پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟ ...زاهیر باهیر – لەندەن

پەکەکە لەوەتەی دروستبووە بە بارودۆخی یەکجار ناهەموار و سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام هەرگیز وەکو ئێستای نەبووە.باشترین قۆناغی تێکۆشان و خەباتی پەکەکە ئەو سەردەمانە بووە کە ئاشتی یائاگربەستی یەکلایەنانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، ڕاگەیاندووە.ئەمەش ئەو سەردەمە بووە کە پەکەکە کەشی داوەتەوە، کوردیش لە باکوردا، بۆ ماوەیەك حەواوەتەوە .هەر ئەو ماوەیەش باشترین هەل و دەرفەتێك بووە بۆ پەکەکە کە چەق و نیشانە لەسەر شار و شارۆچکەکان بگرێت بۆ خۆڕێکخستنەوەی خۆی لە شێوەیەکی باشترا.

ئەوانەش یەکێك بوون لەو کارە باشانەی کە پەکەکە توانی لە سەردەمی ئاگربەستیدا، بیکات.لە ڕاستیدا، لەم قۆناغەدا[ قۆناغی ئاگربەستی] پەکەکە توانی پەیوەندی زیاتر بگرێت چ لە ناو خۆی تورکیادا و چ لە دەرەوەی تورکیا، کۆمەك و هاوپشتییەکی مەزن لە لایەن زۆرێك لە چەپەکان و نقابەییەکان و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و تەنانەی ئەنارکیستەکانی دونیاوە، دابین بکات.لەمانەش زیاتر، پەکەکە ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ لێدوان و مشتومڕی نێوان ئەندام و لایەنگرانی سەبارەت بە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی / جەماوەریی و ڕەتکردنەوەی ئایدیای دەوڵەت-نەتەوە .بە کورتی پەکەکە لەناو خۆیدا لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدا بوو، لە تێپەڕاندنی قۆناخێك لە هێزێکی سەربازییەوە بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی، لە جەنگی گەریلاوە بۆ بەرگریی یاخیانەی مەدەنیانە، لە بزوتنەوەیەکی چەکدارییەوە بۆ بزوتنەوەیەکیی جەماوەریی .

هەموو ئەم گەشەکردن و پێشەوەچونانە زۆر بەباشی کاریان لەسەر کرا و کاریانکرد، تەنانەت ڕۆژاوای کوردستانیش لێی سودەمەند و بەهرەمەند بوو.ئەم کارە باشانە هەتا مانگی نیسانی 2015 ی خایاند، ئەو کاتەی کە ئەردۆگان هەموو پەیوەندییەکانی ئۆجەلانی بە دەرەوەی خۆی بڕی .قۆناغی نێوانی نیسان و حوزەیرانی هەمان ساڵ، قۆناخێ دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیریی بوو، قۆناخێکی ناسک بوو نەك هەر لە باکوردا بەڵکو لەسەرجەمی تورکیاشدا.لە 20/07/2015 هێڕشێکی تیرۆریسیانە گەنجانی باڵی چەپ و سۆشیالیستی کە لە شارۆچکەی 'سروس؛ گردبوبوونەوە سەبارەت بە پێشکەشکردنی کۆمەك و هاوکاری بە کۆبانی، کردە نیشانە و 33 گەنج گیانیان بەختکرد و 104 ی دیکەش بریندار بوون .بە دوای ئەمەشدا تیرۆرکردنی دوو پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا، کە پەکەکەی تیادا تاوانبار کرا، هات.ئەردۆگان و دەزگە سیخوڕییەکەی ' میت ' بە خۆشییەوە چوون بەرەوپیری ئەم ڕووداوە و بە دەرفەتێکی باشیان زانی بۆ ناچارکردنی پەکەکە لە شەڕێكی نەخوازراوەوە و دواتریش شکاندنی ئاگربەستی .

هەر لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیراندایە بەتایبەت کە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی دەوڵەتی تورکیای بە وەڵامدانەوەی شەر بە شەڕ، کرد .ئیتر ئەردۆگان هەر جەنگی دژی پەکەکە ڕانەگەیاند بەڵکو دژی هەموو کورد لە باکورا، بەو پەڕی دڕەندەییەوە و جەختکردنەوە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی جەنگیی دژ بە کورد، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێزەکانی دەوڵەت ڕووبەڕوی بەرگریی خەڵکی و شەڕی سەرشەقام دەبوونەوە لە زۆرێك لە شارۆچکەکانا.پەکەکەش بانگەشەی بەرگرییکردنی زیاتری دەکرد دژ بە هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت، ئەم بەرگرییەشی بە " بەرگریی لەخۆی پۆزەتیڤانە" ناو دەبرد، بەلام لە ڕاستیدا ئەم بەرگرییە، بەرگریی خۆبەزێن و خۆلەناوبردن، بوو، چونکە دەوڵەتی تورکیا هەر بە شەڕکردن دژ بە پەکەکە و کورد لە تورکیادا نەوەستا، بەڵکو جەنگەکەی بەربڵاوتر کرد و دەستدرێژیشی کردە سەر کوردستانی باشووریش، کە ڕۆژانە یا هەفتەی چەند جارێك فڕؤکە جەنگییەکانی شاخەکانی قەندیل و دەورو بەرەکەی و گوندەکانی بناری شاخیان بۆردومان دەکرد، کەئەمەش بووە هۆی کوشتنی چەندەها هاووڵاتی گوندەکان و ئاژەڵ و گیانلەبەرەکانیان لەتەك وێرانکردنی خاك و ژینگەکەشیاندا.

ئامادەیی پەکەکە بە تێوەگلانی لەو شەڕە ناڕەوایەی دەوڵەتی تورکیا پاساو و بیانویەکی باشی دایە دەستی دەوڵەتی تورکیا کە بە تەواوی دەستی خۆیناویی ئاوەڵا بکات لە وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان و کوژرانی هەرکەسێك کە بەربەرەکانی دەسەڵاتی بکردایەتەوە، بە بەکارهێنانی هەر ئامرازێكی بکوژ و داپڵۆسێنەر.سەرەنجامیش زۆربەی ئەنجوومەنەکانی شارەوانییەکانی باشوری هەڵوەشاندەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەدەپە و خەڵکیدا بوون .زیاتر لە 2000 کەس گیانیان بەختکرد، 11 ئەندام پەڕلەمان گیراون کە لە ناویاندا هەردوو سەرۆکی پارتی هەدەپەی تیادایە، زیاتر لە 134 ئەندامی شارەوانییەکان گیراون، 500، 000 کەس ڕاگوێزراون یاخود ناچار بە ڕاگوێزان کراونەتەوە، تەواوی شاری 'سور'، شارە مێژووییە دێرینەکەی نێو ئامەد وێران کرا.لە نێو "کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی" و "ئەنجومەنی گەلان"یش، ئەمەریکا و بریتانیا و فەرەنسا وئەڵمانیا لۆمەی پەکەکەیان کرد و پێداگرییان لەسەر تیرۆریستی پەکەکە دەکرد .میدیاکەشیان سەرەڕای هێڕشکردنە سەر پەکەکە،  زۆر بە ئاستەم تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیای ڕوماڵ دەکرد یاخود هەر نەیان دەکرد.

هەموو ئەمانەش لەگەڵ بۆردمانکردنی قەندیل و گوند و گوندییەکانی بناری قەدنیل و کوژرانی خەڵکە هەژارەکە، بەدیار چاوی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و حکومەتی ئەمەریکاوە بوون .لەگەڵ هەموو ئەم تاوانانەشا هێشتا ئەوە تورکیا بوو کە پشتگیریی وکۆمەكی پێدەکرا و تەنانەت حکومەتی بریتانیا بەردەوام بوو لە فرۆشتنی چەکی قورس و تەقەمەنی بە ئەردۆگان .

دوای ماوەیەك پەکەکە شەڕی شەقامی [ شەواریع] ڕاگرت بەڵام زۆر درەنگ بوو چونکە ئامانجەکەی دەوڵەتی تورکیا هاتە دی، کە تاکتیکەکەی پەکەکە شکستی هێنا و باجێکی یەکجار هەر یەکجار گەورەی بە کورد دا .لەگەڵ ئەو خەسارە گەورەیە و ئەو شکستەدا جێی تێڕامانە تاکو ئەم ساتەش ئەوەندەی من بەئاگا بم کەسێك، سەرکرەدەیەك لە پەکەکەدا بەرپرسیاریی گەڕانەوەی بارودۆخی کوردستانی بۆ ساڵانی 80 سەرەتاکانی 90 هەڵنەگرت، سەبارەت بەو تاکتیکە خۆکوژییەی کە پەکەکە بەکاری هێنا و گۆڕینی ستراتیجییەکەی لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ بزوتنەوەی چەکداریی، کەس سەرززەنشت نەکرا و سزا نەدرا .لەمەش خراپتر بۆ ئێمەیەك کە خۆمان بە هاوپشت و کۆمەککار و دۆستی ڕۆژاوا و باکور دەزانیین جگە لە لێدانی چەپڵە و پیاهەڵدان و دەستخۆشی، بێدەنگیمان بەرانبەر ئەم وەرچەرخانەی پەکەکە، هەڵبژارد.

بە بۆچونی من لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیرانێکی گەورەدا دەژی و لە ئێستادا ڕووبەڕوی دوو هەڵبژاردە دەبێتەوە: یەکەم : یان گەڕانەوە بۆ جەنگی تەواوی ساڵانی 80 و سەرەتای 90 کان، واتە لە کوێوە دەستی پێکرد بۆ ئەو شوێنە، هەڵبژاردنی ئەمەش بەدڵنیاییەوە هێج شتێك بەدی ناهێنێت جگە لە قوربانیدانی زیاتر و وێرانکردنی کوردستان و لاوازکردنی پرسی کورد و بەهێزکردنی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی .دووەم: چەکدانانی بەشێكی زۆریان و کشانەوەیان بەرەو قەندیل و سەر سنور و هاوکاتیش بانگەشەی وەستانی شەڕ دژ بە تورکیا بکەن، ئیدی تورکیا قەبوڵی بکات یا نەکات کێشەیەك نییە.ئەمە دەکرێت بە هەنگاوی یەکەم ناوی ببرێت تاکو گیانێک بە پەکەکە و کوردی باکوردا بێتەوە.دوای ئەمە هاندانی لایەنگران و هاوکارانی لە شار و شارۆجکەکانی هەموو تورکیا تاکو ببنە ناوەندەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ پێکهێنانی بزوتنەوەیەکی جەماوەریانە.ئەم هەڵبژاردەیە تاکە ڕێگایەکە ئەگەر پەکەکە بیەوێت لەم قەیرانەی ئێستای دەرچێت و شتێك بۆ کوردانی باکور بکات.

من بەشبەحاڵی خۆم ڕام وایە ئەم هەنگاوە بۆ پەکەکە یەکجار گرانە چونکە لە مانگی تەموزی ساڵی 2015 وە، پەکەکە لە ڕوی ئایدۆلۆجیی و ئەوەی کە پێشتر دەیویست بەدەستی بهێنێت لە گەڕانەوەدایە و لە پرنسپەکانی ئۆجەلان ڕۆژ بە ڕؤژ دووردەکەوێتەوە کە هەرە سەرەکییەکەیان بیناکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە .هەروەها لە ئێستاشدا سەکردەکانی پەکەکە، بەتایبەت سەرکردە سەربازییەکان قسە و زمانی جیایان لە ئۆجەلان هەیە و ڕەنگە لە کەمایەتییەکی یەکجار کەمی نێو پەکەکەش، لە کاتێکدا کە باس لە دەوڵەتی کوردی و، یەکگرتنی ڕیزەکانی کورد و موئتەمەری گەلی کورد و زۆری تر لەم خیتابە قەومییانە، دەکەن.

لە باشوری کوردستان کە پەکەکە لە ڕوی فکریی و سەربازییەوە زۆر بەهێزە و زۆرێك لە بارگە و بنکەکانیان لەوێیە تەنانەت لە ماوەی 20 ساڵی ڕابوردودا تاکە گروپێكی لۆکاڵییان دروست نەکردووە جگە لە دروستکردنی ئەنجومەن لە خەڵکانی چەند گوندێكی بناری قەندیل و ئەوەی شەنگالیش، کە دەتوانم بڵێـم ئەوەی شەنگال بارودۆخەکە سەپاندی بەسەریانا کاتێك کە لە بەرانبەریانا، پارتی و هێزەکەی هەبوون.تەنانەت ئەمان کاریان لەسەر پێناساندنی ئەزموونە گەورەکەی ڕۆژاوا و باکور، بۆ کوردی باشور نەکرد .یارمەتی و کۆمەکیان بە لایەنگران و کەسانی خۆیان لە باشور نەکرد سەبارەت بە دروستکرنی هەمان شت کە لە ڕۆژاوا و باکور کراون، جگە لە پەروەردەکردنیان بۆ چەك هەڵگرتن و پەیوەندی بە ڕیزەکانیانەوە وەکو شەڕکەرێك.ئەوەی کە پەکەکە لە باشوردا دەیکات لای من یا هیچ شتێك کۆی ناکاتەوە یاخود زۆر کەم لەتەك فکریی نوێی ئۆجەلان-دا، دێتەوە.

لە ڕۆژی 23/12/2017 سەرکردەی پەکەکە و هاوسەرۆکی کەجەکە، جەمیل بایك، لە دیمانەکەی لەتەك کەناڵی ڕوناهی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان کە لە ساڵی 2015 وە لە قەیرانێکی گەورەدایە و خۆپیشاندان و ناڕەزییەکانی ئەم دواییەی بەخۆیەوە بینی، بایك وتی تاکە ڕێگایەك لە دەرچون لەم قەیرانەی ئیستا " ..ێکهێنانی حکومەتێکی نوێی دیموکراتی دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی باشوری کوردستان"* .ئەمەی لە کاتێکدا وت کە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئەو کە قسە لە سەر ڕەگوڕیشەی کێشە و گرفتەکان بکات و هەروەها قسە لەسەر حەلی ئەو کێشانە بکات بە گرێدانەوەیان بە هزریی نوێی ئۆجەلانەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە .ئەو زۆر باش دەزانێت ئەوەی کە وتی بە هیچ جۆرێك حەل نییە چونکە " حکومەتی نوێ" تەنها لە پارتە سیاسییەکانی ئێستا پێك دێت کە لە کاتێکدا هەموویان هەتا بیناقاقایان لە گەندەڵیدا نوقم بووە و هەر لایەکیشسیان پیاوی لایەنێكن: ئێران، تورکیا یا سعودییە و قەتەر.ئەم حیزبانەش ئەوەیان سەلماند کە پارتی سیاسی هەرگیز ناتوانێت خۆشحاڵی و ئازادیی و یەکسانی بۆ خەڵکەکەی بهێنێت.

لە ڕؤژی 28/12/2017 مورات قەریلان فەرماندەی سەربازی پەکەکە لە و دیمانەیەی کە لەگەڵ کەناڵی چرا کردی وتی " ...ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ کۆمسیۆنێک دروست بکرێت، ئه‌م کۆمسیۆنه‌ له‌ هه‌موو ڕێکخراوه‌ سیاسى و مه‌ده‌نییه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى فراوان دروست بکرێ...**.”  ئەوان پێشنیاریان بۆ ئەو قەیرانە هەیە کە کوردی باشور تێی کەوتووە .ئەو باوەڕی بە دروستبوونی کۆمیسوێنێك هەیە کە کۆبونەوە لەگەڵ خەڵك لە هەمو شوێنێکدا بکات تاکو بزانێ چییان ئەوێت.بەڵام لە ڕاستیدا مورات قەریلان و تەواوی حیزبەکانیش زۆر باش دەزانن کە خەڵکی چییان دەوێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە خەڵکی ناتوانن داخوازییەکانیان لە سای ئەو حیزبانە و حکومەتی هەرێم –دا بەدەست بهێنن .ئەم قسانەی مورات قەریلان بێ سەروبەرەیە، لەبری ئەم قسانە دەیتوانی کۆمەك و هاوپشتیی پارتەکەی بخستایەتە بەردەستی خەڵکی لە خۆڕێکخستنیان سەربەخۆ و بەدەر لەحیزبە شکستخواردووە کان، هەر وەکو خەڵکی لە ڕۆژاوای کوردستانا کردی کە کاری جددی بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە .گەر دیقەت لە هەردوو دیمانەکە بدەین ئەوەش دەبینین کە ئەم دوو سەرکردەیەی پەکەکە لە نێوخۆیانا هاوڕا نەبوون سەبارەت بە " حەلکردنی " ئەو کێشانە.

کەواتە پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام ئاڕاستەی ئێستای پەکەکە نە سوودمەندە بۆ خۆیی و نە بۆ کوردیش .بەهەرحاڵ، من دڵنیام زۆر ناخایەنێ،  داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

 

                 Zaherbaher.com

* http://rojnews.net/haber/23465/.html

http://rojnews.net/haber/23662/.html**

                              31/12/2017

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu