سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوویی په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكی گرنگی ئه‌و پرۆسه‌یه (دڵشاد هاشم) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كرێكاران و ره‌نجده‌رانی كوردستان و به‌رپرسی مه‌كته‌بی
راگه‌یاندن به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی داینه‌وه:
پرسیار:هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رێوه‌یه، چۆن ده‌روانیته ئه‌م هه‌ڵبژاردنه و به‌شدار بوونی قه‌باره و لیستی جیاواز له چاو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر چۆن ده‌بینی... ؟
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه و هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان كه به پێودانگه‌كانی دیموكراسی ئه‌نجام ده‌درێن، پرۆسه‌یه‌كی دروسته و واتای نوێبوونه‌وه و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رۆڵی گه‌له له دیاری كردنی چاره‌نوس و ئاینده‌ی خۆی. به‌خشینه‌وه‌ی متمانه و پێدانی متمانه‌یه به كه‌سانی تر كه گه‌ل، ته‌نها گه‌ل له كۆمه‌ڵگه دیموكراسیه‌كاندا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ده‌سته، پێم وایه هه‌ر تاكێك له كاتی ئه‌نجامدانی پرۆسه دیموكراسیه‌كاندا به تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، هه‌ست به بوونی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه ناچن بۆ ده‌نگدان هه‌ست به بوونی خۆیان ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌مه مافی خودی خۆیه‌تی و كه‌س ناتوانێ نه لێی زوه‌ت بكات، نه به زۆر مومامه‌ره‌سه‌ی پێبكات.
هه‌ڵبژاردن به‌هه‌بوونی زۆری جیاوازه‌كانه‌وه جوانه، به هه‌بوونی زۆری لیسته‌كانه‌وه جوانه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له نێوان چه‌ند لیستێك قه‌تیس مابێت ئه‌وا پێی ناگوترێت هه‌ڵبژاردن و ناچێته خانه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی بێگه‌رد، به‌ڵكو شێوازێكه له شێوازه‌كانی دیكتاتۆریه‌ت. بۆیه هه‌بوونی ئه‌و لیسته جیاوازانه و به‌ژماره‌یه‌كی زۆر، نیشانه‌ی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌یه، نیشانه‌ی بوێری كۆمه‌ڵگه‌یه كه رێژه‌یه‌كی زۆری تاكه‌كانی ده‌یانهه‌وێت به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌ن و رێژه‌یه‌كی زۆری تریش ده‌یانه‌وێت به‌شداری له دیاری كردنی ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌ن، به‌مه‌ش رۆڵی ئه‌وان له ته‌نها ده‌نگدانه‌وه ده‌چێته قۆناغێكی پێشكه‌وتوتر و فراوانتر.
دیاره پێودانگی پێشكه‌وتن، ته‌نها به‌راورد كردنه له‌گه‌ڵ رابردوو، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆت جیاوازی نه‌بێت له‌گه‌ڵ دوێنێت كه‌واته دواكه‌وتویت. بۆیه ئێمه‌ش گه‌ر ئه‌م به‌راورده بكه‌ین، ئاسۆیه‌ك ده‌بینین، من به‌ش به‌حاڵی خۆم ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره به‌بوێرتر ده‌بینم له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو، چونكه هه‌ر له ئێستاوه ركابه‌رایه‌تی توند هه‌یه له نێوان لیسته‌كاندا ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر لێدوانه‌كان و ده‌رخستنی راستیه‌كان روونترن له جارانی پێشوو، ده‌رخستنه‌كان بوێرترن، ئێستاكه قسه له‌سه‌ر مه‌سه‌له شاراوه‌كان ده‌كرێت، قسه له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌می یه‌كتری و ده‌رخستنی شته باشه‌كان ده‌كرێت، به كورتی ئه‌مجاره ركابه‌رایه‌تی له‌سه‌ر داكۆكی كردنه له ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌ل و به‌هه‌ده‌ر نه‌دان و دادپه‌روه‌ری له دابه‌ش كردنی سامانه‌كه‌یه‌تی. له هه‌مووی جێگای خۆشحاڵتر ئه‌وه‌یه كه قسه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر خودی پاڵێوراوانی لیسته‌كان ده‌كرێت به‌جۆرێك كه هه‌وڵێك له ئارادایه بۆ خستنی كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو. به‌ڵام گه‌ر ره‌شبینی نه‌بێت، ئه‌مه ته‌نها ئاسۆیه‌ك و هاتنه‌دی هه‌موو خواسته‌كانمان نییه ده‌رهه‌ق به‌م پرۆسه گرنگ و هه‌ستیاره، چونكه هێشتا هه‌ردوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه لێك جیانه‌بوونه‌ته‌وه و حزبه‌كانی تر هێشتا متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆی خۆیان نییه، بۆیه ده‌بینین حزبی چه‌پ و سۆشیال دیموكراته‌كان پاڵ ده‌ده‌نه حزبه ئیسلامیه‌كان و حزبه بێ جه‌ماوه‌ره‌كان پاڵ ده‌ده‌نه هه‌ر لیستێك كه جێگایان بكاته‌وه، ئه‌مه وامان لێ ده‌كات به‌ڕه‌شبینی بمێنینه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی پرۆسه‌كه به رێچكه‌ی ته‌ندروستی خۆیدا گوزه‌ر ده‌كات.
پرسیاری: شه‌قامی كوردی به گشتی نارازییه و له سیما و ئاكار و ره‌فتاری زۆرێك له چین و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا ئه‌و توڕه‌ییه هه‌ستی پێده‌كرێت، هه‌ر له گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی خه‌ڵك و ته‌خشان و په‌خشان كردنیه‌وه بگره تا ده‌گات به بی پلان و نه‌بوونی یاسا و ده‌ستورێكی مۆدێرن...، به بڕوای تۆ ئه‌و ناره‌زایه‌تیه به كوی ده‌گاته‌وه؟ له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م جاره ره‌نگ ده‌داته‌وه؟
بڕوا ناكه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته هۆشیاریه‌ی بتوانێت ئه‌و كایانه‌ی به‌ڕێزتان باستان لێوه كرد ئاشكرا بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت و ده‌رده‌خرێت له نێو چه‌ند توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌وه‌یه، كه توێژی رۆشنبیران و رۆژنامه‌نوسانن، ئه‌وانیش زانیاریه‌كانیان له خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌رده‌گرن، كه من نامه‌وێت لێره‌دا له چۆنیه‌تی ده‌ستخستنی ئه‌و زانیاریانه بدوێم، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت له‌وه بدوێم كه ته‌نانه‌ت یاسای ده‌ستخستنی زانیاریه‌كانمان نییه تاكو بڵێم تاكی كوردی له هه‌موو ئه‌و كایانه به ئاگایه كه تۆ باسی لێوه ده‌كه‌یت، به‌ڵكو له من و له تۆ و له هاوپیشه‌یه‌كی ترمان له رێگای كه‌ناڵه میدیاییه‌كانه‌وه گوێی له‌و گه‌نده‌ڵیانه ده‌بێت و ئه‌ویش هه‌ندێكی تری ده‌خاته سه‌ر و بۆ یه‌كێكی تری باس ده‌كاته‌وه. كه‌واته هه‌ر ئه‌و كه‌ناڵانه‌ش ده‌توانن رای تاكی كوردی به ئاقارێكی تردا به‌رن گه‌ر مه‌به‌ستیان بێت، چونكه وه‌ك گوتم تاكی كوردی زانیاریه‌كانی له سه‌رچاوه‌ی خۆیه‌وه به‌ده‌ست ناگات تا لای ببێته قه‌ناعه‌ت و ئه‌م قه‌ناعه‌ته له رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌رجه‌مه بكات.
پرسیار:ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌توانی گوڕانێكی ریشه‌یی له سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی وڵات‌دا بكات وه‌كو هه‌ندێك لیست و لایه‌ن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن... ؟
ئه‌مه قسه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه و ناكرێت به‌م شێوه‌یه باسی لێوه بكرێت، چونكه گۆڕانی ریشه‌یه ته‌نها له شۆڕش و كوده‌تاكاندا ده‌كرێت كه هه‌موو یاساكان راده‌گیرێن ته‌نها ئه‌و یاسایانه نه‌بن كه بۆ به‌رده‌وامی ژیانی رۆژانه پێویستن یاخود ئه‌و یاسایانه‌ی كه كوده‌تاكان بۆ گۆڕانیان نه‌هاتوونه‌ته ئاراوه، كه‌واته ده‌كرێت وا بڵێین ئایا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌توانێت گۆڕانێك له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات دروست بكات؟ من وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك نوێ بوونه‌وه‌یه، هه‌موو نوێ بوونه‌وه‌یه‌كیش گۆڕانێكی به‌دواوه‌یه، كه‌واته زۆر ئاساییه كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش كه نوێ بوونه‌وه‌یه، گۆڕانێك دروست بكات، به‌ڵام خۆ ناكرێت بڵێین هه‌موو شته‌كان سه‌د و هه‌شتا پله بگۆڕێت، به‌ڵكو ده‌كرێت خاڵه لاوازه‌كان به خاڵه به‌هێزه‌كان ره‌ش بكرێنه‌وه و خاڵه به‌هێزه‌كان په‌ره‌یان پێبدرێت. چونكه خۆ هه‌موو ره‌فتار و سیسته‌مێكی ئه‌م په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌ی ئێستامان خراپ نین.
پرسیار: ئێوه وه‌كو (پارتی كرێكاران و ره‌نجده‌رانی كوردستان) به لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا بۆچی خۆتان له هه‌موو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك به دوور گرت؟دواتریش ده‌تانه‌وێت به‌م لیسته سه‌ربه‌خۆیه چی به خه‌ڵك و خۆشتان بڵێن.. ؟
ئێمه وه‌ك پارتێكی چه‌پ كه رامانگه‌یاند به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ داده‌به‌زین و ناچینه ناو هیچ هاوپه‌یمانیه‌تێكه‌وه، ئه‌و جورئه‌ته‌مان هه‌یه كه پێشتر باسم لێوه كرد، ئێمه وه‌ك پارت گه‌ر بمانه‌وێت جه‌ماوه‌ر و ده‌نگی خۆمان ده‌ربخه‌ین، ده‌بێت جورئه‌تی روبه‌ڕو بوونه‌وه‌مان هه‌بێت، جورئه‌تی ركابه‌رایه‌تیمان هه‌بێت، گه‌ر بمانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌و چین و توێژانه بین كه له‌گه‌ڵ رێبازی ئێمه‌دا هاوباوه‌ڕن، ده‌بێت به‌كرده ده‌ریبخه‌ین كه ئێمه ئه‌و پارته‌ین كه ده‌توانین به ده‌نگی ئه‌وان بچینه ده‌سه‌ڵات و داكۆكیاری خواست و ویسته‌كانیان بین، نه‌ك له‌گه‌ڵ چه‌ند پارتێكی تردا بین كه ئه‌و كات نه قسه‌ی خۆمان ده‌بێت، نه ده‌شتوانین ئه‌و گفت و به‌ڵێنانه‌ی كه پێمان دابوون بیانهێنینه دی، چونكه ئه‌و كات ئێمه به به‌ڵێنێكی تره‌وه ده‌به‌سترێینه‌وه كه به‌ڵێنی ئه‌و لیسته‌یه كه له‌گه‌ڵیدا هاوپه‌یمانین، كه‌واته ئه‌و كات چوونمان بۆ په‌رله‌مان ته‌نها به‌ده‌ستهێنانی كورسی ده‌بێت نه‌ك جێگه‌یه‌ك كه خواست و ویستی ئه‌و چین و توێژه‌ی كه رێبه‌رایه‌تیان ده‌كه‌ین و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ده‌نگی پێداوین تێدا بهێنینه دی. بۆیه پێمان وابوو كه دابه‌زینمان له‌گه‌ڵ هه‌ر لیست و لایه‌نێك له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان، ئه‌وا چوون و نه‌چوونمان بۆ په‌رله‌مان ته‌نها له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیدا خۆی ده‌دیته‌وه نه‌ك ئه‌و ئامانجه پیرۆزه‌ی كه له‌پشت ئه‌و پرۆسه‌وه‌یه. هیوادارم كه ئه‌مه هه‌م روونكردنه‌وه‌ی دابه‌زینمان بێت به لیستی سه‌ربه‌خۆ و هه‌م په‌یام بێت بۆ جه‌ماوه‌ری خۆمان و بۆ خه‌ڵك.
پرسیار: خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی له ناخۆشترین وه‌زعیه‌ت و گوزه‌راندا تێپه‌ڕاند، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی ئابوریه‌وه، ئێوه وه‌كو پارتێكی (چه‌پ و كرێكاری) كه ده‌بوایه نوێنه‌رایه‌تی كێشه و گرفته‌كانی زۆرینه‌ترین خه‌ڵكی بكه‌ن، پێت وایه ئه‌و ئه‌ركه‌تان جێبه‌جێكردووه؟
ئێمه درێژه‌پێده‌ری بزوتنه‌وه‌ی جوتیارانین، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی له په‌نجاكانه‌وه تا ده‌گات به راپه‌ڕین رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه، چونكه هه‌ر نه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه جوتیاره كه به‌شداری راپه‌ڕینه‌كانی ساڵانی په‌نجاكان كه به ساڵی چه‌پڵان ناسراوه كردووه، له دوای راپه‌ڕین به‌شداری راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی 1993ی كرد كه بزوتنه‌وه‌ی جوتیاران رێبه‌رایه‌تی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی كرد و چه‌ندین گوندی له ده‌ستی ئاغا‌كان ستانده‌وه و گه‌ڕاندنیه‌وه بۆ خه‌ڵكه جوتیاره‌كه كه ته‌نها ئه‌وان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی بوون. بۆیه ئێمه شانازی به‌م مێژوه‌وه ده‌كه‌ین چونكه هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وای كرد ئاغا‌كان به‌هاوكاری لایه‌نێكی كوردستانی لێمان بدرێت و سه‌ركرده‌یه‌كمان به‌دیلی شه‌هید بكرێت و چه‌ندین سه‌ركرده‌مان به‌دیلی بۆ ماوه‌یه‌ك بگیرێن. ئێمه دوای ئه‌و مێژوه تاڵه كه خۆمان رێكخسته‌وه له خه‌باتی خۆمان نه‌وه‌ستاین، به‌ڵكو هه‌رده‌م به‌ته‌نگ كێشه و گرفته‌كانی جوتیارانه‌وه بووین كه چه‌ندین كێشه‌ی جوتیاری زۆر گه‌وره‌مان له ناوچه‌كانی پشده‌ر و هه‌ولێر و هه‌ندێك ناوچه‌ی تر چاره‌سه‌ر كردووه كه خه‌ڵكه‌كه شاهیدی ئه‌م راستیه‌ن. ئه‌وه‌نده‌ی كه كردومانه وه‌ك پارتێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌نگی داكۆكار بووین له خه‌ڵكی ره‌شوڕوت و زه‌حمه‌تكێشی گه‌له‌كه‌مان، دوای چونیشمان بۆ په‌رله‌مان، ئێمه ته‌نها یه‌ك كورسیمان هه‌یه له په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌نگمان له كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌و چین و توێژه هه‌ڵبڕیوه و هه‌ڵویستی دیارمان هه‌بووه كه خه‌ڵكێكی زۆر شاهیدی ئه‌م راستیه‌ن، به تایبه‌تی له یاسای موڵكداریه‌تی زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان كه ده‌نگی ناڕازی بووین، له زۆر له پڕۆژه یاساكانی تایبه‌ت به خه‌ڵكی جوتیار و زه‌حمه‌تكێش ئێمه ده‌ستپێشخه‌ر بووین. بۆیه ئه‌وه‌ی كه له ده‌سه‌ڵاتی پارتێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بووبێت درێغیمان تێدا نه‌كردووه كه هه‌ر ئه‌وه‌شه بۆته سه‌رمایه‌ی ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو جه‌ماوه‌ره له ده‌وری پارته‌كه‌مان خڕ بێته‌وه كه نه پاره‌یه‌كی زۆرمان هه‌یه بیده‌ینه خه‌ڵك، نه ده‌شتوانین ئیمتیازات بده‌ینه ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌وه‌ی كه هه‌مانه ئه‌و مێژوه پڕ له سه‌روه‌ریه‌یه كه جه‌ماوه‌ر له ئێمه رازی ده‌كات.
پرسیار:پێت وایه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه ده‌بێت، وه‌كو لیسته‌كه‌ی خۆتان پێشبینی به ده‌ست هێنانی چه‌ند كورسین له په‌رله‌مان... ؟
زوه جارێ ئه‌م حوكمه بده‌ین، چونكه هێشتا پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن له سه‌روبه‌ندیدایه، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر پێشبینی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ته‌نها به‌و ده‌زگایانه ده‌كرێت كه پسپۆڕن له بواری راپرسیدا، بۆیه هه‌ر پێشبینیه‌كی كه به تۆی بڵێم پێشبینیه‌كی دروست نییه ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێكیش ئه‌و پێشبینیه بدات به‌بێ ئاماری باوه‌ڕپێكراو ئه‌وا ده‌چێته قاڵبی زێده‌ڕۆیی و پڕۆپاگه‌نده‌ییه‌وه. پێشبینی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان شتێكی هه‌روا ئاسان نییه، چونكه موفاجه‌ئاتی زۆر تێدایه، تۆ نا‌توانیت بچیته ناخی خه‌ڵكه‌وه تابزانیت چی تێدایه، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش په‌یوه‌سته به‌ناخی تاكه‌وه، ته‌نها ناخی تاك و هیچی تر، بۆیه وه‌ك گوتم ته‌نها له رێگه‌ی ئه‌و ئامارانه‌وه كه له‌خودی تاكه‌كان ده‌پرسرێت ده‌توانرێت ئه‌و پێشبینیه بدرێت. به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌وه بڵێم كه ئێمه وه‌ك پارتی كرێكاران و ره‌نجده‌رانی كوردستان گفتوگۆ و دیراسه‌یه‌كی زۆر وردمان له‌سه‌ر دابه‌زینمان به‌لیستی سه‌ربه‌خۆ كردوه، ئه‌گه‌ر پشتمان به جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵك قایم نه‌بایه بڕیارێكی ئاوها بوێرمان نه‌ده‌دا و به‌ته‌نیا نه‌ده‌هاتینه ئه‌م مه‌یدانه كه پێمان وایه ركابه‌رایه‌تی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه زۆر توندتر ده‌بێت له جارانی پێشوو و خۆشمان بۆی ئاماده كردووه وه‌ك گوتم به پشتیوانی جه‌ماوه‌ری خۆمان و خه‌ڵك.
پرسیار:پارتی و یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و هێزی چه‌كدارییان له‌به‌رده‌ستایه، ئایا بۆ شكانه‌وه‌ی ته‌رازوه‌كه به لای خۆیان ده‌ست بۆ هێز و ده‌سه‌ڵات نابه‌ن، له‌لایه‌كی تره‌وه پێت وایه به ئاسانی قبوڵی ئه‌نجامه‌كه‌ی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نه‌بێت؟
هێزی چه‌كداری ئه‌و دوو حزبه قاڵبێكی یاساییان وه‌رگرتووه كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه، مه‌هامی ئه‌و هێزه پاراستنی هه‌رێمی كوردستانه و فه‌رمان له سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه وه‌رده‌گرێت له كاتی هه‌بوونی هه‌ر مه‌ترسیه‌ك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كه‌واته هێزێكی داپڵۆسێنه‌ر نییه بۆ گیانی میلله‌ت ئاماده كرابێت، من پێم وایه ئه‌گه‌ر فه‌رمانێكی ئه‌وهاشیان پێبدرێت جێبه‌جێ نه‌كرێت، كه به‌دوری ده‌زانم فه‌رمانێكی له‌و جۆره بدرێت، چونكه سه‌رده‌می ئێستاكه زۆر جیاوازه له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی 1991 كه هێزه‌كانی ئه‌و دوو حزبه له كاتی جیا كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان سه‌ربان و بن بانیان گرت و ره‌وشێكی نائاساییان دروست كرد كه دواتر چاره‌سه‌ر كرا. ئێستاكه وه‌ك گوتم ئه‌و هێزانه قاڵبێكی یاساییان وه‌رگرتووه و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵ له چوارچێوه‌ی عێراقدا دانی پێدانراوه، ته‌نانه‌ت دانپێدانانێكی زمنی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه، ئه‌وه‌تا چه‌ندین قونسوڵخانه‌ی ده‌وڵه‌تانی لێ كراوه‌ته‌وه. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌شدا چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رێژه‌یه‌كی زۆر له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌دا ئاماده‌ییان ده‌بێت. ئه‌مانه و چه‌ندین هۆكاری تر رێگرن له‌به‌رده‌م ئه‌و مه‌ترسیه‌ی باسی لێوه ده‌كه‌ی.
قبوڵ كردن یان قبوڵ نه‌كردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌یوه‌سته به‌هه‌زم بوونی دیموكراسیه‌ت لای هه‌موو لایه‌نه به‌شداره‌كان نه‌ك ته‌نها دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار. چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ش سه‌نگی مه‌حه‌كه، چونكه ئه‌گه‌ر خروقاتی زۆری تێدا بكرێت ئه‌وا مافێكی یاسایی و ده‌ستوری لایه‌نه به‌شدار بووه‌كانه كه ته‌عن له پرۆسه‌كه بده‌ن و دووباره بكرێته‌وه ئه‌گه‌ر وای پێویست كرد. به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و راستیه كه ره‌ت كردنه‌وه‌كه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه بێت كه فڵان ده‌رچوو و من ده‌رنه‌چووم ئه‌وا قابیلی قبوڵ نییه و هه‌موو لایه‌نه به‌شدار بووه‌كانیش ئه‌م راستیه ده‌زانن، دواتر پێم وانییه رێژه‌ی ده‌نگده‌ران و هۆشیاری ده‌نگده‌ران هێنده به‌رز بێت كه چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامێكی وای لێبكرێت، چونكه راده‌ی هوشیاری ده‌نگده‌ران زۆر رۆڵ ده‌بینێت له پێشبینی كردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوه‌كاندا ته‌نانه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی پڕوپاگه‌نده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه خۆیان یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه و بڕایار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه ده‌ده‌ن كه نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كات، پێشتر رای خۆیان ده‌رهه‌ق به لایه‌نه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر لێشیان ناڕازی بوون ئه‌وا له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا له‌گه‌ڵیاندا یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه و ده‌نگیان پێ ناده‌ن. به‌ڵام من ئه‌م ئاسته هۆشیاریه له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا نابینم، گه‌ر هه‌شبێت ئه‌و رێژه‌یه نییه كه بتوانێت ئاقاری ئه‌نجامه‌كان بگۆڕێت.
سه‌باره‌ت به قبوڵ كردن یان نه‌كردنی ئه‌نجامه‌كان، دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه كه به‌ته‌نیا دابه‌زیون ئه‌وه په‌یامه، په‌یامه بۆ حزبه‌كانی تر، په‌یامه بۆ خه‌ڵكی كوردستان، كه ئه‌گه‌ر له‌و دوو حزبه ناڕازین فه‌رموو ده‌نگی پێ مه‌ده‌ن، ئه‌گه‌رنا چیتر به‌دزیه‌وه ناڕه‌زایی ده‌رمه‌بڕن و گله‌یی مه‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا پرۆسه‌یه‌ك له پێشه كه به‌ئاشكرا و بێ سانسۆر ده‌توانیت خۆت یه‌كلا بكه‌یته‌وه و ناڕه‌زاییت به‌كرده ده‌رببڕیت. كه‌واته ئه‌و په‌یامه وای لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قبوڵه.
پرسیار:له كۆتاییدا ئێوه وه‌كو لیستێكی سه‌ربه‌خۆی چه‌پ و كرێكاری، په‌یامتان بۆ خه‌ڵك چیه و ده‌تانه‌وێت چی بڵێن.. ؟
ده‌مانه‌وێت به‌جه‌ماوه‌ری خۆمان و خه‌ڵكی كوردستان بڵێین، كه ئێمه نوێنه‌رایه‌تی چینی ره‌شوڕوت و زه‌حمه‌تكێشی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین، به‌كرده‌ش ئه‌وه‌مان سه‌لماندووه وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، مێژوی ئێمه سه‌لماندویه‌تی كه هه‌ر به‌ڵێنێكی به‌خه‌ڵكمان دابێت هێناومانه‌ته جێ، ئه‌وه‌شی له تواناماندا نه‌بووبێت نه‌مانگوتووه و به‌ڵێنمان پێ نه‌داوه، بۆیه ئێمه له‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ی كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین راستگۆین و له‌و به‌ڵێنانه‌شی كه له به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌كه‌ماندا هاتووه و به‌م زوانه ده‌یخه‌ینه به‌رده‌می جه‌ماوه‌ری خۆمان و خه‌ڵك راستگۆین و راستگۆ ده‌بین، به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كانیش له ئاینده‌دا ئه‌و راستیه ده‌رده‌خات، كه له رابردووش‌دا ئه‌و مێژوه‌ی شانازیشی پێوه ده‌كه‌ین ئه‌و راستیه‌ی ده‌رخستووه. بۆیه كه به‌سه‌ربه‌خۆش دابه‌زیوین ده‌مانه‌وێت ته‌نها ده‌نگی ئه‌و چین و توێژه بین كه متمانه‌مان ده‌داتێ و ده‌نگمان پێ ده‌دات، نه‌ك له پێناو كۆ كردنه‌وه‌ی كورسیدا خۆمان له‌ناو لیستی تردا ون بكه‌ین.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
