سه‌رده‌شت عوسمان ته‌مه‌ن 22 ساڵ، قوتابی دوا قۆناغی به‌شی زمانی ئینگلیزی، له كۆلیژی زمانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆزی شاری هه‌ولێر، كاتژمێر 8، 20 خوله‌ك رۆژی 6/5/2010 له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو، له‌به‌رده‌م په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر، سواری ئوتومبێلێكی جۆری مینی پاس ژماره‌ی كاتی ده‌كرێت، دوو رۆژ دواتر لاشه‌كه‌ی به كوژراوی له شاری موسڵ ده‌دۆزرێته‌وه.
هاوسات له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه، چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی خۆ به‌ئازادو سه‌ربه‌خۆناس و له‌پێشه‌نگیشیان كه‌ناڵه بیستراوو بینراوو خوێندراوه‌كانی كۆمپانیای وشه، فه‌زایه‌كی ترس و تۆقاندنیان دروست كرد‌و، به‌بی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌گا باڵا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه تاوانبار (نه‌ك تۆمه‌تبار) كرد‌و، كاریان بۆ ئه‌وه ده‌كرد رووداوه‌كه په‌رده‌پۆشی سیاسی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی په‌شێوییه‌ك له‌سه‌ر ئاستی راگه‌یاندنه‌كاندا، كه دواجار له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ره‌وشه هێو ر كرایه‌وه.
سه‌ره‌داو ده‌ست كه‌وتوون
رووداوی رفاندن و كوشتنی گه‌نجێكی تازه‌هه‌ڵچووی وه‌ك سه‌رده‌شت عوسمان، تیایدا ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و هه‌ولێری پایته‌خت به‌تایبه‌تی و له‌رێگه‌یه‌وه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم كرایه ئامانج، بۆیه خاوه‌نی یه‌كه‌می ئه‌م گه‌نجه تاوانلێكراوه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه نه‌ك گرووپێكی دیاریكراو. بۆیه هه‌ر زوو دوای رووداوه‌كه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌م رووداوه راگه‌یاند، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه به ئه‌ركی خۆیان هه‌ستان، ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی كوردستانیش وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌ر شانی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌مباره‌یه‌وه ده‌ستپێكردو، تاكو ئێستاش لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه، وه‌ك راگه‌یه‌نراوه هه‌ندی سه‌ره‌داو ده‌ستكه‌وتوون بۆ گه‌یشتن به تاوانباران.
سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نووس نه‌بوو
سه‌رده‌شتی تاوانلێكراو له‌دوای كوژرانی، له‌لایه‌ن ئه‌و تاقم و كه‌سانه‌ی كه ئامانجیان ته‌نیا بازرگانیكردنه به خوێنی ئه‌و، نازناوی (رۆژنامه‌نووس) ی درایه‌پاڵ، بۆئه‌وه‌ی تاوانه‌كه له ره‌وتی راستی خۆی لابده‌ن، هه‌رچه‌نده هێشتا لێكۆڵینه‌وه ته‌واو نه‌بووه‌و دیار نییه هۆكاری كوشتنه‌كه چییه.
من كه ده‌ڵێم سه‌رده‌شت رۆژنامه‌نووس نه‌بووه، له‌روانگه‌ی ئه‌كادیمییه‌وه وا ده‌ڵێم، رۆژنامه‌نووس به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو دونیادا باوه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی پێنج ساڵه له كڵاسه‌كانی خوێندن ده‌یخوێنین، ده‌بێت كاری رۆژنامه‌وانی بكات وه‌ك هه‌واڵنێری، راپۆرت و ریپۆرتاژنووسین، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی به‌دواداچوونی مه‌یدانی بۆ كێشه‌و رووداوه‌كان بكات و، له كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری بڵاوی بكاته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش وا ده‌كات سیفه‌تی رۆژنامه‌نووس بدرێته پاڵ كه‌سه‌كه و له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانیش ببێته ئه‌ندام، به‌ڵام سه‌رده‌شت جگه له چه‌ند وتارێكی كه‌م نه‌بێت كه له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕن له یه‌ك دوو ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی و، وه‌رگێڕانی چه‌ند وتارێك له زمانی ئینگلیزییه‌وه بۆ یه‌ك دوو رۆژنامه و گۆڤار، ئه‌و پیشه‌یه‌ی موماره‌سه نه‌ده‌كرد، كاری وه‌رگێڕانه‌كه‌شی به‌تێڕوانینی من زیاتر ده‌چێته چوارچێوه‌ی به‌هێزكردنی توانای خۆی له‌ڕووی زمانی ئینگلیزییه‌وه، كه ئه‌و چوارمین ساڵ بوو له زانكۆ ئه‌و زمانه‌ی ده‌خوێند. ئه‌وه‌تا (به‌شدار عوسمان) ی برای تاوانلێكراو ده‌ڵێت: "سه‌رده‌شت له رۆژنامه‌یه‌كدا ته‌نها كاری وه‌رگێڕانی ده‌كرد" (هه‌فته‌نامه‌ی رووبه‌ر ژ14، 11/5/2010) . مه‌به‌ستی بڵاوكراوه‌ی (ئاشتی نامه) یه و له‌لایه‌ن لایه‌نێكی سیاسی ده‌رده‌چێت، كه تیراژ‌و ناو‌و ده‌نگێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌و له‌نێو رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا بزره.
بۆیه ئه‌م سیفه‌ته دانه پاڵ سه‌رده‌شتی قوتابی، له‌لایه‌كه‌وه سته‌مه له رۆژنامه‌نووسان و، له‌لایه‌كیتره‌وه چه‌واشه‌كردنی رای گشتییه به‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجه رۆژنامه‌نووس بووه‌و، له‌به‌ر ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی كوژراوه، ئه‌مه له‌كاتێكدا گومان هه‌یه له هه‌ندی نووسین كه ده‌درێنه پاڵ ئه‌و.
كامه زه‌نگی كوشتن؟
رۆژێك له‌پاش رووداوه‌كه، نووسینێكی ئه‌ده‌بی زۆر جوان له‌ژێر ناوی سه‌رده‌شت عوسمان بڵاوكرایه‌وه، گوایه ئه‌م نووسینه چوار مانگ پێشتر له یه‌كێك له ماڵپه‌ره ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، نووسینه‌كه كه ژماره‌یه‌كی زۆری له‌سه‌ر كاغه‌زی ئه‌ی فۆڕ له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی سه‌رده‌شت به‌دیواره‌كاندا هه‌ڵواسرا، ئاماژه به‌وه دراوه كه گوایه نووسه‌ری وتاره‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌و، ئه‌میش زۆر به ویقارانه به‌ره‌نگاریان ده‌بێته‌وه‌و ده‌ڵێت من ئاماده‌م پێشوازی له مه‌رگ بكه‌م و چاوه‌ڕێی جه‌لاده‌كانم ده‌كه‌م بمكوژن. له‌و گوتاره كه ناونیشانه‌كه‌ی "زه‌نگی كوشتنم لێ درا"یه، سه‌رده‌شت ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه به ته‌له‌فۆن به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی له‌و هه‌ڕه‌شه‌یه ئاگادار كردۆته‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدا یه‌كێك له هاوڕێكانی له لێدوانێكدا بۆ یه‌كێك له رۆژنامه‌كان ده‌ڵێت: من و سه‌رده‌شت پێكه‌وه سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسمان كردووه‌و ئه‌و باسه‌مان تێگه‌یاندووه. له‌لایه‌كیتریشه‌وه باوكی سه‌رده‌شت ده‌ڵێت "گومانم له كه‌س نییه و كوڕه‌كه‌م هیچ كات باسی هه‌ڕه‌شه لێ‌كردن و كێشه‌ی نه‌كردووه" (هه‌فته‌نامه‌ی رووبه‌ر ژ14، 11/5/2010، ل14) .
سه‌رباری ئه‌مانه‌ش یه‌ك دوو نووسینی دیكه‌ش دراونه‌ته پاڵ سه‌رده‌شت، نووسینه‌كان له‌ڕووی بیرۆكه‌و داڕشتنه‌وه به‌هێزن، له‌وه ناچێت هی گه‌نجێك بێت كه تازه بیه‌وێت بێته ناو دونیای رۆژنامه‌نووسییه‌وه، هه‌روه‌ك رۆژنامه‌نووس "نه‌به‌ز گۆران" له وتارێكی (له رۆژنامه‌ی رۆژنامه ژ582 رۆژی 18/5/2010 ل21) دا، باس له‌وه ده‌كات ئێواره‌یه‌ك سه‌رده‌شتی بۆ یه‌كه‌مجار بینیوه‌و ئه‌و سه‌رسامی خۆی به نووسینه‌كانی نه‌به‌ز ده‌ربڕیوه. ئه‌م گوته‌یه پێمان ده‌ڵێت سه‌رده‌شت له‌ڕووی كاری نووسینه‌وه، له‌قۆناغێكدا بووه كه ویستوویه‌تی هه‌نگاوی كه‌سانێك هه‌ڵبهێنێت كه پێیان سه‌رسام بووه، هێشتا مابووی بگاته ترۆپكی جوانی نووسی له‌ڕووی ده‌ق و بیرۆكه و داڕشتنه‌وه، وه‌ك له یه‌ك دوو له‌و نووسینانه‌دا به‌ئاشكرا دیارن كه دراونه‌ته پاڵی، ئه‌گه‌ر ئه‌و دانه پاڵه راست بێت ئه‌مه تاوانێكی گه‌وره‌یه ده‌رهه‌ق به رۆحی پاكی ئه‌و گه‌نجه خێر له‌خۆنه‌دیوه.
رووداویكی گوومان ورووژێنه
تاكو ئێستا رووداوی ته‌مومژاوی له‌م چه‌شنه له كوردستاندا رووی نه‌داوه، سه‌رله‌به‌ری رووداوه‌كه گومان ورووژێنه‌ره، ئه‌گه‌ر بازگه‌كانی هه‌رێم تۆمه‌تبارن به تێپه‌ڕینی تاوانكاران و تاوانلێكراو، ئه‌ی چۆن به بازگه‌ی هاوبه‌شی عێراقی - ئه‌مریكیدا ده‌ربازیان بووه؟ ئه‌ی چۆن ئه‌و هه‌موو به‌یاننامه و پۆسته‌رو وێنانه له‌ناكاو ئاماده كران؟ یان له‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه كۆمه‌ڵێك وتار له ماڵپه‌رێكی دیاریكراو درانه پاڵ جوانه‌مه‌رگه، كه پێشتر به‌ناوی دیكه بڵاوكرابوونه‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی سه‌ره‌تایی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه له رووداوی رفاندن و كوشتنی سه‌رده‌شت، كه له‌رۆژی 24/5/2010 بڵاوكرایه‌وه: "به‌پێی راپۆرتی توێكاری په‌یمانگه‌ی پزیشكی دادی موسڵ، ده‌ركه‌وتووه كه به گولله‌یه‌كی ده‌مانچه له‌پێشه‌وه‌ی سه‌ری دراوه‌و له‌پشت ملی گیر بووه‌و، هیچ ئاسه‌وارێكی لیدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان پێش كوشتنی له‌سه‌ر لاشه‌ی كوژراو به‌دی نه‌كراوه".
ئه‌مه له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵێك رۆژنامه هه‌ر زوو بڵاویانكرده‌وه كه سه‌رده‌شت به‌ر له كوژرانی ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر دراوه. باشه ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت ئه‌شكه‌نجه نه‌درابێت، چۆن هه‌تاكو موسڵ بێده‌نگ ده‌بێت و له بازگه‌كان داوای فریاكه‌وتن ناكات بۆ رزگاركردنی گیانی خۆی. خۆ ئه‌گه‌ر بڵێن به‌كوژراوی براوه‌ته موسڵ، سه‌ره‌ڕای بازگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌ی چۆن له بازگه‌كانی عێراق - ئه‌مریكایی به‌تایبه‌تی تاوانباران ده‌ربازیان بووه، كه سه‌گی راهێنراو ئوتۆمبێله‌كان ده‌پشكنێت و ئه‌و واسیته و چاو لێداگرتنیش نازانێت بۆئه‌وه‌ی بێده‌نگ بكرێت و چاوپۆشی له لبوونی لاشه‌ی كوژراوێك بكات.
هه‌روه‌ك له راگه‌یه‌نراوی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه ئاماژه‌ی پێ دراوه: "به‌پێی وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌شتیان بردووه سی كه‌س بوونه كه جلی مه‌ده‌نییان له‌به‌ردابووه‌و چه‌كیان پی نه‌بینراوه و تاوانلێكراویان سواری ئوتۆمبێَله‌كه‌یان كردووه كه له‌جۆری مینی پاسی ره‌نگ سپی بووه". له‌و كاته‌ی رووداوه‌كه روویداوه ئه‌و شه‌قامه به‌رده‌م كۆلێژی ئه‌ده‌بیات زۆر قه‌ره‌باڵغه و دوو ترافیك لایتیش له‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ریه‌وه هه‌یه، ئه‌ی چۆن له‌نێو ئه‌و جه‌نجاڵییه‌ی ئوتۆمبێلدا، سه‌رده‌شت هه‌وڵی نه‌دا داوای فریاكه‌وتن بكات؟! كه‌واته لێره‌دا گومانمان بۆ دروست ده‌بێت كه سه‌رده‌شت بكوژه‌كانی خۆی ناسیبێت و پێش رووداوه‌كه په‌یوه‌ندی ته‌لیفۆنی له‌نێوانیاندا هه‌بووبێت، هه‌روه‌ك له راگه‌یاندراوی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه له رۆژی 24/5 تیشكی خراوه‌ته سه‌ر. بۆیه له‌وانه‌یه سه‌رده‌شت به خواستی خۆی و بی زۆره‌ملی له‌گه‌ڵ رفێنه‌ره‌كانی چووبێته موسڵ و دواتر به غه‌در كوژرا بێت. ئه‌گه‌رنا چۆن تا چه‌ند كاتژمێرێك دوای رفاندنه‌كه‌شی مۆبایله‌كه‌ی كراوه بووه، ئه‌گه‌ر تاوانه‌كه هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساته‌وه رفاندنی به‌زۆره‌ملی بووایه، تاوانباران مۆبایله‌كه‌یان داده‌خست یان هه‌ر فڕێیان ده‌دا. دواجار لێكۆڵینه‌وه‌كان راستی مه‌سه‌له‌كه روون ده‌كه‌نه‌وه.
سیناریسته‌كان فاشیل بوون
به‌بی ئه‌وه‌ی رێز له یاسا‌و ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه بگیرێت، هه‌ندی رۆژنامه و كه‌ناڵی راگه‌یاندن به لایه‌ندارو به‌ناو بێلایه‌ن، پێش رووداوه‌كان كه‌وتن و كۆمه‌ڵێك سیناریۆی كرچ و كاڵیان بڵاوكرده‌وه، به‌مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی تاوانباران و ناشیرینكردنی ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان.
هاوكات له‌گه‌ڵ كوشتنی ئه‌و قوتابییه‌دا، به‌پێی به‌رنامه‌و پلانێكی پێشوه‌خته ئاماده‌كراو، هه‌وڵیاندا رووداوه‌كه به‌سیاسی بكه‌ن و، له‌پاڵ ئه‌و خوێنه‌دا مه‌رام و نیازه‌كانی خۆیان جێبه‌جی بكه‌ن. ئه‌و كه‌ناڵانه به‌بی گوێدانه زامی پڕ له‌سۆی دایك و باوك و كه‌سوكاری سه‌رده‌شت، كه‌وتنه هۆنینه‌وه‌ی چه‌ندین درۆ‌و بوختان و سیناریۆی دروستكراو و، هه‌وڵیاندا فه‌زایه‌كی پڕ له ترس و تۆقاندن و توندوتیژی وێنا بكه‌ن و، وای پیشان بده‌ن باری ئه‌منی هه‌ولێر بۆنی مه‌رگی لی دێت.
ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی لۆژیكی لێكی بده‌ینه‌وه، هێچ ده‌سه‌ڵاتێك له زۆنی ئارام و سه‌قامگیری خۆیدا به‌و شێوازه گه‌نجێك ناڕفێنێت و نایبات له شارێكی دیكه بیكوژێت و، ئاسایشی خۆی و سه‌قامگیری پایته‌خت بخاته ژێر پرسیاره‌وه. ئه‌گه‌ر به بابه‌تیانه له رووداوه‌كه بڕوانین، دیاره شێوازی ئه‌نجامدانی كاره‌كه ته‌نیا بۆ لێدان بووه له هه‌یبه‌تی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان و هه‌ولێر، كه دۆست و دوژمن شایه‌تی كارامه‌یی و توندوتۆڵیانه له راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كه‌یاندا.
هه‌ندی میدیا له تاقیكردنه‌وه‌كه سه‌رنه‌كه‌وتن
له‌م رووداوه‌دا هه‌ندی ده‌زگاو كه‌ناڵی راگه‌یاندن كه‌وتنه هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قه‌وه‌و، ره‌چاوی ئیتیكی پیشه‌كه و بنه‌ماكانی كاری رۆژنامه‌نووسییان نه‌كرد، مانشێت و چیرۆكه‌كانیان له ورووژاندن و دنه‌دان و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ی بی بنه‌ما دوور نه‌بوون و، نه‌یانتوانی له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا سه‌ربكه‌ون.
ئه‌و شێوازه مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه‌دا قێزه‌ونه و، ئه‌م تۆمه‌تباركردنه كه‌م سه‌لیقه‌یی پیشه‌یی پێوه دیاره‌و، ئه‌و په‌شێوییه‌ی چه‌ند كه‌سانێكی حسابكراو له‌سه‌ر میدیا‌و رۆژنامه‌گه‌ری له‌دوای رووداوه‌كه نایانه‌وه، ته‌واوكه‌ری ئامانجی بكوژانی سه‌رده‌شته و، خه‌ریكه هه‌رچی پیرۆزییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و به‌ها به‌رزه‌كانی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا پێشێل ده‌كات. له‌كاتێكدا سه‌باره‌ت به تاوانێكی له‌و چه‌شنه، ده‌بێت راگه‌یاندن زانیاری دروست و بابه‌تی له سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو بۆ خه‌ڵك بگوازێته‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌كان نه‌بێت، میدیا ده‌بێت له‌وه خۆی بپارێزێت له‌بری دادگا بڕیار بدات.
به‌سیاسیكردنی تاوانه‌كه
مه‌سه‌له‌كه له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر كرا‌و لایه‌نێكیش خۆڵی به‌چاوی خه‌ڵكدا كرد‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ته‌وزیفی كرد، له‌كاتێكدا تاوانی له‌م چه‌شنه نابێت به‌سیاسی بكرێت، ئه‌مه جێگه‌ی نیگه‌رانییه و زیان به به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی پیاده‌كردنی دیموكراسی له هه‌رێمه‌كه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت. هێشتا هۆكاری كوشتنه‌كه به‌ته‌واوی نازانرێت به‌ڵام هێرشه‌كان ناڕه‌وا بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناشێت رێگه بدرێت كوشتنی قوتابییه‌ك ببێته هۆكارێك بۆ نانه‌وه‌ی فیتنه و دووبه‌ره‌كی له‌نێو ریزه‌كانی گه‌لی كوردستاندا.
فڕاندنی كه‌سێك و كوشتنی، نه رووداوێكی ئاساییه و نه شڵه‌ژانی بارودۆخیشه به‌ته‌واوی، ئه‌و تاوانه ئه‌گه‌رچی ناخۆش و نه‌خوازراوه، به‌ڵام ئه‌و جۆره رووداوانه له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه. خه‌ڵكیش مافی خۆیه‌تی له‌سه‌ر ئازادییه تاك و كۆمه‌ڵییه‌كانی خۆی، به‌شێوازی مه‌ده‌نی و قانونیانه كه ده‌ستوور رێگه‌ی پێداوه ده‌نگ هه‌ڵبڕن و خۆپیشاندان بكه‌ن، ئه‌مه هۆشیاریی گه‌ل ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام نه‌ك كه‌سانێك بۆ مه‌به‌ستی سیاسی رێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌كان بگۆڕن، یان سوود له حه‌ماسی خه‌ڵك وه‌ربگرن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پیلانانه‌یان كه ده‌یان ساڵه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ ئاكامێكی دڵخۆشكه‌ری بۆیان نییه و ناشبێت. دواجار جێی خۆیه‌تی بپرسین كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمانی قوتابی ئامانجه‌كه بوو، یان ئامرازێك بوو بۆ درێژه‌دان به پیلانه ته‌واونه‌كراوه‌كان؟
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
