ئامادەبوون لە بەغدا بۆ داكۆكیكردنە لە مافی گەلێك ... محەمەد عەلی

بە درێژایی مێژوو، لە شۆڕشی بارزان و ئەیلوول و دواتر گوڵانیش، پارتی لەگەڵ ئەوەی بەردەوام شۆڕشی كردووە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و بەدەستهێنانی مافەكانی ئەم گەلە، بەڵام هیچ كات رێگای گفتوگۆی رەت نەكردووەتەوە و هەمیشە هەوڵی داوە لە رێگەی دیالۆگ و رێككەوتنەوە بگات بەم ئامانجە.

لە دوای كۆتاهێنانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانیی باوك رەتی كردەوە بگەڕێتەوە عێراق، بەڵام دوای سەركەوتنی شۆڕشی تەمموزی ساڵی ۱۹٥۸ و گۆڕینی سیستمی حوكم لە عێراق، بارزانیی باوك گەڕایەوە بەغدا و لە نێو ئاپۆرای پێشوازیی گەلانی عێراقدا مافەكانی گەلەكەی بیر نەچوویەوە و بە هەوڵەكانی توانی دەستوورێك بۆ عێراق بنووسرێتەوە، كە بۆ یەكەمجار كورد و عەرەبی كردە هاوبەش لە عێراق و میللەتی كوردیش بۆ ماوەیەك لە شەڕ و كوشتار دوور كەوتەوە.

كاتێك بارزانیی نەمر سەركردایەتیی شۆرشی ئەیلوولی كرد، گەورەترین و فراوانترین شۆڕش لە مێژووی كورد، زلهێزترین وڵاتی ناوچەكەی ناچار بە دانوستان كرد لە پێناو بەدەستهێنانی مافی گەلەكەیدا، بۆ ئەوی بیسەلمێنێ كە گەلێكی میانڕەو و ئاشتیخوازین و ئامادەی دانوستان بوو كاتێك رژێم ئامادەیی دەڕبری، لە دەرەئەنجامدا ڕێككەوتنی ئاداری ۱۹۷٠ی لێ كەوتەوە، رێككەوتنێك بۆ یەكەم جار وڵاتێكی داگیركەر دانی نا بە بوونی كورد لە ولاتەكەیدا، هاوكات توانی بۆ یەكەم جار دەسەڵاتی كوردی لە ناوچەكەدا بكاتە واقع و سنووری كوردستان دیاری بكات.

لە ۲٠٠۳وە، پارتی دیموكراتی كوردستان دووبارە گەڕایەوە بەغدا، بە هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان زۆرینەی مافەكانی كورد لە دەستووری عێراقیدا جێیان كرایەوە و پێشمەرگەش گەڕایەوە گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و لە رێگەی وەزیری دەرەوە توانرا پێگەی كورد لە ئاستی جیهاندا بە شێوەیەك بەرەو پێش بچێت و وڵاتان كوردستان وەك نموونەیەكی سەركەوتوو سەیر بكەن، سەردانی بەردەوامی وەزیران و سەرۆكوەزیرانی وڵاتان بۆ كوردستان، ئەو راستیە دووپات دەكاتەوە.

پاش بڕیاری بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و دواتر هاتنی داعش بۆ عێراق و دواهەمینیان بەكارهێنانی هێز لە رووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەر، پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی تەواو بایكۆتی حكوومەتی عێراقی كردبوو، بەڵام لە دوایی كۆتا هەڵبژادنەكانی پەرلەمانی عێراق، جارێكی تر بە هێزەوە گەڕایەوە بەغدا و سەردانەكەی سەرۆكی بەدوادا هات، كە ئەنجامەكەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان و پەسەندكردنی بودجە لە بەرژەوەندیی كورددا بوو، بێگومان لە داهاتووشدا چاوەڕوانی زیاتر دەكرێت، بە تایبەتی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu