لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كوشتنی"قوتابی زانكۆ"سه‌رده‌شت عوسمان پاش چه‌ندین مانگ به"به‌ڵگه‌وه"سه‌لماندی كه سه‌رده‌شت ده‌ستی له‌گه‌ل تیرۆریستان تێكه‌ڵ كردووه‌و كوشتنیشی په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌بوو كه ئه‌ركێكیان پێ سپاردووه‌و ئه‌نجامی نه‌داوه.
ئه‌گه‌ر من حكومه‌ت بم، ئه‌وا ده‌ست به‌جێ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووس و ئه‌ندامانی رێكخراو و كه‌مپین و كه‌سوكاری سه‌رده‌شت ده‌ستگیرده‌كه‌م، چونكه به ئاشكرایی له رۆژنامه‌و گۆڤار‌و سایته‌كان پشتیوانیان له كابرایه‌كی تیرۆریست كردووه. ئه‌مه مافی یاسایی حكومه‌ته‌و كه‌س بۆی نییه گله‌یی و گازنده‌ی لێ بكات: گه‌ل سه‌رچاوه‌ی حكومه‌ته‌و به ده‌نگدانی نهێنی هه‌ڵیبژاردووه!
پاش راگه‌یاندنی لیژنه‌یه‌كی"بێلایه‌ن و ده‌ستپاك"ی راسپارد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و پێداچوون له دوسییه‌ی نابراو، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه رۆژنامه‌نووسه تیرۆریسته‌كان دیسان هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن دژ به ئه‌نجام و ماندووبوون و شه‌ونه‌خونی ئه‌و لیژنه"سه‌رڕاست"و"بێلایه‌نه".
ئێستا له‌م كاته سه‌خته كه ئه‌زموونه ساواكه‌مان تێدا تێده‌په‌ڕێ، قوڕه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی تر خستتر بووه‌وه‌و سه‌رۆكی حكومه‌تیش له‌ماڵه‌وه نییه!.
"به‌داخه‌وه"رۆژنامه‌نووسه"بێویژدانه‌كان" له‌بری ده‌ستخۆشی و سوپاسگوزاری له ئه‌ندامه به‌ڕیزه‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه، ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌ركیان زیاتركردووه، چونكه ده‌بێ له سایت و رۆژنامه و گۆڤاره‌كان بۆ ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سه گومانلێكراوانه بگه‌ڕێن كه پشتیوانی له تیرۆریسته‌كانی ئه‌نسار ئه‌لئه‌سلامیان كردووه‌و سكاڵایان له‌سه‌ر به‌رزبكه‌ن، چونكه ده‌ركه‌وت كه:
1- رۆژنامه‌نووسان چاویان به"سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونه پیرۆزه‌كه‌مان" هه‌ڵنایه‌ت و پشتیوانی له ئه‌نسارو ئه‌سلام ده‌كه‌ن و تاوانه‌كه‌یان بۆ ده‌پۆشن!
2- گومان ده‌كه‌ن له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌یان!
3- خراپ به كارهێنانی كه‌شوهه‌وای ئازادی!
4- هه‌وڵی له‌كه‌داركردنی ده‌زگا پایه‌داره‌كانی هه‌رێم ده‌ده‌ن كه به قازانجی دوژمنانمان ده‌كه‌وێته‌وه!
تاقه مه‌ترسی ئه‌م هه‌نگاوه ئه‌وه‌یه، رۆژنامه‌نووسه پیلانگێڕو فره‌بێژه‌كان زماندرێژی ده‌كه‌ن و تۆمه‌تی ره‌شبگیری ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ده‌زگا پایه‌داره‌كان.
"به‌ڕاستی"ئه‌قڵ و حیكمه‌ت له وه‌ڵات باڵاده‌سته، ئاخر ئه‌وه چاكه‌ی حكومه‌ته به هێمنی ماوه‌ته‌وه‌و رۆژنامه‌نووسه‌كان ده‌ستگیر.
من نیازم نه‌بوو له‌م باره‌یه‌وه بنووسم، جا نووسین سوودی چییه؟!
هه‌ندێ په‌ندی پێشینان هه‌یه ده‌ڵێن (بێده‌نگی وه‌ڵامی ئه‌حمه‌قه‌كانه) یان (... بێده‌نگی ئاڵتونه)، به‌ڵام ناكرێ له نێوان تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی و"تیرۆرستی رۆژنامه‌نووسه‌كان، به‌بێده‌نگی بمێنمه‌وه‌و به‌خۆم"ئه‌عتراف"ده‌كه‌م كه به ئاشكرا دژ به ئیسلامییه‌كانم و"ژێربه‌ژێر"یه‌كێكم له‌وانه‌ی پشتوانیم له تیرۆریستێك وه‌ك سه‌رده‌شت كردووه‌و ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاساییه و ئه‌مجاره‌یان په‌تای شیزۆفرین منیشی گرته‌وه، له وه‌ڵاته‌كه‌م هه‌میشه به دوو روویی ره‌فتار ده‌كرێ:
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام سه‌ڵاوی لێده‌كه‌ی، كه‌سێكیتری له‌ناوخۆی شاردۆته‌وه‌و مه‌حاڵه بیناسی: به‌ناوی ئازادییه‌وه، ئازادی له سێداره ده‌ده‌ن، به‌ناوی عه‌داڵه‌ته‌وه، عه‌داڵه‌ت ده‌ستڕێژده‌كه‌ن، به‌ناوی حه‌قخوازییه‌وه، حه‌قی ملیونان كه‌س له‌ژێرپێ ده‌نێن، به‌ناوی ره‌وشت به‌رزییه‌وه، گه‌ندڵترین و خوارترین ره‌وشت باڵاده‌سته‌و به‌هه‌مان شێوه به ناوی قانونه‌وه، به ئاره‌زووی خۆیان عودو كه‌مانی لێده‌ده‌ن و تۆش ده‌بێ هه‌ڵپڕكێ بكه‌ی و بڵێی ئامین.
مه‌سه‌له‌كه زۆر ئاسانه، بۆ نموونه حكومه‌تی ئه‌ڵمانی چه‌ندین ئه‌ندامی له‌شكری سوور له زیندانی (شتامهایم)، تیرۆركرد، كه‌چی وتیان ئه‌وانه خۆكوژی به كۆمه‌ڵیان ئه‌نجام داوه‌و به‌هه‌مان شێوه كۆماندۆی تایبه‌تی پۆلیسی ئه‌و وه‌ڵاته به‌به‌رچاوی خه‌ڵك (ئه‌ندریاس) یان له وێستگای شه‌مه‌ندنه‌فه‌ری (باد كلاینن) كوشت، كه‌چی له میدیاكان رایانگه‌یاند كه خۆیی كوشتووه!
له نموونه‌ی كاكه سه‌رده‌شت، ده‌سته نهێنییه‌كان پێمان ده‌ڵێن: ئاگاتان له قه‌ڵه‌مه‌كانتان ببێت، به پێچه‌وانه‌وه مه‌منون ببن به كوشتن، چونكه پاش كوشتنتان ئابروشتان ده‌به‌ین... وه‌ك ئیسلامییه‌كی تیرۆریست ده‌تناسێنین و نه‌فره‌تی دنیاتان بۆ ده‌هێنین و كه‌سیش ناتوانێ هیچمان پێ بكات!
لێره‌دا "ئامۆژگاری" تیرۆریسته قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌كان ده‌كه‌م كه:
1- بێده‌نگ ببن و واز له كه‌مپین و مه‌مپین بهێنن.
2- به بۆنه‌ی دووباره تیرۆركردنی سه‌رده‌شت، دووباره پرسه‌ی بۆ دابنین و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاره‌كه‌ی بكه‌ن.
3- داوای لێبوردنی گشتی له حكومه‌ت بكه‌ن و سوپاسیشی بكه‌ن و هیوابخوازن داواكه‌تان جێبه‌جێ بكات.
4- سوپاسی خودا بكه‌ن كه له رۆژی له‌دایكبوونی سه‌رده‌شت، ئه‌مه‌ی له نێوچه‌وانی نووسیوه. ناسزایی جۆرێكه له"كوفر"و ده‌بێ شكوربن!
5- رۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران له ئێستاوه سیڤی خۆیان به وێنه‌وه له هه‌موو شوێنێك بڵاوبكه‌نه‌وه تا بیسه‌لمێنن كه پیشه‌كه‌یان راپۆرت و هه‌واڵ و وتارنووسینه. ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره نه‌كا، خۆی به‌رپرسه ئه‌گه‌ر وه‌ك پیاوكوژ، جه‌رده، تیرۆریست، بێ ره‌وشت و زه‌وتكه‌ر به خه‌ڵك ناسرا. دیسان ئه‌مه‌ش زۆر ئاساییه، ئاخر له وه‌ڵاته‌كه‌م شتی سه‌یر و عه‌نتیكه رووده‌دا، ئه‌وه نییه من به خۆم شایه‌تی كۆچی دوایی (ره‌شید باجه‌ڵان) م كه هه‌ژارترین مرۆڤی شاره‌كه‌م بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوبراو ناسنامه‌ی كه‌سێتی پێ نه‌بوو، به‌هۆی مرۆڤدۆستانه‌وه، به‌ناوی خۆی نه‌نێژار. سوپاس بۆ ئه‌و كه‌سه كه له‌سه‌ر كێڵه‌كه‌ی نووسی (خاڵۆ ره‌شید) !
من هه‌قم به كه‌سه‌وه نییه‌و له ماڵی خۆم دانیشتوم و"یا خوا"بۆ خاتری ئه‌م جه‌ژن و پاش"جه‌ژنه"ملشكاوه كه بووه هۆی گرانی و ره‌نگ زه‌ری دایكوباوكانێكی زۆر، هیچ كه‌س به‌هۆی بیروبۆچوون"با ناپه‌سه‌ندیش"بێت، دووجار له‌سه‌ر یه‌ك تیرۆر نه‌كرێت و، كه‌س نه‌كوژرێ و هیچ كه‌س به درۆ شت بۆ هیچ كه‌س هه‌ڵنه‌واسێ!
خوێنی هاوڕێ سه‌رده‌شت بۆ چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك وون ده‌بێ، به‌ڵام پاشان بكوژانی ئاشكرا ده‌بن... "خودایه" ره‌حمێك له‌م گه‌له بكه‌یت و رێگای شه‌ڕی قه‌ڵه‌م به قه‌ڵه‌م پیشان بده‌ی!
سه‌لام عه‌بدوڵڵا
07700595583
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
