
زۆرم بیست و زۆرم خوێنده‌وه له‌سه‌ر تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمانی جوانه‌مه‌رگ، زۆریش ده‌ڵێن به‌پلانی ئه‌و یان له‌داخی ئه‌وه كوژراوه! زۆریش مه‌لی فه‌نتازیای خۆی، به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌باته ئاسمانه‌كان و لێكدانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات. هه‌شه ده‌یه‌وێت ژیان و وشه‌كانی سه‌رده‌شت بۆ خۆی بقۆزێته‌وه و كه‌مێك یان خۆی ده‌رخات، یانیش سه‌رده‌شتێكی تر به‌كوشت بدات!، به‌ڵكو خۆشی ببێته سه‌رده‌شت و به‌كوشت بچێت!.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و هه‌زاران دێڕانه‌دا كه زۆر به كه‌می ده‌مدی (خۆمان) بووین! كه‌سێك نه‌بوو راسته‌وخۆ بڵێت ئێمه خۆمان سه‌رده‌شتمان كوشت!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه نه‌خوێنده‌وارێكمان كرده به‌ڕێوه‌به‌ری شار و چه‌پڵه‌مان بۆ لێدا!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتمان تیرۆكرد و كه‌سیش له‌سه‌ری هه‌ڵنه‌دایێ!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه سوپای داگیركه‌رانمان هێنایه سه‌ر یه‌كتری و به كوردایه‌تی و شۆڕش بۆمان حیساب كردن!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه نه‌مانزانی سامانی وڵاتمان چیی به‌سه‌رهات و له كه‌سمان نه‌پرسییه‌وه!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه سه‌ركرده براكوژه‌كانمان وتیان شه‌ڕی براكوژی گوناهی ئێمه‌ی تێدا نییه و باوه‌ڕمان پێكردن و چه‌پڵه‌یه‌كی گه‌رممان بۆ لێدان!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه رووی تفه‌نگه‌كانمان كرده یه‌كدی و یه‌كترمان كوشت!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه وتیان یاسا سه‌روه‌ره و ئێمه‌ش باوه‌ڕمان پێكردن!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه وتیان باشووری كوردستان ئازاد و دیوكراسیی تێدایه و ئێمه‌ش پێی دڵخۆش بووین..
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه به‌كر عه‌لی، ستار و سۆران و ئه‌وانی تریان تیرۆركرد، وه‌ك پێویست له‌سه‌ریان هه‌ڵماننه‌دایێ!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه كه‌ركوكیان كرده بازاڕی دزی و جه‌رده‌یی و ئێمه‌ش به‌شداریمانكردن!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه په‌روه‌رده‌ی منداڵانی كوردیان كرده دوو به‌شه‌وه و هه‌ر هه‌رێمێكیش به‌شێوه‌زارێك ده‌خوێنێت!
- ئه‌وكاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه سه‌ركرده‌كانمان نه‌ناسی و ئێستاش نامانه‌وێت بیانناسین!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه لێبووردنی گشتیمان بۆ جاش و ئه‌نفالكه‌ره كورده‌كان ده‌ركرد و له شه‌هیده‌كان زۆرتر رێزمان بۆدانان!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه هه‌زاران ئافره‌تمان به‌زیندووی سووتاند!
- ئه‌و كاته سه‌رده‌شتمان كوشت كه حكومه‌تمان كرده حیزب، زانكۆمان كرده حیزب، خزمه‌تگوزاریمان كرده حیزب، كه‌رامه‌تی خۆمانمان كرده حیزب و نان و ئاویش بووه حیزب..
شاپوور و قابیل و سه‌ربه‌ست و ره‌ئووفیش هه‌ر خۆمان كوشتمانن! ده‌مێكه سه‌رده‌شتیشمان كوشتووه! زۆر سه‌رده‌شتی تریش ده‌كوژین.. ده‌تانه‌وێ بزانن بكوژی سه‌رده‌شت كێیه! ئه‌وه نه‌بوو كه رفاندی! ئه‌ویش نه‌بوو كه مه‌رگی به‌سه‌ردا باراند! خۆمان و به‌به‌رچاوی خۆمانه‌وه رفاندمان! خۆشمان كوشتمان! هه‌ر خۆشمانین هی تریش ده‌كوژین!..
11-05-2010
لاهای - هۆڵندا
