ئێمەش بێدەنگ نابین …. ئاسۆ عەلی فەرەج

مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان لێوانلێوە لە خەبات و تێكۆشان و ئامانجی نەتەوەیی و كۆششی دیموكراسیانە، هەر ئەو مێژووە پڕ سەروەرییە ئەمڕۆ لە ئاستی ناوچەكە و ئێراق و ناوخۆی هەرێمی كوردستان سرنجی دۆست و دوژمنی راكێشاوە.

مێژووی ئەم حزبە روون ئەوەی سەلماندووە خۆتاقیكردنەوە بۆ لەكەداركردنی و خەیاڵی (رووخاندنی) هیچ سوودێكی نەبووە و نابێت، چونكە حزبێكە خاوەن ئەو میسداقیەتەیە كە سەرۆكی پارتەكەمان سەرۆك مسعود بارزانی گەیاندە پۆستی سەرۆكی كوردستان و هەر ئەو بڕوا و متمانەیەی خەڵكی كوردستان بوو لە دوو هەڵبژاردندا بەمنزیكانە جارێكی دیكە پارتیان هەڵبژاردەوە بۆ نوێنەرایەتیكردنیان. ئەمەش بوو چۆكی دوژمنانی شكاند و رق و كینەیانی گەیاندە ئەو ئاستەی مەكینەی پروپاگەندەیان چڕ بكەنەوە بۆ لێدانی پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی و كاك مەسروور بارزانی بەرپرسی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كە ئاژانسێكە و لەو پەڕی متمانەیی كاركردن و دابینكردنی ئارامییە بۆ هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە.

ئەگەر ئێمەی راگەیاندنكارانی پارتی تاكو ئێستا بێدەنگیمان نواند بێت ئەوە پەیوەندی بە هەستیاری رەوشەكە و ئەخلاقیەتی رێبازی بارزانیی نەمر بووە و هەمیشە بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ رووداوەكان كردووە و رەچاوی ئەوەمانكردووە شەڕ ئێستا شەڕی نەتەوەییە، بەڵام ئەوانەی چاویان بە پارتی و سەركەوتنەكانی ئەم حزبە لەسەر ئاستی كوردستان و ئێراق و ناوچەكە هەڵنایە هیچ كات و هیچ بارودۆخێكیان نەپاراستووە و رەچاو نەكردووە لە دروستكردنی بوختان و هۆنینەوەی درۆ لەرێگای (لڤین و ئاوێنە و هاوڵاتی و رۆژنامە و كەی ئێن ئێنی) بڵندگۆ ناڕاستەكانی نەوشیروان مستەفا و سەرجەم ئەو دڵڕەشانەی ناوی خۆیان و ناوەڕۆكی خۆیان لە ژێر پەردەی رۆژنامەنووسی و رۆشنبیر مەڵسداوە و كار لەسەر وەتەری هەست و سۆزی خەڵكی كوردستان دەكەن و دەبنەوە تەواوكەری هەوڵە پووچەڵەكانی دوژمنانی كورد و ئامانجە نا نەتەوەییەكانیان وەك ژەهرێك بەسەر ئەم كیانە دیموكراسیە و ئەم فەزا ئازادەدا دەكەن.

ئەم تاقمە و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەوانن رێگاكانی تاقیكردنەوەیان بەرامبەر پارتی و سەرۆك بارزانی تاقیكردۆتەوە و سەرئەنجامیش میللەت وەڵامیانی داوەتەوە (دەنگدان)، كەچی چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد، ئەم ئەنجامانەی دوای كە پارتی دیموكراتی كوردستانی جارێكی دیكە وەك حزبی خاوەن پێگە و جەماوەر ناساندەوە ببێتە وانەیەكی گرنگ بۆ ئەوانەی دەیانەوێ خۆیان بەرامبەر پارتی تاقی بكەنەوە و چاوەڕوانی ئەوەمان لێیان دەكرد بەخۆیاندا بچنەوە و رێگای راست هەڵبژێرن، بەداخەوە لەگەڵ شكستەكانیان و لەبەرامبەر بەهێزی و لوتكەیی پارتی و سەرۆك بارزانی هەڵسان بە هێرشی ناڕەوا.

هەموومان دڵگران و خەمبار و ئەسەفخواز بووین بۆ لەدەستدانی كاكە سەردەشت عوسمان، خۆمان پاراست لەوەی پێش یاسا پەنجەی تۆمەت درێژ بكەین، بەڵام گردەكە و جەماعەتی بن گردەكە دەستیان بە هۆنینەوەی بوختان و لەكەداركردنی پارتی كرد، لەكاتێكدا ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بووین شكستەكانی دوژمنانمان بەرامبەر پارتی و ئاژانسی پاراستن بەتایبەتی جەنابی كاك مەسروور بارزانی وانەیەك بێت بۆیان و جارێكی دیكە توخنی قەڵای پارتی نەكەون، كەچی نەوشیروان مستەفا و وردەواڵەكانی دەرووبەری بەناو رۆژنامەنووس و رۆشنبیر لەبەرمبەر متمانەیی نەتەوەیی پارتی و سەرۆك بارزانی دەمكوت نەبوون و زاتی ئەوەیان بەخۆیان دایەوە جارێكی دیكە خۆیان بە شاخی سەختی پارتیدا بدەن.

ئەگەر ئەوان تۆزێك لە مەنتیقی دیموكراسی و ئازادی نزیكببنەوە، ئەوا نەدەبوو بەرامبەر بەم هەڵشكانە بەردەوامەی پارتی دیموكراتی كوردستان نوقە بكەن، بەڵام ئەوان بڕیاری خۆیانداوە و خۆشیان باجی (مێژوو) دەدەن و خەڵكی كوردستانیش زۆر لەوە هۆشیارترە بە لێكدانەوەی پروپوچەكانی ئەم تاقمە نا نەتەوەییە هەست و سۆزی گەورەیان بەرامبەر بە پارتی و سەرۆك بارزانی كەمبێتەوە.

 

میوانانی سەر خەت

We have 773 guests and no members online