ئاڵای پیرۆز ئاڵای نەتەوەیە نەک هی حیزب ولایەک ... پشکۆ ئەمین

ئاڵا رەمزو پێناسەی نەتەوەیە، هەموو نەتەوەیەک لە سەرگۆی زەوی و لەم دنیایەدا رەمزو شوناس وئاڵای خۆی هەیە، کە پێی دەناسرێتەوە !کوردیش وەک یەکێک لە نەتەوە هەرە رەسەنەکانی سەرگۆی زەوی ئاڵای تایبەتی خۆی هەیە، ئەم ئاڵایەی ئەمرۆ لەهەمان ئاڵادەچیت، بەهەمان رەنگ وشێوە ئەم ئالایە رۆشنبیرانی وکرد لەئەستەمبول کە ئەندام بوون لە جەمعیەی عالی وتەرەقی تورکدا لەسالی ١٩١٨دا کەئەوسا بەشیکی زۆر لەکوردەکان لەناو ئەو جەمعیەتەدا ئەندام بوون بۆئەوەی کەمافەکانی کورد بەدەست بهێنن بەڵام پاش ئەوەی کە بۆیان دەرکەوت ئەو جەمعیەتە لەخزمەت تورکەکاندایەو خزمەت بە کورد ناکات هاتنەدەرەوەو ریکخراوێکیان بۆخۆیان دروست کرد بەناوی کۆمەلی کۆمەلایەتی کوردبوو لە ١٩١٩دا، وە ئاڵایەکیان بۆ خۆیان و کۆمەڵەکەیان دروستکرد کە ئەم رەنگانەو ئەم رۆژەی تیدابوو، کە لەپاشاندا کۆمەڵەی خۆیبوون لەساڵی ١٩٢٧دا لە باکوری کوردستاندا شوێنی ئەو ریکخراوەی گرتەوە، ئاڵاکەی کردە ئاڵای خۆی، بۆ یەکەم جار شۆرشگێرانی شۆرشی ئاگریداخ لە چیاکانی ئاگریدا هەڵیانکرد و لەسەر چیا سەرکەشەکانی ئاراراتدا لە باکور شەکایەوە، پاش شکستی شۆرش، ئیحسان نوری پاشا کاتیک دەربەدەری ئێران و رۆژهەڵاتبوو، ئەو ئاڵایەی لەگەڵ خۆیدا برد،

کاتێک کۆمەڵەی ژیکاف دروست بوو ئەو ئاڵایەیان کردە ئاڵای کۆمەڵەکەیان وکورد ، پاش ئەوەی کە کۆمەڵە کرا بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەرۆژی ١٧. ١٢. ١٩٤٥دا لە مەهابادی پایتەختی کۆماری دیموکراتی کوردستان، ئاڵا هەڵکراو بەکەمێک جیاوازیەوە، تا دوا رۆژی کۆمار ئاڵا بەسەر گشتو دام ودەستگایەکی کۆمارەوە دەشەکایەوە،

پاش روخانی کۆمار لە خواروی کوردستاندا کاژیک (کۆمەلەی ئازادی و ژیانەوەی یەکەتی کورد) بوە بەڕۆگرو هەڵگری ئاڵا، لە هەموو نوسینێکدا دەوڵەتی کوردی وسەروەری ئاڵای کوردستان رەنگیدەدایەوە، کاژیک ئاواتی هەڵکردن و شەکانەوەی ئاڵابوو لەکوردستانێکی سەربەخۆدا،

هەرئەمە وایکرد کە لە پاش کاژیک هەڵگرانی بیری نەتەوەی کەخۆی لە پاسۆکدا دەبینیەوە ببنە هەڵگرو نەخشێنەری ئاڵا بە هەموو شێوەیەک، گەلێک جار رێگیران لێدەکرا لەهەڵکردنی ئاڵادا، تەنانەت لەلایەن حیزب و ریکخراوە کوردیەکانیشەوە، سۆکسە کە رێکخراوێکی خویندکارانی سەربە پاسۆک بوو لەئەوروپا، بروای تەواوی بە هەڵکردنی ئاڵاهەبوو لە هەموو بونەیەکدا ئاڵای کوردستانی هەڵدەکرد و هەوڵی ناساندنی ئاڵای دەدا بۆ ئەمە کەوتە دروستکردنی مەدالیای ئاڵای کوردستان !!

لە ساڵی ١٩٨٢ دا یەکەم مەدالیای ئاڵای کوردستانی دروستکرد و لەیەکەم کۆنگرەی ریکخراوەکەدا ئاڵای گەورە هەڵکراو مەدالیا کرا بە ئێخەی بەشداربوانی کۆنگرەدا بە میوانەکانیشەوە !! ئیتر ئاڵاو مەدالیای ئاڵایی لەلایەن ئەو ریکخراوەی سەر بە پاسۆکەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاودەکرایەوە، لە ساڵی ١٩٨٥دا کاتێک پاسۆک ویەکیەتی رێکەوتنەوە کۆمەڵێک مەدالیای شوشەکە سۆکسە دروستی کردبوو لەلایەن هاوبیرانەوە برانەوە ناو شۆرش لە ناوچە رزگاربوەکاندا کران بە ئێخەی پێشمەرگەکانی پاسۆکدا، هەندێک لەو مەدالیایانە وەک هەدیە درا بە بەرێز مام جەلال تالەبانی و بە خەڵکانێکی تریش، مەدالیای ئاڵا بە ئێخەی هەندێک لە پیشمەرگەکانی پاسۆک وسۆسیالیست و یەکیەتیەوە دەبینران، ئا بەم شێوەیە ئاڵای کوردستان ناسینراو بڵاوبوەوە،

پاش راپەرینیش کاتێک بارەگای حیزبەکان لەناو شاردا بەئاشکرا بۆیەکەمجار کرانەوە، ئاڵای نەتەوە بەسەر بارەگاکانی پاسۆکەوە هەڵکرا گەرچی هەندێک لە حیزبەکان دژ بەهەڵکردنی ئەو ئاڵایە بوون وداوای داگرتنیان دەکرد، بەڵام پاسۆک گوێی پێنەدان ودای نەگرت و وەڵامیی دەدانەوە ! لە سالی ١٩٩٢دا پەرلەمانی کوردستان بەیاسا ئاڵای بە رەسمی ناساندو بوە ئاڵای هەریم، ئیتر لەسەر هەمو دام ودەزگایەکی رەسمی هەڵکرا، هەمو کورد لە خوارودا شانازی بەئاڵاکەیەوە دەکات ، بە داخەوە هەڵکردنی ئەم ئاڵایە لەخواروی کوردستاندا شان بەشانی ئاڵای عێراقی ئەنفال تا ئێستاش هەڵدەکریت بەبیانوی ئەوەی کە تا ئێستا بەشێکین لە عێراق ! هەندێک جاریش دەبینرێت کە ئاڵای ئەنفال رێک وپیکترە لە ئاڵای کورد یاخود ئەو ئەم دەشارێتەوە !کە ئەمە جێگەی پرسیارو رەخنەیە!

بێگومان ئەم ئاڵایە لەخۆڕاو بێ پاشخانێکی فەرهەنگی و هەرئاوا بەهەرەمەکی لەلایەن سیاسەت مەداران و شۆرشگێرانی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی کوردەوە دروست نەکراوە، بەڵکو پاش لێکدانەوەیەکی تەواو سودوەرگرتن لە مێژو کولتورو فەرهەنگی کوردی ئەو پاشخانە گەورەیەی میژوی ماد، ئەم ئاڵایە پێکهێنراوەو هەر یەکێک لە رەنگەکان نیشانەو تایبەت مەندی خۆی هەیە،

بە بۆچونی من هەریەکێک لە سومبلەکانی ئاڵا دەکرێت بوترێت میژوی کۆنمان بۆ دەگیرێتەوە باس لەرەسەنایەتی ئاینی یەکتا پەرستی دەکات و فەرهەنگ و کەلەپوری کورد سەرچاوەیەتی وتیكەڵ بە رەنگ و سمبوڵ کراوە ، تا بەو شێوە جوانە، ئەم ئاڵایەی لێ پێکهێنراوە، کە بوەتە شوناسی نەتەوەکەمان،

دەشبێت بڵێم ناکرێت کە ئیمپراتوریەتێکی گەورەی وەک ماد لە سەردەمی خۆیدا ئاڵای تایبەتی خۆی نەبوبێت بەڵام تا ئێستا هیچ دەربارەی نازانرێت ! بێگومان ئەو ئاڵایەش لەوسەردەمەدا هەر سمبولێکی مادەکان ومیژوو بوە،

من بۆخۆم ئەم ئاڵایەی ئێستامان کە لەلایەن شۆرشگیران و سیاسەت مەدارانی کوردەوە لە ١٩١٩دەوە دروستکراوە، بەلای منەوە هەریەکێک لە رەنگەکان و سمبولەکانی مانای خۆی هەیە و دەیبەمەوە بۆ میژو وفەرهەنگیی نەتەوەو ئاینە رەسەنەکەی کە ئاینی زەردەشتی بوە بەم شێوەیەی دەبینم،

رۆژ کە لە ئاینی پیرۆزدا رەمزو سمبولیی روناکیە و دژ بە تاریکیە لە ئاینی پیرۆزەوە وەرگیراوە . ، ٢١ چوکڵەلەکەی پیناسەی ٢١ سەرماوەرزە کە رۆژی نەورۆزەو یەکەم رۆژی سالی تازەی کوردیە، جگە لەوەی کە ئاڤیستای پیرۆز ٢١ فەسڵەکە دەکرێت لە وێوە هێنرابێت،

سور کە نیشآنەی خوینی قارەمانان وگیان بەخشینی رۆڵەکانی کوردە، کە هەر لەکۆنەوە ئەم واتایەی بەخشیوە لە سەردەمی مادەکاندا ئەمیرو پاشاکان پێشرەوەی سوپایان کردوەو یەکەم کەس ئەوان چونەتە مەیدانی شەرو قارەمانیەتی خۆیان نیشانداوەو پاریزگاریان لە سوپاکەیان کردوە، واتە میرەکان و کورانیان و سەرلەشکرەکان پیشرەویان کردوەو بەگیان بەخشین خاکیان پاراستوە و خوینیان بەخشیوە،

رەنگی سپی دیسانەوە رەمزی خۆشی و ئاشتی وپاکیزەی و پاکیەتیە کەدەبیت مرۆڤی زەردەشتی هەمیشە وەک چۆن دەبێت دڵی پاکبێت دەبێت پۆشاکەکە شی پاک وتەمیزبیت، ئەویش هەر لە ئاینی پیرۆزەوە دەکرێت وەرگیرابێت، بۆ نمونە پۆشاکی پیرو پیرشالیارو موغەکان و پیاوە ئاینیەکان دەبینین کە رەنگی سپیە،

، سەوز نیشآنەی خیرو بەرەکەت ودەغل ودانە، جگەلەوەی کە رەنگی سەوز لای زەردەشتیەکان رەنگێکی خۆشەویستە، نیشانەی خیرو بەرەکەتە بۆ هەژاران، ئاشتی لەگەل خۆیدا دەهینێت، لەلایەکیترەوە باس لە جوانی وسەوزی ژینگە پارێزی دەکات،

ئا لیرەوەیە کە ئاڵاکەمان تایبەت بە حیزبێک وبەکۆمەڵێک نیە بەڵکو ئاڵآی نەتەوەی کوردە، هیچ کەس ولایەک ناتوانیت بیکاتە هی خۆی . ئاڵآ چقڵی چاوی داگیرکەرانی کوردستانە، ئاڵا ئاڵای نەتەوەیە نەک هی حیزبیک ولایەک ، خۆ گەر بەهی حیزبیک بناسرێت ئەوا هی پاسۆک وخەڵکە نەتەوەیەکانە پێش هەمو لایەک !

بە هەزاران رۆڵەی کورد بەدەم، زیندوە قەت نانەوێت ئاڵاکەمانەوە روەو مەرگ رۆشتون و گیانی پیرۆزیان بەخاک ونەتەوە بەخشیوە، بۆیە ئاڵا ئاڵای هەموو کوردە .

پشکۆ ئەمین

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu