لە یادی یەکێتیدا، کێ یادی دەکاتەوە . . . ڕزگار ساڵح - ئەنیشخەدە – هۆڵەندا

بە پەلە مام جەلال داوای لە مامۆستا کەمالی حەمە تاماسی ئامر کەرتی ٢ی پاڕێزگاری کردبوو مەفرەزەیەک ئامادە ببکات و بەرەو گەرمیان بەڕێ بکەوێت بۆ کارێکی تایبەتی کە مام جەلال پێی سپاردبوو، مامۆستا کەمال ماڵی لە گوێزیلێ بوو هاتە خوارەوە زۆر بە خێرایی مەفرەزەکەی دروست کرد، کە پێک هاتبوون لەم برادەرانە، مامۆستا عەلی کادر، مەلا جەلال، عوسمانی جەریدە، جەلال حەمەومین، هەژار، وەستا لوقمان ی ژن برای شەهید نامیقی حەمە جەتە، ڕزگار ساڵح، فەریق یاخسەمەری، داوای لێبووردن لەوانەش دەکەم ناویانم بیرنەماوە

لەگوندی ژاڵەی دەربەند بووین نزیک بە گوندی دێلیژەی قەرەداغ، نۆرە حەرەسیاتی من بوو تارمایی زەلامێکم دی، ووتم زەلام کێی ؟ ووتی من خەڵکی ئەم گوندەم کاکە گیان دکتۆرتان لەگەڵدایە، ووتم بەڵێ . دیارە کە لە گوێزیلێ بە ڕێ کەوتین مامۆستا کەمال کۆڵەپشتەکەی پڕکردبوو لە دەرزی وەستانی نەزیفی خوێن و حەبی سەرئێشەو دەرزی دژ بە پێوەدانی مارو دوپشك،  مامۆستا کەمالم لەخەو بەخەبەر هێناو پێم ووت گەنجێکی خەڵکی گوندەکە داوات دەکات . لەگەڵ گەنجەکە بەرەو ئەو ماڵە چووین، منداڵێکی ئەو ماڵە مار پێوەی دابوو مامۆستا کەمال دەرزیەکی دژ بە زەهری ماری لێدا،  من و مامۆستا کەمال بەرەو مزگەوت گەراینەوە،  وەک سوعبەت بە مامۆستا کەمالم ووت مامۆستا تا زووە با ئەم گوندە جێ بهێڵین، چونکە گەر مارەکە نەی کوشتبێت ئەوە ئەو دەرزیە کوشتویەتی کە تۆ لێت داوە، مامۆستا بە نیوە پێکەنین و بە نیوە توڕەبوونەوە پێی ووتم ڕزگار بخەویت باشترە بەیانی کاری گرنگمان هەیە .

دەمەو بەیان هەمان کەس هاتەوە بۆ مزگەت و ووتی کاکە دکتۆر لە کوێیە ؟ باوکم دەڵێت بۆ نانی بەیانی دەبێت بێت بۆ ماڵمان، مامۆستا کەمال من و مەلا جەلالی لەگەڵ خۆی برد، کە گەیشتینە ماڵەکە بەو بەیانی زووە کاوڕێکیان سەربڕیبوو جگەرو دڵ و گورچیلەو گۆشتیان لە شیش دابوو و لەسەر ئاگرێکی پڕ پشکۆ دایان نابوو، باوکی کوڕە مار پێوەدراوەکە بە مامۆستا کەمالی ووت دکتۆر گیان گەر ئێوی پێشمەرگە نەبوونایە ئێستا لە سەرقەبران دەبووین بۆ ناشتنی کورەکەمان، بێ ئێوە ناخۆش ئەو بەیانیەوامان زانی لە شارین ئەوەندەمان جگەرو گۆشت خوارد.

مەبەستی من لەم ڕووداوە تەنها کارەکەی مامۆستا کەمال نەبوو وەک پێشمەرگە و لەهەمان کاتیشدا وەک دکتۆر کە بە ژیانی نەی دەزانی دەرزی چۆن لێدەدرێت و گەنجێکی گوندەکەشی بەژیان شاد کردوەوە، بەڵکو ئەو جلەی لەبەرم دابوو هێندە شتبووم و ووشکم کردبوەوە، تەقەڵی دەزووی خەیاتەکە کە لە ناوگەڵی شرواڵەکەمی دابوو بوو ئەوەندە ڕزیبوو، کاتێک کە لەگەڵ مامۆستا کەمال و مەلا جەلال بۆ نانی بەیانی چووین بۆ ماڵی کوڕە مارپێوەدراوەکە کە دانیشتم بۆ گۆشت خواردنەکە ناوگەڵی شرواڵەکەم تەقەلەکانی دەکرانەوە و دەرپێ سپیەکەی ژێرەوەم دەر دەکەوت نەم دەزانی دەست بەرم بۆ شیشە گۆشتەکان یان درزی ناوگەڵی شڕواڵەکەم بەدەست بشارمەوە، چەند جارێک مەلا جەلال بەدەرزی و دەزویەکەی بۆی دوریمەوە بەڵام هەر سوودی نەبوو تا خاڵم دەستێک جلی کەتافی تری تازەی بۆ ناردم. ئەوانەی پاش خۆشتن لە حەمامی گەرموگوڕی ڤیلاو کۆشکەکانیانەوە و بە جلوبەرگی بریقەداری نامۆ بە جلی پێشمەرگایەتی و بە کەژاوەی سەدان سەیارەوە و پاسەوانەکانیانەوە لەسەر مینبەرەکان دەقیژێنن و یادی یەکێتی دەکەنەوە، نەک هەر لە خەمی یەکێتیدا نین وەک ڕەسەنایەتی یەکێتی، بەڵکو لەشاخیشدا ١ دەست جلی ی کوردیان بۆ ٢ جاریش لەبەر نەکردوە بەڵکو وەک سەدەقە داویانە بە پێشمەرگەی مقەرەکانی لەمەڕ خۆیان. تێبینی : من وەک پێشمەرگەیەکی دێرینی جارانی شاخ ئەم یادەم کردۆتەوە نەک وەک یەکێتی ئێستا.

ڕزگار ساڵح - ئەنیشخەدە – هۆڵەندا

٣١-٥-٢٠١٣


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.