بەڵام نەفام وبێ ئەقڵ نایبینن؟ . . . سه‌باح تاهیر

‌ئەوە بەراورد نییە لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسەکانی ئێمە، بەڵکو بەسەرھاتێکی مێژووییە یاخوود پەندێک یا چیرۆکێکی فۆلکلۆرە، وەلێ بۆ پەند وەرگرتن باشە. دەگێڕنەوە پادشایەک دەبێت دەورو پشتەکەی خەڵکی زۆر ماستاوچی وخەڵکی لەو بابەتە دەبن، بۆ راپێشکردنی خۆیان ھێندە بەشان و باڵی پادشا ھەڵدەدەن تاوای لێدێت، پادشا لەخۆی دەگۆڕێت. ئاخر ێەوە دەردی کوشندەی زۆر لە دیکتاتۆرەکانە ئەم جۆرە کەسانە بۆ دادۆشینی دەسەڵاتدار ئەوەندە بەباڵای ھەڵدەدەن تالە خۆیان دەگۆڕێن، زۆریان خۆیان لێدەگۆڕێت خۆیان لێدەبێت بە خاوەن وەحی لە خەیاڵیان دەبن بە پایامبەری خودا، خۆ ھەشە لەوە زیاتر لەخۆبایی دەبێت، خۆی لێ دەبێت بە خودان(کتێب  )  .

‌بەڵێ پادشا ئەوەندە با دەچێتە کەوڵیەوە، رۆژێک ھەرچی جۆڵاو بەرگدروو ھەیە لە ووڵات کۆدەکاتەوەو پێیان دەڵێت بە حوکمی ئەوەی من پادشایەکی ھێندە مەزنم وەک دەست و پێوەندەکەشم دەڵێن، دەبێت قەدێک جلم بۆ بدوورن نەبێت و نەکرابێت بۆ ئادەمیزاد لەسەر ئەم گۆی زەمینە، ئەگەر نا لەسەرتان دەدەم چونکە ئێوە شایەنی ئەوە نابن لەم دونیایە ژیان بەسەر بەرن.

‌جۆڵاو بەرگدروو بواریان پێنادرێت، ورتەیان لێوە بێت لەلایەن دەست و پێوەندەوە. ئەوەی کرنووش بۆ فەرموودەی پادشا دەبات و ئەویتر روو لە جۆڵاو بەرگدرووان دەکات و دەڵێت سوپاسگوزاری خودا بکەن، بۆ ئەو شەرەفەی پێتان بەخشرا کە بەرگ بۆ پادشا دەدروون.

‌بۆیە بە چرپان چرپان و لەرزەوە بەرگدرو و جۆڵا دێنە دەرەوە، دەڵێن بەخوا تووش بووین و لێی دەرناچین ئەم شتە چییەو چۆن دروست دەکرێت. یەکێکیان تێر ئاقڵ دەبێت، دەڵێت من پیرە مێردێک ئەناسم مەگەر تەنھا ئەو دەربازمان بکات و رێگا چارەیەکمان بۆ بدۆزێتەوە. ئەوان ناچارن حاڵیان شڕە، دەڵێن بابڕۆین ئەگەرنا لەسەرمان ئەدرێت و تیائەچین.

‌ئەچنە لای ریش سپی تەواوی ماجەرای بۆی باس دەکەن و دەڵێن چارەمان بکە ئەگەرنا فەوتاوین. پیرەمێرد دەڵێت ئاسانە، دەڵێن چۆن. دەڵێت پادشا نەی وتوە نەبووبێت و نەبێت. دەڵێن بەڵێ وای ووت. دەڵێ باشە ئێوەش بڵێن قوربان زۆر باشە، بەڵام ئەو شتە سەیروسەمەرەکەی لەوەدایە، کەسانی نەفام و بێ ئەقڵ نایبینێت. پادشا دەڵێت شتێکی وامەزن ھەر دەبێت وابێت، بۆیە بڕیار دەدات دەستە راست و چەپەکانی بنێرێت ھەم بۆ ئەوەی تاقیان بکاتەوە ھەم سەرپەرشتی ئەم شاکارە مەزنە بکەن بۆ خاوەن شکۆ، بڕیاریش دەدات ھەرکام لەم بەرپرسانە ئەگەر ئەم کارەی نەبینی ئەوە نەفامەو نەفامیش ناکرێت وەزیروکاربەدەست بێت لای پادشا.

‌وەزیری دەستەچەپ ھەفتەی یەکەم ئاگادار دەکرێتەوە کە بچێت سەر لە شاکاری پادشا بدات، جۆڵا تەگبیریان بۆکراوە دەسگەیان داناوەو ئەم بەو ئەڵێ ھا ئەو بەو ئەڵێ ھابیگرە، ھیچیش لە گۆڕێ نییە. وەزیری دەستەچەپ ھیچ نابینێت، بەڵام لەدڵی خۆی دەڵێت ئێستا بڵێم کوا ئەوە ھیچ دیار نییەو نایبینم، مانای وایە دەیسەلمێنم نەفام و بێئەقڵم ئەوکاتەش بێ سێ ودوو لە کارەکەم دووردەخرێمەوە. بۆیە بەسەر خۆی ناھێنێ و دەست خۆشیان لێدەکات و جێیان دەھێلێت. لەگەڵ ئەوەش دەترسن دەڵێن ئەی ھەفتەی داھاتوو چیبکەین نۆبەتی وەزیری دەستەراستە، ھەرگیز ڕزگارمان نابێت . کابرای ڕیش سپی دەڵێت ترستان نەبێت.

‌ئەمجارە نۆبەتی وەزیری دەستەڕاست دێت پادشا فەرمان دەکات سەردانی جۆڵاکان بکات بزانێت کارەکان چۆن دەڕوات بەڕێوە. وەزیری دەستەڕاست چەندی ورد دەبێتەوە ھیچ بەدی ناکات، جۆڵاش لەنێوان خۆیان ھا بگرەو ێای جوانە دەڵێن. وەزیری دەستەڕاست دەڵێت ئەمە چییە بەخوا وابڕوات، پۆستەکەم لەدەست دەدەم تۆ بڵێیت وەزیری دەستەچەپ لەمن ئاقڵتر بێت ئەو بیبینێت من نەیبینم. بۆیە وەزیر لەترسی ئەوەی لای پادشا بە نەفام لەقەڵەم نەدرێت و پۆستەکەی لەکیس نەچێت، تۆ بڵێی وەزیری دەستە چەپ لەمن ژیرتر بێت. ئەمیش یاداشتی خۆی دەنووسێ و دەستخۆشی لە جۆڵاکان دەکات . وە ھەروەھا تا یەکە یەکە راوێژکارو شاژن وحاشیە تەواو دەبن، وەختی تاقیکردنەوەی شاکارەکە دێت لەلایەن پادشاوە. پادشا تەماشا دەکات ھیچ شتێک بەدیناکات،  بەڵام جۆڵا ئای ئای لەم جوانییە وەزیرو راوێژکار نایابە نایاب،  بەرگدروو قوربان تاقیبکەوە. پادشا لەدڵی خۆی دەڵێت بەخوا بزانن بەس من نایبینم من نەفامەکە دەرئەچم وکەس بەپادشا قبوڵم ناکات ئەوساکە. بۆیە بە ناچاری ئەویش بێدەنگی لێدەکات و دەست خۆشی لە جۆڵاو بەرگدرووەکان دەکات.

‌رۆژی ئاھەنگی نیشتیمانی دێت و رۆژی پۆشینی شاکارە رەنگینەکەیە، دیسان بەھەمان بەزم کەس نایەوێت بەنەفام لەقەڵەم بدرێت و پۆست لەدەست بدات، جوانە جوانەو نایابە نایابە، ھەرلەشان و شەوکەتی تۆ دێت. پادشا ھەرچەندە دەبینێت ھیچی لەبەردانییە بەڵام بۆ ئەوەی نەفامەکە دەرنەچێت، بەسەر خۆی ناھێنێت. بەڵام کاتێک دەچنە ناو خەڵکەوە، ھۆیھای مناڵەکان پادشا ڕووتە ڕووت و بەر چەپڵەی خەڵکی دەکەون دەبن بە مایەی گاڵتەجاڕی خەڵک. بەھاری عەرەبی زۆر سەرۆکی وای ڕووتکردەوەو، دەرچوو خاوەن حاشیەی لەم شێوەیەن. . . چیتر ناڵێم ناشمەوێ بەراوردی ئێرەش لەگەڵ ھیچ کەس وشوێنێک بکەم، بەڵام ھێندە دەڵێم نەفام و بێئەقڵەکان نایبینن. . .

 

 

‌سەباح تاھیر  

 

 

 

 

  

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.