نان و پیاز خواردن بە خوێنی شەهیدەوە... ماهیر عەلی - سوید

بەناوی خۆم و خانەوادەکەمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهید سەردەشت و کەس و هاوڕێیانی دەکەم و ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە دەکەم جا هەر حزب و لاینێک لە پشتیەوە بێت. هێڤیدارم ئەمە دووا ناخۆشی و دووا تێڕۆر بێت لە کوردستانا.

بە داخەوە لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و مرۆڤی ڕۆشنبیر کەوتوونەتە بەر شاڵاوی گرتن و کوشتن لە هەرێمی کوردستان و سوکایەتی پێکردنیان لە لایەن داموودەزگاکانەوە و فتوای کوشتن لە لایەن هەندێ مەلای نا مەسئول و حزبە ئیسلامییەکانەوە. ئەمانە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەعی فکریی و تێنەگەیشتن لە چەمکی ئازادی و دیموکراتی و بەکارهێنانی بە شێوازی خراپ بە هەموو جۆرەکانیەوە. دیارە کورد هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستەی ڕەخنە لە خۆی بگرێ و ڕەخنەش قبووڵ بکات، یان بتوانێت ڕەخنە لە بەرامبەرەکەی وەربگرێت و ڕەخنەشی لێبگرێت. هەر لەبەر ئەوەشە ئەم جۆرە کارە نامرۆڤانەیە لە وڵاتە بێکەسەکەی مندا ڕوودەدەن. خۆشحاڵیشم بەوەی کە لێکۆلینەوە بەردەوامە و بە پیی ئاژانسەکان سەرەداویان دەست کەوتووە و ماوەیەکی دی ئاشکرا دەبێت.

وەلێ سەیرم پێدێت هەندێ لەو گۆڤار و ڕۆژنامە بەناو ئازادانەی لە مەڕ خۆمان پێش کات و ڕووداو کەوتوون و بە ئاشکرا پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کاک مەسروور بارزانی تاوان بار دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ زانیاریەک هەتاکو ئێستا لە دادگاوە ڕاگەینرابێت، لە هیچ قوژبنێکی ئەم دنیایەدا نەبووە و نابێ پێش بڕیاری دادگا کەس تاوانبار بکرێت. ئەم تاوانبار کردنەی ئەم ڕۆژنامە و گۆڤارە بە ناو ئازادانە و سەرانی گردە داگیرکراوەکەی زەرگەتە دەیکەن مەرامێکی بۆگەنی لە پشتەوەیە و دەیانەوێت حەقی دۆڕانەکەی ٣/٧ ی خۆیان لە پارتی و بارزانی بکەنەوە، چونکە پارتی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنا و لە ناوچەکەشدا قورساییەکی زۆری هەیە و حسابی بۆ دەکرێت، لە ناوچە دابڕاوەکانیشدا هاوپیمانی هەموو کورسیاکانیان بەدەست هێنا. ئەم دۆڕانە! ڕەوتی گۆڕانی تووشی شۆک و هیستریا کرد و دەیانەوێت بە ئاژاوە و گێرەشێوێنی جەماوەر لە خۆیان کۆبکەنەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ ەوە لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاوە و چەندەها قوربانی داوە و لە هەموو شکستەکانیشدا زۆر حەکیمانە و بە بڕوای تەواوەوە توانیویانە هەستنەوە و بەردەوامی بدەنەوە بە شۆڕش، لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد. ١١ ئازار و ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ گەورەترین شاهیدن. ئەمانەی ئێستا وەکو دومەڵان هەڵتۆقیوون، خاوەنی چەندین لاپەڕەی ڕەشن لە مێژووی گەلەکەماندا، دەیانەوێت ببنە دەمڕاستی گەلی کورد. ئەمانەی دەستیان بەخوێنی دەیان کەسی بێتاوان و کورد پەروەر سوورە، دبوایە هەر زوو ئەم تاقمە بدرێنە دادگا و لێپێجینەوەیان لەگەڵدا بکردنایە هەروەک و سەرانی ڕژێمی پێشووی عێراق. وەلێ لەبەر ناسکی وەختەکە و (دۆزی) کورد ئەو کارە نەکرا، بێگومان پارتی زۆر بە زانایانە هەڵسووکەوتی کرد و تەنانەت بەقسەی یەکێک لەوانە لە ساڵی١٩٩٢ دا ففتی ففتی قبوڵ کرد و دەستی لە مافی خۆی هەڵگرت لە بەر ناسکی دۆزی کورد. هەمیشەش پارتی و سەرۆکی هێژا دۆزی کوردیان زۆر بەلاوە گرنگترە لە بەرژەوەندی حزبی و تاکە کەسی.

بەڵام ئەم قارچکانەی کۆمپانیای ووشە لە ساڵەکانی ٦٠ کانەوە دژی هەموو ئازادییەک بوون لە کوردستاندا و هەردەم هەوڵیان داوە ئەوانەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن بکوژن و لە ناویان بەرن. کار گەیشتە ئەوەی قومبەلە فڕێبدەنە مەکتەبی کچانەوە، لەبەر ئەوەی ڕێکەوتن نامەی ١١ ئازاریان پێ هەزم نەدەکرا و هەتاوەکو ئەو دواییانەش یەکێ لەو سەرکردانی گردەکە حوکمی لە سێدارەدانی هەبوو. ئێستاش بەم ئازادییە و زۆری دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڵبژاردنی جەنابی سەرۆک، تووشی هستریا بوون و بە ناوی ئازادی قەڵەمەوە دیانەوێت ئاسایشی کوردستان تێک بدەن. هەڵبەتە ئەم ماستەی گردەکە نەک موو بەڵکو بێ گوریسیش نییە، لەولاوە لەگەڵ لیستی حەدبا و لەم لاوە لەگەڵ بەرەی تورکمانی ئاڵا تێکەڵدەکەن و پەیمان بۆ سالح موگلەگ تازەدەکەنەوە. کێ ناڵێت ئەمەش جۆڕە ڕێکەوتنێکی ژێر بە ژێری تر نییە؟ خۆ ئەوانە فێرن بەو جۆرە پلانانە کاربکەن. وەلێ کۆمەڵی کوردەواری زۆر لەوە ووریاترن کە ئەوان بیریان لێکردۆتەوە.

ئەوەتا زۆربەی ڕۆژنامەنووسانی هوشیار و بە ئەمەک لە بنی هەمانەکەیان بۆدان و دەستەکەیان خستوونەتە ڕوو. بەم زووانەش هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت و ڕیسواکانیش دەبێت سەری لووتی خۆیان ڕەش بکەن و جارێکی دی بوختان و درۆ نەنووسن و داواش دەکەم ئەمانە بدرێنە دادگا، با دادگا سزای خۆیان بدات.

با چیتر ئەم بازرگانی شەڕانە، نان و پیاز بە خوێنی ڕۆژنامە نووس کاکە سەردەشتەوە نەخۆن و وڵاتمان لێ نەشێوێنن. هەر نەبێ سەیرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن وا هەرچی لاوەکانە بەرەو پەتی سێدارە دەبرێن و لە باکوریش مەنجەنیق بۆ کورد داخراوە و هەموومانی تیا دەسووتێنن و سەیری رۆژئاوای بچووکیش بکەن کەوتوونەتە قڕکردنی کوردی بێ ناسنامە. دەوەرن با پێنووسەکانمان بکەینە یەک پێنووس و هێزوو تواناکانمان بکەینە یەک هێز و بچینەوە بە گژ هەموو ئەوانەدا کە دەیانوێت وڵاتەکەمان وێران و خاپوور بکەن.

  ٢٠١٠/٥/١٥

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

میوانانی سەر خەت

We have 474 guests and no members online