دیموكراسیتان باش! .... محەمەد عەلی

بەپێی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بێت، یەكێتی هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بە ئاراستەی بێبەهاكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، یاخود پەكخستنی گفتوگۆكان وەك فشارێك بۆ رازیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە لە كاتێكدایە لە ڕابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان ڕووبەڕووی زۆرترین رەخنە بۆتەوە لەلایەن ئەندام و لایەنگرانیەوە بەو هۆكارەی بەردەوام سازشی كردووە لە پشكی خۆی لە پێناو یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان و پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

هێنانی دەستەواژەی بەشداریی راستەقینە بۆ ناو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، جگە لەوەی وەك كارتێك بەكار دێت بۆ فشارخستنە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهانەیەكی بێبنەماشە، چونكە لە سەرەتای دروستبوونی یەكەم حكومەتی كوردستاندا، یەكێتیی نیشتیمانی برابەش بووە، هەر ئەوەندەش نا، بەڵكو لە زۆر كاتدا زیاتر لە بەشی خۆی دەسەڵاتی هەبووە، دوو هەڵبژاردنی ڕابردووش ئەو راستییە روون دەكاتەوە، كە سەرەڕای لەدەستدانی زۆرینەی كورسییەكانی، بەڵام وەك حیزبی براوە مامەڵەی لەگەڵدا كراوە.

هەوڵی گەرانەوەی كوردستان بۆ سیستەمی ٥٠ بە ٥٠، هیچ بنەمایەكی واقیعی و دەستووریی نییە، بەڵكو پێچەوانەیە لەگەڵ سەرەتاییترین بنەماكانی دیموكراسی، كە بریتییە لە نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بۆ هەر قەوارەیەك لە حكومەتدا، هاوكات مەبەست لێی بێبەهاكردنی دەنگی دەنگدەران و دروستكردنی كەشێكی نادیموكراسییە تاكو هاووڵاتیان بڕوایان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەرەنجامەكانی نەبێ.

هاوكات هەڕەشەی بەدووئیدارەكردنی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستێكی ئەوپەڕی نادیموكراسییە، كە بە مانای كۆتاییهێنانی ئەو تەجروبەیەیە كە كورد بە دەیان ساڵ خەباتی بۆ كردووە و دەیان شۆڕش و هەزاران شەهیدی لە پێناودا داوە، لەهەمان كاتدا هەر كەس و لایەنێك بانگەشە بۆ ئەو مەبەستە بكات، بە واتای ئیفلاسبووونی ئەو لایەنە دێت لە رووی سیاسییەوە.

هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان چەندە پەیوەندی هەبێ بە ناكۆكیی نێوان باڵەكانی نێو خودی یەكێتی، لە هەمان كاتدا مەبەستی سەرەكی پەكخستنی یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووە، بەو پێیەی پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە و مەبەستیەتی لە زووترین كاتدا حكومەت پێكبهێنێت و بەرنامەی هەڵبژاردنی جێبەجێ بكات، لە بەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت سستیی تێبكەوێت.

بیریشمان نەچێت، دژایەتیی بەشداریكردنی پارتەكانی تری كوردستان، تەواو پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسییە و گەڕانەوەی كوردستانە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، ئەمە جگە لەوەی بە مانای قۆرخكردنی دەسەڵاتە و هاوكات بە هەوڵێك بۆ پەرتەوازەكردنی نێوان هێزەكان و دروستكردنی كێشە بۆ كاندیدی راسپێرداو هەژمار دەكرێت، لەلایەكی تریشەوە نیشاندانی هەرێمە بە لاوازی لە بەرامبەر بەغدادا.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu