژه‌ی یاساییش شتێكه بۆ زانینی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ر بڕیارێك ره‌نگه پێویستی به لێوردبوونه‌وه‌ی زۆر نه‌بێت، چونكه خودی په‌رله‌مان تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستامان نه‌یتوانیوه خۆی له هه‌ژموونی حیزبی و به‌ڵێ ئاماده‌كانی بۆ پێشنیازه‌كانی حیزب رزگار بكات.
ئه‌وه ته‌نها دواكه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن نییه سیسته‌می سیاسیی كوردستان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌و سیسته‌مه به‌ده‌ر له‌مه‌ش، له ژێر ده‌یان پرسیاری جدیی سیاسیی و یاسایی و نه‌ته‌وه‌ییدایه، حكومه‌ت و په‌رله‌مان له كوردستان هێنده‌ی له ده‌زگایه‌كی حیزبی ده‌چن، هێنده نه‌بوون به ده‌زگایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، هێنده‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر باری قورس و هه‌ژموونی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتی حیزبییه‌وه، هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه ببنه ده‌سه‌ڵاتێكی دامه‌زراوه‌یی – مه‌ده‌نی و دیموكراسیانه.
بۆیه له ده‌ره‌وه‌ی له دواخستنی پرۆسه‌ی ههڵَبژاردنیش، سیسته‌می سیاسیی له كوردستان له ژێر پرسیاردایه، بێگومان دواخستنی هه‌ڵبژاردنیش، كه هۆكاری سه‌ره‌كی خودی په‌رله‌مان خۆیه‌تی، ئه‌م سیسته‌م و ئه‌زموونه ده‌خاته ژێر پرسیاری قورسترهوهو، بێ ئومێدی خه‌ڵكیش له به‌رانبه‌ریان وه‌ك ده‌زگایه‌كی ته‌شریعی سه‌ربه‌خۆ قوڵتر ده‌كاته‌وه.
شه‌نكار/گرنگیی به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردندا چییه؟ئایا هاووڵاتییان ده‌توانن هه‌ڵبژاردن بكه‌نه سه‌كۆیه‌ك بۆ گۆڕانكاری؟ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان به‌شداربن گۆڕانكاری دروست ده‌بێت؟
د. جه‌عفه‌ر عه‌لی: له هه‌ر وڵاتێكی دیموكراسیدا، ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، له رێی هه‌ڵبژاردن و سندوقی ده‌نگدانه‌وه دێته دی، ئه‌وه پرۆسه‌ی به‌رفراوانی به‌شداری خه‌ڵكه ده‌توانێت له هه‌ڵبژاردنێكی دیاریكراودا حیزبی (ڕ) بخاته جێگه‌ی حیزبی (ب) ی ده‌سه‌ڵاتدار.
دیموكراسی له جه‌وهه‌ردا پرۆسه‌ی به‌شداری پێكردنی خه‌ڵكه له بڕیاری سیاسیی، له ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه هاووڵاتیانن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا كه‌سێكی دیاریكراو یان چه‌ند كه‌سێك ده‌به‌نه ئاستی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك، به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن ناڕاسته‌وخۆ ده‌بێته به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسیی-ئابووری وڵات‌دا، بۆیه له بڕوای مندا به‌شداری به‌رفراوانی هاووڵاتیان له رووكردنه سندوقه‌كانی ده‌نگدان چه‌ند گرنگه، چۆنیه‌تی ئه‌و بهشداریكردنهو چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كان له‌و گرنگتره. من به‌ش به‌حاڵی خۆم ئومێدی زۆرم به گۆڕانكاری هه‌یه له رێی به‌شداری خه‌ڵكه‌وه، ده‌شێت ئه‌م گۆڕانه دوابكه‌وێت، به‌ڵام بوونی پێویستییه‌و، كارێكی نا عه‌قڵانییه پێمانوابێت روونادات.
شه‌نكار/زیانه‌كانی به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردندا چۆن ده‌بینیت، ئایا به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردندا درێژه‌دان نییه به‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌كوردستان؟ كاریگه‌ریی هۆشیاریی هاووڵاتییان له‌ئاست گرنگیی ده‌نگدان و به‌كار هێنانی سندوقی هه‌ڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری چۆن ده‌بینیت؟
د. جه‌عفه‌ر عه‌لی: ئه‌گه‌ر به‌شداری به‌رفراوانی خه‌ڵك له گۆڕینی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردندا به ئاراسته‌ی نوێبوونه‌وه‌و گۆڕان له شێوازی موماره‌سه‌ی كاری به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌ت له كوردستان، گرنگ بێت، بێگومان به‌شدارینه‌كردن ده‌بێته مایه‌ی زیانێكی قورس و به‌ر پرۆسه‌ی گۆڕان ده‌كه‌وێت.
ده‌بێت هاووڵاتیانی ئێمه له‌و راستییه تێبگه‌ن، كه نه‌چوونی هه‌ر كه‌سێك بۆ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان، راسته‌وخۆ خزمه‌تێكی گه‌وره به هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان ده‌كات، چونكه له زۆربه‌ی حاڵهتهكانداو زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش، كه بڕیاری نه‌چوون بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌بژێرن، ئه‌و كه‌سانه‌ن، كه له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كانن و له شێوازی كاری سیاسیی و ئیداری ئه‌وان ناڕازین. ناڕازیبوون له سیاسه‌ت و ئیداره له كوردستان، راستگۆ نه‌بوون له ئاست به‌شێكی زۆر له‌و به‌ڵێنانه‌ی، كه حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵكی كوردستانیان داوه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتر، به‌شێكی زۆر له هاووڵاتیانی كوردستانیان رووبه‌ڕووی بێ ئومێدییه‌كی قوڵ كردۆته‌وه، به‌ڵام بێ ئومێدییه‌كی ئاسۆ تاریك چه‌ند خزمه‌ت به مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كات، كه هۆكارێكی گه‌وره‌ی دروستكردنیه‌تی، هه‌مانكات درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و حیزبانه‌شه، كه تا هه‌نووكه پیرۆزییه‌كانی نیشتمان و نه‌ته‌وه به‌لای ئه‌وانه‌وه زۆر بچووكتره له پیرۆزییه‌كانی حیزب.
بۆیه به‌شداری نه‌كردن جگه له‌وه‌ی راسته‌وخۆ ده‌نگدانه بۆ هێشتنه‌وه‌و درێژكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسیی-ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی ئێستای كوردستان، ده‌بێته هه‌رچی زیاتر قوڵكردنه‌وه‌ی نائومێدی و دواخستنی گۆڕانیش بۆ كاتێكی دوورتر. بۆیه پێویسته بێ هیوایی نه‌مانباته ئاستی رووخان، به‌ڵكو خودی بێ هیوایی ده‌شێت بكرێته ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی، كه به‌ر له هه‌ر شتێكی دیكه رووناكی به تاریكییه‌كان و هیواش به بێ هیوایی ببه‌خشێته‌وه.
شه‌نكار/رۆڵی رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دواجاریش پرۆسه‌ی گۆڕان و بڕیار چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ هه‌ندیكجار رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر بایكۆتكردن، ئایا له‌م قۆناغه‌دا په‌نا بردنه به‌ر بایكۆت كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ گۆڕانكاریی سیاسی؟
د. جه‌عفه‌ر عه‌لی: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان، یان راستتر بڵێین رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بریتی بێت له‌و ژماره زۆره‌ی رێكخراو‌و سه‌ندیكایانه‌ی، كه هه‌موو حیزبه سیاسییه‌كانی كوردستان دایانمه‌زراندوون، ئه‌وه به هیچ پێوه‌رێكی هاوچه‌رخی كاری پیشه‌یی، نه پیشه‌یین و نه كار بۆ به مه‌ده‌نیكردنی كۆمه‌ڵگه‌و فراوانكردنه‌وه‌ی په‌راوێزه بچووكه‌كانی دیموكراسی ده‌كه‌ن له كوردستاندا. بڕوام وایه له كوردستاندا حیزب چه‌ند به‌رپرسه له تێكشكاندنی پره‌نسیپ و ئه‌خلاقیاتی دیموكراسی، ئه‌و رێكخراوانه‌ی خوێندكاران، قوتابیان، ژنان، ئافره‌تان، خوشكان... هتاد، وه‌كو حیزبه‌كانیان به‌رپرسیارێتی بێ نرخكردنی به‌هاكانی دیموكراسیان له ئه‌ستۆ دایه.
راستییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان، رێكخراو‌و سه‌ندیكاكانی سه‌ر به حیزب بێت، نه‌مبیستووه هیچ یه‌كێك له‌و رێكخراوانه بایكۆتی هیچ هه‌ڵبژاردنێكی كوردستانیان كردبێت، چاوه‌ڕوانیش ناكرێت به پێی سیسته‌می كاركردنی ئێستایان له ئاینده‌یه‌كی زوودا وه‌كو رێكخراو، نه‌ك وه‌كو كه‌سانی جیاجیای نێو رێكخراوه‌كان، له ده‌ره‌وه‌ی فرمانه سیاسییه‌كانی حیزب، بۆ ته‌نها یه‌كجاریش بێت ئیراده‌ی خۆیان له فۆرمی بایكۆتی نه‌ك پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵكو بڕیارێكی حیزبیش نیشان بده‌ن. كێشه‌ی ئێمه له‌وه‌دایه، كه ئیراده‌ی بایكۆت كردنمان تێكشكێنراوه، ئێمه نه‌مانتوانیوه له به‌رانبه‌ر په‌یامه ئه‌به‌دییه‌كانی حیزب ئیراده بنوێنین و بوونمان بسه‌لمێنین. ئه‌و كاته‌ی بایكۆت كردن ده‌بێته هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیف به ئاراسته‌ی گۆڕان و ریفۆرم له بونیادی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، ده‌بێته فشارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ بهئاگاهێنانهوهو به‌خۆداچوونه‌وه‌ی سیاسییه‌كانمان، لێره‌دا بایكۆت كردن ده‌بێته پێداویستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و پێویسته پشتگیری گه‌وره كردنه‌وه‌ی بكرێت، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هێزه سیاسییه وه‌ستاو و هاوكێشه سیاسییه وه‌ستاوه‌كاندا، ده‌نگ و ره‌نگی گۆڕانكاری دێته نێو مه‌یدانی كاری سیاسییه‌وه، ئه‌و كاته بایكۆت كردنی هه‌ڵبژاردن ده‌بێته مه‌ترسی و كۆسپێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌م پرۆسه‌ی گۆڕینی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات و ئیداره له كوردستان به ئاراسته‌ی به‌ره‌و باشتر چوون.
شه‌نكار/ ئایا لیستی داخراو گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی داخراو نییه كه هاووڵاتیان نازانن كام كه‌س به‌چ پرۆژه‌یه‌كه، چ باكگراوندێكی سیاسی، به چ ئاستێكی خوێنده‌واری و هۆشیاری له‌پاش ته‌واوبوونی پرۆسه‌كه ده‌بێت بهنوێنهریان؟ ئایاویست و ئیراده‌ی كه‌سانی ده‌ستنیشانكراو كه له‌لایه‌ن لیستی داخراوه‌وه ده‌نێردرێنه په‌رله‌مان تا چه‌ند ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵك و خۆیه‌تی؟ ئێوه له‌وبڕوایه‌دان بوونی لیستی كراوه ده‌توانێت قۆناغێكی دیكه بێت له‌و گۆڕانه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت؟
د. جه‌عفه‌ر عه‌لی: سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بڵێم، هیچ یه‌كێك له‌و دوو شێوازه‌ی هه‌ڵبژاردن (لیستی داخراو یان لیستی كراوه) پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما هاوچه‌رخه‌كانی دیموكراسی نین، به‌ڵام ده‌شێت به پێی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وڵات و واقیعێكی سیاسیی – كۆمه‌ڵایه‌تی – نه‌ته‌وه‌یی – ئایینی و مه‌زهه‌بی دیاریكراو، ئه‌میان له‌ویدیكه گونجاوتر بێت. له زۆرێك له وڵاتانی پێشكه‌وتووی دونیاشدا هه‌ردوو شێوازه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن به ئه‌ندازه‌ی جیاجیا بوونیان هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره به كوردستانه‌وه‌و هه‌میشه پاساوێكی ئاماده‌ی حیزبه سیاسییه گه‌وره‌كانی كوردستان و ئه‌ندام پهرلهمانهكانیشیانه له په‌رله‌مانی كوردستان، بریتییه له‌وه‌ی گوایه شێوازی لیستی داخراو له كوردستان تا ئێستا سه‌ركه‌وتوو بووه، به بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن كامه‌یه سه‌ركه‌وتنه‌كانی.
بێگومان مرۆڤه ساده‌كانی ئه‌م وڵاته‌ش ده‌زانن، كه له كوردستان تا ئه‌م ساته وه‌خته‌ش پرۆسه‌ی دیموكراسی به هه‌ڵبژاردن و شێوازه‌كانی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه نه‌ك هه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی نا ته‌ندروست و نا ته‌واو و پڕ له كه‌موكورتی بووه.
پێموایه له كوردستاندا كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌وه‌دا نییه كام شێوازی هه‌ڵبژاردن كاری پێده‌كرێت، به‌ڵكو كێشه له‌وه‌دایه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جۆر‌و شێوازی هه‌ڵبژاردندا ده‌كرێت. گرفتی ئێمه هێنده‌ی له‌گه‌ڵ گه‌مه‌ی نا دیموكراتی و نا عه‌قڵانی و عه‌قڵی داخراوی حیزبه‌كان و سیاسییه‌كانی كوردستان بووه، هێنده له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌و له شێوازی لیستی داخراو نه‌بووه، بڕوام وایه حیزبه سیاسییه گه‌وره‌كانی كوردستان جوانترین شێوازی دیموكراسیش له هه‌ڵبژاردن په‌یڕه‌و بكه‌ن، هێشتا به عه‌قڵی نا شه‌فاف و داخراو و په‌یامی ئه‌به‌دی بوونی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ناتوانن تا سه‌ر دیموكراسیانه مامه‌ڵه بكه‌ن، چونكه به ته‌نها پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی شێوازی هه‌ڵبژاردن نا‌توانیت رووه ناشیرین و تاریكه‌كانی ده‌سه‌ڵات له كوردستان بشاردرێته‌وه.
ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵات، هه‌ڵبژاردن ده‌كاته په‌رده‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌كانی خۆی و، رووی راسته‌قینه‌ی خۆی پێ بشارێته‌وه، یان ده‌یكاته ئه‌و په‌رده‌یه‌ی تا به پێی خواست و ویستی خۆی له پشتییه‌وه چۆن ده‌خوازێت ئاوا خۆی نمایش بكات، هه‌مانكات هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش ده‌شارێته‌وه، كه ده‌خوازێت ده‌رنه‌كه‌ون و نه‌زانرێن، واته ئه‌و شتانه‌ی، كه ده‌سه‌ڵات به مه‌به‌سته‌وه ده‌یانشارێته‌وه، به‌ڵام هه‌وڵی به‌دیهێنانیان ده‌دات. لێره‌داو له به‌رانبه‌ر عه‌قڵیه‌تێكی له‌مجۆره له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كایه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵاتدا، كاركردن به لیستی داخراو یان لیستی كراوه، هیچ له‌و وێنه‌یه كاڵ ناكاته‌وه، كه جیزبه گه‌وره‌كانی كوردستان به خه‌تێكی تۆخ له مێشكی خۆیاندا تۆماریان كردووه. ئه‌گه‌رچی پێموایه هه‌ڵبژاردن به شێوازی لیستی كراوه ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنی زۆرتر ئازادانه‌تر ده‌داته ده‌نگده‌ر به به‌راورد به شێوازی لیستی داخراو.
له لیستی داخراودا ده‌نگده‌ر له‌به‌رده‌م ته‌نها یه‌ك هه‌ڵبژاردندا راده‌گیرێت، ئه‌ویش ده‌نگدانه به لیستی حیزب یان هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی دیاریكراو، به‌ڵام له لیستی كراوه‌دا ده‌نگده‌ر له به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی زۆرتر‌و گه‌وره‌تردایه، كه كه‌سه‌كانن، نه‌ك لیسته‌كان، به دروستكردنی لیستی تایبه‌تی خۆیشیانه‌وه له نێو لیسته جیاجیاكاندا.
زۆرجار گوێ بیستی ئه‌وه ده‌بین، كه لایه‌نی نێگه‌تیڤی لیستی كراوه ئه‌وه‌یه له‌وانه‌یه، كه سه‌رۆك خێڵێك یان كه‌سایه‌تییه‌كی دینی كۆنزه‌رڤاتیڤ یان ده‌ره‌به‌گێكی گه‌وره بگه‌یه‌نێته په‌رله‌مان. ئه‌مه به بڕوای من پاساوێكه بۆ هه‌ركه‌س و لایه‌نێكی سیاسیی له دونیادا جۆرێك له ره‌وایه‌تی هه‌بێت، بۆ حیزبه گه‌وره ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان مهشروعیهتێكی نییه، چونكه ره‌فتارو په‌روه‌رده‌ی سیاسیی ئه‌م حیزبانه له كوردستان، ره‌فتارو په‌روه‌رده‌ی تێكشكاندن و پووكاندنه‌وه‌ی خێڵه‌كی و ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كۆنزهرڤهتیڤانهی دینی نه‌بووه، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی سوود وه‌رگرتن له ئاستی جه‌ماوه‌ری بوونیان هه‌ر خۆیان له رێی لیستی داخراوه‌وه، نه‌ك لیستی كراوه ژماره‌یه‌كیان لێگهیاندوونهته ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له حكومه‌ت و په‌رله‌مان كوردستاندا.
شه‌نكار/ ئایا لیستی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت ده‌نگه نارازییه‌كان له‌خۆی كۆبكاته‌وه‌و ببێته هێزێك ركه‌به‌ری لیسته‌كانی تر بكات؟ به‌تایبه‌تی له‌م بارودۆخه‌دا ناڕه‌زایی گه‌شتووه‌ته لوتكه؟ لیستی ئۆپۆزسیۆن چۆن ده‌بێته ده‌نگی ده‌نگه جیاوازه‌كانی دره‌وه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات؟
د. جه‌عفه‌ر عه‌لی: گرنگ نییه لیست سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت یان لیستی حیزب و گروپێكی سیاسیی دیاریكراو، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه لیستێك له ده‌ره‌وه‌ی لیستی یه‌كێتی و پارتیدا هه‌بێت، به‌ڵام تاراده‌یه‌ك هێزی ئه‌وه‌ی هه‌بێت له رێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، پرۆسه‌ی سیاسیی و شێوازی بیرۆكراتیانه‌ی ئیداره‌و ئابووری له كوردستان به ئاراسته‌ی گۆڕانێكی بنچینه‌یی و هێمنانه بله‌رزێنێت.
له كوردستاندا یه‌كێتی و پارتی به پشتبه‌ستن به رابردوویان (كه بێگومان هه‌مووی جوان نییه) خۆیان به خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌زانن، كه له راستیدا موڵكی گه‌له، نه‌ك موڵكی ئه‌وان. ترسناكترین روانینی سیاسیی ئه‌م دوو حیزبه ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێت هه‌ر خۆیان خاوه‌نی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌و ته‌واوی سامان و داهاتی نیشتمانی كوردستان بن، ئه‌مه‌ش روانین و سیاسه‌تێكه تا سه‌ر ئێسك نا دیموكراسیانه‌و، به كرده‌وه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یان نیشانداوین. ره‌نگه ئه‌سته‌م بێت له دونیای دیموكراسیدا بۆ حیزبێكی سیاسیی یان بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌كی فه‌رمانڕه‌وا بگه‌ڕێیت ئیدیعای دیموكراسیه‌ت بكات و هه‌مانكات له هه‌وڵی قۆرخكردنی ته‌واوی كه‌ناڵه جیاجیاكانی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵدا بێت. لێره‌وه بوونی لیستێك له ده‌ره‌وه‌ی لیستی یه‌كێتی و پارتی ده‌بێته پێویستییه‌كی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نوكه‌یی و نرخ و بایه‌خی سیاسیی خۆی وه‌رده‌گرێت.
بێگومان له كوردستاندا ده‌نگه‌كانی ناڕازیبوون له كایه‌ی سیاسیی و ئیداری كوردستان، پانتاییه‌كی فراوانی شه‌قامی كوردی، ناوه‌نده‌كانی زانكۆ‌و رۆشنبیران و گه‌نجان و خوێندكاران... هتاد داگیركردووه، به‌ڵام تا چه‌ند توانای رێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگه ناڕازیانه هه‌یه ئه‌مه‌یان پرسیارێكی دیكه‌یه‌و پێویستی به كاری هه‌موو دڵسۆزان و نیشتمان په‌روه‌ران ده‌بێت، به مانایه‌كی تر میكانیزمی كۆكردنه‌وه‌و رێكخستنی ده‌نگه ناڕازییه‌كان چییه، كێیه، چ لیستێك ده‌بێت، تاوه‌كو ئێستا ئاماژه‌كان له‌م رووه‌وه ته‌واو روون نین، قسه له‌باره‌ی بوونی لیستی جیاواز ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا به كرده‌وه شتێكی له‌مجۆره رانه‌گه‌یه‌ندراوه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی بۆچوون و لێكدانه‌وه‌كان ئاماژه به لیستی سه‌ربه‌خۆی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌ن.
بوونی لیستی سه‌ربه‌خۆ به بڕوای من له ئێستای كوردستاندا بۆته پێویستییه‌كی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و، ته‌نانه‌ت عه‌قڵانیش، له پێناوی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی هێزی ئه‌و حیزبانه‌ی پێیانوایه ده‌سه‌ڵات واتا مۆنۆپۆلكردنی سیاسه‌ت و ئیداره‌و ئابووری و بازاڕ. ئه‌و لیسته‌ی له كوردستاندا به كرده‌وه خاوه‌نی په‌یامی نه‌هێشتن و قه‌ده‌غه‌كردنی قۆرخكاری سیاسیی و ئابووری بێت، ئامانجی سه‌ره‌كی كرانه‌وه‌و شه‌فافیه‌ت و فراوانكردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی ئازادی بێت، بێگومان ده‌توانێت ده‌نگه جیاواز‌و ناڕازییه‌كانیش له دۆخی ئێستای كوردستاندا تا راده‌یه‌ك له خۆی كۆبكاته‌وه‌و ئایینده‌ش مسۆگه‌رتر بكات.
شه‌نكار/ ئه‌وه‌ی تائێستا دیاره چوار حیزبه‌كه به‌یه‌كه‌وه داده‌به‌زن ونه‌وشیروان مسته‌فاش لیستی ده‌بێت، به‌بۆچونی جه‌نابت هه‌ریه‌كه له‌م دولیسته چ ڕۆڵێكیان ده‌بێت؟ ئایا ئه‌م دوو لیسته ده‌توانن هاوكێشه سیاسیه‌كان بگۆڕن؟
د. جه‌عفه‌ر عه‌لی: تا ئێستا ته‌واو روون نییه ئایا چوار حیزبه‌كه (زه‌حمه‌تكێشان، سۆسیالیست، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) به یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن یان نا، سه‌باره‌ت به نه‌وشیروان مسته‌فاش زۆربه‌ی ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌یه، كه لیستی سهربهخۆو تایبه‌تی ده‌بێت.
بێگومان گۆڕان یان كاركردن بۆ گۆڕانی هاوكێشه‌ی سیاسیی له كوردستان، كه راسته‌وخۆ به مانای كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی سیاسیی و ئابووری یه‌كێتی و پارتییه، ره‌نگه هه‌روا كارێكی ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه. واته ده‌شێت لیسته جیاوازه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی لیستی یه‌كێتی و پارتی و ده‌نگه ناڕازییه‌كان ببنه ئه‌و سه‌ره‌تا ئومێد به‌خشه‌ی، كه گۆڕان ئه‌گه‌رچی قورسه، به‌ڵام ئه‌سته‌م نییه. له بڕوای مندا ئه‌و لیستانه ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنیشدا ده‌نگی خوازراو به‌ده‌ست نه‌هێنن، هێشتا هه‌ر براوه‌ن، چونكه ده‌بنه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی جدیی له وڵاتێكدا، كه هێشتا ئۆپۆزسیۆن بوون له به‌رانبه‌ر یه‌كێتی و پارتیدا بوونی نییه.
رۆڵی لیستی جیاواز له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت و عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی یه‌كێتی و پارتی، ئه‌گه‌ر ئه‌و لیسته بتوانێت جیاوازی گه‌وره له به‌رانبه‌ر شێوازی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی چه‌قبه‌ستوانه‌ی هێزه سیاسییه گه‌وره‌كانی كوردستان نیشانبدات، بتوانێت بازنه‌كانی گه‌مه‌ی دیموكراسی فراوانتر بكاته‌وه‌و به كرده‌وه كار بۆ نه‌هێشتنی سیاسه‌تی ره‌نگ كردنی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و كۆمه‌ڵگه به ره‌نگی حیزبی بكات، هه‌روه‌ها بتوانێت به به‌رنامه‌یه‌كی ورد‌و چڕوپڕه‌وه ده‌نگه ناڕازی و یاخییه‌كانی چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رێكبخات و كۆبكاته‌وه، بێگومان لیستێكی له‌مجۆره ده‌توانێت رۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت و كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاووڵاتیبوون و پره‌نسیپه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان رێكبخاته‌وه‌و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا بكاته كولتورێكی سیاسیی و ئه‌خلاقی و هه‌رگیز به مه‌رجی بردنه‌وه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی قبوڵ نه‌بێت.
دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه له كوردستاندا، كه حیزبه گه‌وره‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ته‌واوی كه‌ناڵه گرنگه‌كانی ژیاندا سه‌پاندووه، هه‌ر له ئیداره‌و داهات و سامانی گشتی وڵاته‌وه بگره تا ده‌گاته سوپا‌و ئاسایش و پۆلیس و میدیا، بیركردنه‌وه له هه‌موو ئه‌و گۆڕانه ریشه‌ییانه كارێكی تا بڵێی قورس و گرانه‌و به دووریش نازانرێت ده‌سه‌ڵات له كاتی مه‌ترسی جدیدا (مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حیزبی) گرفتی هه‌مه‌جۆری نا دیموكراسیانه‌ی بۆ دروست بكات، به‌ڵام ده‌مێك ساڵه وانه‌كانی مێژوو فێریان كردووین، كه گۆڕان حه‌تمیه‌تێكی مێژووییه‌و دره‌نگ یان زوو ده‌بێت ببێت، پرۆسه‌یه‌كه هیچ هێزو ده‌سه‌ڵاتێك چه‌ندیش قه‌به‌و پڕ چه‌ك بێت له رووی سیاسیی و سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه، ناتوانێت تا سه‌ر پێشی پێ بگرێت و كۆمه‌ڵگه و ئیداره‌و په‌روه‌رده‌و سیاسه‌ت له‌یه‌ك چوارچێوه‌ی تایبه‌ت و دیاریكراو به پێی خواست و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب بهێڵێته‌وه.
- ئه‌م دیداره له‌گۆڤاری شه‌قامدا بڵاوبووه‌ته‌وه
- ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
