هیچ چەمکێك بەئەندازەی چەمکی ئادابی گشتی یان پیرۆزیەکان، ئادابی گشتی و پیرۆزیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی پێشێل نەکردووە و نەیکردۆتە نیشانە.بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی (پارتی و یەکێتی)، بەردەوام و بێپسانەوە، هێرشێکی توند و هەمەلایەنە بۆ سەر ئازادی، پێشکەوتنخوازی، یاساو رێسای شارستانی، مافەکانی تاک، مافە مەدەنیەکان، مافەکانی ژنان و مناڵان، مافی توێژینەوە و بەدواداچونی زانستی، تا دەگات بەهێرش بۆ سەر نووسەران، لە شاعیرەوە بۆ هونەرمەندو شانۆکار، بۆسەر چەپ و کۆمۆنیستەکان، بۆ سەر سیماجوانەکانی ژیاری، بۆ سەر داهێنان، بەردەوام بووە.هەموو ئەو هێرش و هەرەشە و فتواو ناوزراندن و دەستوەشاندن و تەنانەت دەستبردن بۆ تیرۆر و تەقاندنەوە...تاد، پاساوەکەی بە بەزاندنی پیرۆزیەکان، بە تێکدانی ئادابی گشتی، دەستی بۆ براوە.ژینگەی بۆ سازدراوە.رەخنەگرتن، توێژینەوە لەئیسلام و پەیامبەرانی و قەڵەمرەویی دەسەڵاتدارێتی مێژوویان، رەخنە گرتن لە قورعان و دەقە ئیسلامیەکان، هۆنراوەیەکی بێ ئیشتیا لای ئیسلامیەکان، داهێنانێکی زانستی، پەیکەرێکی خۆشەویستی یان ئیرۆتیک، پەیامێکی ئەوینداری، تەنانەت نوکتەیەکی وروژێنەر، سیمایەکی سێکسی، تا دەگات بە ساڵۆنەکانی جوانکاری، دوکانەکانی مەیفرۆشی، سەیرانگا ئارامەکانی پشودان و دارە رەنگینەکانی، بەرێوەچونی ئاهەنگێکی تایبەتی...تاد، کەوتونەتە بەردەم غەزەبی گروپێکی نامۆ بە ئادابی گشتی و پیرۆزیەکانی ئینسان.کە ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستانن و دیارە دەسەڵاتی سیاسیش لە پشتیان بووە.
ئادابی گشتی، یانی شێوە ژیان و هەڵسوکەوت و رێساو پێودانگە تاک و گشتیەکان.یانی مامەڵەو شێواز و چۆنیەتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ژیاریەکانی ناو کۆمەڵگا.وە پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا یانی ڕیزگرتن لە ئازادی و مافی تاک و شارستانیەکان، یانی ئازادی و مافەکانی ژنان، پارێزراوبوونی مافەکانی مناڵان و لاوان، مافی سەربەخۆیی تاک و ئیرادەو شکۆ، یانی ئازادی بیروباوەر و بەیان و بڵاوکرنەوە و چاپەمەنی، قەدەغەکردنی سانسۆر و چاوسورکرنەوە و فتواو هەڕەشە، یانی باڵکێشانی یەکسانی یاساو رێسای ئینسانی بۆ هەموان بێگوێدانە ناسنامەی دینی و قەومی و نەژادی و تایفی و دەماگیرانەو جیاوازی خوڵقێن.یانی ئازادی دینداری و بێدینی، یانی یاساغ بوونی پشکنینی بیروباوەر، یانی پارێزراوبوونی ژیانی تایبەتی ئینسان، یانی ئازادی رەخنەگرتن و بیرکردنەوەو بەدواداچوون و توێژێنەوە لەهەموو بیروباوەرێک و لەهەموو زەمینە سیاسی و کەلتوری و ئەخلاقی و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیی و مێژوویی و ئەدەبی.یانی ئازادی گەران بەدوای راستی و دروستی هەموو بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویەکان و رەخنەلێگرتن و توێژینەوەیان.یانی مافی ئازادانەی دەست راگەیشتن بەهەموو پێشکەوتنە زانستی و ژیاریەکانی کۆمەڵگای مرۆیی تاد.
دەسەڵاتی سیاسی ناسیونالیزم و ئۆپۆزیسێۆنی هاوشێوەی خۆی بە نوسەرە نانخۆر بە نرخێ رۆژەکانیانەوە، تایبەتی تریش رەوتگەلی ئیسلامی لە هێرش بۆسەر ئەم پیرۆزیانەو ئادابی گشتی خەڵکی کوردستان دەست ناپارێزن و لەهەر کات و لەهەر زەمینەیەکدا و بە ئەندازەی ئاستی تواناییان، هێرش دەکەنە سەر ویست و خواست و ئارەزوە ئینسانی و ئازادەکانی خەڵکی کوردستان.ئەم گروپە ئیسلامیانە دەستدرێژی دەکەنە سەر سەرەتایترین ویستی تاک و گشتی ئازادانەی هاوڵاتیان کە نامۆ بێت بە دەقەکانی ئیسلام.
نیگەرانی ئیسلامیەکان ئەوە نییە کە خەڵکی کوردستان ئادابی گشتی یان پیرۆزیەکان ناپارێزن!! نیگەرانیان ئەوەیە خەڵکی کوردستان، شارستانین و ئادابی گشتی کۆمەڵگایان بە جۆرێک سازداوە و پیرۆزیەکانیان بە شێوازیک لە ژیانیاندا نەخشاندووە، کە پێچەوانەی شەرع و یاساو ریسا ئیسلامیەکانە.پەیرەوەی لە یاساو ریسا و پێودانگی ئیسلام، ناکەن.
ئیسلام بوونی خەڵکی کوردستان کە دەسەڵات و ئیسلامیەکان و نوسەرو میدیای مۆڵەتپێدراو، بانگەشەی دەکەن.هەر بە ئەندازەی مەسیحیەت لە ئەوروپا برەوی هەیە.مەسیحی بوونی کۆمەڵگا ئەوروپیەکان و چەندە راستی تێدایە، ئیسلامی بوونی کۆمەڵگای کوردستانیش بەهەمان شێوە.چۆن کۆمەڵگاکانی رۆژئاوا، رێوشوێنەکانی مەسیحیەت پیادە ناکەن، ئاواش لە کۆمەڵگای کوردستاندا رێورەسمە ئیسلامیەکان و پێودانگەکانی، رەچاو ناکرێن.زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتیانی کوردستان تینوی ئازادی و کەلتوری مۆدێرنن.وێڵی دەستراگەیشتن بە دەستکەوتە زانستی و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین.گۆرانی و مۆسیقا، شیعرو داهێنان، شانۆ و ئەدەبیات و سینەما، پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆجیاو پەیوەندیەکان، ژیانی شاری و شارنشینی، رەوشتی ژیانی سەردەمی، ...تاد، هەزاران بەرابەری پێوانگە ئیسلامی و کۆنەپارێزەکان، بۆنەتە پێودانگ و شێوازی ژیانی کۆمەڵگا.
دیارە کۆمەڵگای کوردستان وەکو هەموو کۆمەڵگاکانی سەر ئەم گۆی زەویە، دینی ئیسلام و میراتە میژوویەکەی وستەمکاریەکەی، کاریگەری و گوشاری بەسەر کۆمەڵێک لە خەڵکەوە هەیە و هەڵسوکەوتیان لەژێر ئەو میراتە ئیسلامیە دایە، بەڵام کۆمەڵگایەکی ئیسلامی نییەو ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامی قبوڵ ناکات.هەر ئەمەشە نیگەرانی رەوتگەلی ئیسلامی لەکوردستاندا.خەڵکی کوردستان سەرپۆشی ئیسلامی" حجاب" بە کەلتوری خۆی نازانیت.چەند ژنە بۆیان جێگای نەفرەتە.گەورە بەبچوک و شیربایی لە ئاستیکی زۆر کەمدا، ماوە.تێکەڵاوی و جۆری پەیوەندیەکانی نێوان خەڵکی تا دەگات بە شێوازی پۆشینی جل و بەرگ و هەڵسوکەوتی رۆژانە، سەیران و سەفاو سەفەر و ژیانی ئاساییان، بۆنەو ئاهەنگەکانیان، پێچەوانەی حوکم و دەقەکانی ئیسلامە.زوربەی هەرە زۆری ریساو حوکمە دینیەکان، کاریان پێناکرێت.ئیسلامی سیاسی و خێڵی خۆشخزمەتیان لە ناو نوسەران و حزبەکاندا، هەراسی دەستی ئەم دۆخەن.
ساڵانی ٩٠ ی سەدەی پێشوو، ئیسلامیەکان لەجەرگی دۆخێکی ناهەمواری ئابوری و جەنگی ناوخۆیی و دوو ئیدارەیدا...دەستیان دایە زنجیرەیەک کردەوەی، وەک تێزاب پژێنی ژنانی مۆدێل پۆش، تەقاندنەوەی ساڵۆنەکانی ئارایشی، سوتاندنی چەند کتێبخانەیەک، تەقاندنەوەی دوکانەکانی مەیفرۆشی، کۆکرنەوەی ئەو کتێبانەی بەدڵیان نەبوو، تا فتوا دەرکرن و دەستبردن بۆ تیرۆر...تاد.کۆمەڵگای کوردستان و وەکو ئادابێکی گشتی دژی ئەم رەفتار و پەیامە ترسناکە وەستانەوە، ئەمە وای کرد ئیسلامیەکان پاشەکشە بکەن و بچنەوە قاوغەکەی خۆیان.ئێستاش دەیانەوێ لە دڵی دۆخێکی تردا، لە دۆخی ڕیکەوتنی ستراتیجی نافەرمیان لەگەڵ حزبی بزوتنەوەی گۆران و بەرگری هاوبەشیان لە(سەوابیتی دینی) جارێکی تر پەیام و کاروکردەوەی خۆیان بەرامبەر بە مەدەنیەتی کۆمەڵگای کوردستان، نیشان بدەنەوەو لەم کەشە نوێیەدا، توانایەکانی خۆیان و کەشی ترس و تۆقاندن زاڵ و نیشان بدەن.تێکدانی گڵکۆی شێرکۆ بێکەس و سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی و وشککردنی ژمارەیەک لەدارەکانی پارکی ئازادی، دەستوەردانی مەلاو ئیسلامیەکان لەزوربەی لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستاندا، درێژەی هەمان شەپۆڵی ئیسلامیەکانە لەرابردوودا، بۆسەر کۆمەڵگا لە دۆخی تازەدا.پێویستە ئەم شەپۆڵە قێزەون و ترسناکە، بە چاککردنەوەی باشتری گلكۆی شێرکۆ بێکەسی شاعیر و دانانەوەی جوانتری پەیکەری خۆشەویستی لە شوێنەکەی خۆی، ببێتە سەرەتای وەڵامدانەوەیەکی گشتی و هەمەلایەنە، بە پەیام و کردەوەی ئیسلامیەکان و بەرگرتن پێیان.بەم کارەش پیرۆزیەکانی و ئادابی جوانی گشتی کۆمەڵگا، لەدەست ئیسلامیەکان، دەپارێزرێت.
لە کۆتایدا دەبێ پێداگری لەو راستیە بکەمەوە، کە نە کۆمەڵگای کوردستان، ئیسلامیەو نە ئادابی گشتیشی ئیسلامە.درۆی گەورە ئەوەیە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە قەومیەکەی، بە عەلمانی و کۆمەڵگای کوردستانیش بە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی، پێناسە بکرێت.
کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
