کامیان؟ ئایا هه‌مان چاوه‌ڕوانیی پڕ دڵه خوورپه‌ی قه‌زا و قه‌ده‌رێکی!! گرێنتیی تر، یاخوود له سووراغی هۆکار و ده‌ستنیشان کردنی ئاڵته‌رناتیڤه‌کان؟!
ئاخر ئه‌گه‌ر فیشه‌ك وه‌ڵامێکی شاییسته و چاره‌ساز بووایه، ئه‌وا له مێژ بوو ته‌واوی ووڵاته پێشکه‌وتوو خوازه‌کان به ده‌ستووری - تاڵییبان - ڕه‌فتاریان ئه‌کرد، یا
ئه‌گه‌ر ڕێگای ئێجگار ئاسانی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ده‌یان و سه‌دان ڕه‌خنه‌ی من و سۆران و عه‌بدولخالق و حه‌للاجه‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ییش به قه‌ڵه‌م که‌مێك دووریش بن، خۆ گرتنه به‌ری ڕێگا یاساییه‌کان به پێی ئارتیکڵی - ته‌شهیر = فراژه - زۆر دوور نه‌بوون و نین، خۆزگه به‌م تاقه باڵه‌ی قه‌ڵه‌مه‌وه ئاوا بێ که‌س کووژتان نه‌ئه‌کردم، ئێوه ده‌تان توانی زۆر شت له ژیانه تراژیدیاکه‌ی منه‌وه فێر ببن، ئه‌مڕۆ فریشته‌یه‌ك ناوی بکووژه‌کانی خۆمی نیشان دام، ئه‌فسووس!! من پێم وا بوو ته‌نها هه‌ر ئه‌و دوو که‌سه بوون که نه‌ك له هه‌موو ژیانیاندا ڕۆژنامه‌یه‌کیان نه‌خوێندبۆوه، به‌ڵکوو له خوێندنه‌وه‌شدا هێنده کۆڵه‌وار بوون، سه‌ریان له یه‌ك دێڕی نووسینه هه‌جووه ئه‌ده‌بیی و بێ غایه‌ت و وه‌سیله ئاساکه‌شم ده‌ر نه‌ئه‌کرد، به‌ڵێ ئه‌فسووس، لیستی ده‌ستی پڕ نووری ئه‌و فریشته‌یه تا چاو بڕ کات تژیی و سه‌ر لێو بوو له ناوی چه‌ندان به ناو ڕۆشنفیکری گوایا ڕۆشنگه‌ر و فێرخواز و به ڕوواڵه‌ت وه‌رچه‌رخان خواز!!، ئێستا له‌گه‌ڵ سۆراندا له پێشوازیی پێنج ئه‌سپ سواری یاڵ خوێناویی و سپی پۆشی خزمانی ئه‌ودیوداین، سه‌ر قافڵه‌که‌یان خاتوو - شیرین - ێکی ده‌م به خه‌نده‌ی هێند شیرین دیمه‌نه، چیتر له دڵی خۆمدا ده‌ڵێم خۆ ئه‌گه‌ر شیرینه‌که‌ی هه‌ولێرم لێم زویر نه‌بوایه، هه‌ر ئێستا حه‌زم ئه‌کرد لێره به فه‌رهاد بانگ بکرامایه، ئامانه‌تی ئێوه و خانه‌واده‌ی مامه حه‌مه و ماڵه پڕ گوڵاڵه سووره‌که‌ی مام عوسمانی باوکم.
_________________________________
دوای ڕاپه‌ڕین دووباره‌مان کرده‌وه و ووتمان، به پێی سیسته‌می په‌یڕه و کراوی - یۆنسکۆ - و جیهانی یاسا و سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تیی، که نزیکی په‌نجا و شه‌ش ساڵه له ده‌یان لاوه بیرمه‌ندان و مامۆستایانی زانکۆ باڵاکانی جیهان تووێژینه‌وه ی - جدیی = سه‌ریایی - و ووردیان له‌سه‌ر کردووه، ئیتر ئێمه‌ی کوردیش چ وه‌ك خاوه‌ن هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی جیوپۆڵیتکیی و ستراتیژ ئه‌ندازه‌ی ده‌ڤه‌ره‌که، یاخوود چ وه‌ك ئه‌ندامێکی ئاکتیڤی ئه‌م خێزانه گه‌وره‌یه‌ی سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه، ده‌بوو هه‌ر له سه‌رۆك و جێگر و لێپرسراوانی باڵا و وه‌زیران و پاڕله‌مانتاران و گه‌وره فه‌رمانبه‌رانمان به گشتیی، تا ئه‌گاته هێزه فه‌رمییه چه‌کداره‌کانی هه‌رێمه‌که‌مان زۆر به تایبه‌تیی، به‌ر له‌وه‌ی هیچ کام له‌مانه بچنه سه‌ر کار و کورسیی ده‌سه‌ڵات، یاخوود له پاڵ موماره‌سه‌ی وه‌زیفه‌کانیاندا، یه‌ك دوو تێرم، یاخوود چه‌ند کۆرسێکی تا بڵێی گرنگ هه‌ن، زۆر پێویست بوو سه‌رجه‌میان به ئیجباریی بیانخوێنن، ئه‌ویش کۆرسه‌کانی سایکۆلۆژیای ئیداره و، ئه‌ته‌کێتی دیپلۆماسییه‌ت و، زانسته‌کانی - بوواری ده‌روونی گشتی - (جو النفسی العام) و هتد..، به‌ڵام چه‌ندان ڕێنمایی ئاوامان فه‌رامۆش و پشت گوێ خران و، ئه‌وه‌تا ئاکامه ئێجگار خراپه‌کانی وه‌ك ته‌شه‌نه‌ی (نه‌ك به ته‌نها بیری یه‌کتر قبووڵ نه‌کردن، به‌ڵکوو بۆدی ته‌کنیکی یه‌کتر قبووڵ نه‌کردنیش!!) + غافڵه کووژیی به مه‌زاج و، ئیزدیواجییه‌ت له په‌یڕه‌و کردنی ده‌ستوور، یاخوود چ به ئاشکرا و نهێنیی به‌زاندنی بێ منه‌تانه‌ی هێڵ و قوودسیاته‌کانی یاسا و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕێچکه‌ی خه‌ته‌رناکی - هه‌ر که‌س بۆ خۆی - و، تاعوونی سادیستیه‌تی بیری هه‌ندێك تاكی - ته‌کساسی کۆن ئاسا - دوو چوارده خۆر له‌به‌ر پشتوێن و، سیوکراتیزمی گرووپ و کوتله و خێڵ بازیی و، هاو ڕوواڵه‌ت و شێوه له ناکاو هه‌ڵتۆقیوه‌کانیان له غیابی ئه‌و خوێندنه باڵا ناوبراوه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، هه‌موویان له فه‌زایه‌کی نیمچه جه‌نگڵ ئاسای دوو له‌ت کراوی هه‌رێمه‌که‌دا، زۆر به ڕوونیی و به هه‌ردوو چاووی سه‌رمان ڕۆژانه ئه‌یانبینین، به‌ڵی هه‌ر ئه‌و ساڵانه ده‌ستجه‌معیانه و به نووسراوی زۆر چڕ و متمانه دار، یا به کۆڕ و سیمیناری زۆر دڵسۆزانه‌ی دوور له هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك، نووسیمان و ووتمان:- دڵنیا بن ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و تێرمانه له هه‌رێمه ئازاده‌که‌ی ئێمه‌دا و، وه‌ك یه‌که‌م ئه‌زموون له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته سیسته‌م به سه‌ر یه‌کدا ترشاو و مه‌ته‌ڵ ئاسایانه‌ی ده‌ور ر به‌ردا، سه‌راپایان به خه‌ستیی و دوور له خۆ دزینه‌وه بۆ کاری کاریکاتۆریی ئایدیۆلۆژیای ئێکسپایه‌ر و، دوور له - دیپلۆمی به هه‌ڕه‌شه مۆر کراو - نه‌خوێندرێن، ئه‌وا ئه‌بێت جاویدیانه و بۆ ئه‌به‌د، به‌رده‌وام چاوه‌ڕێی زۆر تراژیدیای تری پڕ ماڵوێرانی و، ئه‌گه‌ری دیسان پێکدا هه‌ڵپژانی تری چه‌کدارانه و، گه‌رمه هه‌ڵچوونی تری تاك و گرووپه‌کانی سبه‌ینێ و، سه‌دان غافڵه کووژ کردنی تری سه‌رده‌شته‌کان و عه‌شاماتێك ئه‌دای خوار و خێچی ده‌سه‌ڵاتداری ووردی تازه پێدا که‌وتووی تر و، موخته‌سه‌ر بۆ هه‌میشه و دڵ له ناو مست چاوه‌ڕێی به‌رجه‌سته بوونی ده‌یان کاری پڕ سه‌رکێشیی و خوێناویی که‌سانی وویژدان مردوو و، نا دڵسۆزانی خوێنی ئه‌نفال و شه‌هیدانی دوێنێ و سه‌له‌ف ببین، وه‌ر گرتنی ئه‌و کۆرسانه (هه‌روه‌ك له کرۆکی نووسینه‌کانی پێشوودا زۆر گشتگیرانه باس له تێز و خاسییه‌ت و ئیمتیازاته لۆکاڵیی و گڵۆباڵییه‌کانی دیپلۆمه‌که به پله‌ی - باچله‌رس دگریی = به‌کالۆریۆس کراوه)، به واتا فێر کردنی ناوبراوان به ڕاڤه‌ی هێمنیی له گووفتار و کرداردا، + چۆنێتی قبووڵ کردنی ڕه‌خنه ی به‌رامبه‌ر و مامه‌ڵه کردن له ته‌ك - ته‌شهیر = فراژه - ی خوودیی = شه‌خسیی و، حیزبیی و حکومیی و پیشه‌یی و عه‌شاییریی و بنه‌ماڵه‌یی و هتد..، + ڕاهێنانیان له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌چوونی هیستریانه و، له بری تووڕه بوون و ده‌ست بردن بۆ هێزی چه‌ك، په‌نا بردن بۆ وه‌ڵامی قه‌ڵه‌م و بڕیاری یاسا، که هه‌موو ئه‌م کۆرسانه به نه‌زه‌ریی و پراکتیك ئاوێته‌ی یه‌کتر کراوون، ساڵی 97 بۆ 98 پیاوێکی سه‌ر ماش و برنجیی یابانیی، به ناوی - هیرانۆ کایکۆ - له چه‌ند کۆرسێکی ناوبرادا و له یه‌کێك له زانستگاکانی ئامریکای باکووردا، نزیکه کورسیی و هاو پۆلم بوو، ئه‌و سه‌رده‌مه هیرانۆ - باڵیۆز = - سه‌فیر - ی یابان بوو له مه‌کسیك، من که‌مێك بینینی ئه‌وم وه‌ك قووتابیی به لاوه سه‌یر بوو، هه‌ڵبه‌ته نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باڵیۆز بوو، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یابانییه‌کان به گشتیی، به‌ر له‌وه‌ی بچنه پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی چوون حوجره‌ی مه‌لاکانی خۆمان، له په‌رستگاکانی سیدهام ی بوزیی یاخوود کۆنفۆشیوزیدا، سه‌ره‌تا داستانه مه‌زهه‌بیی و فه‌لسه‌فیه‌کانی - هائیکی - (سه‌بر، مه‌عریفه‌ت، هێمنییه‌کانی ڕۆح و هتد.. به ئیجباریی ده‌خوێنن، ) که ساڵی 1190 ز نووسراوه و دوای په‌نجا ساڵ کۆتایی پێ هاتووه، هاوکات فێر ی هه‌موو وانه‌کانی دان به خۆدا گرتن و ئۆقره و ئیراده و کۆنتڕۆڵی زات له ئاست له‌زه‌ته شه‌هوانییه‌کان و، دوور که‌وتنه‌وه له گیانی تۆڵه سه‌ندن و کین و بوغز و هتد..، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له ڕێگای میسۆلۆژیا و ڕیتۆری یۆگای کلاسیك و، چۆنێتیی به ناخی خوودا شۆڕ بوونه‌وه و، بینینی هه‌ڵه‌کانی ناخ و خاوێن کردنه‌وه‌یان له ماجه‌ڕای هه‌ڵتووڕیی و سه‌ره ڕۆییه‌کانی واده‌ی مێرد منداڵیی، + دیسان ئۆرگه‌ناییز کردنه‌وه و پڕ کردنی خانه‌کانی کرووسی مێشك به‌و فه‌لسه‌فه باڵایانه‌ی که من چه‌شنی - غوسڵ ده‌رکردنێکی سه‌رتاسه‌ریی ڕۆح ئه‌یان بینم -، هاوکات یابانیه‌کان له ته‌واوی قۆناغه‌کانی خوێندنیشدا وانه پڕ ڕێنماییه‌کانی ده‌یان هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی ڕۆحیی کۆن و نوێی خوودی یابانیان پێ ده‌خوێنن، له‌وانه هه‌وڵی خۆ دۆزینه‌وه و متمانه به خۆ بوون، ئسلووبی به کار هێنانی زمان و هه‌ڵسووکه‌وتی له سه‌ر خۆیانه، چ له ڕێگای باوکی میوزیك ژه‌نه‌کانی یابان - یوسکی هۆنما -، یاخوود ئامۆژگارییه ده‌گمه‌نه‌کانی - ئاوکوبۆ توشیمینتشی - مێژوو نووس و خاوه‌ن خه‌ڵاتی - نۆبڵ - ی ئاشتی، ئه‌مانه ده‌رباره‌ی ته‌واوی قوتابیانی یابان، که وه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندێك له‌گه‌ڵ باکڕاووندی واده‌ی مێرد منداڵیی منێکی کوردی چه‌واشه کراو له مێژووه‌که‌مدا و، سه‌ر لێشێوێندراو له جووگرافیاکه‌مدا و، خه‌ڵه‌تێندراو به ده‌یان وانه‌ی نامۆ و نه‌گوونجاو، که هیچیان مسقاڵه زه‌ڕڕه‌یه‌ك و، دوور و نزیك له‌گه‌ڵ کلتوور و زمان و فه‌رهه‌نگ و هتد.. ی مندا یه‌کناگرنه‌وه، بێ گوومان پانتایی جیاوازیی ئه‌و پێوانه‌یه‌ش له نێوان من و به‌ڕێز - کایکۆ - دا هێنده‌ی ئاسمان و ڕێسمانه، له هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگ تر ته‌واوی سیاسه‌تمه‌داران و گه‌وره فه‌رمانبه‌رانی زۆر کۆن و ئه‌مڕۆی یابان به ئیجباریی پێویسته لایه‌نی که‌م فه‌لسه‌فه‌کانی نێو کتێبی - ئومێده لێکدراوه‌کان = مانغا، ئانمی - زۆر به ووردی شاره‌زا بن، جا به‌ر له‌وه‌ی بێمه سه‌ر پرسیاره‌که‌م له - مسته‌ر هیرانۆ -، به واتا هه‌موو سیاسییه‌کی ئێمه‌ش پێویسته له پاڵ پسپۆڕیی لووتکه له زمانی داییکدا به هه‌موو شێوه‌زار و دیالێکت و واتا ڕێزمانییه‌کانیان + سه‌رباری شاره‌زایی ته‌واو له مێژووی سه‌دان ساڵه‌ی ناوی یه‌ك به یه‌کی سه‌رکرده و شۆڕش و ڕێکه‌وت و هۆکار و ئه‌نجام، یاخوود ناوی شار و شارۆچکه و گووند و شێوازی کلتوور و هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیا و ته‌واوی بابه‌ته په‌یوه‌نداره‌کان به خۆشیی و ناخۆشیی و گووزه‌ران و بازرگانی و پیشه‌سازیی و په‌یوه‌ندییه سیاسیی و ئابووریه‌کانی ئه‌وانه‌وه که ئه‌مه به‌شی یه‌که‌می ئومێده‌که‌یه = مانغا، ئینجا له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تمدار پێویسته که وه‌ك تاقی کردنه‌وه‌یه‌کی فیکریی و مه‌یدانیی درێژ خایه‌نی پڕ دڵسۆزیی و ده‌یان هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تیی و زانستیی و - ئه‌مڕۆ ته‌کنه‌لۆژیش -، به شاهێدی و پشتگیریی جه‌ماوه‌ر و زانایان و دادوه‌ران قۆناغه‌کانی ئه‌و به‌شه ببڕێت، تاکوو ئاماده بێت بۆ به‌شی هه‌ره قوورسی دووه‌م - ئانمی -، که بۆ نموونه و به پێی ده‌ستووری یابان سه‌رۆك وه‌زیران له لایه‌ن ئیمپڕاتۆر خۆیه‌وه ده‌ست نیشان ئه‌کرێت، ئه‌گه‌ر بێت و یه‌کێك له‌م سیفه‌تانه‌ی تێدا نه‌بێت یاخوود له تاقی کردنه‌وه‌دا ده‌ر نه‌چووبێت، ئه‌بێت تاکوو دیسان خوێندنی ئه‌و به‌شه و ده‌رچوون تێیدا کورسییه‌که‌ی به به‌تاڵیی بمێنێته‌وه، ئه‌مانه و سه‌رباریشیان ته‌واوی خێزانه یابانییه‌کان له ماڵه‌وه وه‌ك به‌شێك له کلتووری خۆیان له‌سه‌ر وانه‌ی گوفتاری ستاتیکیزمی و ڕه‌فتاری دوور له موباله‌غه و خۆ سه‌غڵه‌ت کردن و لووتکه‌ی هێمنیی فه‌لسه‌فه‌ی - یوسکی هۆنما = که به واتای - به‌ڕێز و خۆشه‌ویست دێت و، هه‌زاران ساڵه به بێ جیاوازیی گه‌وره و بچووك، لێپرسراوی گه‌وره و کاسبکاری نه‌خوێنده‌وار دوای سه‌ر دانه‌واندن بۆ یه‌کتر وه‌ك سڵاو هه‌موویان ڕاده‌هێنرێن، به کورتیی ئه‌وه‌ی له سڵاوی یابانیدا و جیاواز له هه‌موو کلتووره‌کانی جیهان جوانتر و یه‌کسان خواز تر بێت ئه‌وه‌یه، که ده‌سه‌ڵاتدار و گه‌دا، سه‌رۆك و ڕۆژنامه نووس، وه‌زیر و حه‌ماڵ، ئه‌ندام مه‌کته‌ب سیاسیی و چایچیی له یه‌ك کات و ساتدا پێکه‌وه سه‌ری سڵاو کردن بۆ یه‌کتر دائه‌نه‌وێنن، ئاخر هه‌ر ئه‌مه هۆکاری ئه‌و پرسه‌م بوو که به هاوڕێی ڕیزی هه‌ره دوواوه‌ی پۆلم بڵێم:- ئێوه‌ی یابانی که سه‌رلێو بن له‌م هه‌موو وانه و په‌ند و عیبره‌ت و بگره زانست و ته‌کنه‌لۆژیایه‌ش، ئیتر ئه‌بووایه تۆ خۆت ده‌مڕاست و ڕدێن سپیی ئه‌م زانکۆیه بیت، نه‌ك قووتابی کۆلیژێکی، - هیرانۆ کایکۆ - ی قووتابیی و - سه‌فیر - دوای گله و گازنده‌یه‌کی زۆر له دوو هه‌ڵسووکه‌وت و ڕه‌فتاری ئێجگار زه‌قی پێشتریی خوودی خۆی، (که سه‌ره‌تا پێم وابوو داخۆ بازرگانیی هێرۆیینی کردبێت، یاخوود چه‌ند ده‌فته‌ره دۆلارێکی وه‌زاره‌تێکی لووش دابێت) ووتی:- له ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌ی وه‌زیفه‌مدا دوو هه‌ڵه‌ی ئێجگار نه‌گونجاووم کرد، یه‌که‌میان له کۆنفراسێکی ڕۆژنامه نووسیدا ڕۆژنامه نووسێکی گه‌نجی یابانیی هاوزمانم له هۆڵی - ی‌و ئێن - پێی ووتم، تۆ خزمی - یوکیتو هاتویاما - ی سه‌رۆك وه‌زیرانیت بۆیه کراویته‌ته باڵیۆز، منیش له حاڵه‌تێکی کوت و پڕدا ووشه‌ی - ناڕاستگۆ - م له به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌نجه‌دا به کار هێنا، خۆ له ڕاستیشدا من خزمی سه‌رۆك وه‌زیران نیم و به‌ر له‌ویش له‌م وه‌زیفانه‌دا بووم، به‌ڵام ئسلووبی وه‌ڵامه‌که‌م نه به دڵی خۆم بوو نه به دڵی هاوسه‌ره‌که‌شم، بۆیه خێرا چ به تێلیفۆن و چ له ڕێگای ڕۆژنامه‌که‌شیانه‌وه، دوو جار داوای لێبووردنم له‌و ڕۆژنامه نووسه کرد و، دوو جارییش له په‌رستگای - سیدهام - قووربانییم به‌خشی تاکوو خواوه‌ند له‌و هه‌ڵه‌یه‌م ببوورێت، داخه‌که‌م هه‌ر دوای یه‌ك ساڵ و له ئاهه‌نگی ئافره‌تانی هه‌شتی مارچدا، دیسان له وه‌ڵامی ڕۆژنامه نووسێکی - په‌نه‌ما - ییدا، کاتێك پێی ووتم هاوسه‌ره‌که‌ت زۆر جوان و گه‌نج تره له خوودی خۆت و به کچت ئه‌شێت، له ڕاستیدا ئه‌وه - جی کایکۆ - ی کچیشم بوو که بۆ ئاهه‌نگه‌که له‌گه‌ڵم هاتبوو، به‌ڵام به بێ ئیراده‌ی خۆم به ئاسته‌م تووڕه‌یی به ڕووخسارمه‌وه ده‌رکه‌وت و پێم ووت زۆر سوپاست ئه‌که‌م که وه‌سفی جوانیی ئه‌ووت دا، به‌ڵام خۆزگه په‌له‌ت له پێناسه‌ی ئه‌ودا نه‌کردایه، ئه‌مه کچمه نه‌ك هاوسه‌ر، وه‌ڵامه‌که‌م هه‌ڵه‌ی تیا نه‌بوو به‌ڵام ڕووخساری که‌مێك له شه‌رم داگیرساووم که وابه‌سته‌ی کلتووره‌که‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر نه‌گوونجاو بوو، هه‌ر بۆیه به په‌له و له پێناوی ڕوو نه‌دانی هه‌ڵه‌ی سێیه‌م، که وه‌ك ده‌ڵێن هه‌میشه هه‌ڵه‌ی سێیه‌م جار قوورس و ناقۆڵا تر ئه‌بێت، داوام له - کاتسویا ئۆکادا - ی وه‌زیری ده‌ره‌وه کرد که له پاڵ وه‌زیفه‌که‌مدا مۆڵه‌تی خوێندنی ئه‌م کۆرسانه‌شم پێ بدا، تاکوو که‌م تا زۆر له کۆبوونه‌وه ڕۆژنامه نووسیه‌کان و وه‌ڵامی ڕه‌خنه گاڵته ئامێز و بگره له نووسینه سووکایه‌تی پێ کردنه‌کان و هتد.. ی داهاتوودا، وه‌ك لێپرسراو و نوێنه‌ری ووڵاته‌که‌م زۆر دوور له هه‌ر تووڕه بوونێکی ناپێویست هێور تر و دیپلۆماسی تر زمان و قه‌ڵه‌مێکی نه‌رم تر له جاران شك به‌رم، هه‌ر بۆیه منیش وه‌ك نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێڕه و پاڵ پشت به ووته‌کانی سه‌ره‌وه‌م دیسان ئه‌ڵێم، له کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی کورددا که پێویست به شیکاری پێناسه و چمك و ڕه‌هه‌نده جیا جیا و ئاشکرا‌کانی ناکات، وه چوون پارچه‌یه‌ك له‌و خۆرهه‌ڵاته کۆکتێل له ڕه‌گی - فیودالیی = عه‌شایریی - و عاشقانی تفه‌نگی ده‌سك شه‌وق دار و میل هه‌میشه سوار، کۆمه‌ڵگایه‌کی تاکوو کوونه لووت نێر سالار + سرووشتێکی بۆ گه‌شته‌وار فه‌رده‌وس ئاسا و، بۆ جێ نشینه به‌رده‌وام کاوول کراو و گووزه‌ران سه‌خت و، پشتاو پشت ماندووه نه‌حه‌ساوه‌کانیشی، به‌رده‌وام مرۆڤی تووڕه - خووڵقێن، + تابوورێك لێپرسراوی چه‌کدار و ڤێلای شارستانیی و پڕ ته‌قه‌نیاتی ته‌کنه‌لۆژیا و به‌تاڵ له قه‌ڵه‌م و کتێبخانه، + ده‌یان دیوه‌خانی به دۆلار و کڵاشینکۆف ئاخنراو و زۆرینه که‌م خوێنده‌وار و وه‌ڵام - زبر، خه‌شن - و هه‌میشه خاوه‌ن دوژمنداریی کۆنی نهێنیی و ئاشکرا، که هه‌ڵکه‌وته‌ی جیوپۆڵیتیکیی و سیسیۆلۆژییمانی تژی و سه‌ر لێو تر کردووه له تاکی ترادیسیۆنی چاو سوور و، که‌سایه‌تیی فه‌نده‌ماڵیستی نه‌دیی و بدیی و، ڕۆشنگه‌ر داپڵۆسێنی شه‌قاوه ئاسای ناو سیسته‌می گاڵته جار به فه‌لسه‌فه و لۆژیك کووژ، ئه‌مانه و جار جاره‌ش خۆ سه‌پاندن و هه‌ست کردن به نه‌شونمای باڵای به‌چکه دیکتاتۆرییه‌ت بازیی نێو تاکه‌کان و، ته‌متوومانی گه‌مه‌کانی پشت که‌والیسی یاساکان و، ترسی نه‌مانی که‌مێك متمانه به گه‌وره پارێزانی هه‌رێمه‌که و، زاڵیه‌تیی ڕیتمی ده‌ستگه‌ریی و میتۆدی سامناکی - نیپۆتیزمیی = خزم خزمێنه - ی چه‌کداره نیشان شکێن و قه‌ڵه‌م نه‌ناسه‌کان، یاخوود زیهنیه‌تی بڕێکی که‌م له چۆنێتیی به مێگه‌ل کردنی هاو ووڵاتیی و هتد.. هتد، به‌ڵام دیسان که ناکرێت - له به‌ر خاتری ده‌سته‌سڕێك قه‌یسه‌رییه‌ك بسووتێنرێت -، یاخوود ڕه‌ش بینانه ده‌ست له هه‌موو جوانییه‌کانییش بشۆرێت، ناچار بیرۆکه‌ی کردنه‌وه‌ی ئه‌و تێرم و کۆرسه گرنگه باس کراوانه‌وه‌م ئه‌ده‌مه‌وه به گوێی سه‌کۆ نشینانی پاڕله‌مان و، مینبه‌ری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و دامه‌زراوه حکوومییه‌کاندا - زۆر به تایبه‌ت ته‌واوی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کان - و ئه‌ڵێم:- ئه‌گه‌ر بیرتان بێت به‌ر له شه‌ڕی برا کوژیی ئه‌م پێشنیاره‌مان خسته به‌ر ده‌متان و، مامۆستایانی خۆبه‌خشی ئه‌و کۆرسانه‌ش له کورد و بێگانه ئاماده باشیی خۆیان ڕاگه‌یاند، ئه‌وه بوو یه‌کتر قڕ تێ خستنی براکان هات و، به دوایدا به‌ر له کووشتن و ڕاوه‌دوو نانی ڕۆژنامه نووسان و غافڵه کووژی هه‌مه چه‌شنه و به‌خشینه‌وه‌ی بێ سه‌ر و به‌ره‌ی تفه‌نگ به‌و ماڵانه‌ی که زیاتر پێویستیان به نان و قه‌ڵه‌م بوو، دیسان داوای خووڵقاندنی ئه‌م کۆرسه وه‌رچه‌رخان سازانه به نووسین خرانه‌وه به‌ر ده‌متان، به‌ڵام سه‌ر له نوێ له ئه‌رشیفی حیزب و چه‌کمه‌جه‌ی مێزی کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمدا ژه‌نگیان هه‌ڵهانیی و تاقه یه‌ك هه‌نگاویان لێ پراکتیك نه‌کرا، هه‌ر بۆیه به‌ر له قه‌ومانی هیچ کاره‌ساتێکی تری له‌م جۆرانه، که ڕۆژ به ڕۆژ و سه‌رباری زیاتر بڵند بوونه‌وه‌ی دیواری لێك ڕه‌نجانی نێوان جه‌ماوه‌ر و حکوومه‌ت، وا بۆ جاری سێیه‌م داوای هه‌ڵوێستی جدییانه‌ی یه‌ك به یه‌کی پاڕله‌مانتارانی کوردوستانی هێشتا نه‌زیف له‌به‌ر چۆڕاو ئه‌که‌ین، به‌ر له هه‌ر شت و دوور له موجامه‌له و موباله‌غه‌ی ئه‌ژنۆ شکاوی سیاسه‌ت بازیی و کات به فیڕۆ دان، سه‌ره‌تا فشاری یاسای قه‌ده‌غه کردنی چیتر دیارده‌ی ئه‌م چه‌ك به‌خشینه‌وه عه‌شواییانه‌ی ناو شار و شارۆچکه‌کان بخه‌نه به‌ر باس و، به دوایدا داوا بکه‌ن که خوێندنی کۆرسه ناو براوه‌کانی سه‌ره‌وه بکه‌نه یاسایه‌کی ئیجباریی له‌سه‌ر کۆی لێپرسراوان و ته‌واوی کادێرانی حیزب و به‌ڕێوه‌به‌رانی دام و ده‌زگا حکوومییه‌کان، جا ئه‌گه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان به ڕاستیی مه‌به‌ستیانه که چیتر نه ڕۆژنامه نووسان و نه ساده ترین هاو ووڵاتیش تووشی زیانی مادیی و مه‌عنه‌ویی نه‌بێت، ئه‌گه‌ر به ڕاستیی ئه‌مانه‌وێت ئه‌و بڕه متمانه‌یه‌ی جه‌ماوه‌ر به حکوومه‌ت وه‌ك خۆی بمێنێت و، ئاژاوه و فه‌زاحه‌ت و بێ حوورمه‌تیی زیاتر ڕوو له کۆمه‌ڵگاکه‌مان و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی و ڕێزی شه‌قامی ئێجگار پاکی کۆمه‌ڵایه‌تیمان نه‌کات، ئه‌وا کادێر و مووچه خۆره که‌م خوێنده‌واره‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه فێری خوێنده‌واریی باش و لایه‌نی که‌میش زانسته‌کانی کۆمپیوته‌ر بکه‌ن، خوێنده‌واره‌کانیشیان بخه‌نه به‌ر ئه‌و تێرم و کۆرسانه‌ی که له‌م ووڵاته پێشکه‌وتووانه‌دا سه‌دان و هه‌زارانی وه‌ك - هیراتۆ کایکۆ - ی یابانی به بێ جیاوازیی ته‌مه‌ن و مه‌نسه‌ب و ئینتیمای حیزبیی و مه‌زهه‌بیی و هتد.. زۆر له خۆ بووردوانه و بێ هیچ لووت به‌رزییه‌ك ده‌ی خوێنن و، دوواجار له ڕێگه‌ی دیپلۆمێکی نۆرماڵی ئه‌و بووارانه‌وه باڵا تریین فه‌رمانبه‌ر و کادێر و که‌سایه‌تیی لێهاتوو و پسپۆڕی هێمن و، به ته‌وازوع و دیپلۆمات ناس ئه‌بنه جڵه‌و گری قافڵه‌ی زیاتر به‌ره‌و پێش چوونی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش، که چه‌ندان ساڵه دوور له هه‌ر درووشمێکی ئایدیۆلۆژیانه‌ی که‌ڕوو گرتووی پڕ ماڵ وێرانیی زیاد له حه‌فتا ساڵه‌ی پێشتر و، نزیك له‌و شۆڕشه سه‌راپا گیره‌ی ڕۆشنبیریی و - هۆشداریی = ته‌وعیه‌ی - هه‌مه چه‌شنه که‌مێك فه‌رامۆش کراوه‌وه، ئیتر ئێمه‌ش به دڵنیایی ئه‌گه‌ینه ئه‌و قۆناغه پڕ ڕاچه‌نین و گشتگیره‌ی، که به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م قۆناغه کاریزمییه دۆگمایه‌ی ئه‌مڕۆوه ئه‌گه‌ینه دامێنی سێ گۆرانکاریی هه‌ره گرنگ و باوی سه‌رده‌م (زانست، ته‌کنه‌لۆژیا، ئابووریی پته‌و)، نه‌ك خوولانه‌وه‌ی گێژانه له ناو هه‌مان ئه‌م بازنه ناوبراوه‌ی - کاریزمییه‌ت - و، ته‌قدیس کردنی تاکی باڵا ده‌ست و، ئاووڕی به‌رده‌وام بۆ پشته‌وه و به‌رده‌می خوود نه‌بینین، یاخوود له بری ئه‌و شۆڕشه ڕۆشنبیریی و زانستییه‌ی سه‌ره‌وه، که سوپایه‌ك کوردی شاره‌زا و پسپۆڕ له ناوخۆ و ده‌ره‌وه، زۆر ئاماده باشانه ئه‌توانن به تۆکمه ترین شێواز، تا مه‌نزڵی دوا هه‌نگاو ڕابه‌رایه‌تیی بکه‌ن، به‌ڵام له بری ته‌واوی پشتیوانیی و ڕاوێژ پێ کردنیان، له بری ده‌رگای گوێ گرتن کردنه‌وه لێیان و که‌مێك ڕێگا چۆڵ کردن بۆیان، ئه‌بینین نه‌ك هه‌ر گرنگیی به‌و هه‌موو ڕێنماییه به پڕۆژه و بابه‌تگه‌له نه‌خشه سازه هاوچه‌رخانه‌یان له‌م سایت و له‌و گۆڤار و هتد.. نادرێت، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه و ته‌نها له‌به‌ر هۆی ئه‌م ئه‌نفلۆزای حیزبیی بوونه و ئه‌و بێ لایه‌نیه‌ی زۆربه‌یان، نه‌ك ده‌رگا به‌ڵکوو په‌نجه‌ره‌کانیش به ڕوویاندا کڵۆم دراوه، ئه‌مه له کاتێکدا که به سه‌دان داهێنه‌ری بێ لایه‌ن هه‌ن، له هه‌زاران لایه‌نداری مووچه دار دڵسۆز تر و به په‌رۆش تر، ساڵانێکه تاقه باڵ و خۆ به‌خشانه خزمه‌تی له‌به‌ر چاو و ئاشکراو به بێ که‌س منه‌ت کردنی کوردوستانه‌که‌ی خۆیان ئه‌که‌ن، هه‌ڵبه‌ته له دڵه‌وه حه‌ز ئه‌که‌ین هه‌موو قه‌ڵه‌م به ده‌ستێك مووچه‌یه‌کی تایبه‌ت و باشی هه‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شبوو ئه‌وا وه‌ك هه‌میشه وتوومه کارێکی زۆر چاك و فاکته‌رێکی زۆر هانده‌ره ئه‌گه‌ر له بری دوو سه‌د مه‌تر زه‌وی، دوو دێڕ سوپاسگووزاری که‌سانێکی دڵسۆز و ماندووی تاقه باڵی بوارێکی خزمه‌تگووزاریانه بکرێت، چوونکه به ئازار ترین دیارده ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت ڕۆڵه به وه‌فا زیندوو و مردووه‌کانی خۆی له بیر بکات، ئای چه‌ند جێی داخه که ئه‌مڕۆ ئه‌بینم، ئه‌و سه‌ربازه وون و به ئه‌مه‌ك و داهێنه‌ر و دڵسۆزانه‌ی نیشتیمانه‌که‌م، که له هیچ مینبه‌رێکه‌وه تاقه جارێك ناویان نابرێت، خه‌ریکه ژماره‌یان ئه‌گاته ژماره‌ی قافڵه‌یه‌ك له قافڵه‌کانی ئه‌نفال و، بگره خه‌ریکه وه‌ك ئه‌وانیش ناویان له زاکیره‌ی هه‌ندێك وویژدانی کڕ بوودا به یه‌کجاریی و ڕووه و نه‌مان ڕۆژ له دوای ڕۆژ کاڵ تر ئه‌بێته‌وه.
