پارتی له‌ كه‌ركووك بۆ وا ده‌كا؟. . . وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا پارتی نه‌یبردووه‌ته‌وه‌ و سه‌یره‌ ده‌یه‌وێ وا ده‌ربكه‌وێ، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێشتری جه‌ماوه‌ریی ئه‌و حزبه‌، به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ زۆر له‌ پاشی داوه‌ و نامه‌وێ به‌درێژی باس له‌وه‌یان بكه‌م و با بمێنێ بۆ بابه‌تێكی تر، به‌ڵام پێویسته‌ پارتی به‌بوێریی زیاتره‌وه‌ كار بۆ داهاتووی خۆی بكات و هه‌ڵبژادنی داهاتووی كوردستان ته‌نیا 4 ساڵی تره‌.

 له‌گه‌ڵ زۆر براده‌ری دڵسۆز باسی ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه‌ ده‌بێ پارتی چی بكا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ لاره‌ی راست بكاته‌وه‌ و بێته‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ی راستی خۆی وه‌ك خۆی باسی ده‌كات و به‌ (رێبازی بارزانی) ناوی بردووه‌. كه‌چی نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌كرد، به‌ڵكو نازانێ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی كه‌ركووك و كادره‌كانی خۆیشیدا بكا. مه‌به‌ستم زۆربه‌ی ئه‌و كادرانه‌یه‌ كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ له‌ كه‌ركووكدا خۆی پێیانه‌وه‌ باده‌دا و چه‌ندان كادری تریشی خستووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌، له‌ كاتێكدا نه‌یزانیوه‌ چۆن كادری جه‌ماوه‌ری دروست بكا، یان به‌كاریان بهێنێ، سه‌یره‌! زۆربه‌ی ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی ئێستا تا كه‌ی؟ (جیا له‌ كه‌مێكیان كه‌ خاوه‌نی جه‌ماوه‌ری فره‌ن) . . ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر كه‌ركووك، ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر تۆختر بووه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆی وای نابینێ و ده‌هێنێ ئاوڕێكی رژدی لێ بداته‌وه‌.

كه‌ركووك بووه‌ته‌ چه‌قی ناكۆكیی نێوان پارتی و یه‌كێتی و هه‌ندێك به‌ شه‌ڕی سارد ناوی ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر شه‌ڕی سارد نییه‌، به‌ڵكو تا دێ گه‌رمتر ده‌بێته‌وه‌ و تووشی ره‌شبینیمان ده‌كات. . یه‌كێتێ خۆی به‌خاوه‌نی كه‌ركووك ده‌زانێ، پارتیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزی جه‌ماوه‌ریی له‌و شاره‌دا كزه‌ هه‌ر خه‌ریكی واوه‌یلایه‌ و نازانێ چۆن باره‌ لاره‌كه‌ی راست بكاته‌وه‌. كه‌چی هه‌ردوولا خۆیان به‌خاوه‌نی كه‌ركووك ده‌زانن و پێیان وایه‌ دڵ و قودسه‌.

من باسی یه‌كێتی ناكه‌م و مه‌به‌ستم پارتییه‌. نازانم بۆچی پارتی وا ده‌كا؟! له‌ناو كه‌ركووكییه‌كاندا یه‌ك دنیا كادری پارتی هه‌ن و زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌ ره‌نجاوی له‌ ماڵ دانیشتوون و خۆیان كز كردووه‌!! هاوكات پارتیش خۆی ناكاته‌ خاوه‌ن له‌وان، كه‌چی به‌بێ ئه‌وه‌ی ماڵی ناوخۆی حزبه‌كه‌ی راست بكاته‌وه‌ و ده‌ستێك به‌سه‌ر كادره‌كانی خۆیدا بهێنێ، ده‌یه‌وێ شه‌ڕی كه‌ركووكچێتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكات. . زۆر سه‌یره‌ كه‌ پارتی ده‌یه‌وێ به‌ هه‌مان ده‌موچاوه‌كانی دوێنێ ئه‌و شه‌ڕه‌ بكات. نازانم لێی شێواوه‌، یان ده‌یه‌وێ دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌ خۆی بشێوێنێ.

یه‌كێتی ده‌ستیان خۆش بێ كه‌ ئێستا خاوه‌نی یه‌ك دنیا ناوه‌ندی راگه‌یاندن و رۆشنبیرییه‌ له‌ كه‌ركووكدا كه‌ پێم وانییه‌ پێویست بكا ئاماژه‌یان پێ بكه‌م، ئه‌و ناوه‌ندانه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر پێ و ئاماده‌ بۆی وه‌ستاون. كه‌چی پارتی نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ خاوه‌نی یه‌ك ناوه‌ندی راگه‌یاندن و رۆشنبیری له‌و شاره‌دا كه‌ خۆی پێ با بدا، یان له‌ كاتی پێویستدا بیه‌وێ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ په‌یامی دروستی خۆی بگه‌یه‌نێ، بۆیه‌ هه‌موو په‌یامه‌كانی پارتی ته‌نیا له‌ هه‌واڵه‌كانی ناو كه‌ناڵه‌كانی تیڤی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ خۆی ده‌نوێنێ. ته‌نانه‌ت به‌رپرسه‌ پارتییه‌كانی كه‌ركووك نه‌یانتوانیوه‌ به‌رگری له‌و كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌ی كه‌ركووك (باباگوڕگوڕ) یش بكه‌ن كه‌ تا ئێستایش به‌هه‌تیوی ماوه‌ته‌وه‌. ئیتر ئه‌و حزبه‌ به‌بێ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن و رۆشنبیری ده‌یه‌وێ چی بكا؟ یان تا چه‌ند ده‌یه‌وێ له‌ رێگه‌ی چه‌ند كادرێكی ناو لق و ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی به‌رپه‌رچی كێ و كێ بداته‌وه‌؟ (بێگومان رێزی زۆرم بۆ زۆربه‌ی ئه‌و كادرانه‌ كه‌ دڵسۆزن) كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بوو ئه‌و كادرانه‌ له‌ناو ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن و رۆشنبیری كاریان بكردایه‌ نه‌ك ناو ئه‌نجوومه‌ن و لقی حزب كه‌ ئێستا به‌رهه‌می ئه‌وانیش كه‌وتووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌. له‌وه‌ زیاتر پارتی ده‌یه‌وێ چی بكا؟.

من باش ده‌زانم دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریمی پارێزگار له‌ كه‌ركووكدا 100% حزبییانه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ و كاریشی بۆ ده‌كات، ئیتر ئه‌گه‌ر به‌ویستی خۆی بێ یان كوتله‌كانی ناو یه‌كێتی به‌كاری بێنن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كاری رژدی بۆ یه‌كێتی كردووه‌، به‌ڵام سه‌یره‌ خۆمان بخه‌ڵه‌تێنین كه‌ ئه‌و خۆشه‌ویستی كه‌ركووكییه‌كان نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ خۆشه‌ویسترین كه‌سایه‌تییه‌كانی كه‌ركووك و یه‌كێتی زانیویه‌تی چۆن به‌رگری لێ بكات و بهێڵێ به‌خۆشه‌ویستی بمێنێته‌وه‌. . ئه‌وه‌ پارتییه‌ نه‌یزانیوه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا بكات كه‌ تێی كه‌وتووه‌. هه‌ندێك كادری پارتی كه‌ ده‌یانه‌وێ به‌رگری له‌ حزبه‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر نازانن، بگره‌ مشتێكی قوڕس ئاراسته‌ی ناوچه‌وانی خۆیان ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر نازانن به‌رگری له‌ پارتی بكه‌ن، بگره‌ خۆیان ده‌چه‌قێننه‌ ناو قوڕێكه‌وه‌ كه‌ ناتوانن لێی ده‌ربچن و دواتریش ده‌بنه‌ پاڵه‌وان!. بۆیه‌ من پێم وایه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم هیچ نه‌بێ توانیویه‌تی له‌ رێگه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ كه‌ركووك جوانتر بكاته‌وه‌. خه‌ڵك ئه‌وه‌یان ده‌وێ و بێگومان له‌ داهاتووشدا ده‌نگی ده‌ده‌نێ، خه‌ڵك حه‌قیان به‌وه‌ نییه‌ تا چه‌ند حزبایه‌تی ده‌كا. یه‌كێتی یان پارتی كێشه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك نییه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ یان ئه‌گه‌ر پشتگیری بكرێ ده‌توانێ خزمه‌تی خه‌ڵك بكا و له‌وكاته‌شدا خۆشه‌ویست ده‌بێ، بێگومان حزبه‌كه‌شی خۆشه‌ویست ده‌بێ و ناكرێ هه‌موو ئه‌مانه‌ نادیده‌ بگرین. . به‌س، به‌س، تاكه‌ی وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌؟

رۆژی 10/12 له‌ كه‌ناڵی "رووداو" له‌ به‌رنامه‌ی "رووداوی ئه‌مڕۆ"ی رۆژنامه‌نووس هیوا جه‌مال، دیمانه‌ له‌گه‌ڵ كادرێكی گۆڕان (ئه‌. ع) و كادرێكی پارتی (ع. ك) ئه‌نجام درا، زانیمان كادره‌كه‌ی گۆڕان چیی گوت، به‌ڵام نه‌مانزانی كادره‌كه‌ی پارتی چیی گوت و دیویست چۆن به‌رگری له‌ حزبه‌كه‌ی بكا؟. . سه‌یره‌! ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رگری له‌ حزب بكرێ و نه‌زانێ چی ده‌ڵێت، بێگومان حاڵی پارتی له‌وه‌ باشتر نابێ (له‌گه‌ڵ رێزی زۆرم)، خوا یه‌كه‌ و نابێ به‌ دوو دڵنیام خۆیشی نه‌یزانی چیی گوت، ئه‌گه‌ر پارتی بتوانیایه‌ ببێته‌ خاوه‌نی ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن و رۆشنبیری له‌ كه‌ركووك، ده‌یتوانی شرۆڤه‌ بۆ هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كان بكات و بڵاویان بكاته‌وه‌ و په‌یامه‌كانی بۆ خه‌ڵك روون بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ پێویستی به‌ شرۆڤه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كی وا له‌ شاره‌كه‌دا هه‌بوایه‌، بێگومان پارتی بێكه‌س نییه‌ له‌ كادری كارا و چالاك ئه‌گه‌ر به‌كاریان بهێنێ. . بۆ نموونه‌ رۆژی 11/12 له‌ كه‌ناڵی "ئێن ئاڕ تی" دیمانه‌ له‌گه‌ڵ شوان داودی و به‌ڕێز كاوێز مه‌لا په‌روێز ئه‌نجام درا و باسی ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ركووكیان كرد، له‌وێدا ده‌ركه‌وت پارتی ده‌یه‌وێ چی بكات و كه‌چی له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌میدا داده‌نێن. . ئاخر ئه‌وه‌یه‌ جیاوازیی نێوان كادره‌كان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ كاری باش بكه‌ن و توانایان هه‌بێ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ پارتی نازانێ چی ده‌كا و بۆ وا ده‌كا.

روونكردنه‌وه‌یه‌ك:

بێگومان له‌م نووسینه‌دا مه‌به‌ستم له‌ هه‌موو كادره‌كانی پارتی نییه‌، هه‌ندێك پارتی هه‌ن له‌ كه‌ركووكدا كه‌ خه‌ڵكی ناو شاره‌كه‌ش نین و مه‌به‌ستم نییه‌ لێره‌دا ناویان بهێنم، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ خزمه‌تی راسته‌قینه‌ بكه‌ن و كه‌چی ئاستی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له‌ به‌رده‌میاندا له‌مپه‌ره‌، هه‌ندێكی تریش بوونه‌ته‌ بار به‌سه‌ر پارتییه‌وه‌، ئیتر نازانم كه‌ی پارتی خۆی داده‌ته‌كێنێ ره‌زای خۆی سووكتر ده‌كاته‌وه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر