هه‌ڵه‌بجه زامێكی نه‌ته‌وه‌ییه تكایه باوه‌شێنی حزبی مه‌كه‌ن ...سووره مه‌رگه‌یی
هه‌ڵه‌بجه وه‌ك زامێكی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نها به جینۆساید ناساندن ساڕ‌ێژ ده‌بێ، ئه‌وه‌ش به كاری پێكه‌وه‌یی و هاوهه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسیه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ناوه‌نده ڕۆشنبیریه‌كان و ده‌زگاو كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یان و یه‌كخستنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێ، ده‌بێ كار‌و چالاكیه‌كانی به جینۆساید ناساندنی له پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانیدا خاڵبه‌ندی بكرێن و به شێوه‌یه‌ك ڕێكبخرێن كه یه‌كیان ته‌واوكه‌ری ئه‌وی تریان بێ، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به ڕاوێژ به كه‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زاو به كه‌ڵك وه‌رگرتن له مێژووی تاوانه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و به هاوكاری ڕه‌وه‌ندی كوردی و نوێته‌رایه‌تیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له وڵاتان و تێكه‌ڵ كردنی وزه سیاسی و حزبیه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان، هه‌ڵمه‌تی به جینۆساید ناساندنی ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه وه‌ك قۆناغی سێیه‌می شۆڕشی ڕزگاری نیشتیمانی چڕ بكاته‌وه، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش چی به‌ڵگه‌و ئاسه‌واری ئه‌نفال و كیمیابارانكردن هه‌یه به دیكۆمێنت بكرێن و له‌گه‌ڵ یه‌كخستنی ناو ماڵی كورد بكرێنه چه‌كی به‌رده‌وامی ئه‌و قۆناغه‌ی شۆڕش و وه‌ك قۆناغه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م كه قۆناغی شاخ و ڕاپه‌ڕینی ئازاری ساڵی (1991) بوون به سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌ڵوێستی ئۆپۆزسیۆن ده‌بێنرێ خۆ دزیه‌نه‌وه‌یه له‌و ڕاستییه‌و له ژێر پاساو و به بیانووی جۆراوجۆر به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كان درووست ده‌كات، كورد گوته‌نی (ماستێك خۆیان نه‌یخۆن خۆڵی تێده‌كه‌ن) .
سروشتی ئۆپۆزسیۆن له كوردستان سروشتێكی نامۆ به بارودۆخی سیاسی و ڕووداو و پێشهاته‌كانه، ئه‌وه‌نده په‌ناگیرو دابڕاوه هه‌موو كارێكی پێكه‌ویی بایكۆت و نابووت ده‌كات، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له كارێكدا سووكه ده‌ورێكی گێڕا به گرانتر له‌وه‌ی هه‌یه به خه‌ڵكی ده‌فرۆشێته‌وه، هه‌وڵه‌كانی به جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی كورد له په‌رله‌مانی سوید زۆریان له‌وه گه‌وره‌تر كرد كه هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (جه‌بار ئه‌مین) ی په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی سوید هه‌ڵسووڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، كردیانه پاڵه‌وان و موزایه‌ده‌ی سیاسیان پێوه ده‌كردو كۆی رڕووداوه‌كانی ناو په‌رله‌مانێكی ئه‌وروپیان پێ به حزبی ده‌كرد، وایان ده‌رده‌خست كه ناوبراو ئاراسته‌ی بیر‌و كاركردنی په‌رله‌مانی سویدی گۆڕیوه، به‌ڵام به جینۆساید ناساندنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیایان وه‌ك ڕووداوێكی ساده‌و ساكاری ناو گه‌ڕكێكی سلێمانی ده‌بینی، له كاتێكدا ده‌كرێ ئه‌و هه‌نگاوه بۆ جینۆساید ناساندن و سه‌ركه‌وتنی قۆناغی سێیه‌می شۆڕشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌مان به كردنه‌وه‌ی ده‌روازه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ناو به‌رین.
یادكردنه‌وه‌ی ئه‌مساڵی تاوانی هه‌ڵه‌بجه یادكردنه‌وه‌یه‌كی نموونه‌یی بوو، ئاماده بوونی كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك (بێرناد كۆشنه‌ر) و وێنه گرانی ڕاسته‌وخۆی تاوانه‌كه‌و ده‌یان كونسوڵگه‌ری وڵاتان و میوانانی بێگانه گرنگی خۆی هه‌یه‌و هه‌نگاوێكیشه بۆ به جینۆساید ناساندن، به‌ڵام ئاماده نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆن و هه‌وڵدان بۆ بایكۆت كردنی یاده‌كه، ئه‌و ڕاستیه‌مان پێده‌ڵێ كه تا ئێستاش له كوردستان ئه‌و ئاماده‌كاریه نه‌ته‌وه‌ییه بوونی نییه كه هه‌ڵه‌بجه له كاره‌ساتَی شارێكه‌وه بكاته ناسنامه‌ی تاوانكاری و كۆمه‌ڵكوژی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌و ماف زه‌وتكراو و ئازادیخوازی وه‌ك كورد.
ئۆپۆزسیۆن له‌باتی ئه‌وه‌ی هاوكاربێ بۆ گه‌یاندنی خواست و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زوڵم لێَكراو به ڕای گشتی، كه‌چی بانگه‌شه‌ی بایكۆت كردنیان ده‌كردو ڕاگه‌یاندنه‌كانیان به كۆڵانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌سووڕانه‌وه‌و دنه‌ی دۆست و لایه‌نگرانیان ده‌دان كه نیگه‌رانی ده‌رببڕن له‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه خزمه‌ت نه‌كراوه، له كاتێكدا پێویست بوو نیگه‌رانی له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تی ده‌رببڕن له‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه تا ئێستا به جینۆساید نه‌ناسێنراوه، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ یاده‌كه ته‌رخان كراوه باشتر بوو به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌دا دابه‌شكرابا، ئایا زامی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كه زامێكی نه‌ته‌وه‌ییه به پێدانی پاره سارێژ ده‌بێ یان به دیكۆمێنت كردن و به جینۆساید ناساندنی؟.
ئۆپۆزسیۆن گله‌یی له‌وه ده‌كات كه یادو بۆنه‌كان به حزبی ده‌كرێن، هه‌موو حزبێك ئازاده له‌وه‌ی ڕێز له بۆنه حزبیه‌كانی خۆی بگرێ و به جوانترین شێوه یادیان بكاته‌وه، به‌رز ڕاگرتنی یادو بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش له ئه‌ستۆی حكومه‌ت دان، جا حكومه‌ت له‌و قۆناغه‌دا به ده‌ست هه‌ر حزب و ڕێكخراوێكه‌وه بێ، چه‌واشه‌كاری ئۆپۆزسیۆن له‌وه‌دایه حكومه‌تیش به پارتی یه‌كێتی ده‌زانێ، یادو بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌گه‌ر حكومه‌ت یادیان نه‌كاته‌وه چۆن یادكردنه‌وه‌یان بۆ پارتی و یه‌كێتی حه‌رامه ئه‌وهاش بۆ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن حه‌رامه، كه‌واته به دیدی ئۆپۆزسیۆن یادو بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بێ خاوه‌ن بن و به گه‌ڕه‌لاوژه یاد بكرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش بچوك كردنه‌وه‌ی یادو بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌و سوكایه‌تی كردنه پێیان، چونكه یادو بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له قۆناغێك و سنوورێكی دیاریكراودا ڕوویان داوه‌و ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیان وه‌رگرتووه‌و بوونه موڵكی نه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی شاڵاوی نه‌گریسی ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و چه‌ندین تاوانی تر له‌هه‌ر شوێنێك ڕوویاندابێ بوونه فرمێسكی مه‌هابادو دیاربه‌كرو قامیشلی و هه‌موو كوردستان.
لای ئۆپۆزسیۆن بانێكه‌و دوو هه‌وایه، تا ئه‌و شوێنه له پرسه نیشتیمانیه‌كان و كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان دێته پێشێ كه ده‌ستكه‌وتی حزبی لێوه‌ربگرن، لێدوان و هه‌ڵوێستی زۆرێك له ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌ن، له په‌رله‌مانی كوردستانیش پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و پرسانه‌ی ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و به ڕێككه‌وتنی نێوان دوو لایه‌نه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات و سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن تێپه‌ڕێنرێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی تر‌و خه‌ڵكی بێلایه‌نی كوردستان هاووڵاتی ئه‌م نیشتیمانه نه‌بن، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه ڕه‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه وه‌ك ئه‌نفال و كیمیابارانكردن، یان وه‌ك جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی نه‌ورۆزو یادی ڕاپه‌ڕین له لێدوانی گوماناوی چه‌ند دۆست و لایه‌نگرێكی خۆیان و ڕاپۆرتێكی هه‌ڵبه‌ستراوی ڕاگه‌یاندنه‌كانیاندا كورت هه‌ڵدێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له یادی كاره‌سات و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و پیرۆز ڕاگرتنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ و ڕاپه‌ڕینی نه‌ته‌وه‌یی ساڵی (1991) دیتمان، لێره‌دا ده‌پرسین: بۆچی ده‌بێ به‌لای ئۆپۆزسیۆنه‌وه كاره‌سات و سه‌ركه‌وتنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیان نه‌بێ و كۆده‌نگیان له‌سه‌ر درووست نه‌كه‌ن؟
ئایا كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان گرێ‌دراو و ده‌رهاویشته‌ی پرسه نیشتیمانیه‌كان نین و سه‌ركه‌وتنه‌كانیش به‌ری ڕه‌نجی كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نین؟
ئایا دابه‌شكردنی شه‌قام و تێكدانی په‌یوه‌ندیه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به لاسایی كردنه‌وه‌و كۆپی كردنی ڕووداوه‌كانی تونس و میسر‌و به ئیسلامی كردنی پرسی نه‌ته‌وه‌ییمان ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانی به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن؟
به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و سێ پرسیاره بۆ سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن جێبێڵم ده‌ڵێم: هه‌ڵه‌بجه زامێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌و ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیشی هه‌یه، تكایه باوه‌شێنی حزبی مه‌كه‌ن، ڕه‌هه‌نده نیشتیمانیه‌كان هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردایه‌تیان ده‌وێ، تكایه سه‌مای حزبیان بۆ مه‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتنه‌كانیش ده‌ستكه‌وتی خوێن و خه‌بات و ڕابوونی نه‌ته‌وه‌یین، تكایه له هه‌ناوی ئایدۆلۆژی و ڕق و تۆڵه كردنه‌وه‌ی سیاسی‌دا مه‌یانگووشن
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
