
چیرۆک کۆنترین و گرنگترین لقە لە لقەکانی ئەدەب، لە هەموو جۆرەکانی تری ئەدەب
باوتـر و بڵاوترە . . لە هەموو هۆکارە ئەدەبی و هونەرییەکانیش زیاتر کاریگەری و
رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی مرۆڤدا هەیە .
چیرۆکی منداڵانیش، گرنگترین سەرچاوەی رۆشنبیریی منداڵانە، گرنگترین هۆکاری
پەروەردە و فێرکردن و فێربوونیشە، یارمەتیی منداڵان دەدات، بۆ ئەوەی بە دروستی
زووتر پێبگەن و، خێراتر و باشتریش بیر و هۆش و ئەندێشە و بەهـرەکانیان گەشە
بکەن . . هۆکارێکی ئاسانیشە بۆ چاندنی رەوشتی بەرز و رەفتاری راست و دروست .
ئێمە لە ( ٣ / ٤/ ٢٠١٥) دا لە سایتەکاندا لە ژێر ناوی ( دەربارەی چیرۆکی منداڵان )
بە شێوەیەکی گشتی، باسمان لە سوود و لە گرنگییەکانی چیرۆکی منـداڵان کردووە .
لەم نووسینەمدا، زۆر بە کورتی باس لە گرنگترین سوودەکانی گێڕانەوە یا خوێندنەوەی
چیرۆک و هەقایەت بۆ منداڵان لە پێش نووستندا دەکەین . . بەو مەبەستەی کە دایکان و
باوکانی خۆشەویست سوودی لێوەربگرن .
ئەگەرچی تەکنۆلۆژیا لە هەمـوو بوارەکاندا، لە شۆڕشێکی داهێنانی دانەبـڕاو دایە و. .
رۆژ لە دوای رۆژ داهێنانی سەیر و سەمەرەتر دەبینین . . بێگومان بواری منداڵانیش،
تیشک و پشکی لە داهێنان و پێشکەوتن بەرکەوتووە . . لەوانەش ئامێری پلەیستێشن و
ئەتاری و مینی ئایپات و، بە دەیان دەزگا و بابەتی دروستکراوی تری یاری بۆ منداڵان .
بەڵام تا ئەمڕۆش، چـیرۆک و نـەزیلە و هەقـایـەت و داسـتان و ئەفسانە فـۆلـكلۆرییە
رەسەنەکانمان خۆشی و چەژیان کاڵ نەبوونەتەوە . . ئەم چیرۆکانە، لە کوردەواریدا بە
( چیرۆکەکـانی گوێئاگـردان ) یش ناودەبرێن . گەنجینەیەکی زۆر دەوڵەمەند و رەنگینی
چیرۆک و هەقایەتی فۆلکلۆریمان بۆ منداڵان هەیە . . لەوانەش : تیتلە و بیبلە، دەنکە
هەنارە، کاکـۆڵ زێڕین، ئەحەی کـۆڕنۆ، مریشکە قوندە و رێوی، پیرەژنی جادووبـاز و
چەرخ و فەلکە ئەفسووناوییەکەی، کوڕە ئازاکە و ئەژدیهاکە، . . . هتد. . کە چیرۆکخوان
داپرە یا باپیرە یا دایک یا باوک بۆ منداڵەکانیان یا بۆ منداڵانی کوڕەزا یا کچەزاکانیان بە
شێوازێکی شیرین و خۆشەوە بۆیان دەگێڕانەوەوە . . بە دەستەواژەی ( هەبوو نەبوو )
یا (رۆژێک لە رۆژان ) یا ( ساڵـێک لە سـاڵان ) یا ( دەگێڕنەوە و دەڵێن : . . . )
کۆتاییەکەشی بە( چەپکێ گوڵ و چەپکێ نێرگز . . مەرگـتان نەبینم هەرگیزا و هەرگیز )
یا( منیش هاتمـەوە و کڵاشـەکانم دڕا . . هیچــیشم پـێ نەبـڕا ) . . بە پێی هەڵسەنگاندنی
ئەمڕۆ بۆ چیرۆکی منداڵان، بەشێکی زۆر لە چیرۆک و لە هەقایەتە فۆلکلۆرییەکان لە
رووی بیرۆکە و ئەنجامەوە، بۆ منداڵان ناشـێن و بنەماکان و مەرجە پێویستییەکانی
چیرۆکی منداڵانیان تێدا نین . . یا ئەنجامەکانیان بۆ منداڵانی ئەم سەردەمە لەبارنین .
بۆ نموونە چیرۆکی ( دەنـکە هەنــارە ) کە جادووی تێدایە و، کۆتایی چیرۆکەکەش بە
ژیانێکی خۆش بۆ دەنکە هەنارە و بە کۆتایی ژیانی باوەژنەکەی دەنکە هەنارە دێت . .
ئەمە وا لە منداڵ دەکات کە بڕوای بە جادووکردن هەبێت . . هەر هەمـان بیرۆکە، لە
چیرۆکی ( پیرەژنی ئەفسوون باز و چەرخ و فەلەکەکەی ) .
چیرۆکی منداڵان گەوهـەرێکی زۆر گران بەهایە . . جیهانێکی پڕ لە خۆشی و شادییە . .
جیهانێکە پڕە لە ئەندێشەی ناسک و لە داهێـنان . . کە منداڵان لێی بچـنە ژوورە . . ئیتر
حەز ناکەن لێی دەربچـن . . چیرۆک گرنگییەکی زۆری لە ژیانی منداڵاندا هەیە .
زانایانی سایکۆلۆژیای منداڵان و پەروەردەکاران و پزیشکانی پسپۆری منداڵان، چیرۆک
بە گرنگترینی هۆکارەکانی پەروەردەی کارتێکەر دەزانن . . داواش لە دایکان دەکەن، کە
زۆر پێویستە بگەڕێنەوە، بۆ گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکانیان لە پێش
نووستندا . . بۆ ئەوەی بە دڵنیایی و دڵشادییەوە بنـوون و . . خەونی ناخۆش نەبینن .
بۆچی چەخت لەسەر ئەوە دەکرێت، کە دایکان چیرۆکەکان بۆ منداڵان بخوێننەوە یا
بگێڕنەوە ؟ بێ لایەنگیری و بێ کەم کردنەوەی رۆڵی باوکیش لەم بوارەدا، بەڵام ئەمە
راستییەکە و زۆربەمان هـاوڕاین لە گەڵیدا، ئەو سۆز و ناسکی و هێمنی و نەرمی و
شیرینی و چەژە سروشتییەی، کە لە دەنگی دایکاندا هەن . . لە دەنگی باوکاندا نین . .
زاناکانش دایکان بە توانتر و سەرکەوتووتر دەزانن لە گێڕانەوە و خوێندنەوەی چیرۆک
بۆ منداڵان . . لە راپرسییەکی مەیدانیدا، کە لە نێوان ژمارەیەکی زۆری منداڵاندا ئەنجام
درا . . لە ( ٦٢ . /. ) ی منداڵان دەنگیان بۆ ئەوە دا، کە دایکان لە خوێندنەوەی چیرۆکدا
باشترن لە باوکان . . لە (٣١ . /. ) يش دەنگیان بۆ باوکان دا . . لە (٧ . /. ) یش دەنگیان
بۆ یەکسانی هەردوو لا دا . . لەم راپرسییەدا، رێـژەی دەنگەکانی دایکان، دوو هێـندەی
رێـژەی دەنگەکانی باوکانن .
نووسەری ناسروای ئەدەبی منداڵان ( مایـکل روزبـن ) دەڵێ : " هـەر لە منداڵیمەوە،
دایکم چیرۆکی بۆ دەخوێندمەوە . . کتێبێکی زۆرم هەن کە دایکم بۆمی خوێندوونەتەوە،
داواشم لێـدەکرد، کە هەندێکیان دووبـارە و چەند بـارە بۆم بخوێنێتەوە "
نامەوێت لەمە زیاتر لە سەرناوی نووسینەکەم دوور بکەومەوە، دێمە سەر گرنگترین
سوودەکانی گێڕانەوە یا خۆێندنەوەی چیرۆک و هەقایەت بۆ منداڵان لە پێش نووستندا :
١ـ لە دوای رۆژێکی درێـژی پڕ لە کۆشش و لە یاریکردن و لە هەڵبەزینەوە و شەکەت
بوون . . لە لۆمە و تووڕەبوونی گەورەکان لە منداڵ . . گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆک
بۆ منداڵ، کارتێکردنێکی ئەفسوونی هەیە . . کە لە حەبی ( ڤالیۆم ) زیاتر کپی دەکاتەوە،
ماسوولەکەکانی و دەمارەکانی و پێڵووی چاوەکانی خاودەبنە . . بە دەنگە پـڕ لە سۆز و
شیرینەکەی دایکی . . بە خۆشی و بە دڵنیاییەوە دەنوێت و. . خەونی خۆشیش دەبینێت .
٢ـ ئەمە یەکەمین هەنگاوی ئەرێنییە . . بۆ ئەوەی هەر لە منداڵییەوە حۆشەویستی و
ئارەزووی خوێندنەوە لە دڵە قنـج و پاکەکـانی منداڵاندا بڕوێن و، خوو بەخوێندنەوەی
کتێب و گۆڤارەوە بگـرن و، ببن بە هـاوڕێی کتێب و . . بە خووگرتووی خوێندنەوە .
٣ـ لە گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆکدا بۆ منداڵان . . منداڵان فێری ئەوە دەبن کە
بە باشی گوێ بگرن و، بـیر و هـۆش و چـاو و گوێیان لە لای چیرۆکخوێن بێت .
٤ـ دەتوانن لە رێی گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆکەوە . . پەیامێکی بە سوود و پیرۆزی
دیاری کراو بە منداڵان بگەیەنن، بۆ نموونە چاندنی ( کوردستان پەروەری ) و دڵسۆزی
و هاوبەستەبوون بۆ کورد و کوردستان . . هەستی خۆشەویستی و مرۆڤـایەتی .
٥ـ چیرۆکەکانی پێش نووستن یەکەمین هەنگاوە، کە بتوانن لە میانەیانەوە کەسێتییەکی
دروستی منداڵان بنیات بنێن و، بەها رەوشتییە بەرزەکان و جوانەکان لە دڵیاندا بڕوێنن.
بۆ نموونە : چیرۆکێ دەربارەی (راستگۆیی )، چیرۆکێ دەربارە ( دڵسۆزی )، چیرۆکێ
دەربارەی ( نیشتمان پەروەری )، چیرۆکێ دەربارەی ( قارەمانێتی پێشمەرگە ) . . . هتد.
٦ـ لە رێی خوێندنەوە و گێڕانەوەی چیرۆکەوە، زمانی منداڵان گەشە دەکات و کۆمەڵێک
وشە و رستەی تازە فێردەبن و، فەرهـەنگی وشەکانیان دەوڵەمەنتر و رەنگینتر دەبێت،
لە وانەکانی قوتابخانەشدا، سوودێکی باش لەم وشە و رستە تازانەیان وەردەگـرن . . بە
تایبەتی گەر لە وانەی کوردیدا داوایان لێبکەن داڕشتنێک دەربارەی بابەتێک بنووسن .
٧ـ بە بەخشینی کاتێکتان بە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چـیرۆک بۆ منداڵەکـانتان . . ئەو
هەستەیان لا درۆست دەبێت کە خۆشەویستن و بایەخیان پێدەدەن و رێزیـان لێدەگرن .
٨ـ چیرۆک هێزی ئەندێشە و بیرکردنەوە لە لای منداڵان بەهێز دەکات . . چونکە چیرۆک
و هەقایەتەکان، پڕن لە پەندی خۆش و بەسوود و لە مەتەڵ و لە مەبەست و گرێ . . وا
لە منداڵان دەکەن کە بە قووڵی بیر بکەنەوە، شیبکەنەوە و وەڵامی مەتەڵەکان بزانن و،
گرێکان بکەنەوە و لە چارەسەرکردنی کێشەکان را و بۆچوونیان هەبێ . . بۆیە بە وردی وردی
و بە ئارامی، تا کۆتایی لەگەڵ چیرۆکەکاندا دەڕۆن و گوێ دەگرن . . تا بـزانن دوایی و
دوایتر چی روودەدات و، بەسەرهاتەکان دەگەن بە کوێ و بە چی . . ؟ ئەمەش یارمەتیی
منداڵان دەدات، بۆ ئەوەی بە شێوەیەی لۆژیکی بیر لە زنجیرەی رووداوەکان بکەنەوە .
٩ـ گەلێ لە هەقایەت و چیرۆکەکانی پێش نووستن کە دەربارەی کەسایەتییە ناودارەکان
و وڵاتان و شوێنە مێژوویەکان و قارەمانانن، وەکو گەنجینەیەکی زانیاریی گشتی وان بۆ
منداڵان، وەکو سەرچاوەش وان، بۆ ئەوەی ببن بە ئیلهامیان لە داهاتوودا. . بۆ نموونە :
چیرۆکی ( بەردە قارەمـان ) کە بۆتە شیوێنەوارێکی نیشتمانی پیـرۆز و، بە سومبلێک
بۆ شۆڕشگێڕێکی کوردستانی، بۆ یەکەمین مەلیکی کوردستان (شێخ مەحموود)ی نەمر
یا ( ئەشکەوتی چـەمی رێـزان ) وەکو یەکەمین بنکەی پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی
ئەیلوولی مەزن، یا چیای قەنـدیل، چیای ئاگری داغ، چیرۆکی نەبەردی پێشەوای نەمـر
( قـازی محەمەد ) لە بەردەم سێدارەدا . . پاڵەوانێتی سەرکردەی شۆڕشگێڕ، شـێرەژن
( قەدەمخـێر )ی کوردستان پەروەر . . داستانی ( دوانگزە سوارەی مەریوان )، . . . هتد.
١٠ـ خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکان بۆ منداڵان لە پێش نووستندا، تێکەڵ بوونی
نێوان ئێوەی دایکان و منداڵەکانتان خۆشتر و بەهێزتر دەکەن . . کە لەگەڵ چیرۆکەکەدا
بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە دەست بە سەریاندا دەهێنن . . بەم سۆز و گوزارشت کردنە
تەزوویەکی سۆز و خۆشی و شادی و خۆشەویستی بە جەستە و دەروونیان دەبەخشن.
١١ـ گەر چیرۆک خوێندنەوە و گێڕانەوەی پێش نووستن، ببێت بە کارێـکی شەوانەی
راهاتووی ئاسایی . . منداڵان لەسەری رادێن . . گەورەشبن خوێندنەوە لە پێش نووستندا
دەبێت خوویەک و بە ئارەزوویان . . دواتریش لە هەر کاتێکی گونجاودابێت دەخوێننەوە.
١٢ـ خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکانی پێش نووستن . . منداڵان فێری رۆتین دەکەن،
بە پێی کات، نەخشەداڕێژی بۆ ژیان و کارە رۆتینییەکانی رۆژانەیان دەکەن .
١٣ـ توێژینەوە پراکتیکییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆک
بۆ منداڵان لە پێش نووستندا، دەروون خـۆشی و زەیـن تیـژی و خەیـاڵ فـراوانی و
گەشبینی و بڕوابەخۆبوون و هیواداری و توانای داهێنانیان پێدەبەخشن . . پەیوەندی
نێوان دایک و باوک و مامۆستاکانیش زۆر بەهـێز دەکەن .
پزیشکی سایکۆلۆژیای ئەمریکی ( ریتـشارد ولفـسون ) کە چەندین کتێبی بۆ منداڵان
نووسیوە، دەڵێ : " لە وانەیە ئاسان نەبێت کە باوکـان و دایـکان، هەموو شەوێک
کاتی رەخساوی تەواویان بۆ خوێـندنەوەی چیـرۆک بۆ منداڵەکـانیان هەبێت . . بەڵام
ئەوەی کە پێویستە بیزانن . . کە ساتەکانی چیرۆکی پێش نووستن، یارمەتیی دروست
بوونی پەیوەندییەکی بەهێز دەدەن، لەگەڵ منداڵەکانیاندا . . رۆڵـێکی گـرنگیشیان لە
گەشەکردنی رۆشـنبیری و هۆش و دەروونی منداڵاندا هەیە "
١٤ـ هەندێ کەس وا دەزانن کە چیرۆکەکانی پێش نووستن تەنها هۆکارێکن بۆ خۆشی
خستنە دڵی منداڵان و خاوبوونەوە و خەولێکەوتنیان . . بەڵکو ئەم چیرۆکانە ئاسۆی
رۆشنبیری و ئەندێشەیی و بیری منداڵان فراوانتر دەکەن . . منـداڵان وەکو ئیسفەنـج
وان، زۆر لەو شتانەی کە دەیان بینن یا لە گەورەکانەوە دەیان بیستن هەڵیان دەمژن .
١٥ـ چیرۆکەکانی پش نووستن توانای دەربڕین و گوزارشتکردنی منداڵان بەهێز دەکە
توانای گفتـوکۆ و دیالـۆگ و رەخـنە و سەرنـج و بۆچـوونیان بەهـێز دەبن .
١٦ـ هۆکارێکی باشن بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی منداڵان بەرەو باشتر . . بۆ نموونە ئەگەر
منداڵێک گۆشەگـیر بێ . . وای لێدەکات لەگەڵ کەسانی تردا گفتوگـۆ بکات . . یا ئەگەر
منداڵێکی بزێو و زۆر جووڵە بێ، هێمن دەبێت و دادەنێشێ و گوێ لە چیرۆک دەگرێت .
١٧ـ چیرۆکەکانی پێش نووستن هاندەرەن بۆ ئەوەی کە منداڵان ئەرکەکانی قوتابخانەیان
جێبەجێ بکەن، تا بە خۆشییەوە گوێ لە چیرۆکەکان بگرن و. . بە دڵنیاییشەوە بنوون .
١٨ـ گەر دایـکان و باوکـان بتـوانن سوود لە چیرۆک و، لە داڕشتنی چیرۆکـدا ببینن . .
دەتوانن یارمەتی منداڵەکانیان بدەن و گرانترین بابەتیش لە بۆتەی چیرۆکدا دابڕێژن و،
بە ئاسانی منداڵەکانیان تێبگەیەنن . . من وەکو مامۆستایەک، کە سی ساڵ لە قوتابخانەی
بنەڕەتیدا، بە تایبەتیش وانەی ( بیرکـاری ) م دەوتەوە . . تا رادەیەکی زۆر، سوودم لە
داڕشتنی بابەتەکانی بیرکاری لە چوارچێوەی چیرۆکی ئاسان و ساکاردا، گرێدانیان بە
بە ژیـان و ژینگەی خـودی قوتابییەکـانم وەرگـرت . . گرانـترین بابەتی بیرکاری کە
دەمخستە چوارچێوەی چیرۆکێکەوە . . قوتابییەکانم زۆر بە خۆشی و بە شەوق و بە
پەرۆشەوە گۆیـان لێدەگرتم و، بابەتەکەیان بە لاوە زۆر ئاسان دەبـوو . . هەر خـودی
قوتابییەکانم و کەسانی سادەی گەڕەکەکەیان و ژینگەی نزیکی خۆیانم دەکـردن، بە
هەوێنی چیرۆکەکانم و، بە پاڵەوان و كەسێتییەکانی چیرۆکەکانم . . ئەم ئەزموونەشم
بۆ وانەکانی تریش بەکاردەهێنا بۆ ( کوردی، مێژۆ، زانیاری، جوگرافیا ) . . چیرۆک
هۆکارێکی باش بوون . . بۆ منی مامۆستای فێرکەر و، بۆ قوتابییە فێرخوازەکانم .
١٩ـ گوێگرتن لە چیرۆک لە لایەن منداڵانەوە . . ئارەزووی نووسينیان دەخرۆشێنێ
لەوانەیە بە چیرۆکێک یا پەخشانێک . . گوزارشت لە بیرۆکەکانی خەیاڵیان بکەن .
٢٠ـ ئەو شتانەی کە ناوین و قەوارە و جەستەیان نییە و نابینرێن . . دەتوانرێت لە
میانەی چیرۆکەوە مناڵان لێیان تێبگەن . . بۆ نموون : ئـازایەتی، سەرکـەوتن،
دڵسۆزی، خۆشەویستی، راستگۆیی، دادپەروەری، یارمەتی، ئـازادی، . . . هتد .
چـۆن چـیرۆک هەڵـدەبـژێرن ؟
١ـ ئەو چیرۆکانەی هەڵیان دەبژێرن و بۆ منداڵەکانتان دەیان خوێننەوە یا دەیان گێڕنەوە
لە پێش نووستندا، پێویستە لە رووی ناوەڕۆک و فۆرمەوە بە پێی تەمەنی منداڵان بن :
(*) منداڵانی (٣ ـ ٦) ساڵان، کە قۆناغی پێش چوونە قوتابخانەیە . . یا قۆناغی باخچەی
ساوایانە، پێویستە چیرۆکەکانیان ئاسـان و ساکـاربن، لە رووی زمـان و داڕشـتنەوە . .
ئەگەر کتێبێکی چیرۆکتان بۆ ئەم قۆناغە هەڵـبژارد . . پێویستە وشە و رستەکانی کەمبن
. . زیاتر بە وێنەی رەنگاوڕەنگ و جـوان رازانرابێتنەوە . . لە ئامۆژگاری و شکیشەوە
دووربن . . منداڵانی ئەم قۆنـاغە، حەز بە چیرۆکە ئەندێشەییەکان دەکەن، کە دەربارەی
ئـاژەڵ و باڵـندەن . . پێویستە چیرۆکەکان کورتبن و لە ( ٦ ـ ١٠) خولەک تێنەپەڕن .
(*) منداڵانی (٦ ـ ١٠) ساڵان، حەزیان لەو چیرۆکە ئەندێشەییانەیە، کە پاڵەوانەکانیان
سەرکێش و، لە توانا بەدەرن . . حەزیش بە چیـرۆکی وەرگێـڕاو لە زمانەکانی ترەوە
دەکەن، کە سەرنـج راکێشن و، زانیاری بە سوود و خۆشیان لێوەردەگـرن .
(*) منداڵانی (١٠ـ ١٢) ساڵان، حەزیان بە چـیرۆکی ریالیستی و ئەو چیرۆک و
هەقایەتانەیە، کە پاڵەوانەکانیان کەسانێکی ئازا و جیدین . . حەزیش لە چیرۆکی
سەرکێشی و لە داستانە فۆلـکلۆری و میللی و مێـژووییەکانیش دەکەن . . بۆ
نموونە چیرۆکەکانی : دوانگزە سوارەی مەریـوان، قەڵای دمـدم، کوڕە ئازاکە
و ئەژدیهاکە، کاوەی ئاسنگەر، داستانەکانی پێشمەرگەکانی کوردستان، . . . هتد .
٢ـ هەموو دایک و باوکێک چیرۆکنووس نین، تا بە پێی مەرجەکـانی چیرۆکی
منداڵان چیرۆکی شیاو بۆ جگەرگۆشەکانیان دابڕێژن . . دەتوانن لە سایتەکانی
ئینتەرنێـتدا، چـیرۆکی گونجاو و بەسوود هەڵـبژێرن . . بە داخـەوە تا ئێستا لە
ئینتەرنێتدا، بە زمانی کوردی سایتێکی تایبەتیمان بۆ منداڵانی کوردمان نییە .
٣ـ دەتوانن لە بەشی منداڵان لە کتێبخانە گشتییەکانی شارەکاندا، کتێبی چیرۆک
بۆ منداڵەکانتان بخوازن باشتریش وایە ( پسوولەی خواستنی کتێب ) بۆ خۆتان
یا بۆ منداڵەکانتان وەربگرن . . دەتوانـن چەنـد کتێبێکی چـیرۆکی مـنداڵان بۆ
ماوەیەک بەرنەوە بۆ ماڵەوە . لە کتێبخانەکانی ئەوروپادا بۆ ماوەی مانگێکە
دەشتوانن دووجار لەسەر یەکتری هەرجارەی بۆ مانگێکی تر تازەی بکەنەوە .
٤ـ دەتوانن لە نەنکان و باپیرەکان و کەسانی بە تەمـەن، چیرۆک و هەقایەتە
فۆلکلۆرییە کوردییەکانمان وەربگرن و، بۆ جگەرگۆشەکانتانی بگێڕنەوە .
٥ـ لە زۆربەی قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، کتێبخانە هەیـە، کە مامۆستای زمانی
کوردی سەرپەرشتی دەکا . . پێویستە قوتابخانەکان قوتابییەکانیان هانبدەن بۆ
ئەوەی کتێبی چیرۆکی هەمەچەشنە بخوازن، یا خۆیان بۆیانیان بخوێننەوە .
٦ـ پێویستە لە هەر ماڵێکدا کتێبخانەیەک هەبێت . . بەڵکو پێویستە لە ژووری
تایبەتی منداڵانیشدا، کتێبخانەیەکی قنج هەبێت . . بە کتێبی چیـرۆکی خۆش بۆ
منداڵان و بە گۆڤاری منداڵان و، بە کتێبی هەمە بابەتی ئاسان و رەنگاوڕەنگ
بۆ منداڵان بیـڕازێننەوە . . تا لە منداڵییەوە منداڵان هۆگـری خوێندەنەوە ببن و،
کتێب ببێت بە هـاوڕێیان و . . بە سەرچـاوەیەکی رۆشـنبیری و زانیـارییان .
٧ـ ئەو چیرۆک و هەقایەتانە بۆ منداڵەکانتان هەڵبژێرن، کە بڕوا و متمانەبەخۆبوون و
هیـوا و گەشبینییان پێدەبەخشن و . . بە کۆتاییەکی خۆش و بە سەرکەوتن کۆتاییان دێن،
فێری ئەوەیان دەکەن کە لە ژیاندا شکستی و سەرکەوتن هـەیە . . فێریان دەکەن کە لە
کۆشش و خەباتی بێوچان و خۆڕاگری و کۆڵنەداندا، شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بێت.
٨ـ ناشبێت دایکان و باوکان تەنها هەقایەت و چیرۆکە کلاسیکی و فۆلکلۆرییەکان بکەن
بە سەرچاوەیان . . بە سەدان چیرۆکی ریالیستی و جیهانی سەردەمیانەی تازەش هەن . .
کە لەگەڵ ئارەزوو و توانا و حەز و خواستەکانی منداڵانی ئەم سەردەمەدا دەگونجێن .
٩ـ پێویستە بابەتەکانی چیرۆکە هەڵبێراوەکان : چاکەخوازی، راستگۆیی، دەستپاکی،
نیشتمان پەروەری، دڵسۆزی، رێزگرتن، یاسا سەروەری، پیاوەتی، هاوڕێتی، بەهـا
بەرزەکان، رەوشت بەرزی، نەریتە جوانەکان، ئاراستە پەسەندەکانیان لە خۆگرتووبن .
سوکرات دەڵێ : " پەروەردەی رەوشتی بۆ مرۆڤ . . کرنگترە لە نان و لە جلەکانی "
١٠ـ بۆ لە کۆڵـکردنەوە . . بە چـیرۆکە تۆمارکراوەکـانی سەر کاسێت و سـیدی . . یا
چیرۆکەکانی یۆتوب . . لە پێش نووستندا، بەو چیرۆکانە منداڵەکانتان هەڵمەخەڵەتێنن .
١١ـ هەردەمیش ئەو چیرۆکانە بۆ منداڵەکانتان هەڵبژێـرن . . کە هیـوا و گـەشبینییان
پێدەبەخـشن . . نەک ئەو چیرۆکـانەی کە رەشبـینی و بێ ئومێـدیان پێدەبەخـشن .
رەچاوکردنی چەند فاکتەرێک لە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکان
بۆ منـداڵان . . لە پێش نووستندا :
١ـ ئێوە لە هەموو کەسێک باشتر منداڵەکانی خۆتان دەناسن، کە لە چی دەترسن و لە
چی قارس دەبن و رقیان لێدەبێتەوە . . بۆیە پێویستە ئەو چیرۆک و هەقایەتانەیان بۆ
هەڵبژێرن کە خۆشی و شادی دەخەنە دڵییانەوە . . چیرۆکی ترسناک و توندوتیژییان بۆ
هەڵمەبژێرن، یا ئەو چیرۆکانەی ئاژەڵ و دەعبای دڕندە و ترسناکیان تێدایە . . با خەونی
ناخۆش نەبینن و، دووچاری ترس و مۆتـەکە نەبن . . ئەگینا ترسنۆکیان لێدەردەچـن .
٢ـ خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکانی پێش نووستن بۆ منداڵان . . پێویستە دایکان و
باوکان یا هەر چیرۆکخوێنێکی تر . . بە شێوەیەکی هونەری و فەنتازی چیرۆکەکان و
هەقایەتەکان پێشکەش بکەن. بە پێی رووداوەکانی چیرۆکەکان و رۆڵی کەسێتییەکان،
بە پێی پێویست گۆڕانکاری لە دەنگەکانتاندا بکەن، دەستپێکی خوێندنەوەی چیرۆکەکان،
بە هێمنی و نەرمی و هێواشی و، بەرەبەرەش دەنگەکانتان بەرز بکەنەوە . . لە کۆتایی
چیرۆکەکانیشدا دەنگەکانتان خاو بکەنەوە . . تا منداڵان هەست بەوە بکەن کە چیرۆکەکە
لە کۆتاییەوە نزیک بۆتەوە . . ئەمەو جۆڵەی دەست و سەرتان و گۆڕينی دەموچاویشتان
کاریگەری و جەژ بە منداڵانی سەیرکەر و گوێگر دەبەخشن . بۆ نموونە کە رووداوێکی
ناکاوی دێتە پێشەوە . . چاوەکانتان بکەنەوە . . یا کە رستەیەکی وەک ( بەرخە جوانەکە
باعاندی ) . . دەتوانن ئێوەش لاسایی دەنگی بەرخ بکەنەوە و، بباعێـنن . . بە کورتی
پێویستە ئێوەی چیرۆکخوێن یا گێڕەرەوە، وەکو ئەکتەرێکی شانۆیی . . نواندن بکەن.
٣ـ باشتر وایە لە ژوورەکانی نووستنی منداڵەکانتاندا، چیرۆکەکانیان بۆ بخوێننەوە یا
بگێڕنەوە . . دەبێت ژوورەکانیش ئارام بن . . تەلەفزیۆن و رادیۆ و ئینتەرنێت و هەر
ئامێرێکی تری دەنگی بکوژێننەوە . . دەرگاکانی ژوورەکانیشیان بگرن . . بۆ ئەوەی
منداڵەکانتان روانین و بیریان لە لاتان بێت لە کاتی پێشکەشکردنی چیرۆکەکاندا .
٤ـ ئەگەر منداڵەکانتان، لە هەندێ شەواندا، حەزیان لە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆک
نەکرد . . یا حەزیان لە جۆرە چیرۆکانێک نەکرد . . زۆریان لێمەکەن و ناچاریان مەکەن
. . بە هەر حاڵ خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆک لە هەموو شەوێکدا لە پێش نووستن،
دەبێتە خوویەکی دەق گرتووی و بە حەزێکی ئاسایی و رۆتین بە لای منداڵەکانتانەوە .
٥ـ چاوەڕوانی ئەوەش بکەن، کە لە کاتی خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا . .
منداڵەکانتان دەربارەی رووداوەکان یا کەسێتییەکانی چیرۆکەکان پرسیارتان لێبکەن . .
ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە . . ئەوە دەگەیەنێت . . کە تێکەڵ بە چیرۆکەکان بوونە و،
بیر و هۆشیان لای ئێوەیە . . یا خۆتان لە میانەی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا پرسیاریان
لێبکەن . . بۆ نموونە : لە دوای ئەوە . . لە منداڵەکانتان بپرسن، بە را و بۆچوونی ئێوە
دوای ئەوە چێدەبێت . . ؟ یا قەلەڕەشەکە بیری لە چی دەکردەوە . . ؟ . . لەم جۆرە .
ئافەرین و دەمخۆشیش لە منداڵەکانتان بکەن . . کاتێک کە را و وەڵامێکی باش و جوان
دەدەنەوە . . بەڵام زیادەڕۆیش لە ستایش و لە دەستخۆشی و ئافەرین کردنیان مەکەن .
٦ـ جار و بار لە هەندێ شوێنی چیرۆکەکاندا . . بە ئەنقەست راوەستن و بێدەنگ ببن . .
تا منداڵەکانتان پێتان بڵێن، درێـژە بە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکان بدەن .
٧ـ وریابن، ئەو جۆرە چیرۆکانەیان بۆ مەخوێننەوە، کە درۆ و فڕوفێڵ و ناپاکی و ترس
و دوژمنکاری و چەقاوەسوویی و دزی و زیدەڕۆیی لە رادەبەدەریان تێدان . . چۆنکە لە
جیاتی سوود و بنیاتنان . . زیانیان پێدەگەیەنن . . کاردانەوەیەکی نەرێنیان دەبێت و، لە
رووی دەروونی و رەوشتیشەوە . . منداڵان لە ڕێ دەدەکەن و . . دەیان رووخێـنن . . بۆ
نموونە زنجیرە کارتۆنی خەیاڵی ( گرین دایزەر ) یا ( بەرماڵی با ) یا ( پیاوی هەڵفڕ )
یا (سوپەرمان ) یا ( عەلی بابا و چل دز ) یا ( دێوەکە و گۆڕنەتەڵە و براکانی ) . . . هتد.
٨ـ ئەگەر منداڵەکانتان، داوای دووبارە خوێندنەوەی یا گێڕانەوی چیرۆکێکیان لێکردن . .
بێزار مەبن . . بە پێخۆشحاڵییەوە، بە کەمێک گۆڕانکای لە خوێندنەوە و گێڕانەوەیان . .
بە چەژ و تامێکی شیرینترەوە . . هەر وەکو ئەوەی کە چیرۆکێکی تازەیان بۆ بخوێننەوە
یا بگێڕنەوە . . دووبارە و چەند جارە . . پێشکەشیان بکەنەوە .
٩ـ لەگەڵ پێکەنین و رووخۆشی و گەشی منداڵەکانتاندا . . ئێوەش وەکو ئەوان پێبکەنن
و، رووی خۆتـان خۆش و گەش بکەن . . تا منداڵەکـانتان وا هەست بکەن، کە ئێوەش
بەشداری هەست و نەست و خۆشی و ویژدان و دەروونیان دەکەن .
١٠ـ کۆتایی هەقایەت و چیرۆکەکەکانتان بە خۆشی و نەرمی و ناسکی کۆتایی پێبهێنن .
داواش لە منداڵەکانتان بکەن . . کە ئەو مەبەستانە بدۆزنەوە کە ئامانجی چیرۆکەکە
بوون . . پەندە جوانەکان و مەبەستە باشەکانیش، بە ژیانی منداڵەکانتانەوە گرێ بدەن .
١١ـ چەند جارێک لە کاتی خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا بە ئەنقەست باوێشک
بدەن و . . دەست بە دەمتانەوە بگرن . . وەکو ئەوەی کە خەوتان بێت . . ئەم شـێوازە
کاردەکاتە سەر منداڵەکانتان و . . لەوانەیە ئەوانیش خاوببنەوە .
١٢ـ لە کۆتایی چیرۆکەکاندا . . لە منداڵەکانتان بپرسن . . ئایا ئەگەر ئێوە لە شوێنی
پاڵەوان یا کەسیەتییەکانی چیرۆکەکە بوونایە چیتان دەکرد . . ؟ سەرسامن بە کامیان . . ؟
لە کۆتاییدا . . وەکو دەڵێن : " فێربـوون لە منداڵیدا . . وەک نەخشی سەر بەرد وایـە "
رەزا شوان / نەرویـج / ٢٠١٦
