
دەست و مەچەک و پەنجە بلورینێ
لەگوڵزاری باخێکا
بەتۆزێ پۆزو نازەوە
بەشێوازی شازادانە
لایەکی پەرچەمی لادا لەسەر چاوی
چاوێ کە سروشت نەیدیوە تا ئێستا
لەهیچ رۆژو چاخێکا
مەگەر لە وێنەسازەوە
بنەخشێنێ ئازادانە:
چاوێکی وا بەهەژمون و تەلیسماوی!
گوڵانی باخ
گەشوپەرداخ
لە شەرمانا ناسروشتی هەڵوەرین
لەڕێگەیدا بونە فەرشی سەرزەمین
ئا ئەو چاوە
هەر لەو ناوە
بەتیری برژانگی تیژی پێکامی
لە بەر پێیا راکشام و شێلامی
کەوتمە داوی تاڵی برۆی
بێ دەربەستی، هەڵهات و رۆی!
بە تەنیا مامەوە
بە ئێشی زامەوە
لە نێوانی دەست و پەنجەو نیگای مەستا
ئەمناڵان
هەمو بیر و ئاوەزیشم تەواو وەستا
بێ بزوان
وێنەی دیلێکی دەمودو بەسراو، نەمپرسی
ناوی ئەو شێرە شەڕەنگێزە، یا ئەدرێسی!
تۆبڵێی جارێکیتر ئەو چاوانە ببینمەوە!؟
بەو دەسوپەنجانە، ئاهێ بڕژێتە برینمەوە!؟
