تاقە زللەکەی مامۆستا جەمال عەبدول لە خەلەکان ... شێرزاد عەزیز

ساڵی 1993 وەک یەکەم مامۆستای گووندی کانی مازوو دامەزراین پاش تەواوبوونی خوێندگای گووندەکە.

ساڵی 1994 کەرتی ڕێکخستنی خەلەکان بە نامەیەک داوایان کردبوو، سەریان لێبدەم.
گەرچی بۆ خۆم یەکێتی بووم و بەڵام نامەکەم بەلاوە سەیر بوو.
کاتێ چوومە کەرتی ڕێکخستنی خەلەکان، داوایان لێکردم کە مامۆستا 
( ج) کە بەڕێوبەری قوتابخانەی سەرەتایی خەلەکان بوو، بە مامۆستایی گوێزراوەتەوە بۆ کانی مازوو بە مامۆستا. . . کە نابێ من ئیدارە بدەمە دەست مامۆستا ( ج)، یان دەبێ دەوامی تەواو بکات و بواری هیچی نەدەم.
زۆر جار کە دەچوومە خەلەکان سەردانی قوتابخانەکەمان دەکرد و بەتایبەت مامۆستا بورهان خراجیانی کە دواتر لەبری مامۆستا( ج) بووە بەڕیوبەر. بۆیە دەمانزانی کە مامۆستا ( ج) لە ساڵانی 70 مامۆستا و دواتر بەڕێوبەر بووە و خەڵکی کانی مازووشە.
ناسنامەی خۆم پیشانی ئەو برادەرانەی یەکێتی خەلەکان دا کە ئەندام کەرتی یەکێتیم لە کۆمیتەی ٥ و، هەر یەکسەریش ووتم . . منێک کە چەندمانگێکە مامۆستام، ناتوانم هیچ بکەم بەرامبەر مامۆستا( ج). دوا جار وا ڕێککەوتین کە ئەو وەک مامۆستا گوێزراوەتەوە بۆ کانی مازوو، ئیدارەی نەدرێتە دەست و دەبێ دەوامی خۆشی بکات.
ئینجا چیرۆکەکەمان بیست لە کەرتی خەلەکان و مامۆستایانی قوتابخانەکە کە مامۆستا( ج) قژی مامۆستایەکی ژنی (ڕ) ڕاکێشاوە و جوێنی پێداوە.
کاتێ ئەم هەواڵە دەگاتە مامۆستا جەمال عەبدول، کەئەو کاتە پارێزگاری سلێمانی بوو، بۆ خۆی هاتۆتە خەلەکان و زللەیەکی لە مامۆستا ( ج) داوەو پاش دەیان ساڵ خزمەت وەک مامۆستا گواستیەوە بۆ کانی مازوو، کە ڕۆژانە بەو تەمەنەوە بە پێ لە خەلەکانەوە دەهاتە قوتابخانە و دەگەڕایەوە.
وەک دەڵێن مامۆستا جەمال عەبدول لەهەموو ژیانی پارێزگاریدا تەنیا ئەو جارە و ئەو تاقە زللەیەی وەشاندووە کەلەسەر رێز و کەرامەتی مامۆستا بووە. . هەمووشمان دەزانین کە ماۆستا جەمال لەکەسایەتییە هەرە جوان و نەرمو نیان و زانستیەکانی سلێمانییە.
بریا پارێزگاری ئێستای سلێمانیش وەک گەڕانەوە بۆ ڕێز و کەرامەتی ئەو دوو مامۆستایە، سەرپەرشتیارە کەی بەرزللە بدایە.

شێرزاد عەزیز
سەرنووسەری مالمۆکورد

 

بابەتی زیاتری نووسەر