له مه‌غریب هات، له توونس هات، له لیبیا هات، له جه‌زائیر له 1991ه‌وه هاتووه به‌ڵام رێی لێ هاتووه‌ته به‌ستن، له میسر هات، له سوودان له‌مێژه‌یه هاتووه. وڵاته‌یلی كه‌نداو شێوه ئیسلامین، له توركیا و ئێران‌دا هاتوون و ناشڕۆنه‌وه، له به‌شه‌عێراقی شیعه هاتووه، له‌وه‌ی سوننه‌ش هه‌ر هاتووه، له سووریا و ئوردن به‌ڕێوه‌یه بێ، له لبنان باڵاده‌سته، ته‌نیا له كوردستانه گچكه‌له‌ی خۆمان ماوه بێ، ده‌بێ لێره‌ش هه‌ر بێ.
حزبه‌یلی ئیسلامی وه‌ك "نه‌وال سه‌عداوی" گوتی له رێی فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌وه له هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چن ئه‌گه‌رنا ئه‌و مێشك رزیوه‌یله هی ئه‌وه نین له‌م چاخه پێشكه‌وتووه‌دا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بێ، ئاین به‌كارهێنان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌یه له خه‌ڵك. هه‌ر كێ خوای له‌گه‌ڵدا بێ له هه‌ڵبژاردن ده‌یباته‌وه بێگومان. به‌تایبه‌تی له كوردستانی له‌مه‌ڕ خۆماندا كه حزبی نه‌ته‌وه‌ییی كوردیی "گوایه عه‌لمانی" كار بۆ "خوا" زۆر ده‌كا و زه‌وینه‌ی باش ساز كردووه بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستدانی خۆی. ده‌بینی كه حكوومه‌ت فریا ناكه‌وێ بۆ مه‌لا و بانگده‌ر دامه‌زراندن، رادیۆ و تیڤیی ناوه‌خۆ شوێنی مه‌لایه بۆ رێنوێنیی جڤاكی كورده‌واری. راستی بڵێم، جڤاكی كورده‌واری له رووی ئابوورییه‌وه تێروته‌سه‌لتر ده‌ژی له جڤاكه‌یلی وڵاته‌یلی ئیسلامی ئه‌گینا ده‌سه‌ڵاتی كوردستان ته‌بای سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یلی ناوچه، به‌رگه‌ی یه‌ك رۆژ راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ناگرێ. یه‌ك ته‌نگژه‌ی ئابووری "بۆ نموونه بڕانی بودجه له به‌غداوه" یان هه‌ر تێگیراوییه‌كی له‌م شێوه‌یه، به‌سه بۆ گوێ لێبوونی نه‌ڕه‌ی "بڕۆ بڕۆ" و وه‌رگه‌ڕانی ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی. كێشه ئه‌وه‌یه كه حزبی نه‌ته‌وه‌ییی كوردی خۆی رۆژانه كار بۆ هاتنی ئیسلامی سیاسی ده‌كا.
وه‌شاری نییه كه زۆریی ئه‌ندامی حزبه‌یلی ده‌سه‌ڵات یان هێزی چه‌كداریان له رۆژی وادا، كاری "فعال" نییه به‌تایبه‌تیش "وه‌ك گوتمان" ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌ڕه‌ی بڕۆ بڕۆیه "ده‌نگی دلێری ئاین" بێ. سه‌تی نه‌وه‌ت و نۆی پارتی ئیمانداره، یه‌كێتی كه‌مێك كه‌متر. حكوومه‌ت ساڵه‌یلی ساڵه به حاڵ فریای رێكخستنی حه‌ج و عه‌مره‌یان ده‌كه‌وێ. ئه‌وه راسته خه‌ڵك مافی خۆیانه نوێژ بكه‌ن و رۆژوو بگرن یانه‌خۆ بچن بۆ حه‌ج و عه‌مره، كێشه ئه‌وه نییه، كێشه ئه‌وه‌یه كاره‌كه ده‌چێته خزمه‌تی حزبی ئیسلامییه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی حزبی ئیسلامی وای پێشان ده‌دا "ئه‌و حزبی خوایه". گۆڕانی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان و هاتنی ئیسلامییه‌لیش، ته‌نیا ئه‌وه‌یه توێكێك "شه‌ریحه‌یه‌ك" له‌سه‌ره‌وه ده‌گۆڕێ، خواره‌وه‌ی حزب نه با ده‌بینێ نه باران. رۆشنبیره‌یلیش زۆربه‌یان هه‌لپه‌رستن، باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌وانه‌ی لێیان ده‌قه‌ومێ له ژماره‌ی په‌نجه‌یلی هه‌ردوو ده‌ست زیاتر بن. جڤاكی كوردستان سازه بۆ داهاتووێكی له‌و جۆره‌ی باسی ده‌كه‌م.
وه‌كرییانه بێژم، من لاریم له‌وه‌دا نییه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی رۆنیشتووه بیركردنه‌وه‌ی سیاسییانه‌ی چییه، ئاخۆ چه‌په یان راسته، گرینگ ئه‌وه‌یه سه‌رده‌می بێ، یاسا و سیسته‌می سه‌رده‌مییانه دابنێ، ته‌كان به ژیان بدا به‌ره‌و پێشه‌وه، جڤاكی كوردستان له هه‌موو رووێكه‌وه بگه‌ینێ به هاوشانی جڤاكه‌یلی دنیا كه بێگومان حزبی ئیسلامی ئه‌وه ناكا. به‌ر له هه‌موو شت، یاسای حزبی ئیسلامی شه‌ریعه‌ته كه ئه‌مه سه‌ت و هه‌شتا پله پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی ژیانی سه‌رده‌مه. حزبی ئیسلامی، حزبی ئایدیۆلۆجیایه، مێژووش ئیسپاتی بی كه‌ڵكیی "حزبی ئایدیۆلۆجیا"ی كردووه.
كادیری هه‌ره‌باشی حزبی ئیسلامی ده‌بینی كه له تیڤی ده‌دوێ، رێكاری بیكردنه‌وه‌ی زیاتر نییه له جووتیار و لادێیی. ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه رۆشنبیرییه‌كی ساده‌ی ئاینیی هه‌یه ئه‌گینا هیچ شتێك به‌م سه‌رده‌مه‌ی نابه‌ستێته‌وه. شه‌وی هه‌ینیی رابردوو له تیڤیی سپێده، مه‌ولوود باوه مراد بۆ ماوه‌ی ساتێك گێره‌ی له سیاسه‌تدا دابه‌ستبوو بێ ئه‌وه‌ی خۆشی بزانێ باسی چی ده‌كا. ئه‌وه باشه‌كه‌یانه كه له ئه‌لفبێتكه‌ی سیاسه‌تدا كڵۆڵه. زۆربه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌باره‌ی حزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه بوو "پارتی و یه‌كێتی" كه ئه‌و به حزبی ئایدیۆلۆجیایی ناوی ده‌هێنان. یه‌كگرتووشی به نائایدۆلۆجیایی و حزبی "ئیسلاحی سیاسی" ره‌پێش ده‌كرد. ئه‌مه‌ش سه‌مه‌ره‌ی رۆشنبیری ئیسلامی.
كوردستان له گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و دوادا هه‌نگاوی زۆر باشی بڕیوه ئه‌گینا لاوه‌یلی حه‌فتا و هه‌شتایه‌ل له ئێسته باشتر له سیاسه‌ت ده‌گه‌یشتن. باوه‌مراد، راسته بێ راده‌ییی خۆی له‌و گێره‌كردنه له سیاسه‌تدا ده‌خسته روو، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌یه كه سیاسه‌تی گێلكردن و به‌لاڕێدا بردنی خه‌ڵك، بنه‌ڕه‌تی بیركردنه‌وه‌یه له‌لای ئیسلامییه‌لدا.
راست ئه‌وه‌یه كه هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵات، پارتی و یه‌كێتی هیچیان حزبی ئایدیۆلۆجیایی نین، سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی جاربه‌جار نیوداشتێك بووه له ئایدیۆلۆجیادا به‌ڵام پارتی هیچ رۆژێك وا نه‌بووه، بگره پارتی، حزبی به‌رنامه‌ی بیرایه‌تی هه‌ر نه‌بووه، حزبی به‌رنامه‌ی سیاسه‌ت بووه له رۆژی یه‌كه‌میه‌وه. ته‌نیا دوو جار پارتی به‌لای چه‌پایه‌تیدا شكاوه‌ته‌وه یه‌كیان له كۆنگره‌ی 1959 و ئه‌وی تر له كۆنگره‌ی 1979، ئه‌ویش وه‌ك مۆده و باوی رۆژ نه‌ك وه‌ك به‌رنامه‌ی كار.
یه‌كێتی هیچ رۆژێك ئایدیۆلۆجیایی نه‌بووه، ناوبه‌ناوێك ماویه‌تی "ماویزم" و ماركسایه‌تی "ماركسیزم" له‌ناو هه‌ندێك توێكی ئه‌و حزبه‌دا هه‌بووه به‌ڵام هیچ جارێك بیركرنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری، هه‌بوونی نه‌بووه. ئه‌مه ئه‌گه‌ر له 1964ه‌وه‌ش به مێژوو بۆی حیسێب بكه‌ی، واته له جیابوونه‌وه‌یان له پارتی. یه‌كێتی وه‌ك پارتی جاربه‌جارێك وه‌ك مۆده بیری چه‌پایه‌تیی هه‌ڵگرتووه به‌ڵام زۆر كه‌م له پراكتیكدا به‌كاری هێناوه. ئه‌مڕۆ پارتی و یه‌كێتی هیچ به‌رنامه‌یه‌كی بیرایه‌تییان نییه. ته‌نیا حزبه‌یل ئیسلامین كه خاوه‌نی بیری ئاینی و ئایدیۆلۆجیان "شه‌ریعه‌ت"، حزبی نه‌ته‌وه‌ییی كوردی، كورد گوته‌نی "با له كوێ هاتبێ ئه‌و له‌وێوه شه‌نی كردووه".
مه‌ولوود ده‌یگوت په‌رله‌مان جێی حزبایه‌تییه به‌ڵام حكوومه‌ت نا. سه‌یر كه له‌مه‌شدا ئه‌وپه‌ڕی نه‌زانی. حكوومه‌ت واته به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و جڤاك به‌گوێره‌ی بیركردنه‌وه و سیاسه‌تی حزبی حوكمڕان، حكوومه‌ت واته به‌ستنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی سیاسیی ئه‌و حزبه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدایه. به‌پێچه‌وانه‌ی باوه‌مراده‌وه، من له‌و باوه‌ڕه‌دام په‌رله‌مان كه‌متر جێی حزبایه‌تییه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وێوه یاسا ده‌رده‌چێ كه یاسا كه‌متر مۆركی حزبایه‌تی هه‌ڵده‌گرێ، یاسا "وه‌ك نه‌ریت" ده‌بێ هاوسه‌رده‌مییانه بێ و به‌ده‌نگی پێویسته‌یلی جڤاكی تازه‌وه بچێ. ئه‌وه‌ی بارسته‌ی به‌رهه‌ڵستی "ئۆپۆزسیۆن"، له په‌رله‌مانی كوردستاندا ساڵی پار كردیان، نموونه‌ی شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌كی حزبییانه‌ی كوردی بوو نه‌ك كاری نۆرمالی په‌رله‌مانی. كاری په‌رله‌مانی له كوردستان مۆدێلێكی راسته‌كینه نییه تا ببێ به بنه‌وای "ته‌نزیری سیاسی".
مه‌لوود كێشه‌یه‌كی هه‌بوو نه‌یده‌زانی چۆن باسی بكا. ئه‌وه‌ش هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه حزبی ئیسلامی، رۆشنبیری سه‌رده‌مییانه‌ی تێدا نییه، مۆركی ئاینیان لێ دابماڵه له شوانه‌وێڵه‌یه‌ك زیاتر نامێنێته‌وه لێیان. به‌ڵام ئه‌و كێشه‌یه‌ی مه‌ولوود ده‌یویست بیڵێ و نه‌یده‌زانی بیڵێ، راسته و منیش پاڵپشتیی ده‌كه‌م، ده‌بێ له كوردستاندا حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت له یه‌كتر جیا بن، وه‌ك نه‌ریت ده‌وڵه‌ت مافی گشت هاووڵاتییه‌ل وه‌ك یه‌ك ته‌ماشا ده‌كا، هاووڵاتییه‌ل هه‌موویان له‌پێش یاسادا یه‌كسانن، ده‌وڵه‌تداری وایه، كه به‌ڕاستی كوردستانی خۆمان له‌مه‌دا نموونه‌ی بێ ده‌وڵه‌تییه. ده‌وڵه‌ت بۆ گشته كه‌چی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، واته حكوومه‌ت پاوانی ئه‌و حزبه‌یه كه له هه‌ڵبژاردندا ده‌رچووه. وه‌ك چۆن ئاو و كاره‌با بۆ هه‌موو ماڵێك ده‌چن بێ جیاوازی، ده‌بوو بێ جیاوازیی بیركردنه‌وه‌ی سیاسییانه، خه‌ڵك بهاتنایه دامه‌زراندن له داووده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تدا. له‌مه‌دا مه‌ولوود مافی بوو، گله‌ییی گه‌وره‌ی هه‌موو كه‌س له فه‌رمانڕه‌وایه‌لی ئه‌م ناوچه‌یه ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات "حكوومه‌ت" تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئاخۆ یه‌كگرتووه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ باوه‌مراد ئه‌م باره راست ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر به ده‌سه‌ڵات گه‌یشت یان راستر ئه‌وه‌یه به جارێك نغرۆی ده‌كا؟ پێشی نێزیكه‌ی بیست ساڵ ئیخوان و سه‌له‌فی له میسر ژن و مێردیان له یه‌كتر ته‌ڵاق ده‌دا له رێی سه‌پاندنی شه‌ریعه‌ته‌وه. له هه‌ولێریش تیزابیان ده‌گرته به‌له‌كی كچه‌یلی خوێنده‌وار، ئاخۆ ئه‌مه ئیسلاحه؟
مه‌ولوود ده‌یگوت تكایه به هه‌ڵه‌یی له قسه‌كانم مه‌گه‌ن. بێگومان به هه‌ڵه تێت ناگه‌ین. ئاخۆ تۆ ده‌زانی ئازادیی بیركردنه‌وه‌یه‌ك ئێسته له كوردستاندا هه‌بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه نیوه ئازادییه و نیوه زۆره‌كه‌ی له رێی به‌كارهێنانی ئاینه‌وه له میدیا و مزگه‌وت، پێپه‌ست بووه و فه‌وتاوه، ئیسلامی سیاسی بگات به حوكم كه بێگومانم له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین ساتمه‌ی حزبی ده‌سه‌ڵاتدا، پێی ده‌گا، ئه‌وه‌ی هه‌شه له بنجه‌وه هه‌ڵده‌ته‌كێ، كوردستان ده‌بێ به گرتیگه‌یه‌كی سیاسی بۆ تاكه‌یلی كورد. داخی داخان، ئه‌م وڵاته خۆی سه‌تان ساڵه له گرتیگه‌ی زاڵمه‌یلی ده‌روپشتدا ناڵه‌ی دێ، ئه‌وانه بێنه ده‌سه‌ڵات، كوردستان ده‌چێته ناو گرتیگه‌یه‌كی تریشه‌وه كه هه‌موو ئازادییه‌كی مرۆڤییانه له مرۆڤی كورد ده‌ستێنێته‌وه. گرتیگه له‌ناو گرتیگه له‌ناو گرتیگه‌دا و یه‌ك پارچه‌ش جه‌هلستان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە