یاسا بۆ چییە ئەگەر كاری پێ نەكرێت؟؟ ... سوهه‌یل تاهیر

{jcomments on} 

ئەمڕۆ بەپێی سیستەمی فەرمانڕەوایی هەر وڵاتێك دەسەڵاتەكان دابەشكراون لە
نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێًبەجێكردن و دەسەڵاتی دادوەریدا، هەریەكەو
كاری خۆی دەكات و هەمووشیان تەواوكەری یەكترن، ئەگەر هاتوو
كەمتەرخەمییەك لە یەكێك لەم دەسەڵاتانە بەدی بكرێت ئەوا حوكمرانی شلۆقی
تێدەكەوێت و كەمو كورییەكان بەدیار دەكەون لە ئاكامیشدا سەرجەم
دەسەڵاتەكان دەكەونە مەترسییەوە . ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی
یاسادانان كە پەرلەمانی كوردستانە كە شوێنی دەركردنی یاسادانان و
بەدواداچوونی یاساكانە، ئەوەی بەدی دەكرێت و گوێمان لێ دەبێت لە خودی
پەرلەمانتاران ئەوەیە كە یاساكان زۆر بە جوانی و رێك و پێكی دوای دیراسەت
كردنێكی زۆر و خوێندنەوە و پاشان گفتوگۆكردنێكی زۆرەوە دادەنرێت و دەنگی
لە سەر دەدرێت . بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە، كە پەرلەمان لە رێگەی
لێژنەكانییەوە بەدواداچوونی تەواو لە سەر جێبەجێ كردنی یاساكان ناكات،
كەواتە ئەگەر بەپێی یاسا هاووڵاتییەك مامەڵەكەی لە هەر فەرمانگەیەكی
حكومەت وەكو پێویست جێبەجێ نەكرا كە ئەم یاسایە لە پەرلەمانەوە دەركراوە
و دەسەڵاتی جێبەجێكار كە حكومەتە وەكو پێویست جێبەجێی نەكات یان جیاوازی
لە جێبەجێكردنی یاساكە بكات لە نێوان هاووڵاتیان، هاوولاتی روو لە كوێ
بكات، ئایا هاوولاتی ئەوەندە بێ ئیش و كارە هەموو رۆژێك و لە سەر هەر
مەسەلەیەكی یاسایی دووچاری كێشەو گرفت بێتەوەو پارێزەرێك بگرێت و تا بە
مافی یاسایی خۆی دەگات ؟؟. بۆ دەسەڵاتی جێبەجێ كردن كە حكومەتە یاساكانی
پەرلەمان وەك خۆی جێبەجێ ناكات ؟؟، بۆ پەرلەمانی كوردستان لە خولەكانی
خۆیدا كاتێك دیاری ناكات بۆ بەدواداچوون لە سەر ئەم یاسا و رێسایانەی كە
دەریكردووە یان لێژنەكانی بەدواداچون كاراتر بكات و لێپرسینەوەش لە گەڵ
حكومەت بكات ئەگەر كەمتەرخەمی نواندبێت لە جێبەجێ كردنی بڕگەكانی یاسا
  ؟؟، كاتی موجامەلەكردن نەماوە پێویستە راستیەكان بگوترێت و حەقیقەتەكان
ئاشكرا بكرێت، ئەم موجامەلەو ناراستی گوتنە و شاردنەوەی حەقیقەتەكان و
كار نەكردن بە یاسا و رێسا لەلایەن هەندێ لە بەرپرسانەوە كێشە بۆ
هاوولاتیان دروست دەكات ن هەر ئەمەش هاوولاتیان بێزاری خۆیان بەرامبەر بە
حكومەت و سیستەمی كارگێری دەردەبڕن، بەرپرسی وا هەیە وا هەست دەكات
كاتێك لە سەر كورسیەكەی دانیشت، تەواو هەموو دونیا هی خۆیەتی و ئەم
خەڵكەش پێویستە لە بەری هەڵبستنەوەو بەردەوام بە بەژن و باڵای هەڵبدەن .
بەڵام پێویستە ئەم جۆرە بەرپەسانە زۆر لە خۆ بایی نەبن، پێویستە
بەرامبەر بە یاسا خۆیان دابنوێنن و رێز لە یاسا بگرن و زانیاریشیان لە
سەر یاساكان هەبێت نەك بە میزاج كار بكەن و خەڵك دووچاری كێشەو گرفت و
نارەحەتی بكەنەوە، چونكە دەبێ باش بزانن كە هاووڵاتی ئەمڕۆ لە مافی
رەوای خۆی خۆش نابێت . دەسەڵاتی دادوەریش كە تەواو كەری دەسەڵاتەكانی
یاسادانان و جێبەجێكردنە پێویستە سەربەخۆ بێت و رۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت
لە بەكارهێنانی ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەوەی دادپەروەری لەناو كۆمەڵگە بێتە دی
و پێویستە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە
هەموو توانایەك پشتگیری دەسەڵاتی دادوەری بكەن لە كوردستان بۆ ئەوەی هەر
دەم یاسا سەروەر بێت لە وڵاتەكەمان و هەرێمەكەمان ببێتە جێگەی شانازی هەر
تاكێك لەم هەرێمەدا .


This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.