كه‌سانی ئاسایی ناو كۆمه‌ڵگه پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ناكرێ، نه ده‌ستبردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه مردن، مه‌گه‌ر زۆر به‌ده‌گمه‌ن. . ئه‌وه‌ی تیری ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی به‌رده‌كه‌وێ ناوداره‌كانن، ئه‌وجا ناوداری هه‌ر بوارێك، له ناویاندا زۆرترین پڕوپاگه‌نده به‌ر هونه‌رمه‌ندان ده‌كه‌وێ.
بۆیه هه‌موو كاتێك به سه‌رسامییه‌وه باس له ئافره‌تانی كورد ده‌كه‌م كه له بواره‌كانی هونه‌ردا كار ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وان ده‌كه‌ونه به‌ر زۆرترین توانج و ده‌ستبردن بۆ كه‌سایه‌تییان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك داخراوی وه‌ك ئێمه‌دا، كه‌واته مانه‌وه‌ی ئه‌و خاتوونانه‌ی سه‌ره‌تاتكێ له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یاندا ده‌كه‌ن، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێسته ئه‌وپه‌ڕی بوێرییه. . هه‌ندێكیان پاش ماوه‌یه‌ك خۆنواندن تیره‌كان تووشی شكستیان كردوون و ون بوون، هه‌ندێكیش پشت له تیر و سینگ له شیر كاری خۆیان به‌وریایی ده‌كه‌ن، هاوكات له‌گه‌ڵ پڕوپاگه‌نده ئازاربه‌خشه‌كانیشدا بێ كێشه نابن، هه‌ر به‌رده‌وامیشن.
ئه‌وه‌نده‌ی سوودمان له ته‌كنۆلۆجیای نوێ بینیوه، هه‌ست نه‌كردن به به‌رپرسیاریه‌تی و به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیا به‌دیوه نه‌رێنییه‌كه‌ی لایه‌نێكی تری گه‌یاندنی ئازاره به‌زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان، بۆ نموونه "فۆتۆشۆپ"، ئه‌م فۆتۆشۆپه ماڵوێرانه زۆری ماڵ‌وێران كردووه، هاوكات له هونه‌رمه‌ندانیش نه‌پارێزراوه و زۆر له خاتوونه‌كانمانی بریندار و نیگه‌ران كردووه، ته‌كنۆلۆجیا هه‌ندێك كه‌ڕه‌ت ئه‌وه‌نده ڕه‌زاقورس و به‌دفه‌ساڵه، هه‌ر نازانی له كوێوه ئافاته‌كه‌یت به‌رده‌كه‌وێ و وه‌ك مار پێته‌وه ده‌دا، چونكه زۆر ئاسان سه‌روگوێلاكی خاتوونه هونه‌رمه‌ندێكت بۆ ده‌خاته سه‌ر جه‌سته‌یه‌كی ڕووت كه هی خۆی نییه، زۆریشن ئه‌و بیركۆلانه‌ی له ڕێگه‌ی مۆبایله‌كانیانه‌وه به"بلوتووز"ه تڕحێوه‌كه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا چه‌ند خاتوونه هونه‌مه‌ندێك كه‌وتنه به‌ر هێرشی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته مه‌لعوونه‌ی ته‌كنۆلۆجیا، له كاتێكدا كه‌سایه‌تیی زۆر به‌ڕێزی ناو بواره هونه‌رییه‌كه‌ی خۆیان و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌شن.
پڕوپاگه‌نده‌ی مردنی هونه‌رمه‌ندانیش دیوێكی تری دیارده‌كه‌یه، ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له ئێسته "عادل ئیمام"ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی كۆمیدیای میسریی داماویان مراند، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كه‌داریشی بكه‌ن، هه‌ندێك ده‌یانگوت له خه‌می حوسنی موباره‌ك جه‌ڵته‌ی لێ داوه، ڕاستیتان ده‌وێ تا ئه‌و كاته‌ی "ئیمام" خۆی هاته سه‌ر خه‌ت و پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی به‌پاش دا، من یه‌ك دنیا خه‌مم لێ هه‌ڵگرت، ئه‌دی ئه‌وه‌نده‌ی ئاگه‌دار بم ئه‌و ئێسته خه‌ریكی شانۆگه‌رییه‌كه له‌سه‌ر "به‌هاری عه‌ره‌بی" خوا مردن ده‌گرێ ئه‌گه‌ر به‌ر له‌و شانۆگه‌رییه "عادل ئیمام" بباته‌وه. . خه‌می زۆرترم له مردنی "مونا شه‌له‌بی"ش هه‌ڵگرت، ئاخر "مونا" جگه له‌وه‌ی له ئه‌كته‌ره به‌توانا و جوانه‌كانی میسره، هاوكات به‌بوێرترین هونه‌رمه‌ندی ئه‌و وڵاته له‌ناو گه‌نجه‌كانیاندا هه‌ژمار ده‌كرێ، بۆیه بۆ دۆخی سینه‌مای میسری مردنی "مونا شه‌له‌بی" زیان و خه‌مێكی گه‌وره‌یه.
دواترین پڕوپاگه‌نده‌ش مردنی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌مان "لالۆ ڕه‌نجده‌ر"ی سروودبێژ بوو كه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو سه‌ری من و هونه‌رمه‌ند "مه‌حموود گلی"ش بخوات، ئاخر بۆ ئێمه‌مانان مردنی "لالۆ" نابێته ڕووداوێكی ئاسایی، ڕه‌نگه له دیوێكدا هۆیه‌كه‌ی په‌روه‌رده پڕ سۆزه‌كه‌مان بێ، به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا ئێمه نزیكتر ئاگامان لێیه كه ئه‌و هونه‌رمه‌نده جارێ زۆری ماوه بیكات، واته به‌مردنی دنیایه‌ك خولیا و ئاوات له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات كه بۆ ئێمه و هونه‌ره‌كه‌مان مایه‌ی كه‌سه‌ری گه‌وره‌یه. . ده‌ی ئه‌وه ئه‌مجاره‌ش نه‌مرد، خوا ده‌زانێ بۆ داهاتوویه‌كی دوورتر ته‌نیا خۆی ده‌ڕوا یاخۆ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ڕاست نه‌ك پڕوپاگه‌نده و ئێمه‌شی تێدا بكاته "پۆخڵه شه‌هید".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە