بەدەر لە هەموو نغرۆبوونێكی ئایدۆلۆجی لە چ كولتورێكی ئاشتیخوازانەو مەدەنیانەی ژیاندا شوێنی سوتانی دانەوێڵەی جوتیارێك بە دەستی جوتیارێكی دیكە دەبێتەوە ئەگەر جوتیارە سوتێنەرەكە دڵی پڕنەبێت لە رق و كینەو رقی لە هەموو بەها جوانەكانی مرۆڤایەتی نەبێتەوەو بە دەنكە شقاتەیەك خەرمانی ئەوەی دیكە نەكات بە خۆڵەمێش و بەدەم بایدا بدات، بەداخەوە كە خەڵكانێك رۆژگارێك و ئێستەش خۆیان بە دەمڕاستیكەری رۆشنبیران و فیكری گۆڕانخوازی لە بابەتە سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەكان دەزانن و ژمارەیەكی زۆریان لە وڵاتانی ئەوروپا و خۆشگوزەراندا دەژین بەڵام لە روانین و بۆچوونەكانیاندا پەیامی رق و كینە بە دڵی گەنجانی سەرگەرم و خۆش خەیاڵدا هەڵدەدەن تاوەكو لە رێگەی جوڵاندنی ئەوانەوە بگەن بە ویست و بەرژەوەندیە كەسیەكانی خۆیان كە ساڵەهای ساڵە خەونی پێوە دەبینن، من هیچ جیاوازیەك لە نێوان سوتانی كتێب و بەرشەقدانی مرۆڤدا نابیم چونكە هەردوكیان لەسەر یەك ئاراستە پەروەردە دەكرێن كە پڕیەتی لە رك و كینە لە بەرامبەرو رەتكردنەوەی هەموو ئەو جیاوازیانەی كە بەرامبەر پێوەی دەناسرێتەوە، بەڵام ئەوەی كە لەسەر هەڵدانی ئەو دیاردەیەدا دركی پێكرا ئەوەبوو زۆرێك لەوانەی پەنجەی رۆشنبیریان بە رووی نادادپەروەری و نا عەدالەتی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا بەرزدەكردەوە دەركەوت خۆیان بەشێكن لەو پڕۆسە پەروەردەییەی كە ئەگەر دەسەڵات و توانایان هەبێت ئەوە نەك بەرامبەرەكانیان بەر شەق و هێلكە و تەماتە باران دەكەن بەڵكو دوای ئەوە دەشیانسوتێنن، ئاخر سوتانی دانەوێڵەی جوتیارێك چ جیاوازی هەیە لەگەڵ سوتانی جوتیارەكە مەگەر تەنها ئەوە نەبێت كە ترس لەوەی دووەمیان هەیەو بكەر دەترسێ بەهۆی ئەو كارەیەوە رووبەڕووی سزای یاسایی یان پەرچەكرداری بەرامبەر بێتەوە بەشێوەیەك ئەویش ئازاری پێبگات، بەداخەوە لەو كاتەی هێشتە ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان نەبوو بە دەیان نوسەرو بەناو رۆشنبیر خۆیان لە ئەوروپاو وڵاتانی دیموكراسیەوە لافی ئازادی و سیستەمەكانی سۆسیالیستیان لێدەدا وەكو ئەوەی ئەوان خاوەن و دروستكەری ئەو فەزا ئازادی و دیموكراسییە بن كە ئەوروپا بە تاكەكانی بەخشیووە بەڵام كاتێك مەرامەكانیان لەگەیشتن بە كورسی و بەرژەوەندیە سیاسیەكانیان بۆ نەهاتە دی هەر خۆیان لە كرداردا دوژمن بە ئازادی و دیموكراسی بوون و لەو پەڕی دونیاوە ژەهری خۆیان بەسەر دەماخ و عەقڵی ئەو تاكە گوناح و بەستەزمانانەدا رشت كە هێشتە لە قۆناغی هەرزەكاری تێپەڕیان نەكردووەو زۆر ئاسانە جوڵە پێكردنیان، بەڵام سوتانی كتێبەكانی جەمال غەمبار و لە ئێستەشدا كتێبەكانی بەختیار عەلی لە مێژوودا دەبن بە بەشێك لەو كولتورەی كە بەناو رۆشنبیرانی ئەوپەڕی دونیا بانگەشەیان بۆ دەكرد، سوتانی ئەو بەرهەمانەش بۆ نەوەی نوێ كە پڕیانە لە جوانیەكانی ژیان و بینینی رۆحێكی مرۆڤانە وەڵامێكی پڕمانایە بۆ ئەو نوسینانەی كە تەنها ژەهرو رك و قینەیان چاند!!
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
