پەرلەمانی کوردستان کەی پەکخرا و کێ پەکیخست؟ ... سوورە مەرگەیی

 فەوزا و پیلانگێڕیەکەی ٢٣ی حوزەیرانی ناو پەرلەمان و دواتر ئاژاوەگێڕیەکانی سەر شەقام، رێگری لە یوسف محەمەد بۆ چوونە هەولێر و ناو هۆڵی پەرلەمانی بە دوای خۆیدا هێنا، بۆ شاردنەوە و بەلاڕێدا بردنی فەوزاکەی ناو پەرلەمان و ئاژاوەگێڕیەکانی سەر شەقام، بزووتنەوەى گۆڕان بە رێنمایی و چاودێری وردی نەوشیروان مستەفا هەوڵە سیاسی و میدیاییەکانی لەسەر ئەوە چڕ کردنەوە، کە گوایە پارتی بە رێگری کردن لە یوسف محەمەد پەرلەمانی پەکخستووە، بەڵام لە راستیدا رێگری لە یوسف محەمەد بۆ چوونە هەولێر نەک هەر هۆکاری پەکخستنی پەرلەمان نەبوو، بەڵکو پێشی بەو زنجیرە پیلانگێڕیە گرت کە بە چوونی یوسف محەمەد دەبوونە تەواوکەری فەوزا پەرلەمانیەکە و ئاژاوەگێڕیەکانی سەر شەقام، چونکە نەوشیروان مستەفا ئەوەی لە کۆندا نەیتوانی بەدیبێنێ، دەیویست بەناوی خەباتی پەرلەمانی بەو مەرامە سیاسییە بگات کە دەیان ساڵە لە پێناویدا پیلانگێڕی ساز دەکات، ئەو هەوڵانەی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەکەشی بۆ گۆڕینی کات و ساتی پەکخستنی پەرلەمان لە فەوزا پەرلەمانیەکە و ئاژاوەگێڕیەکانی سەر شەقامەوە بۆ کات و ساتی رێگری کردن لە یوسف محەمەد، بۆ ئەوە بوو میژووی درووستی پەکخستنی پەرلەمان و کاراکتەری پەکخەری پەرلەمان لە خەڵک بشارێتەوە، کوردیش دەڵێ: بەری رۆژێ بە بێژینگ ناگیرێ، رووداوە مێژووییەکانیش وەک رۆژی رووناکن و بە تەمومژی سیاسی و میدیایی و تەپوتۆزی چەواشەکاری ناشاردرێنەوە، بۆیە لای خەڵک روونە کە مێژووی پەکخستنی پەرلەمان لە فەوزا پەرلەمانیەکەی ٢٣ی حوزەیران و ئاژاوەگێڕیەکانی سەر شەقام دەست پێدەکات، نەک وەک ئەوەی نەوشیروان و نەوشیروانیەکان کە دەڵێن لە رێگری کردن لە یوسف محەمەدەوە پەکیخراوە، ئەگەر کەمێکیش شەنوکەوی ئەو راستیانەی خوارەوە بکەین دەردەکەوێ کەی پەرلەمان پەکخراوە و کێ پەکیخستووە.  پەرلەمان ئەو کاتە پەکخرا کە نەوشیروان مستەفا بە پرۆژەی ئاژاوەگێڕی و پاکێجی ساختە ویستی خەتێکی راست و چەپ بەسەر سەدەیەک سەروەری و دەیان دەستکەوت و زەمەنێک خەبات و دەریایەک خوێن و قوربانیدانی ماڵباتی بارزانی نەمردا بێنێ.  پەرلەمان ئەوکاتە پەکخرا کە نەوشیروان مستەفا بە ناوی خەباتی پەرلەمانی و بە زۆرینەی (٥٠+١) وستی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بخاتە دەرەوەی بازنەی کاری پێکەوەیی و هاوهەڵوێستی نەتەوەیی.  پەرلەمان ئەو کاتە پەکخرا کە نەوشیروان مستەفا خواست و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستانی لە توورەکەی چەواشەکاری سیاسی ناو بە پەتکی عرووبە سەری بەست و بەرەو بەغدا بە کۆڵی حزبی دادا.  پەرلەمان ئەو کاتە پەکخرا کە نەوشیروان مستەفا دیموکراسی لە هەڵکوتانەسەر و داواکاری خەڵکی لە پەلامار و ئازادی بیروڕای لە ناوزڕاندن و تۆمەت بەشینەوەدا وێنا کردن.  پەرلەمان ئەو کاتە پەکخرا کە نەوشیروان مستەفا بە تەلەفۆنێک هەڵسووڕاوی سەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بە ئاڕاستەی رشتنی کۆنەقینی خۆیدا هەڵدەسووڕاند.  پەرلەمان ئەو کاتە پەکخرا کە نەوشیروان مستەفا میدیاکار و هەرزە و منداڵکاری سیاسی کردنە پەرلەمانتار و پەرلەمانی لە دەزگای یاسا دانانەوە کردە دەزگایەکی میدیایی و شوێنگرەوەی کۆنە گۆڤاری رزگاری.  جا بۆ ئەوەی خەڵک وەک خۆی نەوشیروان مستەفا بناسێ و ئەو راستییە بزانێ کە پەکخستنی پەرلەمان یەکەم هەنگاو و ئاشووبنامەی سیاسی نەوشیروان مستەفا نییە، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئاشووبنامە سیاسیەکانی رابردووی، چونکە پەکخستنی پەرلەمان یەکێکە لە ئاشووبنامە بچووکەکانی و لە نەبوونی دەرفەتدا پەنای بۆ بردووە و وەک دەڵێن: شەڕی پێ لە بەتاڵە باشتر بووە، ئەگەر ژاوێکی کوردانەش بەسەر وێستگە پیلانگێڕیەکانیدا بگێڕین، تێدەگەین کە ژیانی پڕیەتی لە پیلان و ئاشووبنامەی سیاسی و بەردەوام هەوڵیداوە نەک هەر پەرلەمان، بەڵکو پەخستنی پرۆسەی شۆڕگێڕی و کوردپەروەری و خواستی گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیشی بە ئەرکی سەر شانی خۆی زانیوە.  

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu