پاش(٣٠) سی ساڵ هەوڵدان بۆ هەڵکردن لە وڵاتێکی بێگانەدا(ئەڵمان)، بۆم دەرکەوت هەڵکردن و گونجاندن هەر هەمووی سەرابێکی کاتییە و، ئەگەر نەشڵێم محاڵە ئەوا بەوپەڕی راشکاوییەوە ئەڵێم ئەو پرۆسێسە زۆر سەختە و، تۆی کۆچبەرهەرگیز وەك خودی ئەڵمانێك ئەژمار ناکرێیت. ئەم دیالۆگەی خوارەوە نموونەیەکی بەرچاوە بۆ سەلماندنی ئەو هەستەی لای من بەرجەستە بووە.
هاوڕێکه م؛ کاتێك تۆی ئەڵمان و منی کۆچبەر لە ناخێ دڵمانەوە، بە بێ گرژبوون و گلەیی بە نوکتەیەك لەسەر تۆی ئەڵمان و منی کۆچبەر پێئەکەنین، ئەوا بزانە من و تۆ هەنگاوێکی بچووکمان بەرەو لەیەك گەیشتن و گونجاندن بڕێوە.
دانیشتنمان بەیەکەوە، خۆی لە خویدا بۆ نزیکبوونەوەی بۆچوونەکانمانە و بۆ ئەوەیە هەردووکمان بگەینە خاڵی لەیەکگەیشتن و دوای ئەوەش گونجاندن.
بیرتە ئەو رۆژەی لە قاوەخانەکە دانیشتبووین و باس و گلەییمان لەو گۆڕانە نێگەتیڤانە ئەکرد کە بەسەر وڵاتەکەماندا دێت؟
وتمان سیستەمە سۆسیالەکەمان بەرەو لاوازی دەڕوات، وەك کەمبوونەوەی هاریکاری لەناو کۆمەڵگادا و شتگەلێکی تر؟ ئەی باسی کەمکردنەوەی ئازادیمان نەکرد؟
کە چوویتە شوێنی دەستشۆریی ترسایت کامێرای شاراوەی تیا بێت؛ ووتت، ئه م سیستمه له هه موو شوێنێک به دوامانه وه یه وه ئازادی خه ریکه ئه خنکێنرێت!
ئەها هەر ئەو رۆژە گلەییت کرد لە دراوسێکەت کە دەرگای بۆ نەکردبوویتەوەله کاتێکدا که تۆی بینی، بارت قورسه!
ئینجا کۆمەڵێکی تر لە دیاردەی دزێو، کە تۆی لە کۆمەڵگاو سیستەم و وڵات تووڕە کردبوو!
ئەی بۆچی کەمن وەك تۆ گلەییم لە هەمان دیاردە کرد، سەیرت کردم و بە توندییەوە پێت وتم: ئەی لەلای ئێوە چۆنە؟ ئەگەر ئێرەت بە دڵ نییە ئەتوانێت بگەڕێیتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوویت!!
وەڵامەکەت لاواز و بێدەسەڵاتانە بوو.
خۆ من زانیم لە هەمان کاتدا پەشیمان بوویت له و قسه یه وئاره زووت بوو، نه ت کردبایه و هەستت کرد هاوڕێیەتی منت بەزاند.
کەواتە باشتر وایە ئێمە هێور و ئارام بینەوە و، خۆمان لەو گفتوگۆ رەقانە بپارێزین و بەسەر خۆمانی نەهێنین. خۆ ئەم جۆرە گفتوگۆیەش دیاردەی رۆژانەن، دیاردەی بچکۆلە و پێکدادانی هیچوپووچ و بێ بەهان، هەرچەندە دەچنە خانەی ئازادی رادەربڕینەوە، نەك لە کەمکردنەوەی ئەم وڵاتەی هەردووکمان تیایدا ئەژین. ئەمانە هەموو بەهەڵە وەرگرتنی مەبەستەکەمانە.
تۆ! ئەڵێم تۆ!
بێ ئارام مەبە و خۆت مەخۆرەوە کاتێك هەندێك شتت بە دڵ نییە، مەبەستم ئەوەیە بە ئاسانی پێم بڵێیت بێ پێج و پەنا.
ئەوە مافی خۆتە ئەو پرسیارەم لێ بکەیت و چاوەڕوانی وەڵامیش بیت، ئەی تۆ نازانیت؟ خۆ خۆت چاك ئەزانیت گەورەترین دەستکەوتی ئێمە ئەو دەستوور و یاساوڕێسایە یە کە هەموو دنیا پێی سەرسامن هەر ئەو یاساوڕێسایەشە رێگامان پێدەدات بە ئازادی رای خۆمان دەربڕێن، لەبەر ئەوە ناهێڵین کەس بیخاتە بەر پرسیار یان لێمان زەوت بکات، بۆ هەرچی هۆیەك بێت، ئێمە ناهێڵین.
باشە چەند جارم پێوتیت، بۆچی کوردستانم بەجێهێشت؟ ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو و هەرگیز ناشبێت، ئەگەر ئەوە لە رێی ئاسوودەیی و ئازادیدا نەبێت، ناتوانی جێی بهێڵیت، بەڵام ئەم بەجێهێشتنەش هەنگاوێکی رێژەییە. بۆ جارێکی تر من پێت ئەڵێم: بەجێهێشتنی نیشتمانەکەم نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین بوو.
بێگومان ئەو ئازادییەی کە دەستوورەکەمان گرتوویەتیە دوو توێی خۆی و جێبەجێی ئەکات، من زۆر لە تۆ تامەزرۆتر هەستی پێ ئەکەم و تامیشی ئەچێژم، نەك هەر ئەوە بەڵکو خۆشم لەسەر ئەوەشەوە بە جۆرەها بەهارات تامدارتری ئەکەم.
من تێئەگەم و ئەزانم کە هەندێك کۆچبەر ئەم ئازادییە بە هەڵە بەکاردەهێنن، چونکە لە سەرەتاوە لەسەر سکەکە پەرتەوازە ئەکرێن و لەسەر رێگا راستەکە چەواشە ئەبن، هەموو فێربوونێك کاتی پێویستە، راهاتنیش لەسەر سیستەمێکی نامۆ بەوان هەر وا زوو بە زوو ئاسان نییە. خۆ تۆ چاك ئەزانیت زۆر لەوانەی هاتوون بۆ ئێرە، بۆ وڵاتەکەی من و تۆ، لە وڵاتانێکەوە هاتوون هەلومەرجی ئازادی تیا نەبووە.
ئەوە سیستەمە سیاسێکانیانە کە رێگرن و مرۆڤەکانیان هەتا ئەمڕۆش لە ئازادیی ناگەن و مانای راستەقینەی نازانن.
من داوای ئەوەت لێناکەم تۆ چاوپۆشی لە بێڕەوشتیی، بێمۆراڵیی، چاوقایمیی، سنووربەزاندن، دزی، درۆ، لاساری بکە. بەڵکو من ئەوەم لە تۆ دەوێت رێنماییان بکەیت و هاندەرێکی چاك بیت بۆ ئەوەی نیشانیان بدەیت کە ئەمانە نەکەن و پێچەوانەکەی دروستە بۆ بەرژەوەندی هەردوولا.
ئازادی! ئازادی پرۆسەیەکی زنجیرەیی نەبڕاوەیە، کەس ئازاد نیە ئەگەر هەست بە ئازادی نەکات، ئازادیش تێگەیشتنێکی پەرەپێدراوە لە کۆمەڵگایەکی پەرەسەندوو، کە لە ئەنجامی بیرێکی پێشکەوتووەوە دێتە دی و ئەبێتە خاوەنی زمانێکی پێشکەوتوو بۆ پێداگرتن لە وەرگرتنی پێداویستیەکانی ژیان و هەڵبژاردنی ئەو جۆرە ژیانەی خۆی دەیەوێت و هەستەکانی تێر دەکات. ئازادیش پابەندە بە مەرجی خودی کەسەکە و مەرجی دەرەوەی کەسەکە و مەودای ئەو بڕیارانەی کە زیانی بۆ دەرەوەی کەسەکە نابێت و پێکدادان روو نادات لە نێوان بەرژەوەندی خۆی و کۆمەڵگادا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئازادیی دیاردەیەکی رێژەییە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازی هەیە، مەرجیش نیە کە هەرکەسێك خۆی بە ئازاد زانی، ئەوا دەوروپشتەکەشی هەمان هەستیان هەبێت. جگە لە هەموو ئەمانەش ئازادی پەیوەستە بە هەلومەرجەوە، تا هەلومەرج لەبار بێت ئازادیش لە پەرەسەندندایە، پێچەوانەکەشی پێچەوانەیە.
مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە ئازاد بێت، لەوەش گرنگتر تێگەیشتنی هەر تاکێکە لە مانای ئازادی.
بە مانایەکی تر، جیاوازییەکی زەق هەیە لە نێوان ئازادی و بەرەڵایی دا، هەرچەندە تۆ ئازاد بیت ئەبێت لە سنووری دەستوور و یاسادابیت، لەوە بەوڵاوە ئەچێتە خانەی بەرەڵایی و زیانگەیاندن بە دەوروپشت و کۆمەڵگا و تەنانەت خودی کەسەکە خۆیشییەوە. لەبەر ئەوەیە ئازادی راست لە سیستەمێکی ئازادانەی راستەوە سەرچاوە ئەگرێت ئەو سیستەمەش کەسانی دڵسۆز بۆ چەمکە ئازادییەکە بڕیاری لەسەر ئەدەن.
هاوڕێی خۆشه ویستم ;لێرەدا ئەگەینە ئەو ئەنجامەی، منێکی دەربەست بە خۆشەویستی وڵاتی دووەممەوە، کە شوێنی داڵدە و حەوانەوەمی تیا مسۆگەر کرا، لەگەڵ ئەوکەسەی ئازادی ئەو وڵاتە خراپ وەردەگرێت و وێرانی دەکات و رەنگێکی دزێوی تیا دەداتەوە زۆر جیاوازین. جا لێرەدا ئەو مافە دەدەمە خۆم وەك هاوڵاتییەك سەیر بکرێم و لەگەڵمدا هەڵبکەن.
لە هەمان کاتیشدا ماف دەدەمە هاوڕێکەم بە چاوی گومانەوە سەیری هەموو کۆچبەرێك بکات، چونکە کۆچبەران بمانەوێت و نەمانەوێت بە گشتیی بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ ئەو وڵاتە، بەلای ئەوانیشەوە جیا کردنەوەی ئه م کۆچبه رانه هەمان سەختییە.
لە لایەکی تریشەوە ئێمەی کورد لەو وڵاته دا ئەگەینە ئەو راستییەی کە زۆرینه ی ئه ڵمان خۆشەویستییەکی شاراوەی پیرۆزیان هەیە بەرامبەر بە وڵاتەکەیان، بەڵام هات و هاواری پێوە ناکه ن هه میشه و بە هیچ جۆرێك لە خۆیانه وه دەری نابڕن، هەتا ئەو کاتەی پێویست ئەکات.
بە پێچەوانەی ئێمەی کوردەوە، هەر هات و هاوارمانە بۆ کوردستان و دۆزی کورد و بە قسە هیچمان نەهێشتۆتەوە، کەچی گەندەڵێ و ناپاکی دژی کورد و کوردستان لە ناو ناخی سیستەم و له هه موو سوچو په نایه کی کۆمه ڵگاکه مانه وه به دی ئه کرێت و لە لووتکەی هەرەمەکەوە شۆڕ ئەبێتەوە بۆ خوارەوە و، کوردستان لە هەموو روویەکەوە وێران ئەکەن و کارەساتی تیا ئەنێنەوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە