لێت راهاتووم . . وەک پێشمەرگە بە چیای سەخت
وەک باڵندە . . بە هەتاو و سەوزی درەخت
وەک شەهیدان . . بە بەرگی سپی و خوێناوی
بە نانە رەقەی گیرفان و نامەی ( یاری ) بە جێماوی
لێت راهاتووم . . وەک غەریبان لە تەنگی
وەک غەمباران . . لە ئاهی قوول و بێدەنگی
هەر وەک ئاسمان . . بە مانگ و خۆر و ئەستێرە
وەکو خەرمان بە ( شەن ) و کەو گا و گێرە
هۆگرت بووم . . وێنەی ( هەڵۆ ) بە لوتکەی شاخ
وەک هەنگ . . بە شیلەی هەڵاڵە و گوڵی ناوباخ
راهاتووم پێت . . وەک پەلکەزێڕینە و بەهار
وێنەی شەقامی شارەکەم لە هەژار و شێتی ناوشار
هەر وەک فرمێسک . . لە چاوی دایکی شەهیدان
وێنەی زەوی . . لە گوڵ و گیا و تەرزە و باران
راهاتووم پێت . . وەک شارەکەم لە تاریکی و خورپە و ناڵە !!
بە سواڵکردنی ئافرەت و پیر و مناڵ . . ئای کە تاڵە
لێت راهاتووم . . بە هاوار و بە خوێن رشتن
بە دەست دەست خستنە بینی یەک. . تاڵان . . کوشتن !
لێت راهاتووم وەکو ( مەل ) بە هێلانەکەی
هەر وەک کۆرپە بە لای لایە و جۆلانەکەی
پەرۆشتم . . لە تاڵیدا بێت یان خۆشی
تامەزرۆتم . . وەک هەژار بۆ نانی کۆشی
هۆگرت بووم وەک ( دێوانە ) لە عێشقی ( شەم)
وەک بێ ئارامی خاتوو( زین ) بۆ کاکە ( مەم )
وەک مامە پیرەی ماڵ وێران بە بەرماغ و گۆچانەکەی
وەک سۆزی شمشاڵی شوان بۆ کار و بەرخ و رانەکەی
لێت راهاتووم . . وێنەی ( سۆفی ) بە دەف . . دەروێش و بەرماڵ !
هەر وەک سەرخۆشی راهاتوو . . بە شەراب و ئارەقی تاڵ !!
وەک فرمێسکی ئەم چاوانەم . . کە دێنە خوار نەرم نەرم . . !
وەک شنەبا و رەشەباکەت. . تیشکی خۆری گەرم گەرم . .
یادت ئەکەم . . ئەی وڵاتی بەفر و خوێنم
ئەی پەرستگا پیرۆزەکەی هەست بزوێنم
من هۆگری منداڵانی کوردســـــــــــــتانم
شێت و شەیدای ساماڵی چاوی گەشیانم
ئاخۆ ئەو رۆژە بێتەوە باوەشتان بۆ بگرمەوە
فرمێسک بۆ ئێوەی ئازیزم . . لەم دیدانەم سڕمەوە !
یادتان ئەکەم . . . . ئەژێمەوە
هەر ئەیڵێم و . . . ئەیڵێمەوە
دایکی سۆلاڤ ( سەبریە نوری قادر )
سوید : ٢/٢ / ٢٠١٥
