نیاز نه‌بوو شتێک له‌سه‌ر تیرۆرکردنی سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ بنووسم، چونکه گه‌لێک نووسه‌رو چاودێری تر له‌م بواره‌دا کارده‌که‌ن. یه‌ڵام هه‌رچه‌ندم کرد، خۆمم پێ نه‌گیرا. ئاخر کێ هه‌یه له ئاست ئه‌و ڕاگه‌یاندنه کاڵ و کرچ و ته‌مومژاوییه‌ی لیژنه‌ی به‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌دا بێده‌نگ بێ و ملی که‌چ کات. ئاخر ئه‌گه‌ر به‌مه ڕازی بین ئه‌وا ده‌رگا له تیرۆری یه‌ک له‌دوای یه‌کی ڕۆژنامه‌نووسان و هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ینه‌وه که ده‌یانه‌وێ ئازادانه ڕای خۆیان ده‌ربڕن.
ئاشکرایه جوانه‌مه‌رگ له ڕێی نوسینه‌کانیه‌وه چه‌ند لایه‌نێکی له تاوانه‌که‌وه گلاندوه. ئه‌و ڕاسته‌وخۆ هه‌ردوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌و و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌ترین لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنیشی دابووه به‌رتوانج. ئه‌مه‌یش بێگومان ئه‌و لایه‌نانه ده‌کاته گومانلێکراوی سه‌ره‌کی. هه‌ڵبه‌ت ڕێیشیتێده‌چێ لایه‌نی تر که‌ڵکیان له‌و ده‌رفه‌ته وه‌رگرتبێ، به‌ڵام ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌که ته‌واو چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو. ئه‌مه جگه له‌وه که ئه‌و ڕاگه‌یاندنه ئاسایشی هه‌رێم ته‌واو ده‌خاته به‌ر گومان.
خۆ بڕیار بوو ئاسایش و سه‌روماڵی هاوڵاتیانی هه‌رێم پارێزراوبن. ئه‌گه‌ر وایه تریلیلانی تیرۆریستانی ئه‌نسار واتای چی؟ جا ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێکی تیرۆریستی وه‌کو ئه‌نسارولئیسلام به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ که‌سێک له هه‌ولێری پایته‌خت بفڕێنن و به هه‌مان ئوتومبێل به‌ناو چه‌ندین بازگه‌دا ده‌ربازیبکه‌نه ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، ئیتر ژیانی کێ پارێزراوه؟! ئاخر ده‌بێ ئه‌نسار چ خزمه‌تێکیان له قوتابیه‌ک ویستبێ! سه‌رده‌شت که نه کاربه‌ده‌ست بوو و نه‌ده‌ستی به‌کاربه‌ده‌ستان ده‌گه‌یشت، ده‌کرا چ جۆره هاوکارییه‌کی ئه‌نسار بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌نسار له‌ناو هه‌رێم هێنده به‌هێز بن، چ پێویستی ده‌کرد قوربانییه‌ک ببه‌نه ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و له‌وێ تیرۆری بکه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌ڵسووڕاوو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانشیان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن، سه‌رده‌شت چ مه‌ترسییه‌ک بوو بۆیان، یان له‌ناوبردنی ئه‌و چ خزمه‌تێکی به‌وان کرد. خۆ سه‌دان هه‌ڵسووراوی ده‌سه‌ڵات و هه‌زاران کادرو کاربه‌ده‌ستی حزبه‌کان بێ پاسه‌وان له کوردستان ده‌سووڕێنه‌وه. ئاخۆ بۆچی ئه‌وان بیریان له تیرۆرکردنی که‌سێکی بێ‌دیفاع و ساده‌وساکار کرده‌وه! سه‌رباری هه‌موو ئه‌و گومانانیش، خۆ سه‌رده‌شت سڵی له هیچ شتێک نه‌ده‌کرده‌وه‌و هه‌رچی له دڵیدا بوایه ده‌ینووسی. ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و سیناریۆیه ڕاسته، جوانه‌مه‌رگ بۆ شتێکی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نسارانه نه‌نووسی؟!
هه‌ڵبه‌ت من هه‌رگیز ده‌ستی گروپێکی وه‌ها له ڕووداوێکی وه‌هادا ڕه‌ت ناکه‌مه‌وه. ڕه‌نگ بوو ئه‌گه‌ر بوترایه به‌مه‌به‌ستی گورز وه‌شاندن له ئاسایشی هه‌رێم و به‌گژیه‌کداکردنی لایه‌نه سیاسیه‌کان ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجام داوه، ڕێی تێ بچوایه. به‌ڵام ئه‌و سیناریۆیه‌ی لیژنه‌که و لێکۆڵینه‌وه ته‌موومژاویه‌که‌ی نه‌ک هه‌ر ناتوانن بڕوا به ڕای گشتی بهێنن، به‌ڵکوو گومانه‌کانیان زیاتر کرد.
جه‌نابی سه‌رۆک، کێ ئه‌ڵێ ئه‌و تۆمه‌تباره بوونی هه‌یه؟! ئه‌گه‌ر بوونیشی هه‌بێ، کێ زامنه که له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا دانی به‌و تاوانه‌دا نه‌ناوه؟! بۆیه هیوادارم به‌ڕێزیشتان به‌و دۆعایه نه‌ڵێن ئامین، چونکه هیچ دوور نیه ئه‌و لیژنه‌یه ڕاستیه‌کان له به‌ڕێزیشتان بشارنه‌وه. خۆزگه به حه‌کیمیی خۆتان دووبه‌دوو تۆمه‌تباره‌که‌تان ده‌بینی و زه‌مانه‌تی ژیانیت ده‌کرد، به‌و مه‌رجه‌ی له ڕاستیه‌کان ئاگادارت بکات. ئێستا ڕه‌نگه ده‌زگاکانی ئاسایش هه‌زارو یه‌ک کون‌یان له‌له‌شی کردبێ و ئاوات به مه‌رگی خۆی بخوازێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
