شکاندنی باستێلەکەی موسڵ یان چەواشەکردنی مێژوو! . . . ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی

به‌ر له‌ (32) ساڵ و لە شەوی (3. 6. 1981)دا هەوڵی شکاندنی زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ لەلایەن قارەمانەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان درا، وەلێ بەداخەوە ئەو هەوڵە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، ئەمن، پۆلیس و پاسەوانەکانی زیندان توانیان هەوڵەکە شکست پێ بهێنن و تەواوی زیندانییەکان بگرنەوە و دواتر لە مێژووی جیا جیادا لە سێدارەیان بدەن جگە لە سێ کەس کە سزاکەیان بۆ کرا بە سزای هەتا هەتایە.

بۆ یەکەم جار لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی (2010)دا نووسینێکم لەسەر ئەو هەوڵە مەزنەی تێکۆشەرانی کۆمەڵە لەژێر ناوی (هەوڵێکی سەرنەکەوتووی شکاندنی زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ و دوو قارەمان)دا نووسی و لە ڕێکەوتی (28. 11. 2010)دا بۆ ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)م نارد کە بە زمانحاڵی ئەو هاوڕێ شەهیدانە دەناسرێ کە ئەو هەوڵەیان دابوو، کەچی ئەوان بڵاویان نەکردەوە بۆیە لە ڕێکەوتی (4. 12. 2010)دا لە چەند ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی بڵاوم کردەوە.

 دوای ئەو نووسینەم، ڕۆژنامەنووسێک بەناوی فوئاد محەمەد لە بنەماڵەی ئەو (10) شەهیدەی دەربەندیخان پەیوەندی پێوەکردم، دواتریش نامیلکەیەکی بەناوی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ) لە نووسینی نەریمان مەجید بۆ ناردم لەگەڵ وێنەی دیواربەندێک کە لە دەربەندیخان بۆ ئەو (10) شەهیدە لە سێدارە دراوەی ئەوێ (ئەمین حوسێن/ 1953/ مەیدان/ کانی کرمانج، ئیحسان محەمەد ساڵح ئەحمەد بەگ ناسراو بە فائیق/ مەیدان/ شاوازی، بابان ئەحمەد محەمەد عەبدولڕەحمان/ 1964/ مەیدان/ هۆرێن، جەبار ئەحمەد زەریفە/ 1956/ مەیدان/ کانی کرمانج، سەباح مەجید سەعید/ 1964/ مەیدان/ باغە هەنارە، عەدنان سابیر/ 1965، عەبدولسەمیع ئەحمەد/ چەمچەماڵ، محەمەد عەلی محەمەد مستەفا ناسراو بە مامە/ 1965، مەحمود ڕەشید مەجید/ 1964/ مەیدان/ باغە هەنارە، موحسین ئەحمەد عەبدولڕەحمان/ 1956/ مەیدان/ باغە هەنارە) دروست کراوە.

دوای خوێندنەوەی نامیلکەکەی نەریمان مەجید کە لە ساڵی (2007) لە چاپ دراوە، بڕیارم دا لە دەرفەتێکدا وەڵامێکی بدەمەوە. بەڵام بەهۆی سەرقاڵیم بە نووسینی پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە باشووری کوردستان)، (ئازارە نەبینراوەکان – یاداشتی زیندانم) و چەند لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد لە باشووری کوردستان، ئەو وەڵامەم دواکەوت.

ئەوەی لەو نامیلکەیە بەدیم کردبێت، بێویژدانی، چەواشە کردنی مێژوو، ناڕاستییەکی زۆر، دزینی خەباتی هاوڕێیانی دیکە و گەورەکردنی ڕۆڵی شەهیدەکانی خۆیان و فەرامۆشکردنی خەبات، ئازایەتی و چالاکی هاوڕێیانی دیکەیەیە!

زۆر جار، ئەو چالاکی و شەڕانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرگری کردن لە کوردستان کە نووسراوەتەوە یان دەگێڕدرێنەوە، دەبینی هەر کەس و لایەنێک بەگوێرەی ئارەزووی هزری خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەینووسن یان دەیگێڕنەوە بەتایبەت ئەگەر چەند لایەنێک بەشدار بووبن لە بەرگری کردن، تۆمارکردنی داستانێک یان گرتنی شارۆچکە و شارێک، نموونەشمان ڕزگارکردنی قەرەداغ، کەرکوک، داستانەکانی سماقولی و کۆڕێ-یە.

چەواشەکردنی مێژوو و دەرخستنی کەسانێک و پێدانی ڕۆڵی سەرەکی لە ئەنجام دانی چالاکییەک یان خۆڕاگری کەسانێک لە زیندان و ناشرین کردنی مێژووی خەباتی کەسانێک یان شارێک، بە ئاشکرا لە بەشی سێیەمی زنجیرە درامای گەردەلول، بەدی دەکرێ! بۆ لە گەردەلول باسی ئاسۆی دەلاک (حەسیب عومەر سابیر) نەکرا، کە دەیان تاوانباری کوشت و دەیان چالاکی لەناو جەرگەی سلێمانی ئەنجام داو ترسی گەورەی خستبووە دڵی ملازم موحسین و بەعسییەکان؟ بۆ لە هەولێر (عەلوش) ناوێک بەزۆر دەکەنە کوردپەروەر و زیندانی دەکرێت؟ بۆ باسی عوسمان حەمەدئەمین قادر سوڵتان (عوسمانە گچکە) نەکرا کە لە ڕۆژی (11. 5. 1977)دا گیراو نموونەی مرۆڤی شۆڕشگێڕ و قارەمانی زیندان بوو کە هەم لە جەللادەکانی دەدایەوە هەم تا لەژێر ئەشکەنجەدا لە ڕۆژی (13. 5. 1977)دا گیانی سپارد هەڕەشەی لە جەللادەکان دەکرد و جنێوی پێدەدان؟ بۆ باسی قاسم عەزیز ڕەسوڵ سورچی ناکەن، کە بەهۆی ئەندامێتی و بەرپرسیارێتی لە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە هەولێر سێ جار لەلایەن ئەمنی هەولێر دەستگیر کراوە و ڕەوانەی هەیئەی کەرکوک و ئەمنی عامەی بەغدا کراوە بەبێ ئەوەی لە هیچ کامێک لەو دەزگا هۆڤی و دڕندانە بتوانن هیچی پێ بدرکێنن و هەرسێ جاریش سەربەرزانە دەرچووە، بۆ باسی عەلوش دەکەن کە فڕی بە کوردایەتی و سیاسەتەوە نەبووە؟ قاسم عەزیز، یەکەم جار لە (20. 1. 1976) و لە (26. 2. 1976) ئازاد کرا، دووەم جار لە ڕێکەوتی (11. 5. 1977) و دواتر لە ڕێکەوتی (22. 11. 1977)دا ئازاد کرا، دوا جاریش لە ساڵی (1988)دا گیرا و بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگ لە ئەمنی بەلدە ماوەیەوە.

 

بۆ وەڵامدانەوەی نەریمان مەجید و نامیلکەی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ)، یەکە یەکە دێمە سەر خاڵەکان و وەڵامی چەواشەکاری و شێواندنی نووسەری نامیلکەکە دەدەمەوە کە سەبارەت بە هەوڵی شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ کردوویەتی. نەریمان مەجید، لە لاپەڕەکانی (12-14)ی نامیلکەی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ)دا نووسیوێتی: (ئەوە بوو ڕۆژی 19. 5. 1981 پاش دادگایی کردنیان لە بینای دادگای هەیئە خاسەی کەرکوک کە ژمارەی بەنکراوەکان 16 کەس بوون بڕیاری لە سێدارەدانی 13یان دراو سزای 20 ساڵ بۆ محەمەد عەبدولڵا، ئەمین و ئیسماعیل بڕایەوە. چەند ڕۆژێک دوای بڕیارەکە 13 کەسەکە بۆ بەندیخانەی موسڵ ڕەوانە کران و 3 کەسەکەش بۆ ئەبوغرێب. هەر بە گەیشتنیان بە قەسابخانەکەی موسڵ بیریان لە داڕشتنی پلانێک کردەوە بۆ شکاندنی زیندانەکە ئەویش بە هاوکاری دوو سەجان کە کوردی ئێزیدی دەبن بەناوی شێخ فازڵ یوسف ئەلیاس و شێخ مەردان یوسف ئەلیاس کە برا دەبن، هەروەها لەوێش چەند کەسێکی تری لێ دەبێت وەک بەرزان عومەر عەلی و عومەر میرزا و محەمەد حەمەساڵح کاکەبرا ناسراو بە ئامانج شاتری بەیەکەوە ڕێک دەکەون، چونکە ڕۆژی 1. 6. 1981 وادەی چاوپێکەوتنە لەگەڵ خزم و کەس و هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێت وەک مشار و دەمانچەی بێدەنگ بەو مەرجەی ڕۆژی مواجهە لەلایەن خزمەکانیانەوە مەساریفەکانیان بۆ دابین بکرێ، ئەوەبوو ڕۆژی 1. 6. 1981 کە ڕۆیشتنە مواجهەیان زۆرمان لا سەیر بوو داوای پارە و پێڵاوی سوکیان لێ کردین، پێمان وتن ئێوە مانگێکی تر ئیعدام ئەکرێن وتیان خواکەریمە کێ ئەڵێ عەفو ناکرێین چونکە ڕاستە ئێمە بڕیاری لە سێدارەدانمان بەڵام تا ئێستا بڕیاری مەرسوم جمهوریمان بۆ دەرنەچووە، هەر ئەو شەوە دوای گەڕانەوەی کەس و کاریان بۆ سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری. واتە شەوی 1/2/6/1981 و لە یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی (ی. ن. ک) دەست دەکەن بەشکان و بڕینەوەی دەرگاو پەنجەرەکانی ژوورەکانی خۆیان بە هاوکاری و چاوساغی دوو سەجانەکە و دواتر دێنە قاوشەکان و پاشان بۆ سەر دیوارە بەرزەکانی حەوشەی قەسابخانەکە، هەر ئەو شەوە دوو لە جەلادەکان بە سزای گەل و شۆڕش دەگەیەن و ئیتر سیخوڕەکانی بەعس دەست دەکەن بە تەقەکردن و دەوری قەسابخانەکە دەگرێت. . ئەفسوس هەر ئەو شەوە شەهیدان جەبار ئەحمەد و عەدنان سابیر دەگەنە کاروانی پڕسەروەری گەلەکەمان و شەهیدان، سەباح و محەمەد عەلی و محەمەد ساڵح بەخەستی بریندار ئەبن و هەموویان دووبارە لەناو حەوشە و قاوشەکاندا دەستگیر دەکرێنەوە).

یەکەم: بیرۆکە و پلانی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ، هیچ پەیوەندییەکی بەو (10) شەهیدەی دەربەندیخانەوە نەبووە و نییە، چونکە بەر لەوەی ئەوان بگەنە ژووری سێدارەی موسڵ بە دوو تا سێ مانگ بیرۆکەی ئەو هەوڵە و پلان و نەخشەی شکاندنی زیندانەکە داڕژرابوو.

دووەم: بیرۆکە و نەخشەی شکاندنی زیندانی موسڵ دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەی شەهیدان جەمیل ئەحمەد مەحمود حەمە دیبەگەیی (دەرسیم)، عومەر میرزا شاسوار، بەرزان عومەر عەلی و جەلال مەحمود ئەحمەد سورداشی. با باسی ئەوەش بکەم تا شەهید ئەکرەمی حەپسە لە سێدارە نەدرابوو تەواوی زیندانییەکان وەکو بەرپرس و برا گەورە هەژماریان بۆ دەکرد و هەر شتێک بوایە بەبێ ئەو نەیان دەکرد. دوای لە سێدارەدانی ئەکرەم، شەهید ئیبراهیم شێخ مه‌حمود محه‌مه‌د (دکتۆر ڕێباز) و دوای ئەویش شەهید جەمیل ئەحمەد مەحمود بەهۆی بیرفراوانی و ئاستی بەرزی ڕۆشنبیرییان وەکو بەرپرس و برا گەورە هاتنە پێش، کە شەوانە باسی بابەتی سیاسی و وانەی کوردایەتی و مێژووی خەباتی گەلانیان بۆ زیندانییەکانی هاوڕێیان دەکرد و دواتریش گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان دەکرا.

سێیەم: هەوڵی شکاندنی ژوورەکانی سێدارەی موسڵ لە شەوی (3. 6. 1981) بووە ڕێک لە کاتژمێری (12. 20)ی دوای نیوەشەو کە (20) خولەک تێپەڕیوە لە ڕۆژی (2. 6. 1981) و (20) خولەکە کەوتووینەتە ناو ڕێکەوتی (3. 6. 1981) کارەکە ئەنجام دراوە، وەلێ نووسەری ئەو نامیلکەیە بەهۆی ئەندام بوونی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵی داوە هەوڵەکە بکاتە ڕۆژی (2. 6. 1981) و بیبەستێتەوە بە ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. سەرەتا ئەگەر ئەو هەوڵە لە هەر ڕۆژێک یان مانگێک ئەنجام درابێ، ئەوە بەدڵنیایی و بەبێ دوو دڵی سەروەرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و (ی. ن. ک)، چونکە ئەوانەی بیریان لەو هەوڵە کردەوە کۆمەڵە بوون، ئەوانەی پلانەکەیان داڕشت کۆمەڵە بوون و ئەوانەی جێبەجێشیان کرد زۆربەی هەرە زۆریان کۆمەڵە و یەکێتیی بوون. دواتر یەکێک لەو کارمەندانەی زیندانی موسڵ (فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس)، کە خۆی و مەردانی برای هاوکاری زیندانییەکانی ژووری سێدارە بوون بۆ دەرباز کردنیان لە ژیاندا ماوە، با یەکێک لە کەناڵەکانی (کوردسات، گەلی کوردستان و خاک) بەتایبەتیش کەناڵی خاک بۆ بەرنامەی (ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروستکرد)، دیدارێک لەگەڵ ناوبراودا ساز بکات لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەکان و گرنگی دان بەو هەوڵە مەزنەی کۆمەڵێک هاوڕێی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و (ی. ن. ک) کە دواتر هەموویان لە سێدارە دران جگە لە سێ کەسیان.

چوارەم: بەهیچ شێوەیەک دەمانچەی بێدەنگ بۆ ئەو هاوڕێیانەی ناو ژووری سێدارەی موسڵ ئامادە نەکرابوو، ئەو قسەیە زۆر دوورە لە ڕاستی و بێ بنەمایە. بەگوێرەی ئاگاداری خۆم مشاری ئاسن بڕ، گوریس و چەندین چەقۆ بەهۆی فازڵ و مەردان گەیشتبووە زیندانییەکان بەر لەوەی ئەو (13) کەسەی بازیان بگەنە موسڵ و ژووری سێدارە. بۆ زیاتر دەرخستنی ڕاستییەکان ڕۆژی (25. 5. 1981) کە دوا دیدەنی (مواجهة)ی شەهید تەحسینی برام کرد و بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی (26. 5. 1981) گوللە باران دەکرا، گوتی: (بەیانی کە دێن بمبەن بۆ گوللە باران کردن بەرلەوەی کەلەپچە بخەنە دەستم بە چەقۆ دەبێ یەک تا دوو لە جەللادەکان بکوژم). پێم گوت: (نەکەی، ئەو کارە بکەی، چونکە ئەگەر تۆ ئەو کارە بکەی بەرپرسانی زیندان دەستبەجێ هەرسێ ژوورەکە دەگەڕێن و مشار، گوریس و چەقۆکانی تریش دەگرن و نەخشەی شکاندنی زیندان لە هاوڕێکانت تێک دەدەی. ئەگەر ژیانی هاوڕێکانت بەلاتەوە گرنگ نییە کارەکە بکە). دوای ئەوەی هەندێک قسەمان کرد، ئەویش لەپێناوی پاراستنی گیانی هاوڕێکانی و دەرفەتی سەرکەوتنی هەوڵی شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ، گەیشتە ئەو بڕوایەی بەو چەقۆیەی لای خۆی هەوڵی کوشتنی جەللادەکان نەدات. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت لەپێناوی گەیشتن بە ڕاستییەکان و پووچەڵکردنەوەی چەواشەکاری و سڕینەوەی شێواندنی مێژوو، پەیوەندی بە فازڵ یونس شێخ ئەلیاس بکەن و لێی بپرسن ئایە هیچ دەمانچەی بێدەنگ بۆ زیندانییەکان کڕدرابوو؟

پێنجەم: ئەوەی نووسەری نامیلکەی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ) نووسیوێتی کە گوایە زیندانییەکان لە شەوی (1/2-6-1981) لە یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی (ی. ن. ک) دەست دەکەن بە شکان و بڕینەوەی دەرگا و پەنجەرەکانی ژوورەکانی خۆیان و بە هاوکاری و چاوساغی دوو سەجانەکە، هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە و زۆر زەحمەتیشە کەسێکی وریا باوەڕ بەوە بکات کە ئەو هەموو کارە تەنیا لە یەک شەودا ئەنجام درابێت. بەگوێرەی ئاگاداری خۆم بەلای کەمەوە دوو تا سێ مانگ بەر لە گەیشتنی ئەو (13) کەسە بە ژووری سێدارەی موسڵ، مشار گەیشتبووە دەست زیندانییەکان و شەوانە تەنیا لەکاتی ئێشکگری فازڵ و مەردان دەست دەکرا بە بڕینەوەی دەرگای هەر سێ ژووری زیندانەکە لەگەڵ دەرگای ڕێڕەوەکە و دواتریش بە سابونی ڕەقی شوێنی بڕینەوەی شیشەکانیان پڕ دەکردەوە بۆ ئەوەی پاسەوەنەکانی دیکە هەستی پێ نەکەن. سەرەڕای ئەو هەموو پاسەوانی بەردەم دەرگای سەرەکی و قولغەی سەر دیوارە بەرزەکان، هەردەم بە ڕۆژ و بە شەو پاسەوانێک لە بەردەم ژوورەکانی ئەوان بوو بۆ چاودێری کردنیان لە دەرەوە ڕا، بۆیە بڕینەوەی شیشەکانی دەرگاکان کارێکی ئاسان نەبوو، لەبەرئەوەی هەموو شەوێک فازڵ یان مەردان ئێشکگر نەبوون، هەم کات و ماوەی درێژ و هەم هەستیارییەکی زۆری دەویست!

ئەوکاتەی ئەو (13) هاوڕێیەی بازیان یاخود دەربەندیخان گەیشتنە زیندانی موسڵ، بەشێکی زۆر کەمی ئیشەکان مابوو کە لە گشت دیدەنییەک لە (1) و (15)ی هەموو مانگێکدا سەردانی ئەو زیندانەم دەکرد و پرسیاری ئەوەم لە برا و ئامۆزازاکەم (تەحسین ڕەحمان فەرحان و جەمیل ئەحمەد مەحمود) دەکرد کە هەوڵەکانیان بەچی گەیشتووە و کەی کارەکە ئەنجام دەدەن. ئەوانیش باسی هەندێک لە وردەکارییەکانیان بۆ دەکردم. هەروەها ئه‌وان (ته‌حسین و جه‌میل) پێشتر به‌ منیان گوتبوو که‌ ئاگاداری خۆم بم و ئەگەر هەموو ماڵەوە بگیرێن بەڵام من نه‌که‌ومه‌ به‌رده‌ست دوای شکاندنی زیندان و ڕاکردنیان، چونکە ئەوان دەیانزانی لە ڕێکخستن کار دەکەم. هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌یان بۆم کردبوو که‌ هەوڵدەدەن کارەکە بەتایبەت له‌ یەکەم شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ یان هه‌ینی دوای دیدەنی ئەنجام بدەن، بۆیە داوایان کرد کە لە شەوانی پێنجشەممە و هەینیاندا لە ماڵی خۆمان نەخەوم هەرچەندە بڕیاریان دابوو لە دوا دیدەنی پێش شکاندنی زیندانەکە لە ڕۆژی شکاندنی زیندان ئاگادارم کەنەوە و یان پێم بڵێن کە بۆ دیدەنی ئاییندە نەیەمەوە نەوەک هەواڵی شکاندنی زیندان بڵاونەبێتەوە و لەکاتی هاتنم بۆ دیدەنی ئاییندە بێئاگا بگیرێم. بۆیە پێشنیاری ئەو دوو شەوە (پێنجشەممە و هەینی)یان کردبوو وەکو شەوی جێبەجێکردنی نەخشەکەیان، چونکە زۆرێک له‌ ئه‌فسه‌ر و پاسه‌وانه‌کان لەو دوو شەوەدا پشوو دەدەن و ده‌چنه‌وه‌، بەمشێوەیەش ژماره‌ی پاسه‌وانه‌کان له‌و دوو شەوەدا له‌ شەوانی ئاسایی که‌مترن. هه‌ر بۆیه‌ تا ماوه‌یه‌ک له‌و دوو شه‌وه‌دا نه‌ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵی خۆمان. تا ماوەیەک لەمەوبەر لە مێشکی خۆمدا وا تۆمارم کردبوو کە هەوڵی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ لە شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی (4. 6. 1981)دا ئەنجام دراوە، دواتر فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بۆی باسکردم کە هەوڵەکە لە شەوی (2/3-6-1981) بووە.  

شەشەم: نووسەری نامیلکەکە باسی ئەوەی کردووە کە ئەو (13) کەسەی دەربەندیخان لەگەڵ بەرزان عومەر عەلی، عومەر میرزا و محەمەد حەمەساڵح کاکەبرا شاتری (محەمەد ساڵح کاکەبرا سەیدسادقی) بە یەکەوە ڕێک دەکەون، لە ڕۆژی (1. 6. 1981)دا کە ڕۆژی دیدەنی زیندانییەکانە و خزم و کەسیان دێن بۆ سەردانیان، مەردان و فازڵ تەواوی پێداویستییەکانیان لە مشار و دەمانچەی بێدەنگ بۆ بکڕن بەو مەرجەی لە ڕۆژی دیدەنی پارەی کڕینی پێداویستەکان لەلایەن کەسوکاری زیندانییەکان بدرێتەوە ئەو دوو برایە. دەبێ بڵێم نووسەر ئەوەشی ڕاست نییە و چەندین شتی بە ئارەزووی خۆی داڕشتووە، لەو بڕوایەش دام کە نووسەری ئەو نامیلکەیە پێی وابووە کەسێکی ئاگادار لە هەوڵی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ لە ژیاندا نەماوە بەتایبەت کە هەموو زیندانییەکان دواتر لە سێدارە دران جگە لە سێ کەسی بازیانی کە پێشم وانییە ئەوان ئاگادار کرابنەوە، بۆیە ئەو هاتووە خۆی کردووە بە پاڵەوان و چیڕۆکێکی بە ئارەزووی خۆی و دوور لە ڕاستی داڕشتووە. دەبێ نووسەر ئەوە بزانێ کە بەلای کەمەوە بە دوو تا سێ مانگ بەر لەوەی براکەی ئەو و (12) هاوڕێکەی بگەنە زیندانی موسڵ و بەرلەوەی یەکەم دیدەنی ئەو (13) کەسە لە ڕۆژی (1. 6. 1981)دا بکەن، پارەی کڕینی پێداویستییەکانی شکاندنی دەرگاکانی زیندان لەگەڵ پێویستییەکانی ڕاکردن لەلایەن چەندین کەسی دیکەوە درابوو (واسڵ کرابوو)، جا بۆ ئەو دەیکات بە هی خۆی؟؟؟؟

حەوتەم: پێموایە نووسەری نامیلکەی ناوبراو تەنیا گوێی لە ناوی عومەر میرزا بووە و ناوەکەی خستۆتە ڕیزی ناوەکانی بەرزانی عومەر عەلی، محەمەد حەمەساڵح کاکەبرا و (10) هاوڕێکەی دەربەندیخان، بێئاگا لەوەی کە عومەر میرزا شاسوار لەگەڵ (6) زیندانی دیکەدا لە ڕێکەوتی (27. 5. 1981)دا لە سێدارە دران، واتە عومەر میرزا شەش ڕۆژ بەر لە یەکەم دیدەنی (سەباح)ی برای لە (1. 6. 1981)دا ماڵئاوایی لە ژیان کردبوو.

هەشتەم: هەر بەگوێرەی نووسینەکەی نووسەری ناوبراو کە باسی ئەوە دەکات دوای ئەوەی ئەوان یەکەم دیدەنی ئەو (13) کەسە دەکەن لە ڕۆژی (1. 6. 1981)دا زۆر بەلایانەوە سەیر دەبێت و سەریان لەوە سوڕماوە کە ئەوان داوای پارە و پێڵاوی سوکیان لێ کردوون. هەر لە ئەنجامی سەرسوڕمانی خۆیان لە داواکاری (13) کەسەکە، پێیان دەڵێن کە ئەوان مانگێکی دیکە لە سێدارە دەدرێن پارە و پێڵاوی سووکیان بۆ چییە. ئەوانیش لە وەڵامدا پێیان دەڵێن: (خواکەریمە کێ ئەڵێ عەفو ناکرێین)، دوو ڕاستی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت کە یەکەمیان ئەوەیە (13) زیندانییەکە باسی نەخشە و پلانی شکاندنی زیندانی موسڵ و هەوڵی ڕاکردنی خۆیان بۆ کەسوکاریان نەکردووە، بەڵکو تەنیا ئەوەندەیان پێ گوتوون خوا کەریمە و کێ دەڵێ عەفو ناکرێین. دووەمیان ئەوان خۆ هیچ جارێکی دیکە نەیانتوانیوە ئەو (13) زیندانییە ببیننەوە، ئەی چۆن نووسەر زانی کە ئەوان هەر بە گەیشتنیان بە زیندانی سێدارەی موسڵ بیریان لە شکاندنی زیندان کردەوە، نەخشە و پلانی شکاندنی زیندانیان داڕشت و لە شەوی (3. 6. 1981)دا نەک شەوی (2. 6. 1981) وەکو ئەو نووسیوێتی و دوورە لە ڕاستی، نەخشەکەیان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە؟

نۆیەم: ئایە چ کەسێکی ژیر و هۆشیار باوەڕ دەکات کە (10) کەس لە (13) کەسدا کە دوانیان تەمەنیان (15) و سێ کەسیشیان (17) ساڵان بووبن، بیر لە شکاندنی زیندان بکەنەوە، نەخشە و پلانی ڕاکردن داڕێژن، قسە بکەن لەگەڵ مەردان و فازڵ و باوەڕیان پێ بهێنن کە هاوکاریان بن، ئەو هەموو کارەش تەنیا لە ماوەی (10-12) ڕۆژدا ئەنجام بدەن؟ ئەوە لە کاتێکدا کە کۆمەڵێک کێشە لەناو ئەو (13) کەسەدا هەبووە، هەر لەبەر ئەو کێشانەی نێوانیان لە سەرەتادا نەخشەدانەرانی شکاندنی زیندان نەیان ویستووە ئەوان لە نەخشە و پلانەکەیان ئاگادار بکەنەوە، بەتایبەت ئەو سێ کەسەی کە نووسەر بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی پێ نەکردوون (تۆفیق ئەحمەد تۆفیق کافرۆشی، حەمەڕەشید ئەحمەد وەلید کافرۆشی و شۆڕش محەمەد تۆفیق کافرۆشی)، کە دواتر دوای هەوڵی شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ بە ماوەیەک هەرسێکیان سزاکەیان بۆ کرا بە هەتا هەتایە (موئەبەد) و گواسترانەوە بۆ زیندانی ئەبوغرێب، پاشانیش لە لێبووردنی تەموزی ساڵی (1982)دا ئازاد کران! گومانیشم لەوە هەیە ئەو (10) کەسە یان (13) کەسەی بازیان موسڵ شارەزابن، هەرچەندە برادەرانی بادینی ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو بۆ دەربازکردنی زیندانییەکان و گەیاندنیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، ئەگەر بێتوو هەوڵەکەیان سەرکەوتوو بێت و ئەوان بگەنە دەرەوەی زیندان و سەر جادەکەی بەردەم زیندانەکە! لە دوا دیدەنی شەهید جەمیل ئەحمەد لە ڕۆژی (20. 5. 1981)دا پرسیاری ئەوەم لێکرد کە کەسی نوێیان بۆ هاتووە، ئەو باسی ئەو (13) کەسەی بۆ نەکردم، بەڵام لە دوا دیدەنی شەهید تەحسین لە ڕۆژی (25. 5. 1981)دا ئەو باسی هاتنی ژمارەیەکی زۆر کەسی نوێی بۆ کردم کە نزیک بوو لەو (13) کەسە، بۆیە هاتنی ئەو (13) کەسە دەبێ لە نێوان (21-24)ی ئەو مانگە بووبێت. هەروەها لە دوا دوو نامەی شەهید تەحسین بۆ من کە یەکێکیان لە شەوی (24/25-5-1981)دا نووسرابوو ئەوەی دیکەش وابزانم شەوی لە سێدارەدانی شەهید جەمیل نووسرابوو چونکە ئەوەم لە بیرە نووسیبووی (شەهید جەمیل 12 خولەک بە پەتەکە مایەوە)، باسی هاتنی کۆمەڵێک هاوڕێی نوێی کردبوو بۆ ژووری سێدارەی موسڵ و ناوی تەواوی ئەو هاوڕێیانەی نووسیبوو کە لەو ماوەیەدا لە سێدارە درابوون، ئەو نامانەو چەند نامەیەکی دیکەی شەهید جەمیل ئەحمەد مەحمود و شەهید تەحسین کە ژمارەیان نزیکەی (8-10) نامە دەبوو لە مانگی (12)ی ساڵی (1983)دا یان لە مانگی یەکی ساڵی (1984)دا لە بالیسان دایە دەست ئەرسەلان بایز ئیسماعیل بەرپرسی ئەوکاتی ڕاگەیاندن و ئێستگەی دەنگی گەلی کوردستان بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا لە یەکێ لە گۆڤارەکان یان لە بەشی دووەمی نامیلکەی (چەند نامەیەک لە زیندانی فاشیستەکانەوە) بڵاویان کاتەوە تا لە تیاچوون بپارێزرێن، کەچی لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991)دا پرسیاری نامەکانم لە ئەرسەلان بایز کرد، وەڵامی ئەو ئەوەبوو نە بڵاوی کردۆتەوە و نە توانیوێتی بیانپارێزێت، بەڵکو لەکاتی هێرشی ئەنفالی یەکەم بۆ دۆڵی جافایەتی لەگەڵ جانتاکەی خۆی تیاچوون و ون بوون!!

فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس کە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و بینیوە لە هەوڵی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ لە ژیاندا ماوە و میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە (تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان) دەتوانن پرسیاری ئەوەی لێ بکەن کە ئایە لە مانگی (5)ی ساڵی (1981) نەخشە و پلانی شکاندنی زیندانەکە داڕژراوە یان بەلای کەمەوە دوو تا سێ مانگ پێشتر بووە؟ ئایە ئەو کەسانەی کە باسی شکاندنی زیندانیان لەگەڵ ئەو پاسەوانەی زیندان (فازڵ یوسف) کردووە، کەسێک لەو (10) کەسەی دەربەندیخانی لەگەڵ بووە؟ ئایە گەیاندنی گوریس، چەقۆ و مشار لەلایەن فازڵ و مەردانی برای بۆ ناو زیندان و دەست کردن بە بڕینەوەی دەرگاکان هەمووی سۆپەرمانانە لە یەک شەودا (1/2-6-1981)دا ئەنجام دراوە یان بە درێژایی زۆرتر لە دوو تا سێ مانگ زیندانییەکان هەر شەوە و کەمێکیان لە دەرگاکان بڕیوەتەوە؟

دەیەم: کاتێ کە خاوەنی بیرۆکە و نەخشە دانەرانی هەوڵی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ لە سەرەتای مانگی ئادار یان نیسان ئەگەر زووتر نەبێت ویستوویانە قسە لەگەڵ فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بکەن سەبارەت بەو هەوڵە، سەرەتا فازڵ تێیان نەگەیشتووە کە ئەوکاتە سۆرانییەکەی باش نەبووە، بۆیە بانگی بەرزان عومەر عەلی کراوە و ئەو توانیویەتی مەبەستەکە بگەیەنێت. نەک تەنیا بۆ ڕاستی و دروستی کاتی قسەکردن و کێ بۆ یەکەم جار و کێ بیرۆکەی هەوڵی دەربازبوون و شکاندنی زیندانی بە فازڵ و دواتریش بە مەردان ڕاگەیاندووە، بەڵکو لەپێناو دەرخستنی تەواوی ڕاستییەکان و پووچەڵکردنەوەی چەواشەکارییەکانی نەریمان مەجید داوادەکەم ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ یان یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانی (ی. ن. ک) دیمانەیەک لەگەڵ فازڵ یوسف ئەنجام بدەن.

یانزەهەم: ژووری سێدارەی موسڵ بریتیبوو لە سێ ژووری دەرگای شیشی ئەستوور لەگەڵ حەوشێک یان ڕێچکەیەکی زۆر بچووک لە بەردەم هەرسێ ژوورەکە کە ئەویش دەرگایەکی هەبوو. لە بەرامبەر هەرسێ ژوورەکەدا سێ پەت هەڵواسرابوو بۆ لە سێدارە دانی زیندانییەکان، جارێک دەرفەتی ئەوەم بۆ هەڵکەوت و یەکێک لە پاسەوانەکان کە کوردێکی ئێزیدی بوو ڕێگای پێدام بەپەلە سەیرێکیان بکەم. کە لە ژووری سێدارە بهاتبایتە دەرەوە بە دەستە چەپ دوو دیواری بەرز و دوای نزیکەی (5) مەترێک دوو دەرگای دیکە هەبوون کە تەنیا کارمەندان و پاسەوانەکانی زیندان بۆ هێنان و بردنی زیندانییەکان و خواردن پێدانیان ئەو دوو دەرگایەیان بەکار دەهێنا، دەستە ڕاستیش نێوان دوو دیواری بەرز و درێژی چەند سەد مەتری بوو کە دەرگایەکی هەبوو بۆ ئەوانەی دەهاتنە سەردانی زیندانییەکان پێیدا دەهاتنە ژوورێ و دەچوونەوە دەرێ. فازڵ و مەردان ئەو شەش دەرگایەی دەستە چەپیان بۆ زیندانە سزا دراوەکان بە مەرگ کردبووەوە، تاکە دەرگا دەرگای سەرەکی سەر شەقامەکە بوو کە دەرگایەکی گەورە بوو و یەک پاسەوانی چەکداری لێبوو. بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر زیندانییەکان نەیان توانی بوو بگەنە ئەو پاسەوانە کە (10-15) مەترێک لێیانەوە دوور بووە بۆ ئەوەی بیکوژن یان چەکەکەی لێ وەرگرن، کە بە درێژایی ئەو ماوەیە تەقەی لە هەر زیندانییەک دەکرد کە سەری دەربهێنایە یان هەوڵی ڕاکردنی بدابایە. خۆ ئەگەر زیندانییەکان دەمانچەی بێدەنگیان پێ بوایە وەکو ئەوەی نەریمان مەجید نووسیوێتی، ئەوان دەیانتوانی پاسەوانەکەش بکوژن و بگەنە دەرەوەی زیندان. کوشتنی دوو پاسەوانی دیکە کە یەکێکیان عەتۆ شەنگالی و ئەوی دیکەیان خەڵکی شێخان بوو بە چەقۆ کوژران نەک بە دەمانچە یان چەک!

دوازدەهەم: دیواربەندی شکێنەرانی زیندانی موسڵ لە شارۆچکەی دەربەندیخان کە بۆ ئەو (10) شەهیدەی ئەوێ وابزانم لە ساڵی (1997)دا دروست کراوە و گوایە هەر ئەو (10) کەسە خاوەنی بیرۆکەی شکاندنی زیندانی موسڵ، نەخشە دانەری پلانەکە و جێبەجێکەری نەخشە و پلانەکە بووینە کە هیچ ڕاستیەکی تێدا نییە جگە لەوەی کە کاتی شکاندنی زیندانەکە ئەوانیش لەوێ بووینە، هەق وایە بگوازرێتەوە بۆ بەردەم تەلاری نوێی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی کۆمکاری زیندانە سیاسییەکانی کوردستان و ناوی تەواوی ئەو زیندانییە لە سێدارە دراوانەی لەسەر بنووسرێت کە لەو ساڵەدا تا کاتی هەوڵی شکاندنی زیندانەکە لەو زیندانە بووینە.

 

سیانزەهەم: دوای جێبەجێکردنی هەوڵی شکاندنی زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ لە شەوی (2/3-6-1981)دا بە چەند ڕۆژێک، ئێزگەی دەنگی کوردستانی ئێراق (سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان) هەواڵی شکاندنی زیندانی بەمشێوەیە بڵاوکردەوە: (مەفرەزەیەکی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کورددستان بە جلوبەرگی سەربازی و پلەو پایەی جۆر بەجۆری ئەفسەران بەناوی لیژنەی چاودێری و پشکنین – الرقابة والتفتیش – چوونە ناو زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ و توانیان تەواوی ئەو زیندانییانەی کە بە سێدارە سزا درابوون، ڕزگار بکەن و بیانگەیەننە ناوچە ئازادکراوەکان). ئەو هەواڵەم بۆ ماوەی دوو ڕۆژی یەک لەدوای یەک لەو ئێزگەیە بە کوردی سۆرانی و بادینی هەروەها بە عارەبیش گوێ لێبوو، بەڵام دوای بەدواداچوون و پرسیارکردنم لە ڕێگای ڕێکخستن و خانەوادەی چەند کەسێک کە کوڕەکانیان هێشتا لە ژووری سێدارەی موسڵ بوون، دەرکەوت کە هەواڵەکەی ئەو ئێزگەیە دوورە لە ڕاستی و کەسێک لە زیندانییەکان ڕزگاری نەبووە بەڵکو داڕێژەر و نێنەری هەواڵەکە ڕاستگۆ نەبووە.

چواردەهەم: بۆچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ بایەخ بەو هەوڵەی هاوڕێیانی ژووری سێدارەی موسڵ و دوو لە پاسەوانەکانی زیندان (مەردان یوسف شێخ ئەلیاس و فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس) نادات کە یەکەمیان لە سێدارە دراو دووەمیشیان لە ژیاندا ماوە؟ بۆچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵی قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتوانی ئەو هەوڵە نادات کە هەردووکیان ماڵ و سامانیان دەستی بەسەردا گیراو دەوڵەت بۆ خۆی فرۆشتنی؟ بۆچی یەکێک لەوانە سکرتێری گشتیی، یەکێک لە جێگرەکانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یان ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس ناکات وەکو پاڵەوانێکی زیندان بەتایبەت کە ئەشکەنجەی زۆر سەخت و دڕندانەی بینی چونکە (5) شایەدی لەسەر بوو، بەڵام دانی بەوەدا نەنا کە هاوکار و ئاگاداری شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ بووە؟ کە بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەزانم هەم قەرەبووی شەهید مەردان یوسف شێخ ئەلیاس و فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بکەنەوە، هەم مووچەی شەهیدانە و زیندانی سیاسی بۆ مەردان و مووچەی زیندانی سیاسی بۆ فازڵ ببڕنەوە.

پانزەهەم: پێویستە نەریمان مەجید لە ئاست نووسینی ئەو هەموو چەواشەکاری و شێواندنەی مێژووی خەباتی پۆلێک لە هاوڕێیانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و داڕشتنی کۆمەڵێک شتی ناڕاست و ناڕەوا داوای لێبووردن لە بنەماڵەی شەهیدەکان و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بکات، دواتریش نامیلکەی (شاکاندنی باستێلەکەی موسڵ) بکێشێتەوە کە دوورە لە زانیاری ورد و دروست. هەروەها پێویستە لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێ و دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و نەریمان مەجید بانگ بکەن بۆ لێپرسینەوە لەسەر نووسینی ئەو نامیلکەیە بەمشێوەیە، هەروەها پێویستە میواندارێتی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بکەن لەپێناوی ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستی و نهێنییەکان!! ئەگەریش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو کارە نەکات، دیارە ئەوان کاری وا بە ئاسایی دەزانن!!  

 

شەهید جەمیل ئەحمەد مەحمود حەمە (دەرسیم) لەناو زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ ناسراو بە جەمیل هەولێری، تەحسین ڕەحمان فەرحان (داماو)، مامۆستا سەلیم ڕەشید ئەحمەد (دکتۆر سەلیم ڕەشید)، یوسف عومەر حەکیم گڕاوی (زریان)، ئەحمەد ئیبراهیم گڕاوی، حەکیم عوسمان مستەفا و عەزیز تۆفیق قادر کە هەموویان سەر بە کۆمیتەی ڕاپەڕینی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوون، دوای ئەنجامدانی چالاکییەک لەناو شاری هەولێر و بردنی ئامێرێکی ڕۆنیۆ و ئامێرێکی چاپکردن لە ئەمیندارێتیی گشتیی خوێندن و خوێندنی باڵا، لە ڕێکەوتی (12. 7. 1980)دا لەلایەن ئەمنی بەلدەی هەولێر دەستگیرکران. دوای ئەشکەنجە و ئازاری دڕندانەی جەللادەکانی بەعس، گشتیان لە ڕێکەوتی (20. 7. 1980)دا بۆ هەیئە خاسەی کەرکوک گواسترانەوە، وەلێ بەداخەوە دوای دوو ڕۆژ و لە ڕۆژی (22. 7. 1980)دا یوسف عومەر حەکیم (زریان) بەهۆی ئەشکەنجەی هۆڤییانەی سەدامییەکان گیانی پاکی بە کورد و کوردستان بەخشی. دواتر لە ڕێکەوتی (29. 10. 1980)دا ئەو هاوڕێیانە لە دادگای هەیئە خاسە دەدرێنە دادگا و جەمیل ئەحمەد مەحمود و تەحسین ڕەحمان فەرحان سزای سێدارەیان بۆ دەرچوو و هەمان ڕۆژ ڕەوانەی ژووری سێدارەی موسڵ کران، مامۆستا سەلیم بە (15) ساڵ زیندانی و ئەحمەد ئیبراهیم گڕاوی، حەکیم عوسمان مستەفا و عەزیز تۆفیق قادر بە هەتا هەتایە زیندانی کردن سزادران و ڕەوانەی بەشی سزا تایبەتییەکان (قسم الأحکام الخاصة) کران لە بەندیخانەی ئەبوغرێب لە بەغدا، دواتریش بەر لێبووردنی گشتیی (17. 7. 1982)دا کەوتن و دوای دوو ڕۆژ ئازاد کران.

شەهیدان جەمیل و تەحسین له‌نێوان (29. 10. 1980-26. 5. 1981)دا لە ژووری سێدارەی موسڵ مانەوە و لەنێوان (1. 11. 1980-26. 5. 1981)دا هەموو ڕۆژانی یەک و پانزەی مانگ بۆ دیدەنی (مواجهة)یان دەچووین و بۆ نزیکەی (3-5) کاتژمێر لایان دەماینەوە، هەروەها دوا دیدەنی شەهید جەمیل لە ڕۆژی (20. 5. 1981) و هی تەحسین لە ڕۆژی (25. 5. 1981)دا بوو. بەدڕێژایی ئەو ماوەیەی دیدەنییەکان، تەواوی دیدەنییەکان ئامادە بوویمە و هەردەم هەوڵم داوە لە کەسە یەکەمەکانی چوونە ژوورەوە و دوا کەسیش بم لە هاتنە دەرەوەدا.

لە ماوەی نزیک بە (7) مانگی سەردانی کردنم بۆ ژووری سێدارەی موسڵ، بە به‌رده‌وامی نزیکه‌ی (40 - 70) لاوی شۆڕشگێڕی کوردستانی لەژێر هەڕەشەی مەرگ لەو شوێنە دابووینە و مانگانه‌ له‌نێوان (5-20) قارەمان له‌ سێداره‌ ده‌دران یان گولله‌ باران ده‌کران.

ئه‌وه‌ی له‌ یادم مابێ به‌درێژایی ماوه‌ی ئه‌و (6) مانگ و (25) ڕۆژه‌ی که‌ سه‌ردانی (ژووری سێدارەی موسڵ)م کردبێت یان توانیبێتم زانیارییەکان وەرگرم، ئه‌و قاره‌مان و تێکۆشه‌رانه‌ له‌ ژووره‌کانی مه‌رگ ئامێزی سێداره‌ی موسڵدا بوون و لە سێدارە دراون:

یەکەم: لە شەوی (24/25-11-1980)دا هەژدە ڕۆڵەی دلێری کورد لە سێدارە دران کە ئەمانە بوون:

  1. له‌تیف عه‌بدولڵا ئیبراهیم (پێشمه‌رگه و کادیری کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان‌)، ‌که‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی (1980)دا له‌ نزیک ئاوایی به‌سته‌سێن له‌لایه‌ن جاشه‌کانی مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ی ژماره‌ (9)ی سه‌ر به‌ عه‌باس بایز باڵو ئاغا ده‌ستگیر کرابوو‌. له‌تیف عه‌بدولڵا، له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌مان ساڵدا له‌ هه‌یئه‌ی که‌رکوک، فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، پاشان پیاوانی حکومه‌تی سه‌دام له‌ شه‌وی ئاماژە پێکراو لە سەرەوەدا خنکاندیان.
  2. ئه‌حمه‌د خدر حوسێن محه‌مه‌د هه‌رونی (هه‌ولێر/ گرده‌ڕه‌شه‌ – پارتی کۆمۆنیستی کوردستان).
  3. ئه‌کره‌م محه‌مه‌د زاهیر (سلێمانی - ی. ن. ک).
  4. ئیبراهیم ڕه‌سوڵ قادر (ڕانیه - ی. ن. ک).
  5. ئیبراهیم مه‌حمود محه‌مه‌د (سلێمانی - ی. ن. ک).
  6. پیرۆت ئیبراهیم مامه‌ند (ڕانیه‌ - ی. ن. ک).
  7. حه‌سه‌ن ئه‌مین ساڵح (ی. ن. ک).
  8. حه‌سه‌ن فه‌قێ عه‌لی ناسراو به‌ هه‌ژار (که‌رکوک/ دێی عه‌سکه‌ر – ی. ن. ک).
  9. حوسێن عه‌بدولڵا حه‌سه‌ن وسو نوره‌دینی (قه‌ڵادزه‌/ گردباغ 1955 – پێشمه‌رگه‌ی پ. د. ک).
  10. خدر حه‌مه‌سوور (ی. ن. ک).
  11. عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د ساڵح (که‌رکوک/ دێی عه‌سکه‌ر – ی. ن. ک).
  12. عه‌بدولڵا حوسێن عه‌بدولڵا (ی. ن. ک).
  13. عومه‌ر عه‌لی عومه‌ر (که‌رکوک/ دێی عه‌سکه‌ر - ی. ن. ک).
  14. عوسمان خدر مسته‌فا (که‌رکوک/ دێی عه‌سکه‌ر - ی. ن. ک).
  15. عوسمان مه‌حمود محه‌مه‌د (سلێمانی - ی. ن. ک).
  16. فه‌رزه‌ عه‌بدولڵا فه‌رزه (ی. ن. ک)‌.
  17. محه‌مه‌د حاجی خدر (ڕانیه/ چوارقوڕنه - ی. ن. ک‌‌).
  18. هاوار عه‌بدولڵا ئه‌حمه‌د/ سه‌رگڵ – ئامێدی).

دووەم: له‌ شه‌وی (10/11-12-1980)دا شه‌ش قارەمان له‌ سێداره‌ دران که‌ بریتیبوون له‌:

  1. ئه‌کره‌م محه‌مه‌دئه‌مین ناسراو به‌ ئه‌کره‌می حه‌پسه‌ (سلێمانی – کۆمەڵە/ ی. ن. ک).
  2. به‌هرام خالید ئیبراهیم.
  3. خالید عه‌بدولڵا.
  4. ڕه‌حیم عوه‌ید (عه‌بد) محه‌مه‌د (به‌غدا/ مدینة الثورة – حزبی شیوعی ئێراق)، پێشمەرگەی شیوعی و عارەب بوو لە شەڕێکدا گیرابوو.
  5. سه‌لیم سه‌عید محەمەد سیان (1931/ هه‌ولێر/ ئۆمەراوە – پارتی کۆمۆنیستی کورددستان). .
  6. سیامه‌ند ئەحمەد عەبدولڕەحمان ئەحمەد گەردی (1948 – مەسیف/ شێخان).

سێیەم: له‌ شەوی (30. 12. 1980)دا نۆ پێشمه‌رگه‌ی حزبی سۆسیالیستی یه‌کگرتووی کوردستان لە سێدارە دران، کە له‌ ڕێکه‌وتی (17. 5. 1980)دا له‌ گوندی (دووگۆمان)ی پشده‌ر له‌لایه‌ن عه‌باس بایز باڵو ئاغای فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ی ژماره‌ (9)ی سەر بە مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی شیمالی و جاشەکانی بەدیل گیرابوون، کە ئەمانەی خوارەوە بوون:

  1. حه‌سه‌ن سوور ژاراوه‌یی.
  2. حوسێن عه‌بدولڵا محه‌مه‌د.
  3. خدر حه‌مه‌سوور مسته‌فا پشده‌ری (خه‌ڵکی دێی بادینی).
  4. ڕەسوڵ سلێمان سه‌نگه‌سه‌ری.
  5. محه‌مه‌د هه‌مزه‌ قه‌جه‌ر ژاراوه‌یی.
  6. مه‌حمود حاجی محه‌مه‌د عەبدولڵا پاچکاری.
  7. فه‌قێ عەبدولڵا فه‌قێ.
  8. عەبدولڵا هه‌مزه‌ بێشیری.
  9. عه‌لی حه‌مه‌دئه‌مین (خروێلکه‌ - سوڵتانه‌دێ).

چوارەم: پێشمەرگەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ساڵی (1980)دا بەدیل گیراوەو دواتر له‌ ڕۆژی (3. 1. 1981) له‌ موسڵ له‌ سێداره‌ دراوه‌:

  1. عومه‌ر ڕه‌سوڵ عه‌زیز (سلێمانی/ قه‌ره‌داغ - ی. ن. ک).

پێنجەم: له‌ شه‌وی (12. 1. 1981)دا دوو پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان کە له‌ ڕۆژی (21. 2. 1980)دا له‌ شه‌ڕێکدا له‌ گوندی کڵێسه‌ی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی کۆیه‌ له‌لایه‌ن جاشه‌کانی قاسم فارس تاهیر ئاغای غه‌فوری فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ی جاشی ئیستخباراتی مه‌نزومه‌ی شیمالی ده‌ستگیر کرابوون، لە سێدارە دران:

  1. ئیبراهیم شێخ مه‌حمود محه‌مه‌دی باخ ناسراو به‌ (دکتۆر رێباز)، کادیری کۆمه‌ڵه‌ برای شه‌هید شه‌ماڵ (محەمەد شێخ مەحمود محەمەد) فەرماندەی تیپی (93)ی کۆسرەت کە لە ڕێکەوتی (15. 4. 1983)دا لەگەڵ سەرباز ئەحمەد کۆیی جێگری فەرماندەی تیپ لە گوندی باداوانی بتوێن لەلایەن (حسک و حشع)ەوە شەهید کران.
  2. جه‌لال محه‌مه‌د کە به‌ برینداری لەو شەڕەدا دەستگیر کرابوو.

شەشەم: له‌ شه‌وی (25/26-2-1981)دا نۆ هەڤاڵی ڕێکخستنه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ سێداره‌ دران که‌ بریتی بوون له‌:

  1. خدر مه‌حمود مسته‌فا هروری، به‌رپرسی ڕێکخراوی پێشکه‌فتن له‌ به‌رواری باڵا.
  2. تاهیر تاهیر عه‌بدولڕه‌حمان هروری، ئه‌ندامی ڕێکخراوی پێشکه‌فتن له‌ به‌رواری باڵا.
  3. سه‌عید سه‌عید تاهیر عه‌بدولڵا هروری، سه‌ر به‌ ڕێکخراوی پێشکه‌فتنی پارتی.
  4. سه‌ڵاح زاخۆلی، سه‌ر به‌ ڕێکخراوی پێشکه‌فتنی پارتی.
  5. عادل تاهیر حه‌سه‌ن هروری، سه‌ر به‌ ڕێکخراوی پێشکه‌فتنی پارتی.
  6. عه‌بدولڵا ئه‌حمه‌د عه‌بدولڵا هروری، سه‌ر به‌ ڕێکخراوی پێشکه‌فتنی پارتی.
  7. عه‌بدولهادی سلێمان حه‌سه‌ن هروری، سه‌ر به‌ ڕێکخراوی پێشکه‌فتنی پارتی.
  8. محه‌مه‌دئه‌مین ڕه‌شۆ سلێڤانی/ زاخۆ، سه‌ر به‌ ڕێکخراوی پێشکه‌فتنی پارتی.
  9. غائب وه‌یسی حه‌سه‌ن محه‌مه‌د هروری، سه‌ر به‌ ڕێکخراوی پێشکه‌فتنی پارتی.

حەوتەم: له‌ ڕێکه‌وتی (20. 3. 1981)دا ئه‌و هەڤاڵانه‌ له‌ سێداره‌ دران:

  1. سادق عه‌بدولڵا عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدولقادر (به‌رواری باڵا - ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان).
  2. شێرکۆ که‌رکوکی، ئه‌ندامی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان (ئه‌و هاوڕێیه‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن خورشید به‌ یه‌ک ڕۆژ و له‌سه‌ر یه‌ک کێشه‌ش گیرابوون، به‌ڵام دوای دابه‌زینی سزای محه‌مه‌د حه‌سه‌ن بۆ زیندانی هەتا هەتایە هاوڕێ شێرکۆ به‌داخه‌وه‌ له‌ سێداره ‌درا).
  3. فازڵ عه‌بدولڵا عیسا شه‌ریف (سه‌رسه‌نگ/ به‌رواری باڵا/ شلیا - ئه‌ندامی پ. د. ک).

هەشتەم: لە ڕێکەوتی (1. 4. 1981)دا پێشمەرگەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کورددستان، کە له‌ ڕۆژی (20. 8. 1980)دا گیراوه و ڕۆژی (14. 2. 1981) له‌ هه‌یئه‌ی که‌رکوک سزای سێداره‌ی بۆ ده‌رچووه، لە سێدارە دراوە:

  1. محه‌مه‌د تاهیر عه‌لی (سلێمانی/ قه‌ره‌داغ – کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان).

نۆیەم: له‌ شه‌وی (9/10-5-1981)دا پێشمەرگەیەکی که‌رتی چواری جه‌باری هه‌رێمی (5)ی قه‌ره‌داغی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سێدارە دەدرێت، که‌ پێشتر له‌ ڕۆژی (17. 11. 1980)دا له‌ شاخی شۆراوه له‌لایه‌ن جاشه‌کانی ته‌حسین شاوه‌یسی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی (50)ی ئه‌وکات، قاله‌ فه‌ره‌جی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی (49)ی سه‌ر به‌ ئیستخباراتی شیمالی، عاسی حه‌مه‌ ڕه‌ئوف تۆفیق فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د (حه‌مه‌ی حه‌سۆل) فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ی (55)، دوای شه‌هیدکردنی پانزه‌ پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و که‌رته‌ به‌دیل ده‌گیرێ و ڕاده‌ستی ئیستخبارات ده‌کرێت، دواتریش فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی له‌ هه‌یئه‌ خاسه‌ی که‌رکوک بۆ ده‌رچوو:

  1. جه‌وهه‌ر حوسێن ئه‌حمه‌د (جه‌وهه‌ر هه‌شه‌زینی).

دەیەم: له‌ شه‌وی (13/14-5-1981)دا پێشمه‌رگه‌یه‌کی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ سێداره‌ دراوە:

  1. بەکر کەریم محەمەد عەزیز ناسراو بە بەکر سوسەیی (هەولێر/ سوسێ).

یانزەهەم: له‌ شه‌وی (20/21-5-1981)دا سێ هاوڕێی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە سێدارە دران:

  1. جه‌میل ئه‌حمه‌د مه‌حمود حەمە دیبه‌گه‌یی (دەرسیم/ جەمیل هەولێری).
  2. جه‌مال قادر جوامێر ماوه‌تی.
  3. عه‌لی محه‌مه‌د ئه‌مین نه‌سروڵڵا سه‌ید سادقی.

دوانزەهەم: له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی (26. 5. 1981)دا چوار پێشمەرگە و هاوڕێی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان گوللە باران کران:

  1. ته‌حسین ره‌حمان فه‌رحان حەوێز دیبەگەیی به‌ کۆد یان ژماره‌ی (11549).
  2. جه‌لال مه‌حمود ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د سورداشی (سورداش/ شه‌ده‌ڵه‌).
  3. سلێمان عەبدولڵا ئیسماعیل (هەولێر/ سوسێ/ خۆشناوه‌تی).
  4. یونس بابه‌کر حوسێن وسو ناسراو بە یونس خۆشناو (هه‌ولێر).

سیانزەهەم: له‌ شه‌وی (27. 5. 1981)دا حەوت پێشمەرگە و هاوڕێ و هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سێدارە دران کە ئەمانە بوون:

  1. عومه‌ر میرزا شاسوار، خه‌ڵکی سلێمانی و پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، له‌ شه‌ڕێکدا به‌ برینداری به‌دیل گیرابوو.
  2. ئه‌سکه‌نده‌ر حه‌یده‌ر ڕۆسته‌م ناسراو به‌ گیڤارای گه‌رمیان له‌ ڕێکه‌وتی (12. 1. 1981)دا له‌ شه‌ڕێکدا له‌گه‌ڵ جاشه‌ خۆفرۆشه‌کان له‌ گوندی (کۆشک)ی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی قه‌ره‌داغ به‌دیل گیرابوو.
  3. سه‌ید ئیبراهیم ئه‌حمه‌د گه‌رمکی که‌ به‌ برینداری له‌گه‌ڵ گیڤارای گه‌رمیان له‌لایه‌ن جاشه‌ خۆفرۆشه‌کان له‌ گوندی کۆشک به‌دیل گیرابوو.
  4. تاهیر عەبدولڵا (زاخۆ).
  5. دارا حه‌مید عه‌زیز (کفری).
  6. عه‌لائه‌دین تۆفیق عه‌بدولقادر (کفری).
  7. مه‌جید عیسا عه‌بدی خورشید (زاخۆ/ عومه‌رئاغا).

که‌سێکی تر که‌ لە زیندانی سێدارەی موسڵ ناسیم و دواتر له‌ دانیمارک بینیمەوە (سه‌ردار محه‌مه‌د ئه‌مین موراد که‌رکوکی) سه‌ر به‌ رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕەنجدەرانی کوردستان، له‌ ڕێکه‌وتی (22. 10. 1980)دا گیرابوو و پاشان له‌ ڕێکه‌وتی (18. 12. 1980)دا له‌ هه‌یئه‌ خاسه‌ی که‌رکوک فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی ده‌رچوو بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ڕێکه‌وتی (26. 1. 1981)دا ناوبراو و چەند کەسێک کە ژمارەیان (16) که‌س بوو له‌ نێویاندا‌ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن خورشید که‌ ئێستاکه‌ له‌ فنله‌ندا ده‌ژیت و خوشکه‌زای ئه‌بو شه‌هاب (ئیحسان نه‌جم محێدین که‌رکوکی) ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پێشووی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌، له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ عه‌لی سه‌رشه‌قام ناسراو به‌ (حه‌مه‌ عه‌لی قه‌ڵه‌و)، عه‌لی پۆلیس هه‌ولێری سزاکه‌یان بۆ گۆڕدرا به‌ زیندانیکردنی هه‌تا هه‌تایه‌ و ڕه‌وانه‌ی زیندانی سزا تایبه‌تییه‌کان (الأحکام الخاصة)ی ئه‌بوغرێب کران، ئه‌وه‌بوو سه‌ردار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تریش به‌ر لێبووردنی گشتیی (17. 7. 1982) که‌وتن و له‌ ڕێکه‌وتی (25. 7. 1982)دا ئازادکران.

ئەوەندەی بێتەوە یادم و توانیبێتم زانیاری بەدەست بخەم و ناوەکانیان پەیدا بکەم، ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ کوردپەروه‌ر و تێکۆشه‌ره‌‌ ئه‌وکات له‌ ژووری سێداره‌ی موسڵ بوون، دواتریش به‌ مێژووی جیاجیا له‌ سێداره‌دران یان گولله‌باران کران جگە لە سێ کەسیان: (ئه‌کره‌م عه‌لی، ئەمین حوسێن، ئومێد ساڵح که‌ریم، ئیحسان محەمەد ساڵح ئەحمەد بەگ ناسراو بە فائیق، بابان ئەحمەد محەمەد عەبدولڕەحمان، بارزان عومه‌ر عه‌لی، بێستون حوسێن، تۆفیق ئەحمەد تۆفیق کافرۆشی (دوای شکستی هەوڵی شکاندنی زیندان سزاکەی بۆ سووککراو گواسترایەوە زیندانی ئەبوغرێب)، جەبار ئەحمەد زەریفە، خدر بادینی، خورشید بادینی، حامید محه‌مه‌د خه‌ڵکی سلێمانی، حه‌سه‌ن ئیسماعیل حەمەد عەبدولڵا گۆمەشینی (ی. ن. ک)، حەمەڕەشید ئەحمەد وەلید کافرۆشی (دوای شکستی هەوڵی شکاندنی زیندان سزاکەی بۆ سووککراو گواسترایەوە زیندانی ئەبوغرێب)، ڕه‌حیم هه‌ولێری، ساڵح بادینی، سەباح مەجید سەعید، شێروان ڕه‌شید ئیسماعیل ئیبراهیم گەردی (شێرو جومناستیک) گه‌نجێکی گه‌ڕه‌کی سه‌یداوه‌ی شاری هه‌ولێر بوو که‌ چه‌ند مانگێک بوو چووبووه‌ ڕیزه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و بۆ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌ک هاتبووه‌ ناو شارو گیرابوو، شۆڕش محەمەد تۆفیق کافرۆشی (دوای شکستی هەوڵی شکاندنی زیندان سزاکەی بۆ سووککراو گواسترایەوە زیندانی ئەبوغرێب)، عەبدولسەمیع ئەحمەد چەمچەماڵی، عه‌بدولڵا ڕه‌سوڵ حه‌سه‌ن قادر جاف (1962 – هه‌ڵه‌دن)، عەدنان سابیر، عه‌لی ژاراوه‌یی، عه‌لی محه‌مه‌د، عومه‌ر شێخ عه‌لی هه‌ڵه‌بجه‌یی، مامۆستا مه‌حمود، مەحمود ڕەشید مەجید، محەمەد ساڵح کاکەبرا سەید سادقی ناسراو بە ئامانج (ی. ن. ک)، محه‌مه‌د عەبدولڵا، محەمەد عەلی محەمەد مستەفا ناسراو بە مامە، مه‌لا شه‌وقی، مه‌حمود محه‌مه‌د، واحێد ڕه‌سوڵ، موحسین ئەحمەد عەبدولڕەحمان و یوسف مه‌جید). پێموایە ژمارەی زیندانییەکان (42) کەس بوو لەکاتی هەوڵی شکانددنی زیندانەکە، هەروەها لەوانەشە چەند کەسێک لەو ناوانەی سەرەوە پێش هەوڵەکە لە سێدارە درابن، بەڵام لەبەر نەبوونی زانیاری دروست لەسەر ڕۆژی لە سێدارە دانیان ناوەکانم لە سەرەوەدا نووسیون.

دوای شکستهێنانی نه‌خشه‌ و پلانی شکاندنی زیندانی ژووری سێداره‌ی موسڵ و گرتنه‌وه‌ی زیندانییه‌کان کە دواتر دیدەنی کەسوکاریان لێ قەدەغە کرا، مه‌ردان یوسف شێخ ئه‌لیاس و فازڵ یوسف شێخ ئه‌لیاس به‌جووته‌ لە کاتژمێری (9)ی بەیانی ڕۆژی (3. 6. 1981)دا لەناو شاری موسڵ کە دەیانویست دەرچن و خۆیان بگەیەننە دەرەوە، قۆڵبه‌ست کران و سەرەتا لە موسڵ و دواتر بۆ لێکۆڵینەوە ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی هه‌یئه‌ خاسه‌ی که‌رکوک کران.

دوای ئەشکەنجە و ئازاری نزیکەی شەش حەوت مانگی دڕندانەی جه‌للاده‌کان له‌ ڕێکه‌وتی (22. 2. 1982)دا هه‌ردوو برا (مەردان و فازڵ) ڕه‌وانه‌ی به‌ناو دادگای هه‌یئه‌ خاسه‌ی که‌رکوک کران و مه‌ردانی تێکۆشه‌ر بڕیاری گولله‌ باران کردن و فازڵی خۆڕاگریش سزای زیندانیکردنی هه‌تا هه‌تایه‌ی بۆ ده‌رچوو. فازڵ یوسف شێخ ئه‌لیاس له‌ دوای بڕیاری سزاکەی بە یەک دوو ڕۆژ به‌ جه‌سته‌یه‌کی نیمچه‌ ئیفلیج و شێواو ڕه‌وانه‌ی زیندانی به‌شی سزا تایبه‌تییه‌کان (قسم ألأحکام الخاصة)ی بەندیخانەی ئه‌بوغرێب له‌ شاری به‌غدا کرا و (مەردان)یش بۆ ژووری سێدارەی ئەبوغرێب، به‌ڵام به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه‌ دوای نزیکەی سێ هه‌فته‌ و له‌ ڕێکه‌وتی (13. 3. 1982)دا کاکه‌ مه‌ردانی کوردپه‌روه‌ر و دڵسۆزی کوردستان فه‌رمانی مه‌رگی به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراو گه‌یشته‌ کاروانه‌ هه‌میشه‌ سه‌ربه‌رزه‌که‌ی شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان. هەروەها فازڵ یوسف، بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندان مایەوە و هه‌ر لێبووردنێکی گشتی بۆ زیندانییە سیاسییەکان لەلایەن سەدام و ڕژێمی بەعس ده‌رده‌چوو ئه‌وی نه‌ده‌گرته‌وه، تا دواجار له‌ ڕێکه‌وتی (28. 4. 1986)دا لێبووردن گرتییه‌وه‌و له‌ ڕێکه‌وتی (21. 5. 1986)دا ئازادکرا‌.

دوای هەوڵی شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ ژمارەیەکی زۆر تێکۆشەری کورد لەوانەی لەکاتی هەوڵەکە و ئەوانەی دوای هەوڵەکەش هاتن لە سێدارە دران، بەڵام ئەوانەی کە بۆم ناسرابن ئەمانەی خوارەوەن:

له‌ ڕێکه‌وتی (1. 12. 1981)دا سێ پێشمەرگە و تێکۆشەری ڕێکخستنەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان لە سێدارە دران:

  1. حه‌مه‌دئه‌مین محه‌مه‌د عه‌بدولڵا سوڵتان گه‌ڵاڵی (هه‌ولێر/ مه‌لاکاغا - 1955).
  2. قاره‌مان عه‌لی محه‌مه‌د سه‌بیح دیبه‌گه‌یی ناسراو به‌ قاره‌مان عه‌لی شۆڕ پێشمه‌رگه‌ی حزبی سۆسیالیستی کوردستان، که‌ یه‌کێک بوو له‌ پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی شۆڕشی نوێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌‌ له‌ مانگی ته‌مووزی ساڵی (1981)دا له‌ شه‌ڕێکدا له‌ گوندی به‌رده‌سپی به‌ برینداری له‌لایه‌ن کۆپته‌ره‌کانی ڕژێمی فاشی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌عسی به‌دیل گیرا، دوای مانه‌وه‌ی نزیکه‌ی دوو مانگێک له‌ هه‌یئه‌ خاسه‌ی که‌رکوک فه‌رمانی خنکاندنی بۆ دەرچوو.
  3. نوری خدر ئه‌حمه‌د سەعدولڵا به‌قاڵ دیبه‌گه‌یی، به‌ کۆدی ژماره‌ (10848).

‌ له‌ ڕۆژی (2. 12. 1981)دا (7) ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (ی. ن. ک) لە سێدارە دران کە ئەمانە بوون:

  1. ئەمین حوسێن.
  2. ئیحسان محەمەد ساڵح ئەحمەد بەگ ناسراو بە فائیق.
  3. بابان ئەحمەد محەمەد عەبدولڕەحمان.
  4. جەبار ئەحمەد زەریفە (بەگوێرەی نامیلکەی سەباح مەجید لە شەوی 2/3-6-1981دا لەکاتی هەوڵی شکاندنی زیندان شەهید بووە).
  5. سەباح مەجید سەعید.
  6. عەدنان سابیر (بەگوێرەی نامیلکەی سەباح مەجید لە ڕێکەوتی 12. 7. 1981دا لە سێدارە دراوە).
  7. عەبدولسەمیع ئەحمەد (بەگوێرەی نامیلکەی سەباح مەجید لە شەوی 2/3-6-1981دا لەکاتی هەوڵی شکاندنی زیندان شەهید بووە).
  8. محەمەد عەلی محەمەد مستەفا ناسراو بە مامە.
  9. مەحمود ڕەشید مەجید.
  10. موحسین ئەحمەد عەبدولڕەحمان.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە تۆڵەی دەستگیرکردن و دواتر لە سێدارەدانی ئەو پۆلە ڕێکخستنەی بازیان و دەربەندیخان، کەسێکی بەناوی (فاروقی عەبە بازیانی) کوشت کە سەرۆکی یەکێتیی قووتابیانی ئێراقی حزبی بەعس بوو لە بازیان.

له‌ ڕێکه‌وتی (6. 12. 1981)، چوار کوردپەروەر له‌ سێداره‌ دران به‌ ناوه‌کانی:

  1. جه‌عفه‌ر عه‌بدولڵا ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د عه‌لی (تروانش/ کانیماسی/ ئامێدی - ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان)، پێشتر له‌ ڕێکه‌وتی (25. 12. 1980)دا ده‌ستگیر کرابوو.
  2. حوسێن ئیسماعیل محه‌مه‌د سه‌لیم (کانیماسی/ تروانش - ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان)، له‌ ڕێکه‌وتی (25. 12. 1980) ده‌ستگیرکراو، له‌ ڕۆژی (6. 12. 1981) له‌ زیندانی موسڵ له‌ سێداره‌ درا.
  3. مه‌سیح ئیسماعیل محه‌مه‌د سه‌لیم ئامێدی (ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان).
  4. کاکه‌برا محه‌مه‌د ڕه‌شید ئه‌حمه‌د قه‌ڵاسێوکه‌یی (1965 - ئاغجه‌له‌ر/ کانی هه‌نجیره‌).

له‌ ڕێکه‌وتی (17. 12. 1981)دا ئه‌ندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ سێداره‌ درا:

  1. خه‌مۆ تێلی ئامێدی (مژی - ئامێدی).

 

 

3-12/6/2013 چوارشه‌ممه‌

 

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.